سەرۆک وەزیران و فەمانیاری گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، عەلی فالح زەیدی، لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە کرد، بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی و پەیوەندیکردنیان بە دەوڵەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق، جەختیکردوەتەوە، ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، هاوکات پاڵپشتییەکی جیدییە بۆ جێبەجێکردنی بنەمای قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و یارمەتیدەرە بۆ دەزگا ئەمنییەکان تا ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکانی خۆیان بەجێبهێنن.
هەروەها، داواشیکردوە، لە سەرجەم گروپەچەکدارەکانی تر هاوشێوەی هێزەکانی سەرایا سەلام بەرپرسیارانە و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە رەسمییەکاندا کار بکەن، ئەمەش وەک تاکە گرەنتی بۆ پاراستنی عیراق، پاراستنی سەروەرییەکەی و بەهێزکردنی ئاسایش لەسەر ئەو بنەمایەی کە تەنیا دەوڵەت لایەنی رێگەپێدراوە بۆ چەسپاندنی یاسا و بەکارهێنانی هێز.
زەیدی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، کە قۆناغی ئێستای وڵات پێویستی بە یەکخستنی هەموو هەوڵەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی هەیە، بۆ پاراستنی یەکڕیزیی عیراق و بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لەژێر سێبەری دەوڵەتێکی بەهێزدا کە یاسا تیایدا سەروەر بێت.
له بڕیارێكی چاوهڕواننهكراودا، رێبهری رهوتی نیشتمانیی شیعە موقتهدا سهدر، جیابوونهوه و ههڵوهشاندنهوهی تهواوهتی هێزە چەکدارەکانی"سهرایا سهلام"ی له رهوتهكهی ڕاگهیاند.
سهدر ئاماژهی بهوه كردووه، كه ئهم ههنگاوه له پێناو بهرژهوهندیی گشتیی نیشتمان و بۆ دوورخستنهوهی ئهو مهترسییانهیه كه روبهڕووی وڵات دهبنهوه، به جۆرێک كه ئهم هێزه سهربازییه به تهواوهتی دهخرێته سهر دهوڵهت و ئهو لایهنه رەسمیانەی كه بهرپرسن لە رێکخستنە سهربازییهكان.
بهپێی ئەو راگەیەندراوەی كه له ههژماری رەسمی خۆی لە ئێکس بڵاویكردووهتهوه، بڕیار دراوه تهواوی لایهنه مهدهنییهكانی سهر به "سهرایا سهلام" بگوازرێنهوه بۆ ناو پرۆژهی (البنيان المرصوص)، به مهرجێک هیچ جۆره بارهگا، چهك، پۆشاكی تایبەتی سهربازی یان ناونیشانێكی جیاوازیان نهمێنێت.
سهدر سوپاسی ههوڵ و "جیهادی" هێزه سهربازییهكانی سهرایا سهلامی كردووه و هیوای خواستووه لێخۆشبوون ههبێت بۆ ههر كهسێک كه نهیتوانیوه خۆی لهگهڵ دیدگا ئاینی، عهقیدی و كۆمهڵایهتییهكانی ئهواندا بگونجێنێت.
له كۆتایی راگهیهندراوهكهیدا، موقتهدا سهدر هیوای خواستووه كه تهواوی پێكهاتهكانی حهشدی شەعبی خۆیان له فهرمان و ههژموونی حزبی و تائیفی داببڕن، بۆ ئهوهی سهروهریی یاسا بچهسپێت.
حکومەتی کۆریای باشور رایگەیاند، کە باڵیۆزی ئێرانیان لە وڵاتەکەیان بانگهێشت کردوە، وەک ناڕەزایەتییەک دژی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی وڵاتەکەی.
کۆرای باشور بۆ لێپرسینەوە لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکیان، باڵیۆزی ئیرانی لە وڵاتەکەی بانگێشتکردوە و داوای رونکردنەوەیان لێکردوە، چونکە پیان وایە بە موشەکی ئێران کەشتییەکیان لە گەروی هورمزدا کراوەتە ئامانج.
ئەم بڕیارەی حکومەتی کۆریا لە کاتێکدایە کە نزیکەی چوار هەفتە لەمەوبەر، کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور لە گەرووی هورمزدا بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری پێگەیشت.
هەرچەندە بەرپرسانی کۆریای باشوور وردەکاری زیاتریان سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی کەشتیوانی و ئازادی هاتوچۆی دەریایی گرنگییەکی گرنگ و حەیاتی بۆ سێئول هەیە.
چین فشار دەكات بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران، دەشڵێت هەر رێككەوتنێك پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش رەزامەندی لەسەر بدات.
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین ، داوای لە ئەمریكا و ئێران كرد كە بەردەوام بن لە لێكتێگەیشتن و سازش بۆ یەكتر بكەن، بە مەبەستی جێگیركردنی ئەو ئاگربەستەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگەكە.
وەزیری دەرەوەی چین پاڵپشتی وڵاتەكەشی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەكان و نێوەندگیرییەكانی پاكستان دووپاتكردەوە و هیوای خواست لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیوەست بن بە رێككەوتنەكانەوە لێكتێگەیشتنی كۆتایی ئیمزا بكەن.
هاوكات، وانگ یی لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، رایگەیاند، پێویستە ئەگەر هەر رێككەوتنێك لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ئەنجامدرا پێشتر بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندكردنی، تاوەكو شەرعییەت و دەسەڵاتی نێودەوڵەتی پێببەخشرێت.
بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، دێرین لەتیف رەشید بەڕێوەبەری گشتی دەزگای میدیایی کوردسات پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە
دێرین لەتیف رەشید، وتویەتی هیوادارە ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی، خۆشەویستی، هاوبەشی و دڵخۆشی بۆ هەموو ماڵ و بنەماڵەکان و یەکریزی گەلەکەمان
هەرهاو ئاماژەی بەوەشکردوە، پیرۆزباییەکی تایبەت لە کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەکات، بەوپێیەی ئەم جەژنە بۆ ئەوان دوو جەژنە و هاوکات لەگەڵ جەژنی قوربان جەژنی بەسزا گەیاندنی تاوانباری ئەنفال عەجاج و بەدیهاتنی دوعاو ئاواتەکانیانە.
دەقی پەیامەکەی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای میدیایی کوردسات
بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو موسڵمانان و گەلی کوردستان و عیراق دەکەم.
هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی، خۆشەویستی، هاوبەشی و دڵخۆشی بۆ هەموو ماڵ و بنەماڵەکان و یەکریزی گەلەکەمان، هەروەها دەمەوێت پیرۆزباییەکی تایبەت لە کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان بکەم، بەوپێیەی ئەم جەژنە بۆ ئەوان دوو جەژنە، هاوکات لەگەڵ جەژنی قوربان جەژنی بەسزا گەیاندنی تاوانباری ئەنفال عەجاج و بەدیهاتنی دوعاو ئاواتەکانیانە.
جەژنی قوربان پەیامی قوربانیدان، لێبوردەیی و یەکگرتنە، و پێویستە هەمیشە ئەو بەها و مانایانە لە نێوان کۆمەڵگەکەماندا بپارێزین و بە بەهێزی بیهێڵینەوە. هیوادارم خوا ئەم جەژنە بکاتە جەژنی ئاسوودەیی، تەندروستییەکی باش و سەرکەوتن بۆ هەمووان و کۆتایی ناخۆشییەکانبێت.
دوای هێرشە چڕەکانی ئەمڕۆیان بۆسەر لوبنان، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان چڕتر بکەنەوە و سوپای وڵاتەکەی بە هێزێکی گەورەوە سەرقاڵی ئۆپراسیۆنن و توانیویانە 600 چەکداری حزبوڵا بکوژن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە ناو خاکی لوبناندا سەرقاڵی ئۆپراسیۆنی گەورەیە و پێگە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ دەکات و پشتێنی ئەمنی بەهێز تر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی پێشڕەوی باش بکات لە خاکی لوبناندا و پێگەی زیاتری لە باشوری لوبنان کۆنترۆڵ کردووە، لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا 600 چەکداری حزبوڵایان کوشتوە و بەردەوامیش دەبن.
لەبارەی درۆنە خۆکوژەکانی حزبوڵاشەوە، کە بونەتە کێشە و چەکێکی مەترسیدار بۆ سەربازەکانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند لە هەوڵدان چارەسەرێک بۆ درۆنە خۆکوژەکانی حزبوڵا بدۆزنەوە.
بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامێکی بڵاوکردەوە
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەکردوە هیوادارە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر، خۆشی، ئاشتی و کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان بۆ گەلەکەمان.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی
بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ناوخۆ و هەموو ئەو فەرمانبەرە بەڕێزانە دەکەم کە لە پشووەکانیشدا لە ئەرکدان.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، لە خوای گەورە دەپارێینەوە حاجیان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر، خۆشی، ئاشتی و کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان بۆ گەلەکەمان.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەموو ڕۆژێکتان لە خۆشیدا بێت.
سوریا دەستنیشانکردنی شوێنی پاشماوەکانی پڕۆگرامی نهێنیی چەکە کیمیایییەکانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی، بەشار ئەسەدی راگەیاند.
نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان لە شاری لاهای، محەمەد قەتوب، رایگەیاند کە دەستنیشانکردنی شوێنەکان ماددەی سەرەتایی و ئەو تەقەمەنییانە دەگرێتەوە کە هاوشێوەی ئەو چەکانەن کە لە هێرشە کوشندەکانی گازی کیمیاییدا لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا بەکارهێنراون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی سووریا 18 کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت تێوەگلابێتن لە پڕۆگرامی چەکە کیمیایییەکاندا، کە لە نێوانیاندا بەرپرسی باڵای سەربازی، سیاسی و تەکنیکی هەن.
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری مەیدانی ئاژەڵ و لایەنی تەندروستی ئەو ئاژەڵانە دەكەن كە لە رۆژانی جەژنی قورباندا سەردەبڕدرێن.
بابان ئەحمەد سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەیەكی تایبەت سەردانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی كردووە و رێكاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو ئاژەڵانەی لە جەژندا دەكرێن بە قوربانی تەنها لە كوشتارگەی مۆدێرنی سەرببڕدرێن و لیژنە و پزیشكی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی بكات.
راشیگەیاند، رێگە نادەن لە شوێنی ناتەندروست و نەشیاودا ئاژەڵ سەرببڕدرێت، هەركەسێكیش ئەو كارە بكات ڕێكاری یاسایی توندی لەگەڵ دەگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەی تایبەت سەردانی ئەو چێشتخانە و میوانخانانەیان كردووە كە لە رۆژانی جەژن گەشتیاران سەردانیان دەكەن و رێنمایی پێویستییان پێداون، هەر شوێنێكیش پابەندی رێنماییەكان نەبێت سزا دەدرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عیراق و جیهان دەکات.
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم و هیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشییان بۆ دەخوازم.
ئومێدەوارم ئەم بۆنە پیرۆزە خێر و خۆشی بۆ میللەتەکەمان بهێنێت و ببێتە مایەی قووڵکردنەوەی گیانی لێبووردەیی و هاندەرمان بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان، تاوەکو هەموومان پێکەوە بە هەڵوێستێکی نیشتمانییانەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر بکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی 27ـەمین ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردوە، لاوان و گەنجان لای ئەوان هەمیشە بەشێکی گرنگ و کاریگەرن و سەرمایەیەکی نیشتمانین و ئەرکی هەموونە گرنگی زیاتریان پێبدەین
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتارییەتی رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان
بەبۆنەی 27ـەمین ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوەکەتانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە ئێوە و لاوان و گەنجانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
لاوان و گەنجان لای ئێمە هەمیشە بەشێکی گرنگ و کاریگەرن و سەرمایەیەکی نیشتمانین، بۆیە ئەرکی هەموومانە گرنگی زیاتریان پێبدەین و رێنیشاندەریان بین بۆ داهێنان و خزمەتکردنی زیاتری کوردستانەکەمان.
وەک هەمیشە پشتیوانتانین تاوەکو بەشێکبن لە گەشەپێدانی کاری رێکخراوەیی وڵاتەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەستەی گشتیی ئامار لە عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند کە کۆی گشتیی ژمارەی حاجیانی وەرزی حەجی 1447ی کۆچی گەیشتووەتە (1,707,301) حاجی لە ژن و پیاو، کە لەو ژمارەیە (1,546,655) حاجی لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە لە رێگەی دەروازە ئاسمانی، وشکانی و دەریایییەکانەوە هاتوون، لە کاتێکدا ژمارەی حاجیانی ناوخۆ لە هاووڵاتیان و دانیشتووان گەیشتووەتە (160,646) حاجی.
دەستەکە لە ئەنجامە ئامارییەکانی تایبەت بە وەرزی حەجدا رونکردنەوەی داوە، کە ژمارەی حاجیانی نێر (پیاوان) گەیشتووەتە(893.396) حاجی، لە کاتێکدا ژمارەی حاجیانی مێ (ژنانی) گەیشتووەتە(813.905) لە کۆی گشتیی حاجیانی ناوخۆ و دەرەوە.
ئامارەکان ئەوەیان خستووەتە روو کە زۆربەی ئەو حاجیانەی لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە هاتوون، لە رێگەی دەروازە ئاسمانییەکانەوە گەیشتوون کە کۆی گشتییان(1.485.729) حاجی بووە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە هاتوون(54.429) حاجی بووە، و لە رێگەی دەروازە دەریایییەکانیشەوە(6.497) حاجی گەیشتوون.
دەستەی گشتیی ئامار جەختی کردەوە کە بۆ دەرکردنی زانیاری و نیشاندەرەکانی حەجی 1447ی کۆچی، پشتی بە تۆمارە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەستووە وەک سەرچاوەی سەرەکیی زانیارییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی مۆدێلێکی ئاماریی یەکگرتوودا کە ئامانجی دابینکردنی زانیاریی ورد و جێی متمانەیە، وەک بەردەوامییەک بۆ ئەو رێبازە ئامارییەی کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا پەیڕەو کراوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان تاکە سەرچاوە و مەرجەعی رەسمیین بۆ داتا و زانیاریی و ئامارییەکان لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە، و رونیان کردووەتەوە کە دەکرێت لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمیەوە سەیری راپۆرتی تەواوی ئامارەکانی حەجی ساڵی 1447ی کۆچی بکرێت.
باخچەلی هۆشداری دەدات و دەڵێت، دوای ئێران نۆرەی توركیایە ببێتە ئامانجی وڵاتە زلهێزەكان و بۆ رێگریكردن لەوەش، پێویستە توركیا بە زووترین کات چارەسەری پرسی كورد بكات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا مەهەپە لە پەیامێكیدا رایگەیاند، ئەو هەڕەشە و هێرشانەی ئەمڕۆ لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە دەكرێتەسەر ئێران، سبەینێ دەكرێنە سەر توركیا.
ئەوەشی خستەڕو، بۆ رێگریكردن لە هێرش و هەڕەشە وڵاتانی زلهێز بۆ سەر توركیا، پێویستە وڵاتەكە لە زووترین كاتدا چارەسەری پرسی كورد بكات.
باخچەلی دەشڵێت، سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد، بنەمای سەرەكییە بۆ دروستكردنی یەكڕیزییەكی بەهێزی ناوخۆیی و پتەوكردنی پێگەی توركیا لەناو هاوكێشە جیهانییەكاندا.
ئێران دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی "بەهەشتی" لە ئەسفەهان راگەیەندرا، ئەمەش دوای راگرتنی گەشتەکان بۆ ماوەی 84 رۆژ.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ئەسفەهان، ئامادەیی تەواوی فڕۆکەخانەکەی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەشتیاران پشتڕاستکردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "بەپێی ئەو مۆڵەتانەی لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئێرانەوە دەرکراون، لە ئێستادا چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکە تەنها لە کاتی خۆرهەڵاتن تا خۆرئاوا سنووردارکراوە.
لە یەکێک لە سەیرترین چیرۆکەکانی داهێنانی میللیدا، دەروازەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کۆن و داڕماو لە شاری "بارنۆڵ"ی روسیا گۆڕدرا بۆ شاکارێکی هونەریی سەرنجڕاکێش، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەی توانییان تەواوی دیوارەکانی بە تابلۆی مۆزاییکی زەبەلاح و بێهاوتا بڕازێننەوە، کە بە تەواوی لە قوتیی بەتاڵی جگەرە دروستکراون.
ئەم پڕۆژەیە کە کەناڵی "ماش"ی روسی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرامەوە تیشکی خستووەتە سەر، تەنها بیرۆکەیەکی کاتی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی ئارامییەکی درێژخایەن و خولیایەکی بەردەوامە کە بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک درێژەی کێشاوە.
گەشتە ٢٦ ساڵییەکە
رەگی ئەم بیرۆکە داهێنەرانەیە بۆ نزیکەی 26 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن سێ کەس لە دانیشتووانی باڵەخانەکەوە کە پێکهاتبوون لە (دوو برا و هاوڕێیەکی نزیکیان).
بۆ بەدیهێنانی خەونە هونەرییەکەیان، ئەو سێ هاوڕێیە لەو کاتەدا کۆنتێنەرێکی گەورەیان لە شەقامەکەدا دانا و داوایان لە هاوسێ، ناسیاو و خەڵکی گەڕەکەکە کرد کە قوتییە بەتاڵەکانی جگەرەکانیان ببەخشن و نەیانخەنە ناو سەتڵی خۆڵەوە، بۆ ئەوەی دواتر لە ئەندازیاریی تابلۆکانیاندا بەکاریان بهێنن.
جیی سەرنجە قەبارەی کەرەستە بەکارهاتووەکان لەم تابلۆیانەدا نزیکەی پێنج هەزار قوتیی بەتاڵی جگەرەی بەکار هاتووە، کە جەستەی دیوارەکانی دەروازەکەی لە زەوییەوە تا بنمیچەکە داپۆشیوە، هەندێک لەو قوتییانەی بەکار هاتوون دەگمەنن و وەک پارچەی مێژوویی سەیر دەکرێن کە مێژووی بەرهەمهێنانیان بۆ ساڵی 2000 دەگەڕێتەوە، وبەهای دارایی گشتی ئەو قوانەی کە کۆکراونەتەوە و مۆزاییکەکەیان پێ دروستکراوە، بە نزیکەی یەک ملیۆن روبڵی روسی دەخەمڵێندرێت.
تابلۆی سێ ڕەهەندی (3D)
ئەو سێ داهێنەرە تەنها لەسەر ریزکردنی قوتییەکان بە شێوەیەکی تەخت نەوەستان، بەڵکو تەکنیکێکی ئەندازیارییان بەکارهێنا کە زیندوویی و قووڵیی بە دیوارەکان دەبەخشێت، بەجۆرێک دیوارەکانیان بە چەند چینێکی جیاواز داپۆشی، هەندێک بەش لە یەک چین دروستکرابوون، لە کاتێکدا بەشەکانی تر بە دوو یان سێ چین دەرپەڕیبوون، ئەمەش شێوەیەکی هونەریی قەبارەدار و سێ رەهەندی (3D) دروستکردووە کە دیمەنی مۆزەخانە هونەرییە هاوچەرخەکان بە دەروازەکە دەبەخشێت.
هونەر لەسەر دیوارێک کە چاوەڕێی روخاندن دەکات
سەرەڕای ئەو جوانییە بینراوەی کە شوێنەکەی داپۆشیوە، بەڵام چیرۆکەکە لە پشتپەردەی خۆیدا پێچەوانەبوونێکی دراماتیکی غەمگین دەشارێتەوە، ئەم دەروازە پڕ لە هونەرە لە ناو باڵەخانەیەکی تەختی کۆنی دوو نهۆمی لە دار دروستکراودا هەڵکەوتووە، کە لە ساڵی 1948دا (واتە نزیکەی 78 ساڵ لەمەوبەر) بنیات نراوە.
لەم دواییانەشدا، شارەزایان و لایەنە رێکخەرەکان ئەم باڵەخانەیان خستووەتە ژێر پۆلێنی "شیاو نییە بۆ نیشتەجێبوون" و مەترسیدار، و بە رەسمی لە لیستەکانی روخاندنی داهاتوودا تۆمارکراوە، بەمەش ئەم مۆزاییکە بەنرخە دەبێتە دوا هاواری داهێنان لەسەر دیوارگەلێک کە بەرەو روخان دەچن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە تاران بە توندترین و دژوارترین شێوەی گونجاو وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە کە گەلی ئێران بکاتە ئامانج، هاوکات پابەندبوونی خۆی بە چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە و هۆشداریشی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی ستراتیژی نوێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کارە شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا پێشێلکارییەکی زەقە بۆ ماددەی دووەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، و واشنتۆن بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە کێشە و دەرئەنجامەکانی ئەم رەفتارە دوژمنکارییانە.
بەیاننامەکە زیادیشی کردووە: رێگە نادەین هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان بێ وەڵام تێپەڕێت.