لە ئاهەنگێکی تایبەتدا، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاڵای کوردستان و قەڵغانی خۆڕاگریی بە نوێنەرانی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەخشی.

ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی دەستە پێشوازی لە نوێنەرانی جووتیارانی کورد کرد کە روبەروی چەندین گرفت و کێشە بوونەتەوە.

سەرۆکی دەستە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان و قەڵغانی رێزلێنانی بە نوێنەرانی جووتیاران بەخشیوە وەک دەربڕینی پشتگیری و هاوسۆزی بەرامبەر بەو زوڵم و نادادپەروەرییەی روبەرویان بۆتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنێک درا کە نوێنەرایەتی تەواوی جووتیارانی ناوچەکە بکات، بە مەبەستی گەیاندنی کێشەکانیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو.

فەهمی بورهان لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکییەوە پاڵپشتی و پشتیوانی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان دەکات و هەوڵ دەدات دەنگی ناڕەزایەتیان بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی دەستە هۆشداری دا کە نابێت هیچ هێز و لایەنێکی سیاسیی کوردستانی ئەم بابەتە وەک کارتێکی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ بەکاربهێنێت.

شایەنی باسە، ماوەیەکە جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم روبەروی چەندین گرفت و کێشە بوونەتەوە لەسەر کشتوکاڵ و زەوییەکانیان، کە ئەمەش نیگەرانی لای لایەنە کوردییەکان دروست کردووە.