هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆکی ئەمریکا ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا 'پنتاگۆن' دەگۆڕێت و لێپرسراوێکی کۆشکی سپیش دەڵێت: ترەمپ ئەمڕۆ فەرمانەکە ئیمزا دەکات.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ هەینی فەرمانی جێبەجێکردنی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی ئیمزا دەکات و دەیگۆڕێت بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا.

ئەو کەناڵە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ و پیت هێگست وەزیری بەرگری ئەمریکا لەم دواییانەدا رایانگەیاندووە، دەیانەوێت ناوی وەزارەتەکە بگۆڕن، کە ئەمەش یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی ئیدارەی ترەمپ، وەک بەشێك لە "ئیتۆسی جەنگاوەر"ـی خۆی لە ناو پنتاگۆن ئەنجامیداوە.

هاوکات لێپرسراوێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ترەمپ ئەمڕۆ وردەکاری گۆڕینی ناوەکە دەخاتەروو، هاوکات فەرمانی جێبەجێکردنەکە ئیمزا دەکات و نازناوی هێگسێت دەبێتە "وەزیری جەنگ".

هەروەها فەرمانەکە رێنمایی هێگسێت دەکات کە پێشنیازی هەردوو کردەوەی یاسایی و جێبەجێکردن بکات بۆ ئەوەی ناوەکە بۆ هەمیشەیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بێت.

"ئیتۆسی جەنگاوەر" بە مانایی رۆحی جەنگاوەر دێت لە ناو سوپای ئەمریکادا، چوار دروشمی سەرەکی لەخۆدەگرێت، "هەمیشە ئەرکەکە لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێم، هەرگیز شکست قبوڵ ناکەم، هەرگیز واز ناهێنم، هەرگیز هاوڕێیەکی کەوتوو بەجێناهێڵم"، جێگەی ئاماژەیە ئەم دەستپێشخەرییەی ترەمپ وەک (پلانێک یان بەرنامەیەک)ـە ئیدارەکەی بە ناوی "رۆحی جەنگاوەری" لەناو پێنتاگۆن ئەنجامی داوە، هەروەها  ئەو دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ سەرنج خستنەسەر پەرەپێدان، یان بەهێزکردن، ئازایەتی، دڵڕەقی، پابەندبوون، خۆڕاگری، و رۆحی سەربازانی سوپای ئەمریکا .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' بڵاوکردەوە، کە تێیدا رایگەیاند دەروازەکانی دۆزەخ لە غەززە دەکرێنەوە و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل چڕتر دەبنەوە تاوەکو بزووتنەوەی حەماس مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبوڵ دەکات.

کاتز لە پەیامەکەیدا نووسیبووی: "ئێستا پەراسوی دەروازەکانی دۆزەخ لە غەززە دەجووڵێنرێن. یەکەمین ئاگاداری چۆڵکردن درایە باڵەخانەیەکی تیرۆرستی فرەنهۆمی لە شاری غەززە پێش ئەنجامدانی هێرش."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل نووسیوێتی: "کاتێک دەرگاکە کرایەوە، داناخرێتەوە و چالاکییەکانی سوپای ئیسرائیل زیاتر و زیاتر دەبن - تاوەکو دەستدرێژیکارانی حەماس مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ قبوڵ دەکەن، کە لە سەروویانەوە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و چەکداماڵینە - یان لەناو دەبرێن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگەیاند، لە دوو ئۆپەراسیۆندا، دوو لە گەورەترین هەوڵەکانی بە قاچاخبردنی بیانییەکانیان لە رێگەی خاکی عیراقەوە پووچەڵکردووەتەوە و 194کەسیان دەستگیرکردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگاکە، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری  ئاسایشی دیالە، تیمێکی تایبەت کەمینێکیان لەسەر رێگای نێوان دیالە و بەغدا داناوە. لە ئەنجامدا، دەست بەسەر بارهەڵگرێکدا گیراوە کە بە کیسەی چیمەنتۆ داپۆشرابوو بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کە کەرەستەی بیناسازی دەگوازێتەوە، بەڵام لەناویدا 125 کەسی بیانی خۆیان حەشاردابوو.

دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە، کە حەشارگەیەکی دیکە لە پارێزگای کەرکوک هەیە و لە سوێنەکەش 69 کەسی دیکەی بیانییان دەستگیرکردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە؛ هەموو دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست لە دژیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كەشناسی عیراق رایدەگەیەنێت، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە پلەكانی گەرما دابەزینی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.

دەستەی گشتی كەشناسی عیراق دەڵێت، بەپێی پێشبینییەكان، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە پلەكانی گەرما لە ئەوروپا دابەزینی بەرچاو دەبینن و كاریگەریی دەبێت لەسەر كەشوهەوای ناوچەكە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، دابەزینی پلەكانی گەرما سەرتاسەری عیراق دەگرێتەوە بەتایبەت ناوەڕاست و باكور و لە هەندێك شوێنیش نمە باران و خۆڵ بارین دەبێت.

كەشناسی هەروەها پێیوایە، ئەم گۆڕانكارییە بەرچاوە لە  كەشوهەوادا یەكەمجارە لەم وەرزەدا روودەدات و كۆتایی بە شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ دەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەیەكی بەریتانی رایگەیاندووە، لە ئێستادا بەغداد پێشكەوتنێكی بەرچاوی لەبواری بیناسازیدا بەخۆیەوە بینیوە، كە لەماوەی 22 سالی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە و گۆڕانكارییەكان بە تەواوی بە شەقام و باڵەخانەكانییەوە دیارن.

رۆژنامەی زە ئیكۆنۆمیستی بەریتانی راپۆرتێكی لەبارەی گەشەسەندنی بواری بیناسازی لە بەغداد بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، بەغداد پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و سیمای شارێكی پێشكەوتووی وەرگرتووە. 

زە ئیكۆنۆمیست ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2003ـەوە بەغداد پێشكەوتنی لەو شێوەیە بەخۆیەوە ببینێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، سەرەڕای زۆری ژمارەی دانیشتووانی عیراق، بەغداد بە تەواوی سیمای شارێكی پێشكەوتووی پێوە دیارە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی وێناكەی لەبەرچاوی جیهانیشدا بگۆڕێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، هەر هێزێکی رۆژئاوایی لە ئۆکراین ئامادەیی هەبێت لەلایەن سوپای روسیاوە دەکرێتە ئامانج و جەختیش دەکاتەوە کە مۆسکۆ بە هیچ شێوەیەک ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ قبوڵ ناکات.

ئەم لێدوانانەی پوتن رۆژێک دوای ئەوە هات کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، رایگەیاندبوو 26 وڵات بەڵێنیان داوە گەرەنتیی ئەمنی دوای جەنگ بدەن بە ئۆکراین، کە بوونی هێزی نێودەوڵەتی لە وشکانی، دەریا و ئاسماندا لەخۆدەگرێت.

ماکرۆن، کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەکرد، وتی: "ئامانجی ئەم هێزە چوونە ناو جەنگ نییە دژی روسیا، بەڵکو رێگریکردنە لەوەی لە داهاتوودا هێرش بکاتەوە سەر ئۆکراین"

لە بەرامبەردا، پوتن لە میانی کۆڕبەندێکی ئابووریدا لە ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی دووری روسیا، وتی: "ئەگەر هەر هێزێک لەوێ بڵاوەی پێبکرێت، بەتایبەتی ئێستا کە شەڕ بەردەوامە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە دەکەین کە دەبنە ئامانجی رەوا بۆ سوپای روسیا."

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ باشترین شوێنە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین و جەختی کردەوە کە روسیا %100 گەرەنتیی ئاسایش و سەلامەتیی وەفدی ئۆکراین دەکات.

پوتن وتیشی: "چەندین جار وتوومە کە ئامادەم بۆ ئەم پەیوەندییانە (لەگەڵ زلێنسکی)، بەڵام هیچ سوودێکی نییە، چونکە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی لەسەر پرسە سەرەکییەکان نزیکە لە مەحاڵ، تەنانەت ئەگەر ئیرادەی سیاسیش هەبێت، کە من گومانم لێی هەیە."

پێشتر، کرملن ئەوروپییەکانی بە "بەربەست" لەبەردەم چارەسەری ناکۆکی لە ئۆکراین تۆمەتبار کردبوو. دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، رایگەیاندبوو، گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراین ناتوانرێت لە رێگەی هێزی سەربازیی بیانییەوە دابین بکرێت.

رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکاندا گفتوگۆی لەبارەی ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە کرد کە پێویستە بدرێن بە کیێڤ، هەروەها رێگاکانی زیادکردنی فشار لەسەر روسیا بۆ ناچارکردنی بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستانەکانی ئاشتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەرانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کرد کە تایبەتە بە گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب.

کۆبوونەوەکە ئێوارەی دوێنێ لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، بە ئامانجی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە نێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی حکومەتی ئینتیقالی سوریا، کە لە چەند ئەفسەر و بەرپرسێک پێکهاتبوون، ئامادەبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب کرا، بەتایبەتی کۆکردنەوەی هێز لەلایەن حکومەتەوە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییە، هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 1ی نیسان کرایەوە. هاوکات، میکانیزمی پێکهێنانی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە بەبێ پچڕان تاوتوێ کرا.

لە کۆتاییدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر راگرتنی ئاڵۆزی و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی حکومەت لە دەوروبەری شێخ مەقصود و ئەشرەفییە، کۆتاییهێنان بە دۆخی گرژی، و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی زیاتر لەنێوان لیژنە پسپۆڕەکانی هەردوولادا.

جێی ئاماژەیە، لە یەکی نیسانی ئەمساڵدا، رێککەوتنێک لەنێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفیە و حکومەتی ئینتیقالیدا ئیمزا کرا کە14 خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرت، لەوانە بەهێزکردنی پێکەوەژیان، پاراستنی دانیشتووان، قەدەغەکردنی دیاردەی چەکداری، و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆیی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شێخ حیكمەت هیجری، داوای قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ دروزەكانی سوریا دەكات و جەخت لەسەر مافی چارەی خۆنوسین دەكاتەوە.

حیكمەت هیجری كە رێبەری دروزەكانی سوریایە لە پارێزگای سوەیدا، سوپاسی هەریەك لە دۆناڵد ترامپ و بنیامین ناتانیاهۆی كرد بۆ پشتیوانییەكانیان لە دروزەكان و رایگەیاند، دروزەكان پاشەكشە ناكەن لە داواكارییەكانیان بەتایبەت قوربانیدانەكانیان.

هیجری لەمیانی پێشوازیكردن لە فەرماندەی نوێی دروزەكان و بزوتنەوەی رجال ئەلكەرامە كە لیوایەكی تایبەتی پێكهاتەی دروزەكانە، وتی، ترامپ و ناتانیاهۆ پاڵپشتییان كردوون بەتایبەت لە كردنەوەی دەروازەكان بەڕووی سوەیدا.
هەروەها داوای گەڕاندنەوەی گوند و زەوییە داگیركراوەكانی بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی خۆیان كرد و ئازادكردنی بێ قەید و مەرجی هەموو ڕفێنراوەكانی كرد.

رێبەری دروزەكان داوای لە كەسایەتیە جیهانیەكان و گەلانی ئازاد كرد لەپاڵ پێكهاتەی دروزدا بوەستن بۆ راگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆ بۆ ئەو پێكهاتەیە، هەروەها پێیوایە پاسەوانی نیشتمانی كە بەم دواییە لە گروپە چەكدارەكانی دروز پێكهاتووە، دەتوانن پارێزگاری لە خاك و قەوارەی دروزەكان بكەن.

هیجری لە چەند رۆژی رابردووشدا داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ دروزەكان كردبوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا روسییەكەی قسە دەكات و كار بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكراین دەكات.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی ئەوروپا و سەرۆكی ئۆكراین لەرێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی وت، باسیان لەو گەرەنتییە ئەمنییانە كردووە كە پێویستە بۆ كیێڤ دابین بكرێن، هەروەها باس لە چڕكردنەوەی فشارەكان لەسەر روسیا  كراوە بۆ  راكێشانیی بۆ سەر مێزی دانوستانی ئاشتی.

دوای وتەكانی ترامپ، كریملین دووپاتیكردەوە، تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەك بۆ پەیوەندی نێوان پوتین و ترامپ نەكراوە، بەڵام دەكرێت بەخێرایی رێكخستن بۆ ئەو مەبەستە بكرێت.

دوێنێ سەركردەكانی هاوپەیمانی ئیرادە كە نزیكەی 30 وڵات لەخۆدەگرێت، كۆبوونەوەیەكیان لە رێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە رێكخست و پاڵپشتی خۆیان بۆ كیێڤ دووپاتكردەوە لە روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ روسیا، دواتریش هەریەك لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین و ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە پاریس كۆبوونەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی ماددەیی کیمیایی "تی پی ئۆ" (TPO)ی قەدەغە کرد، کە لە زۆرێک لە جۆرەکانی جێڵی نینۆکدا بۆ خێرا وشکبوونەوە و پاراستنی رەنگ بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە مەترسی بۆ سەر توانای منداڵبوون دروست دەکات و دەبێتە مەترسی بۆسەر ژنان. 

ئەو ماددە باوەی کە لە زۆرێک لە جۆرەکانی جێڵی نینۆکدا هەیە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا بە نایاسایی ناسێنراوە، بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا بە ئازادی بەردەستە.

ئەم ماددەیە، کە ناوە زانستییەکەی (Trimethylbenzoyl diphenylphosphine oxide)ـە، ئێستا بە فەرمی لە هەموو بەرهەمە جوانکارییەکاندا قەدەغە کراوە و دەزگا چاودێرییەکانی یەکێتی ئەوروپا وەک ماددەیەکی ژەهراوی بۆ مرۆڤ پۆلێنیان کردووە. "تی پی ئۆ" ماددەیەکە یارمەتی رەقبوونی جێڵی نینۆک دەدات لەژێر تیشکی سەروو وەنەوشەییدا و دەبێتە هۆی مانەوە و بریسکەی زیاتری رەنگەکە.

بڕیاری قەدەغەکردنەکە دوای چەندین توێژینەوە لەسەر ئاژەڵان هات کە پەیوەندیی نێوان ماددەکە و کێشە درێژخایەنەکانی منداڵبوونیان تیادا دەرکەوت. یەکێتی ئەوروپا ئەم رێکارە خۆپارێزییەی گرتووەتەبەر لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر مرۆڤ هێشتا بەردەوامە.

بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ساڵۆنەکانی نینۆک لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها وڵاتانی وەک نەرویج و سویسرا، دەستبەجێ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە رابگرن کە ئەم ماددەیەیان تێدایە و بەرهەمە کۆکراوەکانیان بە شێوەیەکی سەلامەت لەناوببەن.

لەلایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا بەکارهێنانی "تی پی ئۆ"ی بە یاسا رێکنەخستووە، و ئەم ماددەیە دەچێتە پاڵ لیستێکی درێژی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە ئەوروپا قەدەغەن، بەڵام لە ئەمریکا هێشتا باون.

هەندێک لە خاوەنکارانی بواری جوانکاریی نینۆک دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە. کۆمپانیایەکی بەلجیکی رایگەیاندووە، "هیچ بەڵگەیەکی مرۆیی نییە لەسەر مەترسیی ئەم ماددەیە" و ئەم بڕیارە "زیانێکی گەورەی ئابووری" بە کارە بچووکەکان دەگەیەنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەگەر پێویست بکات گروپە تاوانکارییەکانی دەرەوەی سنوور "لەناودەبات"، و ئاشکرایکرد کە دوو لە گەورەترین گروپە تاوانکارییەکانی ئیکوادۆر دەخەنە لیستی تیرۆرەوە.

رۆبیۆ لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئیکوادۆر وتی: "ئێستا ئەوان یارمەتیمان دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە و لەناوبردنیان."

هاوکات رایگەیاند، ئەمریکا دوو لە گەورەترین گروپە تاوانکارییەکانی ئیکوادۆر، کە بریتین لە "لۆس لۆبۆس" و "لۆس چۆنێرۆس"، وەک رێکخراوی تیرۆریستی بیانی پۆلێن دەکات.

ئەم لێدوانانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکیان کردە سەر بەلەمێک لە دەریای کاریبی. کۆشکی سپی رایگەیاند، لە هێرشەکەدا 11 بازرگانی ماددەی هۆشبەر کوژراون، بەڵام ناسنامەیانی ئاشکرا نەکردووە.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا قاچاخچییەکان لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاوە وەک مەکسیک و ئیکوادۆر، روبەڕووی "کردەوەی تاکلایەنەی لەسێدارەدان" دەبنەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، رۆبیۆ وتی "حکومەتە هاوکارەکان" یارمەتی دەدەن لە دەستنیشانکردنی قاچاخچییەکان.

رۆبیۆ وتیشی: "سەرۆک'ترەمپ' وتوویەتی دەیەوێت شەڕ دژی ئەم گروپانە بەرپا بکات چونکە ئەوان ماوەی 30ساڵە شەڕیان دژی ئێمە بەرپا کردووە و کەس وەڵامی نەداونەتەوە." ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "بەڵام لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ حکومەتە دۆستەکان پێویست بەوە ناکات، چونکە حکومەتە دۆستەکان یارمەتیمان دەدەن."

حکومەتەکانی ئیکوادۆر و مەکسیک تا ئێستا رایاننەگەیاندووە کە هاوکاریی هێرشە سەربازییەکان دەکەن.

رۆژی پێنجشەممە، رۆبیۆ رایگەیاند کە واشنتن بڕی 13.5ملیۆن دۆلار هاوکاریی ئەمنی و 6 ملیۆن دۆلار تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشکەش بە ئیکوادۆر دەکات بۆ یارمەتیدانی لە روبەڕووبوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان.

توندوتیژی لە ئیکوادۆر لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەهۆی ئەوەی گروپە تاوانکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوەکانی بازرگانیی کۆکاین شەڕ دەکەن. بەپێی ئامارە حکومییەکان، نزیکەی %70ی کۆکاینی جیهان ئێستا بە ئیکوادۆردا تێدەپەڕێت.

ئەم پۆلێنکردنە لەسەر داوای دانیال نۆبۆوا، سەرۆکی ئیکوادۆر بووە، کە روبەڕووبوونەوەکانی دژی گروپە تاوانکارییەکان بە "جەنگ" وەسف دەکات و پێشتر رایگەیاندبوو، دەیەوێت سوپای ئەمریکا و ئەوروپا بەشداری لە شەڕەکەیدا بکەن.

دانانی ئەو دوو گروپە لە لیستی تیرۆردا رێگە بە ئەمریکا دەدات کە سامان و موڵکی هەر کەسێک کە پەیوەندیی بەو گروپانەوە هەبێت بکاتە ئامانج و بەبێ سنوور زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ حکومەتی ئیکوادۆر ئاڵوگۆڕ بکات، کە رەنگە ببێتە هۆی گرتنەبەری رێوشوێنی "توند".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دووەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات و بەبەشداریی  دەیان كۆمپانیا و براندی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەدەچێت.


هێمن كەمال پەیامنێری كوردسات نیوز لە سلێمانی رایگەیاند، یەكەم رۆژی دووەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی لە پاركی هەواری شار لە سلێمانی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.


ئاماژەی بەوەشكرد، فێستیڤاڵەكە بەبەشداریی 20 چێشتخانەی كوردەواریی خۆماڵی و 10 خواردنگەی بیانی و 20 شوێنی خواردنی خێرا و 10 براندی شیرینی و 10 براندی پێویستی ناوماڵ و  پێنج كلینیك و دامەزراوەی پزیشكی و چەندین كۆمپانیای خانووبەرە بەڕێوەدەچێت و تیایدا بەرهەم و ئۆفەركانیان دەخەنەڕوو. 


باسی لەوەشكرد، فێستیڤاڵەكە رۆژانە لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو كراوە دەبێت و چاوەڕوانیش دەكرێت دەیان هەزار كەس سەردانی بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی پێنجشەممە 4-9-2025 بەشداری کرد لە مەراسیمی ساڵانەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کە لە مەزارگەی حەزرەتی قادری لە بەغداد بەڕێوەچوو.


لە مەراسیمێکدا سەرۆک کۆمار لەلایەن دکتۆر مشعان خەزرەجی سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی و شێخ خالید گیلانی و شێخ عەفیفەدین گیلانی و ژمارەیەک زانا و کەسایەتی ئاینی پێشوازیی لێکرا.


سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە ئامادەبوان کرد بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێیغەمبەر (د.خ)و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی ئاشتی و خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان، لە مەراسیمەکەدا د. کامل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی  وتارێکی پێشکەش کرد کە وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شممەری و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و کەسایەتی ئاینیی ئامادەی بوون و تیایدا جەختیکردەوە کە ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی جیهانی ئەمڕۆمان دەبنەوە، وەک ململانێکان و قەیران و پەتا و هەژاری، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە چەند پێویستیمان بە رێبازی پێغەمبەری مەزن محەمەد موستەفا هەیە تا بەزەیی و بەخشندەییی بۆ مرۆڤ دەگێڕێتەوە، بۆ ئەو رەوشتەی کە ئاشتی و برایەتی لە دڵی خەڵکدا دەچەسپێنێت، هەروەها بۆ دادپەروەری کە مافی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو کەسێک مسۆگەر دەکات.


سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەر د خ وێستگەیەکە کە تێیدا باوەڕ و ویستی خۆمان نوێ دەکەینەوە و رەوشت و رەفتارمان باشتر دەکەین و ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان بنیات دەنێین.


 ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆک کۆمارە :

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان 

جەنابی سەرۆک کۆمار
جەنابی سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی
زانایانی بەڕێز و کەسایەتی ئاینی
میوانە بەڕێزەکان
سڵاو ی خودای گەورەتان لێ بێت


بەبۆنەی لەدایک بوونی رێبەری مرۆڤایەتی محەمەد (د.خ)، خۆشحاڵین و بەپەڕی شانازییەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو ئومەتی ئیسلام و رۆڵەی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان دەکەم. لە خودای مەزن داواکارم ئەم بۆنەیە بۆ ئومەتی ئیسلامی بە گشتی و بۆ گەلی عێراقیمان بەتایبەتی بەخۆشی و شادی بگەڕێتەوە و بۆ ئەوەی ئاهەنگەکەمان نوێبوونەوە و بەڵێن بێت بۆ پەیڕەوکردنی ڕێبازی پێغەمبەری بەرز (صلی الله علیه وسلم).


سوپاس و ستایش بۆ خودا کە پێغەمبەرەکەی بە هیدایەت و ئایینی حەق نارد بۆ ئەوەی بەسەر هەموو ئایینەکاندا زاڵ بێت. خێر و ئارامی و بەرەکەت بۆ رێبەری مەزن محمد (د.خ )و لەسەر هەمووان بێت. 


میوانە بەڕێزەکان،
ئەمڕۆ بۆنەیەکی پیرۆز لەناخی دڵمانەوە دەگێڕین: کە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر، کە ساڵیادی لە دایکبوونی رێبەری مرۆڤایەتی، محمد کوڕی عەبدوڵڵایە، سەلامی خوای لەسەر بێت.
ئەمە تەنیا ساڵڕۆژێکی مێژوویی نییە؛ لەدایکبوونی ڕووناکیە لە سەردەمێکدا کە تاریکی باڵی کێشابو ، لەدایکبوونی ڕەحمەتە لە جیهانێکدا کە دڕندەیی زاڵ بو بەسەریدا و لەدایکبوونی دادپەروەرییە لە سەردەمی نادادپەروەرییەکی بەربڵاودا. پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لەسەر بێت، هات بۆ ئەوەی فێرمان بکات کە شکۆی مرۆڤ مافێکە بۆ هەموو مرۆڤێک، وە ڕەحمەتی کەسانی نزیک و دوور و موسڵمان و نا موسڵمان و تەنانەت هەموو لایەنەکانی ژیانیش دەگرێتەوە.


ئەو، سەلامی خوای لەسەر بێت، پێغەمبەری ڕەحمەت و ئاشتی و پێغەمبەری رەوشت بوو. بناغەکانی دادپەروەری دامەزراند و بەهای زانستی بەرزکردەوە و ئیمانی بە کردەوەی چاکەوە، دین بە ژیانەوە گرێدا. لە کاتێکدا ژیانی ئەمڕۆی بەبیر دێنینەوە، ئیلهام لێ وەردەگرین بۆ بنیاتنانی نەتەوەکانمان بە دادپەروەری و پاراستنی شکۆی گەلانمان بە ئازادی و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەکەمان لە ڕێگەی هاوکاری و یەکگرتووییەوە.

هاوڕێیانی ئازیز،
ئەو ئاڵەنگارییانەی ئەمڕۆ لە بەردەم دونیای ئێمەدان، لەوانەش ململانێ، قەیران، پەتا و هەژاری، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە چەندە پێویستمان بە پێغەمبەری بەرزە: بەزەیی بۆ مرۆڤایەتی دەگەڕێنێتەوە، رەوشتێک کە ئارامی و برایەتی لە دڵەکاندا دەچێنێت، دادپەروەری کە مافی ژیانێکی شکۆمەندانەی هەموو تاکێک مسۆگەر بکات.
با ساڵیادی لەدایک بوونی پێغەمبەر بکەینە ساتێک بۆ نوێکردنەوەی ئیمان و ئیرادەمان، بۆ بەرزکردنەوەی رەوشت و ڕەفتارەکانمان و بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کە بە ڕووناکی محمد (صلى الله عليه وسلم) ڕۆشنبکرێتەوە، کە ڕێگاکانی هیدایەت بۆ جیهان ڕۆشن کرد.
پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەین بەبۆنەی لەدایک بوونی رێبەری ڕووناکی و ڕێنوێنمان محمد صلى الله عليه وسلم . ئێوە و گەلەکەمان و ئۆمەتی ئیسلامی هەموو ساڵێک لە خۆشی و ئارامیدا بن. 
ئارامی و بەزەیی خوای گەورەتان لەسەر بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی بەشێک لە تۆمەتبارەکانی روداوی تەقەکردن لە رۆژنامەنوس هێمن مامەندی راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، "شەوی ٢٠٢٥/٩/٢ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ( هێمن مامەند ) لەگەرەکی عەقاری شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کەسی ماتۆڕ سوار کە دانیشتووی هەولێر-بنەسڵاوەن، بەناوەکانی ( ش،ر،م،س ) و ( س،ه،ر،م ) درایە بەر دەستڕێژی گولە و بە دوو فیشەک بریندارکرا".

ئاماژەی بەوەشدراوە، "لەسەر ئەم روداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە بڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی ( ٣١/٤٠٦ )لەیاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی روداوی تەقەکردنەکە دەرچووە و بەپێی  بەڵگەکان، ئەندامانی تیمەکەیان دەستگیرکراون و دوو تۆمەتباری دیکە لەئەنجامدەرانی تاوانەکە بەرەو پارێزگای هەولێر هەڵاتوون".

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، "لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کۆی پیلانەکەیان بەرنامە دارێژڕاوبووە بۆ تاوانێکی رێکخراو، مەبەستیان تیرۆرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووس ( هێمن مامەند ) بووە، هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێم لەداهاتوودا ووردەکاری پیلانەکە و زانیاری لەسەر بکەرانی ئەم هەوڵی تیرۆرکردنە بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دابەشكردنی موچەی خانەنشینانی عیراق دواكەوت، وەزارەتی داراییش دەڵێت، كێشەكە تەكنیكییەو پەیوەندی بە نەبوونی پارەی كاشەوە نییە.

بەیانی ئەمڕۆ دەستەی خانەشینانی عیراق بڵاویكردەوە، ماوەی چوار رۆژە دابەشكردنی موچەی خانەنشینان بۆ مانگی 9 دواكەوتووەو كێشەكەش تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیا عیراقییەكان هۆكارەكەیان بۆ كەمی و نەبوونی پارەی كاشەوە گەڕاندووەتەوە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، دواكەوتن و خەرجنەكردنی موچەی خانەنشینان لەم مانگەدا، پەیوەندی بە هۆكاری تەكنیكی پەیوەست بە سیستمی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی بانكییەوە هەیەو پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەییەوە نییە.

وەزارەت دوپاتی کردووەتەوە کە بڕە پارەی پێویست لە هەژمارەکانی گەنجینەی حکومەتدا بەردەستە و ئەوەی رویداوە، دواکەوتنێکی کارگێڕییە و پەیوەستە بە پرۆسەکانی گواستنەوەی نێوان بانکەکان و سیستەمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی کاتی، لە دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا. 

هەروەها وەزارەت پابەندبوونی تەواوی خۆی نیشان داوە بە دابەشکردنی موچە لە کاتی خۆیدا لە مانگەکانی داهاتودا. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئوسترالیا کەم کردەوە و رایگەیاند کە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران دەرکراوە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "هەنگاوی حکومەتی ئوسترالیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بێ پاساوە. ئێمە پێشوازی لەم کارە ناکەین، چونکە پێمان وایە هیچ پاساو و هۆکارێک بۆ ئەمە نەبووە و بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات."

ناوبراو وتیشی: "بەپێی نەریت و یاساکانی دیپلۆماسی و وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکەی ئوسترالیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئوسترالیای لە ئێران کەم کردووەتەوە. باڵیۆزی ئوسترالیاش ئێران-ی جێهێشتووە."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئوسترالیا رۆژی سێشەممە، بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی راگەیاند و سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، دوای ئەوەی تاران-ی بە ئەنجامدانی دوو هێرشی دژە جوولەکە لە وڵاتەکەدا تۆمەتبار کرد.

پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم جارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئوسترالیا باڵیۆزێکی بیانی دەربکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...181182183184185...986