سەرەڕای دۆستایەتی دێرین و پتەوی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناکۆکن لەسەر چەندین دۆسییه وەکوو: ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا و پرۆسەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕين، سەربەخۆیی دادگا و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕێی ئەنجامدانی چالاکییە سياسییەکانی لە ڕێگای ڕەوەندی تورکی لە ناوخۆی ئەڵمانیادا، کە بە گەورەترن ڕەوەند هەژمار دەکرێت، کێشەی قوبرس و ناکۆکییەکان لەگەڵ یۆنان، کۆچکردنی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا وڵاتانی تری یەکێتیی ئەوروپا، جەنگ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فلستین، بەتایبەت (حماس) لە غەزە.
دوای گۆڕانکارييەکانی ناوخۆی تورکیا، بەتایبەت دوای هەموارکردنی دەستوور و گۆڕینی لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، ناکۆکیێکی تر لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا هاتە پيشەوە، ئەڵمانیا یەکێک بوو لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، کە ئەم گۆڕانکارییە بە بەربەستێکی تر بۆ پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دادەنا.
پێشی گۆڕینی دەستووریش، ئاڕاستەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی سياسی لە تورکیا بەرەو نزیکبوونەوە لە ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی بوون و تا ڕادەیەک دوورکەوتنەوە لە ئەوروپا، ئەمەش بە پاڵپشتی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (AKP) بە ڕێبەرایەتی سەرۆک کۆمار ڕەجب تەییب ئەردۆغان بوو، ئەم پەرەپێدانە وای کرد، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا بە وردی چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی تورکیا بکەن و پرۆسەی بەرزی و نزمی و بێ متمانەیی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لادا دەستپێکرابوو. هاوکات لە گەڵ ئەم گۆڕانکارییه ناوخۆیانە لە تورکیا، لە کۆتایی ساڵێ ٢٠١٠ "بەهاری عەرەبی" لە چەندین وڵاتی عەرەبی دەستی پێکرد و یەکێک لەو وڵاتانە سووریا بوو، کە دەبێتە دراوسێیەکی ڕاستەوخۆی تورکیا و گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە لە ئاسایشی نەتەوەی تورکیادا و دواتر سەرهەڵدانی شەڕی (داعش) لە عێراق و سووریا لە ساڵی ٢٠١٣ و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤. دەرئەنجامی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی و شێوازی دڕاندانەی حوکمڕانییەکی لەگەڵ کەمینەکانی ئایینی، وەکوو: کرستیانەکان و ئێزدییەکان بوو، بە دەنگهاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی (داعش) بە سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەندامییەتی چەندین وڵاتی تر، کە یەکێکیان ئەڵمانیایە. لە میدیای وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەم ڕووداوە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەو لە سەر بەهاکانی مافی مرۆڤ و ئاسایشیی جیهانی لە قەڵم دەدرا، ئاماژەش بەوە دەکرا، کە تورکیا و چەند وڵاتێکی تری ناوچەکە بە نا ڕاستەوخۆ بەشدارن و هاوکارن لە پرۆسەی سەرهەڵدانی (داعش)، بەتایبەت لە میدیای ئەڵمانیدا. ئەم ڕووداوەش بووبە خاڵێکی تری ناکۆکی لەنێوان ئەڵمانیا و توکیادا.
دوای پێشهاتەکانی جەنگ ڕووسیا و ئوکرانیا و ئیسرائیل و بزووتنەوی خۆڕاگری ئیسلامی (حماس) لە غزە و حیزبوڵا لە لوبنان و تاکوو ئێستا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێران، ڕەوانگەیەکی نوێ لای حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا دروست بوو، بڕیاریدا دووبارە لە تورکیا نزیک ببێتەوە و دەست بە چالاککردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان بکەنەوە. سەرەڕای کەڵەکەبوونی ناکۆییەکانی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا لە گەڵ تورکیا لە سەر دۆسییە جۆراوجۆرەکان، بەپێی ڕوانگەی حکومەتی ئەڵمانیا لەم هەلومەرج و دۆخی ئێستای نێودەوڵەتیدا، تورکیا وڵاتێکی گرینگی ناوچەکەیە و دەکرێت هاوبەشێکی ستراتیژی بێت، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای ئیسرائیل بۆ ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا. هەر بۆیەش حکومەتی ئەڵمانیا دەست پێشخەر بوو لە شێوازی کارا و چالاککردنی پەیوەندییەکانیان و بۆ ئەم مەبەستەش، لە ٢٩-٣٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لە ئەنقەرە بە گەرمی لە لایەن سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرتس و شاندە یاوەرەکەی کرا و هەر دوولا هاوڕابوون لە سەر چالاککردن و گەشەپێدانی پەیەوەندییەکانیان و ڕێککەوتن لە سەر میکانزمی دیالۆگی هاوبەشی ستراتیژی لە نێوانیاندا و دەست بە دانوستاندن لە سەر گشت دۆسییەکان بکەن بە مەبەستی دووبارە کاراکردنی پەیوەندییەکانیان، لەو کاتەوە تا کو ئێستا، چەندین کۆبوونەوەی هاوبەش لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەنجام دراون و دەست بە هەماهەنگی جۆراوجۆر کراوە، بە مەبەستی پەلە کردن لە پرۆسەی چالاککردنی پەیوەندییەکانیان و ڕۆژی ١٨/٥/٢٠٢٦ هەر دوولا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا، کە کارەکانی میکانزمی دیالۆکی هاوبەشی ستراتیژی بە دامەزراوەیی ئەنجام بدەن. دوای کۆبوونەوەکە و لە چوارچێوەی هەمان ڕێککەوتندا، هەر دوولا بە چڕی و ئەرێنی دەستیان بە کارەکانیان کردووە و ئەڵمانیا و تورکیا دوو وڵاتی بە ناوبانگن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی تیۆری واقیعی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیاندا. هەر بۆیەش، هەر دوو وڵات پێیان وایە دۆخی ئێستای جیهان ئەنارشییە (فوضوي) و نا سەقامگیرە و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وەکوو پێویست کاریگەری بە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نەماوە، چونکە پێی نەکراوە کێشە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات، وململانێ نێودەوڵەتییەکان لە سەر هەژمونی جیهانی ڕۆژ بە ڕۆژ توند تر دەبن. ئەم ڕوانگە بووبە پاڵدەرێکی سەرەکیی بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بە دوای هاوبەشە ستراتیژییەکاندا بگەرێت بە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکانی نەتەوەیی و ئەوروپی و نێودەوڵەتی.
لە سەر ئاستی نەتەوەی و ئەوروپی، ئەڵمانیا ڕووبەرڕووی دوو ئاڵنگاری سەرەکیی بوەتەوە، یەکێکیان کيشەی کۆچکردنی بەردەوامە بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و بەتایبەت بۆ ئەڵمانیا، ئەوەی تر جەنگی ڕوەسیا و ئۆکرانیایە کە هەڕەشەیەک ڕاستەوخۆ و ئەرێنییە لە سەر ئاسایشی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیا بەتایبەتی، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشاری کشانەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا و ئەوروپا دەکات. ئەمەش وا دەکات کە ئەڵمانیا ناچاربێت بە دوای هاوبەشی ستراتیژیدا بگەڕێت. لە سەر ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەم دوو ئاڵنگارییە دوو پرسی سەرەکین لە ناوەندە سیاسییەکان و مژاری ڕۆژن لە ناوەندە میدیاییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا، کاردانەوە و کاریگەرییەکانی دەبنە هۆی گۆڕینی نەخشەی کۆمەڵگەی سیاسی لە ئەڵمانیا و لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپاش. لە ئەنجامی ئەم پێشهات و گۆڕانکارییانە، حکومەتی ئەڵمانیا ناچار بووە دەست بە هەموارکردنی یاسای کۆچ وکۆچبەران و گۆڕینی سیاسەتی کۆچ بکات و پێداچوونەوە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی بکات، وپاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بکاتە پێشینەی کارەکانی، چونکە پارتی "ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" کە پارتێکی ڕاستڕەوە لە گەشەکردنێکی بەردەوام دایە و بەپێی ڕاپرسییەکانی ئەم دوایە ئەم پارتە لە پێشەوەی گشت پارتەکانی حوکمڕان و ئۆپۆزسیونە و مەزندە دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت بکەن، ئەڵمانیا بۆ هەر دوو ئاڵنگارییەکە پێویستی بە تورکیا دەبێت و حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا دووبارە نزیکبوونەوە لە تورکیا بە یەکێک لە کارە پێشینییەکانی سیاسەتی دەرەوە دادەنێت، چونکە تورکیا هاوبەشێکی ئابووری و بازرگانی بە هێزی ئەڵمانیایە و دەکرێت سوود لە هاوبەشی ئابووری و بازرگانی وەربگیرێت، بۆ پرۆسەی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لە بوارە جیاوازەکانی تردا...
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، تورکیا بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاوبەشێکی قورس و ئاڵۆز بوو، چونکە دۆسییەکانی نێوانیان تا ڕادەیەک سڕ کرابوون، لەو ماوەدا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانیاندا ڕووینەدا. دوای سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ ئەنقەرە لە ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی هەر دوولا لە دۆخی کاراکردن و نوێبوونەوەدان، چونکە هەر دوولا بە دەرفەتی دەبینن، پێداچوونەوەیەکی گشتی بە پەیوەندییە دوو قۆلییەکانی نێوانیاندا بکەنەوە، سەرلەنوێ و بەپێی هەلومەرجی ئێستای نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیاندا لە ڕێگای میکانزمی دیاڵۆکی هاوبەشی ستراتیژی دابڕێژن.
لە ڕوانگەی حکومەتی ئەڵمانیاوە، دەبێت پەلە بکرێت لە کاراکردنی پەیوەندییەکانیان، بەتایبەت لە بواری سەربازی و ئەمنی و پەرە بە بواری ئابووری و بازرگانی بدرێت. هەر بۆیەش، ئەڵمانیا ئامادەکاری و بەشدارییەکی باش لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەکات، کە بڕیارە لە مانگی داهاتووی ئەم ساڵ (تەمووزی ٢٠٢٦) لە ئەنقەرە ببەسترێت و ئەم لوتکەیە بە دەرفەت دەزانێت بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییە سەربازی و ئەمنییەکانیان، لە سەر ئاستی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا، هەر چەندە ئەڵمانیا پێش کۆبوونەوەکە کەوت و لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران سیستەمی بەرگری جۆری پاتریۆت پێشکەش بە تورکیا کرد، بە ئامانجی بەرگری کردن لە هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ). پێ ناچێت وا بە ئاسانی (و لەم قۆناغەدا) ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ دەستبەرداری تورکیا ببن، چونکە خاوەن پێگەیەکی جیوسیاسی گرینگە و هێزێکی هەرێمایەتی کاریگەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەزموونێکی مێژوویی دورودرێژی لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە.
سەرەڕای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد (١٩٤٧ – ١٩٩١) و چەندین ڕووداو و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو: جەنگی کەنداوی یەکەم (١٩٨٠ – ١٩٨٨) و جەنگی کەنداوی دووەم ١٩٩١ و جەنگی کەنداوی سێیەم ٢٠٠٣ و بەهاری عەرەبی و تاکوو ئەم جەنگەی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێران. بە داخەوە، جێگرەوە بۆ تورکیا لە ناوچەکدا دروست نە بووە، کە پێوەرەکانی هاوبەشی ستراتیژی لە گەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا جێبەجێ بکات، جگە لە بواری ئەمنی و سەربازی سنووردار، ئەویش دوای شەڕی دژی (داعش). ئەگەر نا ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی دووەم (١٩٣٩ – ١٩٤٥) وڵاتێکی دینامیکییە لە سیاسەتی دەرەوەدا. وڵاتانی نەتەوەیی و دیموکراسی، لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان، ڕەوایەتی بە دینامیکییەت لە سیاسەتی دەرەوە دەدەن، بەردەوام بە دوای جێگرەوەی باشتر دا دەگەرێن.
سەبارەت بە دۆسێیەی ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، کە بە پرسێکی چارەنووساز بۆ تورکیا دادەنرێت. لە ڕوانگەی ئەڵمانیاوە، تورکیا تا هەنووکە مەرج و پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا (مەرج و پێوەرەکانی لوتکەی کۆپنهاگن ١٩٩٣) جێبەجێی نەکردوە، بەڵام ئەڵمانیا لە مەودوا هەوڵدەدات پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان بە هێزتر بکات و لە چوارچێوەی پڕۆسەی گەشە پێدانی میکانیزمی دیاڵۆگی هاوبەشی ستراتیجی ڕێخۆشکەر و هاوکار بێت، بۆ پڕۆسەی ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، سەرباری ئەوەش بە پێیی بارودۆخی ئێستای تورکیا، پڕۆسەی ئەندام بوونی ئاسان نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا دیدگای حکومەتەکانی هەر دوو وڵات لە دۆسێییەی ئەندام بوونی تورکیا، بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم پڕۆسەی چالاککردن و پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان نابینرێت، چونکە ئەڵمانیا دڵنیاییە، مەرج و پێوەرەکانی ئەندامبوونی تورکیای ئەمڕۆ لەیەکێتیی ئەوروپا، بە سانایی جێبەجێ ناکرێت. لە بەرانبەر ئەم پێشهاتەدا، پێدەچێت ڕوانگەی تورکیای ئەمڕۆ زیاتر جەخت لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بکاتەوە و نەچێتە ژێر باری مەرجەکانی یەکێتیی ئەوروپا، کە لەگەڵ ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەکانی تورکیادا ناگونجێن.
پاش دوایین ڕووداوەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، کە پاڵنەرێکی سەرەکین بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بیر لە هاوبەشی ستراتیجی بکاتەوە لە سیاسەتی ئاسایش و بەرگری لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتو، بۆ ئەم مەبەستەش دۆسێیەی ئاسایش و بەرگری دەبنە تەوەرێکی سەرەکیی میکانیزمی دیاڵۆگی هاوبەشی ستراتیجی لەنێوان هەر دوولا. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بە هۆی ناکۆکییەکانەوە لەگەڵ تورکیادا بەشێکی زۆری هاوکارییە سەربازییەکان سنووردار کرابوون، لای خۆیەوە تورکیاش بە ئەمانجی پڕکردنەوەی پێداویستییە سەربازییەکانی بڕیاری دا لە ڕووسیا و چین نزیک بێتەوە، سەرباری ئەم هەنگاوانەی تورکیا، دوای سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا، ڕاستەخۆ بڕیاری ڕەزامەندی لە سەر بەخشینی فڕۆکە جەنگییەکانی (جۆری تایفون یۆرۆ) بە تورکیا درا، ئەمە لەکاتێدابوو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەخشتننی ئەم جۆرە فڕۆکانە ڕاگیرابوو. لە هەمانکاتدا پاش ئەو سەردانە، ڕەزامەندی درا لەسەر بەشداربوونی تورکیا لە بەرنامەی (ڕێکارەکانی پاراستنی ئاسایش- ئەوروپا). ئەم دوو هەنگاوەی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا بە ئەرێنی لێیان دەڕواندرێت، بەتایبەتی لە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا، چونکە سوودێکی گەورە لە بەشداربونەکەی لە بەرنامەکەدا دەبینێت. لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەدا، ئەڵمانیا هەوڵدەدات دووبارە متمانە لەنێوان تورکیا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا وناتۆ دروست بکات، تەماشای تورکیا بکرێت وەکوو هاوبەش نەک بکڕ و سوودمەند، بۆ ئەوەی سوود لە تەکنەلۆژیای سەربازی یەکێتیی ئەوروپا وەربگرێت، بەتایبەت لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
بەدەر لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، كە دوو هاوبەشی سەرەکین، مەزندە دەکرێت، پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی؛ وزە و کۆچبەران و سەربازی و ئاسایش پەرە پێ بدرێت و هەر لەو ڕوانگەیەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی ئەم ساڵی ئاسایشی میونغ لە وتارەکەیدا، تورکیای بە هاوبەشێکی ستراتیجی و گرینیگی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی ئەتڵەسی ناتۆ لە قەڵەمدا.
لە پاش جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، تورکیا ڕۆڵێکی دیپلۆماسی هاوسەنگی نێوەندگیر بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمریکیا لەنێوان مۆسکۆ کییڤ-دا دەگێڕێت. لە چوارچێوەی هەمان ڕوانگەدا، تورکیا کاریگەرییەکی بەرچاو لە کێشە و شەڕەکانی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو؛ سووریا و جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ (حماس) لە کەرتی غەزە و حزبوڵا لە لوبنان، دەگێڕێت. هەر بۆیەش ئەڵمانیا پێی وایە، کە پێویستیان بە ڕۆڵی تورکیا دەبێت وەک وڵاتێکی هاوبەش بۆ نێوەندگیریکردنی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی ئەم ململانێیە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ (أحتواء) و دووبارە نزیکكردننەوی تورکیا لە ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا، بڕیارە لە لووتەکەی هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ) دانوستاندن لە سەر چەندین پرس و دۆسییەی بەرنامەڕێژکراوی نێوانیاندا بکرێت. ئەمەش، سەرەڕای مشتومڕ و ناکۆکی کۆن و نوێ لە ناو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا، سەبارەت بە هەڵسووکەوت و سیاسەتی نەخوازیاری تورکیا لە مەڕ چەندین پرسی پەیوەندیدار بە بنەما سیاسی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ئەم دەست پێشخەرییە بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ (احتواء) كردنی تورکیا دا دەنێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕووسیا و چین، بڕیاری چالاککردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ تورکیا بە ڕێگای میکانیزمی دیاڵۆکی هاوبەشی ستراتیژی، دەکرێت ببنە هەنگاو و دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە گەڵ تورکیا.
دوای ئەوەی میدیاکانی جیهان هەواڵی بوون بە ترلیۆنێری ئیلۆن مەسکیان بڵاوکردەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوەم بە بیر داهات، تاکە مرۆڤێک، کە خاوەنی بڕێکی بێشومار زۆری پارە و هێزی تەکنەلۆجییە، دەکرێت چ گۆڕانکارییەک لە ئێستای گۆی زەویدا بکات؟
هەبوونی کۆمپانیاگەلێکی زەبەلاحی وەک تێسلا لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و سپەیس ئێکس لەبواری زانستی گەردوونناسی و چەندین کۆمپانیای دیکە، ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە، ئایا ترلیۆنێرێک کە لە بواری ژیری دەستکردیشدا جێدەستێکی گرنگی هەیە، دەتوانێت هەژاریی لەسەر زەوی کەمبکاتەوە؟ یان ئایا دەتوانێت سودێکی زۆر و بێبەرانبەر بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت و داهێنانی گرنگ بکات؟
جێگەی تێڕامانە کە کارل مارکسی ئابوریناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی و هاوڕێکەی، فرێدریک ئەنگڵس، نزیکەی 200 ساڵ پێش ئێستا باسیان لە فرۆشتنی بەرهەمی کاری کرێگرتە کردووە و باسیشیان لە ئەنجامی ئەو سیستمە پاوانخوازەی ئەو سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی بەرەو سەرمایەداری دەکرد، کەچی لەبری ئەوەی بە تێزەکانی ئەوان مرۆڤایەتی بەرەو هەرەوەزی و پێکەوەژیان و یەکدی قبوڵکردن و هاوکاریکردنی ئابوریی یەکدی، بەرەو ئەوپەڕی تاکگەرایی و ئۆخەی ئۆخەی هەر چ کەس بۆخۆی رۆشتووە.
بەلامەوە سەیرە، لە کاتێکدا لە ئەمریکا و ئەوروپا و زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە سیستمی سیاسییان نیولیبراڵیزمە و سیستمە کۆمەڵایەتییەکەشیان تاکگەراییە، رێژەی بێکاری تێیاندا رۆژبەرۆژ بەرزتر دەبێتەوە و رێژەی بێلانەکان و هەژارەکانین بە هاوستونی، بەرزتر دەبنەوە؛ چۆن و بۆچی ملیاردێر و ترلیۆنێرە چاوبرسییەکانی وەک مەسک و هاوڕێکانی ناتوانن یان نایانەویت ئەم قەیرانە لە وڵاتانی رۆژئاوا کۆتایی پێبهێنن؟
ئایا هیچ راستییەک لەوەدا هەیە کە ئەوانەی خاوەنی ئەو سەرمایە زەبەلاحەن وەک ئیلۆن مەسک، بە هەوڵ و رەنجی خۆیان بەدەستیان هێناوە؟ یان ئەمە بەرئەنجامی ئەو سیاسەتە پاوانخوازی و تاکگەرایی و نەرجسیەتەیە کە لە رۆژئاوادا ئێستا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە؟
ئایا ئەمە دووبارە وامان لێدەکات بەناو رەوتە فەلسەفییە کلاسیکییەکان و دەروونناسیی کلاسیکدا تەراتێن بکەین و تەقەلای ئەوەمان بێت لەوە تێبگەین کە ئایا بەڕاستی مرۆڤ لە ئەزەلەوە پاوانخوازە؟ ئایا بەڕاستی مرۆڤ هەر لەگەڵ لەدایکدەبێت، خاوەندارێتیی تایبەت بە هەموو شتێکەوە دەکات؟
ئەگەر وەڵامەکە بۆ خراپیی مرۆڤ لە ئەزەلەوە بەڵێ بێت، ئەوکات دەشێت بپرسین پێویستیی ژیانکردنی مرۆڤ لەئێستادا لەکوێدایە کە رۆژانە ملیاران کەس هەوڵبدەن بۆئەوەی قوتی رۆژانەیان دابینبکەن، کەچی لەتەنیشتیانەوە، تاکە کەسێک، تەتەر ئاسا پێشیان بکەوێتەوە و سەرمایەکەیە لە ٪46ـی دانیشتوانی گۆی زەوی زیاتر بێت؟
ئایا ئەمە دووبارە سەرنجی شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابوریی جیهان و فەیلەسوفان بەرەو سەردەمی شەڕی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا، چەپ و راست، سۆسیالیزم و سەرمایەداری، دەبات؟ بێگومان دەبێت وەڵامەکەمان بەڵێ بێت و زۆرترین شرۆڤە و شیکاریی بۆ ئەم هەڵتۆقینە بێشومارەی چەند مرۆڤێک لە دونیادا و کاریگەرییەکانیان بەسەر سیاسەت و قوتی رۆژانەی مرۆڤی ئاسایی لو جیهاندا و تەواوی ئەو بابەتانەی دیکە کە کاریگەرییان بەسەریەوە دەبێت، بکرێت.
ئەمەش بەدەر لەوەی کە ئایا ژیری دەستکرد بەرەو کوێ دەبەن؟ ئایا مرۆڤایەتی هەر بەڕاستی لەژێر سایە و هەژموونی ئەم ملیاردێر و ترلیۆنێرە رۆژئاواییانە کە هیچ شتێک نایانوەستێنێت لە بیرکردنەوە پۆزەتیڤیستی و تاقیکارییەکانیان، مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون بەهێواشی و بەئازارەوە نابات؟
۱ـ ڕێگایەکی دەریایی لە ناو جەرگەی ئابووری جیهاندا :
گەرووی هورمز، کە لە نێوان ئێران و سوڵتانیەتی عومان هەڵکەوتووە، یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیجییەکانی جیهان. ئەم تەنگەیە کە کەنداوی عەرەبی (یان کەنداوی فارسی) بە دەریای عومان و دواتر بە ئۆقیانووسی هیندی دەبەستێتەوە، وەک ڕێرەوێکی دەریایی سەرەکی بۆ ئابووری جیهان دادەنرێت. هەموو ڕۆژێک سەدان کەشتی بازرگانی و نەوتبەر لەم تەنگەیەدا تێدەپەڕن و بڕێکی زۆر لە سەرچاوەکانی وزە (نەوت و گاز) بۆ بازاڕەکانی ووڵاتانی ئاسیا (بە تایبەتی چین)، ئەورووپا و ئەمریکای باکوور دەگوازنەوە.
لە ئێستادا، سەقامگیری و ئاسایشی ئیقلیمی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی شەڕی ئەمریکاو ئێران ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و تەحدیاتی ئەمنی و سیاسی و دبلۆماسی زۆر گەورە بۆتەو. بۆیە گەڕان بەدوای بەدەستهێنانی نەوت و گاز کە بۆتە خەمی ووڵاتە پیشەسازی و زلهێزەکانی جیهان، وایکردوە کە ئارامی و ئاسایش لە گەرووی هورمز، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر بازرگانی و بازاڕی جیهانی.
۲ـ دەروازەی سەرەکی هەناردەکردنی وزەی کەنداوی عەرەبی (یان کەنداوی فارسی) :
گەرووی هورمز ڕێگای سەرەکی هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیە بۆ بازاڕەکانی جیهان و ووڵاتانی کڕیار. بەشی شێری هەناردەکانی نەوت و گازی عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، کوەیت، قەتەر، بەحرەین و عێراق بە شێوەیەکی زۆر ئۆرگانیکی پەیوەستن بەو ڕێڕەوە دەریاییەوە کە ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر هاتووچۆ تیایدا زەحمەتبووە.
بڕێکی زۆر لە نەوتی خامی جیهان و هەروەها گازە سروشتییە شڵکراوەکان (LNG) لە ڕێگەی ئەم تەنگەیەوە دەگوازرێنەوە. قەتەر بە تایبەتی پشت بەو ڕێگایە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی گاز بۆ ئەورووپا و ئاسیا، هەروەها دەماری سەرەکی ئابووری چەند ووڵاتێکی پیشەسازی گەورە وەک چین، ژاپۆن، کۆریای باشوور و هیندستان پەیوەستە بە بەردەوامی هاتووچۆی گەشتیە بازرگانیەکان لە تەنگەی هورمز.
هەر ئاڵۆزییەک، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش (وەکو بینیمان لە چەند هەفتەی پێشوودا)، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردنی کاڵای پیشەسازی و دروستبوونی گرانی و ئاڵۆزی لە بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەتی لە ووڵاتە زلهێزە پیشەسازیەکان بە تایبەتی ووڵاتانی ئۆروپا.
۳ـ گرنگی بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی :
جگە لە نەوت و گاز، گەرووی هورمز ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانیدا. ئەو کاڵایانەی کە لە بەندرەکانی کەنداوی عەرەبی (فارسی) هەناردە دەکرێن، وەک بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان، کانزا، کەرەستەی بیناسازی، کاڵای پیشەسازی و ماددە خۆراکەکان، لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە دەریاییەوە دەگەن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
گەشەکردنی بازرگانی جیهانی و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و زیاتربوونی پەیوەندییە ئابوورییەکان، وایانکردوە کە ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیجییەکانی وەک کەناڵی سوێز و کەناڵی پەنەما و گەرووی هورمز ببنە خاڵێکی سەرەکی لە زنجیرەی لۆجستی و گواستنەوەی کاڵا لە جیهاندا. بۆیە کۆمپانیا کەشتیوانییەکان، کۆمپانیاکانی تەئمین، بانکەکان، دامەزراوەکانی بیمە و ئەو لایەنانەی لە بازرگانی نێودەوڵەتی کاردەکەن و بەشدارن، بە وردی چاودێری هەر گۆڕانکارییەک دەکەن کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەم ڕێگایە هەبێت.
٤ـ گرنگی جیوپۆلیتیکی :
گرنگی ئابووری گەرووی هورمز لە گرنگیەکەی لە ڕووی جیوپۆلیتیکەوە جیا ناکرێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەم تەنگەیە تەنها کارتێکی ئابوری نیە بە دەست ئێرانەوە، بگرە کارتێکی سیاسی و دبلۆماسیشە. بۆ چەندین دەیەیە، ئەم ناوچەیە بووەتە ناوەندی ململانێ و هاوکێشە ستراتیجییەکان لە نێوان هێزە هەرێمایەتی و هێزە نێودەوڵەتییەکان.
ئێران کۆنترۆڵی کەناری باکووری تەنگەکەی لەلایە و ئەم شوێنە بە ئامرازێکی ستراتیجی گرنگ دادەنێت. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە چەندین ڕووداوی و ڕووبەڕوو بوونەوەدا، ئاڵۆزییەکان لە نێوان تاران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ترسی ئەوەیان زیاد کرد کە ڕەنگە هاتووچۆی دەریایی لەم ناوچەیە بە تەواوی سنووردار بکرێت.
لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا، هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا خراوەتە گڕ بۆ دڵنیابوون لە ئازادی هاتووچۆ و پاراستنی کەشتە بازرگانیەکان. هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانیان بەردەوام بەشداری چاودێری و پاراستنی ئەم ناوچەیە دەکەن.
بەرژەوەندیە ئابووریەکان و دابینکردنی نەوت و گاز وای کردووە گەرووی هورمز ببێتە یەکێک لە هەستیارترین شوێنە دەریاییەکانی جیهان.
٥ـ پێوانەی ئارامی ئابووری جیهان :
گەرووی هورمز تەنها ڕێگایەکی دەریایی نییە، بەڵکو خاڵێکی بنەڕەتیە کە بەرژەوەندیەکانی بازرگانی جیهانی، ئاسایشی وزەیی و جیوپۆلیتیک دەبەستێت پێکەوە. ئارامی و ئاسایشی ئەم تەنگەیە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر دابینکردنی وزە بۆ جیهان و هاوسەنگییە ئابووریە نێودەوڵەتییەکان.
لە جیهانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پشت بە بازرگانی و گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەبەستێت، گەرووی هورمز هێشتا یەکێکە لە گرنگترین شەریانەکانی ئابووری جیهان. هەر گۆڕانکارییەک لەم ناوچەیەدا بە وردی لەلایەن دەوڵەتان، کۆمپانیاکان و بازاڕە داراییەکانەوە چاودێری دەکرێت، چونکە هەر تێکچوونێک لە ئاسایشی ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییە دەتوانێت کاریگەرییەکی فراوان و درێژخایەن لە سەر ئابووری جیهان بەجێبهێڵێت و ئاستی ژیان و خۆشەگوزەرانی ووڵاتانی پیشەساز و پێشکەوتوو بخاتە مەترسی قەیرانی ئابوری و داراییەوە.
پارێزەری کلتور و ئەرشیفی شۆڕش و کلتوری هونەری ، دایک بووە بۆ منداڵانی نەخۆش و بێ سەرپەرشت ، پارێزەر دۆزی ژن لە شاخ و لە شار.
دامەزرێنەری منداڵ پارێز و مۆزەخانەی سلێمانی ، پارێزەری ئەرشیف و بە مۆزەکردنی ئەمنە سورەکە کە گێڕەوەی شەهید کردن و سزادراوانی خەباتی کوردایەتییە.
دامەزرێنەری جوانتری میدیا کەلە هزری زۆرینەمان ماوە و دەمێنێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەو ژنێکی ئاسایی نەبوو، ژنێک پڕ لە هەست و سۆز و بەرپرسیارێتی بووە.
خەباتی شاخ بۆ شار بۆ هێرۆ خان مانای گۆڕینی شێوازی خەبات بوو، نەک کۆتایی ئامانج ، لە جیاتی چەک و بنکە، ئامرازەکانی نوێ بوون بوو لە دامەزراوەکانی حکومڕانی و میدیا، و کاری ڕێکخراوەیی لەناو کۆمەڵگەدا.
ئەم ڕێگایە لەنێوان شاخ و شار ، وای کردووە کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزوتنەوەی سیاسی کورد بناسرێت ، کە بە ڕاستی قۆناغەکانی خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە تەواوی تێپەڕاندووە و بووەتە سیمبولێکی ئاشتی خواز لە کۆکەرەوەی یار و نەیار لەسەر مێزی گفتوگۆ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا توانایەکی بەهێزی هەبووە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی سەرکردە و میدیا کار و دیبلۆمات و ڕێکخرا و و کەسایەتییە دیارەکانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نێو خۆیی.
دروستکردنی هەموو ئەم پەیوەنییانە کارێک بووە بە ئاسانی بەدەستی نەهێناوە، دڵنیام دەیان و هەزاران لەمپەڕی بۆ دروست بووە، بەڵام لەبەرئەوەی بە بەرنامەو ستراتیج کاری کردووە بەردەوام بووە و کۆڵی نەداوە ، لەمپەڕەکانی تێپەڕاندووە، هەربۆیە هەموو ئەو کار و خزمەتانەی هێرۆخان کردویەتی چەندین ساڵە بەری ڕەنجی ئەم خاتونە دیارە، ئەمڕۆ ئێمەو کۆمەڵگەی مەدەنی گەیاندۆتە ئەم ئاستە، کە جێگای شانازییمانە.
چی لێوە فێر بووین؟
* لەمپەڕەکانی کە دێنە بەردەممان نەمان وەستێنێت و بەردەوام بین.
* میهرەبان بین بۆ دۆزی نەتەوەکەمان بۆ خەڵکی خانووەقوڕەکان دڵسۆز بین.
* فێری کردین بە بەرنامە و ستراتیج بین.
* فێری کردین کە سازش و خۆ چەمێنەرەوە نەبین بۆ نەیارەکان.
* فێری کردین ئامانجی ڕونمان هەبێت.
* فێری کردین پارێزەری کلتورەکەمان بین بە هەموو شێوازەکانی.
ئەمانەو زۆر شتی تریش، هێرۆخان پاڵنەرێکی بەهێز بووە بۆمان کە کۆڵ نەدەین و بەردەوام بین.
هەموو ئەم فێرکردن و فێر بوونانە تەنها دایکە بە ئەمەک و بووێر و میهرەبانەکان نەبێت کەس فێرت ناکات چجای سیاسییەکی بەئەمەک و بوێر و میهرەبان فێرت بکات و خانم و خاتون و ژنێکی سیاسی وەک هێرۆخان فێرمان بکات و لێوەی فێرببین.
هێرۆ خان ببورە ئەمساڵیش ئەگەر بە تەلەفۆن کردنیش بێت نەمتوانی پیرۆز بایی ساڵڕۆژی لەدایکبونت لێ بکەم و بڵێم پیرۆز بێت . بەڵام دڵی خۆم بەوە خۆش دەکەم کە لە دوریشەوە بێت بە بیر هێنانەوەی هەندێك لە نەریت و ئەو بەهایانەی کە هێرۆخانی پێ ناسراوە ، پیرۆز باییت لێ بکەم .
ئەمساڵ دیارییەکەم بۆ دادە هێرۆ بۆ یادی لەدایکبونی خستنە روی ئەو فاکتەرەیە کە بەڕێزیانی کردوەتە خاوەنی ئەو نەریت و خەسڵەت و بەها جوانانەی کە ئەوی پێ ناسراوە ، ئەویش وەفادارییە . وەفادارییەکەش لە خۆشەویستیی بۆ گەل و خاك و ئەو ئایدۆلۆژیایەوە هەڵقوڵاوە کە لە هزری خۆیدایە و روانگە پڕ لە مرۆڤایەتییەکەی پێ داڕشتوە .
کاتێك هێرۆخان هەمو خۆشیی و ئیسراحەتێكی خستە لاوە و لە ئەوروپاوە گەڕایەوە بۆ بەشدارییکردنی شۆڕشی نوێ ، هەر لەو روانگەیەوە نەبوە کە خۆی بەشدار و ئاگاداری کارای راو تەگبیری دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێوشوێنەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ بوە ، بەڵکو وەفاداریی بو بۆ گەل و خاکەکەی کە لەو میحنەتەدا پێویستیان بە هەر فریاد رەسێك بو . بەوەفایی بو لەبەرامبەر ئەو هەڤاڵانەی کە شانیان دایە بەر ئەو هەرەسە و سەختیی رۆژگارەکە . ئەمەکداریی بو بۆ ئەو بەڵێنانەی دابوی بە گەل و خاکەکەی کە لە تەنگانەدا جێیان نەهێڵێت .
هێرۆ خان کە بە کامێراکەی بە ڤیدیۆ و فۆتۆکان خەباتی گەلێکی ستەم دیدە و ، ئازایەتیی و جوامێریی پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێی پاراستوە و ئەرشیفی کردون ، هەر هەستێکی رۆژنامەوانی نیە ، بەڵکو ئەوە وەفاداریی یە بۆ ماندو بونی پێشمەرگە ، کادیر، فەرماندە و خەڵکی دیهاتەکان لەو سەردەمە سەختەی خەباتدا ، وەفاداریی بۆ ئەو سوێندەی کە خواردویەتی نەیەڵێت تاوانەکانی رژێمی بەعسی فاشست هەروا بە ئاسانی تێپەڕ بێت و جیهانی دەرەوەی لێ ئاگادار نەکات !.
دادە هێرۆ کاتێك بەرگریی لە پێشمەرگە یا هەر کەسێکی غەدر لێکراو دەکات ، بۆ بەزەیی سۆزی مرۆیی نییە ، بەڵکو دوپاتکردنەوەی بەوەفاییە بۆ خەبات و ماندو بونی ئەو پێشمەرگەیە و رەوایی مافەکانی ئەو پێشمەرگە و کەسەیە .
هەمو هەنگاو و کارە پڕ لە مرۆڤایەتییەکانی هێرۆ خان هەر لە پرۆژەی مناڵ پارێزی کوردستان ، خاك و کوردساتەوە بگرە تا ئاوڕ دانەوە لە هونەر ، فەرهەنگ ،کلتور تا پاراستنی خانوبەرە کۆنەکانی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە قەڵای هەولێریشەوە ،تا رزگارکردنی سەرای سلێمانی لەچنگی چاوچنۆکەکان ،سەدان هەنگاو و پرۆژەی تر کە لە ژمارەیە نایەن ، هەر هەمویان لە روانگەی بەوەفایی بەڕێزیانەوەیە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیا و پرەنسیبانەی کە بڕوای پێیانە و خەباتی بۆ دەکات. ئەوەش بەڵگەی راستگۆ یی یەتی لەگەڵ شەخسی خۆی و بیروباوەڕەکەیدا واتە بەوەفایی . کاتێك هێرۆ خان هانی دۆبلاژکردنی فیلمی کارتۆن بە زمانی کوردیی ، ئەلف و بێی کوردیی لە کوردسات و دەیان بەرنامەی هەمەرەنگ دەدات ، کاتێك روبەرێکی فراوان دەکاتەوە بۆ ئازادیی بیروڕا لە گۆڤاری خاك و کوردسات ، دەرگا دەکاتەوە بۆ گۆڤاری تەنز ی سیخوڕمە و بەرنامەی بەرنامە ، کاتێك دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم توانا هونەریی و روناکبیرییەکانی کورد لە هەربەشێك بن بێ جیاوازیی ئەمەکداریی و بەوەفایی دوپات دەکاتەوە بۆ مادەی دوەمی راگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە بەدەق دەڵێت “پێویستە هەمو مرۆڤێك بێ جیاوازیی بە تەواوی مافەکانی ئازادییەکان شاد بێت “ وەفادارییە بۆ باوەڕی تەواوی هەم بەو دۆکیۆمینتە نێودەوڵەتیتە ، هەم بە مافە رەواکانی تەواوی چین و توێژەکانی نەتەوە و گەلەکەی لە هەر جێ یەك . دیارە کوردستان هەمیشە یەك پارچەیە لای هێرۆخان و سنورەکان دەستکرد و وەهمیین بۆیە بەردەوام دەرگا کراوەیە بۆیان بێ هیچ سانسۆرێك . زۆر خەسڵەت و بەهای تریش هەن کە دادە هێرۆی خەمخۆر و مامە خەمەی هەموانی پێ ناسراوە بەڵام بۆ جارێکیتریان هەڵ دەگرم . لە کۆتایی ئەم بابەتەدا بۆ یادی لە دایکبونی هێرۆخان دەبێت ئەو راستیەش بخەمە رو کە پشتیوانیی لێبڕاوانەی سەرۆك مامجەلالی مەزن و هەڤاڵە هاوڕاکانی ، رۆڵی سەرەکییان بینیوە لە سەرکەوتنی دادە هێرۆ لەم هەنگاوانەدا بە تایبەتیی لە هەنگاو و پرۆژە مەزنەکانی دوای راپەڕیندا . هەر بۆیە کارەکانی دادە رەنگدانەوەی کاریگەریی بوە لەو ژینگەیەدا کاری تیادا کردوە و سودمان لێ بینیوە و چاومان لێکردوە .
هێرۆخان یەکێکە لەو کەسایەتییە نیشتمانییانەی کە ناویان بە خزمەت و خەبات بۆ گەل و نیشتمانەوە گرێدراوە.
ئەو جگە لەوەی کچی گەورەی تێکۆشەری گەورەی کوردایەتی، ئیبراهیم ئەحمەد، و هاوسەری مام جەلال بووە، بەڵام بە هێزی کەسایەتی و کاریزمای خۆی شوێنپەنجەیەکی دیار و جیاوازی لە مێژووی نوێی کوردستان جێهێشتووە و کارەکانی دەرخەری کەسایەتی ئەون .
هێرۆخان ژنێکی خەباتگێڕ بوو کە ژیانی خۆی بۆ ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سەربەستی گەلەکەی تەرخان کردووە و کەمیشی نەکردووە . لە بەرامبەر فاشیزم و ستەمکاری وەستاو بەردەوام هەوڵی بۆ یەکسانی، دادپەروەری و نەهێشتنی کۆنەپارێزی و چەوسانەوە لە کۆمەڵگەدا دا بەرەهایی دژی دواکەوتووی کۆمەڵگەبووە.
لە ساتە خۆش و ناخۆشەکانی گەلەکەیدا ئامادە بووەو پشتی لەخەبات نەکرد . لە سەختییەکانی شاخ و خەباتدا ژیاو بەشێک بووە لە مێژووی تێکۆشانی نەتەوەکەی خۆی .
لە بواری بەمەدەنی کردنی کۆمەڵگە ؛ هێرۆخان بە دامەزرێنەری میدیای نیشتمانی و سەربەخۆ دادەنرێت لە باشوری کوردستان .
ئەو باوەڕی بە رۆڵی میدیا وەک هێزێکی گۆڕانکاری هەبووە و خزمەتێکی گەورەی بە گەشەپێدانی کلتور، هونەر و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کردووە.
لە سەردەمی نەهامەتی و تاوانەکانی رژێمی بەعسدا، بە کامێراکەی بەشێکی گرنگی مێژووی گەلەکەی تۆمار کرد؛ وێنە و بەڵگەی بۆردومانی کیمیاوی گوندی بالیسان، سوتاندنی گوندەکان و قارەمانێتیی پێشمەرگەکان لە ئارشیفەکانی ئەودا پارێزراون .
ئەم کارە مێژووییانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە میرات ماونەتەوە.
بۆ شاری سلێمانیش، هێرۆخان خەمخۆری شار و شارستانییەت بووە . دوای راپەڕینی ساڵی 1991، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی ناوەندە کلتوورییەکان و رێگریکردن لە رووخانی ژمارەیەک شوێنی مێژوویی، وەک بینای ئەمنەسورەکە کە دواتر بوو بە مۆزەخانەیەک بۆ یادەوەری ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس.
لە رێگەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان وەک منداڵپارێز و سەنتەری گەنجان، خزمەتێکی فراوانی بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد.
هەروەها بیرۆکەی دامەزراندنی خەڵوەتگەی پیران و خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت لە ئەندێشە و خەونەکانی ئەو خاتوونەوە سەرچاوەی گرت.
هێرۆخان..ژنێکی نیشتمانی، سادە، خاکی و نزیک لە خەڵک بوو . بە خزمەتەکانی، بەشێکی گرنگی لە پاراستنی ناسنامە و شارستانییەتی سلێمانی هەبووە.
بۆیە شایستەی ئەوەیە کە وێنە و یادەوەرییەکەی هەمیشە لە پێش چاوی خەڵکی کوردستان بێت و ناوی بە بەرزی و ڕێزەوە گەشاوەتربێت .
له ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئهمریكادا، كه له تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ به واژۆی دۆناڵد ترهمپ دهرچوو و خرایه سهر هێڵه گشتییهكانی سیاسهتی دهرهوه و ناوهوهی وڵاتهكه، زۆر به ڕوونی ئاماژه بهوه دهدات، كه ئیتر ئهمریكا سهرقاڵی مامهڵهكردن دهبێت لهگهڵ زلهێزهكانی جیهان و كات بهوه ناكوژێت توانای مرۆیی و ئابوری خۆی بخاته خزمهتی دهوڵهته بچوكهكان و ئهو گهلانهش، كه هێشتا خاوهن دهوڵهت نین، كه بهداخهوه لهو ستراتیژهدا هیچ ئاماژهیهك نابینرێ بۆ بهرگریكردن له گهلانی ژێردهست.
ههڵبهته ئهوسا له زۆرێك له ناوهنده میدیایی و ئهكادیمییهكان گفتوگۆی چڕ لهبارهی ستراتیژه نوێیهكهی ئهمریكاوه كرا، بهڵام ئهوهی جێی سهرنجه، هێزه سیاسییه كوردهكانی ههر چوار بهشهكهی كوردستان نهیانتوانی دیدگا و ههنگاوی داهاتووی خۆیان لهسهر ئهو ستراتیژه بنیات بنێن و مامهڵهیهكی سیاسیی و واقیعی لهگهڵدا بكهن، بگره بهشێك لهو هێزانه هێشتا لهسهر ئهو باوهڕه پۆپۆلیستییه ماونهتهوه، كه له ڕابردوودا گورزی گهورهی لێوهشاندوون.
دهرئهنجامهكانی جهنگی نێوان ئێران-ئهمریكا\ئیسرائیل زۆر به خێرایی دهركهوتن بهسهر عێراقهوه، ئهوهبوو دوای ماوهیهكی زۆر، بهڵام بهخێرایی سهرۆككۆمار ههڵبژێردرا و كابینهی نوێی حكومهتیش پێكهات، لهدوای ئهوهش بابهتی چهكدانانی میلیشیا شیعه و سوننهكان پێشهاتێك بوو، كه به ئهستهم دهبینرا ئهوه ڕووبدات، بهڵام ڕوویدا!!!
ئهوهی ڕوودهدات، ویست و حهزی تۆم باراك نییه وهكچۆن له ڕابردوودا پێمانوابوو مهكگۆركیش ههمان ههنگاوی ناوه، بهڵكو ئهوه پهیوهندی بهو ستراتیژ و دیدگایهوه ههیه كه ئیدارهكهی ترهمپ وهكو مهبدهئێك كاری لهسهر دهكهن بۆ داهاتووی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و به تایبهتیش عێراق!!
گرنگه كورد له ههرێمی كوردستاندا، بتوانێ لهگهڵ باهۆزی نوێی سیاسهتی ئهمریكادا خۆی بگونجێنێت و جارێكی تر نهگهڕێتهوه خاڵی عینادیكردن و بهزۆر خۆسهپاندن، چونكه سهردهمی موجامهلهكردنمان كۆتایی هاتووه و ئێستا پێویستمان بهوه ههیه، كه سیاسهتێكی دووربینانه و واقیعیانه بگرینهبهر.
فۆرومی ئابووری دێلفی ٢٠٢٦ لە سلێمانی:
پردێک نێوان ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە ٦ و ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق میوانداری (فۆڕمی ئابووری دێلفی) دەکات. ئەم فۆرۆمە یەکێکە لە گرنگترین کۆڕە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتە بە بابەتەکانی ئابووری، جیوپۆلیتیکی و ستراتیژی.
سازدانی ئەم کۆڕە نێودەوڵەتیە لەم کاتەدا، کە جارێک شەڕی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی درێژخایەن کۆتایی نەهاتووە، گرنگی و پێگەی شاری سلێمانی وەک ناوەندێکی گفتوگۆی نێوەدەوڵەتی نێوان ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەردەخات و بەرەو پێشی دەبات.
فۆڕمی ئابووری دێلفی لە ساڵی ٢٠١٦ لە یۆنان دامەزرا. ناوی خۆی لە شاری مێژوویی (دێلفی) وەرگرتووە، کە لە سەردەمی یۆنانیەکاندا بە (ناوەندی جیهان) ناسراو بوو. لە دامەزراندنییەوە، ئەم فۆڕۆمە بووەتە شوێنێک بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆ لە نێوان کارەکتەر و فیگەرە خاوەن بڕیارەکان (سەرۆک دەوڵەتان، وەزیران، خاوەن کۆمپانیاکان، زانایان، وەبەرهێنەران و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی). ئامانجی سەرەکی فۆڕمەکە پشتیوانیکردنە لە گفتوگۆی دیموکراتی و هاوکاریکردن لە دانانی سیاسەتە گشتی و ئابوورییە بەردەوامەکان، بە تایبەتی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا.
ڤێرشنی ساڵی ٢٠٢٦ لە سلێمانی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە ستراتیژییە گرنگەکان بووەتەوە. باس و گفتوگۆکان سەرنجیان لەسەر ئاسایشی وزە، گواستنەوە بۆ ئابوورییە بەردەوامەکان، چاکسازییە ئابوورییەکان، وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکانە کە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن. ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، شارەزایان و سەرکردەکانی کەرتی تایبەت لە عێراق، هەرێمی کوردستان، ئەورووپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان بەشداری ئەم گفتوگۆیانە دەکەن.
هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ میوانداری ئەم فۆرۆمە لەم کاتەدا کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەم زۆنە. ئەم شارە وەک یەکێک لە گرنگترین ناوەندە فیکری و کولتوورییەکانی کوردستانی گەورە و هەرێمی کوردستانی عێراق ناسراوە و وێنەیەکی باشی کراوەیی فرەڕەهەندی هەیە. بۆ ڕێکخەران، سلێمانی شوێنێکی گونجاوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئابوورییە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا و بازاڕە سەرهەڵدەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها، پشتیوانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاک قوباد تاڵەبانی، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ویستیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر ڕابکێشن و پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر بکەن.
لەگەڵ گرنگیی بابەتە ئابوورییەکان، فۆڕمی دێلفی لە سلێمانی ئاماژەیەکە بۆ ئامانجێکی فراوانتر: دروستکردنی پرد و پەیوەندی نێوان ناوچە و وڵاتانی جیاواز کە هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاڵۆزی و هەڕەشەی هاوشێوەن، لەوانە ئاسایش، گواستنەوەی وزە، گەشەپێدانی بەردەوام و هاوکاری نێودەوڵەتی. لە جیهانێکدا کە پڕە لە دڵەڕاوکێی سیاسی و جیوپۆلیتیکی، سەرهەڵدانی ئابوری نوێی زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتیک، ئەم فۆڕمە بەڵگەی ئەوەیە کە گفتوگۆ و هاوکاری ئابووری هێشتا یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی جێگیری و گەشەپێدانن.
بە میوانداریی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییە، سلێمانی خۆی وەک شارێکی کاریگەر و دیار لە نەخشەی ئابووری و دیپلۆماسی ئابوری دەچەسپێنێت. بە هیو
هەندێک پیاو، تەنیا لەسەر کورسیی دەسەڵات دانانیشن؛ بەڵکو لە ناخ و یادەوەریی خەڵکدا نیشتەجێ دەبن. سەرۆک مام جەلال لەو جۆرە پیاوانە بوو؛ پیاوێک کە لە گەرمەی سیاسەتدا دڵی گەرم بوو، لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی کوردستاندا، خەندە و هیوای لەبیر نەدەکرد. سەفەرکردن لەگەڵیدا، تەنیا هاوڕێیەتیی رابەرێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو گەشتێک بوو بۆ ناسینی مرۆڤێکی خاوەن کاریزما و رۆحێکی سادە و مرۆڤانە کە پڕ بوو لە وزە و گەرمیی.
لە ساڵی 1994ەوە، وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی، زۆر جار لەگەڵ سەرۆک مام جەلال بووم لە سەفەرەکانیدا بۆ وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا، تا نەخۆشکەوتن و سەفەرە هەتاهەتاییەکەی؛ لە وەفدە سیاسییەکاندا و لە دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆکان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە. ئەو سەفەرانە بۆ من هەر بەشدارییکردن لە چالاکیی سیاسیدا نەبوون؛ بەڵکو قوتابخانەیەک بوون بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و چۆنێتی بەرایەتی. لەو رێگایانەدا فێری ئەوە بووم کە گەورەیی تەنیا دەسەڵات نییە؛ بەڵکو ئەو دڵفراوانییەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەیەوە دڵی خەڵک بەدەستبهێنێت.
دەەڵێن: «سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکە.» راستیش وایە؛ چونکە مرۆڤ لە سەفەردا وەک خۆی دەردەکەوێت، بێ پەردە و بێ جوانکاریکردن. مام جەلال لە سەفەردا جیاوازتر دەردەکەوت، سەرەرای ئەو کاریزما و ناوبانگە سیاسییەی هەیبوو، لە نزیکەوە مرۆڤێکی زۆر خاکەڕا، قسەخۆش و نوکتەزان، خۆشەویست و نزیک لە دڵی هاوڕێکان بوو. هەوڵی دەدا هەمووان هەست بە ئارامی و خۆشی بکەن، تەنانەت لە ناو گەرمەی چاوپێکەوتنە سیاسییە گرنگەکانیشدا. زۆرجار بە نوکتەیەکی کورتی خۆی، ماندووبوونی رۆژێکی درێژ و قورسی دەشکاند و هەوایەکی ئارامی بە دەوروبەری خۆیدا دروست دەکرد.
لە زۆر سەفەردا سەرنجی ئەوەم دەدا کە مام جەلال، پێش ئەوەی بیر لە پرۆتۆکۆلی فەرمی بکاتەوە، بیری لە مرۆڤ دەکردەوە. لە فرۆکەخانەکان، لە ئۆتێلەکان، یان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا، لە پرسیاری بچووکەوە بۆ گرنگترین بابەتە سیاسییەکان، هەمیشە هەوڵیدەدا کەسەکەی بەرامبەر هەست بە نرخ و گرنگیی خۆی بکات. ئەو تایبەتمەندییە، کە زۆرجار لە سیاسەتدا ون دەبێت، لەلای مام جەلال بە ئاشکرا دیار بوو.
مام جەلال گوێگرێکی باش بوو. زۆرجار پێش ئەوەی قسە بکات، گوێی دەگرت، حەزی بە تێگەیشتن هەبوو. لەبەرئەوەش بوو کە دەتوانی لەگەڵ جیاوازترین کەسایەتی و بیرکردنەوەکاندا گفتوگۆ بکات و پلەیەک لە متمانە دروست بکات. لە دیدارە سیاسییە سەختەکانیشدا، هەستت دەکرد قسەکانی تەنیا بۆ قایلکردن نییە، بەڵکو بۆ نزیککردنەوەی دڵ و بیروبۆچوو نەکانە.
هەندێک جاریش لە ناو سەفەرەکاندا، دوور لە میدیا و فەرمییەت، رووی مرۆڤانەتر و دڵناسکەکەی دەردەکەوت. قسەی لەسەر مێژوو، ئەدەب، شیعر و بیرەوەرییەکان دەکرد. هەستت دەکرد لە پشتی ئەو پیاوە سیاسییە گەورەیە، رۆحی ڕۆشنبیرێک و دڵی مرۆڤێکی پڕ سۆز هەیە. شاید هەر ئەوە بوو کە زۆر کەس، پێش ئەوەی وەک سەرۆک سەیری بکەن، وەک مرۆڤ خۆشیان دەویست.
سەرەرای کاریزما و هێزی سیاسیی تایبەت، مام جەلال لە سەفەردا خۆی لە پێستی «کەسی یەکەم» دەردەهێنا و دەبوو بە هاوڕێیەکی نزیک؛ دەم بەخەندە، خاکیی، کراوە و بەخشندە بوو. تەمەن و پلە و پایەی خۆی نەدەکردە دیوارێک لەنێوان خۆی و هاوڕێکانیدا. نەک هەر لەگەڵ ئەندامانی وەفدەکە و سکرتاریەت، بەڵکو لەگەڵ پاسەوان و شۆفێر و خزمەتگوزارەکانی وڵاتی میوانیش بە رووخۆشی و رێزەوە هەڵسوکەوتی دەکرد؛ هەندێک جاریش بە دەستی یارمەتی و بەخششەوە.
مام جەلال زۆر گرنگی بە رێکو پێکی دەدا؛ جلوبەرگی جوان، بۆینباخی سوور و کراسی سپی. پابەندبوون بە کات و وادەی دیدارەکان و دوا نەکەوتن لە وادە. لە کۆبوونەوەکاندا شێخی شارەزایی بوو؛ دەیزانی چۆن قسە دەستپێبکات و چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی پێبهێنێت. کاتێک قسەی دەکرد، هێدی هێدی دەچووە ناو مەبەستەکەوە و بەرانبەرەکانی سەرسام دەکرد بە زانیاری و شارەزاییی فراوانی لە بوارەکانی مێژوو، ئەدەب و سیاسەتی وڵاتەکاندا. زۆر جار لە سیمای بەرانبەرەکانیدا رێز و سەرسوڕمانت دەبینی.
بۆ سەرۆک مام، سەفەر تەنیا گواستنەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر نەبوو؛ هەناسەدانێک بوو لە دەرەوەی ئەرکە فەرمییەکان و ئازادبوونێک بوو لە زیندانی «کەسی یەکەم».
حەزی لە خواردن، بە تایبەتی خواردنی ئیرانی بوو، وەک دەنەکەباب و فەسەنجون، لەسەر سفرەی پڕ و دانیشتنی هاوڕێیانەدا، دەستی بەخشندەیی بە ئاشکرا دەردەکەوت و چاوی میهرەبانیی لە هەمووان بوو.
لە ناو فڕۆکەدا لە “مەتەبات” نارەحەت دەبوو، بەڵام هیچ کات ترس لە سیمایدا دیار نەدەبوو. لە ناو ئۆتۆمبێلدا شۆفێری نارەحەت نەدەکرد و لە رێگا دوور و درێژەکانیشدا بێتاقەت نەدەبوو. جارێک لە تارانەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنە و پاشان مەریوان و دواتر سلێمانی دەگەڕاینەوە. لە تەنیشتی دانیشتبووم، جاروبار گۆرانیی بە نرمی و کزی دەگوت و میلۆدی گۆرانییە رەسەنەکانی دەزانی، هەروەها شعری کۆنیشی لەبەر بوو. لەو کاتانەدا پرسیار و بە وردی موناقەشەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی رووداوەکان سەردانەکەی دەکرد. سەفەرەکە زۆر دوور و درێژ بوو، بەڵام نە بێزاری و نە ماندووبوون بە رووخساریەوە دیار نەبوو. تەنانەت پێش ئەوەی بچێتە ماڵەوە، لە دەباشان سەردانی پارکی ئازادیی کرد بۆ ئەوەی بزانێت پرۆژەکە گەیشتووە بەکوێ.
لە سەفەرێکی تردا بۆ قاهیرە، وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بووین؛ «دکتۆر فؤاد مەعسوم، عەدنان موفتی، مستەفا سەی قادر، مەلا یاسین و بەندە.» مام جەلال لە تارانەوە “کاڤیار”ی بۆ رۆژنامەنووسی گەورە، مەحەمەد حەسەنەین هەیکەل هێنا بوو. کاتێک دیارییەکەی پێدا، پێی وت: «لە یەکەم سەردانت بۆ لای شای ئێران، لەسەر خوانی بەیانیانی شا، کاڤیارەکەت پێ نەخورابوو؛ ئێستا دوای دەیان ساڵ، من وەک دیاریی بۆم هێناویت، وابزانم ئێستا پێت دەخوردرێت.» هەیکەل بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: «نایابترین دیارییە کە بۆم هێنراوە.»
لەو سەفەرانەدا زۆر شت لە مام جەلال فێردەبووین. بەردەوام ئیلهامبەخش بوو؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو سەفەرانە ئەوە بوو کە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی وڵاتانی میواندار زۆر گرنگییان بە دیدارەکانی دەدا. زۆربەیان داوای چاوپێکەوتن و کۆنفرانسی رۆژنامەوانییان لێدەکرد و ئەویش بە خۆشحاڵیەوە جێبەجێی دەکرد؛ چونکە نرخ و گرنگیی ئەو دەرفەتانەی دەزانی بۆ گەیاندنی دەنگ و مافی رەوای گەلی کوردستان.
مام جەلال بێگومان دووربین، بەئەزموون و خاوەن بیرێکی تیژ بوو. لای ئەو، بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بوو. هەر بۆیە تەنیا سکرتێری گشتی یەکێتی نەبوو؛ بەڵکو بەڕاستی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بوو.
ئێستا کە مام جەلال لە نێوانماندا نییە، زیاتر مانای بوونی دەزانین. هەندێ مرۆڤ بە مردنیان کۆتاییان دێت، بەڵام هەندێکی تر دەبنە درێژبوونەوەی بیرەوەری و شکۆ و هیوای نەتەوەیەک کە مام جەلال لەوجۆرە کەسایەتییانە بوو.
رەنگە مێژوو ناوی زۆر رابەر لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار بکات، بەڵام تەنیا هەندێک لەوانە لە دڵی خەڵکدا دەمێننەوە. مام جەلال لەو کەسانە بوو کە لە گەرمەی سیاسەتیشدا مرۆڤایەتیی خۆی ون نەکرد و لە ناو دەسەڵاتدا هێشتا دەیتوانی بە دڵێکی سادە و خەندەیەکی گەرمەوە راستگۆیانە لەگەڵ هاورێکانی خۆی هەڵسوکەت بکات.
ئێستا کە ساڵانێک بەسەر ئەو سەفەرانەدا تێدەپەڕن، زیاتر دڵنیادەبمەوە کە هەندێک پیاو تەنیا بە سیاسەت ناناسرێن؛ بەڵکو بەو گەرمییەی لە ناخی مرۆڤەکاندا بەجێی دەهێڵن.
مام جەلال لەو جۆرە پیاوانە بوو؛ پیاوێک کە لە گەرمەی دەسەڵاتدا مرۆڤایەتیی خۆی ون نەکرد و لەناو هەموو ئەو ئاڵۆزی و شەڕ و قەیرانانەدا، هێشتا دەیتوانی بە خەندەیەکی جوان، دڵ ئارام بکاتەوە. مێژوو ناوی زۆر سەرکردە تۆمار دەکات، بەڵام تەنیا هەندێک لەوانە دەبنە بیرەوەرییەکی زیندوو.
مام جەلال لە لاپەڕەکانی مێژوودا تەنیا ناوێک نییە؛ بەڵکو هەستێکە و هەندێک هەستیش هەرگیز نامرن.
مام جەلال بەڕاستی دەگمەن بوو لای هەمووان، بەتایبەتی لای هاوڕێکانی.
لە مێژووی گەلاندا، هەندێ ڕێکخراو تەنها ناوێکی سیاسی نین؛ بەڵکو وەڵامی قۆناغێکن. وەڵامی تاریکی و ترس، وەڵامی شکست و بێدەنگی، وەڵامی ئەو ساتانەی کە نەتەوەیەک لە نێوان مانەوە و نەماندا هەڵواسراوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو جۆرە وەڵامانە بوو؛ لە دڵی ئاگری نەورۆز، لە ناو خۆڵەمێشی دوای نسکۆی شۆڕش، لە کاتێکدا کە زۆر کەس وا دەیانزانی خەونی کورد بەکۆتایی هاتووە.
مێژوو هەمیشە بە هێڵێکی ڕاست نانووسرێت؛ زۆرجار لە تاریکترین چرکەساتەکاندا، ڕووناکترین بڕیارەکان لەدایک دەبن. لە حوزەیرانی ١٩٧٥دا، کاتێک سێبەری قورسی ڕێککەوتننامەی جەزائیر و پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلوول وەک تەمێکی چڕ بەسەر کوردستاندا نیشتەجێ بوو، زۆر کەس وا دەیانزانی پرسی کورد چووەتە ناو گۆڕستانی مێژووەوە. بەڵام لە ناخی ئەو بێئومێدییە کوشندەیەدا، ئاگرێکی تر بە هێمنی هەڵدەگیرسا؛ ئاگرێکی بیر و ئیرادە و هیوا.
لە یەکی حوزەیرانی ١٩٧٥دا، ژمارەیەک تێکۆشەری بیرمەند و خاوەن ئیرادە هەستان و گوتیان: «هێشتا هیوا ماوە». ئەوە تەنها درووشم نەبوو؛ بەڵکو بریارێکی مێژوویی بوو بۆ ئەوەی نەتەوەیەک نەکەوێتە داوی شکست و بێئومێدی. دامەزراندنی یەکێتی، تەنها ڕاگەیاندنی حیزبێکی سیاسی نوێ نەبوو؛ بەڵکو تەقینەوەی هۆشیارییەکی فکری و نەتەوەیی بوو.
لەو قۆناغەدا “کۆمەڵە” وەک ناوکەیەکی فکری و ڕێکخراوەیی دەرکەوت؛ ڕێکخراوێک کە توانی هۆشیاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی تێکەڵ بکات و ڕێکخستنە نهێنییەکان لە ناو شار و گوندەکاندا ببوژێنێتەوە. شەهید شاسوار ناسراو بە “کاک ئارام” لەو تاریکییەدا بوو بە هیمای هەڵسانەوەی فکری و نەتەوەیی؛ پیاوێک کە خەباتی لە تیۆرییەوە برد بۆ ناو واقیع.
“کۆمیتەی هەرێمەکان” بە ڕابەرایەتیی کاک ئارام، تەنها ناوەندێکی ڕێکخراوی نەبوو؛ بەڵکو پەناگەی هیوا بوو بۆ خەڵکێک کە لە ژێر زوڵم و ڕاوەدووناندا دەژیان. لەو ماڵانەی شەوانە بە نهێنی کۆبوونەوەیان تێدا دەکرا، و لەو دڵانەی هێشتا باوەڕیان بە سبەینێ هەبوو، یەکێتی بە هێمنی درووست دەبوو.
لە هەمان کاتدا، بزووتنەوەی سۆشیالیست بە ڕابەرایەتیی کاک عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی، وەک بازوویەکی پۆڵاینی شۆڕشی نوێ دەرکەوت. ئەوان بە تێکەڵکردنی بیری پێشکەوتنخوازی و ئازایەتیی مەیدانی، بوونە بەشێکی گرنگی گڕوتینی خەبات؛ بەشێک کە مێژووی شۆڕش بەبێ قوربانیدانیان تەواو نابێت.
لە ناو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزانەدا، مام جەلال نەک تەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسی، بەڵکو وەک داینەمۆی بیر و ستراتیژی دەردەکەوت. ئەو دەیزانی خەبات تەنها بە چەک ناکرێت؛ بەڵکو بە دروستکردنی هۆشی نەتەوەیی، بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نیمچە بەرەیی و بیری چەپی واقیعی و عەقڵانی و بە خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانی جیهانیش دەکرێت. لە ناو قەیراندا دەرفەتی دەدۆزییەوە و لە ناو شکستدا بنەمای هەڵسانەوەی دادەنا.
بۆیە یەکێتی لە زۆر قۆناغدا تەنها هێزێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو “خوێندنەوەیەکی نوێ” بوو بۆ سەردەمەکە. ڕێبازێکی عەقڵانی هەڵبژارد کە لە نێوان خەبات و هیوا، لە نێوان نەتەوەییبوون و واقعبینی، هاوسەنگییەکی وردی پاراست.
ئەمرۆ جیهان گۆڕاوە. شەڕەکان تەنها لە مەیدانی چەکدا ناکرێن؛ بەڵکو لە ئابووری، زانیاری، تەکنەلۆژیا، وزە و ناسنامەشدا دەکرێن. عیراق لە نێوان دەوڵەتسازی و قەیرانی سیاسی دایە و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە قۆناغێکی نوێی چاکسازی و نوێبوونەوە هەیە.
لەم بارودۆخەدا، یەکێتی ئەگەر دەیەوێت هەر وەک هەمیشە “وەڵامی قۆناغ” بێت، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک گوێ لە دەنگی خەڵک بگرێت؛ بە تایبەتی ژنان و لاوان. چونکە ئەوانە نیشانەی ئایندەن. ڕەگ و نەوەی دێرین ئەگەر بە هەناسەی نوێ نەژێندرێتەوە، ووشک دەبێت.
پاراستنی دەسکەوتەکان، سەروەری یاسا، سەقامگیری ئاشتی و ئازادی، چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکان و چاککردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و ناوەند بە پێی دەستور، ئەمانە هەموویان ئەرکی قۆناغی نوێن. نەتەوەیەک ناتوانێت تەنها بە بیرەوەری بژی؛ پێویستی بە ئایندەش هەیە.
دروشمە مێژووییەکەی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی، «کەم بژی و کەڵ بژی»، تەنها وتەیەکی شۆڕشگێڕانە نەبوو؛ بەڵکو فەلسەفەیەکی ئەخلاقی بوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بە کەرامەت بژی، تەنانەت لە ناو زندان و لە سێدارەدانیشدا. ئەوە بوو هۆی ئەوەی ترسی مردن بچوک ببێتەوە و مانای ژیان گەورەتر.
لەم یادە پڕشکۆیەدا، جەپکە گوڵی وەفا و پێزانین ئاراستەی کاک کۆسرەت و هێرۆ خان دەکەین؛ دوو ناو و دوو مێژوو کە بە ئامادەبوون ئەگەر دووربن، بەڵام بە ڕۆح و شوێنپەنجەی خەباتیان هەمیشە لە ویژدانی خەڵکدا ئامادەن.
سڵاو لە گیانی پاکی مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری. سڵاو بۆ خۆڕاگریی پێشمەرگە و ئەو دایکانەی لە ناو فرمێسکدا هیواخواز بوون.
بێشەک، مێژوو ئەوانە نانووسێت کە تەنها دەسەڵاتیان بوو؛ بەڵکو ئەوانە دەنووسێتەوە کە لە تاریکترین ساتەکاندا، چرای هیوایان بۆ میلەتەکەیان هەڵکرد.
له پشت سهرقاڵی دیپلۆماسییهتی پهكین:
تێڕوانینێک بهرهو ڕۆژههڵات، تهنانهت تا چینیش
لە مانگی ئایار، لە سەرەتای وەرزی هاویندا، هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەوزاییەکی زیندووی زۆر جوان خۆی داپۆشیوه. بە هەزاران کیلۆمەتر لە دوورەوە، شاری پەکینی زیندوو بەهەمان شێوە چالاکییەکی دیبلۆماسی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینیوه. لە ماوەی یەک هەفتەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، سەردانی دەوڵەتیان بۆ چین ئەنجامدا کە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا.

I. لوتکەی چین و ئەمریکا: ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوەکە، و خستنەڕووی دیدێکی نوێ
لە ١٣ تا ١٥ی ئایار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانێکی دەوڵەتی بۆ چین ئەنجامدا. سەردانەکە تەوقەکردنێک بوو لە سەرانسەری زەریای هێمن و کۆبوونەوەیەکی مێژوویی بوو کە گرنگییەکی جیهانی هەبوو.
یەکەم: دیدێکی نوێی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا بنیاتنا. گرنگترین تێگەیشتنی سیاسی ئەوەبوو کە هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر دیدێکی نوێ بۆ بنیاتنانی "پەیوەندییەکی بنیاتنەر نێوان چین و ئەمریکا کە بە سەقامگیری ستراتیژی تایبەتمەندە".
پێویستە سەقامگیری ئەرێنی زاڵ بێت، هەماهەنگی وەک بەردی بناغە دابنرێت. چین و ئەمریکا پەیوەندییەکی بەهێزیان لە نێوانیاندا هەیە. لە کاتێکدا هەر پەیوەندییەکی ڕووبەڕووبوونەوە کارەساتبار دەبێت بۆ هەردوو وڵات و جیهان، هەماهەنگی نێوان چین و ئەمریکا دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت کە سوودی بۆ هەردوو گەل و جیهان بە گشتی دەبێت.
پێویستە سەقامگیری تەندروست زاڵ بێت، و کێبڕکێ لە سنوورێکی گونجاودا بمێنێتەوە. کێبڕکێی نێوان چین و ئەمریکا نابێت ببێتە یارییەکی کۆی سفر. بەڵکو پێویستە پێشبڕکێیەکی تەندروست و ئەرێنی و دادپەروەرانە بێت، کە تێیدا فێربین لە یەکتر و پێکەوە هەوڵی باشتر بدەین و بەپێی یاساکان کێبڕکێ بکەین و پشتگیری یەکتر بکەین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
پێویستە سەقامگیری بەردەوام زاڵ بێت و جیاوازییەکان بتوانرێت بەڕێوەببردرێت. پێویستە هەردوولا بەردەوامی و سەقامگیری سیاسی لە نێوانیاندا بپارێزن. تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ هەماهەنگیەکانی نێوان چین و ئەمریکا دڵنیایی زیاتر بۆ گەشەسەندنی هەردوو وڵات و بۆ دۆخی نێودەوڵەتی دەڕەخسێنێت.
پێویستە هەمیشە سەقامگیری لەو شوێنانەی کە چاوەڕوانی ئاشتی لێدەکرێت زاڵ بێت. بەکورتی پێویستە هەردوولا پابەندی سێ بەیاننامە هاوبەشەکەی چین و ئەمریکا بن و ڕێز لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و ڕێڕەوی گەشەسەندنی یەکتر بگرن و ڕێز لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکان و نیگەرانییە سەرەکییەکانی یەکتر بگرن و ڕێز لە مافی گەشەسەندنی یەکتر بگرن.
دووەم: کۆدەنگی لەسەر قووڵکردنەوەی هەماهەنگیەکانیان بەهێزتر کرد. هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە ئاڵوگۆڕی زیاتر دەربارەی سیاسەتی دەرەوە، پەیوەندییە سەربازییەکان، ئابووری و بازرگانی، تەندروستی گشتی، کشتوکاڵ، گەشتیاری، ئاڵوگۆڕی گەلان، و جێبەجێکردنی یاسا. هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانی و ئەنجومەنی وەبەرهێنان بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی یەکتر سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و فراوانکردنی بازرگانی دوولایەنە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی باجی بەرامبەردا. زۆرێک لە سەرکردە بازرگانییە باڵاكانی ئەمریکا لەم گەشتەدا یاوەری سەرۆک ترامپیان کرد بۆ چین، و بانگهێشت کران بۆ دانوستانە فەرمییەکان. سەرۆک شی هانی ئەوانی دا کە هەماهەنگی لەگەڵ چین بەهێزتر بکەن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چین دەرگای خۆی بە شێوەیەکی فراوانتر دەکاتەوە. لە بەرامبەردا هەموویان ڕایانگەیاند کە پابەندبوونێکی قووڵیان بە بازاڕی چینەوە هەیە، و دەیانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە چینییەکان بەهێزتر بکەن.
سێیەم: هەردوولا ئاڵوگۆڕی قووڵیان لەسەر پرسە سەرەکییەکان ئەنجامدا. سەبارەت بە پرسی تایوان، سەرۆک شی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە گرنگترین پرسە لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکادا. ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەربەخۆیی تایوان" و ئارامی لە سەرانسەری گەرووی تایواندا ناتەبایە، وەک ئاگر و ئاو. پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووی تایوان گەورەترین خاڵی هاوبەشی نێوان چین و ئەمریکایە و لایەنی ئەمریکی لە هەڵوێستی چین تێدەگات، نیگەرانییەکانی چین بە جددی وەردەگرێت و لەگەڵ هەنگاوەکانی تایوان بەرەو سەربەخۆیی هاوڕا نییە و قبوڵی ناکات. سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆک شی جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی هێز ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و گفتوگۆش تاکە بژاردەی دروستە. چین هانی ئەمریکا و ئێران دەدات بەردەوام بن لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و جیاوازییەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە، داوای کردنەوەی گەرووی هورمز بە زووترین کات دەکات و بانگەشە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و هەمەلایەنە دەکات.

II. لوتکەی چین و ڕووسیا: نوێکردنەوەی دۆستایەتی، پێکەوە بۆ داهاتوویەکی هاوبەش
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ١٩ تا ٢٠ی ئایار سەردانێکی دەوڵەتی بۆ چین ئەنجامدا، ئەمەش ٢٥ەمین سەردانی سەرۆک پوتین بوو بۆ چین، کە هاوکات بوو لەگەڵ ٣٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەماهەنگی ستراتیژی هاوبەش نێوان چین و ڕووسیا، هەروەها ٢٥ەمین ساڵیادی واژۆکردنی پەیمانی دراوسێیەتی باش و هەماهەنگی دۆستانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
سەرۆک شی ئاراستەی داهاتووی پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیای بە "چوار ڕەهەندی کوالیتی بەرز" کورتکردەوە.
یەکەم: دروستکردنی متمانەی سیاسی کوالیتی بەرز لە نێوان یەکتر و پێشکەشکردنی پشتیوانی ستراتیژی بەهێز بۆ یەکتر. لە ئێستادا پەیوەندی نێوان چین و ڕووسیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا وەک هاوبەشییەکی ستراتیژی هەمەلایەنە بۆ هەماهەنگی لە سەردەمی نوێدا، کە نموونەیەکی سەرەکییە بۆ جۆرێکی نوێی پەیوەندی نێوان زلهێزەکان.
دووەم: بەهێزکردنی هەماهەنگی کوالیتی بەرز کە سوودی هاوبەشی هەیە و بە هاوبەشی پێشخستنی گەشەپێدان و بوژاندنەوە بۆ یەکتر. هەردوولا کاردەکەن بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگی نێوان ستراتیژییەکانی گەشەپێدان و ههروهها کار بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی سودبەخشی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دهكهن.
سێیەم: بەرزکردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو گەل بە کوالیتییەکی بەرزتر و چەسپاندنی بناغەکانی دۆستایەتی هەمیشەیی نێوان هەردوو وڵات. هەردوو سەرۆک بڕیاریاندا خولی دەیەمی پرۆگرامی "ساڵانی پەروەردەی نێوان چین و ڕووسیا" بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. هەردوولا ئەم بۆنەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو گەل و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کولتووری و پەروەردەیی رێکدەخەن.
چوارەم: هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی کوالیتی بەرز بۆ چاکسازی و باشترکردنی حوکمڕانی جیهانی. چین و ڕووسیا بە جێگیری کاردەکەن بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکسانی و دادپەروەری نێودەوڵەتی، هەروەها دژایەتیکردنی هەموو کردەوەیەکی تاکلایەنە و هەوڵدان بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتی مێژوو و بەتایبەتیش دژایەتی هەموو ئەو کردەوە وروژێنەرانە کە دەرئەنجامی سەرکەوتنی جەنگی جیهانی دووەم ڕەتدەکەنەوە و هەوڵی پاساوهێنانەوە و زیندووکردنەوەی فاشیزم و جەنگخوازی. پێکەوە کاردەکەن بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی حوکمڕانی جیهانی دادپەروەرتر و یەکسانتر.
III. دوو لووتکەی یەک لە دوای یەک لە نێوان سەرۆکی دەوڵەتە گەورەکاندا بە ڕووداوی زۆر گرنگ ناوبرا و گەیشتە لوتکە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٠ سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەتی بیانی سەردانی چینیان کردووە.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی سەرۆکایەتیدا، زۆرێک لە وڵاتان بەدوای پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ چین و تێگەیشتنێکی باشتر لەسەر چین دەگەڕێن، هەروەها متمانەیان بە چین زیادیکردووە و هیوایەکی زۆریان لەسەری داناوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی چین لە دابینکردنی سەقامگیری و دڵنیایی زیاتر لە جیهانێکی پشێودا، "تێڕوانین بەرەو ڕۆژهەڵات" بووەتە بژاردەیەکی پەسەندکراو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق، " تێڕوانین بەرەو ڕۆژھەڵات" واتە گەڕان بەدوای ئاسایش و گەشەپێدان. سەرۆک شی جینپینگ داوای لە هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ڕووسیا کرد کە بەشداری لە گفتوگۆی ئاشتی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن کە ئەمە بەرپرسیارێتی چین وەک زلهێزێکی گەورە نیشان دەدات و هەروەها بەشداریکردنه لە پاراستنی ئاشتی و ئارامیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە وەڵامی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بوژاندنەوە و گەشەپێدانی ئابووری، چین هاوبەشێکی متمانەپێکراوە بۆ هاوبەشکردنی دەرفەتەکانی گەشەپێدان و بەدواداچوونی هەماهەنگی سوودبەخشی هاوبەش. چ لە رێگای گەشەسەندنی جێگیر و بەردەوام و درێژخایەنی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا بێت، یاخود نوێبوونەوەی دۆستایەتی نێوان چین و ڕووسیا بێت، هەردووکیان زەبری نوێ بۆ گەشەسەندنی ئابووری جیهانی دەڕەخسێنن، و بێ گومان دەرفەتی نوێی زیاتر بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەماهەنگی نێوان چین و هەرێمی کوردستانی عێراق دەڕەخسێنن.
وەک پەندێکی کۆنی چینی دەڵێت: “ئەو کەسانەی چاکە دەکەن هەرگیز بێ هاوبەش نابن” بە تێڕوانین بۆ داهاتوو، چین بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی کرانەوەی کوالیتی بەرز بەڕووی جیهاندا. ئێمە پێشوازی لە دۆستانمان دەکەین لە هەموو چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەی بەشداری لە شەپۆلی " تێڕوانین بەرەو ڕۆژھەڵات" بکەن، بۆ هاوبەشکردنی دەرفەتەکانی گەشەپێدان و بەدەستهێنانی سوودی هاوبەش بۆ هەمووان، و بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگی دۆستانە لە بوارەکانی وەک ژێرخانی ئابووری و بازرگانی، وەبەرهێنان، زیرەکی دەستکرد، وزەی نوێ، و ئاڵوگۆڕی کولتووری و ئاڵوگۆڕی گەلان، و بۆ ئەوەی ئایندەیەکی گەشاوه و خۆشگوزەرانی هاوبەش و سەرکەوتنی هاوبەش بنیات بنێین!
کاتێک گەلی کوردستان نەتوانێت دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، دەستپێوەگرتن و پاراستنی هەرێم باشترین کار و پیرۆزترین ئەرکە، بەڵام مخابن ، هەندێک کەس و لایەن هەرێمیان تەنیا بۆ ئەوە دەوێت کە بەرژەوەندییە زۆر و زەوەندەکانيان پارێزراو بن ، بەلام بەدەر لەوە ئامادەن قوربانی پێبدەن، بۆیە دەیانەوێت سیستمە کارگێڕییە سەقەتەکەی هەر بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.
کەس نییە نەزانێت کە هەرێم، سەرەڕای بێسەروبەرییەکەی، لەناو قەیرانێکی ئەوەندە گەورەدایە کە خەریکە لەناوی دەبات، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە دەسەڵاتداران بێباکن و گوێ بە هیچ نادەن!
پەکخستنی پەرلەمان، پێکنەهێنانی کابینەی حکومەت و بەڕێوەبردنی قەرەقۆشیانە، بابەتگەلێکی سەرپێی و سادە نین. بەڵام مخابن، نابینین ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی ئەم وڵاتە دادەنێن و مەستی ناو ناز و نیعمەتن، بیر لە لێکەوتەکانی بکەنەوە. ئەو بێباکییە گەیشتووەتە ئاستێک کە وەک بڵێی چارەنووسی ئەم گەلە (چی دەبێت و چی نابێت)يان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی سەیر و سەمەرەشە ئەوەیە کاتێک قسە دەکەن، کوردایەتی و نیشتمانپەروەريان لە دەم دەچۆڕێتەوە!
ئەوانەی هۆکاری سەرەکیی ئەم بارودۆخەن، بە بیانووی بێناوەرۆک ئۆباڵەکە دەخەنە ئەستۆی لایەنەکانی تر. کەچی خۆشیان باش دەزانن کە ئۆباڵبەخشینەوە نە داد دەدات و نە ئەستۆیان پاک دەکاتەوە، بەڵکو تەنیا بۆ چەواشەکاری و درێژەدان بەم نادادییەیە؛ لە جیاتی بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەر بەم شێوازە خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.
دیارە ئەم قەیرانە سیاسییە لەخۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو زادەی کۆمەڵێک فاکتەرە؛ لەوانەش: خراپیی سیستمی حوکمڕانی، لێکنەجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هەژموونی گەورەی حزب، تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و چڕکردنەوەی دەسەڵات. لەبەر نەبوونی دامودەزگای نیشتمانییە ڕاستەقینەکانيش ئێستا لە قۆناغێکداین کە ئەوەی دەستی دەڕوات و لە دەسەڵاتدایە بەرپێی خۆی نابینێت و تەنیا دوعا دەکات و دەڵێت: "خوایە لێی ڕاگرە". ئەوەشی دەستی ناڕوات، قسەی وەرناگیرێت، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبن.
لەم ماوەیەدا لە سێ لایەنەوە باسی دابەشبوونەوەی هەرێم دەکرێت:
- لایەنێک بە کردەوە بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت.
- لایەنێک وەک پەرچەکردار ، ئەمە بە چارەسەر دەزانێت.
- لایەنێکیش لە ڕووی پەرۆشی و لەبەر ترسی دابەشبوون، باسی لێوە دەکات.
ئایا مەترسیی دابەشبوونەوە هەیە؟
دەتوانم زۆر بە کورتی بڵێم: بەڵێ، هەیە.
ئایا دابەشکردنەوە چارەسەرە؟
نەخێر، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و حوکمڕانیی خۆمانە بۆ دواوە.
ئایا ئەم سیستمەی ئێستا ئەوەندە نموونەیییە کە بە پیرۆزی بزانین و بەرگریی لێ بکەین؟
بێگومان وانییە، بەڵام دەکرێت بە گۆڕانکاری و چاکسازی بیکەینە قەوارەیەکی نموونەیی. لە کەس شاراوە نییە کە ئەم سیستمە کارگێڕییە سەقەتە، کەچی لە جیاتی ڕاستکردنەوە و چاککردنی، ڕۆژ بە ڕۆژ سەقەتتر، لاوازتر و ناشیرینتر دەکرێت.
کەواتە ئەم شێوازە بەڕێوەبردنەی ئێستا نەک هەر نەگونجاوە، بگرە زۆریش خراپە. بەڵام دەکرێت لە جیاتی پەنابردنە بەر دووئیدارەیی ، بە بەهێزکردنی پارێزگاکان، دابینکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی وڵات، پێکهێنانی کابینەیەکی نیشتمانیی هاوبەش و یەکخستنی سیاسیەتی گشتی بگيرێتە بەر.
پێویستە بە شێوازێک هەرێم ڕێکبخەینەوە کە شوێنی دەوڵەت بگرێتەوە، نەک لە پێناوی بەرژەوەندیی تایبەتدا بڕوخێنرێت.
هاتنی عەلی زەیدی بۆ سەر کورسیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، جۆرێک لە ئومێد و لە هەمان کاتدا پرسیاری جددی لە شەقامی عیراقی و ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردووە.
لە وڵاتێکدا کە ساڵانێکە لەژێر باری قورسی ململانێی تائیفی، گەندەڵی و تەنگژە سیاسی و ئابوورییەکاندا دەناڵێنێت، دەرکەوتنی سەرۆک وەزیرانێکی گەنج و خاوەن دیدگایەکی جیاواز لەوانەی پێش خۆی، وەک «دەرفەتێکی زێڕین» بەڵام پڕ لە مهترسی سەیر دەکرێت.
زەیدی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانیی لێدەکرێت و هێزە کوردی و نێوخۆییەکانیش بە چاوێکی پڕ لە ئومێدەوە لێی دەڕوانن، رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی دەبێتەوە، بەڵام ئایا سەرۆکە گەنجەکە، دەتوانێت عیراق لەم قەیرانە قووڵانە دەرباز بکات؟، یان ئەویش دەبێتە قوربانی سیستمی پشک پشکێنە؟
کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغداد
کورد بەچاوی ئومێدەوە لە هەنگاوە کردارییەکانی عەلی زەیدی دەڕوانێت، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و هەنگاونانی جددی بۆ دروستکردنی متمانە و دەستبردن بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان لەگەڵ بەغداد.
ئەمە رەنگە یەکەمین و گەورەترین تاقیکردنەوەی بەردەم سەرۆک وەزیران بێت، چونکە ئاڵۆزترین دۆسێیە کێشەکانی وەک: شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. یاسای نەوت و گاز. دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان (ماددەی140).
وادەردەکەوێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئومێدێکی زۆریان بەم گەنجە هەبێت، چونکە جیاواز لە دەموچاوە کلاسیکییەکانی پێشوو، زمانێکی نەرمتر و دیدگایەکی نیشتمانیی هاوچەرختری هەیە. سەرکەوتنی زەیدی بەندە بە تواناکانییەوە لە دۆزینەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی سەروەریی دارایی بەغداد و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوور لە بەکارهێنانی قووتی خەڵک وەک کارتی گوشاری سیاسی، هەرچەندە دەست و پەنجەی قەڵەمەکەی بەر لە هەر واژۆیەک گرێدراوە بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە،
لەبەر ئەوە هەڵچنینی ئومێدی زۆر لەسەری و نیشاندانی وەک فریادڕەس، زیادەڕۆییە لەو راستییەی کە پایەکانی عیراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە.
کارتەکانی هێز لەدەستی عەلی زەیدی-دا
سەرباری ئاڵەنگاری و بەربەستەکانی بەردەمی لەگەڵ ئەوەشدا چەند هۆکارێک هەن کە وادەکەن پێشبینی سەرکەوتن تەنانەت ئەگەر رێژەییش بێت بۆ زەیدی بکرێت:
-1پشتیوانیی نێودەوڵەتی (بەتایبەت ئەمریکا): واشنتۆن دەیەوێت پاڵپشیی سەرکردەیەکی گەنج و تەکنۆکرات بکات کە توانای چاکسازی لە بەغداد هەبێت و بتوانێت هاوسەنگیی هێز بپارێزێت و ئابووریی وڵات ببووژێنێتەوە. ئەم پشتیوانییە هێزێکی سیاسی و دارایی گەورە بە زەیدی دەبەخشێت.
-2 پشتیوانیی لایەنە نێوخۆییەکان و کورد: متمانەی پێشوەختی لایەنەکان، کات و دەرفەتی پێویستی پێدەدات بۆ داڕشتنی پلانەکانی بەبێ ئەوەی لە سەرەتاوە رووبەڕووی بەربەستی پەرلەمانیی توند ببێتەوە.
-3 فاکتەری تەمەن و دیدگا: گەنجێتی زەیدی و تێڕوانینی جیاوازی بۆ حوکمڕانی، وادەکات لە لایەن شەقامی عیراقی و هێزی نوێوە (کە تینووی گۆڕانکارین) پێشوازیی لێبکرێت.
لەبەرامبەر ئەم دەرفەتانەدا، لەم رێگایەدا سەرۆک وەزیرانی نوێ فەرشی سووری بۆ رانەخراوە، بەڵکو پڕە لە مینی سیاسی چێنراو. گەورەترین رێگر لەبەردەمیدا «دەوڵەتی قووڵ» و ئەو کوتلە سیاسییە باڵادەستانەن کە ساڵانێکە بەرژەوەندییەکانیان لە گەندەڵی و پشککاریدا پارێزراوە و بەئاسانی لێناگەڕێن گەنجێکی بێ پاڵپشتی سیاسی رێسەکەیان لێ بکاتەوە بە خوری!
ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت عیراق لە بازنەی هەژموونی ئیقلیمی دەربچێت، یان نایانەوێت چاکسازیی راستەقینە لە کەرتی داراییدا بکرێت، دەبنە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم دیدگا نوێیەکەی زەیدیدا، ئەگەر نەتوانێت بە توندی رووبەڕووی ئەم هێزانە ببێتەوە، مەترسیی هەیە ئەویش وەک پێشینەکانی، ببێتە تەنها «پاساوێک بۆ مانەوەی دۆخی باو، ئەو بازنەیەی لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە عیراق تێیدا دەخولێتەوە و هێشتا نەیتوانیوە تێی پەڕێنێت.
زەیدی لەنێو گێژاوی ململانێ و ئاراستە جیاکاندا
عەلی زەیدی تەنها کاندیدێکی نوێ نییە، بەڵکو رەنگە دوایین کارتی تاقیکردنەوەی سیستمی سیاسی عیراق بێت بۆ سەلماندنی توانای گۆڕانکاریی لە ناوخۆی وڵاتدا.
سەرکەوتنی ئەو لە دەربازکردنی عیراق و چارەسەرکردنی کێشەی هەمیشەیی هەرێم و بەغداد، پەیوەست نییە تەنها بە «نییەتی باش» یان «پشتیوانی دەرەکی»، بەڵکو سەرکەوتنی زەیدی بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت ئەو پلان و بەرنامانەی وەک لە کارنامەی حکومەتەکەی دایڕشتوە لەسەر کاغەزەوە بیگەیەنێتە هەنگاوی کرداری! و کێشەی هەولێر و بەغداد لە ململانێی حزبییەوە بگۆڕێت بۆ رێککەوتنی ستراتیژیی درێژخایەن لەسەر بنەمای دەستوور؟