راستە بوونی دەیان مایک و لۆگۆ لەبەردەم کەسێک کە قسە دەکات و هەموو یان بەشێکی زۆری رووخساری شاردراوەتەوە ، قەیرانێکەو پێویستی بە چارەسەرە وەک هەر قەیرانێکی دیکە دەکرێت میدیاش لە قەیراندا بێت وەک دەمێکە باسی ئەوەمان  کردوە و سەرنجمان خستووەتەسەر ، بەڵام دەبێت ئەم راستیەش بوترێت کە زۆری مایکەکان دیوێکی دیکەشی هەیە  ، 
بەشی هەرە دیاری ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیندوێتی میدیاو میدیاکارانی ئەم شارە ،  
پێگەی رۆژنامەوانی لە سلێمانی ئاستێکی دیکە بەخۆوە دەبینێت لەرووی ژمارەی میدیاو میدیاکاران ، وەک هەر بوارێکی دیکە بواری رۆژنامەوانی لەم شارە ئازادانە شەپۆل دەدات ، رەنگە ئاسان نەبێت کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هەموو میدیایە لە سنورێکی دیاریکراوی کاری رۆژنامەوانی ، میدیاکارانی ئەم شارە پڕ ووزەو جدین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و لە هەموو سات و کاتێکدا  خۆیان و مایکەکانیان ئامادەن ، بەردەوام رۆژنامەو میدیا لەم شارە گەشەدەکات و ژمارەی مایکەکان زیاتر دەبێت بەبەراورد بە شارەکانی دیکە زۆرترین دامەزراوەی میدیایی لەم شارەدا بوونی هەیە و کاردەکات ،  کە رەنگە دانانی سنورێک بۆ رێکخستنی کارەکانیان هەروا ئاسان نەبێت ،  
جیا لەوە ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیرییە چارەسەری ئەم کێشەیە بکات و شێوازی کارکردنی رۆژنامەوانی رێکبخاتەوەو پێداچوونەوەیەک بە پێوەر و مەرجەکانی کاری رۆژنامەوانی و مۆڵەتی دەزگاکاندا بکات ، تاوەکو سنورێک لەبەردەم  شێوازی کاری رۆژنامەوانی دابنرێت ،هەروەک بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەش بکات کە وەک رۆژنامەنوس خۆیان ناساندووە و پابەندی هیچ پێوەرو پێودانگێکی ئاکاری و ئیتیکی و پیشەیی بواری رۆژنامەوانی نین ، ئەرکی سەندیکای رۆژنامەنوسانیشە ئەندامێتی سەندیکا بەکێ دەبەخشێت و کێ وەکو رۆژنامەنوس دەناسێنێت ،

ئەمە دیوێکی چیرۆکی مایکەکانە لە سلێمانی سەرباری هەموو ئەو سەرنجانە رام وایە دەکرێت پلانێک هەبێت بۆ رێکخستنی کاری میدیایی لەم شارەو سەرجەم شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ، لەسەر و هەمووشیان دروستبوونی هۆشیاری زیاتر لای ئەو رۆژنامەنوسانەی کە بەشێوەی مەیدانی کاری رۆژنامەوانی دەکەن بۆ ئەوەی بە دروستی رووخساری ئەو کەسانەی قسەیان بۆ دەکەن نیشانبدەن ،  دەکرێت رێگەو شێوازی دیکە بدۆزنەوە تاوەکو ناوەڕۆکی پەیامە میدیاییەکان نەشێوێندرێت و سەرنج و رەخنەش نەیەتە سەر ماندوێتی و کاری رۆژنامەوانیان ، جی
لە چیرۆکی مایکەکاندا ناکرێت ئاماژە بۆ نەبوونی پلان و نەبوونی هۆشیاری دروست لەلای بەشێک لە فەرمانگەکانی نەدرێت کە دەکرێت بە دانانی سەکۆیەکی رۆژنامەوانی زۆر بە ئاسانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و بەباشترین شێوە رووخساری خۆیان و ناوەرۆکی پەیامەکانیان بگات .