لە یەکێک لە سەیرترین چیرۆکەکانی داهێنانی میللیدا، دەروازەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کۆن و داڕماو لە شاری "بارنۆڵ"ی روسیا گۆڕدرا بۆ شاکارێکی هونەریی سەرنجڕاکێش، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەی توانییان تەواوی دیوارەکانی بە تابلۆی مۆزاییکی زەبەلاح و بێهاوتا بڕازێننەوە، کە بە تەواوی لە قوتیی بەتاڵی جگەرە دروستکراون.

ئەم پڕۆژەیە کە کەناڵی "ماش"ی روسی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرامەوە تیشکی خستووەتە سەر، تەنها بیرۆکەیەکی کاتی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی ئارامییەکی درێژخایەن و خولیایەکی بەردەوامە کە بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک درێژەی کێشاوە.

گەشتە ٢٦ ساڵییەکە
رەگی ئەم بیرۆکە داهێنەرانەیە بۆ نزیکەی 26 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن سێ کەس لە دانیشتووانی باڵەخانەکەوە کە پێکهاتبوون لە (دوو برا و هاوڕێیەکی نزیکیان).

بۆ بەدیهێنانی خەونە هونەرییەکەیان، ئەو سێ هاوڕێیە لەو کاتەدا کۆنتێنەرێکی گەورەیان لە شەقامەکەدا دانا و داوایان لە هاوسێ، ناسیاو و خەڵکی گەڕەکەکە کرد کە قوتییە بەتاڵەکانی جگەرەکانیان ببەخشن و نەیانخەنە ناو سەتڵی خۆڵەوە، بۆ ئەوەی دواتر لە ئەندازیاریی تابلۆکانیاندا بەکاریان بهێنن.

جیی سەرنجە قەبارەی کەرەستە بەکارهاتووەکان لەم تابلۆیانەدا نزیکەی پێنج هەزار قوتیی بەتاڵی جگەرەی بەکار هاتووە، کە جەستەی دیوارەکانی دەروازەکەی لە زەوییەوە تا بنمیچەکە داپۆشیوە، هەندێک لەو قوتییانەی بەکار هاتوون دەگمەنن و وەک پارچەی مێژوویی سەیر دەکرێن کە مێژووی بەرهەمهێنانیان بۆ ساڵی 2000 دەگەڕێتەوە، وبەهای دارایی گشتی ئەو قوانەی کە کۆکراونەتەوە و مۆزاییکەکەیان پێ دروستکراوە، بە نزیکەی یەک ملیۆن روبڵی روسی دەخەمڵێندرێت.

تابلۆی سێ ڕەهەندی (3D)
ئەو سێ داهێنەرە تەنها لەسەر ریزکردنی قوتییەکان بە شێوەیەکی تەخت نەوەستان، بەڵکو تەکنیکێکی ئەندازیارییان بەکارهێنا کە زیندوویی و قووڵیی بە دیوارەکان دەبەخشێت، بەجۆرێک دیوارەکانیان بە چەند چینێکی جیاواز داپۆشی، هەندێک بەش لە یەک چین دروستکرابوون، لە کاتێکدا بەشەکانی تر بە دوو یان سێ چین دەرپەڕیبوون، ئەمەش شێوەیەکی هونەریی قەبارەدار و سێ رەهەندی (3D) دروستکردووە کە دیمەنی مۆزەخانە هونەرییە هاوچەرخەکان بە دەروازەکە دەبەخشێت.

هونەر لەسەر دیوارێک کە چاوەڕێی روخاندن دەکات
سەرەڕای ئەو جوانییە بینراوەی کە شوێنەکەی داپۆشیوە، بەڵام چیرۆکەکە لە پشتپەردەی خۆیدا پێچەوانەبوونێکی دراماتیکی غەمگین دەشارێتەوە، ئەم دەروازە پڕ لە هونەرە لە ناو باڵەخانەیەکی تەختی کۆنی دوو نهۆمی لە دار دروستکراودا هەڵکەوتووە، کە لە ساڵی 1948دا (واتە نزیکەی 78 ساڵ لەمەوبەر) بنیات نراوە.

لەم دواییانەشدا، شارەزایان و لایەنە رێکخەرەکان ئەم باڵەخانەیان خستووەتە ژێر پۆلێنی "شیاو نییە بۆ نیشتەجێبوون" و مەترسیدار، و بە رەسمی لە لیستەکانی روخاندنی داهاتوودا تۆمارکراوە، بەمەش ئەم مۆزاییکە بەنرخە دەبێتە دوا هاواری داهێنان لەسەر دیوارگەلێک کە بەرەو روخان دەچن.