لە خۆپیشاندانە رێگەپێنەدراوەكەی ئەمدواییەی سلێمانی، لەگەڵ كەلوپەلی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان وەك كامێرا و ستاند و میمۆری و كۆڵەپشت و شمەكەكانیان، ماتۆڕێكی سەوزیش لەو شوێنەدا دەستی بەسەرداگیرابوو..
‎لەم كەین و بەینەدا مەسەلەی (ماتۆڕە سەوزەكە) یان (ماتۆڕەكەی ئەلەند) سەری هەڵدا، چونكە یەكەم جار بوو ماتۆڕ لە خۆپیشانداندا دەستی بەسەردابگیرێت، چارەسەركردنی كێشەی ماتۆڕەكەی ئەلەند هەروا ئاسان نەبوو!!
 
‎هەرچی پرسیاری ماتۆڕە سەوزەكەم دەكرد، یەكێك دەیوت بۆ لە كەیەوە پەیامنێر بە ماتۆڕ دێت بۆ روماڵ!!؟؟ یەكێكی تر دەیوت بۆ خۆ ئێرە هیندستان نییە؟ منیش هەردەم دەموت: ئەرێ ئەلەند تۆ دیلیڤەریی دەكەیت یان پەیامنێریت!!؟؟ خۆ بەنگەلادیش نیە پەیامنێر بە ماتۆڕەوە بەدوای بەرپرسدا راكات تا لێدوانی لێوەرگرێت!!!
 
‎بەزمی ئەم ماتۆڕە بوو بە سەرباس و سەرزاری رۆژنامەنووسان و پەیامنێران و ئێمەو پۆلیس، ئێمەو ئاسایش، دەیان راسپاردەو تەلەفۆنم بۆ كرا، چەندین جار ئەلەندو بەرپرسی كەناڵەكەی سەردانیان كردم بۆ ئەم كێشەیە، نەمدەزانی ماتۆڕ چۆن وەردەگیرێتەوە!!؟؟ تا چارەسەری كێشەكەی ئەلەند بكەم بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو چەرخە سەوزە!! گرنگ ئەوەبوو لە سۆراغی ماتۆڕەكەی ئەلەند دا سەركەوتوو بووین و شوێن و شێوازی وەرگرتنەوەی ماتۆڕەكەم بۆ ئاسان كردن، ماتۆڕ وەرگیرایەوە!!
 
‎ئەم ماتۆرە بۆ من و بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بابەتێكی سەیر بوو، من نەمدەزانی كە ئەلەند بەم ماتۆڕە ژیان و هاتووچۆی ئاسان دەبێت، بە گێڕانەوەی بۆ خاوەنەەكەی ژیانی رۆژانەی خۆیی و خێزانەكەی ئاسایی دەبنەوە، چونكە ئەلەند نە پارەی تەكسی پێبوو نە ئۆتۆمبیلیشی هەبوو، ئەم ئامێرە لای ئێمە تەنها ماتۆڕێك بوو، بەڵام بۆ ئەلەند هۆكاری گەیاندن و هەردوو قاچەكانیی و بەشێك بوو لە بژێوی ژیان و بەردەوامیدان بە پیشە پەیامنێرییەكەی.. لەم بابەتەی ماتۆڕەكەی ئەلەند دا شتێكم بیر هاتەوە كە نازانم قسەی كێیە دەڵێت:
‎مناڵەكان بە گاڵتەوە بەرد دەگرنە بۆقەكان، كەچی بۆقەكان بەراستی دەمرن!!
‎ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
 
‎ زۆۆۆۆۆۆۆۆر بابەت هەن لەلایەن زۆربەمانەوە گرنگیان پێنادرێت، بەڵام بۆ هەندێك كەس دەبێتە رەوتی ژیان و بەردەوامی وخۆشی رۆژگاریان، زۆر خەونی جوانی هاووڵاتیان هەن، زۆر سادە و ساكارن، زۆر ئاسانن، زۆر ئاسایین، (موچە بەنموونە)..... ، كەچی موچە لەلایەن خواپێداوان، گرنگ نیەو هەبێت ئاشیان دەگەڕێت، نەبێت جووتیان بەردەوامە.. ئەوانەش سەرچاوەی داهاتی ترو لابەلایان هەیە.
‎ماتۆڕێكی سەوزی تریش هەیە، ماتۆڕی ئاسایی نیە، ماتۆڕی دڵی خێزانەكانە، تەنها هۆكاری گەیاندن نیە، بەڵكو نیوەی بژێوی ژیانیانە، بۆ گێڕانەوەی كات، بۆ روماڵ، بۆ چوونەسەركار، بۆ گێڕانەوەی موچە، بۆ گەرمكردنەوەی گیرفان و باخەڵەكانی هەموو خێزانەكانی كوردستان، دڵیان خۆشدەكات، ئەمەیان ئەو ماتۆڕە سەوزەیە هەموو جارێك وەك ئەمجارە فریای خاوەنەكانی دەكەوێت و موچەیان بۆ دابین دەكاتەوە..
‎راستە موچە مافەو یەك لە مافە سەرەتاییەكانە، بەڵام كە چوە قوڕگی شێرەوە، تەنها شێر دەتوانێت وەریبگرێتەوە..