ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا تەنها گۆڕینی سەرۆکێک نەبوو، بەڵکو کۆتایی قۆناغێک بوو کە دەیان ساڵ بە ترس، زیندان، خوێن و سڕینەوەی ناسنامەکان نووسرابوو. بەڵام ڕووخانی دیکتاتۆری بە مانای لەدایکبوونی دیموکراسی نییە؛ چونکە ڕووخاندنی دەسەڵات زۆر ئاسانترە لە بنیادنانەوەی دەوڵەت.
بەعس لە عێراق و سوریا، سەرەڕای ناکۆکی و دابەشبوونی بەناو چەپ و ڕاستەوە، لە ناوەڕۆکدا یەک سیستمی تاکڕەو و سەرکوتکەر بوو. لە هەردوو وڵاتدا، حیزب بووبووە دەوڵەت، سەرۆک بووبووە یاسا و دەزگا ئەمنییەکانیش بووبوونە زمان و دەستی دەسەڵات. بەڵام کۆتاییی ئەم دوو ڕژێمە بە یەک شێواز نەهات: لە عێراق، هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەسەڵاتی سەددام حسێنی ڕووخاند؛ لە سوریاش شەڕی ناوخۆ، خەباتی خەڵک، هەڵکشانی ئۆپۆزسیۆن، لاوازبوونی هاوپەیمانانی بەشار ئەسەد و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکان، کۆتایییان بە ڕژێمەکە هێنا.
وانەی عێراق بۆ سوریای نوێ ڕوونە: ئەگەر تۆڵەسەندنەوە جێگەی دادپەروەری بگرێتەوە، ئەگەر زۆرینە مافەکانی کەمینەکان بسڕێتەوە و ئەگەر دامەزراوە نیشتمانییەکان لاواز بن، دیکتاتۆریی کۆن بە ڕووخسارێکی نوێ دەگەڕێتەوە. مەترسیی گەورە تەنها لە پاشماوەکانی بەعسدا نییە؛ بەڵکو لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی عەقڵییەتی بەعس بە ئاڵا، دروشم و ناوێکی نوێشدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەحمەد شەرع، ئەگەر بیەوێت دەوڵەتمەداری سوریای نوێ بێت، دەبێت لە سنووری سەرکردایەتیی گرووپێک تێپەڕێت. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەو، لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ کورد، عەلەوی، مەسیحی، دروزی و پێکهاتەکانی دیکەدایە. سوریای نوێ بە گۆڕینی ئاڵا و ناوی سەرۆک دروست نابێت؛ بە دەستوورێک بنیاد دەنرێت کە هاووڵاتیبوون بکاتە بنەمای ماف و بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتیش بە یاسا سنووردار بکات.
لە بەرامبەردا، مەزڵووم عەبدی و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک «هەسەدە» لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگیان بینی و قوربانییەکی گەورەیان دا. ئەم قوربانییە نابێت لە کاتی نووسینەوەی نەخشەی داهاتووی سوریا لەبیر بکرێت. کورد لایەنێکی ڕەسەنی سوریا و خاوەنی مافە نەتەوەیی، زمانی، کەلتووری و سیاسییەکانی خۆیەتی. ئەم مافانەش نابێت بە بەڵێنی کاتی یان دڵسۆزیی سەرکردەیەک ببەسترێنەوە؛ بەڵکو دەبێت لە دەستوور، یاسا و دامەزراوەکاندا مسۆگەر بکرێن.
ڕێککەوتنی (10)ی ئاداری2025 لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدیدا دەرفەتێک بوو بۆ گواستنەوە لە ململاێی سەربازییەوە بۆ گفتوگۆی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەی «هەسەدە» و تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی لە سوپای سوریا لە (25)ی ئابی2026، قۆناغێکی نوێی ئەم پرۆسەیەیە؛ بەڵام کۆتاییی پرسی کورد نییە. هەڵوەشاندنەوەی هێزێکی سەربازی شتێکە و چارەسەرکردنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیەک شتێکی دیکەیە. ئەگەر چەک یەکبخرێت، بەڵام مافەکان یەکسان نەبن، کێشەکە چارەسەر نابێت؛ تەنها لە مەیدانی سەربازییەوە دەگوازرێتەوە بۆ گۆڕەپانی دەستوور و سیاسەت.
یەکێتیی خاکی سوریا پێویستە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانی بە زۆر و ناوەندگەراییی توند دروست نابێت. دەوڵەتی بەهێز ئەوە نییە هەموو دەسەڵاتێک لە دیمەشق کۆبکاتەوە؛ بەڵکو ئەوەیە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت و جیاوازییەکان بکاتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی، نەک بیانووی سەرکوتکردن. سوریا پێویستی بە یەک دەوڵەت هەیە، نەک بە سەپاندنی یەک ناسنامە.
گۆڕانکارییەکانی سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر عێراق هەیە؛ چونکە ئاسایشی ئەم دوو وڵاتە بە سنوور، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسیی تیرۆرەوە بە یەکدی بەستراوەتەوە. ئەگەر سوریای نوێ بەرەو دەوڵەتێکی دادپەروەر و جێگیر بڕوات، دەتوانێت مەترسیی گەڕانەوەی داعش، قاچاخی چەک و شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون کەم بکاتەوە و دەرگای بازرگانی و هاوکاریی هەرێمی بکاتەوە. بەڵام ئەگەر ناکۆکیی نەتەوەیی و مەزهەبی قووڵتر بێتەوە، شەپۆلەکانی نائارامی لە سنوورەکانی سوریا ناوەستن و دەگوازنەوە بۆ عێراق.
چۆنیەتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا، کاریگەریی سیاسی و دەروونیشی لەسەر پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت. دانپێدانان بە فرەیی و مافە دەستوورییەکان دەتوانێت عێراق هان بدات ئەزموونی فیدراڵیی خۆی بەهێزتر بکات؛ بەڵام سەرکوتکردن و ناوەندگەراییی توند، فشار و ناکۆکییەکانی ناوچە زیاتر دەکات. بۆیە داهاتووی سوریا بۆ عێراق تەنها بابەتێکی دراوسێیەتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی و هاوسەنگیی سیاسیی خۆی.
هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانیش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان سەیری داهاتووی سوریا دەکەن. ئەمریکا، تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی، هیچ کامیان خێرخوازی بێبەرژەوەندی نین. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانیی هەمیشەیی نییە؛ بەرژەوەندیی بەردەوام هەیە. بۆیە کورد نابێت چارەنووسی خۆی تەنها بە بەڵێنی هێزێکی دەرەکی ببەستێتەوە. یەکڕیزیی ناوخۆ، گفتوگۆی کوردی–کوردی و ڕێککەوتنی دەستووری لەگەڵ دیمەشق، بەهێزترین پشتیەوانی مافەکانی کوردن.
هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە نێوانگیری و گواستنەوەی ئەزموونی خۆی، یارمەتیدەری ئەم پرۆسەیە بێت. وانەی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا ئەوەیە: مافێک کە لە دەستوور و دامەزراوەکاندا ڕەگی نەبێت، بە هەر گۆڕانێکی هاوسەنگیی هێز دەکەوێتە مەترسییەوە؛ دەسەڵاتی ناوخۆییش، ئەگەر بە یەکڕیزی، شەفافیەت و بەڕێوەبردنی باش نەپارێزرێت، لە ناوەوە لاواز دەبێت.
سەرکەوتنی سوریای نوێ بەوە ناپێورێت کێ دیمەشقی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە ئایا هەموو سورییەکان خۆیان لە دەستوور و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەبیننەوە یان نا. دیکتاتۆری بە هێز دەڕووخێت، بەڵام دیموکراسی بە ڕێککەوتن، متمانە و دادپەروەری بنیاد دەنرێت. ئەگەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سوریای نوێدا خۆیان بە هاوبەش و خاوەنماڵ نەزانن، ئەوا بەعس ڕووخاوە، بەڵام عەقڵییەتی بەعس هێشتا ماوە.
لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا، دەكرێت لە دەقی نووسەر وەك سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، کۆمەڵگا، زمان، بیرکردنەوە و گۆڕانکارییەکانی ژیانی مرۆڤی کوردیش، لێبڕوانرێت، هەڵبەت لەنێو نووسەرانی کورددا، حسین عارف وەک چیرۆکنووس و رۆماننووس، گرنگییەكی وێژەیی خۆی هەیەو لە خوێندنگە و زانکۆ و توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا، بوونەتە كەرەستەی خوێندن و لێكۆلینەوە.
بەوپێیەی زانكۆ، ناوەندێكی گەورەی مەعریفی كۆمەڵگایەو رۆڵێكی گرنگی لە پراكتیزەكردنی گریمانەو تیۆرییەكاندا هەیە، پێویستە عەقڵی مرۆڤە مەزنەكانی كورد بكاتە بنەمایەك بۆ فراوانكردن و گەشەكردنی مەعریفەی كۆمەڵگا، پەیوەست بەمەش گرنگیی هزری ئەدەبی حسین عارف، لەوەدا بەرجەستەدەكرێت كە لەڕێگەی چینینی بیرۆكەی چیرۆک و رۆمانەكانییەوە، توانێوێتی بواری گفتوگۆ لەنێوان ئەدەبیات و زانستە مرۆڤایەتییەکاندا فراوانبکات، بەجۆرێك وێنەیەک لە کۆمەڵگا، شار، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی سەردەم و وێنەیەك لە مرۆڤی كورد، بكێشێت و پیشانبدات، بۆیە پێویستە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی حسین عارف بە تایبەت لە زانکۆدا لە سنووری ئەدەبیات تێبپەڕێت و ببێتە سەرچاوەیەكی زانستیی كۆمەڵایەتی بۆ بواری مێژوو، کۆمەڵناسی، زمانەوانی، توێژینەوەی کەلتووری و تەنانەت ئەو توێژینەوانەش لەسەر پێكهاتەی شار ئەنجامدەدرێت، هەروەك تێری ئیگڵەتن دەڵێت بەهای ئەدەبیات پەیوەندییەکی نزیکی بە ئایدیۆلۆژیا کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، ئەدەب تەنها لە جوانیی زمان، شێوازی نووسین یان چێژبەخشیندا كۆو چڕنابێتەوە، بەڵکو هەڵگری بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیای كۆمەڵگایە. لێرەوە یەکێک لە گرنگترین خوێندنی بنەماكانی رۆمان و چیرۆک لە زانکۆدا ئەوەیە کە كار لەسەر دەقی ئەدەبی وەک بەڵگەی مێژووی و کەلتووری و كۆمەڵایەتی لە رووی رووداو، زمانی كۆمەڵایەتی، هەڵسوکەوت، دابونەریت، بیرکردنەوە و ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان بكرێت. لەبەر ئەمە، خوێندکاری بواری كۆمەڵناسی و مێژوو دەتوانن بەرهەمەکانی حسین عارف بەراورد بە بەڵگە مێژووییە فەرمییەکان بكەن و بزانێت کە چۆن رووداو و ژیانی رۆژانە و هەستی مرۆڤەکان لە دەقی ئەدەبیدا رەنگیانداوەتەوە، بەمپێیە دەتوانرێت دەقی ئەدەبی لەگەڵ تیۆرییە کۆمەڵناسییەکان بخوێندرێتەوە و لە پەیوەندارێتیی نێوان ئەدەبیات و کۆمەڵگادا، تێگەیشتنێکی نوێ دروستبكرێت.
لەلایەكی دیكەوە بەرهەمە ئەدەبییەکانی حسین عارف دەتوانن ببنە کۆگایەکی دەوڵەمەند بۆ توێژینەوەی زمان، چیرۆك و رۆمانەكانی بكرێتە بنەما بۆ بەرجەستەكردنی فەرهەنگی وشە و شێوازی دەربڕین، شێوازی گێڕانەوە، گفتوگۆی کەسایەتییەکان و بەو هۆیەوە كار لەسەر پەیوەندیی نێوان زمانی نووسین و زمانی قسەکردن، بكرێت و لە بواری سۆسۆلۆجیای زمان و دیسكۆرس و دركپێكردنی زمانیدا وەك داتایەكی زمانی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.
هەروەها گرنگە كار لەسەر پرۆژەی ئەرشیفكردنی دیجیتاڵی بكرێت، بێگومان یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ سوودوەرگرتن لە سەروەتی ئەدەبی حسین عارف و سەرجەم ئەدیب و نووسەرەكانی كورد، کۆکردنەوە و دیجیتاڵکردنی بەرهەمەکانیانە. ئەگەر دەقەکان بە شێوەی دیجیتاڵ لە بەردەستی خوێندکار و توێژەردا بن، ئەوا ئاسانتر دەتوانرێت لەسەر وشە و رستە و بابەت و شێوازی گێڕانەوە توێژینەوەی کۆمپیوتەری و ئەدەبی بکرێت، ئەمە دەتوانێت هەنگاوێک بێت بەرەو دروستکردنی کۆگای دیجیتاڵی ئەدەبی کوردی.
بێگومان جێبەجێكردنی هەریەك لەم هەنگاوانە بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی زانست و پاراستنی یادەوەریی کەلتووریی کوردانە پێكدەهێنێت و دەكرێت ببێتە یەكێك لە داتاكانی ئەرشیفكردنی شوناسی كوردبوونمان.
خەونێکم هەیە
ژیان بە بێ مەبدەئیەت پوچەڵ و بەتاڵە. بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار ئەزانن، ژیان بە بێ خەون بازرگانیە. بەڵام خەونی چی؟… خەون لە پێناو خۆشبەختی گەل و سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان.
هەرێمی کوردستان لە چەق بەستویی سیاسیدایە. خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانە لە دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری (کەئابە) دا ژیانی ڕۆژانە بەڕێ ئەکەن. وەزعی بازاڕ خراپە و ئابوری ئەم هەرێمە دادی مەسروفات و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە نادات. بە کورتی، ئینسانی کوردستانی جڵەوی ژیانی خۆی داوەتە دەست قەدەرێک کە نازانێ بەرەو کام ئاڕاستە دەچێت.
ئۆباڵی ئەم بارو دۆخە ناخۆش و ڕەزا گرانە لە ئەستۆی ئێمەی پارتی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. ئینسان هەمو جارێک لە خۆی ئەپرسێت: چ شتێک هەیە کە لە بەرژەوەندی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان بەرزەباڵاتر بێت؟… بۆچی ناتوانین لە پێناو مانەوەمان (وەک میللەت) ڕێکەوین؟… کەی شەڕە قینی زیاد لە (٦٠) بەر لە ئێستا کۆتایی پێ دێت؟ … ئێمە بەنیازین کەی ببینە میللەتێکی یەکگرتو؟… ئایا ئێمە مەحکومین بەوەی کە هەتا هەتایە داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە یەکتر بەکارمان بهێنن؟…کەی ئەم تراژیدیا پڕ لە نەزانیەی میللەتی کورد کۆتایی پێ دێت؟…
ئەوا بۆ دوساڵ ئەچێت کابینەی دەیەم تەشکیل نەکراوە. کێشە کە لەسەر چیە؟… لەسەر وەزارەتێکە؟… یان دو وەزارەت؟… بۆچی نابێت بۆ جارێکیش بێت ئارەزوی میللەت بێتە دی و پارێزگاری هەولێر یان دهۆک یەکێتی بێت؟… بۆچی نابێت پارێزگاری سلێمانی یان هەڵەبجە پارتی بێت؟… یەعنی ئەگەر ئەمە ڕویدا ئیتر دونیا خراپ ئەبێت؟… ئەم قسانە بۆ قایمقامی ڕەواندز، قەڵادزێ، ئاکرێ، شەقڵاوە، کەلار… و هەتا دێت ڕاستن.
ئێمەو یەکێتی حەقی ئەوەمان نیە میللەتی کورد دابەش بکەین. میللەت و نیشتیمان سەروەر و تاجی سەرن، حیزب وەسیلەیە، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە ئەوەمان لێ دوپات و چەنجاجارە ئەکاتەوە. جەنابی مەلا مستەفای بارزان فەرمویەتی: شانازیە بۆ ئینسانی شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت.
خۆشمان بێت و تاڵمان بێت، ئێمە و یەکێتی برای حەقی یەکترین… زڕ برا نین و، عەیبەیەکی گەورەیە نەتوانین خزمەتکاریی میللەتی خۆمان بکەین. دواجار دوڕێگە زیاتر نیە: یان دان بە فەشەلی سیاسی خۆماندا بنێین کوردستان بکەینە پێنج پارچە و ببینە دو هەرێم، یان ئازایانە لەپێناو بەرژەوەندی گەل و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان، با سنوری دێگەڵە تێک و مەکان بشکێنین. ئەم بڕیارە بە ئینسانی ئازا و مەبدەئی ئەکرێت و بەس. لە ژیانمدا بەس ئەم خەونەم هەیە و هیچیتر
لە سیاسەتدا هەندێک هەڵە بە یەک بڕیار دەست پێدەکات، بەڵام ساڵانێک باجەکەی دەدرێت. هەر دەسپێکێکی ناراست، ئەگەر بە زوویی راستنەکرێتەوە، بە دەرئەنجامێکی خراپ کۆتایی دێت. بناغەیەکی چەوت، تەنانەت ئەگەر بە جوانترین دیوار و باشترین رازاندنەوەش داپبۆشرێت، هەرگیز توانای راگرتنی خۆی نابێت.
دەسپێکی ناڕاستی دوێنێ، ئەمڕۆ باجی خۆی وەردەگرێت؛ دەسپێکی ناڕاستی ئەمڕۆش، سبەینێ قورستر دەبێت لەسەر شان. کات تەنها تێپەڕبوونی رۆژ و ساڵ نییە؛ دادوەرێکی بێلایەنە کە هەموو بڕیارێک بە ئەنجامەکانی هەڵدەسەنگێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ بە بیانووی بەرژەوەندییەکی کاتی، ترس لە بەرپەرچدانەوە هەڵدەبژێردرێت، لەوانەیە سبەینێ ببێتە سەرچاوەی قەیرانێکی قووڵتر.
مەترسیدارترین هەڵەی هەر سەرکردایەتییەک ئەوەیە ستراتیژی بکاتە قوربانیی تەکتیک. تەکتیک ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغێک، بەڵام ستراتیژ ئاراستەی داهاتووی نەتەوە و رێکخراوەکان دیاری دەکات. کاتێک ستراتیژ لەپێناو بەرژەوەندییەکی کاتییدا بکرێت قوربانیی، داهاتوو لەدەست دەچێت و سیاسەت دەگۆڕێت بۆ زنجیرەیەک لە کوژاندنەوەی قەیران، نەک دروستکردنی چارەسەری بنەڕەتی.
بڕیاری دروست بە هەست و ئارەزوو دروست نابێت. پێویستی بە زانیاریی راست، شیکردنەوەی ورد، ناسینی راستییەکان و سەرکردایەتییەکی بەرپرسیار هەیە. سەرکردەی باش ئەوە نییە کە خێراترین بڕیار دەدات؛ بەڵکو ئەوەیە پێش هەر بڕیارێک گوێ لە راستی دەگرێت، زانیاریی کۆدەکاتەوە، جۆراوجۆریی بۆچوونەکان هەڵدەسەنگێنێت و پاشان بە ئازایەتی بڕیار دەدات.
زۆرجار هەوڵ دەدرێت کێشەکان بە «پینە» چارەسەر بکرێن. بەڵام پینە، ئەگەر شوێنی چارەسەری بنەڕەتی بگرێتەوە، خۆی دەبێتە سەرچاوەی تەقینەوەیەکی گەورەتر. ئەو کێشانەی ئەمڕۆ بە چارەسەری کاتی دادەپۆشرێن، سبەینێ بە هێزێکی زیاتر و ئاڵۆزییەکی گەورەترەوە دەگەڕێنەوە.
سیاسەتی پینەکردن و دواخستن هەرگیز چارەسەر نییە. وەک لە پزیشکیدا، ئازارشکێن و مۆرفین ئازار کەم دەکەنەوە، بەڵام نەخۆشیی چارەسەر ناکەن. لە سیاسەتیشدا هەندێک بڕیار ئارامییەکی کاتی دروست دەکات، بەڵام ئەگەر هۆکاری سەرەکیی کێشەکە چارەسەر نەکرێت، قەیران بەهێزتر و ئاڵۆزتر دەگەڕێتەوە. هەر کێشەیەک کە ئەمڕۆ چارەسەر نەکرێت، سبەینێ ئاڵۆزتر دەبێت. زۆرجار کات خۆی چارەسەر نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە کێشە. ئەو سەرکردایەتییەی هەموو شتێک بۆ سبەینێ دوادەخات، لەڕاستیدا بار و قورساییی سبەینێ زیاد دەکات، نەک کەم.
لە جیهانێکدا کە گۆڕانکارییەکان بە خێرایی روودەدەن، سەرکەوتن بۆ ئەوانەیە بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای راستی، زانیاری و دیدی دوورمەودا بنیاتنراون، نەک لەسەر هەڵچوون، ترس یان بەرژەوەندییەکی کاتیی. ئەو سەرکردایەتییەی توانای ناسین و یاستکردنەوەی هەڵەکانی خۆی هەبێت، بەهێزترە لەوەی بۆ پاراستنی وێنەی خۆی، لەسەر هەڵەکانی سوور دەبێت.
مێژوو هەمیشە یەک راستی دووبارە دەکاتەوە: هەر دەسپێکێکی ناراست، ئەگەر بە وریایی راستنەکرێتەوە، بە کۆتاییەکی ناراست دەگات. نەتەوەکان و رێکخراوەکان بەهۆی هەڵەکانیانەوە نا، بەڵکو بەهۆی سووربوونیان لەسەر هەڵەکان، زیانیان پێدەگات. ئەو سەرکردایەتییەی ئازایەتی راستکردنەوەی هەڵەی هەبێت، داهاتووی خۆی دەپارێزێت؛ بەڵام ئەوەی هەڵەکەی بە بیانووی تەکتیک دەشارێتەوە، داهاتووی خۆی دەفرۆشێت.
بۆیە باشترین کات بۆ گرتنی بڕیاری دروست، هەمیشە ئەمڕۆیە؛ چونکە سبەینێ زۆرجار نرخی دواخستنی ئەمڕۆ وەردەگرێت و هیچ نەتەوە، یان رێکخراوێک بە تەکتیکی کاتیی ناگاتە سەرکەوتنی هەمیشەیی. سەرکەوتنی بەردەوام، هەمیشە لە بڕیارێکی دروستەوە دەست پێدەکات.
لە سەرەتای ساڵی دارایی 2026هوه، عێراق لەبەردەم قەیرانێکی ئابووری و دارایی مەترسیداردایە. لە لایەک خاوەنی یەدەگێکی گەورەی 100 ملیار دۆلاری و 140بۆ145 تەن زێڕە، بەڵام لە لایەکی ترەوە کێشەی دابینکردنی "کاش"ی دیناری هەیە بۆ مووچەی 4 بۆ4.1 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر (فەرمانبەرانی میلاکی فەرمی + گرێبەستەکان + خانەنشینان + تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی) سەر بە حکومەتی عێراقی و یهك ملیۆن و 200 ههزار مووچەخۆری هەرێم، کۆی گشتی مانگانە نزیکەی 8 بۆ 9 تریلیۆن دینارە.
لە سیستەمی ئابووری و داراییدا، ئاشکرایە کە یەدەگی دراو تەنها پشتیوانەی بەهای دراوە نەک پارەی خەرجکردن؛ حکومەت بۆ خەرجیی ڕۆژانە پێویستی بە دینار هەیە، کە ئێستا لە ناو گەنجینەکانیدا خەریکە دەبێتە دەگمەن!
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، قەبارەی پارەی چاپکراو لە 99.79 تریلیۆن دینار لە کۆتایی ساڵی 2025 هوه بەرزبووەتەوە بۆ13.56 تریلیۆن دینار تا کۆتایی مانگی ئایاری (پێنج)ی 2026، ئەمەش واتە بە ڕێژەی13.7 تریلیۆن دینار تەنها لە ماوەی 5 مانگدا! کارەسات و مەترسییە ئابووری و داراییەکان لێرەدا دەردەکەون:
• 80% بۆ 85%ی ئەم پارەیە لە دەرەوەی سیستەمی بانکییە: واتە نزیکەی 90 تریلیۆن دینار لە ماڵەکان، لەلای کۆمپانیاکان، کەرتی تایبەت و هەندێک بەرپرسی گەندەڵکار کۆکراوەتەوە. شایانی باسە د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیران، ئەم ڕێژەیەی دڵنیاکردەوە و هۆشداریی داوە کە ئەگەر عێراق هەنگاوی بنەڕەتی نەنێت لەم لایەنەوە، ئەوا مەترسیی کەمبوونی کاش زیاتر دەبێت.
• تەنها 10% بۆ 15%ی پارەکە لە بانکەکاندایە: کە نزیکەی 10 بۆ 15تریلیۆن دینارە. ئەمە وایکردووە بانکەکان تەنها ببنە "کۆگایەکی سارد" و نەتوانن هیچ ڕۆڵێکی گەشەپێدان (وەک پێدانی قەرز) بگێڕن، چونکە "خوێنی ئابووری" کە پارەیە، لە سوڕان وەستاوە.
حکومەتی عێراق، لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕاستەقینەی سیولە (نەختینە) بووەتەوە. ئەم کێشەیە تەنها گومان نییە، بەڵکو داتا فەرمییەکان و ڕاپۆرتە ئابوورییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە؛ لەوانەش وتەکەی وەزیری تەندروستی لەم کابینەکەییهدا، کە وتی "پارە نییە"، و هەموو هەوڵەکانی حکومەت لە ئێستادا تەنها بۆ مووچەیە و ناشتوانن مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابین بکەن.
چارەسەری کێشەی سیولە تەنها لە چاپکردنی پارەدا نییە، بەڵکو لە گەڕانەوەی متمانەدایە. بۆ گەڕاندنەوەی پارە، حکومەت ئێستا لە ڕێگەی شێوازە ئەلیکترۆنییەکان و سیستەمی نیشتمانیکردنی مووچەوە (تەوتین) هەوڵ دەدات خەڵک هان بدات پارەکانیان بخەنە بانک، بەڵام بەهۆی مێژووی ئیفلاس و ناسهقامیگیری سیاسی و ئابوری و داراییهوه، متمانەی هاووڵاتی بە بانک هێشتا زۆر لاوازە.
بۆ هەرێم، بارودۆخەکە قورستره!
هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا، کە خاوەنی ئابوورییەکی بەکاربەر و پاشکۆی دارایی بەغدایە، مەترسییەکانی سەر شانی قورستر و قووڵترن. دواکهوتنی مووچە لە لایەک و کەمبوونی داهاتی نانەوتی لە لایەکی ترەوە، بازاڕەکانی هەرێمیان تووشی سستبوون و داکشان کردووە، لە کاتێکدا جوڵەی بازاڕ سەدا سەد بەستراوەتەوە بە مووچەوە.
بەدڵنیاییەوە مووچە دوادەکەوێت؛ هەروەک چۆن دابەشکردنی مووچەی مانگی ڕابردوو نزیکبووەوە لە 50 ڕۆژ، بۆ مانگی تەمووزیش (حەوت) بە هەمان شێوە دەبێت. هیچ ئاسۆیەکی ڕوون نییە کە بەغدا بتوانێت مووچە لە کاتی خۆیدا بنێرێت، چونکە کورتهێنانە داراییەکە قورس و جەرگبڕە؛ بەپێی وتەی د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیران، تەنها بۆ مووچەی مانگی تەمووز، 3.3 تریلیۆن دینار کورتهێنانی نەختینەییان هەیە.
لە باخچەی مێژووی گەلاندا، هەندێک دار هەن کە گەورەییان بە بەرزایی قەدەکانیان ناپێوردرێت، بەڵکو بە قووڵیی ڕەگەکانیان. با و زریان دێن و دەڕۆن، وەرزەکان دەگۆڕێن، هەندێک لق وشک دەبن و هەندێکی تر سەوز دەبنەوە؛ بەڵام ئەگەر ڕەگ زیندوو بێت، دار هەمیشە هیوای نوێبوونەوەی هەیە. هێزی ڕاستەقینەی هەر ڕێکخراوێکی مێژووییش لەوەدایە؛ لە توانای پاراستنی ڕەگ و نوێکردنەوەی گەڵاکان.
جیهان لە ئێستادا لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە خێرا و قووڵەکاندایە. هاوسەنگیی هێزە جیهانییەکان بەردەوام دەگۆڕێت، شەڕ و ئابووری و تەکنەلۆژیا بە شێوازێکی نوێ چارەنووسی وڵاتان دیاری دەکەن. لە ناوچەکەشدا ململانێی نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە و عێراق هێشتا لە نێوان بنیاتنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و مەترسیی ناڕوونییەکانی ڕابردوودا هاتووچۆ دەکات. لە ناو ئەم وەرچەرخانە گەورانەدا، تەنها ئەو هێزانە دەتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن کە هەم ڕەگیان لە مێژوودا قووڵ بێت و هەم ئازایەتیی نوێبوونەوەیان هەبێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دڵی قەیران و کارەساتی مێژووییدا لەدایک بوو؛ نەک تەنها وەک ڕێکخراوێکی سیاسی، بەڵکو وەک هەستانەوەیەکی نیشتمانی دژی بێهیوایی و وەک وەڵامێک بۆ پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە. لەو ڕۆژەوە، هێزی یەکێتی لە پاراستنی ڕابردوو تەنها نەبوو، بەڵکو لە توانای گونجاندنی خۆی لەگەڵ هەر قۆناغێکی نوێدا بوو.
مێژووی یەکێتی، مێژووی خەباتە لە پێناو گەل و نیشتیمان دژ بە ستەم و داگیرکەران؛ مێژووی تاقیکردنەوەیە. لە ڕۆژانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی تر، لە کاتی کۆچ و ئاوارەیی، لە سووتانی گوندەکان، لە گەمارۆ و برسێتی، لە شاخ و پێشمەرگایەتی و پارتیزانیدا، یەکێتی لە ناخۆشییەکاندا، ئاگری تاقی کراوەتەوە و لە هەمان ئاگردا پۆڵایین بووە. ئەو ئەزموونە قورسە مێژووییانە، سەرمایەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوەن؛ چونکە هێزی یەکێتی تەنیا لە ژمارەی ساڵەکانی تەمەنی نییە، بەڵکو لە ژمارەی قوربانییەکان، قووڵیی ئەزموون، سەختی خەبات و متمانەی خەڵکدایە.
بەڵام مێژوو، هەرچەند پیرۆزیش بێت، بە تەنها داهاتوو دروست ناکات. داهاتوو هی ئەو هێزانەیە کە لە ڕابردوو فێر دەبن، نەک ئەوانەی تەنها ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا گۆڕانکاری هەڵبژاردە نییە؛ پێویستییە. بۆیە نوێکردنەوەی سیستمی کار، شێوازی بەڕێوەبردن، بیرکردنەوە، پەیوەندی لەگەڵ گەنجان و ژنان، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و دامەزراندنەوەی دامودەزگای بەهێز، هەموویان مەرجی بەردەوامبوونی هەر ڕێکخراوێکی زیندوون.
گۆڕانکاری بە مانای وازهێنان لە بنەماکان نییە؛ بەڵکو بە مانای نوێکردنەوەی شێوازی پاراستنیانە. دارێک ئەگەر ئاو و هەوای تازەی پێنەگات، هەرچەند ڕەگی قووڵیشی هەبێت، سەرانجام وشک دەبێت. لە بەرامبەردا، دارێکیش کە ڕەگی نەبێت، بە یەک با دەکەوێت. هێزی دار لە هاوسەنگیی نێوان ڕەگ و قەد و لق و گەڵاکانیدایە.
یەکێتیش وەک دارێکی گەورەی خەباتی نەتەوەیی، ڕەگەکانی بریتین لە مێژوو، قوربانی، پێشمەرگایەتی و خەبات بۆ ئازادی. قەدی ئەو دارە متمانەی جەماوەرە کە بە دەیان ساڵ لە دەوری کۆبوونەتەوە. لقەکانی، نەوەی نوێی، کادر و ڕۆشنبیر و گەنجانن، و گەڵاکانیشی بیر، بەرنامە، ئومێد و هیوای خەڵکن. بەڵام ئەگەر ئاو نەگاتە ڕەگەکان، گەڵاکان سەوز نابن. ئەو ئاوە بریتییە لە متمانەی گشتی، شەفافییەت، چاکسازی و نزیکبوونەوە لە هاووڵاتی. هەواکەشی بریتییە لە ئازادیی بیرکردنەوە، گوێگرتن لە ڕەخنە و باوەڕهێنان بەوەی کە هیچ ڕێکخراوێک بە داخستنی دەرگاکانی بەڕووی گۆڕانکاری، ناتوانێت درێژە بە ژیان بدات.
لە ناو ئەم باخچەیەدا، ناوی سەرۆک مام جەلال تەنها ناوی ڕابەرێکی مێژوویی نییە؛ ناوی قوتابخانەیەکی فکری و سیاسییە. کە سیاسەت پێش هەر شتێک هونەری دروستکردنی متمانەیە، نەک تەنها بەدەستهێنانی دەسەڵات. هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە کاتێک بەرژەوەندیی نیشتمان لە سەر بەرژەوەندیی تاکەکان دابنرێت، سەرکەوتن بەشی هەمووان دەبێت. ئەم فەلسەفەیە هەر لە ئێستاشدا دەتوانێت قیبلەنمای ڕێگای یەکێتی بەرەو داهاتوو بێت.
ئەمڕۆ یەکێتی زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی نوێبوونەوە؛ نەک بۆ دووبارەکردنەوەی ڕابردوو، چونکە نەوەی ئەمڕۆ پرسیاری نوێی هەیە و وەڵامی نوێی دەوێت. خەڵک حکومڕانیی کارامە، دادپەروەری، دەرفەتی کار، خزمەتگوزاریی باش و شەفافییەت دەوێت. ئەمانە تەنها بە دروشم نایەنە دی؛ بە بەڕێوەبردنی باش، بەرنامەی ڕوون و ئیرادەی ڕاستەقینەی چاکسازی دێنە دی.
پێویستە یەکێتی هێشتا هێزی هەستانەوە بێت، دەبێت هەستانەوەکەی ئەمجارە لە ناوخۆی خۆیەوە دەست پێبکات؛ هەستانەوەیەک بۆ چاکسازی، بۆ نوێکردنەوەی دامودەزگاکان، بۆ فراوانکردنی دەرفەت بۆ گەنجان و ژنان، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و بۆ دروستکردنی زمانێکی نوێی سیاسی. ئەو هێزەی خۆی ناگۆڕێت، ناچار دەبێت بە گۆڕانکارییەکانی دەرەوە ڕابکێشرێت؛ بەڵام ئەو هێزەی بە ئیرادەی خۆی نوێ دەبێتەوە، خۆی دەبێتە دروستکەری گۆڕان.
داهاتووی یەکێتی لە ڕابردووی پیرۆزی تەنهادا نییە؛ لەو توانایەدایە کە ڕابردوو بکاتە هێزی دروستکردنی سبەیەکی باشتر. دارە گەورەکان هەرگیز بە تەمەنیان ناناسرێن؛ بەوە دەناسێنرێن کە هێشتا ڕەگەکانیان ئاو بۆ لق و گەڵاکانیان دەگەیەنێت و هێزی ژیان لە ناخیاندا بەردەوامە. یەکێتیش ئەگەر ڕەگی لە مێژوو، ئاوەکەی لە متمانە، هەواکەی لە ئازادی، و بەری لە خزمەتکردنی هاووڵاتی بێت، تەنها یادگارییەکی ڕابردوو نابێت؛ بەڵکو دەبێتە هێزێکی زیندوو کە بە ئەزموونی دوێنێ، هیوای ئەمڕۆ دەپارێزێت و داهاتووی کوردستان ئاودەدات. ئەو دارە، تا ڕەگی لە دڵی خەڵکدا زیندوو بێت، با و زریان ناتوانن لەبەری بخەن؛ چونکە دارێک کە ڕەگی لە متمانە و خاکی نیشتماندا بێت، هەمیشە بەهاری خۆی دەدۆزێتەوە.
لە مێژووە، پرسیارێک هەیە و هەتا ئێستا گرنگی خۆی لەدەست نەداوە :
ئایا دەتوانین سیاسەت لە ئەخلاق جیا بکەینەوە ؟
بە دیوێکی تر، پەیوەندی ئۆرگانی نێوان ئەخلاق و سیاسەت چۆن بخوێنینەوە و لێکدانەوە وهەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.
مێژووی سیاسی پڕە لە نموونەی ئەو دەوڵەت و سیاسەتمەدارنە کە بۆ گەیشتن یان پاراستنی دەسەڵاتیان، هەموو تاکتیک و شێوازەکانی مانۆڕکردنی سیاسیان بە ڕەوا زانیوە. بەڵام زۆربەی فەیلەسوفە گەورەکان باوەڕیان وایە ئەگەر سیاسەت گرێنەدرێت بە ئەخلاقەوە، ئەوە ناتوانێت سیاسەتێکی حەکیمانە و درێژخایەن بێت.
لە ڕاستیدا، ئەخلاق و سیاسەت دوو چەمکی گرێدراون بە یەکەوە. بەڵکو دوو لایەنی یەک ڕاستین. سیاسەت ئەگەر لە ئەخلاق داببڕێت، دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی ناتەندروستی گەیشتن بە دەسەڵات و بەرژەوەندی تاکە کەسی یان پاراستنی بەرژەوەندی گروپێکی کۆمەڵایەتی نەک بەرژەوەندی گشتی. وە ئەخلاقیش ئەگەر لە سیاسەت دوور بێت، تەنها دەبێتە بیرۆکەیەکی جوان کە کاریگەری نابێت لە سەر ژیانی ڕۆژانە و گۆڕینی کۆمەڵگا و باشترکردنی گوزەرانی.
ئامانجی سیاسەت تەنها بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان پاراستنی ئاسایشی گشتی نیە. بەڵکو بەرپرسیارە لە دابینکردنی هەموو کەرەستەکان و پێویستیەکانی کۆمەڵگا لە ئاشتی و ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی، پاراستنی مافەکان، دابەشکردنی داهات بە یەکسانی، دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پەرەپێدانی ژیانی هاوبەشی هاوڵاتیان.
لە کۆمەڵگایەکدا کە سیاسەت لە ئەخلاق دابڕابێت، گەندەڵی، بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، درۆ و دووبەرەکی و پەیوەندی ناپاک و نادادپەروەری دەبن بە دیاردەیەکی ئاسایی. ئەنجامی کۆتایی ئەو بارودۆخەش بریتی دەبێت لە لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە حکومەت و دامەزراوەکانی. لە بەرامبەردا، ئەو دەسەڵات و حکومەتانەی کە سیاسەتیان لە سەر بنەمای شەفافیەت، بەرپرسیارێتی و دەستپاکی بنیاتناوە، زۆرجار ئارامتر، بەهێزتر و جێگیرترن.
لەبەر ئەوە، ئەخلاق نەک تەنها ڕەوشتێکی تاکە کەسیە، بەڵکو سەرمایەیەکی ستراتیژیە بۆ مانەوە و سەرکەوتنی هەر سیستەمێکی سیاسی.
۱ـ ئەریستۆ و سیاسەتکردن بۆ ژیانێکی خۆش :
فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی، ئەرستۆ، لە کتێبەکانی (علم الأخلاق إلى نيقوماخوس) و (السياسة)، پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەتی بە شێوەیەکی ڕوون باس کردووە.
لە ڕوانگەی ئەریستۆدا، سیاسەت و ئەخلاق گرێدراون بەیەکەوە. ئەگەر تاکەکان بە ڕەوشت و بەها جوانەکان پەروەردە بکرێن و ڕابهێندرێن، ئەوا دەوڵەتیش دەتوانێت دادپەروەر و یەکسانیخواز و جێگیر بێت. هەروەها سەرکردەی سیاسی و سیاسەتمەدار، نابێت تەنها شارەزا بێت لە بەڕێوەبردن، بەڵکو پێویستە خاوەنی چەند خەسڵەتێکی سەرەکی بێت: دادپەروەر، دەستپاک، دانا و ئازا بێت هتد.
ئەریستۆ پێی وایە شارێکی دادپەروەر ناتوانێت درێژخایەن بمێنێتەوە ئەگەر سەرکردەکەی ئەخلاقی سیاسی نەبێت.
۲ـ ئەفلاتون و دەسەڵاتی دانایان و نوخبە :
مامۆستای ئەریستۆ، ئەفلاتون، لە کتێبی (الجمهورية) هەمان بیرۆکە باس دەکات بەڵام بە شێوەیەکی فراوانتر.
ئەو باوەڕی وابوو کە باشترین جۆری حکومەت ئەوەیە کە لەلایەن فەیلەسوفان (دانایان یان نوخبە) بەڕێوەببرێت. نەک بە هۆی ئەوەی زانیاری تەکنیکی و بەڕێوەبردنی زیاتریان هەیە، بەڵکو چونکە بەدوای چاکە و دادپەروەری دەگەڕێن و خۆیان بە دوور دەگرن لە گەڕان بەدوای سامان، دەسەڵات یان ناوبانگ پەیداکردن.
ئەفلاتون پێی وابوو ئەو کەسانەی کە دانا، بێ تەماح و هەستی بەرپرسیارێتیان هەیە، شایستەترین کەسن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی.
۳ـ ماکیاڤێلی و سەربەخۆیی سیاسەت :
لە سەدەی شانزەهەم، ماکیاڤێلی گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بیرکردنەوەی سیاسی دروست کرد. لە کتێبی (الأمير)، پەیوەندی نێوان ئەخلاقی تاکەکەسی و بەرژەوەندیی دەوڵەت لە یەک جیا دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی ماکیاڤێلیدا، ئەرکی یەکەمی سەرکردە پاراستنی دەوڵەتە. هەندێک جار، ئەم ئەرکە پێویستی بە بڕیارگەلێک هەیە کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئاسان نین.
بەهۆی ئەم بیرۆکەیەوە، زۆر جار ناوی ماکیاڤێلی بەستراوەتەوە بەو وتەیە کە دەڵێت : (الغاية تبرر الوسيلة).
ماکیاڤێلی بانگەشە بۆ بێ ئەخلاقی سیاسی ناکات. بەڵکو هەوڵ دەدات ڕاستییەکانی بەکارهێنانی دەسەڵات و ئاڵۆزیی حوکمرانی بە سانسۆر و وەک خۆیان شیبکاتەوە.
لە دیدی ئەو، هەندێک جار پاراستن و مانەوەی دەوڵەت، سەرکردە ناچار دەکات بڕیارێک بدات کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ناخۆش بێت.
هەر لێرەوەش یەکێک لە گەورەترین مشتومڕەکانی فەلسەفەی سیاسی سەرهەڵدەدات: ئایا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، دەتوانرێت لە هەندێک بنەمای ئەخلاقی دەست هەڵبگیرێت؟
ئەم پرسیارە هەتا ئێستا لە سیاسەتی هاوچەرخدا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نیە و بەردەوام بابەتی گەرمی گفتوگۆی فەیلەسوفان و پسپۆرانی زانستی سیاسی و سیاسەتمەدارانە.
خوێندنەوەیەک بۆ ڕەشنوسی یاسای ڕاستکردنەوەی دووهەمی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٨) ساڵی 2011
بەشی یەک
لەم ڕۆژانەدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی (ڕەشنوسی یاسای ڕاستکردنەوەی دووهەمی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٨) ساڵی 2011.) یان کرد، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ خوێندنەوەی یەکەم و دووهەم و پاشان دەنگدان و پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، وێنەیەک لە ڕەشنوسەکە لە لایەن هەندێ لە ئەندامانی لیژنەکە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرایەوە. بەباشم زانی هەندێ تێبینی یاسایی سەبارەت بە بڕگەکانی ئەو یاسا پێشنیارکراوە بخەمە بەرباس بۆ ئەوەی لە کاتی خوێندنەوەی یەکەم و دووهەم لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پێش دەنگدان گۆڕانکاری پێویستی تێدا بکرێت.
١- ماددەی (١)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی یەکەم، بەندی (حەوتەم)ی ماددەی (١)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (کە پێناسەی دەستەواژەکان دەکات) هەڵدەوەشێنێتەوە کە بریتییە لە (کارمەند: ڕێپێدراوو ئەفسەری ڕیزو پۆلیس و فەرمانبەری شارستانی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە ئەگەر ناونیشان یان پلەی فەرمانبەرێتییەکەی هەرچییەک بێت.)، و ئەم پێناسەیە بۆ کارمەندکرا (کارمەند: ڕێپێدراوو ئەفسەری ڕیزو پۆلیس)، ولەبەندی دووهەمی ماددەی (1)ڕەشنوسی ئەم یاسایە، بەندی (سی و دوو) زیاد دەکات بۆ ماددەی (1) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە پێناسەی (فەرمانبەری شارستانی) بەم شێوەیە دەکات (ئەو هەر تاکێک نێربێت یان مێ، ئەرکێکی شارستانی هەمیشەیی یان کاتی پێی سپێردرا لە ناو میلاکی وەزارەت). سەبارەت بە ماددەی یەکەمی ڕەشنوسەکە شتێکی باشە کە پێناسەکان جیاکراونەتەوەو فەرمانبەری شارستانی لە کارمەند جیاکردووەتەوە.
٢- لە ماددەی (٢)ی ڕەشنوسی یاساکە، ماددەی (3) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵوەشاندووەتەوە، وئەم دەقە جێیدەگرێتەوە (ماددەی/٣ حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت لەسەر:- یەکەم – پیاوی پۆلیس و فەرمانبەری شارستابی دامەزراو لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ، سەبارەت بەو ماف ئیمتییازاتانەی لەم یاسایە هاتووە لەگەڵ ڕەچاوکردنی سیفەتی شارستانی ئەرکەکانی بەپێی حوکمەکانی یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە (24) ساڵی 1960ڕاستکراوە. دووهەم- ئەوەی لە دوای 9/4/2003 شەهید بوو لە پۆلیس، یان بە شەهید دانرا بە فەرمانی دیوانی لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، یان ئەوەی شەهید بووە لەبەردەم دەرگاکانی سەنتەری خۆبەخشی - مراکز التطوع- لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەنجامی کردەیەکی تیرۆریستیدا. سێهەم- ئەوانەی وەکو پیاوی پۆلیس بە سیفەتی گرێبەست کار دەکەن.). سەبارەت بەم ماددەیە بە تایبەت ئاماژەکردن بە (گرێبەستەکان) هەنگاوێکی باشە بۆ دابین کردن و زامن کردنی مافەکانیان، وەهەروەها بەڕوونی ئاماژە دەکات بەو کەسانە لە ڕاژەن یان شەهیدبوونە.
٣- لە ماددەی (٣)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی (پێنجەم) زیادکرا بۆ ماددەی (10) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە دەقەکەی بەم شێوەیە (پێنجەم- مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە پلەی (عەمید) بۆ سەرەوە بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە وەزیر پێشنیاری دەکات و سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکان پەسەندی دەکات، کە ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەو میکانیزمەکانی جیاکردنەوە لە نێوان شایستەبوواندا بە ڕەگەزی مێینەشەوە لە ئەفسەران بە شێوازێک کە دادپەروەری و یەکسانی دەرفەتەکان مسۆگەر بکات، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوەی لە بەندەکانی ئەم ماددەیە هاتووە.). ئەم ماددەیە بۆ ئەوە داڕێژراوە بۆ ئەوەی مەرجی (پایە) بۆ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەر بۆ پلەی (عەمید) نەمێنێت، ، وە هەروەها مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە بۆ پلەی (لیوا بۆ سەرەوە) بە پەیڕەوێک ڕێکبخرێت، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی باشە چونکە لابردنی مەرجی (پایە) بۆ پلەی (عەمید) دەرفەت دەدات بەو ئەفسەرانەی کە شایستەی پلەی (عەمید)ن بەڵام لەبەر نەبوونی (پایەی بەتاڵ) پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە، وە هەروەها مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە بۆ پلەی (لیوا بۆ سەرەوە) بە شیوەیەکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی پەیڕەوێک ڕێکبخرێت، لە هەمان کاتدا مەرجەکانی تری پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش شتێکی باش و گونجاوە بە تایبەت ئاماژە دراوە بە ڕەگەزی مێ و یەکسانی دەرفەتەکان مسۆگەر بکرێت کە لە دەستووردا هاتووە، بەڵام پێویست بوو بەندی (چوارەم) لە ماددەی (١٠)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵبووەشێنرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ ناکۆکییەک نەمێنێت لە نێوان بەندەکانی ماددەکەو ئەم بەندی (پێنجەم)ە بکرێتە بەندی (چوارەم).
٤- لە ماددەی (٤)ی ڕەشنوسی یاساکە، ماددەی (15) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوەو ئەم دەقە وەکو ماددەی/15 جێی گرتووەوتەوە (ئەفسەری پسپۆر پێشخستنی پێ دەبەخشرێت بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ لە کاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر یان هاوئاستەکەی، و پێشخستنی پێ دەبەخشرێت بۆ ماوەی (2) دوو ساڵ لە کاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا یان هاوئاستەکەی، لە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی پێویست لە وەزیرەوە بۆ خوێندنی داواکراو، بەپێی ڕێکارە کارپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەپێی مۆڵەتی خوێندن بە گوێرەی یاسا)، ئەم گۆڕانکارییە لەم ماددەیە کراوە شتێکی زۆر باشە کە مەرجی ڕەزامەندی وەزیر و مۆڵەتی خوێندنی کردووتە مەرجی پێشوەختەی پێدانی پێشخستنەکە، چونکە هەندێ حاڵەت هەبووە لە عێراق ئەفسەر یان کارمەند بەبێ ئاگاداری وەزیرو بەبێ مۆڵەتی خوێندن، خوێندنی بکالۆریۆس* یان ماستەر یان دکتۆرای تەواوکردووە پاشان هاتووە داوای راستاندن وچەسپاندن و پێشخستنی کردووەو بووەتە کێشە بۆیان، بۆیە چەسپاندنی مەرجەکانی ڕەزامەندی وەزیرو مۆڵەتی خوێندن لە دەقی یاساکە هیچ ڕێگەو دەرچەو دەسەڵاتێک بۆ کەس ناهێڵیتەوە بۆ ئەوەی کەسی لێ بەدەربکرێت یان چاوپۆشی لێ بکرێت. بەڵام پێویست بوو ئاماژە بدرێت بەو دەرماڵانە لە کاتی مۆڵەتی خوێندن دەبڕدرێت ئەویش دەرماڵەکانی (مەترسی- خواردن- پایە- ودەرماڵەی ٥٠٪ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا)، هەرچەندە کێشەو گرفت لە بڕینی دەرماڵەی خواردن وپایە نییە چونکە ئەو کەسە لە مۆڵەتی خوێندنە و هیچ لۆژیکی نییە ئەو دوو دەرماڵەیە پێ بدرێت، بەڵام بۆ دەرماڵەی (٥٠٪ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا) و دەرماڵەی (مەترسی) پێویستە ئەم دوو دەرماڵەیە نەبڕدرێن چونکە لە کاتێکدا باسی ڕێکارە کارپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت پێویستە پابەندبیت بەهەموو خاڵەکان، و لەبەر ئەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرماڵەی ڕاژەی زانکۆیی لە کاتی مۆڵەتی خوێندن نابڕدرێت ئیتر بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ ببڕدرێت؟ پێویستە یاسادانەر ڕەچاوی یەکسانی ودادپەروەری بکات. وە هەروەها دەرماڵەی (مەترسی) پێویستە ئەویش لە کاتی مۆڵەتی خوێندن نەبڕدرێت چونکە بە لەچاوگرتنی سروشتی کارو پیشەی ئەفسەران وکارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ هەمیشە لە مەترسیدان تەنانەت ئەگەر لە مۆڵەتی خوێندنیش بن، بۆیە پێویستە وەکو پرەنسیپی دادوەری و یەکسانی، ئەو دەرماڵەیە لە کاتی مۆڵەتی خوێندن نەبڕدرێت.
ماوەتەوە ئەوە بڵێێن، ڕەشنوسی یاساکە باسی چارەنوسی ئەوانەی کە بێ ڕەزامەندی وەزیرو بەبێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەی بکالۆرێۆس یان ماستەر یان دکتۆرایان بەدەستهێناوە یەکلایی نەکردووەتەوەو پێویست بوو چارەنووسیان دیاری بکریت یان بە ئەژمارکردن یان ئەژمارنەکردنی بڕوانامەکانیان.
*بۆ بکالۆریۆس لە یاسادا پێشخستنی نییە، تەنها دەرماڵەی بڕوانامە لە مووچەکەی زیاد دەکات، وە دەکرێت لە داهاتوودا لەگەڵ بوونی مەرجەکانی تردا بەشداری خولی ئەفسەران بکات.
بەشی دوو
٥- ماددەی (٥)ی ڕەشنوسی یاساکە بەندێک بۆ ماددەی (16)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ زیاد دەکات و دەبێتە بەندی (حەوتەم) کە دەقەکەی بەم شێوەیە (حەوتەم: کارکردن بەهەواڵەکردنی ئەفسەران بۆ (ئیمرە) هەڵدەوەشێتەوە لە هەر جێگەیەک لە یاساکە یان پەیڕەوەکان یان ڕێنماییەکان تایبەت بە وەزارەت هاتبێت.)، زیادکردنی ئەم بەندەو هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە هەواڵەکردنی ئەفسەران بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارکێڕی ئەفسەران - واتە هەواڵە بۆ ئیمرە- یەکێکە لە کارە باشەکانی ئەم یاسایەیە چونکە هەواڵەکردن بۆ ئیمرە لە دەقی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نییە، بەڵکو دیارە وەزارەتی ناوخۆ بە پەیڕەوێک یان ڕێنماییەک بڕیاری هەواڵەکردنی ئەفسەران بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارکێڕی ئەفسەران (ئیمرە)ی ڕێکخستووە، وە دیارە چەند هۆکارێک هەیە بۆ هەواڵەکردنی ئەفسەر بۆ ئیمرە کە هەندێ جار بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو کارە کراوە کە بووتە هۆی ستەم و نادادپەروەری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بۆیە کە بە دەقی یاسا ئەم هەواڵەکردنە هەڵوەشاوەتەوە شتێکی زۆر باشە و تەواوکەری خاڵی (3) ئەم خوێندنەوەیە کە مەرجی پایەی لابرد بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەر بۆ پلەی (عەمید).
٦- لە ماددەی (6) ڕەشنوسی یاساکە دەقی ماددەی (٢٤)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوەو ئەم دەقە جێی گرتووە (ماددەی/24 یەکەم: وەزیر بە ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە پلەی (ملازم) ببەخشێت بۆ مەبەستەکانی خانەنشینی بەو کارمەندەی شەهید دەبێت یان تووشی پەککەوتنی تەواو دەبێت. دووهەم: پلەی بریندار لە ئەنجام کردەیەکی تیرۆریستی بەرزدەکرێتەوە بۆ پلەیەک بەرزتر ئەگەر ڕێژەی پەککەوتنەکەی (50٪)و بەرەو سەرەوە بوو بۆ یەک جار لە پلەکەی ، بەدەر لە مەرج و ڕێسا دەقنوسکراوەکان لە ماددەی (10) لە یاسا جگە لە مەرجی تێپەڕبوونی ماوەی بجوک - المدة الاصغرية- لە دوای کارپێکردنی ئەم یاسایە). سەبارەت بە بەندی یەکەمی ماددەی ٢٤ی ڕەشنوسی یاساکە کە هەمان ماددەی ٢٤ی یاسای ڕاژەو خانەنشینە تەنها دوو ووشەی بۆ زیاد کراوە کە (بەمەبەستەکانی خانەنشینی)یە، ئەمەش زیاتر دەقی یاساکە ڕوون دەکاتەوە، چونکە کارمەند کاتێک تووشی پەککەوتنی تەواو دەبێت بەپێی یاسا دەبێت خانەنشین بکرێت پاڵپشت بە ماددەکانی (36 و 49) لە یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بۆیە کاتێک پلەی (ملازم)ی پێ دەبەخشرێت دوو دیوی هەیە، یەکەم مەعنەوی کە وەکو ئەفسەر خانەنشین دەبێت، دووهەم ماددییە کە ماف و ئیمتییازاتی خانەنشینی وەکو ئەفسەر وەردەگرێت، بۆیە ئەم ڕاستکردنەوەیە بە باشی دەزانین. سەبارەت بە بەندی دووهەمی ماددەی ٢٤ی ڕەشنوسەکە کە باسی پلەبەرزکردنەوەی بریندار لە ئەجامی کردەیەکی تیرۆریستی دەکات بۆ پلەیەک بەرزتر لە پلەکەی خۆی و تەنها بۆ یەک جار بەدەر لە مەرج و ڕێساکانی ماددەی ١٠ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جگە لە تێپەڕبوونی ماوەی بچوک، ئێمە وای دەبینین لەبەر ئەوەی ووشەی (بریندار) بە ڕەهایی هاتووە واتە دەکرێت ئەفسەر بێت یان کارمەند، بۆیە پێویستە جگە لە ئاماژەکردن بە ماددەی (10) کە تایبەتە بە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، ئاماژەبکرێت بە ماددەی (23)یش کە تایبەتە بە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان، بۆ ئەوەی ئەم ئیمتییازە بە ڕوونی کارمەندانیش بگرێتەوە، وە هەروەها لە دوای ووشەی (بریندار) بنوسرێت (ئەفسەر بوو یان کارمەند)، و گۆڕینی ووشەی (پلەکەی - رتبتە) بۆ ووشەی (ڕاژەکەی - خدمتە) چونکە وووشەی (پلەکەی) لەو شوێنە واتاکەیە ناگونجێت بەڵکو باشترو ڕاستترە بکرێتە (ڕاژەکەی).
بەشی سێ
7- ماددەی (7)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی (دووهەم)ی ماددەی (35)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هەڵوەشاندەوەتەوەو ئەم دەقەی خستووەتە جێگەی (دووهەم: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە لە سەر پێشنیاری وەزیر ڕاژەی ئەو ئەفسەرانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی درێژبکاتەوە بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ بەپێی پێویستییەکانی بەرژەوەندی گشتی.)، شیاوی ووتنە دەقە کۆنەکەی یاساکە هەمان ئەم دەقە بوو تەنها جیاوازییەکەی ئەویە کەوا ئەو (1) یەک ساڵەدا کە درێژ دەکرێتەوە شیاوی نوێکردنەوەیە، واتە ئەکرێ ببێتە (2) دوو ساڵ، بەڵام لەم ڕەشنوسە ئەوە لابراوەو درێژکردنەوەکە تەنها بۆ (1) یەک ساڵ دەبێت، ئێمە پێمان وایە ئەم کەمکردنەوەیە باش نییە چونکە– بە شێوەیەکی گشتی- ئەوەی ڕاژەی زۆربێت لە بواری کارەکەی شارەزاییەکی باشی دەبێت و ئەگەر بەرژەوەندی گشتی پێویستی کرد ڕاژەکەی بۆ درێژبکرێتەوە چونکە ئەو ئەزموونی کەڵەکە بوی هەیەو دەتوانرێت سوودی لێببینرێت، بۆیە وای دەبینین نەک تەنها (1) ساڵ بەڵکو ئەگەری نوێکردنەوەی بکرێتە دوو جار لە کاتی پێویستدا. جگە لەوە ئێمە پێمان باشە تەمەنی خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت بکرێتەوە (63) شەست و سێ ساڵ بەمەبەستی سوودبینین لە شارەزاییو ئەزموونی ساڵانی ڕاژەیان، وە کاتێک تەمەنی خانەنشین کرا بە (60) شەست ساڵ ئەوە لە بارودۆخێکی تایبەت بوو، و ئێستا زۆر وەڵات هەیە تەمەنی خانەنشینی بەرزکردووتەوە بۆ ئەو مەبەستە، باشترە ئێمە سوودو کەڵک وەربگرین لە ئەزموونی ئەوانی تر، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە هەر کەسێک ئارەزووی خۆخانەنشینی بوو ئەوە دەتوانێت پێش ئەو تەمەنە خۆی خانەنشین بکات ئەوە دەرفەتی هەیە، وەکو ئەوەی لە خاڵی داهاتوودا باسی دەکەین.
8- لە ماددەی (8)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی (یەکەم)ی ماددەی (41) لە یاسای ڕاژەو خانەنشینی هەڵوەشاندەوەتەوەو ئەم دەقە جێگەی گرتووتەوە (یەکەم: أ- بەدەر لە حوکمەکەنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە/9 ساڵی/2014 ڕاستکراوە، پیاوی پۆلیسی هەواڵەکراو بۆ خانەنشینی شیاوی مووچەی خانەنشینە ئەگەر (15)پانزە ساڵ بەرەو سەرەوە ڕاژەی خانەنشینی هەبوو، وە مووچەی خانەنشینی بۆ سەرف ناکرێت تاوەکو (40) چل ساڵی تەمەنی تەواو نەکات، وە ئەگەر ڕاژەی خانەنشینیەکەی کەمتر بوو لەوە، ئەوە پاداشتی خانەنشینی پێدەدرێت. ب- مووچەی پیاوی پۆلیسی هەواڵکراو بۆ خانەنشینی بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، بڕی دەرماڵەی خواردن دەخرێتە سەری، کە لە خشتەی پاشکۆی یاسا دەقی لەسەر دراوە.)، لە ڕاستیدا ئەم دوو بڕگەی بەندەکە، کرۆکی سەرەکی ڕەشنوسی یاساکەن و زۆرترین قسەو باسیان لەسەرکرا بە تایبەت مووچەکە، وە پێشتر ڕەشنوسێکی تر ئامادەکرابوو، تەنانەت فەرمانگەی یاسای وەزارەتی ناوخۆ خشتەی تایبەتی مووچەی پیاوی پۆلیسی هاوپێچ نوسراوێک کردبوو لە ٢٢/7/2024 لەگەڵ ڕەشنوسی یاساکەو نێردرا بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بە مەبەستی گفتوگۆ، وە لەو ڕەشنوسە دەرماڵەی مەترسی خرابووە سەر مووچەی بنەڕەتی (الراتب الاسمي) کە ئەفسەرانو کارمەندان لە کاتی دەوام وە لە کاتی خانەنشینی سوودیان دەبینین لەو جیاوازییەی مووچەکەیان، وە ئەفسەران و کارمەندان هیوایەکی زۆریان هەڵچنیبوو لەسەر ئەوە، بەڵام سەرەڕای چاوەڕوانییەکی زۆرو دواکەتنی زۆر ئێستا ئەم ڕەشنوسە جێگەی گرتووەتەوەو دەرماڵەی مەترسی نەک نەخراوەتە سەر مووچەی بنەڕەتی بەڵکو تەنها دەرماڵەی خواردن دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی، واتە مووچەی خانەنشینییەکەی هەر جەند دەرچوو – بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو- ئەوە بڕی (330.000) سێ سەدو سی هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەکەی، ئەمەش بێ ئومێدییەکی گەورەی دروست کرد چونکە مووچەی بنەڕەتی ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ وەکو پێویست نییە تەنها دەرماڵەکانن وا هەندێ مووچەیان بەرز دەکاتەوە، بەڵام لە کاتی خانەنشین لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی مووچەی خانەنشینیان ئەژماردەکرێت، کە ئەمەش وا دەکات مووچەی خانەنشینیان وەکو پێویست نەبێت، هەر چەندە ئەم دەرماڵەی خواردنە مووچەی خانەنشینیان کەمێک زیاد دەکات بەڵام وەکو پێویست نییە وە لە کاتی دەوام و خزمەتدا سوودی لێ نابینن لەبەر ئەوەی ناخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتییان، بۆیە باشتر وا بوو وە لەبەر ئەوەی دەرماڵەی مەترسی نەخرایە سەر مووچەی بنەڕەتی وەکو لە ڕەشنوسە کۆنە هاتبوو، ئێستا دەرماڵەی خواردن بخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی نەک لە کاتی خانەنشینی بخرێتە سەر کۆی مووچەی خانەنشینییان، وە دەکرێ وەکو ڕێزێک لەوەی چەندین ساڵ ژیانیان لە مەترسی بووە بۆ دابین کردنی ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان و نیشتیمان بڕێ پارە (250.000) دوو سەدو پەنجا هەزار دینار وەکو پاداشتی مانگانە بخرێتە سەر کۆی مووچەی خانەنشینییان.
شیاوی باسکردنە، سەبارەت بە خانەنشینی ئاەرەزوومەندانە لە تەمەنی (40) چل ساڵ بەرەو سەرەوە شتێکی باشە بۆ ئەوانەی (15) پانزە ساڵ ڕاژەی خانەنشینییان هەیە و ئارەزووی خانەنشینن، بەڵام دیوێکی تری هەیە، کە ئەمانەی لە تەمەنی (40) چل ساڵییەوە خانەنشین دەبن بە شێوەیەکی تر دەبنە بێکار و بەدوای کاری تردا دەگەڕێن و دەبنە ڕکابەر بۆ ئەوانەی بێکارن لە هەموو چینوتوێژەکان وە ڕەنگە کاریگەری نەرینی هەبێت لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بێکارەکان.
9- ماددەی (9) رەشنوسی یاساکە، بەندێک زیاد دەکات بۆ ماددەی/49ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی و دەبێتە بەندی (سێهەم) بۆی، کە دەقەکەی بەم شێوەیە (سێهەم: ئونجوومەنی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەی پیاوی پۆلیسی مردوو یان پێکراو یان بریندار پێکدەهێنرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی مردنەکە یان برینەکە یان پێکانەکە ئەنجامی ڕاستەوخۆی دەرئەنجامی ئەرکەکەی بووە، بەمەرجێک پاڵپشتکرابێت بە ڕاپۆرتی پزیشکی کە بیسەڵمێنێت پەیوەندی هۆکاری بووە لە نێوان مردنەکە یان پێکانەکە یان برینەکە، و بڕیاری ئەنجوومەنەکە لەم بارەیەوە پابەندکەرە بەپێی حوکمەکانی یاسا.)، سەبارەت بەم بەندە دوو تێبینیمان هەیە، یەکەم: باشتر وایە وڕوونبکرێتەوە بوونی (پەیوەندی هۆکاری – العلاقة السببية) لە نێوان مردن یان پێکان یان برین لەگەڵ چی؟ کە ئەم کەلێن و بۆشاییە پێویستە پڕ بکرێتەوە، کە پێم وایە بنوسرێت (لەگەڵ ئەرکەکەی). دووهەم: زیادکردنی ڕێکاری یاسای و کارگێڕی بۆ ڕێکارەکانی هەواڵەکردنبۆ خانەنشینی لە دیوێکی ئەرکێکی زیادەیە بۆ پیاوی پۆلیس یان بۆ پاشگرانی، لە دیوێکی تر هەنگاوێکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کەسانی شایستە بەم شیوەو ڕێکارە خانەنشین ببن.
١٠- ماددەی (١0) ڕەشنوسی یاساکە، ماددەیەکی زیادکردووە بۆ یاسای ڕاژەو خانەنشینی و بووەتە ماددەی (57- دووبارە) کە دەقەکەی بەم شێوەیە(ماددەی- دووبارە/ حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت لە سەر پیاوی پۆلیس لە وانەکاردەکەن بە سیفەتی گرێبەست و بەردەوامە لە ڕاژە تاوەکو جێگیردەکرێت لەسەر میلاکی هەمیشەیی کاتێک مەرجەکانی دامەزراندنی دەقنوسکراوەکانی ئەم یاسایەی تێدا بوو و پلەی وەزیفی بەردەست بوو، وە پێشەنگی بۆ ئەوە لە کاتی جێگیرکردن.)، ئەم ماددەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای ڕاژەو خانەنشینە لەسەر (گرێبەستەکان) تاوەکو جێگیردەکرێن و چۆنێتی جێگیرکردنیان لەسەر میلاکی هەمیشەیی وەزارەت ، کە شتێکی گونجاوو باشە بۆ ئەوەی بەدەقی یاسا مافی (گرێبەستەکان) پارێزراوبێت چ لە کاتی کارکردنیان بە (گرێبەست) یان بە (هەمیشەیی).
بە هیوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان (بە تایبەت ئەنجوومەنی نوێنەران)سوود لەم خوێندنەوەیە وەربگرن و خاڵە پۆزێتیڤەکان باشتر بکەن و خاڵە نەگەتیڤەکان چارەسەر بکەن پێش ئەوی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.
سەرجەمیان فرۆشران و رفێنران و دزران، ژمارەی ئەو کچۆڵە و کچەعازەبە کوردانەی بەر غەدری زەمانە کەوتن لە ناوچەی قۆچان لە هەرێمی خۆراسان، ژمارەیان 250 تا 400 مرۆڤ دەبوون.. ئەوە یەکەمجار نەبوو، دڵنیام دواهەمین جاریش نابێت شەرەف و ناموسی کوردان بە دەستی بێگانە ئەتک بکرێت، لەیادتانە کچان و ژنانی کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014، بە كەنیزەك كران، پاش ئەوەی زیاتر لە 70 جاری تریش دەست بۆ شەرەفی کوردان برابوو!!... بەسەرهاتی (کچانی قۆچان- دختران قوچان)، ساڵی 1905 لەدواساتەكانی حوكمی قاجاری ئێران رویدا، كاتێك والی خۆراسان ئاصف الدولە باجێکی زۆر دەخاتە سەر خەڵک، ئەو خەڵکەش بۆئەوەی ماڵو مناڵیان لەبرسا نەمرن، کچۆڵەو کچەکانیان بە بازرگانانی ئەرمەن و ئۆزبەك و تورکمان دەفرۆشن، تا باجەکەی والی پێبدەن، ئەم کارەساتە بەشی هەرەزۆری کوردانی قۆچانی گرتەوە!! لەسەر فرۆشتن و رفاندنی کچانی قۆچان، لێکۆڵینەوەیەکی ورد کراوە بە ناوی (حکایت دختران قوچان: ئەفسانە نجم ئابادی) ئەم برینە زۆر بەسوێیەو ساڕێژ نابێت، جا مێژووی هاتنی ئەمانیش بۆ خۆراسان خۆی چیرۆک و بەسەرهاتێکی ترە...
پێش ئەوەی باسی کوردانی خۆراسان بکەین، دەبێت بزانین خۆراسان دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، دراوسێی تورکمانستان و ئەفگانستانە، كەواتە هاوسنوری كوردستانی گەورە نیە، ئەی كورد چۆن گەیشتنە ئەوێ، تا ئێستاش بە سەدان هەزار کوردی عەیار 24 لە هەر سێ پارێزگاکەی ئێستای هەرێمی خۆراساندا دەژین كە قۆچانیش سەر بە پارێزگای مەشهەدی ئێستایە، بە ناوی خۆراسانی ڕەزەوی؟ ئەمانە چۆن کوردبوونی خۆیان پاراست؟؟
ساڵی 2016 تیمێكی رۆژنامەوانی لە سلێمانیەوە چوینە پارێزگای مەشهەدو لەوێ سەردانی (رۆژنامەی خۆراسان) مان كرد، چەند كوردێكی خۆراسانیم بینی لەو رۆژنامەدا كاریان دەكرد، بە كرمانجیەكی پوخت دەدوان، پرسیاری هاتن و گەیشتنی كوردم بۆ خۆراسان لێكردن: وتیان كوردانی خۆراسان لە سەدەی حەڤدەھەمدا، کە شا عەباسی سەفەوی دەیان هەزار خێزانی لە کوردستانی ئێرانەوە گواستەوە بۆ خۆراسان، مەبەستی پاراستنی سنورەکانی ئێران بوو لە هەڕەشەکانی ئۆزبەک و تورکمان.. بە تێپەڕبوونی کات، چەندین شار و شارۆچكەی خۆراسان لە هەردوو سەدەی هەژدە و نۆزدەدا بوون بە ناوچەی کوردنشین، تا لە هەندێک سەرچاوەی مێژووییدا، بە (کوردستانی ڕۆژهەڵات) یان (کوردستانی باکوری ڕۆژهەڵات) ناوبراوە، لەوانەش ناوچەی قۆچان، بۆیە هەرەزۆری ئەو کچانەی فرۆشران و دزران، کورد بوون.. چونكە پێش سێ سەدە شا عەباس لە ئەردەڵان و کرماشان و مهاباد و ورمێوە رایگواستین بۆ ئەمسەری ئێران، ئنجا وەک پاسەوانی سنوور بەکاری هێناین، چونكە زۆر ئازابووین لە شەڕ و بەرگریی بووینە گورزێكی ئێرانی، وەك تۆڵەیەك بۆ جەنگاوەریمان کچان و ژنانمان كڕین و فرۆشیان پێوەكرا و لەشەڕو هەڵمەتەكاندا ئەتککران، ئێستاش وەک بەیت و بالۆرە لە ئەدەبیاتی کوردانی خۆراسان ئەم روداوانە بەگۆرانی دەوترێنەوە، گۆرانی «دختر قوچانی» نمونەی زیندووی ئەو ئازارەیە..
ئەم سەدان هەزار کوردەی خۆراسان نە توانەوە، نە ئاڵای سپیان هەڵکرد، تەنها بە شیعر و گۆرانیش باسی خۆیان نەکرد، بەڵکو وەک پارچەیەکی زیندووی کوردستانی گەورە، بە شێوەزارێکی کرمانجی پاکوپوخت و ڕەوان زمانیان پاراست، کولتور و جلوبەرگی فۆلكلۆری کوردانەیان نەدۆڕاند، لە ماوەی 400 ساڵدا، ڕۆژبەڕۆژ كوردبوونیان پتەوترکرد و ئێستاش مایەی پرسیاری هەموو جیھانن، چۆن تۆپەڵێک کورد لە دووری هەزاران میل لە خاکی باپیرانیان، دوای چوار سەدە هێشتا هەر کوردن، کەچی لە ناو خاکی کوردستانی ئازاددا، لە ھەرێمی کوردستاندا، زۆڵەکورد هەیە، شەرم لە کوردبوونی خۆی دەکات..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
سەقامگیری سیاسی یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی گەشەی ئابووری. هەروەها فرەدەنگی و فرەڕەنگی سیاسی، خاڵێکی سەرەکیە لە بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی تەندروست. بەڵام ئەزموونی زۆرمان لە بەردەستە لە چەندین وڵات وسیستەمی سیاسی جیاواز کە نیشانمان دەدات کە ئەگەر گۆڕەپانی سیاسی زۆر دابەش بێت و ژمارەی لیست و لایەن و پارتەکان بە نا تەندروستی زیاد بکات، ئەوا حکومەت توانای بڕیاردانی کەم دەبێتەوە، چاکسازیەکان دوا دەکەون و ناکۆکیە ناوخۆیەکان قووڵتر دەبن.
لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمێکی سیاسی کە لە سەر بنەمای دوو ئاڕستە و پرۆژەی سەرەکی بنیات نرابێت (بیپۆلاریزمی سیاسی)، لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت جێگیری دامەزراوەیی زیاتر دابین بکات. بۆ نموونە، حکومەتەکانی عێراق لە دوای ۲٠٠۳ وە لاواز بوونی پێوە دیارە لە بەر فرەلایەنی و فرەکوێخایی کە وایکردوە لێپێچینەوە وەکو خۆی جێبەجێنەکرێت و گەندەڵی و ڕۆتین بەرپاببێت.
ئەمریکا نموونەی بیپۆلاریزم
ئەمریکا نموونەیەکی دیارە لە سیستەمی دووقوتبی. ماوەیەکی زۆرە، ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتە لە نێوان دوو ئاڕاستەو هێزی گەورەدا ڕێکخراوە: پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری. هەرچەندە جیاوازی بیروڕایان لە هەندێک بابەتدا زۆر قووڵە، بەڵام ئەو سیستەمە چەند تایبەتمەندیەکی گرنگی هەیە :
یەکەم : دروستکردنی زۆرینەیەکی جێگیر بۆ پێکهێنانی حکومەت.
دووەم : هاووڵاتیان بە ئاسانی دەزانن کێ بەرپرسیارە لە سەرکەوتن یان شکستی حکومەت. سێیەم : گواستنەوەی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بە شێوەیەکی ڕوون و ئارام ئەنجام دەدرێت.
لە ڕووی سیاسی پراکتیکی، پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان بیپۆلاریزمی سیاسی و دابەشبوونی سیاسی. دووقوتبیبوون واتە سیستەمێکی سیاسی دامەزراو لە سەر بنەمای دوو فیکر و ئاڕاستەی سەرەکی کە توانای حکومەتکردنیان هەیە. بەڵام حزب و لایەنی زۆر و و دابەشبوونی سیاسی ناکۆکیە ئایدیۆلۆژییەکان قوڵتر دەکات و ئامادەیی بۆ سازان و هاوکاری کەم دەکاتەوە، بە تایبەتی لە ووڵاتە دواکەوتوو و کەم ئەزموونەکان لە چەمکی دیموکراسی و کەرەستەکانی.
ئەزموونی ئەمریکا نیشانمانی دەدات کە دەتوانرێت دامەزراوەکان جێگیر بن، بەڵام لە هەمان کاتدا کێشە و ململانێی سیاسی توندیش بوونی هەبێت. بەرامبەر بەوە، ئەو سیستەمانەی ژمارەیەکی زۆری حزبی بچووکی تێیدا هەیە، زۆرجار لە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزدا تووشی کێشە دەبن. هەر پارتێکی بچووک هەوڵ دەدات بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بپارێزێت و لە زۆر کاتدا ئەو بەرژەوەندیانە زاڵ دەبن بە سەر بەرژەوەندیی گشتی. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ دروستکردنی حکومەت زۆر درێژە دەکێشێت، بڕیارە گرنگەکان دوا دەکەون و چاکسازییە بنەڕەتیەکان بە ئاستەنگ دەگەن.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد یاسایەکی گشتی نییە. لە ڕاستیدا، پێویستە ئاماژە بدەین کەوا کاریگەری بیپۆلاریزم یان فرە حزبی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئەنجامی جیاوازی هەیە. هەندێک لە ووڵاتانی ئەورووپا توانیویانە لە گەڵ حکومەتی هاوپەیمانی و فرە حزبی سەقامگیر بمێننەوە، بەڵام لە ووڵاتانی دیکەدا هەمان سیستەم بووەتە هۆی گۆڕانی بەردەوامی حکومەت و نا سەقامگیری سیاسی.
مۆدێلی فیفتی ـ فیفتی
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سیستەمی سیاسی تایبەتمەندیەکی جیاوازی هەیە. لە دوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱، پارتی و یەکێتیی، گەیشتنە ڕێککەوتنێک بە ناوی «ففتی-ففتی». ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێککەوتنە جگە لە دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات، گەڕاندنەوەی متمانە، پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی و دامەزراندنی بناغەی دامەزراوەکانی هەرێم بوو.
لە ڕووی مێژووییەوە، ئەم مۆدێلە دەوری گرنگی هەبوو لە گواستنەوەی کوردستان لە قۆناغی ململانێی حزبی بۆ قۆناغی حوکمرانی. لە ماوەیەکی کورتدا، دامەزراوەکانی حکومەت، پەرلەمان، هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و دەزگاکانی خزمەتگوزاری توانایان پەیدا کرد بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر کار بکەن. هەرچەندە کێشە و کەم و کوڕی زۆری هەبوو، بەڵام ئەو سەقامگیریە بووە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا وەک شوێنێکی ئارامتر بناسرێت و بتوانێت سەرمایەی دەرەکی و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ خۆی پەیدا بکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا، دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە پارت و لیستی نوێ، کۆنفیگرەیشنی سیاسیی هەرێمی کوردستانی گۆڕیوە. ئەمە لە لایەکەوە نیشانەی ئازادی سیاسیە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا ئەم دابەشبوونە زیاتر یارمەتی دیموکراسی دەدات، یان توانای حکومەت لە دروستبوون و بڕیاردان لاواز دەکات ؟
ئەزموونی زۆر لە ووڵاتانی تر، نیشانمان دەدات کە هەرچەندە فرەحیزبی ڕەنگی جیاواز لە بیر و بۆچوون دەنوێنێت، بەڵام ئەگەر پارتەکان بچووک و بێ توانا بن، ئەنجامەکە بریتی دەبێت لە گفتوگۆی بێ کۆتایی و دواخستنی بڕیارە گرنگەکان. لە ناوچەیەک وەک کوردستان، کە ڕووبەڕووی مەترسی ئاسایشی، قەیرانی ئابووری و فشارە هەرێمایەتییەکانە، ئەم ناجێگیرییە دەتوانێت بۆخۆی مەترسیەکی ستراتیژی بێت.
لەبەر ئەوە، باش وایە هێزە سیاسییەکان لە چوارچێوەی دوو بلووکی گەورە کۆببنەوە. مەبەست لەم بیرۆکەیە ئەوە نییە کە پارتە بچووکەکان مافی بوونیان نەبێت، بەڵکوو ئەوەیە کە هێزە هاوشێوەکان لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا یەک بگرن، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرینەیەکی بەهێز پێکبهێنن و بەرپرسیاریی حکومەتکردن هەڵبگرن.
بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمە دەتوانێت واتای گەڕانەوەیەک بێت بۆ ڕۆحی هاوبەشی «ففتی-ففتی»، نەک بە هەمان شێوەی ڕابردوو، بەڵکو بە مۆدێلێکی نوێ کە بناغەکەی لەسەر شایستەسالاری، دەسەڵاتی یاسا، شەفافیەت و بەرپرسیارێتیی دامەزراوەیی بێت. لەو مۆدێلەدا، دوو بلووکی سەرەکی دەتوانن لە هەڵبژاردندا پێشبڕکێ بکەن، حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی ڕوون دیاری بکرێن و هاووڵاتیانیش بە ئاشکرا بزانن کێ بەرپرسیارە لە سەرکەوتن یان شکستی سیاسەتە گشتییەکان.
چیرۆکەکە لێرەوە دەگێڕمەوە....
ڕۆژی ٢٦ی تەموز مامۆستا ئەحمەد لێپرسراوی ئۆفیسی پرۆژەی گرتنەخۆی مناڵپارێز لە چەمچەماڵ پەیوەندی پێوەکردم، داوای کرد ئامادەی سیمینار و کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ڕێکخراوەکەبم بەئامادەبوونی سەرۆکی ڕێکخراوەکە، چیرۆکی خۆم بگێرمەوە وەک یەکێک لە سودمەندانی ڕێکخراوەکە لەچوارچێوەی پرۆژەی گرتنەخۆی مناڵانی بێ باوک لەساڵانی نەوەدەکان.
من بەهۆی ناساغیم نەمتوانی بەشداربم، بەڵام لێرەوە چیرۆکی خۆم و سێبەری مناڵپارێز بەسەر مناڵانی بێ باوکەوە دەگێڕمەوە.
ناوڕاستی نەوەدەکان، ئۆردوگای شۆڕش کەنعانێک بوو وشک و برینگ، نە ئاو هەبوو نە کارەبا، نەڕێگاوبان و نە ئاوەڕۆ ، نە ئیش وکار هەبوو نە مووچە، شۆڕشی ئەوکات کۆکراوەی بەجێماوانی ئەنفال بوو کە گوندەکانیان ڕووخابوون و خۆیان و جلەکانی بەریان ڕزگاریان بووبوو.
گرانی و شەڕی ناوخۆ و دەیان جۆر نەگبەتی و دەردەسەری یەخەی خەڵکی گرتبوو، لە ١٠ مناڵی شۆڕش پێنجیان باوکیان ئەنفال بوو، تەمەنی مناڵانی بێ باوک لەنێوان شەش بۆ ١٠ ساڵ بە سەدان و هەزارانت دەژمارد.
وەرزی دروێنە هەزاران ژن و مناڵ دوای دەڕاسەیەک دەکەوتن بۆ کۆکردنەوەی گوڵەگەنمی بەجێماوی دوای دەڕاسە، پێیان دەگوت "گوڵەچنە"، بیهێنە پێشچاوت چەند هەزار گوڵەگەنم گوێنیەک پڕ ئەکات، چەند فەردە دەبێتە قزناخێک گەنم ، چەند قزناخ گەنم تەشتێک نانی پێ ئەکرێت؟!!!
بەیانیانی هاوین تراکتۆرێک دەهات و دەیان ژنە ئەنفالی لە عارەبانەکەی سەردەخست و تا ئێوارە دەسکەنەی نۆکیان ئەکرد ، قرچەی هاوین دڕک و تۆزی نۆکی وشک پیاوێکی تەواو بەرگەی ناگرێ، ئەوان بۆ ١٠ دینار بۆ بژێوی ماڵەکەیان بەرگەیان گرت.
نەهامەتیەکانی ئەو ڕۆژگارە هێندە زۆرە نایەتە ژماردن، مەگەر کەسێک تیاژیابێت یان دەرهێنەرێک بتوانێ بەدیکۆمێنتەرییەک نیشانی نەوەی نوێی بدات.....
لەوکاتەدا فریادڕەسێک سەدان مناڵی لەخۆگرت، لەژێرچەتری یارمەتیەکانی مام جەلال ڕێکخراوی مناڵپارێز هاتە مەیدان.
تواناکانی مناڵپارێز بەشی ئەو هەموو برینەی دوای ئەنفالی نەدەکرد، بەڵام وەک سامپڵیش بێت سەدانی لەخۆگرت و نمونەی باڵایان لێ دەرهات.
پیاوێکی سیما شاری، سەیرت ئەکرد تێروپڕ دەرەکەوت، ئێستاش دەستی تەوقەی میهرەبانی و خەمخۆری ئەوپیاوەم بیرە و شێوەی ڕێک لەبەرچاوم ماوە، خەمخۆری و دڵگەورەیی و بەتاقەتی ئەو پیاوەم قەت لەبیرناچێت.
مامۆستا بەختیار نوێنەری ڕێکخراوەکەبوو بۆ چاودێری کردنی مناڵانی بێ باوک، ماڵ بەماڵ و خوێندنگە بە خوێندنگە دەگەڕا، کاریگەرترین کەیس و سەختترین ژیانی دەدۆزیەوە تا هاوکارییان بکات.
من لە سەرەتایی بووم لەماڵەوە و لە قوتابخانە سەردانی دەکردم دەفتەر و قەڵەم و بۆیە و دەباشیر و جانتاو پێداویستی بۆ دەهێنام ، مانگانەش ١٠٠ دینار هاوکاری دەکردین.
بەناوی دروستکردنی وێنەیەکەوە بەشی سێ مانگ قەڵم و قەڵم بۆیەی بۆ دەهێناین، گرنگی بەتوانا هونەریەکانی مناڵانی بێ باوک دەدا، تاکە داواکاری و مەرجی ئەوان بەردەوامبوونی مناڵانبوو لەسەر خوێندن.
دەیان نمونەی باڵا هەن پزیشک و ئەندازیار و پارێزەر و هەتا بەڕێوەبەری فەرمانگە و ....هتد کە مناڵپارێز لە قۆناغێکی تەمەندا لەخۆی گرتوون.
دواتر مامۆستا ئەحمەد ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ، دڵسۆزتر و خزمەتگوزارتر لە پێشوو چاودێری مناڵانی ئەکرد، وەک مناڵاکانی خۆی ناوی سیانی مناڵ و بەخێوکەرەکەیانی لەبەربوو، وەک ماڵی کەسوکارەکەی ماڵی هەموویان شارەزابوو، ساڵانە دووجار داوای کارتی نمرەکانی دەکرد و پێداگربوو لەسەر خوێندنی مناڵ.
من پێم وایە ئەگەر مناڵپارێز نەبووایە زۆر مناڵ نەیاندەتوانی خوێندن تەواو بکەن.
بیرمە کۆتاجار ئامادەییم تەواوکردبوو خۆم چوم بۆ موچەکەم و هەویەکەم تەسلیمی مامۆستا ئەحمەد کردەوە.
مناڵپارێز، جێگای شانازی ئەوکەسانەیە کە هەم پشتیوانیان کردووە هەم کاریان تێداکردووە، ئێمەش بە شانازییەوە باسی هاوکارییەکانیان دەکەین و بە فریادڕەسی سەردەمێکی تاریکی دەزانین کە خوێندن کەمترین بەهای هەبوو لە ژیانی خەڵکدا و هەمووان بەدوای ژەمێکی خۆراکەوەبوون.
---------------------------
هاوشێوەی هاوڕێکانم سودمەندان لە پرۆژەی گرتنەخۆی مناڵپارێز، خوێندنم تەواوکرد بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ڕاگەیاندنم هەیە، خێزاندارم و خاوەنی سێ منداڵم ، ماوەی پازدە ساڵە وەک فەرمانبەر لە قائیمقامیەتی چەمچەماڵ خزمەتدەکەم لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنم، ساڵانێکیشە وەک ڕۆژنامەنوس لە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن کارمکردووە، ئەمە بەخشین و میهرەبانی و چاکەی خوای گەورەیە بەسەرمەوە، بەشێک لەم لەسەر پێ وەستانە بە موڵکی مناڵپارێز دەزانم و ئەوەی لەتوانابێت هاوکار و پشتیوانی پرۆژە و کار و چالاکییەکانیان دەبم لەسنورەکەماندا.
هەندێک مرۆڤ لە ژیاندا تێدەپەڕن و تەنها ناوێک لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن، بەڵام هەندێکی تر نەوەیەک فێر دەکەن چۆن بیر بکاتەوە، چۆن بڕیار بدات و چۆن لە ناو سەختترین قەیرانەکاندا ئاراستەی ڕاستی خۆی ون نەکات. سەرۆک مام جەلال لەو دەگمەنانە بوو کە بەهای بوونی بە ژمارەی ساڵەکانی ژیانی نەپێورایەوە، بەڵکوو بەو بەها و وانانەی کە لە ناخی مرۆڤەکاندا چاندی. ئەو تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو؛ قوتابخانەیەکی فکری، ئەخلاقی و نیشتمانی بوو کە هێشتا وانەکانی لە ژیانی ئێمەدا زیندوون.
ئەگەر ئەمڕۆ بپرسین: «سەرۆک مام جەلال فێری چی کردین؟» وەڵامەکە لە چەند دێڕێکدا کۆ نابێتەوە، چونکە ژیانی خۆی گەورەترین کتێبی فێرکاری بوو.
یەکەم وانەی ئەو پرسی متمانە و بەدیهێنانی متمانە بوو. دەیزانی دەسەڵات بە هێز بەدەست دێت، بەڵام تەنها بە متمانە دەپارێزرێت. سەرکردە دەتوانێت پۆست و پلە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەگەر دڵی خەڵک لەدەست بدات، هەموو شتێکی دۆڕاندووە. هەر بۆیە، لەجیاتی ترس، هەمیشە متمانەی دروست دەکرد.
دووەمین وانە گوفتوگۆ بوو. لە سەردەمێکدا کە زۆر کەس باوەڕیان بە زمانی چەک بوو، ئەو باوەڕی بە زمانی دیالۆگ هەبوو. دەیزانی شەڕ ڕەنگە سنوورەکان بگۆڕێت، بەڵام گوفتوگۆ دڵ و مێشک دەگۆڕێت. بۆیە توانی شوێنی ڕێز لە دڵی هاوڕێ و نەیار، هەردووکیاندا، بۆ خۆی دروست بکات.
سێیەمین وانە لێبووردەیی بوو. باوەڕی وابوو کە کینە داهاتوو دروست ناکات و بە تۆڵە هیچ نەتەوەیەک ناگاتە ئاستی پێشکەوتن. لای ئەو، لێبووردەیی نیشانەی لاوازی نەبوو، بەڵکوو نیشانەی باڵغبوونی هزر، هێزی ڕۆحی و دووربینیی سیاسی بوو.
مام جەلال هەروەها فێری کردین کە هاوبەشبوون جیاوازە لە هاوشێوەبوون. پێویست نییە هەموومان یەکجۆر بیر بکەینەوە تا بتوانین بۆ ئامانجێکی هاوبەش کار بکەین. لەلای ئەو، جیاوازی سەرچاوەی هێز بوو، نەک هۆکاری دابەشبوون.
ئەو فێری کردین کە سیاسەت هونەری دۆزینەوەی ڕێگایە، نەک دروستکردنی دیوار. لە هەر قەیرانێکدا، لەبری داخستنی دەرگا، پەنجەرەیەکی نوێی بۆ گوفتوگۆ دەکردەوە. باوەڕی وابوو کە لە پشت هەر کێشەیەک، قسەیەکی نەکراو هەیە و هەر قسەیەکی نەکراو دەتوانێت دەستپێکی ڕێککەوتنێکی نوێ بێت.
لە قوتابخانەکەی مام جەلال فێربووین کە نیشتمان لە حیزب گەورەترە، حیزب لە تاک گەورەترە و تاک لە پۆست گەورەترە. ئەم پێوەرە ئەخلاقییە هەمیشە بەسەر هەر بەرژەوەندییەکی کەسی و کاتیدا زاڵ بوو، هەر بۆیە ڕێبازەکەی بەشێک لە کاکڵەی بیری کوردستانی نیشتمان بوو.
ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و تاقیکردنەوەی نوێ بوونەتەوە، پێویستمان تەنها بە یادکردنەوەی مام جەلال نییە؛ پێویستمان بە زیندووکردنەوەی بیر و ئەخلاق و ڕێبازەکەیەتی. ئەگەر ئەو بەها و وانانە ببنە بەشێک لە فەرهەنگی دامەزراوەکان و ڕەفتاری ڕۆژانەمان، ئەوا ناوی مام جەلال تەنها لە مێژوودا نامێنێتەوە، بەڵکوو لە داهاتووشدا دەژی.
فەلسەفەی مام جەلال دەتوانرێت لە چوار وشەدا پوخت بکرێتەوە: مرۆڤ، متمانە، گوفتوگۆ و نیشتمان. ئەگەر ئەم چوار بناغەیە ببنە ڕێنمای بیرکردنەوە و بڕیارەکانمان، تووشی ڕاستەڕێیەکی ڕووناک دەبین. ئەوەی ڕاستی بێ باشترین ڕێز بۆ مام جەلال هەر ئەوە نییە کە تەنها ناوی بخوێنینەوە یان وێنەی لەسەر دیوار هەڵواسین! بەڵکوو باشترین ڕەوتی بەرز نرخاندنی شێوەی بیرکردنەوەی، ئەوەیە ڕێبازەکەی ببێتە شێوازی ژیان و سیاسەتی ڕۆژانەمان، چونکە سەرکردەی گەورە بە کۆچیدوایی نامرێت؛ لە هزری خەڵک، لە بەهاکانی و لەو نەوانەدا دەژی کە فێری کردوون چۆن نیشتمان بە دانایی، یەکڕیزی، متمانە و گوفتوگۆ بنیات بنێین.
بە بارمتەگرتنی دوارۆژی نەوەکانمان مەترسییە گەورەکەی سەر کوردستانە، نە پریشکی شەڕی ناڕەوا و پەلاماری کوردستان لە پەنا و بە بیانووی گشتگیرکردنی گوناهی شەرەکە و نە هەڵلای لۆکانی باسی تەعریب و تەنانەت تەنگژەی چەقبەستنی پێکهێنانی کابینەش هەر دەردێکی کاتییە و بەنسەلینی چارەسەرکردنی هەیە.
ئەمانە گشتیان گرفتن و هەر چۆنێک بێت بە گوژمەیەک خۆتەکاندنی کوردانە و دەسکێک بڕیار و کەینوبەینی سیاسییانە رێی چارەسەر دەدۆزنەوە. بەڵام دوارۆژی نەوەکانمان وەک بە بارمتە گرتنی نەتەوەکەمانە و وەک ئەوە وایە لە لێواری بەرزاییەک (تەبەنجەیەک) لەسەر سەری ئومێد و گەنجێتی وڵاتەکەمان رابگرین و مەتەڵێکی مەترسیداری لێ بپرسین و پێی بڵێین یان تەقە یاخود هەڵیبێنە.
من خۆم پێم هەڵنایە ئەگەرچی ئێستا هیچ لەسەر سەرم دانەنرایەوە. ئاخر کێ گرێی ئەو مەتەڵە دەکاتەوە کە داخۆ چەند نەوەی تری وڵاتمان وا بێ ئاسۆ و بێ کار و کەسابەت دەمێننەوە و دەرەتانێک بۆ ئەم هەرەشەیە نییە.
بۆنەی ئەم نوزە نوزە ئەم هەموو مژدە خۆشەی یەکەمی و دەرچوونی کچ و کورەکانی کوردستانە لە هەرێمەوە تا کەرکوک کە یەکەمی کوردەواری و یەکەمی عیراقین. تەبعەن ئەمە بێجگە لەو هەزاران هەزار سەرکەوتووانەی تریش کە یەکەمی خوێندن نین بەڵام بێگومان یەکەمی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیانن.
ئەی ئەم سوپا بەهرەمەند و ژیرو زیرەکە چی دوارۆژێکی ژیانی عەمەلی چاوەرێیان دەکات؟
تکایە کەس نەیژێ بازاڕی ئیش و پێداویستی بەرهەم و گەشەی بازاڕی ئازادە و دەبێ دەرچوان و دوفعەی پێگەیاندن بە گوێرەی بازاری کار بن و مەدرەسە و مەعهەد و زانکۆ دەبێ تێکەڵی پێداویستی ژیان و کۆمەڵ بن و گوێ لە ئامۆژگاری سەرمایەگوزار و وەبەرهێنانی وڵات بگرن.
ئێ زۆر باشە ئەوانە لە جێی خۆیان، ئەی حکومەت و دەوڵەت کە دەبێ تەگبیری داهاتووی هەبێ لە کوێ باوکی میللەتە و قسەی لەسەر بەردەوامی ئەم گرفتە ستراتیجییە چییە کە دەساڵی تریش بخایەنێ؟
ئەمە کێشەیەکی گوێزاوەیە لە ساڵی 2014ـەوە و دەست بە دەست بە ساڵەکانی داهاتووی دەستپێرین.
خۆ ئەگەر هەر گرفتی بازاڕ و دابینبوونی بێت ئەمە دەبێ لە مەمالیکەکانی تر هەبن و زۆر بن بەڵام ئایە دەردی ئێمە هاوشانی دەردی وانە؟
من هەر ئەوەندە عەقڵم بڕ دەکات کە هاوارمە و ئیتر با بەدەنگی بەرز بیری لێ بکەینەوە.
هەندێک نەوە هەن مێژوو بە خوێنیان دەنووسرێتەوە، هەندێکی تریش هەن مێژوو لە چاوەڕوانییاندا وەستاوە. ئەگەر رابردووی کوردستان بخوێنینەوە، دەبینین هەر نەوەیەک بە شێوازێکی جیاواز بارێکی قورسی لەسەر شانی هەڵگرتووە؛ یەکێکیان بەرگی شاخی لەبەر کردووە و ئەوی تر لە ژووری چاوەڕوانیدا تەمەنی بەسەر دەبات. یەکێکیان لە دەنگی تەقەدا گەورە بوو، ئەوی تر لە دەنگی مۆبایل و هەواڵە خێراکاندا، بەڵام هەردووکیان بەدوای یەک ئامانجدا گەڕاون: ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی ئارامتر.
ئێمە لە سەردەمێکدا ژیاین کە وشەی «خەبات» واتایەکی روونی هەبوو؛ شاخ، پێشمەرگە، کۆچ، زیندان، ئاوارەیی، قوربانی و هیوا. لەو رۆژانەدا کەس بە پێی سامانەکەی نەدەناسرا، بەڵکو بە ئەندازەی ئامادەبوونی بۆ قوربانیدان لە پێناو گەل و نیشتمان، دەپێورا. زۆرێک لە هاوڕێکانمان نەگەڕانەوە، بەڵام خەون و باوەڕیان لەگەڵمان مایەوە و بوون بە بناغەی ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ هەمانە.
لە ناخی ئەو خەباتەدا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەدایکبوو و گەشەی کرد. قوتابخانەیەک بوو بۆ فێربوونی مانەوە، قوربانیدان و باوەڕبوون بە ئامانجەکەمان، بەڵام مێژوو تەنیا بە بیرەوەری ناپارێزرێت. ئەمڕۆ ئەرکی هەر هێزێکی نیشتمانی ئەوەیە بتوانێت زمانی نەوەی نوێ تێبگات و هیوایەکی باوەڕپێکراو بۆ داهاتوو پێشکەش بکات. گەنج پێویستی بە دروشمی خەبات نییە، ئەگەر ئەو دروشمە نەبێتە پرۆژەی کار، دادپەروەری، متمانە و ژیانێکی شایستە.
ئەمڕۆ گەنجێکی هەرێمی کوردستان بە چەک خەبات ناکات؛ بە بڕوانامەی زانکۆوە بەدوای کارێکدا دەگەڕێت، بە توانا و هیوای خۆی هەوڵدەدات ژیانێکی ئاسایی بۆ خۆی و خێزانەکەی دروست بکات و هیوای ئەوەی هەیە ناچار نەبێت نیشتمانەکەی جێبهێڵێت. خەباتی ئەو لەگەڵ بێکاری، ناڕوونی، بێ متمانەیی و ترسی داهاتوودایە. ئەگەر شاخی ئێمە لە بەفر و بەرد دروست بووبێت، شاخی ئەوان لە دڵەڕاوکێ، ناڕوونی و چاوەڕوانی دروست بووە.
هەندێک جار دەڵێین: «نەوەی ئێستا وەک ئێمە نییە»، بەڵام ئەم قسەیە زیاتر حوکمە تا تێگەیشتن. هەر نەوەیەک منداڵی سەردەمی خۆیەتی. ئێمە لە ناو شەڕ و بارودۆخێکی نائاساییدا گەورە بووین، ئەوان لە سەردەمی تەکنەلۆژیا، گۆڕانکاریی خێرا و پێشبڕکێی جیهانیدا. ئێمە بۆ مافی بوون خەباتمان کرد، ئەوان بۆ کوالێتیی ژیان و دڵنیایی لە داهاتوو خەبات دەکەن. جیاوازیی لە ئامرازەکاندایە، نەک لە نرخی خەباتەکەدا.
کێشەکە لە نەوەکاندا نییە؛ لە پچڕانی پردی گفتوگۆی نێوانیاندایە. کاتێک ئەزموونی پێشوو بە زمانێکی تێگەیشتن گوازرێتەوە و هەست و داواکاریی نەوەی نوێش بە رێزەوە گوێی لێ بگیرێت، ئەو پردە دووبارە دروست دەبێتەوە، بەڵام کاتێک گفتوگۆ بکوژرێت، لێکتێنەگەیشتن شوێنی دەگرێتەوە.
گەورەترین مەترسی بۆ هەر گەلێک ئەوە نییە کە رابردووی لەبیر بچێت؛ ئەوەیە رابردوو ببێتە بارێک بەسەر داهاتووەوە. بیرەوەری پیرۆزە، بەڵام ئەگەر تەنیا لەسەر بیرەوەری بژین، داهاتوومان لەدەست دەدات. هەروەها ئەگەر نەوەی نوێ پەیوەندیی خۆی لەگەڵ مێژوودا ببڕێت، رەگ و ریشەی خۆی لەدەست دەدات. نیشتمان بە یەکێتیی هەردووکیان دەژی.
ئێمە باوەڕمان وابوو هەموو شتێک بە قوربانیدان دەگۆڕدرێت؛ ئەمڕۆش ئەو باوەڕە هێشتا راستە، بەڵام جۆری قوربانییە گۆڕاوە. ئێستا قوربانیی راستەقینە بریتییە لە دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز، سەروەریی یاسا، شەفافییەت، گەشەپێدانی زانست و خوێندن، بەهێزکردنی ئابووری و گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی. ئەو نیشتمانەی بە خوێن پارێزراوە، دەبێت بە دادپەروەری، کارامەیی و چاکسازی و یاسا بپارێزرێت.
گەنجانی ئێستا نابێت تەنیا چاوەڕوانی دەرفەت بن، بەڵکو دەبێت خۆیان ببنە بەشێک لە دروستکردنی دەرفەت. لە هەمانکاتدا، هەرێم و دامەزراوەکانیش نابێت تەنیا چاوەڕوانی ئارامگرتنی خەڵک بن؛ پێویستە هیوایان پێ ببەخشن. ئەو گەنجەی هیوای هەبێت، نیشتمانەکەی بەجێ ناهێڵێت؛ بەڵام ئەوەی تەنیا چاوەڕوان بێت، رۆژێک کۆچ دەکات و تەنیا وێنەیەکی تر لە ئەلبوومی بیرەوەرییەکانیدا زیاد دەکات.
لە ژیانی گەلاندا ساتێک دێت کە دەبێت پرسیارێکی گرنگ بکرێت: ئایا قوربانیی دوێنێ توانیویەتی هیوای ئەمڕۆ بپارێزێت؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، پێویستە بە وردی لە خۆمان بڕوانین، نەک لە مێژوو تووڕەبین. مێژوو ئەرکی خۆی ئەنجامداوە؛ ئێستا نۆرەی ئێمەیە.
باوەڕمان وایە هەر نەوەیەک خەباتی تایبەتی خۆی هەیە. خەباتی دوێنێ بە چەک بوو، خەباتی ئەمڕۆ بە بیر، زانست، بەرهەمهێنان، دروستکردنی دامەزراوە و پاراستنی متمانەی گشتییە. ئەگەر ئەم دوو جۆرە خەباتە لە یەک رێڕەودا یەکبگرنەوە، کوردستان بەهێزتر، دادپەروەرتر و دڵنیاتر دەبێت.
ئەگەر نەوەی خەبات و نەوەی چاوەڕوانی لە یەک رێگادا یەکبگرنەوە، کوردستانیش بەهێزتر دەبێت. ئەم پەیوەندییە تەنیا بە دروشم دروست نابێت؛ بە گوێگرتن، بە نوێکردنەوەی متمانە، بە گۆڕانکاری و بە هاوبەشکردنی ئەرک دروست دەبێت. ئەوە ئەرکی هەموو دامەزراوە نیشتمانییەکانە و لە پێشەوەشیان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ چونکە حزبێک کە بە قوربانیی نەوەیەک دروست بووە، دەبێت بتوانێت هیوای نەوەیەکی تر بپارێزێت. ئەو کاتە چاوەڕوانیی دەبێتە جووڵە، جووڵە دەبێتە خەبات و خەباتیش جارێکی تر مێژووی کوردستان بە دەستی نەوەکان، نەک بە دژایەتییکردنیان، دەنووسێتەوە.