راستە مامۆستای مەزنی کوردایەتیی و کوردستانیی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بیست و شەش ساڵە لە ناوماندا نییە، بەڵام پەیامە مەزنەکانی کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەدیهێنانیان تەرخانکرد ، هەر بە زیندویی لە نێوماندا ماوەتەوە، رۆژ لە دوای رۆژیش نوێ دەبێتەوە.
وا زیاتر لە نۆ دەیەیە، نەوە دوای نەوە پەیامەکانی بە کتریی دەسپێرن. ئەگەر سەیری سەرەتای دەستپێکردنی گەیاندنی ئەم پەیامەنەی مامۆستا بکەین کە دەستپێکەکەی لە شیعر و نوسینەوە بوە لە رۆژنامەی (ژیان) ی پیرەمێردی نەمرەوە بوە، راستەخۆ پەی بە فیکر و بیرکردنەوە نەتەوەیی و مرۆڤانەکەی دەبەین، کە بە کوردایەتیی کوردبون زاخاو دراوە.
کوردبون لای ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان ئەو هەقیقەتە مێژوییە کە سەرباری هەمو دژواریی و جەور و ستەمەکان، هەر بە زویندویەتیی ماوەتەوە. سیاسییەکان، روناکبیرەکان ، خوێندکار و کاسبکاران ، هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان بیرکردنەوە و روانینەکانیان چەندە جیاواز و دوریش بێت بەڵام لە کوردبون و شانازیی کردن بەوەی یەك نەتەوەی لێك دانەبڕاون ، یەك دەگرنەوە و کۆکن .
هەر لەو پێناوەشدا بو کە کۆلیژی حقوقی هەڵبژارد تا مافی ئەوەی هەبێت خاوەنی رۆژنامە یا گۆڤارێك بێت و فیکر و خەمە گەورەکەی تیادا بخاتە رو ، قەڵەم و فیکری هاوشێوەش لە خۆی کۆبکاتەوە .
ئەوەبو گەلاوێژ بوە ئەو سەکۆ و مینبەرە کە لە هەمو بەشەکانی کوردستانەوە هانای بۆ ببرێت ، پێشتریش لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا (کوردو عەرەب-١٩٣٧) کە بە هۆیەوە روبەڕوی دادگابووەوە، (جا کەی مامۆستای مەزن لەسەر ئەم هەڵوێستە نەگۆڕانەی روبەروی دادگا و بەندیخانە نەبوەتەوە)، بە شێوازێکی زۆر زانستیانە هاوبەشیی راستەقینەی کوردی لە عێراق و بەشەکانی تریشدا خستوەتە بەرچاو، بە ئامانجی هوشیارکردنەوەی رۆڵەکانی گەلەکەی و بەدرۆخستنەوەی بوختانی نەیارانی کورد و هەڵوەشانەوەی پیلانەکانیان بە نکووڵیی کردن لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد. لە هەمان کاتدا بۆ پوچەڵکردنەوەی هور تۆمەتێك کە بدرێتە پاڵ کورد بەوەی دابڕاوە و دژ بە گەلانی ترە. شاکارە ئەدەبیی و سیاسییەکانی تریشی لە هەمان ئامانجەوە سەرچاوەیان گرتوە. ئەو گەنجینە سیاسیی، ئەدەبیی و فیکرەیەی برایم ئەحمەد لە بن نایەت تا لە بەرهەمەکانی ورد ببینەوە هزری نوێی تیادا دەبینین .
مامۆستای رابەری کوردایەتیی هەمیشە هاوارەکەی بۆ یەکگرتویی کورد بوە ، کە تاکە هەتوانی ساڕێژ کردنەوەی زامەکانی پارچە پارچە بونیەتی . هەمیشە هانی رۆڵەکانی گەلەکەی داوە کە کوردبونیان بە شانازیی لە نێو کۆڕو کۆبونەوەکاندا بخەنەرو ، چونکە ئەوە راستییەکی مێژویی حاشا هەڵنەگرە ، ئەوەشی بە بیر هێناونەتەوە کە لە هەر تەنگانەیەکدا هەر کوردبون دەبێتە رێنما بۆ بەدەنگەوە چوونی یەکتر. ئەوەش دوربینیی ئەم رابەرە مەزنەی گەلەکەمان دوپات دەکاتەوە. ئەوە بەو مانایە نەبوە کە گەلانی ترمان لا کەم بایەخ بێت بە پێچەوانەوە بۆ پێکەوە ژیان بوە لەگەڵ تورك و عەرەب و فارس و ئەوانی دیکەشدا ، بە ئامانجی سڕینەوەی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێردەست، ئەوەش کرۆکی پەیامە مرۆڤایەتییەکەی بوە .
بۆیە هەمیشە لە هەر سەکۆیەکی بۆی رەخسا بێت داکۆکیی لەو بیر و ئایدۆلۆژیایەی کردوە . لە کۆنگرەی نیویۆڕکی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق (٣٠/ئۆکتۆبەر -٢ی نۆڤەمبەری ١٩٩٩)، کاتێك لە گفتۆگۆی راپۆرتی سیاسیی کۆنگرەدا هەوڵ دەدرا لەبەر خاتری ئەم و ئەو، خۆبدزرێتەوە لە مەسەلەی پەیڕەو کردن و چەسپاندنی شێوازی فیدراڵیی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئایندەی عێراقدا، پارێزەرەکەی کوردایەتیی لە مورافەعەیەکی
لۆژیکیی و زانستیییدا، هەموانی سەرسام کرد. ئەوەش لەو روانگەیەوە بو کە کورد مافی خۆیەتی بڕیار بدات.
لە کۆتاییدا ، هەموان ئەو راستییانەمان بە بیر دێتەوە کە لە هەمو کۆستەکانماندا لە هەر بەشێك لێمان قەومابێت کورد بون بەفریای یەکتری خستوین. تازەترین بەڵگەش ئەو یەك دەنگییە بو کە سێ مانگ لەمەوبەر هەمو کورد نواندنی بۆ پشتتوانییکردن لە خوشکو براکانمان لە سوریا (رۆژئاوا). سرودە مەزنەکەی هەر کوردەبین بوە سیمبول و دروشمی تەواوی خۆپیشاندان و رێپێوانەکانی پشتیوانیی، بە مەش ئەو دور بینیی و بیرتیژییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەهەر کاتێکی تر بەرجەستە بو، کە کورد بون و هاوخوێنیی بۆ هەمولایەکی سەلماند کورد یەك مەسەلەی هەیە و چەندە جیاواز بن و لەیەکتر دوربن، بەڵام وەك بەردەوام مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دوپاتیکردوەتەوە، هیچ سنورێك لەبەردەمیدا نییە کە بتوانێت ببێتە رێگر لەبەردەم ئەو راستییەی کە کورد یەك مەسەلەی هەیە لە هەمو بارودۆخێکدا، ئەویش کورد بونە کە هەمومان کۆدەکاتەوە.
لە خەونمدا، پێش لافاوەکەی نوح، لە مزگەوتەکەی دێی تەنگیسەر لە قەرەداغ، دیالۆگێکی رۆشنبیریی نایاب و قووڵ، لەنیوان سێ هاورێی ئازیزم، ئازاد هەورامی و بەکری حاجی سەفەر و مامۆستا موحسینی خاڵم، سەبارەت بە هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر و کات(زەمان)ەوە، دەستی پێ کرد؛ گوێم لێ بوو کاک ئازاد وتی:
«خۆرهەڵاتن وەک منداڵێکی تازە لە دایکبوو دەردەکەوێت، کە بە خەندەیەکی پاک ئاسمان رووناک دەکاتەوە.»
مامۆستا موحسین وتی:
«لە کاتی ئاوابووندا، خۆر وەک پیرێکی دانا دەچێتە ناو دەریا، بە دڵێکی ئارام و چاوێکی پڕ لە ئەزموون.»
کاک بەکر وتی:
«منداڵ لە ئێستادا دەژی، رابردوو بۆی زۆر دوورە و داهاتووش وەک خەونێکی نادیارە. بۆیە زەمان لە هەستیدا فراوانە و نەبەستراوە بە ژمێریارییەوە»
کاک ئازاد فەرموی:
«منداڵ زەمەن نازانێت، تەنها تێیدا دەژی.»
مامۆستا موحسین فەرموی:
«پیر زەمەن دەزانێت، بۆیە هەموو ساتێک دەژمێرێت.»
ئینجا کاک بەکر فەرموی:
پێشینان دەڵێن: «ئەو کەسەی بە خۆرهەڵاتن خۆشحاڵ نەبێت، لە ئاوابوونیش تێناگات.»
لە پڕێکدا، بە دەنگی بانگی بەیانی مەلای مزگەوتی نالی لە گەرەگی عەقاری شاری سلێمانی بەخەبەر هاتم و ئەم چەند دێڕەم نووسی:
کەس ناتوانێت باڵی زەمەن بگرێت، کاتێک بە ئارامی لەسەر شانی رۆژەکان دەفڕێت. بەیانیان، کاتێک یەکەم تیشکی خۆر، باوەش بە رووی زەوی دەکات، ژیان هێدی هێدی لەخەو هەڵدەسێت، بە بێ پرسیار، بە بێ وەڵام. ئێوارە، کاتێک رەنگی ئاسمان لە زێڕییەوە دەگۆڕێت بۆ سوورێکی غەمگین، خۆر وەک پادشایەکی بێدەنگ، تاجەکەی دادەنێت و لەپشت چیاکان ون دەبێت. لەنێوان ئەم دوو ساتەدا، مرۆڤ چیرۆکێک دەنووسێت، چیرۆکێکی هەموو جار ناتەواو.
کات، ئەو میوانەی کە هەرگیز ناوەستێت، بەڵام هەرگیزیش خۆی پیشان نادات. ئێمە وا دەزانین وەک ژمارەیەکە لە چرکەکان، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە کات رووناکییە لەنێوان دوو تاریکیدا. ئەوە لە خۆرهەڵاتندا دەستپێدەکات و لە خۆرئاوابووندا خۆی ون دەکات. لە هەموو چرکەیەکدا گۆڕانێکی بچووک روودەدات و لە هەموو گۆڕانێکدا، بەشێک لە ئێمە ون دەبێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین.
گەردوون وەک ئامێرێکی گەورە، بە بێدەنگی کار دەکات؛ زەوی دەخولێتەوە، کات دەڕوات و ژیان لەنێوان ئەم دوو هێزەدا لەدایک دەبێت، بەڵام لەناو ئەم هەموو جووڵەیەدا مرۆڤ تەنیا بینەرێک نییە؛ ئەو شاعیرە، ئەو کەسەیە کە لە هەموو هەڵهاتنێکدا هیوایەک دەبینێت و لە هەموو ئاوابوونێکدا یادێکی دڵتەنگ.
ئەمڕۆ شاشەکان رووناکیی خۆریان دروستکردووە. شەو کە پێویست بوو ببێتە پەناگەی ئارامی، بووە بە بازاڕی دەنگ و رووناکی. رۆژیش کە دەبوو ببێتە کاتی ژیان، بووە بە راکردنێکی بێ کۆتایی. ئێمە لەنێوان ئەم رووناکییە دەستکردانەدا، رووناکیی ڕاستەقینەمان لەدەستداوە؛ لەنێوان چرکەکاندا ون بووین و «سات»مان بیرچووەتەوە.
لە چاوەکانی شاعیردا، خۆرهەڵاتن دڵ تازە دەکاتەوە و خۆرئاوابوون وەک داخستنێکی ئارام لە کتێبێکی پڕ لە خەوندا. هونەرمەند رەنگەکان دەبینێت، فەیلەسوف پرسیار دەکات، بەڵام دڵی مرۆڤ ئەو شوێنەیە کە هەموو ئەم مانایانەی تێدا یەکدەگرنەوە.
بیر دەکەمەوە لە منداڵیمدا، لەو کاتەی خۆر تەنیا خۆر بوو؛ نە نیشانەی کات، نە بیرەوەری، نە نیشانەی غەم بوو، تیشکەکانی وەک یارییەک دەهاتن و تاریکییان دەشکاند، بەڵام ئێستا هەر ئاوابوونێک وەک لاپەڕەیەکی داخراوە لە ژیانی مندا، هەر رۆژێک کەمترم دەکات و هەر شەوێک زیاتر لە خۆم دوورم دەخاتەوە.
هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونی، تەنیا دوو رووداوی سروشتی نین؛ ئەوان دوو پەیامی ژیانن کە لە هەموو ڕۆژێکدا بە زمانێکی بێدەنگ قسە لەگەڵ مرۆڤ دەکەن.
دانایان دەڵێن: «هەر سپێدەیەک دەرفەتی نوێیە، و هەر ئاوابوونێک یادەوەرییەکی پڕ مەعنای کۆتایی.» ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خۆرهەڵات نیشانەی دەستپێکی هیوایە، بەڵام خۆرئاوابوون فێرمان دەکات چۆن لە فەوتان و مردن نەترسین و قبووڵی گۆڕان بکەین.
لە کۆتاییدا، رەنگە کات (زەمان)، خۆی هیچ مانایەکی نەبێت. رەنگە ئەوە ئێمە بین کە مانا بە کات دەبەخشین؛ بە هەناسەکانمان، بە خەونەکانمان، بە ئەو وشانەی کە هەرگیز نەنووسران، لەنێوان هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆردا، ئێمە هەوڵدەدەین چیرۆکێکی تەواو بنووسین، بەڵام زۆرجار خۆر پێش ئەوەی دوا وشە بنووسرێت، بێدەنگ دادەبەزێت و لاپەڕەکان هەروا بە سپێتی دەمێننەوە.
لە شەوێکی تاریکدا، کاتێک دەریا و ئاسمان باوەش بەیەکدا دەکەن، مرۆڤ هەستدەکات تەنانەت خەونەکانیشی لەو نێوەندەدا وندەبن.
کوردستان، ئەم نیشتمانە جوانەی شاخ و دەشت و رووباری لە ناخەوە بریندارە، برینێک کە نەک بە شمشێری دوژمن، بەڵکو بە بێدەنگیی خۆی خوێنی لێدەچۆڕێت.
لاوانی هەرێم، ئەوانەی کە دەبوایە هەوێنی ئایندە بن، لەنێوان دیاردەی بێکاری و نەبوونی دەرفەتدا، کارەساتی شەڕ، رێگای نامۆیی دەگرنە بەر. خەونەکانیان دەخەنە ناو کاغەزی پاسپۆرت و بەلەمە بچووکەکان و دەیسپێرن بە شەپۆلەکانی دەریا، بەڵام ئەو دەریایەی کە دەبێت رێگای ژیان بێت، دەبێتە گۆڕستانێکی بێدەنگ، کارەساتی دەریای ئیجە هەموو جارێک مێژوویەکی پڕ لە تەم و خەم دەنووسێتەوە.
منداڵێکی شیرەخۆر کە دەبوایە وەک قەقنەس بەرەو خۆر بفڕێت، لە لێواری دەریاکەدا خەوی هەتاهەتایی لێدەکەوێت. ئەو وێنەیە تابلۆی نیشتمانێکی بریندارە، بێدەنگە، بەڵام هاوارەکەی گوێی گەردوون کاس دەکات. ئەو منداڵە تەنها تەرمێک نییە، بەڵکو کۆکەرەوەی هەموو ئەو خەونانەیە کە هەرگیز نەگەیشتنە کەنار.
لە خانەقین و لە باوەشی رووباری ئەڵوەندا، هاوینەکانیش بێ خەم نین. هەندێک گەنج، لە کاتی مەلەکردندا، بێ ئاگا لە مەکری قووڵاییی ئاو، خۆیان دەسپێرن بە چارەنووسێکی بێگەڕانەوە. ئەو رووبارەی کە جاران گۆرانیی «ئای ئەڵوەن ئای ئەڵوەن»ی بۆ شادیی دەگوت، ئێستا مۆرکی خەمێکی قووڵی لێ نیشتووە.
کوردستان هێشتا جوان و ئازیزە، بەڵام بێباکی لە بەڕێوەبردن و نادیاریی داهاتوو، بووەتە پاساوی دیاردەی کۆچ. ئەوانەی دەڕۆن، وەک باڵندەی کۆچەرین بە جیاوازییەکانیانەوە، باڵندەکان دەزانن بۆ کوێ دەچن، بەڵام مرۆڤەکانی ئێمە لەنێوان هیوا و بێ هیواییدا باڵدەگرن، وەک ئەوەی لە رۆمانی “پیاوان لە ژێر خۆردا”ی غەسان کەنفانیدا هاتووە، کەس نەپرسێ: «بۆچی ئەوانەی لە ناو تەنکەرەکەدا خنکان، کە خۆیان حەشار دابوو بۆ ئەوەی لە بەسرەوە بچن بۆ کوێت، لە دەرگای تەنکەرەکەیان نەدا تا دنیا بەخەبەر بێتەوە؟» ئێستاش هەمان پرسیار لە شەپۆلەکانی دەریای ئیجەدا دەنگدەداتەوە: بۆچی دەنگی خەونەکانمان نەبیستران؟
قاچاخچییەکان، بە چاوچنۆکی و بێبەزەیی خۆیان، مرۆڤ دەکەن بە کاڵا. بەلەمەکان لە جیاتی ئەوەی فریادڕەس بن، دەبنە قەفەسی مەرگ. لەو قەفەسانەدا ژن و پیاو، پیر و منداڵ، هەموویان لە شەوێکی کورتدا دەبنە چیرۆکێکی نەگوتراو.
پێویستە بڵێین: مرۆڤ کاتێک دەست لە خاکەکەی هەڵدەگرێت، کە هیوا لەناو دڵیدا دەمرێت. وەک کامۆ دەڵێت: “لەناو تاریکییەکاندا، مرۆڤ دەبێت مانای رووناکیی بدۆزێتەوە”، بەڵام کاتێک تاریکیی باڵ بەسەر هەموو شتێکدا دەکێشێت، رووناکی تەنها لە خەوندا دەبینرێت!
ئەوروپا لە خەیاڵدان و وێنای گشتیدا بەهەشتە، بەڵام لە راستیدا هەندێکجار سارد و تاقەتپڕوکێنە. ئەوانەی دەگەن، هەمیشە ناهەق نین، بەڵام هەمیشە ئاسوودەش نین. زەرەری گەورەی کوردستان لەوەدایە، باشترین سامانی خۆی کە لاوەکانیەتی، لەدەستیان دەدات، ئەوانەی دەبوو داهاتوو دروستبکەن، دەبنە بیرەوەرییەکی تاڵ.
لەنێوان رووبار و خەوندا، مرۆڤ هەمیشە خەون هەڵدەبژێرێت. ئەگەر نیشتمان ببێتە باوەشێک بۆ ئەم خەونانە، ژیان دەگەڕێتەوە، ئەگەر نا، دەریا هەمیشە چاوەڕێی چیرۆکێکی دڵتەزێنی تر دەبێت و شەوەکانیشمان درێژتر و تاریکتر دەبن، بەڵام بێگومان، هەندێک خەون، ناشکێن، بەڵکو دەخنکێن. لەناو شەپۆلەکاندا، بێدەنگ، بێ هاوارن، وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبن دەخنکێن، دەریا هەموو شتێکیان لەخۆ دەگرێت، ناوەکان، رووخسارەکان، خەندەکان، تەنانەت دوا وشەکانیشیان.
لەپاشان، بێدەنگییەک دەمێنێتەوە کە زۆر قورسترە لە هەر هاوارێک. دەڵێن مرۆڤەکان دەمرن، بەڵام لێرە، شتێکی تر دەمرێت کە هیوایە، کاتێکیش هیوا دەمرێت، نیشتمانیش هێدی هێدی دەبێتە وێنەیەک لەسەر کاغەز. ئەو شەوە دەریا تەنها جەستەی مرۆڤەکانی نەبرد، بەڵکو تەواوی سبەینێیەکیشی برد. کەچی بۆ بەیانی، کاتێک خۆرهەڵهات، هیچ شتێک نەگۆڕابوو، جگە لەوەی کە جیهان لە چەند خەونێکی کەم بوو.!
بڕیاری ٦٨٨: مانیفێستۆی وەرچەرخانی یاسایی و دیپلۆماسییەتی "مام جەلال" لە نێوان چیاکان و کۆشکی سپیدا
ساتەوەختی گۆڕینی مێژوو
لە بەهاری ساڵی ١٩٩١دا، کاتێک سوپا ڕووی لولەی تانکەکانی کردە خەڵکی سڤیلی کوردستان، جیهان تەنها تەماشاکار بوو.
بەڵام لە ٥ی نیسانی ١٩٩١، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد کە بووە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان قڕکردن و مانەوە، بڕیاری ٦٨٨ تەنها دەقێکی مرۆیی نەبوو، بەڵکو گەورەترین پڕۆژەی دیپلۆماسیی کورد بوو کە تێیدا قانونی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی گەلێکی بێدەوڵەت شکێنرا.
بڕیاری ٦٨٨ لە ڕووی قانونی نێودەوڵەتییەوە بە "شۆڕشی چەمکەکان" دادەنرێت. لێرەدا سێ ڕەهەندی یاسایی گرنگ دەبینین:
تێپەڕاندنی ماددەی ٢
میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماددەی ٢، بڕگەی ٧دا بە ڕاشکاوی دەڵێت: هیچ بڕگەیەک ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان نادات دەست وەربداتە ئەو کاروبارانەی کە لە بنەڕەتدا لە دەسەڵاتی ناوخۆیی هەر دەوڵەتێکدان.
عێراق و هاوپەیمانەکانی (کوبا و یەمەن) ئەمەیان وەک قەڵغان بەکاردەهێنا. بەڵام بڕیاری ٦٨٨ ئەم دیوارەی ڕوخاند و سەلماندی کە مافی مرۆڤ لە سەروی سیادە و سەروەریی دەوڵەتەوەیە.
پێناسەی نوێ بۆ ئاشتی و ئاسایش
بڕیارەکە بەستنەوەیەکی زیرەکانەی کرد لە نێوان سەرکوتکردنی ناوخۆیی و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی.
ئاوارەبوونی ملیۆنەها کورد بۆ تورکیا و ئێران وەک فاکتەرێکی ناسەقامگیری ناوچەیی لێکدرایەوە، ئەمەش وایکرد ئەنجومەنی ئاسایش شەرعییەتی دەستوەردانی هەبێت.
دروستکردنی پەناگەی ئارام (Safe Haven)
هەرچەندە بڕیارەکە بە ڕاشکاوی باسی بەشی حەوتەمی نەکردبوو، بەڵام وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا، بە پشتبەستن بە ڕۆحیەتی بڕیارەکە، چەمکی دەستوەردانی مرۆیی (Humanitarian Intervention)یان داهێنا، کە دواتر بووە بنەمای یاسایی بۆ ناوچەی دژەفڕین (No-Fly Zone).
ئەندازیاریی دیپلۆماسی؛ مام جەلال و تانوپۆدنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
ئەگەر بڕیاری ٦٨٨ تەقەلایەکی نێودەوڵەتی بووبێت، ئەوا مام جەلال بزوێنەری سەرەکیی ئەو تەقەلایە بوو. ڕۆڵی مام جەلال لەم قۆناغەدا تەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو وەک دیپلۆماتکارێکی بلیمەت دەرکەوت کە توانی بەرژەوەندیی زلهێزەکان لەگەڵ ئازاری گەلەکەیدا یەکبخات.
فاکتەری فەڕەنسا و دانیال میتێران
یەکێک لە کاریگەرترین پەیوەندییەکانی مام جەلال، دۆستایەتییە قووڵەکەی بوو لەگەڵ خاتوو دانیال میتێران (خانمی یەکەمی فەڕەنسا). مام جەلال توانی کارەساتی کورد بگەیەنێتە ناو کۆشکی ئەلیزێ. دانیال میتێران فشاری خستە سەر هاوسەرەکەی، فرانسوا میتێران، بۆ ئەوەی فەڕەنسا ببێتە پێشەنگی دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨. ئەم پەیوەندییە شەخسییە بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ببێتە دایکی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ کورد.
مام جەلال و جەیمس بەیکەر (وەزیری دەرەوەی ئەمریکا):
مام جەلال بە زمانی یاسا و بەرژەوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان دەدوا. ئەو توانی قەناعەت بە جەیمس بەیکەر بهێنێت کە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ پاراستنی کورد مەحاڵە. دوای کۆبوونەوەکانی مام جەلال، ئەمریکا لە بێدەنگییەوە گۆڕا بۆ پێشەنگی ئۆپەراسیۆنی (دابینکردنی ئارامی).
پەیوەندی لەگەڵ تۆرگۆت ئۆزال (سەرۆکی تورکیا)
لەکاتێکدا تورکیا ترسی لە قەوارەی کورد هەبوو، مام جەلال بە دیپلۆماسییەتێکی نەرم توانی لەگەڵ تۆرگۆت ئۆزال بگاتە تێگەیشتن. ئەم پەیوەندییە شەخسییە وایکرد تورکیا سنوورەکانی بۆ هاوکارییەکان بکاتەوە و ڕێگە بدات فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی (ئینجەرلیک)ەوە بۆ پاراستنی کورد بفڕن.
مام جەلال و جۆن مەیجەر (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا)
مام جەلال لە ڕێگەی لۆبییە بەهێزەکەی لە لەندەن، کاریگەریی دروستکرد لەسەر جۆن مەیجەر، کە دواتر بووە خاوەنی بیرۆکەی ناوچەی ئارام (Safe Haven) بۆ کوردەکان.
داتا و ژمارە مێژووییەکان (کاتژمێری کارەسات و ڕزگاری)
● ئایاری ١٩٩١، کاتێک هێزەکان جێگیر بوون، نزیکەی ٢٠,٠٠٠ سەربازی هاوپەیمان لەسەر زەوی بوون بۆ پاراستنی کورد.
● هێڵی ٣٦، بڕیارەکە بووە هۆی کێشانی هێڵێکی مەجازی لە پلەی ٣٦ی پانی، کە فڕۆکەکانی عێراق بۆیان نەبوو لێی تێپەڕن.
● کۆڕەوی ملیۆنی، ئامارەکان باس لە ئاوارەبوونی ١.٨ ملیۆن کەس دەکەن. ئەگەر بڕیاری ٦٨٨ نەبوایە، پێشبینی دەکرا لەو زستانەدا زیاتر لە ٥٠٠,٠٠٠ کەس بەهۆی سەرما و نەخۆشییەوە گیان لەدەست بدەن.
● دەنگدان، بڕیارەکە بە ١٠ دەنگی بەڵێ پەسەند کرا، لەکاتێکدا عێراق هەوڵێکی زۆری دا لە ڕێگەی (یەمەن و کوبا)وە ڤیتۆی لەسەر بەکاربهێنرێت.
کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر ئێستا (لە پەناگەی ئارامەوە بۆ قەوارەی دەستووری)
بڕیاری ٦٨٨ تەنها مێژوو نییە، بەڵکو کۆڵەکەی ژێرخانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە لە ئێستادا:
شەرعییەتی دامەزراوەیی: بەبێ ئەو فەزا نێودەوڵەتییەی بڕیاری ٦٨٨ دروستی کرد، کورد نەیدەتوانی لە ساڵی ١٩٩٢دا هەڵبژاردن بکات. پەرلەمان و حکومەتی هەرێم کۆرپەی یاسایی بڕیاری ٦٨٨ن.
پاراستنی قەوارەی فیدراڵی: کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەستووری عێراق نووسرایەوە، ماددەی ١١٧ (کە دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت) لە ڕاستیدا وەرگێڕانی سیاسیی ئەو واقیعە بوو کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە دروست ببوو. جیهان نەیدەتوانی دان بە قەوارەیەکدا نەنێت کە خۆی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ پاراستبووی.
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: بوونی زیاتر لە ٣٥ کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی لە هەولێر، بەردەوامیی هەمان ئەو شەرعییەتەیە. وڵاتان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن چونکە دەزانن ئەم قەوارەیە "بەرهەمی ویستی نێودەوڵەتییە" بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی.
وانەیەک بۆ داهاتوو
بڕیاری ٦٨٨ فێری کردین کە مافی گەلان تەنها بە تفەنگ نایەتە دی، بەڵکو بە تێگەیشتن لە زمانی جیهان دەپارێزرێت. مام جەلال بەو مێژووە دیپلۆماسییە دەوڵەمەندەی، قوتابخانەیەکی جێهێشت کە تێیدا فێربووین چۆن ئازاری نەتەوەیی بکەینە بڕیاری نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ، پاراستنی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو، وەفادارییە بۆ ئەو خوێنەی لە کۆڕەودا ڕژا و بۆ ئەو دیپلۆماسییەتە وردەی کە بڕیاری ٦٨٨ی لە نیویۆرکەوە هێنایە ناو ماڵەکانی کوردستان. بڕیاری ٦٨٨ قەڵغانێکە کە تا ئێستاش، ئەگەر بە دروستی بەکاربهێنرێت، دەتوانێت کوردستان لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی بپارێزێت.
لە مەکسیکەوە بۆ هاوبەشەکانی مەکسیک
سێبەری ناسنامە لە وەرزشدا

ساڵی 1986 تیپی تۆپی پێی عێراق وەک هەڵبژاردەیەکی براوەی یارییەکانی بەرایی چووە مۆندیالی مەکسیکەوە. ئەو کاتە نەوەی ئێمە لە کوردی کوردستانی عیراق راکێش راکێشی دوو ئینتما بووین. هەم ئینتمای سیاسی بۆ پرسە سیاسییەکانی کوردستان و کوردایەتی و هەمیش پابەندێتی بە ئارەزووی وەرزشی و هیوای بوونی هەڵبژاردەیەکی نیشتمانی کە ئێمەش وەکو میللەتانی دونیا چاومان لێی بێت و ئارەزووی لێ بکەین و شانازی پێوە بکەین.
هەمیشە گەلەکەمان لە کوردایەتی بەرامبەر دەوڵەتی عیراق بە رژێمەکەی و بە دامەزراوەکانی وەستابۆوە و لە یاری میللی و بەناوبانگی تۆپی پێ و لە هەر بەرامبەرەکی شارستانیدا بەرامبەر وڵاتانی بێگانە دڵداری لەگەڵ عیراق دەکرد. نەتەوەی بێ وڵات تا مافی چارەنووسی یەکجارەکی وەدەست دێنێ، مەحکومە بە جەبری ئاڵۆزی ناسنامە و ئینتما بۆ وڵات.
سیاسەتی کوردایەتی و ئەدەبیاتەکەشی لە روانگەی هاوسەنگی نێوان شۆڕشگێڕێتی و واقیعی حاڵی دابەشبوون داوای مافەکانی گەلی کوردستانی لە عیراق دەکردو ئیدانەکردنیشی بۆ دەوڵەتی عیراق لەبەر ئەوەبوو مافەکانی کورد نادات ، یان زۆرینەی هەرە زۆری ئەو مافانەی لای خۆی گلداوەتەوە و هەم خۆی تووشی پەستان کردووە و هەم ئێمەشی لە ماف و داد مەحروم کردووە.
با لەسەر تۆماری خۆشی و شارستانی وەرزش بدوێین: لە مۆندیالی مەکسیک، لە ساڵی ١٩٨٦، عیراق وەک هەڵبژاردەیەکی ئاسیایی بۆ یەکەمین جار بەشداری کرد. باس و خواسی بەشدارییەکەشی بوو بە رووداوێکی گەورە، چونکە ئەو کاتە فەزای جەنگی نێوان عیراق و ئێران لە ئارادا بوو و کۆششی جەنگی عەسکەرتاری دەوڵەت و کۆمەڵگەی بەعس مانای سیاسیی بە هەموو شتێک دەبەخشی. یانی باندۆری سیاسیی وەرزش و هەڵبژاردەی عیراق وەک هی هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی ئەرجەنتین و پیرۆ و وڵاتانی ئەمریکای لاتین کۆنترۆڵی هەموو شتێکی دەکرد. ئەهلی مێژووی تۆپی پێ لە بیریانە کەش و هەوای مۆندیالی ساڵی ١٩٧٨ لە ئەرجەنتین وابوو کە جەنەڕاڵەکانی کودەتای سەربازی ئەو وڵاتە گەرەکیان بوو بردنەوەی جامەکە بکەنە دەسکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ بیونس ئایرسی پایتەخت تا خۆیان و رژێمە ئینقلابچییەکەیان لە گۆشەگیری و بێزراوی سیاسی لە جیهان، دەرباز بکەن و شانازییەک ببەن بۆ خۆیان کە ڕەنگە بەرهەمی رەنجی حکومەتی پێشوو، حکومەتی مەدەنی، بووبێت.
حکومەتی بەعسیش، کە سەرگەرمی جەنگێکی فاشستی بێ ئامان بوو، نیازی کەڵک لێوەرگرتنێکی وەهای هەبوو. یانی بڵێ: لە جەنگدام و هاتوومەتە مۆندیالیش.
لە سایەی حوکمی عەسکەر و ئەفسەردا رژێمی بەعس وەرزش و لاوان و هەموو ژیانی وڵاتی بۆ خۆی تاپۆ کردبوو. ئەوکات عودەی کوڕی دیکتاتۆر هەموو کایەکانی تۆپی پێ و لاوان و وەرزشی وڵاتی لە کۆنترۆڵدا بوو. وەک سەرباز و ئەفسەر مامەڵەی لەگەڵ یانەکان و لەگەڵ یاریزانەکانی هەموو لایەک دەکرد. ئەگەر دەیانبردەوە نۆتی ئازایەتی دەکرد بە قەدیانا و ئەگەر دەیاندۆڕاند سەری سفر دەکردن و زیندانی کاتی و ئیهانە ئامێز بەخت و بەشی ئەو بەستەزمانانە بوو.
لە مۆندیالی مەکسیکی ١٩٨٦ ، واتا رێک چڵ ساڵ پێش ئێستا، هەڵبژاردەی وازی کردن هی بەعس و هی عودەی و هی باوکی عودەی بوو ، زۆر کەم بەشی عیراقییەکانی پێوەبوو جا ئیتر هی کوردی سەرکوتکراویش هەر لەولاوە بوەستێ.
هەڵسوکەوتی رژێم وابوو یاریزانی بە توانای کورد بۆی نەبوو زۆر بڕوا لە گەشە و نەشەی حەریفیدا. تەنانەت بۆ ئەوەی ناوی رژێمەکەش لە دونیا بەرز بکاتەوەو رەنجی لاوێکی کورد قازانجی ناوبانگی بەعسی پێوە بێت.
ئاخر گەمەی تۆپی پێ گەمەیەکی مەشهور و ناو بەدەرەوەیە لەبەر ئەوە رێیان بە لاوی کورد نەدەدا ناونیشانێکی درەوشاوەی هەبێت. لەو دەورانەدا تەنانەت لە سلکی دیبلۆماسیدا تاک و تەرا فەرمانبەری تەماهی کراو و گومناوی کورد هەبوون نوێنەرایەتییەکی سنوورداری عێراق بکەن، بەڵام لە کایەی دیبلۆماسی شەعبی و ناوداری وەکو وەرزش و تۆپی پێدا کورد بێ بەهرە و بێ چانس بوو. وەرزشی عیراقی بەعس، وەک دەوڵەتی بەعسەکە خۆی، بێ تام و بێ رەنگ و بۆ بوو.
بۆیە یادەوەری گشتی میللەتی کورد لەسەر هەڵبژاردەکەی عیراق هەر وەک یادەوەریەتی لەگەڵ دەبابەکەی، ئەنفالەکەی و کیمیاییەکەی. نەهەقیشی نەبوو، پاشماوەی ئەو یادگە تاڵە هەر ماوە و ڕەگێکی رەوایی و دادی تێدایە.
بەڵام لە دوای روخانی رژێم و هاتنەکایەی وڵاتی تازەی دەستووری و فیدرالی ، دیارە بەشداری سیاسیی کورد لە عیراق گۆڕا و گەشەی سەند. ئەمە لە وەرزشیش رەنگی دایەوە. لە یاریزان هەوار مەلا محەمەدەوە تا دوا گەمەی بردنەوەی ئەمجارە کە هەڵبژاردەی تۆپی پێی بایکۆتی چل ساڵەی شکاند، وەرزش لە عیراق خەریکە رەنگی هەمەڕەنگ بە خۆیەوە دەبینێت.
ڕاستە هێشتا ئاوات زۆر ماوە و بەربەستی بەردەم بوژانەوەیەکی کوردستانی و بەشدارییەکی یەکسانی کورد لە گۆڕەپانی وەرزشی عیراق زۆرە، بەڵام خۆ ئەمە لە کایە سیاسییەکەشدا هەر وایە. لەوێش دەیان دۆسێی هەڵپەسێردراومان هەیە و هەر گیرۆدەی ناچاری گفتوگۆ و چارەسەری سیاسیین.
بە پێچەوانەوە ئێستا لەوانەیە لە جیاتی ئەوەی سیاسەت سێبەرێکی رەزا قورس بێت بەسەر کایەی وەرزش و تۆپی پێوە. دەکرێ وەرزش فێنکی بنوێنێ و خەمڕەوێنی مێژووی خەمناکی پەیوەندی ناجۆر و سەرکوتکردن بێت، تۆپی پێ لەسەرێتی نزیکایەتی و دۆستایەتی خۆرسک دامەزرێن و پتەوی بکات.
هەتا ماوەیەک پێش ئێستا خەریک بوو ئاڵای عیراق و ئاڵای کوردستان ببنە کەرەستەی جیاوازی و تەهوین کردن بە یەکتری، تەنانەت لە کاتە دیموکراتییەکانی وەک هەڵبژاردندا، کەچی وا لە گۆڕەپانی وازی و بردنەوەدا خۆرسکانە دەبێتە نیشانەی کورد لە عیراق و نیشانەی عیراقێک پێویستی بە یاریزانی کورد، بە گۆڵ و پاسی کوردە.
لە نێوان مۆندیالی مەکسیکی جاران (١٩٨٦) و مۆندیالی مەکسیکی ئێستا بە هاوبەشی ئەمریکا و کەنەدا (دەڵێی چەتری رێککەوتنی ناسراوی نافتایە) ئاوێکی زۆر رژاوە و خوێنێکی زۆرتر بەستویەتی کە داوای لاپەڕەیەکی نوێ دەکات بێ ئەوەی ئیقدام و دەستپێشخەری لەسەر حیسابی پرەنسیبەکان و لەسەر داوا رەواکانی نەتەوە بێت.
ئەگەر رۆژێک کوردستان ببێتە خاوەن هەڵبژاردەی خۆی بێگومان یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عیراق دوا کەسانێکن کە دەتوانن رێمان لێ بگرن و ئەم تیشێرتە رەنگینەمان لێ بشارنەوە.
بۆیە پێویستە و ناچارییەکە تا ئەو کاتە بوونی وەرزش و تۆپی پێی کوردستانیی لە ناو گۆڕەپانی وەرزشی عیراقدا پتەو بکەن و فراوانی بکەن.
مەسەلەی کورد هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێش و ئەزموونی دەوربەریش، کە هێشتا زۆری ماوە ویستە ڕەواکانی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەلمێنن، هەر ئەمەمان پێ دەڵێت.
ئازیزان و بەڕێزان: دەستی چەوری کەمتەرخەمی سیاسیی و پاشکشێی ناجۆری هەندێک لە پرسی نەتەوەدا، بە تیشێریتی یاریزانانی گەنجی کورد مەسڕن.
کەمجار وەک ئەم بابەتە لە بەردەم نووسینی وتارێکدا راوەستاوم؛ لێرەدا هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەم. وەک کەسێک کە بۆ بینینی وردەکارییەکان، جارێک چاویلکەکەی دادەنێت و جارێک لایدەبات، منیش لەنێوان تێڕامان و واقیعدا گەڕام، تا وشەکانم راستگۆیانە و مانائامێز بن.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە مێژوو بەپەلە خۆی دەنووسێتەوە. جەنگ وەک دیاردەیەکی مێژوویی، تووشی گۆڕانکاریی ریشەیی بووە. ئەگەر جاران دەنگی تەقە و تۆزی مەیدان ناسنامەی شەڕ بووبێت، ئێستا جەنگ لە ئاسمانەوە دەست پێ دەکات؛ لەو شوێنەی مرۆڤ نابینرێت، بەڵکوو «ژیرییەکی بێ رۆح» بڕیار لەسەر مەرگ و ژیان دەدات.
ئەمە تەنها گۆڕینی ئامراز نییە، بەڵکوو گۆڕانی فەلسەفەی جەنگە. ململانێ لە «هێزی جەستە»وە گۆڕاوە بۆ «ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا» و لە «رووبەڕووبوونەوەی سەربازەکان»ەوە بۆ «بەرەوڕووبوونەوەی درۆن و موشەک». لەم هاوکێشەیەدا، کوشتن ئاسان و مەرگ بێ شۆناس دەبێت؛ یەکێک لە دوورەوە خەڵک دەکوژێت و ئەوی تریش نازانێت مەرگ لە کوێوە رووی تێکردووە. ئەم دۆخە هەستی بەرپرسیارێتیی مرۆیی کەم دەکاتەوە و مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر شاشەیەکی سارد.
ئەگەر هۆلاکۆ بە چل ساڵ جەنگ، لە مەنگۆلیاوە گەیشتبێتە بەغدا بۆ رووخاندنی خەلافەت، ئێستا موشەکێکی «فرتە دەنگ» لە چەند خولەکێکی کەمدا هەمان وێرانکاریی ئەنجام دەدات. لەناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، هەرێمی کوردستان بەبێ ویستی خۆی بووەتە مەیدانی جەنگێک کە نە بڕیاردەری بووە و نە دەسپێکەری. ئاسمانی ئەم وڵاتە بووەتە رێڕەوی تێپەڕبوونی درۆن و موشەک و تاقیگەیەک بۆ نمایشکردنی هەژموونی هێزەکان.
ئەوەی جێی داخە، هەڵگەڕانەوەی خێرای هاوکێشە سیاسییەکانە؛ دۆستی دوێنێ دەبێتە نەیاری ئەمڕۆ. سیاسەت زۆرجار لە جەنگ گەرمترە و لەپشت پەردەی بەرژەوەندییەکاندا، برینی نوێ دەکولێنێتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە کوردستان هەمیشە باجی «جەنگخوازەکان» دەدات؛ ئەوانەی بۆ دەسەڵاتی خۆیان دەجەنگن، نەک بۆ ئاشتیی گەلان. لەم نێوەندەدا، دڵەراوکێ دەبێتە هاوڕێی رۆژانەی هاووڵاتی و قەیرانی دارایی و بودجە و مووچە دەبنە قوربانیی جەنگێکی بێهوودە.
هاوکات هەندێک هێز دەیانەوێت بە زۆر و بە ناهەق بمانکەنە لایەنگری جەمسەرێکی دیاریکراو. ئەمە غەدرێکی تری مێژووییە، چونکە مێژوو تەنها رووداوەکان تۆمار ناکات، بەڵکوو ئەوەش دەنووسێتەوە کە کێ ناچار کرا ببێتە سووتەمەنیی گەمەکان.
کوردستان هێشتا باجی جوگرافیاکەی دەدات؛ کەوتووەتە ناوەندی گەردەلوولی جەنگە گەورەکان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر چارەنووسی خۆیدا هەبێت، بەڵام لەناو ئەم تەمومژەدا، هێشتا دەنگی مرۆڤە سادەکان بەرزە؛ دەنگێک کە تینووی ئاشتی و دادپەروەرییە و هیوای نەمرداوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەم ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییانەدا، پارێزگاریی لە هەڵوێستی سەربەخۆ و ئەقڵانیی خۆی بکات. نابێت ببینە پاشکۆی ستراتیژیی ئەوانی تر و پێویستە خۆمان لە ئاگری جەنگە نێودەوڵەتییەکان بەدوور بگرین. پاراستنی خاک و هاووڵاتی و بونیادنانی یەکڕیزیی ناوخۆیی، تاکە بنەمای سەرکەوتنە، چونکە لە کاتی جەنگدا گەورەترین هێز تەنها چەک نییە، بەڵکوو «یەکڕیزی و ژیریی سیاسییە».
ئەگەر ئەم رێبازە بگرینە بەر، ئومێد هەیە کوردستان لە پێگەی «قوربانییەکی بەردەوام»ەوە بگۆڕێت بۆ «کارەکتەرێکی کاریگەر»؛ کارەکتەرێک کە نە تەنها خۆی دەپارێزێت، بەڵکوو دەبێتە کلیلی هاوسەنگی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو ئاڵۆزییەکی قووڵ و شەڕێکی دژوار هەنگاو دەنێت. ململانیەو جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، وەک سێ لایەنی سەرەکی هێزی ناوچەیی و جیهانی، بووەتە هۆکاری زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی شەڕێکی فراوانتر و ئایندەیەکی ناڕوونی پڕ لە ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا ، لەم نێوەندەدا باشوری کوردستان وەک بەشێک لە ناوچەی هەستیار، پێویستی بە هەڵوێستێکی هۆشیار و ستراتیژییەکی ڕوون هەیە بۆ پاراستنی لە پریشک و کاردانەوەکانی ئەم شەڕە کە واخوێندنەوەی بۆ دەکرێت رەنگە پەل بهاوێت بۆ ئاڵوزی و بارگرژی زیاتر و بەدووریش نازانرێت وڵاتانی دیکە ببن بە بەشێک لەم جەنگە و بە جۆرێک لە جۆرەکان تێوە بگلێن و جەنگەکە بۆ چەند جەمسەرێکی دیکە دابەش بێت.
لۆژیکی هەڵوێستی کورد
هەڵوێستی کورد دەبێت لەسەر بنەمای سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت:
یەکەم، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوخۆ؛
دووەم، خۆ نەبەستنەوە بە هیچ لایەکی شەڕەکە واتە خۆ دوورگرتن لە باش و خراپی ئەوەی روودەدات تەنیا هۆکارێکی خێر بێت ئەگەر رۆڵی هەبوو یان داوای رۆڵی لێکرا
سێیەم، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
لە ڕووی مێژووییەوە، کورد زۆرجار بووەتە قوربانی و قۆچی ملمڵانێی زل هێزەکان، بێ ئەوەی خۆی بەشداربێت لە بڕیارە سەرەکییەکان. بۆیە، لۆژیکی سیاسی ئێستا پێویست دەکات کورد بە دووری لە هەڵچوون و هاوپەیمانێتییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەر یەکێک لە ئێران و ئەمریکا ، هەوڵ بدات خۆی لە شەڕەکە دوور بخاتەوە.
مەترسییەکان و ڕەنگدانەوەکان
هەر شەڕێکی ناوچەیی لە نێوان هێزە گەورەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوچە بچووکەکان هەیە. کوردستانیش لەبەر شوێنی جۆگرافی و سیاسی، دوور نیە ببێتە مەیدانی پێکدادان یان گواستنەوەی شەڕ. کە ئەمەش دەبێتە هۆی:
* تێکچوونی ئارامی و سەقامگیری ناوخۆ
* زیانگەیاندن بە ئابووری
* هەڕەشەی سەربازی و ئاسمانی
* لەئەگەر گەورەبونی جەنگەکەش دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هاوڵاتیان
* ئەمەش بەمانای تێکچوونی تەواوەتی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان دێت کە بەدوور دەزانرێت دۆخەیە بگاتە وەها ئاستێک بەڵام لە ئێستادا کە کورد بڕیارێکی ژیرانەی داوە بە خۆدوورگرتنی لەم جەنگەو نەبوونی بەبەشێک لە ململانییەکان گرنگە پێداگیری لەسەر ئەم هەڵوێستەی بکات و خۆی لە هەر بارگرژییەک بپارێزێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارام بمێنێتەوە .
چۆنیەتی خۆپاراستن
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە، پێویستە کورد ستراتیژییەکی فرەڕەهەند بگرێتەبەر
1. بەهێزکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی و کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسیەکان
یەکێتی نێوان هێزە سیاسییەکان، بنچینەی سەرەکی پاراستنی هەر ناوچەیەکە. هەر جیاوازییەکی ناوخۆ دەتوانێت بە ئاسانی بکرێتە کەلێنێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و دروستکردنی درز و کەلێن بۆ هەر ئاڵۆزییەکی چاوەڕوانکراو .
2. سیاسەتی هاوسەنگی
کورد دەبێت سیاسەتێکی هاوسەنگ بگرێتەبەر لەگەڵ هەموو لایەک ، بەجۆرێک کە نەبێتە بەشێک لە کێشەکە، بەڵکو بەشداربێت لە پاراستنی ئارامی و پردێک بێت بۆ چارەسەر و هێوربوونەوە .
3. پاراستنی سنوور و ئاسایشی ناوخۆ
بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و چاودێری سنوورەکان، گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی شەڕ لە ناوچەکە ئەویش بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.
4. ئامادەکاریی مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان
دەبێت پلانی تایبەتی بۆ بارودۆخی نائاسایی، وەک ئاوارەبوون یان کەمبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، ئامادە بکرێت چونکە لە کاتی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان هەموو ئەگەرێک چاوەڕوان کراوە.
5. دیپلۆماسیەتی هاوسەنگ و کارا
پەیوەندییە باشەکان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانیەکان، دەتوانێت بەشێک بێت لە پاراستنی ناوچەکە لە فشاری شەڕ و ئاڵوزییەکان.
لە کاتێکدا ناوچەکە بە شێوەیەکی خێرا بەرەو ئاڵۆزییەکی نوێ دەچێت، هەڵوێستی کورد نابێت سەرەتا بە سۆز یان هەست دیاری بکرێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای لۆژیک، بەرژەوەندی و خوێندنەوەی وردی بارودۆخ بڕیارو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکرێت. خۆپاراستن لەو شەڕەدا تەنیا بە دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ستراتیژییەکی وورد و کارامە هەیە کە بتوانێت کورد و ناوچەکەی لە مەترسییەکانی داهاتوو بپارێزێت.
کوردستان… ئەم وشەیە کاتێک لە گەروو دێتەدەرەوە، هەر ئاماژەیەک نییە بۆ سنوورێکی جوگرافی؛ بەڵکو هەناسەی دایکێک، گەرمیی نیشتمانێک و لێدانی دڵێکی عاشقە کە لە ناخی هەر کوردێکدا رەگی داكوتاوە. لای ئێمە کوردستان تەنها خاک و بەرد و ئاو نییە، بەڵکو رۆحێکی زیندووە؛ مێژوویەکی بەردەوام و بیرەوەرییەکی نەمرە کە کۆڵەکەی بوونمان پێکدەهێنێت.
لە روانگەی مێژووی ئەدەبەوە، ئەم خاکە هەمیشە ناوەندی ناسنامەی کەلتوریمان بووە. ئەگەر شەرەفخانی بەدلیسی لە “شەرەفنامە”دا بە دیدێکی زانستی و رێکخراو مێژووی ئەم گەلەی تۆمار کردبێت و سەلماندبێتی کە کوردستان قەوارەی نەتەوەیەکی خاوەن بەهایە، ئەوا مەلای جەزیری بە عیرفان و ئەدەبە قووڵەکەی، عەشقی ئیلاهی و خوداناسی و نیشتمانپەروەری لەیەک خاڵدا کۆکردووەتەوە و کوردستانی کردووە بە پەرستگای جوانی و مانای ژیان.
کوردستان وەک دایک، هەم گەرمیمان پێدەبەخشێت و هەم وانەمان فێر دەکات. لە کاتی باراندا، دەشت و دۆڵەکانی دەبنە مژدەی ژیان و لەکاتی تەنگانە و وشکەساڵیشدا، وانەی خۆڕاگریمان پێدەڵێتەوە. شاخەکانمان بە هەموو شکۆ و سەربەرزییانەوە وەک پیاوە مەزنەکانمان راوەستاون؛ دەشتەکانمان بە نەرمی و میهرەبانییانەوە وەک دڵی دایکێکی دڵسۆز دێنە بەرچاو. گژوگیا و رووبارەکانی ئەم خاکە، شیعرێکی سروشتی دەخوێنن کە تەنها دڵی کورد لە کۆد و مانا قووڵەکانی تێ دەگات.
ئەم خاکە تەنها جوانیی سرووشت نییە، بەڵکو لانکەی پیاوان و ژنانی کاریگەریشە. لە هەر قۆناغێکی مێژوودا، کوردستان خەباتکار و تێکۆشەری هەبووە کە لە پێناوی ئازادییدا رووبەڕووی مەترسییەکان بوونەتەوە. لەم رێگایەدا، خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک فیداکارییەکی بەردەوام، رۆڵی هەبووە لە پاراستنی ئەم خاکە و گەشاوە هێشتنەوەی هیوای گەل.
خوێنی شەهیدان کە وەک رووبارێکی سوور لەناو مێژووی ئێمەدا هەڵدەقوڵێت، تەنها یادەوەری نییە، بەڵکو پەیمانێکە، کە دەڵێت: کوردستان نەمرە و نامرێت. ئەمڕۆ لەناو ئاڵۆزییە سیاسییەکان و هەڕەشەکاندا، ئەرکی سەر شانمانە بە دانایی، یەکگرتوویی و ستراتیژێکی تۆکمە، ئەم خاکەمان لە هەر بەڵایەک بپارێزین.
کوردستانەکەم…
تۆ دایک و نیشتمان و عەشقی هەمووانیت کوردستان. لە تۆوە دەست پێدەکەین و بۆ تۆش دەگەڕێینەوە. ئەرکی ئێمە تەنها پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو پاراستنی رۆحی کوردستانە؛ پاراستنی زمان، کەلتوور و ئەو هیوایەیە کە لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی.گۆرانی شاعیر دەڵێت:
"کوردستان، کوردستان
نیشتمانی جوان
هەر بژی بە شادی
سەربەستی و ئازادی
هەر بژی! هەر بژی! هەر بژی!
لە کۆتایشدا ئەزموونی سەختی خەبات بەردەوام فێری کردووین کە ئەگەر رابردوو بە خوێن نووسرابێت، ئەوا ئایندە دەبێت بە ئەقڵانییەت، دانایی و یەکگرتوویی بنووسرێتەوە.
لە کاتێکدا کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان تێکچوونی هاوسەنگی و دروستبوونی هاوکێشە نوێکاندا دەجووڵێت. عیراق و هەرێمی کوردستان، ناتوانن خۆیان لە کاریگەرییەکان دابڕن. زیادبوونی ململانێ ناوچەییەکان، ئاڵۆزیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کێشە و ناڕوونیی ناوخۆ، هەموویان پرسیارێکی بنەڕەتی دەخەنە بەردەم تاکی کورد ئەویش ئەوەیە: ستراتیژێکی دروست بۆ مانەوە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام بە دیدی ئێمە وەک کادری دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خزمەتکاری وڵات؛ تەنها سیاسەتی نەرم و دیالۆگ و زانینی تەرازووی هێز و خوێندنەوەی گەشەکردنی بەردەوامییە. سیاسەت هونەر و داناییە، ئەگەر لە بنەڕەتدا بەرچاوروون نەبێت، دەبێتە پاشکۆ. ئەوەی ئێمە لە ئێستادا جێبەجێی دەکەین، سنووری ئاییندەمان دەکێشێت.
لەم بارودۆخەدا، هێمنی و دووربینی و دیالۆگ دەرمانی هەموو دەردێکە، ئەمانەش تەنها وشەیەکی سیاسی نین، بەڵکو پێویستییەکی چارەنووسسازن. ئەو قەوارانەی ناتوانن لەنێوان هێز و ئەقڵ، ململانێ و هاوسەنگی، هاوبەش و بەرژەوەندیی نیشتمانی هاوتا بکەن، بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەریی یارییە گەورەکان. وەک هینری کیسنجەر ئاماژەی پێداوە، سیاسەت لە کاتی قەیراندا مانای راستەقینەی خۆی دەردەخات؛ چونکە لەو کاتانەدا میللەتان ناچار دەبن لەنێوان ئەوەی دەیانەوێت و ئەوەی دەتوانن، یەکێکیان هەڵبژێرن. لەم چوارچێوەیەدا، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە سیاسییەکەی سەرۆک مام جەلال تەنها باسکردنی رابردوو نییە، بەڵکو پێویستییەکی ئێستایە. قوتابخانەی رەوانشاد مام جەلال فێرگەیەکی سیاسەتی نەرم نەبوو، بەڵکو فێرگەیەکی ستراتیژیی زیرەکانە بوو؛ لەوێدا دیالۆگ و هێز و هاوسەنگی بڕیار بوو.
مام جەلال فێری کردین کە سیاسەت هونەری سەپاندنی سەرکەوتن نییە، بەڵکو هونەری بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانە. لە سیاسەتدا سەرکەوتن هی ئەوانەیە کە خۆیان و دژەکانیان دەناسن، نەک ئەوانەی « شەلمکوێرم کەس نابوێرم »رەفتار دەکەن. یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوەکان، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایە. بەغدا تاقیگەیەکی بەردەوامە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێم؛ لێرەدا هەڵەکان نرخیان زۆر گرانە. ئەزموونی رابردوو نیشانمان دەدات کە پچڕانی پەیوەندی چارەسەر نییە، بەڵکو قووڵکردنەوەی کێشەکانە. پەناش بۆ دەستوور «سەکی غوفران»نییە، چونکە هیچ دەستوورێک بۆ خۆی چارەسەر نییە، ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێت.
بۆیە، گەڕانەوە بۆ دەستوور دەبێت هاوبەش بێت لەگەڵ ویستی راستەقینەی دیالۆگ و سازان.
لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا دیالۆگ هەڵبژاردە نییە، بەڵکو چارەنووسە. بێلایەنیی راستەقینە ئەوە نییە کە لە هەموو شتێک دووربیت، بەڵکو ئەوەیە کە لە هەموو لایەنەکان نزیک بیت بەبێ ئەوەی خۆت لەدەست بدەیت. ئەوانەی کە خۆیان دەکەن بە بەشێک لە ململانێ و کەوا سووری بەر لەشکر، لەکۆتاییدا دەبن بە ئامرازێک لە دەستی ئەوانی تردا.
ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک هێزێکی گەورە و خاوەن پێگەیەکی تایبەت لە گۆرەپانی کوردستان و میراتگری رێبازی سەرۆک مام جەلال، لە تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە. نیشتمانپەروەریی کاتێک مانای دەبێت، لەکاتی قەیراندا بڕیاری راست و دروست بدات، ئەو سیاسەتەی کە خزمەتی ئەمڕۆ نەکات، داهاتوو دەدۆڕێنێت. میراتگری ئەو قوتابخانەیە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سەر شانمانە. ئەم بەرپرسیارێتییە تەنها پاراستنی رابردوو نییە، بەڵکو دروستکردنی ئاییندەیە.
مێژوو هەمیشە لەگەڵ ئەوانەیە کە بڕیار دەدەن، نە لەگەڵ ئەوانەی کە تەنها چاوەڕوانن. قەیران هەمیشە مەترسی نییە،بەڵکو هەندێکجار دەرگای بڕیارە گەورەکانیشە.
لە کۆتاییدا، بە کوردی و کرمانجی دەڵێین: ستراتیژی راستەقینە ئەوە نییە کە تەنها وەڵامی قەیران بداتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت داهاتوو دروست بکات. ئەو نەتەوەیەی کە ئاییندەی خۆی دیاریی نەکات، نەیارەکان بۆی دەنووسن.
ستراتیژیی دروستکردنی داهاتوو ئەوەیە کە بتوانێت ڕێگای داهاتوو بگۆڕێت. میللەتان لە قەیراندا نامرن، بەڵکو لە بێ بڕیاری و بێ رێبازیدا لەناو دەچن. مانەوە بە هێزیی بابەتی بوون نییە، بەڵکو بە ئەقڵ و ڕوونبینییە کە کات و شوێن دەناسێت. ئاییندە هی ئەوانەیە کە خۆیان دروست دەکەن، نەک تەنها چاوەڕوانی رووداوەکانن، ئەوەی ئێمە لە ئێستادا هەڵیدەبژێرین، سنووری ئاییندەمان دەکێشێت. ئایندە بۆ ئەوانەیە کە هێزی بڕیاردانیان هەیە، نەک تەنها هی ئەوانەی کە هێزیان هەیە.
مام غەفور (مامە غەفە) رۆحی شاد بێت، هەموو جارێک دەیوت: ئەوەی بە گەردەلوول بژێوی پەیدا بکات، با دەیبات!!
پێشمەرگە تەنها ناوێک نییە بۆ هێزێکی چەکدار، بەڵکو چەمکێکی قووڵی نەتەوەییە کە لە ناخی مێژووی کوردستاندا رەگی داکوتاوە. ئەو رۆحی خۆڕاگری و فیداکارییەیە کە لەسەر شاخەکان گەشاوەتەوە و بووە بە قەڵغانی پارێزگاری لە سەربەخۆیی و کەرامەتی مرۆڤی کورد. بە درێژایی خەبات و شۆڕشی کوردستان، پێشمەرگە رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە بەرگریی لە خاک و ناسنامە. ئەم هێزە نەک تەنها لە مەیدانی شەڕدا سەرکەوتوو بووە، بەڵکو بووەتە هێمایەکی بەرز بۆ رۆحی کوردایەتی؛ رۆحێک کە لە فیداکاری و خۆبەخشیندا خۆی دەبینێتەوە.
لە دید و بۆچوونی رەوانشاد مام جەلال دا، پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو هێزی ویست و باوەڕە. ئەو پێی وابوو کە پێشمەرگە دەتوانێت بە یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی سیاسیی راست و دروست، خاک بپارێزێت و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەتەوەکەی دروست بکات. ئەم دیدە هێشتا پەیامێکی گرنگە بۆ ئەمڕۆ، کاتێک ناوچەکەمان گۆڕانکارییەکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.
پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و کەلتوری کوردی لە هێمای نەورۆزدا بە شێوەیەکی روون دەردەکەوێت؛ ئاگری نەورۆز وەک ئاگری ئازادییە و هێزی پێشمەرگە گڕی ئەو ئاگرەیە. هەروەها پێشمەرگە بە بەخشینی ژیانی خۆی مانا بە ژیان دەدات، چونکە فیداکارییەکانی تەنها هەر نیشانەی پاکیی نین، بەڵکو بەرپرسیارییەتییەکی بەرزی ئاکارییشن.
لە ئێستادا، پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم رۆڵە، پێویستە سەرنج و بایەخپێدانێکی زیاتر بدرێت بە ژیانی پێشمەرگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە بواری موچە و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێویستییەکانیاندا بە شێوەیەکی گشتی، ئەویش لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان، هەروەها خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدەکان. ئەمەش تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەنەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان و کۆمەڵگەیە. لەهەمان کاتدا، پێویستە پێشمەرگە وەک “سیمبولی نەتەوەیی” ببینرێت، نەک وەکو ئامرازێک بۆ ململانێی ناوخۆیی. دوورخستنەوەی ئەم هێزە لە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، رێگا واڵا دەکات بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ ئەم هێزە نیشتمانییە.
پێویستە بگوترێت؛ لە کاتی بەهار و گەڕانەوەی ژیان بۆ سروشت، کاتێک ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و رۆحی نوێبوونەوەی هیوا دەکەوێتە دڵان، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم ئازادیی و دەسکەوت و ژیانە بە فیداکاریی پێشمەرگە و شەهیدەکانمان هاتۆتە دی و پارێزراوە. پێشمەرگە هێشتا هێزی ئێستا و هیوای داهاتووە؛ ئەگەر بە یەکگرتوویی و بایەخەوە لێی بڕوانین، ئەوا دەتوانێت هەمان رۆڵی مێژوویی هەبێت لە دروستکردنی کوردستانێکی ئازاد و ئارام و سەربەرزدا.
لە کۆتاییدا دەڵێم: داخەکەم دەست و پەنجەی شێوەکار «جاک لویس دیڤید»ـم نییە، تا تابڵۆی کاتی شەهیدبوونی پێشمەرگە بنەخشێنم، وەک تابلۆی «مردنی سوکرات»کە لە ساڵی 1787دا دروست کراوە؛ بەڵام دەتوانم ئەم چەند دێرە لەسەر رۆژەی پرشنگداری دڵم دابتاشم:
پێشمەرگە کاتێک دڵی دەسووتێت
ئاگرێک لە لوتکەی شاخەکان هەڵدەگیرسێت،
کاتێک رۆحی بە ئاسمانی نەمراندا دەگوزەرێت
چەخماخەیەک لە ناخی مرۆڤایەتیدا
دروست دەکات.
کاتێک پێشمەرگەیەک
لەباوشی پێشمەرگەیەکی دیکەدا
گەردنئازادیی دەکات و رۆحی سەفەر دەکات،
ئاوی زەڵم باوەش بە شاخی کەرەجاڵدا دەکات.
کاتێکیش چاوەکانی دەگرین،
بارانێک لە ئاسمانی نیشتمانەوە دادەبارێت.
هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییدا.. یاسا چۆن دەتوانێ رێگری لەم فەوزا میدیاییە بکات؟
بڵاوكردنەوەی دیمەنی هێرشە درۆنیی و مووشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەرووداوەکانی شەوی رابردوو هەروەها چەند حاڵەتێکی دیکەدا لەلایەن ژمارەیەك راگەیاندنكار و بەشێك لەو كەناڵە بیانیانەی ئۆفیسیان لە هەرێم هەیە، مەترسیدارە و هەموو سنوورێكی یاسایی و پیشەیی بوونی تێپەڕاندووە لەبەردەم هەڕەشەیەکی جددی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییداین.
هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیی ڕووبەڕووی دۆخێكی هەستیاری نا پارێزراوی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی بووەتەوە، لەم جەنگەدا، پاراستنی زانیاری و مامەڵەکردنی بەرپرسیارانە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان، یەكێكە لە بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی.
دامەزراوە میدیاییەکان و رۆژنامەنووسان، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە گواستنەوەی زانیاریی هەیانە، بەرپرسیارییەکی گەورەی یاسایی و ئەخلاقییان لەسەرە، کە پێویستە بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە شێوەیەک بێت کە زیان بە سەلامەتی هاوڵاتییان و ئاسایشی گشتیی نەگەیەنێت.
كەچی لەسەرەتای دەستپێكی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، تا هێرشەکانی شەوی رابردوو، رۆڵی بەشێك لەمیدیا و رۆژنامەنووسان زۆر خراپ و دوور لە یاساكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بوونە، بەتایبەت لەشوێنی بەئامانجگرتنی مووشەك و درۆنەكان و پێشاندانی دیمەنەكان، هاوكارێكی سەرەكین بۆ دوژمن، كە بەشێكی زۆریان لەبێئاگایی دەرئەنجامەكانی، تەنها لەبەر لایك و ڤیۆ ئەم كارانە دەكەن، كە دەكرێت میدیای لەسەر دابخرێت، یاخود میدیاكاری لەسەر دەستگیربكرێت، ئەگەر بێت و یاساكان جێبەجێ بكرێن.
بەپێی یاسای ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007، ئازادیی ڕاگەیاندن مافێکی بنەڕەتییە کە پارێزراوە، بەڵام ئەم ئازادییە سنووردارە کاتێک کە بەکارھێنانی ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی یاخود سەلامەتی گشتی یان بەرژەوەندیی وڵات. هەمان یاسا جەخت دەکاتەوە کە میدیا پابەندە بە ڕێزگرتن لە سنوورە یاسایی و پیشەییەکان کاتێک هەواڵ و زانیاری بڵاودەکاتەوە.
لە هەمانکاتدا، لە دەستووری عێراقدا، كە لە ماددەی (38) دا هاتووە، مافی ئازادیی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی دەپارێزێت، بەڵام لە هەمان ماددەدا جەخت دەکاتەوە، کە ئەم مافە دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بەکاربهێنرێت و نابێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی گشتی.
هەروەها بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111) ساڵی 1969، هەندێک ماددە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و نهێنییە سەربازییەکان، لەوانەش ماددەکانی (156، 157، 160، 164)، کە دەڵێتــ ، هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک یارمەتی دوژمن یان کردارێک بکات کە بتوانێت سوود بە دوژمن بگەیەنێت، بەرپرسیاری یاسایی لەسەر دەکەوێت.
بڵاوکردنەوەی زانیاری یان نهێنییەکانیش کە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی وڵات و دەتوانن سوود بە لایەنێکی دوژمن بگەیەنن، بە تاوان هەژمار دەكرێت و سزا بۆی دیاریکراوە.
هەروەک بەروونیش لەماددەی (164) هاتووە: بڵاوکردنەوەی هەواڵ یان زانیارییەک کە بتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و ئارامی گشتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی.
لەبەر ئەمە، بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ یان زانیاریی ورد لەبارەی شوێنی كەوتنی مووشەك یان هێرشە سەربازییەکان، بە تایبەتی ئەگەر شوێنی ورد، ناونیشان یان نیشانە جوگرافییەکان تێدا دیاربن، دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی بدات، بە لایەنە هێرشبەرەکان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانی تریان. ئەمە نەک تەنها مەترسی بۆ سەلامەتیی هاوڵاتییان دروستدەکات، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا و دروستبوونی بەرپرسیارێتیی یاسایی بۆ ئەوانەی لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیارییانەدا بەشدارن.
هەر لەبەر ئەوە، پێویستە حكومەت و سەندیكای رۆژنامەنووسان، فشارەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ سەر دامەزراوە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکەن، پابەند بن بە ، رووماڵنەکردنی شوێنی وردی كەوتنی مووشەك یان هێرشە سەربازییەکان.
یاخود بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیەک کە بتوانێت شوێن یان ئامانجی هێرشەکان ئاشکرا بکات.
زۆر گرنگە میدیاكان، تەنها پشتبەستووبن بە سەرچاوە فەرمییەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەوحاڵەتانەدا.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەمووان بزانین کە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی تەنها بەرپرسیاری دامەزراوە ئاسایشییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارییەکی هاوبەشی هەموو دامەزراوەکان و تاکەکانە، بەتایبەتی میدیا کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕایگشتی، میزاج و دەروونی خەڵكەوە هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەكان.
بۆیە، مامەڵەکردنی بەرپرسیارانە لەگەڵ زانیاری، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی وڵات.
سزای یاسایی هاوڵاتییان لەو وڵاتانەی جەنگی تێدا روو دەدات چۆنە؟
بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین، كات وڵاتەكە ئەگەری هێرشكردنە سەری هەیە، یاسای وڵاتەكە تووندە بۆ ئەو كەسانەی دیمەنی مووشەك و جەنگ بڵاوبكەنەوە.
لە ئیسرائیل کاتێک شەڕ یان هێرشی مووشەکی هەبێت، یاسا و ڕێنماییەکانی سانسۆری سەربازیی هەن، ئەم یاسایانە دەڵێن هەر کەسێک (میدیـا یان تاك) ئەگەر ڤیدیۆ یان وێنەی شوێنی کەوتنی مووشەک یان زیانی هێرش بڵاوبکاتەوە، بێ ئەوەی پێشتر مۆڵەتیی وەرگرتبێت، سزا دەدرێت و بە تۆمەتبارکردن و دادگایی دەكرێت و هەندێكجار ئەگەر لەكاتی شەڕدابێت، سزاكەی دەگاتە زیندانیكردنی ٢٠ تا ٣٠ مانگ، بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی مووشەک یان شوێنی هێرش.
هۆکاری ئەم یاسایەش ئەوەیە کە ڤیدیۆکان دەتوانن زانیاری بدەن بە دوژمن (بزانن مووشەکەکانیان لە کوێ کەوتووە یان سیستەمی دژەمووشەک چۆن کار دەکات).
نموونەی هەندێ وڵات کە هاوشێوە یاسای هەیە
رووسیا
بڵاوکردنەوەی زانیاری یان ڤیدیۆی هێرشە سەربازییەکان، سزای یاسایی دەتوانێت بگاتە ١٥ ساڵ زیندانیكردن.
ئۆكرانیا
لە شەڕی ڕووسیا، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی شوێنی کەوتنی مووشەک قەدەغەیە كراوە و سزا یاساییەكەی تا هەشت ساڵ زیندانیكردنە، چونکە بڵاوكردنەوەی بە هاوکاری دوژمن دادەنرێت.
ئیمارات
دادوەرای گشتیی ئەو وڵاتە ئاگاداری داوە بەهاوڵاتییان، تۆماركردنی ڤیدیۆیەك و بڵاوکردنەوەی هێرشەکان تاوانە، سزاكەی دەتوانێت بگاتە زیندان و جریمەی دارایی زۆر.
بەحرەین
لەچەند رۆژی رابردوو چوار کەس دەستگیرکران، بەهۆی ئەوەی ڤیدیۆی شوێنی هێرشی سەربازییەکانی ئێرانیان تۆماركردبوو، لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و بڵاویانكردبووەوە، حکومەتی ئەو وڵاتەش وتی، ئەمە ئاسایشی وڵات تێکدەدات، بۆیە بە تاوان دادەنرێت و دەستگیرکراون.
سلێمانی و ڕەمزە نەتەوەییەکان
شاری سلێمانی، وەک مەڵبەندی ڕۆشنبیری و هەڵگیرسێنەری شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد، هەمیشە شوێنی پێگەیاندنی ئەو سەرکردانە بووە کە مێژوویان گۆڕیوە. بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ «فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی»، تەنها گۆڕینی ناوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە پێزانین بۆ ژیان و تێکۆشانی مرۆڤێک کە تەواوی تەمەنی خۆی لە پێناو ئازادی، دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلەکەیدا بەخشی.
مام جەلال: ئەندازیاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
کاتێک باس لە فڕۆکەخانە دەکەین، باس لە دەروازەیەک دەکەین بۆ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە. سەرۆک مام جەلال، وەک دیپلۆماتکارێکی بێوێنە و یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عێراقدا، ئەو کەسایەتییە بوو کە پردی پەیوەندی لەنێوان کورد و وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا دروستکرد. ئەو فڕۆکەخانەیەی کە ئەمڕۆ ناوی ئەوی لێدەنرێت، هێمایەکە بۆ کرانەوەی کوردستان بەڕووی جیهاندا؛ هەمان ئەو کرانەوەیەی کە مام جەلال بە حیكمەت و سیاسەتی "چەپکە گوڵەکە" بۆی فەراهەم کردین.
شوێنگەی مێژوویی و سیاسی بڕیارەکە
ئەم هەنگاوە لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە چەند ڕەهەندێکی گرنگ لەخۆ دەگرێت:
*پاراستنی یادەوەری نەتەوەیی: ناونانی دامەزراوە ستراتیژییەکان بە ناوی سەرکردە مەزنەکان، وادەکات نەوەکانی ئێستا و داهاتوو هەمیشە لە پیوەندییەکدا بن لەگەڵ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەیان.
*پێگەی سلێمانی: سلێمانی شارەکەی مام جەلالە، ئەو شارەی کە هەمیشە پشتیوانی یەکەمی خەباتە سیاسییەکەی بووە. بۆیە شایستەترین شوێن بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو، دەروازە ئاسمانییەکەی ئەم شارەیە.
*پەیامی ئاشتی و تەبایی: ناوی جەلال تاڵەبانی لە هەموو جیهاندا وەک سیمبوولی کۆکەرەوەی دەنگە جیاوازەکان و پارێزەری ئاشتی دەناسرێت. فڕۆکەخانەیەک کە ئەم ناوەی هەڵگرتبێت، پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کورد بە گەشتیاران و میوانە بیانییەکان دەگەیەنێت.
مام جەلال وەک قوتابخانەیەکی سیاسی
ئەوانەی بەم فڕۆکەخانەیەدا گەشت دەکەن، تەنها ناوێکی سەر دیوارەکان نابینن، بەڵکو یادی کەسایەتییەک دەکەنەوە کە توانی نەیارە سیاسییەکان لەسەر مێژێکی گفتوگۆ کۆبکاتەوە. مام جەلال توانی ناسنامەی کورد لە ناوچەییەوە بگوازێتەوە بۆ جیهانی. فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەبێتە دەروازەیەک کە مێژووی خەباتی شاخ و دیپلۆماسییەتی شار پێکەوە دەبەستێتەوە.
ناوێک بۆ هەموو سەردەمەکان
لە کۆتاییدا، ئەم بڕیارە نیشانەی وەفادارییەکی بێپایانە بۆ رێبەرێک کە خەمی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کوردستان بوو. ناونانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ناوی جەلال تاڵەبانی، مانای ئەوەیە کە ناوی ئەو هەروەک چۆن لە دڵی خەڵکدا زیندووە، لە ئاسمانی کوردستانیشدا بە بەرزی دەمێنێتەوە. ئەمە کەمترین شتە کە بتوانرێت بۆ شکۆی مرۆڤێک بکرێت کە مێژوویەکی بۆ ئێمە دروستکرد تا بتوانین بە سەربەرزییەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین.
سیاسەت لە کوردستان ناونیشانی زۆرە، حزب و مینبەر و ئاماژە و بۆنەش هەروەتر. وا ئاڵۆز و باڵۆزە بەقەدەر ئاڵۆزی خودی سیاسەت و بەرز و نزمی تۆبۆگرافیای کوردستان لق و پۆپی لێ دەبێتەوە. سەد ساڵ زیاترە خەریکە ناوەرۆکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەخۆوە دەگرێت کە مەسەلەی کوردە، بەڵام لەزۆر وێستگەی ئەم سەد ساڵەدا ناونیشان و ئایدیا و مەبەستی جۆراوجۆر خۆیان تێکەڵی ئەم مەسەلە کردووە و قسەی لەسەر دەکەن و قسەیان لەسەری هەیە، ئەمەش دەرکەوتێکی نۆرماڵە چونکە رووداوەکانی مەسەلەی کورد وەک هەر مەسەلەیەکی نەتەوەیی، هی هەر میللەتێک، لەسەر زەمینی واقیع دەقەومێن، کار و کاردانەوەی بەرامبەر هەیە. هەژموونی مەسەلەی کورد یان کوردێتی سیاسەت لە کوردستان بە جۆرێکە خاوەن ئایدیاکانی تریش خەباتی خۆیان هەر بەناوی کوردایەتییەوە ناوزەد دەکەن و لەمەشدا خراپیان نەکردووە، مادام ئەسڵ ئەوەیە جولە هەبێ و لە کۆتایی مەنزڵدا کورد سەربەرز و کوردستان پایەدار بێت.
مەسەلەی کورد بە هەموو دامەزراوەکانی لە خزمەتیدان و بۆنەی پێکهاتنیان ئەستوورکردنی باسکێتی، تا دەرەقەتی ئەرکەکانی قۆناغ بێت، سەدان کتێب و شانامە و ئەدەبیاتی لەسەر نووسراوە و بۆ نووسراوە، گشتیان باشن و پێویستن و جێ دەگرن، بەڵام هیچیان ناکاتە ئەوەی لە ساتەوەختی پێویستیدا، وەختێ دێتە بەردەم بڕیار و پێویستی هەڵسەنگاندنی دەسبەجێ، دەخوازرێ باش بکرێت و چاک قرساندنی بۆ بکرێت. ئەم ساتەوەختە گرەوی گەورەیە کە ئەزموون و دەسکەوتی کەڵەکە دێنێتە زمان. ئەگەر ساتە وەختەکە باش نەپێورێت ئیشەکەمان تێکەڵ و پێکەڵ دەبێ و ڕیسی بەکاوەخۆ و لەسەرخۆییمان لێ دەبێتەوە بە خوری و ئەوی هەشمانە هەڵدەوەشێتەوە.
روویداوە و روودەدات کە لەبەر گوشاری زۆر و هەمەلایەنە لەسەر کوردایەتی ناچاربین لە قۆناغێکدا تەنها بۆ یەکسانی کار بکەین، جا بە گۆڵی بەرامبەر بێت یان بێ گۆڵ، واتا تۆڕی هەردوولا بە پاکی لێی دەربچن. گرنگ ئەوەیە ئومێد هەر هەبێ و دەستبەردار نەبین.
لەم سەد ساڵە کەم نین ئەو جارانەی هەموو ئیشی حەریفەکانی کوردایەتی کارکردن بووە بۆ پاراستنی دامەزراوەکە و هێز و باسکەکانی، تا دەورانێکی کورت یان درێژ، کە زەمینە لەبارترە بۆ تێهەڵچوونەوە و تۆمارکردنی خاڵ و گۆڵ و بەدەستهێنانی پانتایی فراوانتر.
کوردایەتی دەربەست هەر دەبێ وابێ، ئەگینا دیاردەکە وەک بە هەدەردان و بەفیڕۆچوونی سەرمایە دەقەبڵێنرێت.
رێک بە حوکمی ئەزموونی سەد ساڵەی ئاماژە بۆکراو دەزانین بە هەدەرداران هەر ئەوانەشن کە پشتیان لە رێبازی میللەتەکەمان کردووە، پشتیان لە کوردایەتی ڕاستەقینە کردووە و پشتیان پێوە نەیەشاوە، ئەمەش توانج نییە لەم نەوە یان ئەوی تر، بەقەدەر ئەوەی دەستنیشانکردنی ئاڕاستەکانن، جا کوڕ و کچی هەر نەوەیەک بن. وردەکاری هەر پرسێک و وردبوونەوە لەهەر پێشهاتێک پێمان دەڵێت گرژی و جەمسەرگیری و هەڵچوونی تاکەلایەنە و بێ بنەما زیانە لە کوردایەتی و بەڵگەشە لەسەر ئەوەی وانەکانی پانزە ساڵی رابردوو هیچی لێ شین نەبووە و کارێکی نەکردووە کە بێ زیان و تەلەف ، هەر بە ژیری و لێوەشاوەیی، ئەزموون وەربگرین و پەند و وانە فێربین بێ ئەوەی ببین بە پەند.
جا جیاوازی نێوان پەند وەرگرتن و بوونە پەند رێک دوو ئاراستەی پێکان (ئەنگاوتن) و پێکان( زامداری و کەوتن) نیشان دەدەن.
هەر دەبێ نیاز و تەمەننامان بێت کە بژاردەی یەکەم بین بۆ ئەوەی کوردایەتی بپەڕێتەوە بۆ کەنارەکەی تر کەناری ئارامی و ناوەڕاستی تێهەڵچونەوەی باشتر بۆ ئەرکەکانی لەوەوپاش.
ئێمە ئێستا لە دۆخە هەرە هەستیارەکە دەژین کە دونیا و دەوروبەر جەنگی مەغڵوبەیان بەرپا کردووە. بۆیە جگە لە حەریف و دەستەبژێرەکانی کوردایەتی، بە دامودەزگا جیاجیاکانیانەوە، میدیا و سەکۆکانی سۆشیال میدیاش، بیانەوێ یان نا، ئەوانیش بەرپرسیارن و چمکێکی ئەرکەکەیان دەکەوێتە سەر شان. ئەوانیش گەرەکە رامانی کوردانەی سەنگینیان هەبێ کە نە خەڵک بترسێنن و نە هەموو شتێک بە نۆرماڵی ببینن و جۆرێک لە خەپاندن و گێلسازی پەیڕەو بکەن. بابەتەکە ورد و هەستیارە، یاری ماڵە باجێنە، یان تەنانەت گەمەی ریاڵ و بەرشەلۆنەش نییە، بەڵکو شەڕ و بەریەککەوتن و کوشتارە و چەند خۆ بپارێزین و بێ لایەن بین پریشکمان هەر بەردەکەوێت. گرەوەکە ئەوەیە کەمترین بێت ، گەمارۆی لێکەوتەکانی بدەین و رۆژی دواتر ببینین و هەڵیبسەنگێنین تا ئەوەی کاری دواتر ڕاپەڕێنین.
نازانم ئێمە کاڵەکخۆرین، یان بێستانڕنن؟ لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل - ئێران، حکوومەتی فیدراڵی پێویستی بە هاوئاهەنگیی پتر و بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
ئایا لەم کاتە ناهەموارەدا، دەبێ ئێمە زیاتر لە بەغدا بچینە پێش و هەوڵ بدەین بە دیالۆگ مافەکانمان بەدەست بهێنین، یان ناکۆکییەکان قووڵتر بکەینەوە؟
داوای ماف و داخوازیی ڕەوا کارێکی باش و ئەرکە، بەڵام بە دانانی مەرج، نەک هەر کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکوو قووڵیشیان دەکەینەوە.
پێویستە حکوومەتی هەرێم دواڕۆژ و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە باشتر لەبەرچاو بگرێ، چونکە:
* جەنگەکە کاتییە و زۆر ناخایەنێت و کۆتایی دێت.
* هێشتا لێکەوتە و ئەنجامەکانی دیار نین.
* کارتەکانی دەستی بەغدا لە کارتەکانی دەستی هەرێم بەهێزتر و کاریگەرترن.
* بە قووڵبوونەوەی کێشەکان، بەرەی دژە هەرێمی کوردستان لەناو دەستەبژێری سیاسی و دەسەڵاتی بەغدا بەهێزتر دەبێ.
* شەقامی عێراقیی عەرەبی دژی کوردستان دەوروژێنرێ.
* مەترسیی تۆڵەکردنەوەیەکی ناڕەوا دروست دەبێ.
* هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کوردستانەوە، کێشە ئابووری و داراییەکانی هەرێمیش چارەسەر دەکات و بەپێچەوانەشەوە بەرۆکی هەردوولا دەگرێ.
* ئەگەر هەماهەنگی لەنێوان بەغدا و هەرێم هەبێ، ڕۆڵی هەرێم لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرتر دەبێ.
بە کورتی و بە کوردی؛ دەوڵەتداری، پشوودرێژی و خوێندنەوەی دروستی واقیعیانەی بارودۆخ و هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەوێت. بەندە بە باشی دەزانم بەبێ دەستبەرداربوون لە مافەکانمان، هەرێم بەغدا قەرزدار بکاتەوە، نەک بیانوو بداتە دەست؛ چونکە جارێ دیار نییە بارودۆخەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات .
لەم فەزای پڕ لە شەڕ و ئاژاوەیەی لەناوچەکە هەیە، لەئەنجامی جەنگی نێوان (ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران)دا بەتایبەت لەسەر هەرێمی کوردستان ناجێگیری هەموو بوارەکان و بەتایبەت دەروونی هاوڵاتی، لەم دۆخەدا گرنگە کەسایەتییە سیاسی و بەرپرسان نزیکتر لەهاوڵاتی بن.
قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت چەند ڕۆژێکە لەسلێمانی جوڵەی هەیە سەردان و بەسەرکردنەوەی هەیە دەچێتە سەهەۆڵەکە و لەگەڵ خەڵک و کاسبکار دادەنیشێت و چایەک دەخواتەوە. لەئێستادا ئەمە ئەوپەڕی بەرپرسیارییە، کاریگەری ئەرێنی جدەهێڵێت لەسەر دەروونی هاوڵاتی نمایشی پیشاندانی ئارامی و جۆرێکە لە دڵنیایی، ئەم جۆرە مانۆڕانە لەئێستادا مەیدانی کاریگەری چەندان پەیام و نوسینی دەبێت.
خواردنەوەی چایەک لە سەهۆڵەکە گفتووگۆیەکی سەرپێیانەی سەرشەقام و سڵاوێکی ڕاگوزەر لە گەنجێکی کاسبکار بەدڵنیایی ڕەوینەوەی سترێس و فشاری دەروونییە لەسەر هاوڵاتی
لە وەها دۆخێکدا کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەکات، گرنگە بەرپرسان مەیدانی بەناو شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا بگەڕێن بۆ گەڕانەوەی دڵنیایی و ئارامی دەروون بۆ هاوڵاتیان،
سەردان و کۆبوونە و خواردنەوەی چایەک پێمان دەڵێت نەک ژیان لەجەنگدا ناوەستێت، و دامەزراوەکان پەکیان نەکەوتووە، ڕاستە ئێمە لەنێوان بەرداشی جەنگداین بەڵام پێویستە بەردەوامبین وکاری خۆمان بکەین.
هەموان دەزانین لەدۆخێکی وادا زۆرجار بازاڕ دەبێتە دەستکەلای دەست کۆمەڵێک مشەخۆر وەک دەڵێن دز بازاڕی شێواوی دەوێت. ئەم جوڵانەی قوباد تاڵەبانی پەیامە بۆ بازاڕ و جێگری نرخ و ئاسایشی خۆراک بەدیوێکی تردا گەڕانی قوباد تاڵەبانی جۆرێکە لە چاودێری و لە نزیکەوە ئاگاداربوون وەگەڕخستنەوەی توانا و جوڵە جۆربەجۆرەکانی کایە جیاوازەکانە تەمویل و جۆشدانەوەی دامەزراوە و جوڵەی ئاسایی هاوڵاتییە.
ئەم جۆرە سەردان و بەسەرکردنەوانە بەشداری بەرپرسە لە ئاساییکردنەوەی بازاڕ و جوڵەی هاوڵاتی وپەیامی ئارامی شارە، کە ئەم مانۆڕانە لەم دۆخەدا یەکجار گرنگن ....