خاتوو پلاسخارت زووتریش وەک دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کوردستان و بەرپرسیاریەتیە نێودەوڵەتیەکەشی چەند جارێکی تر ھۆشداری دابوە لایەنە کوردستانیەکان، بەڵام کاتێک کە راسپاردە و ئامۆژگارییەکانی دادنادەن، بەو شێوەیە و لەسەر بڵندترین سەکۆی سیاسەتی جیھانی ڕەخنە لە ھەرێم و ھەردوو ھێزە دەسەڵاتدارەکە دەگرێ.
دیارە ئەگەر ئەو رەخنەگرتنەشی سودی نەبێ و بەخۆداچوونەیەوەکی سەرلەبەر نەکرێ، ئەگەری لە گرێژنە چوونی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە گوینە.
ئێستا کاتی تومەت بەخشینەوە و ئۆباڵ خستنە پاڵ یەکتری نییە و لەھەمان کاتیشدا ھێشتا دەرفەت ماوە و نابێ لە دەست بدرێ، بەڵام ئەگەر پرسیار لە بەندە بکرێ کێ ھۆکاری دروستبوونی ئەو بارودۆخەیە؟
لە وەڵامدا کەمترین شت کە دەبێ بیلێم: ھەژموون و جومگەکانی دەسەڵات لای کام ھێزن ئۆباڵی سەرەکی و ئەرکی چارەسەرکردنیشی بە پلەی یەکەم ھەر لە ئەستۆی ئەون. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەر یەکەو بەپێی راددەی بەرپرسیاریەتیەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەھێز کردنەوەی قەوارە و پێگەی حکومەتی ھەرێم بێنەوە مەیدان.
ئەوەی پلاسخارت گوتی زەنگێکی مەترسیدارە و زۆر لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش چارەی کوردستانیان ناوێ، بۆیە ھۆشیاربونەوە و ئاگاداربوون ئەرکن.
ئاشکرایە قەیرانی سیاسی کاریگەری خراپی بۆ سەر باری ئاسایش، ئابووری، دیبلۆماسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت قەوارەی ھەرێمیش ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تادێ ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێتەوە!
ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ یەکێک لە ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟
- خۆزگە.
ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟
- خۆزگە.
ئایا دەرفەت و پێشھاتێک ھەیە کە جەنرالێکی پێشمەرگە کودێتایەک بەسەر دەسەڵاتی ھەرێمدا بکات و ھەموو ھێزەکان لەمەیدانی سیاسی دووربخاتەوە؟
- خۆزگە.
دیارە داری ئەوە خۆزگانە بەرناگرێ، چونکە بارودۆخی کوردستان لەو ئاستەدانییە، کە یەکێک لەو ئەگەرانەی تیادا بەدی بێ. کەواتە ھیچ دەرفەت و دەلیڤەیەک لەبەردەمدا نییە، جگە لە بەر چاوگرتنی ئەم واقیعە تاڵەی تیایدا دەژین و دیالۆگ و رێککەوتن یان بەدیوە ھەرە نەخوازراوەکەیدا بەتەواوی وێرانکردن نەبێ.
ئەگەر بە پەنجان ھەڵە و کەموکوڕیە سیاسی و ئیدارییە گەورەکان بژمێرین چەندین دەستمان لەبەر دەبڕێن، بەڵام بەرژەوەندیی باڵایی وڵات لەژماردندا نییە، بەڵکو لە ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوە و نەھێشتنیاندایە.
ئایا سەرۆکی حکومەت کە بەرپرسی یەکەمی دروستکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانیشە بەتەمای چییە؟
ئایا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتەمای چین؟
ئەوەی دیارە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار و پاساوی نابەجێ ئامادەیی دانیشتن و دیالۆگ نییە، نەخاسمە چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
کەس نییە نەزانێ ڕۆژێک زووتر و ھەنگاوێک زووتر بەئاراستەی لێکتێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی ھەڵومەرج و مەترسیە ئاییندەییەکان لەبەرژەوەندیی گشتی و ھەموو لایەکیشماندایە. کەواتە ئێمە چاوەڕێی چین؟
ئایا لە کوێ و کەی دەستپێبکەین؟
براینە دنیا شامی شەریف و کوردستانیش دوورگەیەکی ئارام نییە.
دەڵێی ئەردۆغان فرچکی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گرتووە، ھەرکە بەیانی لە خەو ھەڵدەستێ تا دەخەوێ بە بۆنە و بێ بۆنە لە دژی کورد زمانی ناچێتەوە کالانێ و ھەڕەشە لە دوای ھەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکات، دیارە بۆ ئەو سیاسەتەی پاساوێکی بێمانا دێنێتەوە، بەڵام سوڵتانە، ھێزی ھەیە و پێی دەخوڕێ!
لای ھەمووان ڕوونە، کە تورکیای ژێر دەستەی ئەردۆغان نەک ھەر پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ ھیچ وڵاتێکی دراوسێی خۆی نییە، بگرە لەگەڵ ھەمووانیش دوژمنایەتی ھەیە، کەچی ئەو تەنیا ئەو نیمچە قەوارەیەی ڕۆژئاوا بە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک دەزانێ، ئایا بەڕاستی ڕۆژئاوا مەترسییە، یان ئەوە ئەردۆغان و دەوڵەتەکەیەتی کە لە ھیچ شوێنێک چاویان بەرایی نادا کورد بە ئازادی ببینن؟
ئایدۆلۆژیەتی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە کە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورد دەبینن، بۆیە تەنانەت لەگەڵ شەیتانیش ئامادەی ھەموو سەودا و سازشێکن بە مەرجێک لە دژی کورد بێ، نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەم، بەڵام دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کە ئایا ئەگەر ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ناوبرا دڵی ئەرۆغان ئاو دەخواتەوە؟
ھەرگیز نا، بەڵکو ئەوە دەبێتە ھەنگاوی یەکەم بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتێک کە لەناوبردنی ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی.
نابێ ئێمە پێمان وابێ ھەڕەشەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژئاوا (ئاگرە سورە، لەخۆم دوورە)و بەس، ھەر کەس و لایەنێکیش ئەوەی پێ ڕاستبێ کە ئەوە تەنیا دوژمنایەتی و ناکۆکی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەیەدە یان تەنانەت پەکەکەشە زۆر ساویلکەیە یان وەکو مناڵ بەدەست چاوی ئەگرێ تا پشیلە نەبینێ.
پیلانە درێژخایەنەکەی تورکیا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ، تا کار لە کار نەترازاوە ڕەنگە ئێمەش بتوانین ڕۆڵێکی مرۆڤ دۆستانەمان بۆ خوشک و براکانمان ھەبێ و مەترسی سەر ھەرێمی کوردستانیش کەم کەینەوە.
نابێ جیاوازی و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانیەکان پاساوی جێبەجێ نەکردنی ئەرکێکی نیشتمانی بێ لەبەرامبەر ئەو ھەڕەشەیەی کە قۆناغی دووەمی بە دڵنیاییەوە پوکاندنەوەی ھەرێمی کوردستانە.
لێدان لە سەقامگیریی و بەھای دینار لە عێراقدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، یەکەمین گورزی سیاسی و ئابوری بوو، بۆ کابینەکەی محمد شیاع سودانی و ڕەنگە بەرەو قەیرانی سەختی ھەڵایسان و تونێلی داخراوی بەرێت ئەگەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە.
سەرەتای ئەم دۆخە، ڕەھەندی مێژوویی قوڵی چەند کابینەیەکی گەندەڵە، بەتایبەت فشارو یاساکان بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و تەنگ پێ ھەڵچنینیان بە چوونە دەرەوە، لەکاتێکدا کۆڵەگەی سەقامگیری دراوی عێراقی بەشە سەرەکیەکەی پەیوەستە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناردنی پارەی کاشی دۆلار و دابینکردنی سیولەی بانکیی، واتە پاڵپشتی ھەندێک ناوەندو ڕێکخراوو بانکی دەرەوەیە کە عێراقی ھێشیۆتەوە بەتایبەتی؛
* بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو دابینکەری پارەی کڕینی قەواڵە داراییەکان لەگەڵ عێراق کە بڕەکەی ٣٨ ملیارد دۆلارە جگە لە پارەی فرۆشی نەوتیی کە ھەر ئەمریکا لێی بەرپرسە.
* ڕێکخراوی وەبەرھێنانی ڕاستەوخۆی بیانی، ئێف دی ئای، بێگومان پاڵپشتیەکانی ئەم ناوەندە بۆ بانکی ناوەندی عێراق و کڕین و بازرگانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، پشکدارییەکی دارایی نێودەوڵەتیە بۆ تێکەڵبوونی عێراق بە جیھانەوە. Foreign Direct Investment (FDI)
* بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی SDR کە ناوەندێکی فەرمییە لە ساڵی ١٩٦٩ وە دروست بووە و سەرمایەو پاشەکەوت و یەدەگی پارەی نێودەوڵەتی تێدایەو عێراقیش لەو پارە یەدەگەی خۆی، دەیان ملیاردی لەم سندوقەدایە وەک یەدەگی پارەی نیشتیمانی و سەنەدات و زەمانات و ھاوکاریەکان و ئەوەش دیسان ناکرێ نادیدە بگیرێت.
بەڵام ئەوەی کێشەی دابەزینی بەھای دیناری تۆخ کردەوەو کردیە فشار بەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، ئەجێندای تاریک و تەڵخی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری نوێی عێراق بوو بۆ تاران و بۆلای ڕەھبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی لەکۆتایی مانگی یازدەی ڕابردوودا ٢٩/١١/٢٩٢٢ و وەرگرتنی چەند دۆسیەو ڕاسپاردەیەکی ئەمنی و سەربازی و پاکتاوکردنی نەیارانی سیاسی و بەرھەڵستکاری کورد دژی ئێران.
بەھیچ جۆرێک ئەو جوڵەی ئەسپە پەسەند نەبوو لای ئەمریکیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە ھەرزوو کەوتنە ئابڵوقەدانان و ڕاگرتنی ھەناردەی پارەی کاش و خەرجی و فرۆشی نەوتیی و سزادانی ھەندێک بانکی گوماناوی عێراق و تۆمەتبارکردنیان بە سپیکردنەوەی پارەو ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق و بەدیاریکراوی بۆ ئێران لەکاتێکدا کۆنترۆڵکردن و سەقامگیری ئەمنی و سەربازی ھەر وڵاتێک پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو یەکەمجار بە ڕێڕەوەکانی کۆنترۆڵکردنی سەقامگیری دراودا دەڕوات، دراوت جێگیربوو یاساو ئاسایش و سوپات جێگیر دەبێت.
بۆیە عێراق دەبێت سەرلەنوێ دامەزراوەکانی فۆڕمەڵە بکاتەوە بە تایبەت سیستمی بانکی و خۆی لە پاشاگەردانی و بەھەدەردانی سامان و مافیاگەری نەوت و بازاڕو ئۆلیگاریشی مالی و دزیی مونەززەم قوتار بکات و ھێندە شانازی بە یەدەگی پارەکانیەوە نەکات کە کۆدەکەی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکایە. ئەوەی بەھای دراوی عێراق دەپارێزێت ئاسایش و ئازادی و سەقامگیری سیاسیی و بەدامەزراوەییکردنی کۆی جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتە نەک ئەجێندای ناڕوون و ناشەفاف.
ئایا ئەزانن ڕایتینگ Rating تەقیمی بانکی عێراقی لە کوێدایە؟
عێراق بەو ھەموو کەرەستە نەوتی و پارەو سامان و یەدەگە نەوتییەی خۆی و بە حساب ٩٦ ملیارد دۆلاری یەدەگی ھەیە کە بەشێکی سەنەداتە لای ئەمریکاو خەزێنەی فیدراڵی و بەشێکی زێڕەو ئەوی تری لە بانکی دراوی نێودەوڵەتیە. کەچی ڕایتینگی بانکیەکەی لە خراپترین دۆخدایە بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی ئاژانسەکانی ( ئێس پی و فیچ و مۆدیس) کەوتۆتە دۆخی نەگەتیڤی -B، بە ژمارەی ٢٣ لە ١٠٠، نزیک بە وڵاتانی مۆزەمبیق و کۆنگۆو ئیکوادۆرو نەیجیریا، وڵاتی دیکە ھەیە ڕایتینگی سێ AAA ھەیە وەک ئەمریکاو ئوسترالیاو دانیمارک و نورویج و سوید، واتە لە ڕیزبەندی ژمارە٩٠ بۆ ١٠٠ دانراون.
بۆیە دینارو دراوەکەی تابێت بێ بەھا دەبێت ئەگەر بانکەکانی لەو دۆخە پاسیڤەدا بمێنێتەوەو بەدامەزراوە نەکرێت و چیتر نەبێتە ناوەندی گەمەی لۆکاڵی ئاڵوگۆڕی دراوو سەفەقات بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئەقتابگەلی شیعی و حەشدو دەوڵەتانی دراوسێ، دەبێ ھەم بەھای بانکی و ھەم بەھای سیاسی بۆ بگەڕێتەوە ئینجا سەقامگیریی دراوەکەی بۆ دروست دەبێت.
بۆ تەواوکردنی بەرنامەکانی سەرۆک مام جەلال و بۆ زیاتر پتەوکردنی یەکڕێزی نێو مالی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، سەرۆک بافل تالەبانی گەشتێکی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە لە نێو ئەم تەنگەژە سیاسی و ئابووری و ئەمنیوەی، کە عێراق بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی پێدا تێدەپەرێت، بۆ گواستنەوەی ئەزموونی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لە پێناوە یەکگرتنەوەی کورد لە ھەرچوار پارچەکە لە پێناو کۆکردنەوەی ھەموو ھێزەکوردییە جیاواز و جۆراو جۆرەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ، دوور لە ھەموو جیاوازی بیر و بۆچونێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی .
سەرۆک بافڵ دەیەوێت لەم سەردانە بۆ ھەموان روون بکاتەوە کە دۆزی کوردی و کارکردن بۆ پتەوکردنی بنچینەکانی بە روحییەتێکی نشتیمانی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، چ لە ئاستی سیاسی یا ئەمنی و کلتوری و روشنبیری، کە پێشوتر و ئێستاش خەمی گەورەی یەکێتی بوە لە سەرەتای دروستبوونیەوە و تێپەرین بە سەردەمی سەرۆک مام جەلال لە دەسەھەڵات تا کاتی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆک بافڵ و ھەوڵدانی لە کاتەکانی پێشوو لە رێگەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ھێز و لایەنەسیاسییە جۆراوجۆرە عیراقییەکان لە بەغدادی پایتەخت بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی کورد، بۆ بەدەستەبەرکردنی پشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ گەلی کوردستان دوای چەندین سالی دابران لە نێوان ھەردوو پایتەخت بەغداد و ھەولێر.
سەردانی سەرۆک بافل بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی چاونەترس مەزڵوم کۆبانی و جەنەراڵ ماتیۆ مکفارلان سەرۆکی گشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامەیە کە یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان ھەلیگرتووە بە درێژایی مێژوو و ئامانج لێی بەلاو کردنەوەی ئاشتی و ھاوسەنگی و لێبوردەیی بوە بە زمانی گفتوگۆ و کارکردن بە یەک گیان لە پێناو بەرگریکردن لە دۆزی کورد و یەک ریزیەکەی لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە ناوچەکە دوور لە زمانی جەنگ و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چارەسەر کردنی کێشەی دۆزی کورد کلیلی ئاشتی ناوچەکەیە، سەرباری لێکتێگەیشتن لەگەڵ ھاوبەشەکان بۆ روبەروبونەوەی مەترسی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئەو مەترسیانەی دروستیان کردبوو لەسەر ناوچەکە، ئەوەی کە بەراستی جێگەی دەستخۆشیە لە سەردانەی سەرۆک بافڵ بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ھەولدانە بۆ پاراستنی یەکریزی و یەکسانیە لە نێو مالی کوردی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لەکاتێکدا سەرۆک بافڵ روبەروی چەندین ئاستەنگی سیاسی ناوخۆی دەرەکیی بووەتەوە .
ئەم فەرماندە گەنجە ئازاو بەدینە مێژووییەکی باشی لە پاش خۆی جێھێشت و ئەکرێت ببێتە نمونە بۆ ھەموو ئەوانەی لە دام و دەزگا سەربازی و ئەمنی و حکومی ئەم ھەڕێمەدان و ئەکرێت لێیەوە فێربن، چۆن ئەوا ھاوڕێ و خەڵکی بۆیان پەرۆش بێت و ئەوەش بە پابەندی و شانازی بە ئاینەوەو مامەڵەی جوان لەگەڵ دەوروبەر و پتەوکردنی پەیوەندی بە خوای گەورەوە، کە رێگەو رێچکەی خۆی ھەیە، پێ ئەچێت ئەم فەرماندەیە لەگەڵ خوای خۆیدا کۆمەڵێک نھێنی ھەبوبێت کەوا خۆشەویستی کردووە لە ناو ھاوڕێ و سەربازەکانی.
راستیەکش حەقە بوترێت جێی دەستخۆشییە کە یەکێتی لە ئاستی کەسی یەکەم تا خوارتر دوو کاری باشیان کرد:
یەکەم، رێزیان لە بیروباوەر ودینداری ئەم فەرماندەیە گرت بە داپۆشینی تەرمەکەی بە دروشمی یەکتاپەرستی موسڵمانان و پاشان ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەری.
دووەم، بە وەفا بون بەرانبەر خزمەت و ئازایەتی و بەرخودانی، وەکو لە مەراسیمی فرۆکەخانەی سلێمانی و پرسەکەی لە ھەولێر و سلێمانی دەرکەوت.
خۆزگە کوردستان یەک ھێزی ھەبوایەو نمونەی ئاکام عومەری زۆر تێدا بوایە، خوای گەورە لێی خۆشبێت سەبوری کەسوکاری بدات و جێگەی بەھەشت بێت.
مێژووی گەلان پێمان دەڵێ کاتێک ھەڕەشە دەرەکیەکان نزیک بوونەتەوە ئەوان بەیەکگرتوویی وەڵامیان داوەتەوە، ئەزموونی سیاسی خۆشمان ئەوەی سەلماندوە ھەر کاتێک گەل و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان یەک بووبن، نەک ھەر توانیومانە بەرگری لە خۆمان بکەین، بگرە سەرکەوتنی گەورەشمان تۆمار کردوە.
کێ لەم بارودۆخە بەرپرسیارە و کێ بەرپرسیار نییە، کێ ئۆباڵی پتری دەکەوێتە ئەستۆ و کێ کەمتر بابەتی ئەم باسە نین، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە بووینەتەوە، کە ئاماژەکان پێمان دەڵێن ھەڵومەرج و کات لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نین!
دەیان ساڵە گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانی خۆی قوربانی دەدات و سەری زمان و بنی زمانی سیاسیەکانیشمان ئەوە بووە کە دوژمنان و داگیرکەران مافەکانمان ناسەلمێنن و لە جیاتی دیاڵۆگ بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵیشە ئێمە دەرفەتێکی مێژووییمان بۆ ڕەخساوە، کەچی خۆمان لە پیادەکردن و وەدەستھێنانی ئەو مافانەش بوار دوە کە دەوڵەت و دەستوری عێراق بۆیان سەلماندووین، نموونەی دەستوری ھەرێمی کوردستان!
ئێمە لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی قوربانی گەورەمان داوە، کەچی کەس دەستی نەگرتووین لە جیاتی (بەر تەسککردنەوە) ڕۆژ بە ڕۆژی پەرە و گەشەیان بەو مافە بنەڕەتیانەی مرۆڤ بدەین و نموونەیەک پێشکەش بکەین کە ئەوانی تریش ناچاربن چاومان لێ بکەن.
بابەتی جێی رەخنە زۆر و گەورەن، بەڵام ئێستا کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی نزا بکەین لەوە خراپتر نەقەومێ، چونکە نەک ھێشتا کەلچەر و نەریتی دیموکراسی لە کوردستان جێگیر نەبووە، بەڵکو پێکھاتەی ھێزە چەکدارەکان بەجۆرێکە کە ناکرێ لەم قۆناغەدا دڵنیابین کە لە ئەنجامی ململانێی توند بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپتردا ناڕوا.
ئێستا ململانێکی توند لە نێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ھەیە و ئێمە دەزانین ئەوە لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوەیەکی دوور و درێژە و ھۆکارەکانیشی لامان ڕوونن، بەڵام لە پێناوی دیالۆگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتیمانی بە پێویستی نازانین پەنجە لەسەر ھەموو کەمو کورتیەکان دابنێین، ئەوەی ھەیە دەڵێین پێویستە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکان خۆمان لە بەرپرسیاریەتی نەدزینەوە و ھەموو لایەنەکان بە (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) و حزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی تریشەوە ھەر لایەک بەپێی قەبارە و ھێز و توانای خۆی ئۆباڵەکە لە ئەستۆ بگرێ، دەنا ناگەینە ئەنجامێکی باش.
بەڵی ھەلومەرجەکان نالەبار و جێگای نیگەرانیشن، بۆیە خەمساردی و کات کوشتن لەبەرژەوەندیی ھیچ کەس و لایەنێک نییە.
ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان دەرەکی و ناوخۆیین، ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا قەیرانەکان چارەسەر نەکەین ئەوا بێگومان ناتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە کەسێک ھەبێ بڵێ قەوارەی ھەرێم مەترسی لەسەر نییە لێی تێناگات یان ڕاست ناکات.
ئارێز عەبدولڵا
ئەوەی لێرەدا دەماخاتەوە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوە لە رابردوو، دۆخی ئێستای کوردستان و تەشەنەکردنی قەیران و کێشەی جۆراوجۆرەکانە ، گەرمبوونەوەی ململانێ و ناکۆکیە لەسەر حسابی گونجان و پێکەوەھەڵکردن، لەکاتێکدا کە پێویستی زۆرمان بە سازان و یەکخستنی ھێزو توانای خۆمانە بۆ ئەوەی بەرگەی دۆخی قورسی پڕ لە قەیران و تەنگژەکانی ئێستا بگرین و تێپانپەڕێنین.
لەڕاستیدا گەر یەک دەنگ و یەک دەست بین دەرفەت و ئاسۆی فراوانمان لەبەردەمە، دەسکەوتەکانیشمان زۆر لەوە زیاتردەبێت کە ئێستا لەسەری ناکۆکین و خۆمان و خەڵکیشی پێوە نیگەران و دڵتەنگ دەکەین.
لە سەرەتای ساڵی (١٩٩٥ )وەفیق سامەرایی کە یەکێک بوو لە کەسایەتیە گرنگەکانی رژێمی سەدام، بەھۆی نائومێدی لەو رژێمە رایکرد و خۆی گەیاندە کوردستان ، دوای گەیشتنی بۆ سلێمانی سەردانی کاک نەوشیروانی کرد و منیش لەو دانیشتنە ئامادە بووم بەداخەوە ئەو کات شەری نەگریسی ناوخو لە ئارادا بوو ومەترسیش لە سەر ئەزمونە فیدڕاڵیەکەمان ھەبوو... پرسیاری کرد : ئەو شەڕە لەسەر چییە؟ کاک نەوشیروان ھۆکارەکانی شەڕەکەی باسکرد و ئاماژەی بە گومرگی ئیبراھیم خلیل کرد، وەفیق سامەڕایی کۆمێنتێکی زۆر جوانی لەسەر ئەو خاڵە خستە ڕوو گوتی( ئێوە بۆ ئاشت نابنەوە، لەبری شەڕی خۆکوژی ، بۆ ھەوڵ نادەن رژێمی سەدام بڕوخێنن کە پارەی یەک رۆژی نەوتەکەی بەسالێکی ئیبراھیم خەلیلە)
کاک نەوشیروان وتی بڕۆ قەناعەت بە مام جەلال و کاک مەسعود بکە.
ئێستا لەسایەی ئەم دۆخە سیاسیە گرژو ئاڵۆزە و بونی مەترسی دەرەکی ھەمان ئەو رستانەی وەفیق سامەراییم بەخەیاڵدا دێنەوە کە بەشەکەتی لەداقوقەوە و بە پێ خۆی گەیاندبووە لەیلان ئینجا کەلار ، پێڵاوەکانی ھەلاھەلا بوون ، دوای گەیشتنی کاک عوسمانی حاجی محمود لە ماڵی دۆستێکی خۆی دەیبینێ و جوتێ پیێڵاوی بۆ تەرتیب دەکات و لە گەڵ خۆی دەیھێنێ بۆ سلەیمانی و دواتر رەوانەی لای مام جەلالی دەکات لە ھەولێر.
ئەو پیاوە لە ئێمە باشتر نرخی ئەو ئازادی و رزگاربوون لە رژێم دکتاتۆریەت دەزانی کە ئێمە بێباکانە لەتمان کردبوو، ئامۆژگاری دەکردین بۆ رێکەوتن و کۆتایی ھێنان بەشەڕو ناکۆکی کە سوپاس بۆ خوا دوای چەند ساڵێک کۆتایی بە شەری خۆکوژی ھات و ئاشتی بەرقرار بوو و بووین بە بەبەشێکی کاریگەر لە روخاندنی رژێمی بەعس و دامەزراندنی عیراقی تازە لە سەر بنچینەی سازان و شەراکەت و بۆ یەکەم جار لە مێژووی عیراقدا کوردێک (مام جەلال ) ببێت بە سەرۆک کۆماری عیراق و پیی بوترێت سەمامی ئەمانی عیراق و بووین بە خاوەنی فیدرالیەت بە پیی دەستور و دابینکردنی لە (١٧/١٠٠) بوجەی عیراق ئیتحادی بۆ ھەرێمی کوردستان کە مانگانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار بوو.
لەم نووسینە مەبەستم نییە بڵێم ئێمە لەبەردەم ھەڕەشەی شەڕێکی ترداین بەقەد ئەوەی مەبەستمە بڵێم پێویستمان بە تەباییە نەک پەرتبوون، ناکۆکی و جیاوازیەکان ھەر چەند بن بایی ئەوە نین گرژی دروست بکرێ و خەڵک دووچاری دڵەراوکێ و نائومێدی ببێ.
ئێمە ئەمڕۆ پێویستە خۆمان روبەڕوی بەخۆداچونەوەیەکی رەخنەگرانە بکەینەوە، دواتر خاڵە ناکۆک و کۆکەکان جیا بکەینەوە، ئینجا میکانیزمی چارەسەری خاڵە ناکۆکەکان دەسنیشان بکەین و بڕیاری لەخۆبوردوانە بدەین، چونکە ئەگەر کێشەکانی ناوخۆی خۆمان چارەسەر بکەین و دادپەروەری و حوکمی رەشید بەر قەرار و متمانەی خەڵک مسۆگر بکەین و پەیوەندی دروست و بەپێ دەستور لە گەڵ بەغدا جێبەجێ بکەین ئەو کات ئەتوانین بە سەربەرزییەوە خزمەتێکی باش بە خەڵک و کوردستان بکەین و روحی شەھیدەکانمان شادبکەین، لەڕاستیدا ئەگەر لۆژیک زاڵ بکەین وەک گوتمان ئەوەی لە پێشمانە زۆر لەوەزیاترە لەوەی ئێستا لە پێناویدا خەریکە حیسابی بۆ دەکەین.
لە دوای ڕوداوە کارەساتبارەکەی گەرەکی کازیوەی شاری سلێمانی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی بوونە قوربانی، ئەو ھەڵمەتی بە دەنگەوە ھاتنەی لێقەوماوان و فریاکەوتنیان کە گشت لایەنە سیاسی و حکومیەکان بە پەرۆشەوە وەک خەمێکی میللی لە ئەستۆیان گرت و لەیەکەم ساتەوە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ئیدارەی سلێمانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی خۆیان، بەلێنیاندا گشت ھاوکاریەک پێشکەش بکەن بۆ فریاکەوتنی زیاتری ئەوانەی کەوتبونە ژێر دارو پەردوی خانوە ڕوخاوەکەوە و چارەسەرکردنی بریندارەکان و لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ڕوداوەکە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سنوری ئیدارەی سلێمانیان ڕاسپارد کە ھەموو ھەوڵەکانیان بخەنە کار.
لە لایەکی تریشەوە ھاتنە سەرھێڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پەرۆشی و خەمێکی میللی بەخشی بە ڕوداوەکە.
وێڕای نیشانە تراژیدیەکانی ڕوداوەکە، دەکرێت ئەو ھاوخەمی وکۆدەنگیە جەماوەرییە کە لە زاخۆوە تاکو گەرمیانی گرتەوە، ببێتە ھەوێن و پاڵنەرێک لە پێناوی نزیک بوونەوەی زیاترمان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان کە کەس و کاری قوربانیەکان بەبەردەوامی تەئکیدیان لێ دەکردەوە، وەک چۆن لە کارەساتی تەقینەوەکەی شوباتی ٢٠٠٤ی ھەردووبارەگای مەڵبەند ولقی یەکێتی و پارتی لە ھەولێر ،خوێنی تێکەڵی ھەردوولا بوە ھەوێنی وەلانانی کێشەلاوەکیەکان و گفتوگۆکانی رێکەوتنامەی واشنتنی خێراتر کرد و ئەو کۆستە کارەساتبارە بوە ھاندانی چەسپاندنی تەبایی و کارکردنی پێکەوەیی.
واڵاکردنی ھەموو ڕێگایەک لەبەردەم یەکێتی
کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (پەیمان نامە) و رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان دامەزراوە. لە رووی مۆراڵی سیاسییەوە، ئەم کابینەیە تا ئەو کاتە شەرعییەتی ھەیە کە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە، پابەند بن بەعەھد و بڕگەکانی رێککەوتنەکە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بە دروستی راپەڕێنن.
لەبەرئەوەی حزبی زۆرینەی موزەیەف لە کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم پابەند نەبوە بە بڕگەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کردەوە ئەو پەیمان و رێککەوتنە ھەڵوەشاوەتەوە.
ئێستا گەشتوینتە خاڵێک کە تاکڕەوی لە ناو حکومەت و لەلایەن زۆرینەی ناتەندروست بە شێوەیەک پراکتیزە دەکرێت کە نفوزی سەرۆکی حکومەت بە سەر کۆی جووڵە و جومگەکانی حکومەت و تاکلایەنە لە ھەرێمی کوردستان رەنگی داوەتەوە.
دوای کەمکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم ئێستا لە پێشھاتێکی بێ پێشینەدا، دەسەڵاتی دادوەری بۆ ململانێ بەکار دێت ، وا دەردەکەوێت کە سەرۆکی حکومەت ھەوڵ دەدات دەسەڵاتی دادوەرییش بخاتەژێر ھەژموونی خۆی.
ئێمەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمان، ئەرکی ئەوەمان لەسەرشانە بەرگری بکەین لە مافی کۆمەڵانی خەڵک و ئاگاداریان بکەین لە راستییەکان و ھەوڵی باشکردنی دۆخی ژیانیان بدەین. بەڵام راستگۆیانە بدوێین، پێناچێت ھیچ کام لە ئامانجانە لە چوارچێوەی رێککەوتن و لە سێبەری کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم دا بێنە بەرھەم.
لە سایەی ئەم ئیحتکار کردنە ناشرینەی سوڵتەشدا، سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ھەزاران گەنج بێکار، و سەدان پرۆژە و کارگە و دەرفەتی ھەلی کار پەکخراون.
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان (پیکەوە) ستۆپ بە عەقڵیەتی تاکڕەوی و خۆسەپێنی و تۆتالیتاری بکەن بۆ بۆ رێگرتن لە کەوتنی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی خەبات، بە ھاوکاریی نەوەی نوێ و ھێزە ئیسلامییە کوردستانییەکان رابگەیەنن؟
بۆ کۆتایی ھێنان بەم سزادانە مرۆیی و سیاسی و دارایی و ئابورییەی خەڵک و شاری سلێمانی و ھەڵەبجە وگەرمیان و ڕاپەرین لە لایەن حکومەتە حیزبۆکراتیەکەی ھەولێر , دەبێت یەکێتی ھەموو ڕێگایەک بگرێتە بەر. ئەگەر کوردستانمان دەوێت، دەبێت ستۆپ بە ئاراستە ھەڵەکەی ناو پارتی و حکومەت بکرێت کە دەیەوێت لە سەر عەرشی کەلاوەدا، خودانی ھەمووان بێت !
بافڵ تاڵەبانی لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، وەک بوارەکانی دیکە واتە (حزبیی و مەیدانیی)، سنووری کێشا، سنووری کێشا بۆ دیداری میدیایی و زانیاریپێدان و نواندنی رەفتاریی، واتە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی لەم دیدارەوە، "بەڕای من" سنووری کێشا لەنێوان دیدارە سیاسییەکانی پێش خۆی، ھیچ دیدارێ بەمشێوەیە ڕاشکاومان نییە، مەگەر لەناو کتێبەکاندا، بەو مانایەی ھەر سیاسییەک بیەوێت دیدار بکات و شت بڵێ، بەلایەنی کەمەوە لە پێدانی زانیاریی و رەفتاردا، دەبێ بگاتە سنووری دیمانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەگینا ئەوەی دەیڵێت زانراوە و گرنگ نابێت. بۆ نمونە بەرپرسێک دێت باسی پەیوەندی پارتی و یەکێتیی دەکات، چی ماوە دوای بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بیڵێت بۆ ئەم دۆخەی ئەو دوو حزبەی تێدایە؟
ئایا جورئەتی وتنی شتیتری ھەیە، ئەگەر ھەشبێ؟ ئایا وتنەوەی دووبارەکان گرنگیی دەبێ؟
بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەو دیمانەدا تەنھا کاری سیاسیی نەکرد، بەڵکو کاری میدیایی، زانیاریی، ڕەفتاریی، ھێڵکێشانیشی کرد. کاری لەسەر بەرپرسانیتر کرد و ئەرکی سەرشانیانی قورس کرد، ئەگەر نەڵێم مەحوی کردنەوە و ھیچی بۆ نەھێڵانەوە!.
بافڵ تاڵەبانی ھێندە زانیاریی داوە، کە تا چەند مانگێکی دیکە خەڵک پێویستی بە زانیاریی سیاسیی ھەواڵگریی نییە. بافڵ تاڵەبانی زانیاریی سادەی نەداوە، بەڵکو زانیاریی لە رەگەزی زانیارییە قورسەکان داوە، ئەو زانیارییانەی رای گشتیی خاودەکاتەوە ریلاکس.
ئەم قسانەم وەسف نییە بۆ بەڕێز بافڵ، بەھیچ جۆرێک کارم بەکەس نییە جگە لە (اللە)، بەڵام وەک دەرکەوتەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، میدیایی، قسەی لەسەر دەکەم.
چاودێرانی کوردی باشوور بەس خەریکی قسەی سواوی کڵێشەیین بەناوی شیکردنەوەوە، لەکاتێکدا دەستیان کورتە و ناگات بە سادەترین لێکدانەوە فکریی و سرکەکان، ئەوەی ئەوان دەیڵێن، ڕای گشتییش ھەستی پێ دەکات.
بافڵ تاڵەبانی لەگشتێتیی دیمانەکەیدا یەکەمی بێ ڕکابەر بوو، نەک ڕووداو. تەنانەت پێشکەشکار نەیتوانی وەک میدیاکار بێت، بەڵکو لە رووخسار و جوڵەیدا دیاربوو نەیتوانی لەرووی دەروونیی یان زمانی جەستەوە، ھەژمونی بەسەر بافڵ تاڵەبانیدا ھەبێت، بەکورتی دبلۆماتیەتی میدیایی نەبوو.
بەکورتی، راشکاویی بافڵ تاڵەبانی لەزانیاریداندا، کۆتایی ھێنا بە زانیاریی دپلۆماتیانە و داپۆشراو و چەواشەکارانەی لێپرسراوانی حزبیی. شتێک نەماوەتەوە بیڵێن یان دایپۆشن، ئەوپەڕی دەتوانن زانیارییەکانی بافڵ تاڵەبانی دووبارە بکەنەوە یان بڵێن وەک کاک بافڵ وتی.
دوور نییە لەداھاتوودا بافڵ تاڵەبانی ببێت یان بکرێتە وتراوێکی کۆمەڵایەتیی و لە داواکردنی سەراحەتدا بوترێ کاک "بافڵانە" بدوێ. واتە ڕاشکاو بە.
رووداوی لەمجۆرەی بافڵ تاڵەبانی بۆ شڵەقاندنی گۆمی وەستاوی، سیاسەتی کوردیی، باشووریی لای من پەسەندە. بوارەکانی دیکەش پێویستی بەمجۆرە کەسانەیە، بۆ نمونە بواری ڕۆشنبیریی.
سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ بیستەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین بە ڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەرکی ناوەندی پارتی کۆمیونیستی چین دەبێتە پێشخستنی نوێبوونەوەی نەتەوەی چین لە ھەموو بەرەکاندا لە ڕێگەی ڕێبازی چینییەوە بۆ نوێخوازی.
نوێخوازی ھەوڵی ھاوبەشی ھەموو گەلانە لە سەرتاسەری جیھاندا، ھەروەھا ئەو ئامانجەیە کە گەلی چین ھەر لە سەرەتای دەرکەوتنی سەردەمی مۆدێرنەوە ھەوڵی بۆ دەدات. دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی، پارتی کۆمیونیستی چین پێشەنگی گەلی لە گەشەپێدان و چاکسازی و کرانەوەدا کردووە، و بە بەردەوامی بەدوای ئامانجی نوێخوازی گەڕاوە و پراکتیکی کردووە. چین سەرکەوتوانە نوێخوازی چینی بەرەوپێش بردووە و ڕێگای بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەپێناو گەیشتن بە نوێخوازی فراوانتر کردووە.
نوێخوازی چینی چییە؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نوێخوازی چینی نوێخوازییەکی سۆسیالیستییە کە لە ژێر سەرکردایەتی پارتی کۆمیونستی چینی چاودێری دەکرێت. توخمگەلێکی ھاوبەش لەگەڵ پرۆسەکانی نوێخوازی ھەموو وڵاتان لەخۆدەگرێت ، بەڵام زیاتر بەو سیمایانە تایبەتمەندە کە تایبەتە بە چوارچێوەی چینی. نوێخوازی چینی بریتییە لە نوێخوازی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان، و نوێخوازی خۆشگوزەرانی ھاوبەش بۆ ھەمووان، نوێخوازی پێشکەوتنی ماددی و کولتووری-ئەخلاقی، نوێخوازی پێکەوەگونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت، نوێخوازی گەشەسەندنی ئاشتیانە.
نوێخوازی چینی فەلسەفەی گەشەپێدانی گەل وەکو چەق جێبەجێ دەکات، گرنگی بە گەشەسەندنی گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت و ھەماھەنگی لەپێناو سوودمەندبوونی ھاوبەش دەدات. ئەم شێوازە لە نوێخوازی ڕەگ و ڕیشەی لە خاکی چیندا ھەیە و لەگەڵ واقیعی چیندا دەگونجێت. پابەندە بە پەرەپێدانی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان بە ھێزی خۆمان، و پاراستنی تێگەیشتنێکی پتەوی داھاتووی گەشەپیدان و پێشکەوتنی چین.
چین لە چەند دەیەیەکی کەمدا، ئەو پڕۆسە پیشەسازییەی تەواو کرد کە وڵاتانی پێشکەوتوو بە سەدان ساڵە پێیدا تێپەڕیون، و بووە ھۆی دروستبوونی دوو موعجیزە: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن. پراکتیک و ئەزموونی نوێخوازی چینی بەشدارییەکی گرنگی لە نوێخوازی مرۆڤایەتیدا کردووە و ھەڵبژاردەی نوێی پێشکەشکردووە.
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەرھەمی ناوخۆیی گشتی چین لە ٥٣.٩ تریلیۆن یوانەوە بۆ ١١٤.٤ تریلیۆن یوان گەشەی کردووە، پشکی لە ئابووریی جیھاندا لە ١١.٣% بۆ ١٨.٥% بەرزبووەتەوە، و تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی جیھانیدا گەیشتووەتە ٣٨.٦%، کە زیاترە لە پشکی ئابووریی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت G٧ بەیەکەوە. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیھاندا، پراکتیکی نوێخوازی چینی خودی خۆی بەشدارییەکی گەورەیە لە جیھاندا.
سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێنج ساڵی داھاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکردنی ھەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە ھەموو ڕوویەکەوە. بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە ھەموو ڕوویەکەوە، پێویستە یەکەم شت و بەر لە ھەموو شتێک، بەدوای گەشەپێدانی کوالیتی بەرز بکەوین. نوێخوازی چینی ڕێگای نوێخوازی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی دەستکەوتی نوێ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چین، و دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ھەماھەنگی و گەشەسەندن دەھێنێتە ئاراوە.
لە جیھاندا تەنھا یەک ڕێگا و یەک نموونەی نوێخوازی گونجاو بۆ ھەموو لایەک نییە. لە چینی ئەمڕۆدا، پیشەسازیی نوێ، زانیاری، شارنشینی و نوێخوازی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن و شارستانییەتی ماددی، شارستانیەتی سیاسی، شارستانیەتی ڕۆحی، شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی ژینگەیی بە ھاودەنگی گەشە دەکەن. ڕێگای نوێخوازی چینی پەرە بە خودی چین خۆی دەدات و ھەروەھا سوود بە جیھان دەگەیەنێت، و ھەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گەلی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت کە دەتوانرێت وەکو سەرچاوەیەک لەسەر ڕێگای گەشەپێدان بەکاربھێنرێت. چین ئامادەیە لەگەڵ گەلی عێراق و ھە ڕێمی کوردستان کاربکات بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگا نوێخوازییەی کە لەگەڵ تایبەتمەندی گەشەپێدانی خۆیاندا دەگونجێت و سوودی بەرجەستەی زیاتر بۆ گەلانی ھەردوو لا بەدەستبھێنرێت.
دەرئەنجامی ئەقڵێکی ھێمن و وردی و لێھاتوویی لە کارکردنی چێشتخانەیەکی ھاوبەشدا، دەرفەت نادات بچوکترین لاوازیەکان تێپەڕن و دەیانکاتە بنەمای سەرەکی بۆ شکست پێھێنانی پرۆژەی پیلان گێڕییە گەورە داڕێژراوەکان، پێشکەوتنی ئامێری تەکنۆلۆژیای بەردەست و چیرۆک (سیناریۆ)ی پێشوەختە ھەرزوو گومانی خستە سەر بینراوی چاوە ئاساییەکان، وایکرد ڕاستی ڕوودانی کارەساتەکان بخرێنە بەردیدی تاقیگەی بینایی (میکرۆسکۆپ).
دوای بەراوردکاری و بەدووچاو سەیرکردن و گەورەکردنی وردەکاریەکان کە بەچاوی ڕووتەوە نابینرێن، دەرئەنجام شکستەکەی ڕاگەیاند و ساختەیی بونەکەی سەلماند، ئاخر ئەمڕۆ پێشکەوتنە زانستیەکان دەرفەت بە بەردەوامیدانی ماوەی بڕکردنی داتاشینی چیرۆک (سیناریۆ)کان و بابەتەکانی (دیپ فەیک)ی کەمکردۆتەوە و ھەرزوو ڕووی ڕاستی بابەتە دەستکردەکان دەرئەخات و دەیانباتەوە دۆخی سروشتی خۆی، چی بڵێم کە ھاوشێوەی زانست ئارەزووی گەڕان و بنکۆڵکاری دەکات و تا دەرخستنی ڕووی ڕاستی نەسرەوت و لایەنی باشەی ڕووداوەکانی بۆ ھەمووان دەرخست، ئەوەی تەنیا بە یارمەتی تاقیگەی بینایی (میکرۆسکۆپ) دەبینرا ئێستا بەچاوی ئاسایی زۆر بە ئاسانی دەتوانین سەیریان کەین و لێیان تێبگەین.
کاتیەتی و دەبێت باشتر تێبگەن کە تاقیگە بینایی (میکرۆسکۆپ)ەکان ھەر لەلایەن زیندەوەرزانان بۆ تێگەیشتن لە زیندەوەرە وردەکان و خانە و بەشەبچوکەکانیان بەکارنایەت، بەڵکو بەکاریش دێ و لە توانایدایە چەندین جاریتر ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەی تیرۆرکردنی شەھید عەقید ھاوکار جاف و دانپێدانانی بەناو بکەرانی کارەکە و یاریکردنەکان و چیرۆ (سیناریۆ)کەی لەتوپەت بکا و ھەڵوەشێنێتەوە و شکستیان پێ بێنێت.
دوای بینینی گرتە ڤیدیۆ وردەکاریە ئاست بەرزەکەی ئەم ئێوارەیەی دەزگای دژە تیرۆر دەبێت دووجار سەیرکەی و بگەیتە ئەو بڕوایەی کە بڵاوکراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی شەھیدکردنی عەقید ھاوکار جاف لە ھەولێر لەو فیلمە سینەماییانە دەچوو بڕی تێچوەکانیان دەرناکەنەوە و شکست دێنن.