داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی: زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراق لە گەروی هورمزدا گیری خواردوە
بڵند
٦ی ئایاری ٢٠٢٦
بەهۆی تێکچونی باری ئەمنی و زیادبونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەی کەنداو، پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە گەروی هورمز روبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە و عیراق 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی گیری خواردوە.
بەگوێرەی داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی نزیکەی 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عیراق لە گەروی هورمز گیری خواردووە و نەتوانراوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.
ئەم قەیرانە تەنیا عیراقی نەگرتوەتەوە، بەڵکو بە تێکڕا 163 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی ناوچەکە لەو رێڕەوەدا پەکیکەوتوە و هۆکاری سەرەکی ئەم وەستانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کراونەتە سەر کەشتییەکان و بە ئامانجگرتنی ناوەندی نەوتی "فوجەیرە" لە ئیمارات.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانەوە کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە ترسی سەلامەتی بارەکانیان گەشتەکانیان کەمکردوەتەوە یان دوایان خستوە.
گیرخواردنی ئەم بڕە زۆرەی نەوت فشارێکی دارایی و تەکنیکی قورس دەخاتە سەر حکومەتی عیراق، لەبەر ئەوەی عیراق توانایەکی سنورداری هەیە بۆ کۆگاکردنی نەوت و خاوەنی رێڕەوی جێگرەوەی فراوان نییە بۆ هەناردەکردن، هەروەها بەردەوامیی ئەم رەوشە مەترسی لەسەر داهاتی وڵات دروست دەکات.



