بۆ ئەوەی ئایین لە ئامرازێکی سیاسیی دەستی داگیرکەرانەوە ببێتە بزوێنەرێکی ڕۆحی و ئەخلاقی بۆ گەلی کورد، پێویستمان بە ڕیفۆرمێکی فیکری هەیە کە لەسەر ئەم سێ تەوەرە کار بکات:
١. ڕزگارکردنی دەق لە ژێر هەژموونی "ناسیۆنالیزمی ئایینی"
مێژوو و ئێستاش دەریانخستووە کە وڵاتانی دراوسێ (تورکیا، ئێران، و عەرەب) ئایینیان کردووەتە پۆشاکێک بۆ شاردنەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان. ئەوان بە ناوی "برایەتی ئیسلامی"یەوە:
* ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەسڕنەوە.
* تەفسیری ئایەتەکان بە ئارەزووی سەپاندنی زمان و کلتووری خۆیان دەکەن.
* تاوانەکانی وەک (ئەنفال و داگیرکاری) بە فەتوای شەرعی پاساو دەدەن.
٢. بونیادنانی "عەقڵی ئیسلامیی کوردی"
ئێمە پێویستمان بە قوتابخانەیەکی فیقهی و فیکری هەیە کە لەسەر ئەم بنەمایانە بوەستێت:
* پێشەنگیی نەتەوەیی: ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤ و پاراستنی شکۆمەندی گەلان هاتووە، نەک بۆ کۆیلەکردنی نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر.
* پشت بەستن بە میراتی ناوخۆیی: گەڕانەوە بۆ بیروبۆچوونی ئەو زانا کوردانەی کە ئایینیان لەگەڵ کوردایەتی و مرۆڤدۆستیدا ئاشت کردووەتەوە (وەک عبدولکریم ی مودەریس و ئەحمەدی خانی و مەحوی و نالی).
* ڕەتکردنەوەی تەعریب و تەتریك: تێگەیشتن لەوەی کە "ئیسلام" پێویستی بەوە نییە ببیتە عەرەب یان تورک تا موسڵمانێکی باش بیت.
٣. ئامانج: بونیادنانی "قەڵای پارێزبەندی"
ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە گۆڕینی ئایینە لە "کونێنێکی لاواز" بۆ "دیوارێکی پۆڵایین" لە ڕێگەی:
* بەرگری فیکری: کۆتاییهێنان بە پاشکۆیەتی بۆ فەتوای دەرەکی (تاران، ئەنقەرە، ڕیاز) و دروستکردنی مەرجەعیەتی ناوخۆیی.
* بەرگری کلتووری: ناساندنی زمان و مێژووی کورد وەک "ئەرکێکی شەرعی" و پیرۆزییەکی خودایی کە نابێت دەستکاری بکرێت.
* بەرگری کۆمەڵایەتی: وشککردنی سەرچاوەکانی توندڕەوی و "داعشیزم" بە جێگرتنەوەی تێگەیشتنی کوردی (لێبوردەیی) لەبری تێگەیشتنی هاوردەکراو.
1. داگیرکاریی فیکری: بۆ ئەوەی گەنجی کورد نەبێتە قوربانی فەتوایەک کە لە ئەنقەرە، تاران یان ڕیازەوە دەردەچێت.
2. جینۆسایدی کلتووری: پاراستنی زمان و مێژووی کورد وەک بەشێک لە "فەرمانی خودا" بۆ جیاوازیی گەلان.
3. سەقامگیری کۆمەڵایەتی: دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە ئایین تێیدا سەرچاوەی ئاشتی بێت نەک بیانوو بۆ شەڕی ناوخۆ و توندڕەوی.
کاتێک پرسیار لە هینری کیسنجەر کرا: بۆچی کوردت بەو دەردە برد و پشتت تێکردن؟ ئەو بە ساردوسڕییەکەی خۆیەوە وتی: «ئۆپراسیۆنی نهێنی و کاری خێرخوازی لە یەکتر جیان». ئێستا میراتگرە ئەمەریکاییەکەی، تۆم باراک، دەڵێت: «ئێمە قەرزاری هەسەدە نین تا حکوومەتێکی بۆ دروست بکەین.. هەسەدە ڕۆڵی تەنیا بۆ بەرەنگاریی داعش بووە و ئەو ڕۆڵەی تەواو بووە».
ئەم دوو قسەیە ئەگەرچی نێوانیان ٥١ ساڵە، بەڵام هەر یەک عەقڵییەتی سیاسی لە ئەمەریکا بەرهەمی هێناون. کیسنجەر دوای ١٥ ساڵ یاریکردن لەگەڵ کورد، زۆر بە خوێنساردی کورد ڕادەستی قەدەرێکی تاڵ کرد. قسەکەی کیسنجەری نیو سەدە لەمەوبەر و سیاسەتی برێت ماکگۆرگ و تۆم باراکی ٢٠٢٦ ، هەمان قەوانی سیاسەتی دامەزراوەکانی ئەمەریکایە کە لێ دەدرێتەوە؛ بەڵام سەیرە گەلانی بەشمەینەت و وەزاڵەهاتووی ژێر ستەمی دیکتاتۆری و چەوساندنەوە، هێشتا چاویان لە سۆزی ئەمەریکا یان پابەندیی ئەخلاقیی ئەو وڵاتە بێت بە بەڵێن و پشتیوانییەکانی.
ئەمەریکا هەمیشە لەو شوێنە بووە کە بەرژەوەندییەکانی مسۆگەر کردووە و بەردەوام بەدوای ماشینەوەی قازانجی ماددی و مەعنەویی خۆی بووە، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ماددییەکانی، سڵی لە هیچ پێوەر و ڕێسا و یاسایەک نەکردووەتەوە. کورد چیرۆکێکی تاڵ و پڕ ئازاری لەتەک سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەیە؛ جگە لە نسکۆی ١٩٧٥، لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمەریکا گەورەترین پشتیوان و پارێزەری ڕژێمی بەعس بوو.
لە دوای ڕزگارکردنی کەرکووک لە ئازاری ١٩٩١ دا، ئەوە ئەمەریکا بوو ڕێگەی دا ڕژێمی بەعس هێلیکۆپتەر بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بەکاربهێنێت. دوای ڕووخانی بەعسیش، لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراق و بەشداریی کورد لە پرۆسەکەدا، هەمیشە ئەمەریکا پشتیوانی بەغدا بوو؛ بەشێکی زۆری ئەو مافە دەستوورییانەی کورد نەیتوانی لە دەستووری ٢٠٠٥دا بیانچەسپێنێت، هۆکارەکەی فشاری ئەمەریکا بوو لەسەر کورد.
پۆڵ برێمەری حاکمی سیاسی ئەمەریکا، ئەندازیاری سەرەکیی ئەو کێشە دەستووری و یاساییانەیە کە تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە. ئەوە سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ٢٠١٠ دا فشاری خستە سەر کورد بۆ ئەوەی بە زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی ڕازی بێت و بە کردەوە کورد لە «سێیەکی پەکخەر»ەوە بکاتە کارەکتەرێکی بێ ڕۆڵ لە ئەنجومەنی نوێنەراندا.
لە ڕووداوەکانی ئەیلوول و ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا، بینیمان ئەمەریکاییەکان چۆن گوێی خۆیان لە ئاستی «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان» کەڕ کرد و لەباتی وەڵامدانەوەی خواستی میللەتێکی دۆستیان، دەستیان خستەوە دەستی بەغدا و بە واژۆیەک زەوی و ئاسمانیان بەسەر کوردستاندا داخست. بەوەشەوە نەوەستان، هەر بە تانک و چەکەکانی ئەوان پاشەکشێ بە پێشمەرگە کرا.
ئێستاش بە چاوی خۆمان دەبینین کورد لە ڕۆژاوادا چۆن گرفتاری دووفاقی و خوێنساردیی کیسنجەرەکانی ئەمەریکا بووە. لە کاتێکدا هەسەدە پاڵەوانی تێکشکاندنی داعش و لەناوبردنی پایتەختەکەیان بوو، خوێنی ١١٠٠٠ شەڕڤانی بەخشیوە بۆ ئازادی و ڕزگاری، کەچی «تۆم باراک» دەڵێت: «قەرزاریان نین» و «ڕۆڵیان تەواو بووە».
ئێستە کاتی ئەوەیە کورد بە وشیارانەتر و قووڵتر لە سیاسەتی بەرژەوەندپەرستانەی ئەمەریکا بڕوانێت. نابێت بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد بکرێنە قوربانیی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی ئەمەریکا. گرنگە هەرێمی کوردستان «ڤیتۆ»ی لە مامەڵەکردنی سیاسییدا هەبێت. ئەو عەقڵییەتە ناوەندگەرایانەی ئەمەریکا کە کار بۆ بەهێزکردنەوەی ناوەندی وڵاتانی داگیرکەر دەکەن، دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت و بایکۆت بکرێن.
ئەم دوو چەمکە لەڕووی جەوهەرە و یەک شت نین و جیاوازن، کورد قەدەرە و چارەنووسێکی دیاریکراوە لەدەرەوەی خواستی خۆمان، واتە نەتەوە ئەو بژاردەیەی کە خودا بۆمانی دیاری کردووە، ئێمە بەکوردی خودا ئەفراندوینی، بەڵام کوردبوون خۆمان درووستی دەکەین و خۆمان بڕیاری لێدەدەین، هەربۆیە کوردبوون بابەتێکی فرە ڕەهەند و فرەواتایە، ئەمەش ئاسان نییە، بۆکەسێک کەبتوانێت کوردبوون لەناوخۆیدا وێنابکات.
بۆئەوەی ببیتە بەشێک لەو وتارە گەورەیەی کوردبوون، هێندە بەس نییە کە کوردبیت و بەزمانی کوردی قسەبکەیت و جل و بەرگی کوردی بپۆشیت، کوردبوون کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی دیکەیە. هەڵوێستە و بەشداری وتاری نەتەوەیی ئامانجدارە.
بەم پێوەرەبێت، مەرج نیە کوردێک کوردبوون تێیدا ڕەنگ بداتەوە ئەگەر لەچوارچێوەی خەسڵەت و تایبەتمەندی وتاری کوردبووندا بێت.
کاتێک کوردێک دەچێتە دەرەوەی وتاری کوردبوون، ئیتر ئاساییە بە زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردی خیانەت بکات، کوردوتەنی ببێتە (جاش) بەپێچەوانەشەوە، کەسێک ئەکرێت کوردنەبێت بەڵام بەخەسڵەت و هەڵوێست و تایبەتمەندی کوردبێت بە واتا کوردبوونەکەی.بۆ هەردوو حاڵەتەکە نمونە زۆرن
ئایدۆلۆژیا دین، فکر و هتد دەچنە خزمەتی وتاری کوردبوونەوە، هیچ شتێک لەپێش کوردبوون نییە. گرفتی گەورەی ئێمە وەک کورد ئەوەیە ناتوانین بگەینە ئەو خاڵەی کە لەناو وتاری کوردبووندا خۆمان ببینین، هەرئەمەشە لە دیفاکتۆی کورددا، فکر و ئایدۆلۆژیا و ئاینەکان بەیەکدادەدەن، لەسەر حسابی یەکی ڕاست و ئەوی دیکە ناڕاست. لەکاتێکدا ئەمانە پێکدادانی کۆمەڵە چەمکێکن لەدەرەوەی وتاری کوردبوون. هەرئەمەش وایکردووە، خیانەت و هەڵوێستی چەوت بەئاسانی و بەسانایی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا تێدەپەڕێت، چونکە ئێمە نەگەیشتووینەتە فەتابوون لەناو کوردبووندا.
حزب و گروپ وهتد ئەمانە ئێستا لە کوردبوون وەک وتاری باڵا بەهێزترن، خۆیان بەمیزاجی سیاسی و ئایدۆلۆژیان هەویەی کوردبوون دەبەخشنەوە، لەکاتێکدا کوردبوون بابەتێکی جیاوازە و لەدەرەوەی ئەمانەیە. هیچ شتێک لەپێش کوردبونەوە نیە.
جوگرافیای نیە هەربۆیە پێویستە ئێمە وەک کورد برەو بەم بابەتی کوردبوونە بدەین، کەپێموایە هەتا نەگەینە وتاری دروستی کوردبوون ناگەینە حەقیقەتێک کەهەموان بەدەوریدا کۆببنەوە. خیانەت و هەڵوێستی دژە کورد زیاتر دەبێت. ئەبێت ئێمە لە جوگرافیای خێڵ و شار و ناوچە پارچە بێنە دەرەوە لە بۆتەی ئایدۆلۆژیا و دین بێینە دەرەوە، چونکە لەناو ئەم بۆتانە ناتوانین ڕاڤەی دروستی کوردبوون بکەین، بەشێک لەنەتەوەکان توانیان، هەموو بابەتەکانی وەک فکر، ئایدۆلۆژیا، دین، هتد بخەنە خزمەتی وتاری بونیان، عەرەب بوون فارس بوون تورک بوون، ئێمەی کورد هێشتا لەناو چیرۆکی پارچەپارچە بوون و کی جاشە و کێ باشەداین.
مامۆستایەکی ئاینی، زانکۆ ، سیاسییەک، سەرکردەیەک هاوڵاتییەک هەتا کوردبوون وەک باوەڕ و وەک توراس نەچێتە ناو بوون و وجودییەوە، ناتوانێت لەخزمەتی فاکتەکانی تری نەتەوە و کۆمەڵگەکەشیدابێت، چونکە کوردبوون وامان لێدەکات گەورەتر و فراوانتر بڕوانین، کوردبوون دووربینی و ئایندەبینی درووست دەکات، کوردبوون لە بازنە بچوکەکان ڕزگارمان دەکات و دەچینە ناو بازنەگەورەکە کە کوردبوونە.
لەناو چەمکی کوردبووندا هەموو چەمکەکانی دیکە دەتوێنەوە مرۆڤ لەگرێی ئایدۆلۆژیاکان ڕزگار دەکات. لێرەوەیە ئیتر ناڕێکی و پەرتەوازەیش نابێتە گرفت و ئالنگاری نەتەوەیی. فرە ڕەنگی فرە ئاینی، فرە زمانی هتد هەموو ئەمانە کەئێستا بوونەتە ترس لەبەردەم کورد وەک نەتەوە، لەناو کوردبووندا هەموو جیاوازییەکان دەبنە تابلۆ و هونەری گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی.
ئێمەی کورد لەئێستادا لەناو چەند بازنەیەکی بجوکی دین، ئایدۆلۆژیا، سیاسەت هتد گیرمان خواردووە، هەر لەناو ئەو بازنە بچوکانەدا دەمانەوێت ڕاڤەی نەتەوە و نەتەوەسازی بکەین. بەم حاڵەوە گومانی تێدا نییە، ناتوانین بگەینە ئامانجی گەورەی نەتەوەیی. کوردبوون چەمکی باڵای نەتەوەیە، هەموان دەبێت لەناو ئەم چەمکەدا بتوێنەوە، کەی کورد وەک نەتەوە گەیشتە ئەم لوتکەیە، ئەوکات حزب گروپ دین بەتەوای جیاوازییەوە دەبنە بەشێک لە بزاوتی کوردبوون. خیانەتکار لەناو کوردبووندا دەردەکەوێت نەک لەناو حزب و گروپ و ئاین و ئایدۆلۆژیا. کاتێک ئەمە لەدەرەوەی کوردبوونین، بێگومان هەموومان لەچاوی یەکدی خیانەتکار و ناڕاستین، گروپێک خۆی پێ ڕەواتر و ڕاسترە لەوی دیکە، لەکاتێکدا ئەمانە پێوەری لۆکاڵین پێوەری کوردبوون بابەتگەلی دیکەن. ڕۆژانە چەندین هەڵوێستی خراپ و ناڕەوا دژی نەتەوەی کورد دەبینین، بەڵام لەبەر ئەوەی چەمکەکانی دیکە لەسەروی چەمکی کوردبوونە، نابنە خیانەت بەڵکو زۆرجاریش ئەم هەوێستە ناکوردانەمان بە کوردبوون پێ دەفرۆشرێت، جا ئەم خیانەت و هەڵوێستە دژەکوردانە، حزب یان دین یان سیاسی یان مامۆستای ئاینی یان هاووڵاتی بیکات. جیاوازی نییە. ئەمانە هەڵوێستی بەدن و دژی وتاری کوردبوونە، بەڵام کاتێک کوردبوون و خەسڵەتەکانی وجودی نەبێت ئیتر خەسڵەتی ناو بازنە بچوکەکان خۆیان فەرزدەکەن و بەئاسانیش بەناوی هەڵوێستی کوردانە تۆمار دەکرێن.
پێشەکی دان بەوەدا دەنێم، من لەم سەردەمەدا نامەکەم دەنووسم، بەڵام بۆ تۆی خاوەن هەڵوێست و داکۆکیکاری راستەقینەی مافی رەوای میللەتی کورد، شێوازی شەهیدکردنی تۆ وای هەژاندم کە ئەم چەند دێڕە بە موولوولە باریکەکانی دڵمدا وەک پەڕەی گوڵی نێرگز تێپەڕێنم.
ئەم نووسینە کورتە، زاخاودراوە بە بۆنی دایکم و خۆشەویستیی خوشکم و پەرۆشیی کچەکم. لێرەدا راستییەک دەدرکێنم، راستە من لە نامەنووسیندا کەم بەرهەمم، بێجگە لە ماوەیەکی دیاریکراو، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کە پەردەی شەرمم دڕاند و دەستمکرد بە نامەنووسین بۆ یارە بێ ناونیشانەکەم، زۆربەی شەوان نامەیەکی عاشقانەم دەنووسی و لەگەڵ هاژەی ئەڵوەن رەوانەم دەکرد بۆ نیوەکەی تری دڵم. ئەم کۆپلەیە لە قوژبنێکی بیرەوەرییەکانی ئەو ساڵانەمدا ماوە:
تامەزرۆی لێوی ئاڵم
شەیدای بۆنی دایکم
چاوەڕوانی دیداری یارم
هەموویان لە بیر دەکەم
کە تۆ دەبینم!
ئای لە خۆشی و ئازاری ئەم چەند دێڕە، کە لەگەڵ تەمەنمدا ژیاوە!
نامەکەی من بۆ دەنیز، جۆری یەکەم نامەی ماکار دیفوشکین بۆ فارڤارا دوبروسیلوڤیا نییە کە لە یەکەم رۆمانی بەناوبانگی دۆستۆیفسکی کە لە ساڵی1886دا لە پترسپۆرگ بڵاوبۆتەوە. نامەکەی من لەلایەن دەنیزەوە وەڵام نادرێتەوە، چونکە من بۆ رۆحی ئەوم نووسیوە، رۆحیش وەڵامی نامە ناداتەوە.
تابلۆی دەنیز لە نامەکەمدا، بەداخەوە سەرتاپا زەرد و خۆڵەمێشییە وەک دوا تابلۆکانی فانکوخی هۆڵەندی، نەک وەک تابلۆ رەنگاوڕەنگەکانی (ئازاد شەوقی) خەڵکی سلێمانی.
لە شۆڕشی نوێدا، نامە زۆر و زەوەندەکانی رەوانشاد مام جەلال، بۆ هەموو لایەک و ئاستێک و بوارێک، ئامرازێکی بەهێزی گەشەسەندن و پەرەسەندنی شۆڕشی گەلی کورد بوون. هەروەها کاک ملازم عومەریش لەناو شۆڕشدا ناسراو بوو لە بواری نامە نووسیندا، بەداخەوە ئێستا تاقەتی جارانی نەماوە. با بچینەوە سەر ئەسڵی مەبەست و نامە ناوازەکەی دەنیز کە بەمجۆرە دەست پێدەکەم:
دوای سڵاو و رێز..
کچە نازدارەکەم، تۆ ناسکتر لە گوڵ و بەخێرتر لە باران بوویت، دوژمن ناچاریان کردی لە جیاتی شاڵی ئاوریشم، چەکی قەناست خستە سەر شان. لەجیاتی گوێگرتن لە سەمفۆنیای بتهۆڤن و مۆزارت، گوێت پڕکرا لە دەنگی دەبابە و هاوەن و چەکی قورس.
رۆڵە ئازیزەکەم، دوای شەهید بوونت، وایانزانی کە تۆ لەو بەرزاییەوە دەخەنە خوارەوە، کۆتایی بە کێشەی رەوای گەلی کورد دەهێنن!
تۆیان لە چەند نهۆمێکی باڵەخانەیەکەوە خستەخوارەوە بۆ باوەشی نیشتمان و سەوز بوویتەوە وەک دار ئەرخەوانی هەتاهەتایی.
کچە نازدارەکەی نیشتمان..
تۆ هەتا دوا هەناسە، بەرگرییت لە وڵاتەکەت کرد، لەدواییدا بوویت بە ئەستێرە و فڕیت بۆ حەوت تەبەقەی ئاسمان. غەدری مێژوو، باجی جوگرافیا وامان بەسەردەهێنێت دۆستایەتی لەگەڵ (برا سەپێنراوەکان) بکەین کە زۆر جار دەبنە دوژمن و دڕندە و دیکتاتۆر بەسەرمانەوە.
دەنیز گیان، دەزانیت تۆ و هەڤاڵەکانت، سیستمی گەردوونتان گۆڕی؟ ئێستا رۆژ لای ئێوە هەڵدێ، نەک ئاوابێ. دەزانین مێژوو غەدری لە ئێمەی کورد کردووە، ئێستاش بەردەوامە، پشتیوانیی لە هەر دەسەڵاتێک دەکەین، کە ئێسقانی بەهێز دەبێت، وەک گەلەگورک پەلامارمان دەدات، لە ئەنفالدا رژێمی دیکتاتۆری بەعس، سەرگوڵی چوار ساڵەی لە نوگرەسەلمان بە مەمە شیرەکەیەوە زیندەبەچاڵ کرد، ئێستا لە عیراقی نوێدا سەرگوڵەکان بێ شیرن و مەمەشیرەکانیان بەتاڵە، بەنیازن لە برساندا بیانکوژن.
دەنیز گیان، لەم کاروانەدا هەر خۆت بەتەنیا نیت، لە شاری خانەقین لەیلا قاسم لە سێدارەدرا، لە تاران ژینا ئەمینیی خەڵکی سەقز بەغەدر کوژرا، لە دیاربەکر زەکیە ئەلکان بە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی داگیرساند.
دەنیزی جوانەمەرگ، دەزانم تۆ ئاهو (ئاسک) و ئەوان مشک، تۆ گوڵ و ئەوان دڕک، تۆ بەلسەم و ئەوان ژەهر، تۆ ژیان و ئەوان ئاگری دۆزەخن.
لە کۆتاییدا دەڵێم: رۆڵە گیان تۆ شەهید و نەمریت، شەهید پیرۆزترین پیرۆزییەکانی خەباتە. نادادپەروەرییش قێزەونترین نەخۆشییەکانی دەسەڵاتە.
هەزار سڵاو و درود لە گیانی بێگەردی تۆ و رۆحی گشت شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.

دەنیز دەبێتە دەریایەک لە خوێن و دوژمنانی تێدادەخنکێن
لە دیدارێکی میدیای فەیسبووک کەسێک کە سیفاتی پیاوی ئایینی هەیە ، بەڕاست و چەپ دژی ژنی کورد قسە دەکات و شۆڕشی کورد بە دژە دین دەناسێنێت، خودا لەگەڵ مەزڵومە و دژی ستەمکارییە، سیفات و ئەخلاقی خەوارج دیارن ، بەچەند هۆکارێک کورد رەوایە بجەنگێت ، ئەوان لە ناو خاک و ماڵی خۆیانن، ئەوەی کرا دژە ئینسانییەت و دژی خوداو دینی ئیسلامە ، کورد زۆرینەی موسڵمانن ، لە ڤیدیۆی چەتەکان وەک بەراز ناو دەبران و سوکایەتی بە کۆمەڵی کوردەواری دەکرا ، هەموو ئەوکارانەی کران دەچنە خانەی جینۆسایدەوە، روونە دژە کوردەکان بە فیتی داگیرکەرانی کوردستان ئەوشەڕەیان کرد. ئەگەر کەسێک لەسەر جێ و رێگەی خۆی خوێنی بەناحەق بڕێژرێت بێگومان پلەی شەهیدە. ئەوانەی هاتنە سەر شێخ مەقصود کۆنە داعش و گروپی گورگە بۆرەکان و نەژاد پەرستە پەرگیرەکانە ، رەنگە شوناسی ئیسلامیان لە خۆیان ناو نابێت بەڵام لە راستیدا دەرچوو لە دینن کە روونە ئایینی ئیسلام ئاشتی گەرەکە .
دواتر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی کە شەش سەدە بە ئاگروو ئاسن وڵاتانی عەرەبیان داگیرکردبوو بە خەلیفەی خۆی وەسفیان دەکات ، ئەگەر ئەوان خەلیفەی موسوڵمانانن بۆ دەبێت گەلانه عەرەب خۆیان لەدەستیان رزگار بکەن و دەوڵەتی ئازاد لە دوای دەسەڵاتی خەلیفە بۆ خۆیان دروستبکەن و ساڵانە یادی نەجاتبوونی خۆیان بکەنەوە .
ئەگەر خەلیفەی عوسمانی پیرۆزن بۆ رەوایەتیان دەدا بە کوشتنی کوردو ئێزیدی و کۆمەڵکوژی گەلانی جیران لەسەرویانەوە ئەرمەن و یۆنان و عەرەب .
ساڵی (١٥١٦) دا، لە رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتیش لە شاری (حەلەب) زیاتر لە (٩٠) هەزار پیاویان کوشتن و سەریان برین مێژوو پڕە لە کاره کۆمەڵکوژی عوسمانییەکان ، دەسترێژییان کردە سەر ژنانیش.. بازاڕ و سامانیشیان دزین و تەڵانیان کردن.
ئەم کۆمەڵکوژییەی حەلەب بە (سەربـڕینی گـرد) ەکە ناودەبـرێت، چونکە سوپای دڕندەی عوسمانی سەری سەربـڕاوەکـانیان کۆکردەوە و لەسەریـەک کەڵەکیان کردن، شێوەی گردێکـیان لێ پێکهـێنان.. ئەمەش بۆ چاوشکانـدن و ترس و تۆقانـدنی خەڵک بـوو.
دکتۆر (جمال الغیطاني) میسری، باس لە داگیرکردنی میسر لە لایەن عـوسمانییەکانەوە دەکات و دەڵێت:”ژیانی مرۆڤ هیچ نرخێکی نەبوو، سوپای ئینکشاری عوسمانی، هەر ساتێک هەر کەسێکیان بویستایە دەیان کوشت، هەر ئافرەتێکیان بویستایە دەیان برد و بە ئاشکرا لاقەیان دەکرد، تەنانەت گەر لە نێو مزگەوتیش بوایـە”
لە ساڵی (١٨٤٢) دا، کە عـوسمانییەکان شاری (کەربـەلا) یان لە عـێراقیان داگیرکرد، زیاتر لە (١٠) هەزار ژن و پیاویان لە کەربەلا کوشـت و لاقەی کچان و ژنانیان کردن.
لە ساڵی (١٩١٥) دا، (فەخری پاشا) شاری (مەدینە) ی سعـوودیەی کردە مۆڵگایەکی سەربازی عوسمانی و (مزگـەوتی پێغـەمبەر) یشیان کردە بارەگایەکی سەربازی، دوای ئەوەی کە چی کەل وپەل و شتی بەنرخ و بەڵگەنامەی مێژوویی تێدابوو، تاڵانیان کردن. دەسترێژیشیان کردە سەر کچان و ژنانیان. بە زۆرەملێش بەشێکی زۆری خەڵکی شاری مەدینەیان راگواستەوە و لە شار دەریانیان کردن.
لە ساڵی (٢٠١٨) دا، لە سعوودییەدا، فـیلمێکی دیکۆمێنتارییان لە بارەی تاوانەکـانی دەوڵەتی عـوسمانی کە دەرهـەق بە عـەرەبەکانی ناوچـەی حیجـاز ئەنجـامیان دان.
بەداخەوە پێشڕەوی بۆ دژە کورد بەردەوامە .
خەتێ، لە کورد نابڕێت. لە بارەی شۆڕشی ژن ، وابزانم ژن ئیشی حاجەت شۆردن نییە..؟!
راستە ماڵدارەو خاوەن ئابوریی گشتییە، هەر خۆی لە ئیسلامدا لە جەنگەکان ژن بەشداربوون لەبەرەکانی جەنگ تیمارکەرو هاوکاری موسوڵمانان بوون ، لە ناو کورد دا ژن سیمبول و پێشڕەوی کۆمەڵگەیە لە شۆڕشی نوێدا (هێرۆخان) سیمبولی ژنی کوردو بەشداری ژەنە لە شۆڕشدا دەیان ژن لە ریزەکانی خەباتدا رۆڵیان هەبووەو شەهیدبوون ، لە شۆڕشی رۆژ ئاوادا ژن بووە فاکتەری سەرکەوتن و یەکسانی ئەوەژن بوو جەنگی رەوای کردو خوێنی تێکەڵ بەخاک کرا ئەگەر حاجەت شۆر بونایە ، دەکرانە کەنیزەو دەفرۆشران بۆ غەریزە..؟!
بە دیتنی من ئەو لێدوانە برین و ئازارەکانی قوڵتر کردەوە سودێکی ئەوتۆی بۆ دین و دنیا نەبوو .
بریا ئەم سوکایەتییە هەر نەکرایە کە ژن لاوازو زەعیفەو بێدەسەڵاتن باشترە دابنیشن .
ئەمرۆکە ژنی کورد خانمی یەکەمی وڵات و وەزیرو پارێزگارو فەرماندەو حاکم و کاربەدەستی بەڕێوبردنی ئەم وڵاتەیە ژنه کورد سلۆگانەکەی بۆتە دروشمی جیهانی کە دەڵێت ژن ژیان ئازادی .
*بۆ ئەم وتارە پشت بە لێکۆڵینەوەی( عوسمانییەکان و مێژوویەک لە تاوان و بێڕەوشتییان، لە نوسینی رەزا شـوان، بەستراوە
هەر چەندە ئەم پرسە پەیوەندی بە هەموو سەردەمەکانەوە هەیەو لە گەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەنگاو دەنێ، بەها کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە گرنگترین بنەما فکری و کەلتوورییەکانن کە ڕێنمایی هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و شێوازی پەیوەندیی مرۆڤانە لە کۆمەڵگادا دەکەن. ئەم بەهایانە شتێکی جێگیر و نەگۆڕاو نین، بەڵکو بە شێوەیەکی بەردەوام لە گۆڕان و گەشەسەندندان. بەپێی سەردەم، بارودۆخ و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئەم بەهایانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، هەندێکجار تەنانەت دەتوانن پێچەوانەی یەکتریش بن. ئەم جیاوازییەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بنەما کەلتوورییەکان وەک ئایین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ڕێگەی سیستەمە سیاسییەکان، ئابووری و تەکنەلۆژیاوە ڕوو دەدەن.
لە دۆخی جیهانیی ئێستادا، زۆربەی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرەو ئاراستەی تاکگەرایی هەنگاو دەنێن؛ واتا تاک، بەرژەوەندی کەسی و پێداویستییەکانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندی گشتی. هەرچەندە ئەم ئاراستەیە لە ڕوانگەی گەشەی مافی تاک و ئازادییە کەسییەکانەوە هەندێک جار وەک پێشکەوتن دەبینرێت، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەکرێت تاک بەرەو خۆپەرستی، کەمبوونی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی پابەندبوون بە بنەما ئەخلاقییە گشتییەکان ببات. سەرئەنجامی ئەم ئاراستەیەش ڕەنگە بوونەوەرێکی دژە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی دروست بکات، کە لەو دۆخەدا هاوبەشی، هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر بە شێوەیەکی دراماتیکی لاواز دەبن.
کاتێک بەها کۆمەڵایەتییەکان بێبەها دەبن، جۆرێك لە كۆیلایەتی هاوچەرخ دروست دەبێت؛ كۆیلەیەك كە وەك قورمیش لە ڕێگەی میدیا و ژیری دەستكردەوە فێركراون. ئەمانە زۆر بە ئاسانی دەبن بە ئامرازیێكی بەكارهاتوو، بەتایبەت هەر دەسەڵات و لایەنێك دەتوانێت بە پێی ویست و ئامانجی خۆی بیر و هەڵسووكەوتیان ئاراستە بكات، بێ ئەوەی هەست بە كۆیلایەتی خۆیان بكەن.
لەم ڕوانگەیەوە کە جیهانگیری و تەکنەلۆژیا و سیستەمی سەرمایەداری زاڵە بەسەر زۆرێک لە کایەکانی کۆمەڵگە، پرسیارێکی سەرەکی دێتە پێشەوە، چارەنووسی داهاتووی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کارێکی هێندە ئاسان نییە، چونکە گۆڕانکارییە خێراییەکان لە کۆمەڵگادا تەنها بە یەک هۆکار ناتوانرێن دیاری بکرێن، بەڵکو پێچەوانە و فرەڕەهەندن. بەها کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە خێراییەکان لە دۆخی ئێستادا وەك دارێكی دووجەمسەری وایە، چونکە سیستەمی سیاسی، دامەزراوە پەروەردەییەکان، ئایین، دۆخی ئابووری و هەلومەرجە ژینگەییەکان هەموویان بە شێوەیەکی یەکگرتوو کاریگەریان لەسەر ئاراستە و شێوازی گۆڕانی ئەم بەهایانە هەیە.
هەرچەندە لە جیهانی ئەمڕۆدا، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها گەشەی ژیری دەستکرد، بوونەتە هۆکاری سەرەکی لە گۆڕانکاری شێوازی هەستکردن، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ. ئەم هۆکارانە لە لایەکەوە دەتوانن هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە گشتییەکان بەرز بکەنەوە، لە لایەکی ترەوە مەترسییەکی گەورەیان هەیە بۆ پەرتەوازەبوون، لاوازبوونی بنەما و بەها کۆمەڵایەتی وئەخلاقییەكان.
کەواتە دەکرێت بووترێت، ناتوانرێت بە ڕەهایی بڕیار لە داهاتووی بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکان بدرێت، بەڵکو ئەم داهاتووە پشت بە شێوازی بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییەکان، ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی دامەزراوە ئاینیی و پەروەردەیی و کەلتوورییەکان دەبەستێت کە تا چەند وابەستەی بەها باوەکانی کۆمەڵگەن کە سەردەمانێک جێگای شانازی تاکەکان بوون، یاخود چەندە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکاریکەکان دەگونجێنن و تێهەڵکێشی گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان دەکرێت تاوەکو نەوەی نوێش نامۆ نەبێت بەو بەهایانە. بە پیچەوانەوە دەکرێت بەها کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوەتی لەناوبچن و ئەوەی لە ڕابردوو پیرۆزی بوو، ئیتر لە هزری تاکەکان نەمێنێت و ڕەفتارکردن بەو ئاڕاستەیە نامۆ ببینرێت و ئەو تاكانەی ئەو بەهایانە پەیڕەو دەكەن بە دواكەوتوو سەیربكرێن لە کۆمەڵگەدا.
خراپ و خراپترین… رێک بۆ ئەم گروپانەی سوریا دەستدێت کە ئێستا کەوتونەرە وێزەی کورد ، ئەسەد کەقوچانی و سیستمی سەردەستە دوای ئەسەد بە بەرگ گۆڕاو وڵاتێکیان دایە دەست ژمارەیەک گروپی پەڕگیری تێرۆریستی، بەرگی تیرۆر بوو بە قات و ریبات و نەجمەو تاج بەڵام ناوەڕۆک دژە مرۆڤ و دڕندە ، کەهاتن بۆ خوێن مژی گەلان هاتن ، زاڵمترو خوێن مژترو رق ئەستورتر ؛ بەرامبەر کوردو دورزو عەلەوی .
داعشەکانی رابردوو ؛ لەهیچ تێناگەن جگە لە خوێن خۆری وکوشتن و قەتلوعامی نەتەوەکان .
زمانی تیرۆریان هەرگیز نابێتە لۆژیکی دیالۆگ و تێگەیشتن لە دیموکراسی کە خۆیان ناویان ناوە سوریای نوێ .
هێزەکانی سوریای دیموکرات ، کە ئێستا بۆتە مۆتەکەی شەرع و سوڵتان؛ سەردەمیانە تەواوی نەتەوەکانی سوریای تێیدا حزوریان هەیە .
هێزێکی فرە رەنگ و بەدیسپلینن، جەوهەری ئەو هێزە پاراستنی ئینسانییەتە؛ بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی تێدەکۆشێت .
ئەم خوێن مژانە و ژنێکی یەپەژە چلۆن دەتوانرێت لە ژێر یەک ئاڵادا کۆبکرێنەوەو ناویان لێبنرێ سوپای عەرەبی سوری ..!؟
بەداخەوە کورد لە سوریادا لەبەردەم یەک بژاردەو یەک رێگەدایە ، ئەویش بەردەوامی خەبات و پتەوی هێزو ئیرادەو شکاندنی بتەکانی تاریکی و تیرۆر .
بریا زمانی ئاشتی زاڵبوایە؛ بەڵام دوورو نزیک ئەم غرورە بە جەنگ دەشکێت .
ئەم جەنگ و شەڕە کۆنەو بۆ کورد نوێ نییە .
توندڕەوەکان لە زمانی لە ئاشتی و پێکەوەیی گەلان تێناگەن ؛ ئەوان لەسەرەتاوە بە شمشێر هەڵکێشان هاتوون؛
دەیانەوێت کورد وەکی مەڕی بەرپێیان سەربڕن .
کەناڵی کوردسات کەناڵێکی ناسراوی کوردییە و بۆ پیشەیی و دادپەروەری وەستاوە. بەردەوام ئەم کەناڵە جەختێکی زۆر لەسەر ڕاپۆرتکردنی ڕاستی و بەرپرسیارانە دەکاتەوە. ئامانجی ئاگادارکردنەوەی بینەرانە بە ڕاستگۆیانە و بەشدارییەکی ئەرێنی لە کۆمەڵگادا.
پرەنسیپێکی سەرەکی کەناڵی کوردسات، مامەڵەکردنی ڕێزدارانە لەگەڵ بۆچوونی جۆراوجۆر.کوردسات سەکۆیەک دەداتە دەنگە جیاوازەکان، بەمەش گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و یەکگرتوویی بەرەوپێش دەبات. بابەتەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری بە شێوەیەکی هاوسەنگ دەخرێنەڕوو، بەبێ ئەوەی دابەشبوون و ئیستفزازی بکەن.
جگە لەوەش کەناڵی کوردسات پابەندە بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و دادپەروەرانە. بابەتەکانی وەک مافی مرۆڤ، پەروەردە، ئاشتی و ناسنامەی کولتووری ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرنامەسازییەکەیدا دەگێڕن. بەم شێوەیە کەناڵی کوردسات بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
تاوانی ئەنفال یەکێکە لە گەورەترین و ترسناکترین ئەو تاوانانەی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدرا. نوێترین سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە بووە ،بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیەک لە سەر زێدی باب و باپیران.ھەنگاوی کرداری سڕینەوەی نەتەوەیەک بوو،کە تێدا ژن و منداڵ و لاو و پیر زیندە بەچاڵ کرا.
دەزگای میدیای کوردسات وەک یەکەم میدیا کوردی لە ٢٥ ساڵی رابردوودا ، بەردەوام لەخەمی کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراواندا بوە و خەمخۆری ڕاستەقینەی دۆسیەی ئەنفال بووە بەردەوام مینبەرێکی ئازاد بوە کە کەس و کاری انفالکراوان و شەھیدان بە ئازادی قسەی خۆیان لەسەر ئەم دۆسییە کردوە..
دەزگای میدیای کوردسات بەپێ ی پلانێکی درێژخایەن کە زادەی بیری یەکێتی نیشتیمابی کوردستانە و لەسەر رێبازی ھزری روانشاد مام جەلال دا ،چوارچێوەی کاری دارشتوە ،بەچەند رەھەندێک کاری لەسەر دۆسیەی ئەنفال کردوە.
ناساندن،لە پێناو ناساندنی دۆزی ئەنفال و گەورەی کارەساتەکە ،سەدان بەرنامەی دۆکیومێنتاری و مێژووی تۆمار و پێشکەش کردوە.
دەروونی :وەک میدیایەکی بەرپرسیاری کاری بۆ ھێوەرکردنەوەی دەروونی و بەرزی ھەست و جووڵەو کاری کەسوکاری ئەنفالکراوان کردوە.
بە گواستنەوەی راستەخۆی دادگای سەرانی رژێمی بەعس و ھاوشان بۆ دۆزینەوە گۆڕەبەکۆمەڵەکان وگوستنەوەی روفاتی پیرۆزیان بۆ خاکی کوردستان.
کۆمەڵایەتی،:وەک میدیاکەی خاوەن پێگەی بەرز،کاری لەسەر جوانی و ئاکاری بەرزی کۆمەڵایەتی کوردەواری و خانەوادەی قوربانیەکان ،بە ئەرک زانیوە.
ئابووری :لەگەڵ ھەڵکشانی باری ئابوور و رۆزی و ژیاری کەسوکاری ئەنفالکراوان ،بە گەیاندنی پەیامی راستگۆیانە،کاری بۆ قەرەبۆکردنەوە و شایستە دارایەکان کردوە،تا ئاستێکی باش توانیوتی ھۆکارێکی کاریگەر بێت ،بۆ دەستکەوتە دارایەکانی لە سەرجەم کابینەکانی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی شەھیدان .تا ئاساتێک زمانحاڵ و دەنگی راستەقینەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بووە و بەردەوامە لە گەیاندنی دەستکەوتەکان.
ھیوابەخشین:لە گەیاندنی پەیامی زانستی و بەشداری پێکردنیان لە پرۆگرام وبەرنامەو ستافی کاری میدیایی،یەکێک بووە لەو کەناڵانەی كە نەوەی ئێستایی ئەنفالکراوان بەشێکی زۆری دەستەی بەرێوەبردن و پێشکەشکار و ئامادەکاری پرۆگرام و کارەجوانەکانی ئەم میدیا بەرزەن.
ھاوکار و پشتیوان:لە سەرجەم یاد و فیستیڤاڵ جۆراوجۆرەکان و کۆڕ و کوبوونەوە رۆشنبیری و روناکبیری و کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکان دا،کوردسات پردی پەرینەوەی دەنگی کەسوکاری ئەنفالکراوان
و شار و گوند و سنوورەکانی ئەم کارەساتە بووە.
دەتوانین بە ئینسافەوە شاهیدی ئەو راستیە بین کە دەزگای میدیای کوردسات ،هەمیشە دەنگی کەس و کاری ئەنفالکراوان بووە و لە رێگەی شاشە پڕبایەخەکەیەوە،دەنگی گەیاندون بە هەموو جیهان و هەمیشە بە گرنگیەوە یادی ساڵانەی جینۆسایدی ئەنفالکراوان دەکاتەوە و بەتایبەتی لە ئان و ساتی هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی شەهیدانی نیشتیماندا. لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوار وی عێراقەوە بۆ کوردستان کە بەچاودێری و ڕاسپاردەی خانمی یەکەمی عێراق و توانای مرۆیی و زانستی و لەخۆبووردوانی دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم دۆزە کاری لەسەر کراوە.
٢٦ ساڵ لەمەوبەر ئەستێرەیەی گەش لە ئاسمانی کوردستان دەرکەوت و شاشەیەکی رەنگین و سەنگین لەدایک بوو،شاشەیەکی جیاواز و بێ وێنە، نیشتیمانی و نەتەوەیی ، کاریگەر و بەهێز، رێچکە شکێن و داهێنەر ، گەش و پاراو ، زمانێکی نەرم و هێمن ، هەموان خۆیان تێدا بینی و هەرزوو بوو بە جێگەی متمانەو کەناڵی هەموان ،
نەک ئەو کات بەڵکو بۆ ئێستاو داهاتووش دامەزراندنی کوردسات شانازییەکی گەورە و شۆڕشێکی میدیایی بوو لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا ،
کەناڵێک کە تا دەیان ساڵی دیکەش لە سەنگینی و ناوبانگ و پێگە بەرزەکەی هیچ میدیایەک ناتوانێت شانبدات لە شانی ، لەنێو ئەم دۆخە شێواوەی میدیای کوردی دەیان و سەدان هۆکار هەن کە کوردسات لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ، بەڵام گرنگترین و سەرەکی ترینیان تێکەڵنەبوون و خۆرادەستنەکردنیەتی بەو ژینگەیەی کە ئێستا بەشێک یان زۆرینەی میدیا تێی کەوتوون و لەنێو ئاوی ڵێڵدا مەلە دەکەن .
کوردسات بۆ من تەنیا کەناڵێک یان دامەزراوەیەکی میدیایی نیە، بەڵکو گەورەتر لەوە قوتابخانەیەکی بێ هاوتای پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەو تاک و خێزان و نیشتیمانە ، گۆشکردن و بنیاتنانی تاکی کوردە لەسەر بەها باڵاکانی کورد بوون و هاوچەرخی بوون و بەرزی ئاستی تێگەیشتن و رۆشنگەری ، کوردسات ئەو دامەزاوەیەیە کە رووناکییەکەی سنورەکان دەبڕێت و وەک گەلاوێژ لە ئاسمانی کوردستان و جیهاندا دەدرەوشێتەوە،
جیا لەوەش کوردسات سەکۆیەک بووە بۆ بەدیهێنانی خەون و هیواکان ، ماڵێکی پڕ رەنگ و درەوشاوەیە ، خۆرێکە هەموو کوچەو کۆڵانێک رووناک دەکاتەوە ، مینبەرێکە راستی لێیەوە جار دەدرێت لە هەموو گرنگتر دوور لە چەواشەکاری پەیامە میدیاییەکانی ئاراستە دەکات ، متمانەی بینەرەکانی لەدەست نادات و لەهەموو بارودۆخێکدا پارێزگاری لێ دەکات،
ئێستا کە بەروونی بەدی دەکرێت بەشێک لە میدیای کوردی لە رێڕەوی راستەقینەی کاری پیشەییانەی میدیا لایانداوەو سەرقاڵی تێکدان و بنکۆڵکردن و وێرانکردن ئاکارو کلتورو دابونەریت و بەها بەرزەکانی خێزان و پیرۆزییەکانن ، رۆژانە لەبری هەواڵ و زانیاری راست و دروست ژەهر دەرخواردی خەڵک دەدەن، تۆوی رق و کینە دوچێنن و کۆمەڵگە چەواشە دەکەن ، کاتێک بەووردی لەمە دەڕوانیت تێدەگەیت بونی کوردسات وەک میدیایەکی سەنگین و زەنگین چەند گرنگە بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە پارێزگاری لە ناوبانگ و پێگەکەی کردوە و هیچ کات نەبووە بە بەشێک لەو دۆخە خراپەی کە میدیای کوردی ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبێت ،
زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم لە نێو دنیای تاریکی ئەمڕۆی میدیادا کوردسات ئەو چرا رووناکەیە کە تیشکی رووناکیەکەی دەگاتە نێو هەموو ماڵ و خێزانێکی کورد و ساڵ لەدوای ساڵ متمانەی بینەر و وەرگرانی کەناڵەکە زیاتر دەبێت و خەڵک بەروونی ئەو جیاوازییە دەبینن کە کوردسات لەسەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ ئەوانی دیکە جیا دەکاتەوە،
گرنگە خەڵک لەوە تێبگات ئێمە لە دەزگای میدیایی کوردسات چی دەکەین و چۆن پەیامە میدییایەکان دەگەیەنین ، چۆن رووماڵی رووداو بابەتە رۆژنامەوانیەکان دەکەین ؟
بەر لە هەرشتێک هەر هەواڵ و زانیارییەک بەر لە بڵاوکردنەوەی بە فلتەرێکی وورددا تێپەڕدەبێت و لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە دڵنیایی لە راست و دروستی زانیارییەکە وەردەگرین و پاشان رێگە بە بڵاوبوونەوەی دەدەین چەنکە بڵاوکردنەوەی هەر ووشەیەک لە میدیادا بەرپرسیارێتیە و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی بەجێ دەهێڵێت ، هەر رووداو زانیارییەکیش پێچەوانەی بەها باڵاکانی کۆمەڵگەو ئاسایشی نیشتیمانی بێت رێگە بەبڵاوبونەوەی نادرێت ، لە کوردسات تیشک و فۆکەس دەخەینە سەر ئەو بابەتانەی کە بۆ خەڵک گرنگن واتە ئەو بابەتە رۆژنامەوانیانەی کە خەڵک خۆ تێدا ببینێتەوە ،
وەک ئاشکرایە لە کوردستان سەدان کەناڵ و دەزگای راگەیاندن هەن رۆژانە بەهەزاران هەواڵ و زانیاری بڵاودەکرێنەوە ،کە بەشێکیان هەواڵی ناراستن و زۆرینەیان هەواڵی ئاماجدار و ئاراستەکراون، لەگەڵ ئەوەدا کوردسات هیچ کات نابێتە بەشێک لەم جۆرە میدیایە ، کار لەسەر ووروژاندن ناکەین بەڵکو کار لەسەر ئارامی دەروونی و سەقامگیری کۆمەڵگە و نیشتیمان دەکەین ، لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و زانیارییەک لایەنی یاسایی و ئابوری و دەروونی بینەرەکانمان لەبەرچاو دەگرین و رووداوەکانی ژن کوشتن و خۆکوژی روماڵ ناکەین و رووداوەکانی کوشتن و کێشە کۆمەڵایەتیەکان گەورە ناکەین و فوی تێناکەین ، لەبری ئەوە پەنجە دەخەینە سەر کێشە هەنوکەییەکانی ژیانی خەڵک و بە ئامانجی چارەسەر دەیانخەینەروو ، دیاردەو گرفتەکانی نێو کۆمەڵگەو کەموکورتیەکانی حکومەت و هەر دامەزراوەیەکی کەمتەرخەم باس دەکەین و وەک هەندێک لە میدیا ساڵ لە وتنیان ناکەینەوە ، بۆ هەر رووداو و رووماڵێکی رۆژنامەوانی ئیتیک و بنەماو پێوەرەکانی کاری رۆژنامەوانی لەبەرچاو دەگرین ،
تیۆرێکی ئەکادیمی هەیە لە میدیا کە دەڵێت : ئەوە بکە کە «وەرگر »خەڵک دەیەوێت نەک ئەوەی کە تۆ دەتەوێت ، واتە ئەوە بەزۆر دەرخواردی خەڵک مەدە کە تۆ دەتەوێت ، کوردسات ئەوە دەکات کە خەڵک دەیەوێت و هەمیشە بەو ئاراستەیە کار دەکات کە خەڵک خۆی لە کوردساتدا ببینێتەوە ئەمەش نهێنی سەرکەوتن و درەوشانەوەی بەردەوامی کوردساتە .
ناشکرێت نەوترێت بەشی هەرە گەورەی شانازییەکانی ئەم دەزگا میدیاییە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزرێنەری کوردسات کە «هێرۆ خانە» کە بەبیرو تێڕوانینێکی تەواو نیشتیمانی و کوردانە بناغەی ئەم میدیایەی داناو کردییە گەوهەر و دیارییەکی بەنرخ بۆ خەڵکی کوردستان و ئەزمونە میدیاییەکەی کە دەتوانم بڵێم جگە لە بیری هێرۆخان تێڕوانین و دنیا بینی سەرۆک مام جەلالیش لە کارە میدیاییەکانی دەزگاکەدا رەنگی داوەتەوە ، سەرپەرشتیارانی ئێستای دەزگاکەش لەسەر هەمان تێڕوانین و ئایدیا درێژە بە پەیامە میدیاییەکەی کوردسات دەدەن …
مەریوان عەبدوڵا
لێپرسراوی پەیامنێرانی دەزگای میدیایی کوردسات
1/1/2026
تەمەنی کوردسات بەرەو چارەکە سەدەیەک دەڕوات کەناڵێک ٢٦ ساڵە بێ ووچان خەریکی بونیادنانی تاک و بەخشەری رەسەنایەتییە بە کۆمەڵگەی کوردی .
بوونی کوردسات وەک میدیایەکی رەونەقدار بەشێکە لە شۆڕشی کلتوری و فەرهەنگی و رۆشنبیری و پەروەردەیی..
کوردسات بەکارەکانی خۆیکردۆتە موڵکی گشتی و شاشەی خێزان هەرلەبەر ئەوەش دەهێنێت لەدەوری کۆببیتەوە .
کوردسات ئەو میدیایەیە کە بە رێچکەی پڕمۆراڵ و نەتەوەیی سەرۆک مام جەلال و دادەهێرۆ ماوەی ٢٦ساڵە بێوچان هەوڵ و کۆشش دەکات .
کوردسات وەک ناوەندێکی میدیایی بە بەردەوامی کار بۆ بەرزی نەتەوەی کوردو پاراستن و برەودان بە کلتورو هونەرو رۆشنبیری و بواری فەرهەنگیی و پەروەردەو روناکبیری و سیاسەت لە ئاستێکی باڵادا کردووە .
لە مێژووی میدیایی نەتەوەکەماندا؛ كوردسات ئەزموونێكی پڕاوپڕ لە جەوهەرەو میدیایەکی بەرپرس و راستگۆو خاوەن شکۆیە؛ میدیایەکی بەخشەرەو کاری گەورەی بونیادنەرانەی کردووە .
لە كایەی خزمەتكردنی گشتیدا، لە هەموو قۆناغەكانی تەمەنی خۆیدا سەربەرزانەو بەهێزی نەرم خزمەتی باڵای کردووەو دور بووە لەبگرەوبەردەی میدیایی و بەرپرسانە هەمیشە حزوری جدی هەبووە و بەشێک بووە لە شۆڕشی نەرم و بونیادنەرانەی میدیایی لە کوردستان .
کوردسات بە مۆراڵی بەرزی خۆی توانیویەتی دەنگ و رەنگ و حزوری راستگۆیی میدیایی بێت .
لە کایەی نیشتمانیدا؛ کوردسات هەمیشە خاوەن پەیامی نەتەوەیی و دیموکراسی بووەو وەک خوێندنگەیەكی دەوڵەمەندو سەنگین؛ نموونەی میدیایەكی بەرپرس و بەپرەنسیب .
ئەم ئەزموونە مەزنە رەنج و ماندوبوون و دنیابینینی هەردوو تێکۆشەر (دادە هێرۆو خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) ی پێوەدیارە کە بەرپرسانە هەمیشە کوردسات ماڵی هەموو کوردێک بووەو دوربووە لە سیاسەتی سنورو خەندەق و تەل و دیواری نێوان پارچەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگە ، لەگشت قۆناغە سەختەکاندا کوردسات بەشێک بووە لە هەیاجانی نەتەوەیی و دەنگ و رەنگی کوردانی هەرچواربەشی کوردستان .
ئەزموونی کوردسات فرە دەوڵەمەندو بە پیتە ،
لە سایەی کوردساتی هەموواندا؛ دەیان رۆژنامەنووس و میدیاكاری كچ و كوڕی بەتوانا خزمەت دەكەن و پێگەیشتوون کە رەوتی میدیایی کوردیان گەشاندۆتەوە و ئێستا درەوشاوەن و جێدەستیان دیارە .
هیوادەخوازین کە دەزگای میدیایی كوردسات بەهەموو بەش و ناوەندەکانییەوە؛ ئەم یادو بۆنەیە بكاتە وێستگەی نوێی پێشكەوتن و فراوانبوونی رەوتی خزمەتکردن بە كۆمەڵانی خەڵكی کوردستان .
کوردسات ماڵی هەمووانە، درووشمی سەرەکی دەزگای میدیایی کوردساتە، ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنەی زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە میوانێکی سەنگین و شیرینی هەموو ماڵێکە، ئەستەمە لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆ کەناڵێکی مدیایی بدۆزیتەوە کە قبووڵکراوی هەمووان بێت و لە سەرەتای درووستبوونیەوە تا ئێستا لەسەر یەک ریتم و یەک سیاسەت کاربکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ کەلتوور و بەهای جوانی کۆمەڵگەی کوردەواریی.
میدیای کوردی لە ئێستادا لە دۆخێکی شڵەژاو و ناهەموار دایە، میدیایەکی ئاراستەکراو بەڵام ئاراستەیەکی خراپ و پڕ لە هەڵدێر، میدیایەک کە بەردەوام لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان میزاج و ئاسایشی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە، میدیایەک کە خاڵییە لە پێوەرەکانی کاری میدیایی، رۆژانە دەیان ناوەرۆکی بێ بەها، دەیان زانیاری ناڕاست و چەواشەکار ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پێکەوە ژیان دەشلەقێنن، خەریکە دۆخێک دێتە پێشەوە کە میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ شکاندن و هێرش بۆ سەر ئەوی دیکە.
بوونی ئەم فرەییە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا، بە پارتی سیاسی و ئاژانس و میدیاو...هتد،ەوە، ئاماژە نییە بۆ فرە رەنگی و دیموکراسی، بەڵکوو ئەم فرەییە هەندێکجار ئاماژەیە بۆ پاشاگەردانی و سەرلێشێواویی، کە زۆر گرنگە لەگەڵ دەستبەکاربوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە کارەکانی دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بێت بۆ کاری میدیا بە گشتیی و تایبەتیش دیجیتاڵ میدیا.
ئەم بابەتە گشتاندن نیە بۆ کۆی میدیا و میدیاکاران، بەڵام کەمن ئەوانەی ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن، لەناو ئەم دۆخە شڵەژاوەی میدیای کوردی، کەناڵێک دەبینین کە زۆر بە ئارامیی و لەسەرخۆیی هەنگاودەنێت، وێرای هەندێک دۆخی ناهەموار؛ بەڵام نەوەستاوە بەردەوامە و ماندوو نەبووە، ئەویش "دەزگای میدیایی کوردسات"ە.
کوردسات تەنها دامەزراوەیەکی میدیایی نییە، بەڵکوو دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیریی و پەروەردەییشە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو رۆڵێکی بێ ئەندازەی گێڕاوە لە پاراستن و پێشخستنی کەلتوور و فەرهەنگ و زمانی کوردیی، هەروەها گواستنەوەی ئەو میراتە جوانەی بابو باپیران بۆ نەوەی نوێ، لەم شانازییەدا کوردسات پشکی شێری لە نێو تەواوی میدیا کوردییەکان بەردەکەوێت، کەلتوور و بەها، فەرهەنگ و زمان، دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی، شیاوی رێزگرتن و پاراستنە و کوردسات لەسەر ئەو هێڵە کاردەکات.
کوردسات لە هیچ کەناڵێک یان تەلەفزیۆنێک ناچێت، نە لاسایی هیچ کەناڵێک دەکاتەوە، نە هیچ کەناڵێکیش دەتوانێت لاسایی بکاتەوە، کوردسات خاوەنی ناسنامەیەکە کە بۆ هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی تر ئەستەمە خاوەنی ئەو ناسمانەیە بن؛ ئەو ناسمانەیەش خاتوو "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" دیزاینەر و درووستکەریەتی.
کوردسات هەرگیز نایەتە سەر ئەو رێچکەیەی کە هەندێک میدیا بە پشگیرییەکی ماددی زەبەلاحەوە لە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتەبەر، ئەویش ڕێچکەی بەلارێداربرن و چەواشەکردن و شێواندنی راستییەکانە، هەموو ئەو کەسانەی کە وەک میوان بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرام و بەرنامەکانی کوردسات بانگهێشتدەکرێن، میوانی سەنگین و قبوڵکراوی کۆمەڵگەی کوردیین، هەرگیز بە درێژای کارکردنی میوانێک بانگهێشتنەکراوە کە شکۆ و کەسایەتی لەگەڵ بەها جوانەکانی کۆمەڵگە نەگوونجێت.
بەرهەمهێنان و ناردنی پەیامی میدیایی لە کوردسات بەجۆرێکە کە بە فلتەرێکی زۆر بەهێزدا تێدەپەڕێت، ئەوەی کە پێێ دەوترێت تیۆری دەرگاوان (Gatekeeper Theory) بە تەواوی لە کوردساتدا جێبەجێ دەبێت، هیچ بەرنامەیەک پەخش نابێت تا بە تەواوی پشکنینی بۆ نەکرێت، هەر بابەتێک یان تەنانەت وشەیەک لەگەڵ کەلتوور و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی یان لەگەڵ سیاسەتی نەتەوەیی نەگوونجێت رێگە بە تێپەڕبوونی نادرێت.
لە نێو ئەو دۆخە خراپ و شڵەژاوەی میدیای کوردیی، ئەمڕۆ کوردسات چرایەکی گەشی میدیای کوردییە، مارشە بەناوبانگەکەی (کوردسات تیڤی کوردانە) هێشتا لە نێو دڵ و دەروونی هەموو کوردێک جێگە و پێگەیەکی دیاری هەیە، کەناڵێکە کە نەک هەر ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی بووە؛ بەڵکو لە ناو خەم و ئازاری نەتەوەکەیدا گەشەی کردووە، بۆیە بەو پەڕی شانازییەوە دەڵێین کوردسات ماڵی هەمووانە و شکۆیە بۆ میدیای کوردی.
بەو پەڕی شانازییەوە دەڵێین کوردسات ماڵی هەمووانە و شکۆیە بۆ میدیای کوردی
کوردسات هەرگیز نایەتە سەر ئەو رێچکەیەی کە هەندێک میدیا بە پشگیرییەکی ماددی زەبەلاحەوە لە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتەبەر
لە نێو ئەو دۆخە خراپ و شڵەژاوەی میدیا، کوردسات چرایەکی گەشی میدیای کوردییە
لەکەرتی گەشتیاریدا فاکتەرەکان زۆرن بۆ ڕاکێشانی گەشتیار لەوانە بوونی سروشت و کەشوهەوایەکی گونجاو لەبار و بوونی ژێرخانێکی بەهێز و تۆکمە و بوونی چەند سومبولێکی شارستانی،بوونی شوێنەواری دێرین چەندین هۆکاری دیکە، کەدەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشان،لەپاڵ ئەوانەدا کەهۆکارەکانی پێشوو سەرجەمیان هۆکارێکی بەرجەستە و بینراون بەڵام بەپێچەوانەشەوە دەکرێت هۆکاری معنەوی ببێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیار وەک ناو و نازناوی شوێن و وڵاتەکە ستایشکردنی بەشێوازێکی باش و ئەرێنی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ناوبانگی وڵاتەکە لەنێو وڵاتەکانی دیکەدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وڵاتان لەهەوڵدان بۆ بەدەسهێنانی ناوبانگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەویش یەکێک لەڕێگاکان بەدەستهێنانی نازناو و (بڕوانامە نێودەوڵەتییەکان)ـە کەلەلایەن دامەزراوە فەرمی وئەکادیمەبڕواپێکراوەکانەوە دەدرێتە وڵاتان بۆ مەبەستی هاندان و زیاتر بەرەوپێشبردنی خۆیان لەبواری دیارکراودا،لەم نێوەدەدا وڵاتان دەیانەوێت لەڕێگای وەرگرتنی ئەم بڕوانامە نێودەوڵەتیانەوە بیکەنە هۆکارێکی بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران و بتوانن زۆرترین ڕێژەی گەشتیار بۆ وڵاتەکەیان بهێنن، وڵاتانی نموونە کەنازناو و بڕوانامەی جیهانیان وەرگرتووە وەک وڵاتی ئیتاڵیا کەبەهۆی مێژووە کۆن و بوونی شوێنەوارە زۆرەکەی لەسەر ئاستی دنیا بەوڵاتی شارستانیەت و شوێنەوار ناسراوە کەلەلایەن ڕێکخراوی جیهانی یونسکۆوە زۆرترین پێگەی شوێنەواریان دیارکردووە،ئەم تۆمارکردنە جیهانییانە دەبێتە هۆی بڕیاردانی گەشتیار نەمانی دوودڵی و ڕارایی گەشتیار لەسەر بڕیاردانی بۆ گەشتکردن ئەو شار و وڵاتە دەیەوێت گەشتی بۆ بکات،لێرەدا تیشک دەخەینە سەر شاری سلێمانی کەشارێکی هەرێمی کوردستانە،لەڕووی گەشتیاریەوە سەرجەم فاکتەرەکانی تری ڕاکێشانی گەشتیاری تێدایە ، کەلەشاری سلێمانیدا دەتوانرێت (١١)جۆری گەشتوگوزار تێداپیادەبکرێت،لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین نازناو و بڕوانامەی ناوخۆیی و جیهانی وەرگرتووە لەوانە
یەکەم : شاری داهێنەری ئەدەب لەیونسکۆ:
شاری سلێمانی لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی یونسکۆ نازناوی شاری داهێنەری ئەدەبیان پێ بەخشیووە،ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەی شاعیران و نووسەران هەر لەسەرەتای بوونیادنانی سلێمانیەوە پەرەیان پێداوە تاکو ئێستا بەردەوامە، بووە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ کە لە (٢٤٦) شار پێکهاتووەو (٦) کۆمەڵە لەخۆدەگرێت، و لە کۆمەڵەی شارە ئەدەبییەکاندا سلێمانی یەکێکە لە (٣٩) شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و بەشداری بەرچاوی لە تۆڕەکەدا هەبووە.
دووەم: ئەندامێتیی کۆنگرەی گەشتیاریی تەندروستی لە عەممان – ئوردون(گەشتیاری تەندروستی)
لەبڕوانامە گرنگ و نێودەوڵەتییەکان بڕوانامەی (گەشتیاری تەندروستی و چارەسەرسازی) کەشاری سلێمانی بەھۆی ئەو پێشکەوتنە گرنگانەی لەوبوارەدا خەڵات و نازناوی گرنگی پێدراوە کەلەساڵی ٢٠١٩ لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی گەشتیاریی چارەسەرسازیی و گەشتی تەندروستییدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن،لەلایەن وەزیری تەندروستیی ئوردن و سەرۆکی ئەنجومەنی جیهانیی گەشتیاریی چارەسەرسازیی و یەکێتیی نەخۆشخانەکانی وڵاتانی عەرەبیی؛ خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش شاری سلێمانی کرا، لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پردو پەیوەندیی پتەو لە نێوان کەرتی تەندروستیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردندا.
سێیەم: تۆڕی جیهانیی لایتهاوس فارم (کێڵگە ڕێڕۆشنکەرەکان) لە زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندا،سیانزەهەمین کێڵگەی کشتوکاڵی دنیا /
تۆڕی جیهانی کێڵگەکانی (Lighthousefarm)
دەستپێشخەرییەکە بە ئامانجی پەرەپێدانی کرداری کشتوکاڵی بەردەوام و داهێنان کە دەتوانێت یارمەتی جووتیاران بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، نەمانی سەرچاوەکان و ئاسایشی خۆراک.
بەهۆی بوونی ڕۆحی داهێنەرانەی سەرچاوە مرۆییەکانی پارێزگای سلێمانی لە بەرواری
٢٩/ ٥/ ٢٠٢٤دا، جوتیاری پێشەنگ کاک شێخ جەمالی کربچنە و کێڵگەکەی نازناوی ئەندامێتی تۆڕی جیهانیی کێڵگە ڕێڕۆشنکەرەکانیان پێ بەخشرا،
جوتیاری نموونەیی هەڵبژێردراو بەڕێز شێخ جەمال کربچنە، بەوەی زانکۆی ڤاخنینگ دوانزدە کێڵگەی نموونەیی لەسەر ئاستی دنیا بەو پێوەرە زانستیانە دیاریکردووەو کێڵگەکانی بەڕێز شێخ جەمال دەبنە یەکەم کێڵگەی هەڵبژێردراوی پەسەندکراو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سیانزدەیەمین کێڵگە لەسەر ئاستی جیهان،بەم هۆیەوە پارێزگای سلێمانی و کوردستانیش خرانەسەر نەخشەی بایەخی کشتوکاڵیی جیهانیی.
چوارەم: ئەندامێتی پهیمان و تۆڕی ئهوروپای نێودهوڵهتیی بۆ پارێزگارو شارهوانییهكانی تایبهت به كهش و وزه لە یەکێتی ئەوروپا ٢٠١٨:
پەیماننامەی سەرۆک شارەوانییەکان لە ساڵی (2008 ) کەلەلایەن یەکێتی ئەوروپا دامەزراوە،گەشەی کردووە و واژۆکەرانی سەرانسەری جیهان دەگرێتەوە. بەشداربووان پابەندن بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی کەشوهەوا کە زۆرجار لە ئامانجەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی کاربۆن دەگرێتەوە. واژۆکەران و ئەندامانی ئەم پەیمانامەیە بە شێوەیەکی ئاسایی پلانی کاری بەردەوامی وزە و کەش و هەوا (SECAPs) دادەنێن و جێبەجێی دەکەن.
شاری سلێمانی لەساڵی (٢٠١٨)بووە ئەندامی پەیمانی شارەوانییەکانە بۆ کەش و هەوا و وزە چونکە پابەندە بە چارەسەرکردنی گۆڕانی کەش و هەوا و پەرەپێدانی کردارەکانی وزەی بەردەوام لەسەر ئاستی ناوخۆیی. سلێمانی بە بەشداریکردن لە پەیماننامەکە، خۆی لەگەڵ دەستپێشخەرییەکی جیهانی یەکدەگرێتەوە کە جەخت دەکاتە سەر کەمکردنەوەی دەردانی گازی هەدەردراو، باشترکردنی کاریگەری وزە و برەودان بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێ. بە بەشداریکردن لە پەیماننامەکە، سلێمانی خۆی وەک شارێکی پێشکەوتووخواز دەناسێنێت کە تەرخانکراوە بۆ گەشەی بەردەوام و خۆڕاگری کەشوهەوا، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی کوالیتی ژیانی دانیشتووانەکەی و بەشداری لە هەوڵە جیهانییەکان بکات بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
پێنجەم: شاری پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەلایەن شارەکانی تری عیراقەوە
بنەماکانی هەڵبژاردن و پێدانی نازناوی شاری پێکەوەژیان و لێبوردەیی سلێمانی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە مامەڵەکردنی مرۆڤدۆستانەی خەڵک و خزمەتگوزاری ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لەبەهۆی جەنگی داعشەوە ئاوارەی شارەکەبوون ،مامەڵەکردنی گونجاو و دروستی خاڵەکانی پشکنین و بازگەکان ئاسانکاری ڕێگای هاتنەناوەوەی میوان و گەشتیاران بۆ پارێزگای سلێمانی.ئاسایش و ئارامی شارەکە بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و خوێندکاران سەرجەم ئەو کەسانەی ئارەزوومەندان بۆ مەبەستێک سەردانی شارەکەدەکەن،پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە ئاینیەکانی یشاری سلێمانی(موسوڵمان،کریستیان،
زەردەشتی،یارسان،یەزیدی) بەبێ هیچ بەریککەوتنێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی،
لە بەرواری ٢٣/٧/٢٠٢٢ مەراسیمێکی تایبەتی بزاڤی ئاشتیی کوردستان و ناوەندی عیراقنا بۆ دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە عیراقدا، لە چواچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیی بۆ دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە عیراقدا، بۆ ساڵی چوارەم لە سەریەک پارێزگای سلێمانی لەلایەن نوێنەری شارە جیاجیاکانی عیراقەوە؛ بە پایتەختی پێکەوەژیان لە سەر ئاستی عیراق هەڵبژێررایەوەو خەڵاتی ئەم سەرکەوتنە بەخشرا.
ئەمانەی ئاماژەمان پێدا نموونەی چەند بڕوانامە و نازناوێک بوو کەپارێزگای سلێمانی لەماوەی ڕابردوودا وەریگرتووە،لەئێستادا سلێمانی کەخاوەنی ٥ لەو بڕوانامە نێودەوڵەتیانەیە بێگومان کاریگەری هەبووە لەسەر بڕیاردانی گەشتکردنیان بۆ شاری سلێمانی لەهزری گەشتیاریدا بەچەند سیفات و بەبوونی ئەو ناو و ناوبانگەی بیستوێتی و ئاگاداری بووە لەکۆمەڵگادا بڕیاری گەشتکردنی بۆ داوە، لەدونیای ئێستادا بەهۆی ئەنتەرنێتەوە کاتێک بڕیارە گەشت بۆ وڵاتێک بکەیت ڕاستەوخۆ دەگەڕێین لەنێو گۆگڵ گەڕانی بۆ دەکەن ، سەرجەم زانیاری لەسەر وڵاتی دیارکراو وەردەگرن بۆیە ئەوکات گەشتیاران بڕیار دەدەن کام شوێن لەسەر کام پێوەر هەڵبژێرن.
لەکۆتا رۆژەکانی ساڵێکی پڕ لەرووداوی دراماتیکیدا نزیک دەبینەوەو پێ دەنێینە ساڵێکی تازەوە بە ئومیدی ئەوەی بارودۆخی میللەت و ولاتەکەمان جیاوازتر بێت لە ساڵەکانی پێشتر کە تژی بوون لە کێشمەکێش و ململانێی سیاسی لەسەر هەر سێ ئاستی هەرێم و عیراق وناوچەکەشمان .
چاوخشاندن بە رووداوەکانی ساڵی تێپەڕیو تەنها بۆ ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کورد عیبرەت لەئەزموونە تفتوتاڵەکانی ئەو ساڵەدا وەربگرێ و، ئەم واقیعە نابووت و ناشیرینەی بەرۆکی میللەتەکەمانی گرتووە لە پەرتەوازەیی و ململانێی ناڕەوای حزبی و پەکخستنی دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێم وموعاناتی رۆژانەی خەڵک لە بێ مووچەیی وگرانی و هەڕەشەی دوژمنان لەسەر ژێرخانی ئابووری کوردستان بگۆردرێ وساڵی تازە ببێتە ساڵێکی ئومێدبەخشی خۆشگوزەران وئاسوودەگی بۆ میللەتەکەمان .
رووداوە دراماتیکیەکانی ساڵی رابردوو زۆرن ، هەوڵئەدەین لێرەدا بە شێوەیەکی واقیعیانە شیکردنەوەیان بۆ بکەین ، بە ئومێدی ئەوەی لەساڵی داهاتوودا چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەو ململانێکان بدۆزینەوە و ئەم واقیعە تاڵە کەڵەگەبووەی چەندین ساڵی رابردوو تیپەڕێنین .
لەسەر ئاستی ناوچەکە :
- شەڕی دوانزە رۆژەی ئیسرائیل وئێران تاکو ئێستاش دەرهاوێشتەکانی ماون ، ئیسرائیل وئێران جارێکیتر هەڕەشەکانیان دژی یەکتر دەستپێکردۆتەوەو دوورنیە گەڕێکیتری شەڕ لەناوچەکەدا دەىستپێبکاتەوە ، بە تایبەتیش نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەم مەسەلەیە لەگەل سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە . دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی نێوانیان پێشهاتەکانی بە کراوەیی جێهێشتووە . ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لەشەڕی پێشوودا سەرۆک وەزیرانی عیراق محمد شیاع سودانی توانی بە هەر شێوەیەک بێت عیراق بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لەشەڕەکەدا ئەمەش قازانجێکی زۆری بۆ وڵاتەکەمان هەبوو ، ئێستاش وەکو سەرۆکی دەستەی دادوەری فایق زیدان ئاشکرای کرد کەوا بەشێک لەهێزو گرووپە وەلائیەکانی ئێران لەعیراقدا خەریکی چەکدانان و هاتنە ناو پرۆسەی سیاسیین ، ئەمەش گۆڕانکارییەکەی گەورەیە کە ئومێد دەکرێ تا ئاستێک کۆتایی بە ناسەقامگییری عیراق بێنێ .
لەسەر ئاستی ناوچەکەش گۆرانکاریەکی گەورە بەڕێوەیە کە چەندین دۆسیەی گرنگی چەقبەستوو یەکلا دەبێتەوە ، لەوانەش ، دەستبەکاربوونی ئیدارەی نێودەوڵەتی لەغەززە بە سەرپەرشتی ئەمریکا ، رازیبوونی حزبوللای لوبنانی بە پرۆسەی ( چەک بە دەست دەوڵەتەوە ) ، پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی شەرعی لە یەمەن وکۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکان ، ئەمانە بەگشتی پێشهاتی ئومیدبەخشن بۆ زیاتر سەقامگییر بوونی ناوچەکە .
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی :
- پرۆسەی راگەیاندراوی ئاشتی لە تورکیاش هێشتا نەکەوتۆتە سەر پێی خۆی . ئەگەر چی بەردەوام رێبەری پەکەکە عەبدوڵلا ئۆجەلان بانگەوازو دەستپێشخەری تازە دەخاتەروو ، بەڵام لێرەدا دوو ئالنگاری رووبەرووی پرۆسەکە بۆتەوە کە چاوەڕوان دەکرێ ئەوانیش لەساڵی داهاتوو چارەسەربکرێن ، یەکەمیان دوودڵی دەسەڵاتی تورکیا لەسەر گۆڕانکارییە دەستووری وقانونیەکاندا کە پێویستن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، لەمرۆژانەدا ئاماژەیەکی ئەرینی هەبوو ئەویش ئازادکردنی بەشێک لە گییراوە کوردەکانی هەوادارانی پەکەکە بە تایبەتیش ئەوانەی تاوانبار نین بە کاری چەکداری . لەلایەکی تریشەوە خەریکە کۆبوونەوەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی لەگەڵ دەسەڵاتی سوریا بگەنە سازانێک بۆ زیندووکرنەوەی رێکەوتنی١١ ئازاری ساڵی رابردووی دیمەشق و رێکخستنەوەی پەیوەندیەکان و چارەسەری دۆزی ئیدارەی خۆسەری کورد لەم بەشەدا .
لەسەر ئاستی عیراق :
دوایین هەڵبژاردنەکانی عیراق گۆڕانکارییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە ، کشانەوەی صەدرییەکان و سەرکەوتنی هێزێکی تازەی وەکو کوتلەکەی محمد شیاع سودانی تا ئاستێک نەخشەی سیاسی لەعیراق گۆڕیوە .هێشتا ناسنامەی حکومەتی داهاتووی عیراق نازانرێ ، بەڵام هەر وەکو عورفی سیاسی ئاشکرایە کەوا حکومەتی داهاتووش دیسان لەسەر هەمان شێوازی پشک پشکێنە ( محاصصە) دادەمەزرێ و دەسەڵات هەر لەلای شیعەکان دەبێ. وەکو ئاشکراشە کێشەی ئێمەی کورد لەگەڵ شیعەکان کێشەیەکی تازە نیە و لەساڵی ٢٠١٠ ەوە دەستی پێکردووە کە بە پلەی یەکەم خۆی لە فشاری ئابووری بەسەر کوردستانەوە دەبینێتەوە . هەر چەندە سەرهەڵدانی کێشەکانیش لە راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆوە دەستی پێکرد ، بەڵام دوو ساڵ بەر لەئێستا پرۆسەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بریاری دادگای پاریس وەستاوە .
لەم چەند مانگەی دواییدا ملیۆنان بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەکراوەو داهاتەکەشی چۆتە خەزینەی حکومەتەی عیراقەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کێشەی مووچەو بودجەی هەرێم چارەسەر نەکراوە بەڵکو هەموو ساڵێک دوو سێ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەفەوتێ و هیچ بوودجەیەکی هەرێمیش نەهاتووە ، ئەمەش وامان پێ دەڵێ کە دەسەڵاتی عیراق لەفشارە ئابووریەکانیدا دژی هەرێمی کوردستان نەوەستاوەو پێش ناچێ دەست لەم کارتی فشارە هەڵبگرێ . هەڵبەت هۆکاری سەرەکی زاڵبوونی ئیرادەی دەسەڵاتی بەغدا بەسەر کوردستان بێ ئیرادەیی کورد خۆیەتی . کورد ئێستا لەلاوازترین قۆناغەکانی پەیوەندیدایە لەگەڵ بەغدا ، بۆیە بەغداش ئەو دووبەرەکی و بێهێزییەی کوردەی قۆستۆتەوە بۆ زیادکردنی فشارەکانی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین لەو کاتانەی رەوانشاد جەنابی مام جەلال سەرۆک کۆماری عیراق بوو لەنێوان ساڵانی ( ٢٠٠٥-٢٠١٢) کورد کێشەکی ئەوتۆی لەگەڵ بەغدا نەبوو ، ساڵانە بودجەیەکی گەورەو پارەیەکی زۆری پەرەپێدان دەگەیشتە کوردستان کە لەو ساڵانەوە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییەکی زۆرو سەدان پرۆژەی ژێرخانی ئابووری بنیاتنران . مام جەلال کە لەبەغدا بوو خۆی سەرپەرشتی کاروبارەکانی کوردی لەبەغدا دەکرد ، نەک کوتلەو حیزبە کوردستانیەکان لەژێر فەرمانی ئەودا یوون، بەڵکو سەرجەم هێزە سیاسیەکانی عیراقیش بە جیاوازی پێکهاتەکانیانەوە رێزو تەقدیرێکی زۆریان بۆ کەسایەتی ورێبەرایەتی مام جەلال هەبوو تەنانەت مەرجەعی باڵای شیعەکانیش بە ( صمام الامان) ی عیراق وەسفیان دەکرد . کاریزمایی مام جەلال لەبەغدا گەورەترین خزمەتی بە دۆزی کورد کردبوو . راستە کەسێک ناتوانێ بۆشاییەکەی ئەو پڕ بکاتەوە ، بەڵام ئێستاش ئەگەر کورد یەکڕیز بێت وبەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان بخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزبی بێگومان کوتلەی کوردی لەبەغدا دەتوانێ پارێزگاری لەپێگەی خۆی لەپرۆسەی سیاسی عیراقدا بکات و رۆڵی خۆی بە هێزەوە ببینێ .
ئەوەی جێگای سەرنجە شیعەکان بە جیاوازی تیڕوانینیان بۆ سەرجەم پرۆسەی سیاسی عیراق وهاوکێشە دەولی وململانێکانی ناوچەکە بەڵام ئەوان یەک چوارچێوەیان هەیە بۆ بڕیاری چارەنووسسازی سیاسی خۆیان لەرێگەی ( چوارچێوەی هەماهەنگی) کە دەسەڵاتداری فیعلیە لەعیراقدا . سوننەکانیش لەم ماوەیەدا لە چوارچێوەی ( ئەنجومەنی سیاسی عەرەبیدا) کۆبوونەتەوەو ئەوانیش هەڵوێستەکانیان یەکخستووە بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەی سیاسیدا ، تەنها کوردە کە رۆژ لەدوای رۆژ رێزەکانیان پەرتەوازەتر دەبێ وخۆیان بە لاوازی پیشانی نەیارەکانیان دەدەن . سەیرە دەسەڵاتی سیاسی کورد هێشتا لەوە نەگەیشتووە کەوا یەکڕیزی هێزە سیاسەکانی زامنی بەهێزبوونیانە لەبەغدا و لەهاوکێشەو سیاسییەکانی ناوچەکەشدا .
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان :
سەرباری ئەوەی میللەتی کورد چەندین ساڵە متمانەی خۆی لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسییدا بە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانەوە دەبەخشێ وشەرعییەتی قانونیان پێدەدات ، بەڵام بە داخەوە ئەو پرۆسە دیموکراتیەی دەیان ساڵە خەباتی بۆ کراوەو دەیان هەزار قوربانی لەپێناودا دراوە ، هێشتا وەکو تمووحی میللەت نەهاتۆتەدی. دواکەوتنی سەرکردایەتی کورد لەپێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتیش دەگەڕێتەوە بۆ کامڵ نەبوونی هزری دیموکراسی لەناو هەندێ لایەنی سیاسییدا . هێزیک کە خۆی داوای ( هاوبەشی و هاوسەنگی سازان ) لەبەغدا دەکات ، هەر خۆی ئەم چەمکانە لە هەرێمەکەی خۆیدا قبووڵ ناکات !.ئەو هێزە کە داوای هاوبەشی وهاوسەنگی لەبەغدا دەکات هەوڵئەدات هەر خۆی تاکە حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم بێت و ئەوانیتر پاشکۆی بن واتە ئەو ( سوارە) و ئەوانیتر ( پیادە ) .ئەوان هەرچەندە ژمارەی کورسیەکانیشیان زۆرینەی رەها نیە ، بەڵام زۆرینەی دەسەڵاتەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە .
سەرەرای قەیرانی سەختی بژێوی کە تەنگی بە خەڵکی کوردستان هەڵچنیوە بەهۆی نەبوون و بڕانی مووچەکانیانەوە بەڵام دەسەڵاتی کوردی هێشتا نەکەوتۆتە خەمی ئەم پرسە نیشتمانییە چارەنوسسازەوە بە دامەزاندنی حکومەتێکی شەرعی تازەی بەهێز کە بتوانێ لەگەڵ بەغدا بکەوێتە دانوستانێکی بەرهەمدار بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە درێژخایەنە .
بەگشتی ئەزموونی چەند ساڵەمان بە رووداوە گەورەکانی ساڵی رابردووشمانەوە وامان پێ دەڵێ کە پێویستە سەرکردایەتی کورد بەهەڵەکانی پێشوویدا بچێتەوەو، خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریە گەورەکانی جیهاندا بگونجێنێ و ، مەلەی دژە تەووژم هیچکات خزمەت بە کورد ناکات ، دەبێ ئێمەی کورد بە ئیرادەیەکی راستەقیینەوە هەوڵی یەکسختنی بڕیاری سیاسی وهەڵوێستە نەتەوەییەکانمان بدەین . لە مەحسەڵەدا هیچ حزبێک ناتوانێ بەرامبەرەکەی خۆی ئاوت بکات ، تەنها رێگەش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە قووڵەکانی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان وپاراستنی بەشەکەشی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا تەنها ( هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) ی سیاسییە یە ئەویش بە کردەوە نەک بە دروشمی چەواشەکارانە .