یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی جەنگی بەرگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیزم
ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی جەنگی بەرگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیزم. 80 ساڵ لەمەوبەر و پاش 14 ساڵ لە خەباتی خوێناوی و ماندوونەناسانە، گەلی چین سەرکەوتنێکی گەورەی لە جەنگی بەرگری لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن بەدەستهێنا و شان بە شانی هەموو گەلانی ئاشتیخواز لە سەرانسەری جیهان وەستا بۆ شکستپێهێنانی فاشیزم و بەرگریکردن لە ویژدانی مرۆڤایەتی، هەروەها بۆ یەکسانی و دادپەروەری نێودەوڵەتی. لە دوای 80 ساڵ، وانە قووڵەکان و تێڕوانینەکانی ئەم جەنگە بەردەوامن لە وروژاندنی بیرکردنەوەی قووڵ. وەک وتەیەکی چینی کۆن دەڵێت: “ئەزموونی ڕابردوو ئەگەر لەبیر نەکرێت، ئەوا دەبێتە ڕێنمایی بۆ داهاتوو.” لەم ساتەدا پێم خۆشە بەیەکەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بیر لەم لاپەڕەیەی مێژوو بکەینەوە و وانە لە ڕابردوو وەربگرین، و بگەڕێن بەدوای چۆنیەتی نووسینی لاپەڕەیەکی نوێی ئاشتی و گەشەسەندن لە نێوان ئەم گۆڕانکارییە قووڵانەی کە ڕوودەدەن و لە ماوەی سەدەیەکدا نەبینراون.
1- شانۆی چین لە جەنگی جیهانی دژ بە فاشیزمدا سەنگەری سەرەکی ڕۆژهەڵات بوو
لە ساڵی 1931 دەستدرێژکارانی ژاپۆن لە ڕووداوی 18 ی ئەیلولەوە [1] دەستیانپێکرد، ئەمەش بریتی بوو لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی دەستدرێژی دژی چین و دەستپێکردنی ململانێی ناوخۆیی لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی دووەمدا. گەلی چین یەکەم لایەن بوو کە ئاڵای دژە فاشیزمی بەرزکردەوە و تەقەی دەستپێکی خەباتی دژە فاشیزمی جیهانیی کرد و کۆنترین و درێژترین سەنگەری سەرەکی لە ڕۆژهەڵات لە جەنگی جیهانی دژە فاشیزمدا کردەوە. لە ماوەی 14 ساڵەی جەنگی بەرگریدا، چین ڕووبەڕووی زۆرترین ژمارەی سەربازانی ژاپۆنی بووەوە و قورسترین باجی دا، زیاتر لە 35 ملیۆن قوربانی سەربازی و مەدەنیی لێکەوتەوە، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆی زیانە مرۆییەکانی جیهان لە جەنگی جیهانی دووەمدا پێکدەهێنێت. گەلی چین لە گۆشت و خوێن دیوارێکی گەورەی پۆڵاینی دژی فاشیزم دروست کرد، بە خۆڕاگرییەکی نائاسایی شەڕی کرد، هێزە سەرەکییەکانی فاشیزمی ژاپۆنی گەمارۆدا و لەناوی برد، و هەماهەنگییەکی ستراتیژیی چارەنووسسازی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان دابین کرد و یارمەتی دروستکردنی بەرەی یەکگرتووی نێودەوڵەتی دژە فاشیزمی دا، و بەشدارییەکی لەبیرنەکراوی لە سەرکەوتنی کۆتایی جەنگی جیهانی دژە فاشیزمدا هەبوو.
لەو بارودۆخە هەستیارە لەسەر نەتەوەكەمان و مەترسی لەسەر مانەوەیدا حیزبی شیوعی چین هەنگاوی نا بەرەو پێشەوە و دەستپێشخەریی کرد و خەڵکی هەموو نەتەوەکانی یەکخست و ڕێنمایانی کرد بۆ دامەزراندنی بەرەی یەکگرتووی چینی لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن. چین بەهۆی سەرکردایەتییە سیاسییە ناوازەکەی و پلاندانانی ستراتیژیی دروستەوە، بەردەوام سەرکەوتوو بووە لە ڕێنماییکردنی ڕەوتی جەنگی بەرگری، و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکردنی دەرەکی و ڕزگارکردنی میللەتدا بینیوە. سەرکەوتن لە جەنگی بەرگری بە سەرکەوتوویی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی چینی پاراست و کەرامەتی نەتەوەی چینی بەرزکردەوە و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە گەشتی نەتەوەی چین لە ماوەی سەدەیەکدا لە قەیرانەوە بۆ گەنجبوونەوە. لە هەمان کاتدا بەشدارییەکی گەورەی هەبوو لە بەدیهێنانی ئاشتی جیهانی و دامەزراندنی سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگ.
2: تایوان بەشێکی دانەبڕاوە لە چین و ئەمەش ڕاستییەکە گفتوگۆی لەسەر ناکرێت و ناتوانرێت بگۆڕدرێت
دوای سەرکەوتنی گەورە لە جەنگی بەرگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیزم، تایوان گەڕایەوە باوەشی نیشتمانی دایک. بەم شێوەیەش ئەمساڵ یادی 80 ساڵەی گەڕاندنەوەی تایوانیشە. گەڕاندنەوەی تایوان یەکێکە لە دەرئەنجامە سەرەکییەکانی جەنگی جیهانی دووەم و بابەتێكی دانەبڕاوە لە سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگ، کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە یەکسانی و دادپەروەری.
لە ساڵی 1943 چین و ئەمریکا و بەریتانیا جاڕنامەی قاهیرەیان دەرکرد، کە تێیدا هاتبوو کە پێویستە ژاپۆن هەموو ئەو خاکانە بگەڕێنێتەوە کە لە چین داگیری کردبوو، لەوانە باکوری ڕۆژهەڵاتی چین و تایوان و دوورگەکانی پێنگو. لە ساڵی 1945 جاڕنامەی پۆتسدام دووپاتی کردەوە کە پێویستە مەرجەکانی جاڕنامەی قاهیرە جێبەجێ بکرێن. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا ژاپۆن بەبێ مەرج خۆی ڕادەست کرد و بەڵێنیدا هەموو بڕگەکانی جاڕنامەی پۆتسدام جێبەجێ بکات. ئەم بەڵگەنامە نێودەوڵەتیانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە سەروەری چینیان بەسەر تایواندا دووپاتکردەوە، کە ئەمەش ڕاستییەکی مێژوویی و یاساییە و هیچ گومانێکی تێدانییە. لە ساڵی 1971 دا، لە بیست و شەشەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی 2758ی پەسەند کرد، کە تێیدا حکومەتی کۆماری میللی چینی وەک تاکە نوێنەری یاسایی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناساند. بڕیارنامەکە کۆدەنگیەکی نێودەوڵەتی گشتگیری دامەزراند کە تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە و تایوان بەشێکە لە چین.
ڕاستییە مێژوویی و یاساییەکان سەبارەت بە پێگەی تایوان وەک بەشێک لە چین ڕوونن و هیچ گومانی تێدانییە. هیوادارین دۆستانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە ئاگا و پتەویی بمێننەوە لەسەر ئەم بابەتە: تایوان هەرگیز وڵات نەبووە. و لە جیهاندا تەنها یەک چین هەیە و هەردوو دیوی گەرووی تایوان سەر بە یەک چینن.
3: گرنگترین وانە لە سەرکەوتن لە جەنگدا ئەوەیە کە پێویستە بە توندی پابەند بین بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە
لە ئێستادا جیهان گۆڕانکاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت کە لە ماوەی سەدەیەکدا نەبینراوە. قەیرانی ئۆکرانیا بەردەوامە، گرژیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێكی بەرزدایە ، ململانێی غەززە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و دوژمنایەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران جارێکی دیکە هەڵگیرساوەتەوە. هەندێک لە زلهێزەکان بە خراپی سیاسەتی باج بەكاردەهێنن و سیاسەتی تاکلایەنە پەیڕەو دەکەن. شكستی لە بواری ئاشتی و گەشەپێدان و ئاسایش و حوکمڕانیدا بەردەوام لە فراوانبوون دایە.
سەرۆکی چین شی جینپینگ، جەختی لەوە کردووەتەوە کە “بەنرخترین وانە لە سەرکەوتنی جەنگی بەرگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیزم بۆمان ماوەتەوە، پابەندبوونی بەردەوامانە بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە”. جەنگ جگە لە ئازارێکی بێئەندازە هیچی تر ناهێنێت. هەڕەشەکردن و هەژموون مەحکومن بە شکست. تەنیا بە بەرزڕاگرتنی فرەلایەنی و ڕێزگرتن لە سەروەری و مافی گەشەپێدانی هەموو وڵاتان دەتوانین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی مێژوو بکەینەوە. لەم ڕووەوە چین پابەندە بە دیدگای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی. سەرۆک شی جینپینگ دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی و دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی و هەروەها دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای ڕاگەیاند. ئەم هەوڵانە ئامانجیان بەرزکردنەوەی دڵنیاییە لە سەردەمی نادڵنیایی جیهانیدا و نیشاندانی هەستی بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتیکردنە کە لە وڵاتێکی گەورە چاوەڕوان دەکرێت.
4: چین و هەرێمی کوردستانی عێراق بناغەیەکی تۆکمە بۆ هەماهەنگی و ئاسۆیەکی فراوانیان بۆ داهاتوو هەیە
چین و هەرێمی کوردستانی عیراق دۆستایەتیەکی درێژخایەن و قووڵیان هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەردوولا لە هەماهەنگیەکانیاندا لە چوارچێوەی پشتێن و ڕێگادا ئەنجامی بەرهەمداریان بەدەستهێناوە. چین بەهایەکی زۆر بە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو عێراق و هەرێمی کوردستانی عیراق دەدات، هەروەها پابەندە بە بنەمای سوودی هاوبەش و هەماهەنگی قازانجی هاوبەش، و پێکەوە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی هاوبەش.
لەم دواییانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا چینییەکان وەبەرهێنانیان کردووە و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عیراق دامەزراندووە. هەردوو لایەن هەماهەنگیەکی بەرفراوانیان کردووە لە کەرتە سەرەکییەکانی وەک وزە، پەیوەندییەکان و ژێرخانی ئابووری، کە بەشدارییان لە گەشەسەندنی ئابووریی ناوچەکەدا کردووە. لەهەمان کاتدا، هەردوولا چالاکانە بەدوای هەماهەنگی لە بوارە تازەپێگەیشتوەکاندا دەگەڕێن، لەوانە وزەی نوێ، ئابووریی دیجیتاڵی، و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای بەرز، هەروەها پێکەوە کاردەکەن بۆ پێشخستنی هەمەچەشنکردنی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام لە هەرێمی کوردستانی عێراق. هەروەها ئێمە چالاکانە بەدوای ئاڵوگۆڕی کولتووری و ئاڵوگۆڕی گەلان دەگەڕێین. بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین، سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین لە زانکۆی سلێمانی و رێکخراوی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانی جیهانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەموویان دامەزراوەی پێشەنگن لە عێراق. ئەمساڵ زانکۆی سلێمانی سەنتەری تاقیکردنەوەی زمانی چینی دادەمەزرێنێت، کە سەکۆیەک بۆ دانیشتوانی نیوخۆیی دابین دەکات بۆ ئەوەی فێری زمانی چینی ببن و باشتر لە چین تێبگەن. بە پشتبەستن بە بنەمای "فێری ڕاوە ماسیم بکە"، چین کارئاسانی بۆ پرۆگرامەکانی ڕاهێنانی هاوکاری دەرەکی بۆ زیاتر لە هەزار کەس لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە کە سەردانی چین دەکەن، ئەمەش وایکردووە کە لە ئەزموونی گەشەپێدانی چین فێربن و سوودی لێ وەربگرن، بەمەش یارمەتی پێشخستنی ڕێگای ناوچەکە بۆ گەشەکردن و خۆشگوزەرانی دەدات.
ئاشتی بەڕاستی بەنرخە، مێژووش هەرگیز لەبیرناکرێت. یادکردنەوەی سەرکەوتنی جەنگی بەرگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیزم، نەک تەنها ڕێزلێنانێکە بۆ ئەو پاڵەوانانەی قوربانیان داوە، بەڵکو سەیرکردنێکە بۆ داهاتوو و بەرزڕاگرتنی دادپەروەری و پاراستنی ئاشتی. چین ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوڕێیان لە هەموو چین و توێژەکانی ناوچەکە بۆ پێشخستن و بەهێزکردنی ڕۆحی خەباتی دژە فاشیزمی جیهانی، پێشخستنی پەرەپێدانی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو دادپەروەری زیاتر و گشتگیری و ئاشتی بەردەوام و هاوبەشی بەدواداچوونی هەماهەنگی کوالیتی بەرز لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا، و نەخشەكێشانی ڕێگایەکی گەشاوەتر بۆ مۆدێرنگەری، و هەوڵی بێوچان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.
[1] لە 18ی ئەیلوولی 1931، لیوا کاوامۆتۆ سیۆمۆری ژاپۆنی بڕێکی کەم لە داینامیتی لە نزیک هێڵی ئاسنی باشووری مانچوری ژاپۆنی لە نزیک موکدن (شێنیانگی ئێستا) تەقاندەوە. هەرچەندە تەقینەوەکە هێندە لاواز بوو کە دوای چەند خولەکێک نەیتوانی ڕێڕەوەکان لەبەردەم شەمەندەفەرێکی تێپەڕبوودا تێکبدات، بەڵام سوپای ئیمپراتۆری ژاپۆن ڕووداوەکەی خستە ئەستۆی بهرگری چین و لەشکرکێشییەکی تەواویان دەستپێکرد کە بووە هۆی داگیرکردنی مانچوریا، و دوای شەش مانگ ژاپۆن دەوڵەتێکی بوکەڵەیی بە ناوی مانچوکوو دامەزراند. ئەم ڕووداوە بەرەوڕووی ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی بووەوە و بووە هۆی دابڕانی دیپلۆماسی ژاپۆن و کشانەوەی لە کۆمەڵەی گەلان.