وەزارەتی حەج و ئەوقافی تاڵیبان رێنماییەکی 10 لاپەڕەیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا چەندین کردەوەی پەیوەست بە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری و بۆنەکانی تری بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی زانیوە و قەدەغەی کردوون.
لەم رێنماییەدا داوا لە پێشنوێژ و وتارخوێنەکان کراوە، لە وتارەکانی رۆژی هەینیدا ئەم بابەتانە بە بیری خەڵک بهێننەوە و هۆشدارییان پێبدەن، دورکەونەوە لەو کارانە دژی شيریعەتی ئیسلامن.
بەپێی رێنماییەکان، تاڵیبان پێی وایە ماکیاژکردنی بوک جۆرێکە لە فێڵکردن، هەروەها بەکارهێنانی ئەڵقەی دەزگیرانداری، یارییە ئاگرینەکان، بۆن، پۆشینی جلی تەسک و تەنک بۆ ژنان، مۆسیقا،و سەمای تێکەڵاوی ژن و پیاو لە ئاهەنگەکاندا قەدەغەن.
ئەم هەنگاوە نوێیە بەشێکە لە هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ ناچارکردنی هاووڵاتیانی ئەفغانستان، کە ئاهەنگەکانیان بەگوێرەی دەقە ئیسلامییەکان و لە روانگەی ئەوانەوە، بەڕێوەببەن.
سوپای پاسدارانی ئێران بە ئامانج گرتنی بنکەیەکی ئەمریکای لە ئوردن راگەیاند و دەڵێت؛ سێ فڕۆکەی جەنگی F35 یان تێکشکاندوە.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، لە بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دورگەی قشم و هاوکارییەکانی ئوردن بنکەیەکی سەربازیان کردوەتە ئامانج.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانی ئەزراق لە ئەنجامدا سێ فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بەتەواوی لەناوچون و زیانی زۆریش بە سێ فڕۆکەی دیکەش گەیشتوە و سێ سەربازی ئەمریکاش کوژراون.
سوپای پاسداران جەختیکردوەتەوە، تا هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە بمێنێت هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.
میدیای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، حەماس بە مەرج رازی بووە رەزامەندی دەربڕیوە چەك دابنێت و رادەستی لایەنی سێیەمی بكات.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، دانوستانی ناڕاستەوخۆی قاهیرەی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بزوتنەوەی حەماس رازیبووە بە چەكدانان و دەستبەرداربوونی سەرجەم گروپەكانی لە كەرتی غەززە و چەكەكانی رادەستی لایەنی سێیەم بكات جگە لە دەسەڵاتی فەلەستینی.
راشیگەیاندووە، نیكۆلای ملادینۆف نوێنەری ئەنجومەنی ئاشتی غەززە پێشنیازێكی پێشكەشكردووە لە كاتی دانوستانەكان بۆ چەكدانان و چەسپاندنی ئاشتی و بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە و حەماس نەرمی نواندووە.
بە گوێرەی زانیاریەکانیش، واشنتۆن رازییە بە پێشنیاری حەماس بۆ رادەستکردنی چەکەکانی بە لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی عیراق بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی، دەستەی دەستپاكی عیراق هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێكی گەورەی گەندەڵی لە شارەوانی دیوانیە راگەیاند.
دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاندووە، 30 فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند فەرمانبەر و چەند بەڕێوەبەرێكی شارەوانی دیوانیە دەركراوە كە پێنج بەڕێوەبەری پێشوو و بەڕێوەبەری ئێستای شارەوانییەكە و شەش لێپرسراوی بەشی ژمێریاریی و وردبینی و چەند بەڵێندەرێك و بەڕێوەبەری ژمێریاریی ئێستای پارێزگاكەشی تێدایە.
هەروەها فەرمانی قەدەغەی گەشت بۆ چەند فەرمانبەرێكی تر دەركراوە، كە پەیوەندیدارن بە دۆسیەكانەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو كەسانە تۆمەتبارن بە ساختەكاریی لە گرێبەست و گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتیی.
بەپێی راگەیەنراوی دەستەكە، 15 لەو فەرمانبەرانە و سێ بەڵێندەر دەستگیركراون و بەپێی دانپێدانانی ئەوان فەرمانی دەستگیركردن بۆ 12 فەرمانبەر و بەڕێوەبەرەكەی تر دەركراوە و لە ئێستاشدا گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
بەیانی ئەمڕۆ، لە سنوری هەولێر و لەسەر رێگای هەولێر- کەرکوک، ئاگر لە کۆگایەکی ئۆتۆمبێل کەوتوەتەوە، کە لە هەمانکاتدا پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورەیە و رۆنی ئۆتۆمبێلیشی تێدایە.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز، لە شوێن روداوەکەوە رایگەیاند، بەهۆی بەهێزی ئاگرەکەوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە و تا ئێستا نازانرێت زیانەکان چەندن، بەڵام ئاگرەکە گەورەیە و تیمێکی زۆری بەرگریی شارستانیش لە شوێن روداوەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بەهۆی فراوانبونی ئاگرەکەوە سێ کۆگا سوتاون، کە یەکیان رۆنی ئۆتۆمبێلی تێدایە و ئەمەش وایکردوە دوکەڵێکی زۆری هەبێت.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێریش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی بای بەهێزەوە، ئاگرەکە زیاتر تەشەنەکی کردوە و هۆکارە بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، 10 تیمیان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و تا ئێشتا زیانی گیانیی نییە.
لە سوێن روداوەکە، شایەتحاڵێکیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی سوتاندنی پوش و پاوانەوە بووە لەلایەن جوتیارانەوە لە نزیک پێشانگاکە و بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردوە.
قائیمقامیەتی قەزای شارباژێر، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، بە مەبەستی چاکسازی و پڕکردنەوەی ئەو چاڵانەی لە شەقامی ناو تونێلی پێشڕەودا دروستبوون، تونێلەکە بۆ ماوی 15 سەعات بە رویی شۆفێراندا دادەخرێت.
قائیمقامیەتی قەزای شارباژێر، ئاماژەی بەوەشکردوە، داخستنەکە دەکەوێتە رۆژی شەممە، رێکەوتی (1ـی8ـی2026) و لە سەعات نۆی بەیانی تا 12 شەو دەبێت.
داواش لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات لەو ماوەیەدا بۆ هاتوچۆکردن شەقامی شاخی ئەزمڕ بەکار بهێنن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (ABC News) رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هەوڵی نەداوە بڕوایپێبهێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.
ناتانیاهۆ رونی کردەوە، کە گفتوگۆکانیان تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بژاردەی جیاواز لەسەر پرسی ئێران، لەوانە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوانتر.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردوە، کە بەردەوامبوونی گەمارۆدان لەسەر گەروی هورمز یان گرتنەبەری رێکاری سەربازیی نوێ، لە نێو ئەو بژاردانەدا بوون، کە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێیان کردووە.
نەتەنیاهۆ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو کەسی چەواشە نەکردووە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت فەرمان بەسەر دۆناڵد ترەمپدا بسەپێنێت.
هاوكات ئاماژەی بەوەدا، کە پێشبینیکردنی ئەوەی تا چ ئاستێک ئێران دەتوانێت جوڵەی بازرگانی لە گەروی هورمز بکاتە کارتی گوشار یان چەک، کارێکی ئاسان نەبووە و جەختی کردوە ناتوانێت کاتەکەی بزانیط، بەڵام لە کۆتایدا دەسەڵاتی ئێران دەڕوخێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، سوپای ئەمریکا گرێبەستێکی مێژوویی و پێوانەیی بە بەهای تا 58.62 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" ئیمزا کردووە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی موشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا رووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاو بوونەتەوە بەهۆی ئەو ململانێ و جەنگە بەردەوامانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەڕێوەدەچن.
ئەم بڕیارەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی رادەستی هاوپەیمانەکانی کردووە و هاوکات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیدا لە ئێران بەکاریهێناون، ئەمەش نیگەرانیی جدی لەسەر کەمبوونەوەی یەدەگی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چەکە وردەکان لێکەوتووەتەوە.
بەپێی رونکردنەوەی سوپای ئەمریکا، ئەم رێککەوتنە گرێبەستێکی پێشوی یەک ساڵەی بە بەهای 4.7 ملیار دۆلار کە لە نیسانی رابردوودا واژو کرابوو دەگۆڕێت بۆ رێککەوتنێکی حەوت ساڵە. کە پلانی کڕینی موشەکی پاتریۆت لە 2026 تا 2032 لەخۆدەگرێت.
دەستەی گشتیی كەشناسی عیراق بڵاویكردەوە، شەپۆلێكی گەرمای بەتین عیراق دەگرێتەوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
دەستەی گشتیی كەشناسی و چاودێریی بوومەلەرزەیی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، لە رۆژی شەممەی داهاتووە شەپۆلێكی گەرمای بەتین سەرجەم شارەكانی عیراق دەگرێتەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
کەشناسی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە، لە هەندێك شاری ناوەراست و باشوری عیراق پلەكانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن.
راشیگەیاند، هاتنی ئەو شەپۆلی گەرمایە ئاساییەوە چونكە لە لوتكەی وەرزی هاویندایەو بەرزترین تێكڕای ساڵانەی گەرما لەو چەند رۆژەدا تۆماردەكرێت و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشی چڕیان بەسەركەوتوویی كردووەتە سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە موشەکییانەی کە کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
دوای ئەوەی ئێران بە موشەک چەند پێگەیەکی ئەمریکای لە ناويکە کردە ئامانج، ئەمەریکا وەڵامی دایەوە و فەرماندەیی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەیان ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان پێکاوە، کە چەندین سەنتەری فەرماندەیی سەربازی و بنکەکانی موشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان (درۆن)یان تێدا بووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانییەتی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتیوانی بازرگانی و وڵاتانی کەنداو.
سێنتکۆم راشیگەیاندوە، لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکراونەتەوە و لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان.
لای خۆشیەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، کە قەبارەی ئەم هێرشانەی ئەمجارەی سەر ئێران زۆر بەرفراوانتر دەبێت بەراورد بەو ئۆپراسیۆنانەی لە هەفتەکانی رابردوودا ئەرنجام درابوون.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بە توندی لە ئێران دەدەن وخۆشیان باش ئەوە دەزانن، ئاماژەی بەوەشکرد پێشهاتەکان دەریدەخات لەگەڵیان دەگەنە رێککەوتن یان نا.
دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێرانییەکان شەوی رابردوو پێنج موشەکیان ئاڕاستە کردووە و سەرجەمیان خسراونەتە خوارەوە.
لەبارەی بە ئامانج گرتنی کەشتییەکی ئەمریکا لە بەندەرەکانی میسر، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، زانیاریی پێدراوە دەربارەی ئەو روداوانەی لە میسر رویان داوە، بەڵام جارێکا باسیان ناکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ گروپێکی جیاواز لە ناوخۆی ئێران دەکەن و ئەو گروپەش داوای لێبوردنیان لێ کردوون، بەڵام بە هەموو شێوەیەک بە توندی لێیان دەدەن و ئێرانییەکانیش بە باشی ئەوە دەزانن.
لەبارەی گەیشتن بەرێکەوتن لەگەڵ تاراندا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەپێی پێشهاتەکان دەردەکەوێت، ئاخۆ دەگەنە رێککەوتن یان نا.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە، لە پەیامێکدا لە ژێر ناونیشانی "لە پێناو تورکیای سبەینێ" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە رەسمی کشانەوەی خۆی لە کاری حزبی و کۆتاییهێنانی بە چالاکییەکانی پارتەکەی راگەیاند.
داودئۆغڵو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، دوای راوێژکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حزبەکەیدا، گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی، کە پارتەکەیان دابخەن.
ئەم هەنگاوەی داودئۆغڵو دوای ئەوە دێت کە پارتەکەی لە دوا هەڵبژاردنەکاندا تووشی شکستی سیاسی بووەوە و نەیتوانی ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت.
تا ئێستاش چارەنووسی سیاسیی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکە بە نادیاری ماوەتەوە و ئەحمەد داودئۆغڵو، یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی دەیەکانی دوایی تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری لێپرسراوێکی باڵاوە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگیان سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و ئامادەکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاوکردەوە و دەڵێن؛ ئێران تا ئێستاش زیاتر لە 1500 موشەکی بالیستیکی ماوە.
میدیاکانی ئێراسئیل ئاماژەیان بەوەکردوە، ڕێگەچارەکانی بەردەم ئیسرائیل بەرانبەر ئێران خۆی لە رێککەوتن، گوشاری ئابوری، یان هێرشی سەربازیی بەربڵاودا دەبینێتەوە؛ سەرەڕای زۆری گوشارە ئابورییەکان ، بەڵام بژارەی سەربازی هێشتا وەک بژارەیەکی سەرەکی لەسەر مێز ماوەتەوە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە، تاران لە دامەزراوەی جەبەل ئەلفەس سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە و هێشتا خاوەنی پێگه و توانایەکی بەرچاوە بە هەبونی 1500 بۆ 1600 موشەکی باڵیستیکی.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی پەیوەندییە هەرێمییەکان و ناوخۆییەکان، لێپرسراوە ئیسرائیلییەکە ئاشکرای کردوە، بنیامین نەتانیاهۆ بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندوە، ئامادەیی ئیسرائیل لە سوریا سنوردارە و تەنها بەپێی پێداویستییە ئەمنییەکان دەبێت.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا خولێکی نوێی سزاکانی پەیوەندیدار بە ئێران راگەیاند، کە تێیدا 10 کۆمپانیا و دامەزراوە هەروەها هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر خرایە ناو لیستی سزاکانی نوسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC).
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، شەش کۆمپانیا لە کۆی ئەو 10 کۆمپانیایەی خراونەتە ناو لیستی سزاکانەوە، بنکەکانیان لە چین و هۆنگ کۆنگە؛ لەوانە کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کەشتیوانیی کیهانگ، هەروەها چەندین کۆمپانیای بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی لە هۆنگ کۆنگ و دورگەکانی مارشاڵ.
هاوکات دوو دامەزراوەی ئێرانی بە ناوەکانی (مەرجەعی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی هورمز سەیف) و کۆمپانیای (بیمەی دەریایی کەنداو) سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
جگە لەمەش، ئامانجگرتنی هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر و هەڵگری بەرهەمە کیمیاییەکان بە ئاڵای وڵاتانی جیاوازەوە وەک باربادۆس و ڤانواتو بەشێکی دیکەی ئەم بڕیارە بووە.
ئەم سزایانەی واشنتۆن لە کاتێکدا دێن، کە پێشتر سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو چەندین موشەکی باڵیستیکی لە ئاسامانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناو بردووە کە ئاڕاستەی بنکە و هێزەکانی کراون و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند بوو، وەڵآمی تاران دەداتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەنجامدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە ئاسایشییەکان و ئەو هێرشە ئاسمانییەی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیەوە کرایە سەر عیراق.
ئەنجومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە هێرشەکە لە کاتێکدا رویداوە کە حکومەتی عیراق لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەی لەلایەن ئەمریکا و سعودییەوە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی خاکی سعودیە روبەڕوو کرابوونەوە.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر عیراق، ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون.
لە وەڵامی ئەم پێشهاتانەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاریدا بە داڕشتنی پلانێکی ئاسایشیی گشتگیر بۆ کۆنترۆڵکردنی زەمینی و روبەڕوبوونەوەی هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عیراق.
هاوکات رێگریکردن لە هەر سەرچاوەیەک، کە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات و جگه لەوەش، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد تاوەکو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی ئۆپۆ، رێکارە یاساییەکان بۆ بەبەڵگەکردنی ئەم روداوە و پاراستنی مافە رەواکانی عیراق بگرێتە بەر.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەرەشەی توند لە ئێران دەكات و دەڵێت ، بە توندی هێرشیان دەكەنە سەر .
ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران رایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق هێرشیان كردووەتە سەر گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران و دوپاتیشیكردوەتەوە كە باجێكی قورس بە ئێران دەدەن و بە توندی هێرش دەكەنە سەریان ئەوەش وەك وەلامێك بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ئوردن ، ترەمپ دەشڵێت تاوتوێی هێرشكردنە سەر هاوپەیمانەكانی ئێران دەكەن.
ئەوە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر ترەمپ هێرشەكانی بۆ سەر ئێران راگرت، بەڵام بەپێی میدیكانی ئێران، ئەمرۆ هێرشەكان دەستیانپێكردوەتەوە و سوپای ئەمریكا بۆردومانی ناوچەیەكی ئێرانی كردوە لە باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە كە هاوسنوری عیراقە .