وتاروتار

بڕوانامەی بێکار و بازاڕی چەقەبەستوو؛ ئاییندەی نادیاری نەوەیەک

 

ساڵانە له‌ناوه‌ڕاستی  وەرزی به‌هاردا و کۆتایی ساڵی خوێندن، دیمەن و وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ئاهەنگی دەرچوونی هەزاران کچ و کوڕی ئەم هەرێمە لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەبینین. ئەمە لە ڕوواڵەتدا مایەی خۆشییە، بەڵام لە ڕاستیدا لە پشت ئەو جلوبه‌رگی ئاڵوواڵای كوردی و قات و ڕیبات و کڵاو و عەبا ڕەشانەوە، ترسێکی گەورە لە داهاتوویەکی تەمومژاوی نیشتووە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم لێشاوە گەورەیەی دەرچوواندایە؟

لە ئاهەنگی دەرچوونەوە بۆ نادیاریی بازاڕ

ئێمە نەوەیەک بەڕێ دەکەین، کە لە ڕۆژی دەرچوونیدا وەک 'ئیمپراتۆر' خۆی دەردەخات، بەڵام ڕۆژی دواتر دەبێتە ژمارەیەکی تر لە لیستی بێکاراندا. کێشەکە تەنها لە گرانیی ئاهەنگەکەدا نییە، بەڵکو لەو 'نامۆبوونە'دایە کە دروستی دەکەین؛ کاتێک خوێندکارێک ناچار دەکەین بۆ لاساییکردنەوەی دەوروبەرەکەی قەرز بکات یان باری خێزانەکەی گران بکات بۆ وێنەیەک، لە کاتێکدا بازاڕی کار پێویستی بە 'کارامەیی' هەیە نەک 'ستەیجی ملیۆنی'. ئەمە ئەو ئاییندە نادیارەیە کە تێیدا بڕوانامە دەبێتە بارگرانی و بازاڕیش دەبێتە بنبەست، بۆیە سادەیی لە ئاهەنگدا تەنها پاراستنی گیرفان نییە، بەڵکو پاراستنی شکۆی ئەو مرۆڤەیە کە بڕیارە بەیانی ڕووبەڕووی واقیعێکی سەخت ببێتەوە."

ئەگەر گریمانە بکەین، ، ساڵانە 50 هەزار دەرچوومان هەبێت له‌گشت زانكۆ و په‌یمانگاحكومی و ناحكومییه‌كان، هەر یەکێکیان بە تێکڕا 500 دۆلار (کە زۆر لەوە زیاتر خەرج دەکرێت) بۆ ئاهەنگ و جلوبەرگ و وێنەگرتن خەرج بکەن، ئەوا ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار لە ماوەی یەک مانگدا دەچێتە ناو سێکتەری "خزمەتگوزاریی کاتی" و جوانکاری، لەبری ئەوەی ئەو پارەیە ببێتە سەرمایەیەک بۆ پڕۆژەیەکی بچووک یان پەرەپێدانی کارامەییەکانیان. ئه‌وه‌یشی زیاتر جێگه‌ی داخه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و پێداویستی و كه‌لوپه‌لانه‌ی به‌كارده‌هێنرێن، هاورده‌كراوون!

بێکاریی ئەکادیمی و قەیرانی پەیڕەو

 کێشەی سەرەکی لێرەدا، تەنها نەبوونی هەلی کار نییە، بەڵکو نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان "پێویستیی بازاڕ" و "بەرهەمی زانکۆکان". ئێمە ساڵانە هەزاران دەرچوومان هەیە لە بەشە مرۆیی و تیۆرییەکاندا، وه‌ك زانسته‌مرۆڤایه‌تییه‌كان. لە کاتێکدا کەرتی تایبەت و بازاڕ پێویستی بە پسپۆڕی تەکنیکی، پیشەیی و تەکنەلۆژیایە. ئەم "بێکارییە ئەکادیمییە" وایکردووە بڕوانامە تەنها ببێتە کاغەزێکی ڕازاوە و هیچ بەهایەکی کرداری لە بازاڕی کاردا نەبێت. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و ڕاپۆرتەكان، ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی دەرچووی زانکۆدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20% بۆ 25% تێپەڕاندووە (ئەمە لە کاتێکدایە بێکاریی گشتی کەمترە)، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پەروەردە نەبووەتە هۆی دۆزینەوەی کار.

 

کەرتی گشتی وەک چەقی ئومێدەکان

 هێشتا کۆمەڵگەی ئێمە بە دەست عەقڵییەتی "چاوەڕوانی لە حکومەت" دەناڵێنێت. بەهۆی قەیرانە داراییە یەکلەدوای یەکەکان و چەقەبەستوویی میلاکی گشتی، دەرگای دامەزراندن نزیکەی دە ساڵە داخراوە. ئەمەش وایکردووە پەستانی بێکاری بە تەواوی بکەوێتە سەر کەرتی تایبەت، کە ئەویش بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوورییەوە، نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ هەڵمژینی ئەم هێزە کارە گەنجە.

لێکەوتە مەترسیدارەکان

 ئەنجامی ئەم هاوکێشە لاسەنگە، دروستبوونی سوپایەک لە بێکارانە کە دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە: یان "بێکاریی شاراوە" و کارکردن لە بوارێکی دوور لە پسپۆڕی خۆیان بە مووچەیەکی کەم، یان کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵات. ئەمەش گەورەترین زیانە بە سەرمایەی مرۆیی هەرێم دەگات؛ چونکە دەوڵەت و خێزان خەرجییەکی زۆریان لە پەروەردەکردنیاندا کردووە، بەڵام لە کاتی بەرهەمهێناندا وڵاتانی تر سوودیان لێ دەبینن.

بەرەو چارەسەر

 بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێویستە حکومەت و ناوەندە ئەکادیمییەکان هەنگاوی بوێرانە بنێن:

1.     داڕشتنەوەی پلانی وەرگرتن: پێویستە وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی پێویستییەکانی بازاڕی کار بێت، نەک تەنها بۆ پڕکردنی کورسییەکان.

2.     پاڵپشتی کەرتی تایبەت: کاراکردنی یاسای کار و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی گەنجان متمانەیان بە کەرتی تایبەت هەبێت و وەک کەرتی حکومی لێی بڕوانن.

3.     گرنگیدان بە پەیمانگا پیشەییەکان: گۆڕینی ئاراستەی خوێندن بەرەو بوارە تەکنیکییەکان کە بازاڕ تینوویەتی.

دەرچوونی ساڵانەی هەزاران خوێندکار، ئەگەر پلانی بۆ نەبێت، لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری ئابووری، دەبێتە بارگرانییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. کاتی ئەوە هاتووە بڕوانامەکان لە چوارچێوەی دیوارەکان بهێنینە دەرێ و بیکەینە کلیلێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی بازاڕ و ژێرخانی ئابووری نیشتمان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەخنە دەتوانێت ببێتە ئاگرێک کە هەموو شتێک دەسووتێنێت، یان ببێتە چرایەکی رێنشاندەر کە رێگای داهاتوو رووناک دەکاتەوە. کوردستان لە ئێستادا لە نێوان ئەم دوو رێگایەدا وەستاوە.


لە شەوانێکی بارودۆخی کوردستاندا، کە تەمومژی دوودڵی و بێ متمانەیی لەسەر ئاسۆی کۆمەڵگە دەنیشێت، هەمیشە دەنگێک هەیە کە لە ناو تاریکییەکاندا بەرز دەبێتەوە؛ دەنگی رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن، بەڵام ئەم دەنگە هەموو جارێک یەک مانای نابێت؛ هەندێک جار دەبێتە هاواری تووڕەیی، هەندێک جار دەبێتە ئاوازێکی ئاگادارکردنەوە. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا رەخنەکانمان دەتوانێت لە ئاستی ناڕەزایەتییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی چاکسازیی؟


رەخنە، ئەگەر لە ویژدان و هەستێکی نیشتمانیی پاکەوە سەرچاوە بگیرێت، وەک بارانێکە کە خاکی وشک دەژینێتەوە؛ بەڵام ئەگەر لە کینە و بوغزدا بنووسرێت، تەنیا باهۆزێکە کە دارستان دەڕووخێنێت بێ ئەوەی نوێکردنەوەیەک بسازێنێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆئەوەی رەخنە لە دەنگێکی بێ ئاراستەوە بگۆڕدرێت بۆ نەخشەیەکی رێنشاندەر.
دەنگێک بۆ چارەسەر، نەک تەنیا بۆ تاوانبارکردن.


لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، کەم کەس هەبووە وەک سەرۆک مام جەلال رەخنە قبوڵ بکات و رەخنە بە شێوەیەکی هێمن و پڕ لە حیکمەتی سیاسی بەکارهێنابێت. رەوانشاد مام جەلال، رەخنەی وەک چەک نەدەبینی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ چاکسازیی دەبینی. ئەو باوەڕی وابوو کە رەخنەی بێ چارەسەر، وەک ئامرازێک وایە کە تەنیا دەرد زیاد دەکات نەک چارەسەر. ئەم دیدە، لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە؛ چونکە کوردستان نەک تەنیا پێویستی بە دەنگی رەخنە هەیە، بەڵکو پێویستی بە فەرهەنگی رەخنەی دروستکار هەیە؛ رەخنەیەک کە لەگەڵ خۆیدا رێگای چارەسەرکردن و دەرچوونیشی پێ بێت.


لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، دوو هێزی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) نەک تەنیا بەرپرسیارێتی پاراستنی دەسەڵاتیان هەیە، بەڵکو بەرپرسیارێتی نوێکردنەوەی سیستمیشیان لەسەر شانە. ئەگەر سیاسەت تەنیا لەسەر پاراستنی خۆی دامەزرابێت، دەبێتە قەفەسی خۆی؛ بەڵام ئەگەر دەرگای رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن بکرێتەوە، دەبێتە هێزی گەشەکردن. لایەنەکان دەبێت بزانن کە بێباکی بەرامبەر بە رەخنە، متمانەی خەڵک لاوازتر دەکات؛ بەڵام بایەخدان بە رەخنە، دەبێتە بناغەی متمانەی نوێ.


مێژوو پڕە لە وانە، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا دوای کارەساتی جەنگ بە رەخنەی قووڵ لە خۆیان و سیستمەکەیان، توانیان بناغەی حوکمڕانییەکی نوێ دابنێن. هەروەها کۆریای باشوور، بە هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و فشاری رەخنەی گشتی، گەیشتە دیموکراسییەتێکی بەهێز. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە رەخنە کاتێک لەگەڵ پلان و ئیرادەی سیاسی یەکدەگرێتەوە، دەتوانێت وڵات بگۆڕێت.


کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە نەخشەیەکی روون هەیە؛ رێگایەک کە وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکان بداتەوە: چۆن چاکسازیی بکەین؟ چۆن دادپەروەریی بەهێز بکەین؟ چۆن متمانەی گشتی بگەڕێنینەوە؟ بێ ئەم پلانە، رەخنە دەبێتە دووبارەکردنەوەی هەمان دەرد؛ بەڵام بە پلان، دەبێتە دەستپێکی چارەسەر.


لایەنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو ئاوێنەیەن کە دەسەڵات خۆی تێدا دەبینێتەوە. ئەگەر ئەم ئاوێنەیە بشکێت، دەسەڵات دەبێتە نابینا و هێزی بینین لەدەست دەدات. رۆڵی ئەوانیش تەنیا رەخنەکردن نییە، بەڵکو پێشکەشکردنی چارەسەر و بەرزکردنەوەی هۆشیارییە. ئەوان دەتوانن پردی نێوان خەڵک و دەسەڵات بن.


هیچ سیستمێک بە بێ متمانە ناتوانێت بەردەوام بێت، متمانەش بە بەڵێن دروست نابێت، بە کردار دروست دەبێت. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت یاسا بە یەکسانیی جێبەجێ دەکرێت و دەنگی دەبیسترێت، ئەو کات متمانە دەگەڕێتەوە.


چاکسازیی تەنیا ئەرکی حکومەت نییە؛ پڕۆژەیەکی نیشتمانییە کە پێویستی بە بەشداریی هەمووان هەیە: سیاسییەکان، رۆشنبیران، پیاوانی ئاینیی، گەنجان، ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، لەو کاتەشدا کە هەموو ئەم هێزانە یەکدەگرن، گۆڕانکاریی لە خەونەوە دەبێتە حەقیقەت.


کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە رەخنەی رووخێنەر نییە، بەڵکو پێویستی بە رەخنەی بنیادنەر هەیە؛ رەخنەیەک کە نەک تەنیا دەردەکان ئاشکرا بکات، بەڵکو دەرگا بۆ چارەسەر بکاتەوە.


ئەگەر رەخنە بکەین بە نەخشە، ئەگەر ناڕەزایەتی بکەین بە پلان، ئەگەر خەم بکەین بە بەرپرسیارێتی، ئەو کات لە ناو تاریکییەکی قووڵدا، چرایەک دادەگیرسێنین؛ چرایەک کە ناوی چاکسازییە و ئەو کاتەش کوردستان لە سێبەری قەیرانەوە، بەرەو تیشکی رۆشنی داهاتوو هەنگاو دەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەم شەوانەدا کە تەمومژی بێ‌متمانەیی، دوودڵی و ترس باڵ بەسەر ژیانی گەلی کوردستاندا دەکێشێت، چرایەکی بچووک هەیە کە دەتوانێت ڕێگاکەمان ڕووناک بکاتەوە و ئاراستەی ڕاستمان نیشان بدات؛ ئەویش ناوی ڕەخنەیە. ئەم چرایە، ئەگەر بە دەستی ویژدان و نیازپاکی هەڵبگیرێت، دەبێتە ڕێنیشاندەر؛ بەڵام ئەگەر کینە و بوغز دایبگیرسێنێت، تاریکییەکە قووڵتر و شەوەکە درێژتر دەکات.

لە ژیانی ڕۆژانەماندا، ڕەخنە زۆرجار لەنێوان دوو مانای دژبەیەکدا دەگوزەرێت: یان دەبێتە هێرشێکی بێ‌لۆجیک و “شەلم کوێرم، کەس نابوێرم”، یان دەبێتە ئامرازێکی چاکسازی و ڕاستکردنەوە. بەڵام لە جەوهەری خۆیدا، ڕەخنە تەنیا وشەیەکی ڕووت نییە؛ هەڵوێستێکی ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە. هەر لەم ڕەهەندەوەیە کە جارێک دەبێتە یاخیبوونێکی سەرکێش، جارێکی تر دەبێتە چرایەکی هێمن بۆ ڕزگاری.

ڕەخنە ئەو کاتە دەبێتە چەکی وێرانکەر، کە لە کینە، خۆبینی یان نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم دۆخەدا، وشەکان وەک تیر دەوەشێنرێن و دیالۆگ دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێ‌دەنگ. ڕاستی لەناو دەچێت، چونکە هەموو شتێک لەژێر باری هەستە نەرێنییەکاندا دەشکێنرێت.

بەڵام ڕەخنە دەتوانێت ڕۆڵێکی تر بگێڕێت؛ ڕۆڵی ڕزگارکەر، کاتێک لە ویژدانێکی زیندووەوە هەڵدەقوڵێت و دەبێتە چرایەک کە تاریکییە شاراوەکان دەردەخات. ئەمجۆرە ڕەخنەیە بۆ شکاندن نییە، بەڵکو بۆ بنیادنانەوەیە. ئەوکاتە وشەکان نابنە دیوار، بەڵکو دەبنە پرد؛ نابنە بنبەست، بەڵکو دەبنە ڕێگا.

ڕەخنەی ڕاستەقینە وەک ئاوێنەیە؛ مرۆڤ وەک خۆی نیشان دەدات، نەک وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. ئەمە سەختترین جۆری ڕووناکییە، چونکە کاتێک ڕاستی دەدرەوشێتەوە، هیچ شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە ناهێڵێتەوە.

لێرەدا پرسیارێکی بنچینەیی سەرهەڵدەدات: ئایا ئێمە بوێریی بینینی ئەم ڕووناکییەمان هەیە؟ زۆرجار مرۆڤ شەیدای وێنە خەیاڵییەکەی خۆیەتی و بەرگەی ڕاستی ناگرێت. هەر بۆیە دەڵێن: “لە سەردەمی فێڵ و چەواشەکارییدا، وتنی ڕاستی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.” ئەمەش فێرمان دەکات کە ڕەخنەی ڕاستەقینە هەمیشە ئاسان نییە؛ نە بۆ ئەوەی دەیڵێت، نە بۆ ئەوەی دەیبیستێت.

لە بواری سیاسییدا، ڕەخنە تەنیا مافی هاوڵاتی نییە، بەڵکو پارێزگارییە لە دیموکراسی. ڕەخنە ڕێگری دەکات لەوەی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ سەرکوتکارییەکی بێ‌سنوور. بەبێ ڕەخنە، دەسەڵات لە زریانێکەوە دەگۆڕێت بۆ لافاو؛ لە ئامرازێکی خزمەتەوە دەبێتە کارەسات.

ڕەخنە لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەی ویژدانە. ئەو کەسەی ڕەخنە دەگرێت، خۆی دەخاتە تاقیکردنەوەی ڕاستگۆییەوە؛ ئەو کەسەش کە گوێی لێ دەگرێت، خۆی دەخاتە ناو تاقیکردنەوەی بوێرییەوە. وشەکان، ئەگەر لە ڕاستییەوە بێن، ڕێگاکان دەکەنەوە؛ بەڵام ئەگەر لە کینەوە بێن، دەرگاکان دادەخرێن. لەم نێوانەدا، چارەنووسی کۆمەڵگە دەنووسرێتەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن مێژوو، قوربانیدان و ئەزموونی سیاسی، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەیە. ئەو هێزەی کە بە دیالۆگ، فرەیی و ڕۆحی نوێبوونەوە ناسراوە، دەبێت ئەمڕۆش پێشەنگی ڕەخنەی بنیاتنەر بێت؛ ڕەخنەیەک کە ناڕەزایەتی دەگۆڕێت بۆ پڕۆژە، جیاوازی دەگۆڕێت بۆ هێز، و هەڵە دەگۆڕێت بۆ وانە.

ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان تەنیا لە بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە گوێ بۆ دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بگرن، هەڵەکانیان بناسن، چارەسەریان بکەن و ڕێگا بۆ نوێبوونەوە بکەنەوە. ئەوکات ڕەخنە دەبێتە چرای ڕووناکی، نەک چەکی وێرانکاری.

بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکانی ڕەخنە؛ ئەو ڕەخنەیەی کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەروو بەرژەوەندیی تایبەت، ڕاستی دەخاتە سەروو پڕوپاگەندە، و نیشتمان دەخاتە سەروو هەموو حسابێکی تەسک.

دەمانەوێت بە میدیا، میدیاکاران، نووسەران و هەموو خاوەن‌دەنگێکی ئەم نیشتمانە بڵێین: تەنیا لە ڕێگەی ڕاستگۆیی و ڕەخنەی بنیاتنەرانەوە دەتوانین کوردستان لە بنبەستەکان ڕزگار بکەین. چونکە لە کۆتاییدا، ڕەخنە یان دەبێتە چەکێک بۆ وێرانکردن، یان دەبێتە چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا. هەڵبژاردن لە دەستی ئێمەدایە: یان تاریکییەکە قووڵتر بکەین، یان چرای ڕزگاری هەڵبکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

دروشمەکانی پارتی بۆ بەغدا بریتین لە: “هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان.” ئەم دروشمانە و داخوازیی جێبەجێکردنی دەستوور، بەتایبەت ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە ماددەی (١٤٠) و دیموکراسی و فیدراڵییەوە هەیە، زۆر گرنگن؛ بۆیە نەك تەنيا ئەرکی پارتی، بەڵکوو هی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و هەموو خەڵکی کوردستانيشە، کە خەباتیان لەپێناودا بکەين.


کەواتە دەبێ پارتی بڕوای تەواوی بەو پرەنسیپانە هەبێت، بۆیە کردوونی بە دروشمی سەرەکی خۆی !

دەمەوێ لەو ڕوانگەيەوە چەند سەرنجێکی پێويست لەو دروشمانە بدەم:
هاوبەشی: واتە هاوبەشیی کورد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ديارە تەنیا بەشداریکردن هاوبەشی ناگەيەنێ، بەڵکوو دەبێ بەشدارییەکە لەپێناوی هاوبەشیی ڕاستەقینەدا بێت. چونکە ئەگەر کورد هاوبەش بێت؛ یەکەم، بڕیاری سیاسیی عێراق گرنگتر و کاریگەرتر دەبێت و دووەمیش، ستەمە نەتەوەیی و سياسی و مەزهەبی و ناوچەییەکان نامێنن، بەڵام ئایا ناوڕۆکی ئەم دروشمە گرنگە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، هەر کەسێکیش بەڵگەی بوێت هەگبەمان پڕە.

-هاوسەنگی: ئەمەش دروشمێکی گرنگە، چونکە لە سایەی هاوسەنگیدا دادپەروەری و دیموکراسی گەشە دەکەن. بەڵام ئایا لە ناوخۆی هەرێم جێبەجێ کراوە؟
بەدڵنیاییەوە نەخێر؛ ئەگەر مانگ لە چواردە بێت، پێویست بە پەنجە بۆ ڕاکێشان ناکات!
-سازان: پێکەوەهەڵکردن و ڕێککەوتن لەپێناوی ئایندە و بەرژەوەندیی هاوبەش، بۆ هەمووان وەک ئۆکسجین پێویستە. بێگومان سازانیش بەبێ دیدی هاوبەش و سازش بۆ
یەکتری دروست نابێت؛ سازشیش واتە "لە زۆر، زۆر بدرێت و لە کەم، کەم".بەڵام ئایا لێرەش هەڵومەرجەکانی بڕياردان بە زۆرينە و کەمينە لەبارن؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
خۆ ئەگەر سازان هەبووایە، ئەوا ئەنجامی حکوومەت بەم رۆژە نەدەگەیشت!
پرەنسیپەکانی تریش بە هەمان شێوەن؛ چونکە ئامانجێکی سەرەکیی فیدراڵی، دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە. ئەوە چەندین ساڵە دەسەڵاتی کردەيی و سەرەکی لە دەستی پارتیدایە، ئایا خۆی ئەو دروشمەی لێرە جێبەجێ کردووە؟ هەر ئەوەندە دەڵێم: نا.
رەنگە هەبێ بڵێ ئەو باسە يەکێتيش دەگرێتەوە.

 ئەوە راستە، چونکە دەبوو لانی کەم ئەو هەموو ساڵانە لە بەرامبەر ئەو بابەتە گرنگە بێ دەنگ نەبووايە، بەڵام لە گرتنەڕی ئەو سياسەتەش زيانمەندی يەکەم يەکێتی بووە.
دیموکراسی و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش هەر مەپرسە !
 
مخابن ڕۆژ دوای ڕۆژ لە سەرتاسەری هەرێمدا بەرەو دواوە پاشەکشە دەکەن.

ئەگەر ئەو دروشم و خواستانەی پارتی ڕووبەڕووی بەغدایان دەکاتەوە ئەگەر لێرە جێبەجێ بکرێن ،ئەوا نەک هەر یەکێتی، بەڵکوو تەواوی لایەنە سیاسییەکانیش پشتگیر دەبن و بەرامبەر بە بەغداش يەك دەنگ دەبين، بەڵام چۆن بڕوا بەم  "بانێک و دوو هەوا؛  زەقەيە دەکرێت؟
ئايا کاتی ئەوە نەهاتووە بە نموونە جوانەکانمان داخوازيیە رەواکانمان بسەپێنينە سەر بەغدا ؟

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
ئەقڵتان بۆ ئەملاولا نەڕوات، مەبەستم لە ئیمان و ئیمانداری و پێنج فەرزەكەی ئیسلام نیە، بەڵكو مەبەستم لە خاتوو ئیمان دەرباس ـ ە كە پێشكەشكارە لە كەناڵی ئاسمانی K24.. لە رۆژی 19 ی نیسان، ئەم خاتوونە دیدارێكی لەگەڵ بەرێز فازڵ میرانی (بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان) سازدا، لەم گۆشەیەدا باس لە ناوەڕۆكی دیدارەكە ناكەم، بەڵام كاك فازل وەك سیاسەتوانێكی شارەزا بە شارەزایی دەیان ساڵەی، خۆی لە چەند تەڵەیەكی میدیایی پێشكەشكار لادا، تا كار گەیشتە ئەوەی سیاسەتمەدار ئامۆژگاری میدیاكار بكات بەوەی تۆ بە كاردانەوە (انفعال) ئیش دەكەیت.
 
ئەو بەراوردەی دەمەوێت لێرەدا بۆ ئێوەی باس بكەم پەیوەستە بە دوو حاڵەتی لێكچووی من و خاتوو ئیمان، زمانی میدیاكار و شێوازی دەربڕینی پرسیار و پابەندبوون بە پرۆتۆكۆڵ و ئەتەكێتی ناوبردن و ناوهێنان، هەموو میدیاكارێك دەزانێت كە پێشكەشكاری سەركەوتوو دەبێتە بەشێك لە ئامێری گەیاندن و هەموو هەست و نەستی خۆی وەلا دەنێت و وەك رۆژنامەنووسێك گەر ناوی هەر كەسێك بهێنێت لەبەر رێزی بینەران و ناوو ناوبانگی كەناڵەكە، پێشگرێك یان پاشگرێك یان نازناوێك یان پۆستێك یان وەك ئەوەی لەدنیادا باوە و هەیە، وشەی (بەرێز) یان (كاك) لە دیالێكتی سۆرانی، وشەی (سەیدا، هێژا، رێزدار....) لە كرمانجی ژوروو بەكاردێن، بەڵام كە خاتوو ئیمان چەند جارێك وتی (بافڵ) بەبێ دانانی هیچ وشەیەكی ئەتەكێتی میدیا، تەنانەت (كاك ـ بەرێز ـ رێزدار ـ هێژا...هتد) كە ئەمانە (پێشگرناوی ناو میدیان)، هیچ لەم وشانەی بەكارنەهێنا، من دڵنیابووم و گومانم نەبوو كەK24 رۆژی داهاتوو پۆزش یان رونكردنەوەی رەسمی یان داوای لێبوردن لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامانی ئەو حزبە دەكات، چونكە حاڵەتێكی لەمجۆرە لە مانگی 8 ی ساڵی 2022 لە كەناڵی رەسمی یەكێتی روویدا، هەرچەندە هەرگیز وەك ئەوەی خاتوو ئيمان زەق و كراوە و ناشیرین نەبوو، بەڵام چی روویدا؟ ئەوكاتە من لێپرسراوی كەناڵەكە بووم و تەمەنی خزمەتی یەكێتی بوونیشم 40 ساڵ بوو، خزمەتی ناو میدیای حزبەكەشم 30 ساڵ بوو، خۆشم 56 ساڵ تەمەنم بوو.
 
لەسەر ئەم رستەیە (سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی) لەبەرئەوەی تەنها نازناو دانرابوو، وشەی سەرۆك لەبەردەم ناوی كاك مەسعود دانەنرابوو، سەرۆك بافڵ بە فرمانی خۆی جارێ‌ ئێمەی كارەبا كرد و ئەم سزایەش تەنها لەسەر من وەك سەرنووسەر و بەرپرسی سایتی رەسمی نەوەستا، بەڵكو بۆ ماوەی یەك مانگیش كەناڵەكەی داخست.
 
جا بنواڕنە ئەم جیاوازیە لە ئەتەكێتی زمان و داڕشتنی تایتڵ (ناونیشان)، تەنها وشەی سەرۆك بۆ جەنابی كاك مەسعود دانەنرابوو نازناوی بارزانی دانرابوو لانەدرابوو، بەپێی هەندێك بۆچوونی زمانەوانیش وترا كە وشەی سەرۆك لەو رستەدا بۆ هەردوو كەسایەتیەكە دەبێت.
 
گرنگ لەم بەراوردەدا ئەوەیە كە ئیمان دەرباس و K24 كەسیان سزا نەدران، دیارە من هەڵە بووم لەچاوەڕوانیەكەمدا، وامدەزانی بیركردنەوەی میدیایی و پرۆتۆكۆلی ناوهێنان لای هەموو كەناڵەكان وەك یەكە، بۆیە ئێستاش هیوادارم و داواكارم میدیاكانی یەكێتی هەر بەڕێزەوە بەو زمانەی كە فێركراون، بەو ئەتەكێت و جوانیەی كە پێی ناسراون بەردەوام بن، ئەگەر ناوی سەرۆكی یەكێتیش بە ناوی تاقو تەنهای خۆی بوترێت، ئێوە لە ریتمی قوتابخانەی زمانەوانی خۆتان لامەدەن و نازناوی هیچ بەرپرس و سەرۆكێك دەستكاری مەكەن، چونكە میدیاش پرۆتۆكۆڵی زمان و ئەتەكێتی ناوبردن و ئاخاوتنی لێدابماڵیت، دەبێتە میدیای (فاڵتۆ).
 
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆشایی دەستووریی یان (ئیفلیجیی سیاسی)؟ خوێندنەوەیەک بۆ دەریچە یاساییەکانی دادگای فیدراڵی

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی کێشەی نێوان ماڵی شیعی و کۆتاییهاتنی وادەی دەستووریی بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، عێراق جارێکی تر دەچێتە نێو تونێلێکی تاریک، لەڕووی یاساییەوە بە "بۆشایی دەستووری" ناودەبرێت، لەمڕۆوە چاوەکان لەسەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقن چۆن تەفسیری ماددەی 76ی دەستوور دەكات. 
قەیرانی ئەمڕۆی عێراق قەیرانی نەبوونی دەق نییە، بەڵکو قەیرانی تەفسیر و ئیرادەی سیاسییە، دادگای فیدراڵی لە نێوان دوو بەرداشدایە، كە ئەوانیش پاراستنی شکۆی پیتی دەقە دەستوورییەکانە، یان پاراستنی سەقامگیریی وڵات لە ڕێگەی "نەرمکردنەوەی" کات و وادەکان.

ئایا دادگای فیدراڵی وەک هەمیشە نەرمی دەنوێنێت بۆ پاراستنی سیستمەکە لە هەرەسهێنان؟

ماددەی ٧٦ی دەستوور، کە بڕبڕەی پشتی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، لە ئێستادا ئەو ماددە ڕووبەڕووی پەککەوتن بووەتەوە، دوای كۆتاییهاتنی 15رۆژەكە، چاوەڕوان دەكرێت لەنزیكترین كاتدا دادگای فیدراڵی، لە تەفسیرکردنی ئەم ماددەیەدا پەنا دەباتە بەر دوو چەمکی جیاواز:

کوتلەی گەورە و فەراغی ئەنقەست: دادگا دەزانێت کە چەمکی "کوتلەی گەورە" لە بڕگەی یەکەمدا بووەتە هۆی چەقبەستوویی، بۆیە پێشبینی دەکرێت پەنا بباتە بەر تیۆری "القظا‌ء الإنشائی" (دادوەریی بنیادنەر)، واتە دەرکردنی بڕیارێک کە ڕێگە بدات بەتێپەڕاندنی کوتلەی گەورە ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەکخستنی گشتی (الشلل التام).

دووەم: لە ڕووی یاساییەوە، دادگا دەتوانێت وادەی دیاریکراو لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٧٦ وەک "مواعید تنظيمية" (وادەی ڕێکخستن) بناسێنێت، ئەمە مانا یاساییەکەی ئەوەیە کە تێپەڕینی ١٥ ڕۆژەکە نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەرعییەتی پڕۆسەکە، بەڵکو تەنها وەک فشارێک دەمێنێتەوە بۆ خێراکردنی ڕێکارەکان.

دادگا تا چەنێک دەتوانێت وادەکە درێژ بکاتەوە؟
لە ڕاستیدا دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی نییە دەقی دەستوور بگۆڕێت و بڵێت لەبری ١٥ ڕۆژ، با ببێتە ٣٠ ڕۆژ، بەڵام دادگا دەتوانێت چەمکێک بەکاربهێنێت کە پێی دەوترێت "وادەی ڕێکخستن" (مواعید تنظیمیە) نەک "وادەی بڕینەوە" (مواعید حتمیە) وادەكە تا ئەو كاتە دەبێت لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدێك رێكدەكەون و لەپەرلەمانەوە رادەسپێردرێت.

درێژکردنەوەی ناڕاستەوخۆ: دادگا زۆرجار بڕیار دەدات لە"بەرژەوەندیی گشتی و بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەت" لەسەرووی وادە دەستوورییەکانە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پرۆسەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی لایەنەکان ڕێکدەکەون، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو (بۆ نموونە ١٠ یان ٢٠ ڕۆژ) دیاری بکات.

بنبەست: ئەگەر دادگا توند بێت، دەکرێت بڵێت وادەکە کۆتایی هاتووە و دەبێت پەنا بۆ ماددەی ٨١ ی دەستوور ببرێت (کە سەرۆک کۆمار ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ)، بەڵام ئەمە لە مێژووی سیاسیی عێراقدا کەمتر ڕوویداوە، چونکە دادگا هەمیشە هەوڵ دەدات "دەرچەیەک" بۆ هێزە سیاسییەکان بهێڵێتەوە.

بۆشایی دەستووری یان ئیفلیجیی سیاسی؟
کاتێک وادەكان تەواو دەبن و کاندید رانەسپێردراوە، وڵات دەکەوێتە دۆخی "ئیفلیجیی کارگێڕی"، لێرەدا دادگا بۆ پاراستنی دەوڵەت، پەنا دەباتە بەر بنەمای جیهانیی "دیمومە یان بەردەوامیی دامەزراوە گشتییەکان، ئەم بنەمایە ڕێگە دەدات بە حکومەتی ئێستا وەک حکومەتی کاربەڕێکەر"، (تصريف الأعمال)بەردەوام بێت.

دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر چییە؟ 

لەمڕۆوە وڵات دەچێتە ناو قەیرانێکی ئابووریی قووڵ، چونکە بەپێی یاسای کارگێڕی مالی، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی نییە "بودجەی ساڵانە" بنێرێتە پەرلەمان، ئەم حکومەتەش تەنها دەسەڵاتی رۆژانەی هەیە و پارادۆکسە گەورەکە لێرەدا دەستپێدەکات، حکومەتێک کە نەتوانێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان یان گرێبەستی ستراتیژی واژۆ بکات، لە ڕاستیدا تەنها دەتوانێت مووچە دابەشبکات.

هەروەها قەدەغەکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکان: بۆی نییە گرێبەستی گەورە و ستراتیژی واژۆ بکات، بۆی نییە یاسای گرنگ (وەک بودجە) بنێرێت بۆ پەرلەمان، بۆی نییە گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە باڵاکاندا بکات.

ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لە لایەن دادگاوە دەردەچێت، تەنها بڕیارێکی یاسایی نابێت، بەڵکو دیاریکردنی چارەنووسی دەستوور دەبێت لە بەرانبەر هەژموونی سیاسی؛ ئایا دەستوور دەتوانێت هێزەکان کۆنتڕۆڵ بکات، یان هێزەکان دەستوور بەو ئاراستەیە دەبەن کە خۆیان دەیانەوێت؟.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرباری هەموو سەرجەکانمان لەسەر دۆخی رۆژنامەگەری کوردی دەمەوێت بڵێم ، یادی ڕۆژنامەگەری کوردی تەنیا یادی پیشەیەک نییە کە ئێستا جیهان و کۆمەڵگە ئاراستەدەکات  ، بەڵکو یادکردنەوەی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانییە، لە ماوەی ساڵانێکدا ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی کورد بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵیانداوە بۆ گەیاندنی ڕاستی و پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردی، هەروەها ڕوونکردنەوەی کێشەکانی کۆمەڵگاو کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بەڕووی دنیا بینی کوردا.


‎لە کاتێکدا کە ئازادی ڕاگەیاندن سنووردار بوو، ڕۆژنامەگەری کوردی بە هێزی قەڵەم و رۆشنگەری توانای ئەوەی هەبوو دەنگی گەل بگەیەنێت. زۆرجار ئەم پیشەیە بەهەورازو نشێوی زۆردا تێپەڕیوە ، لە گرتن و فشاری سیاسی تا گەیشتن بە قوربانی گەورە. ئەم هەوڵانەش بوون بە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەگەری کوردی بگاتە ئاستێکی بەرز و ببێتە بەشێکی گرنگ لە خەباتی نەتەوەیی.

‎ئەمڕۆ، لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و میدیای نوێدا، ڕۆژنامەگەری کوردی لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی گەشە و ئاڵۆزی نوێ بووەتەوە، بەڵام بنەما سەرەکییەکانی وەک ڕاستگۆیی، بەرپرسیاریەتی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا هێشتا هەر وەکو پێشوو گرنگن.


‎لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، دەبێت هەموان بەچاوی رێزو پێزانینەوە لە هەوڵ و دڵسۆزی و ماندوبون و شەونوخونی هەموو ئەو قەڵەمانە بڕواندرێت کە رۆژگارێک لە خەمی پێشخستنی رۆژنامەگەری کوردیدا بوون  بواری رۆژنامەگەری  ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانیان خستە سەر شاڕێی رەوڕەوەی مێژوو ، لە پێش هەموویانەوە بنەماڵەی سەربەرزی بەدرخانییەکان کە شانازی و ناسنامەی مێژووی رۆژنامەگەری کوردییان بۆ خۆیان و نەوەکانی دوای خۆیان نوسییەوە
 
لەم سەردەمەدا کە بواری رۆژنامەوانی بووەتە هۆکار و ئامرازێکی گرنگ بۆ گەیاندنی راستییەکان و ئاگایی کۆمەڵگە لەوەی لەدەوروبەرماندا روودەدات بە رەچاوگرتنی ئیتیک و بنەما ئەخلاقییەکانی بواری رۆژنامەگەری ، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بواری رۆژنامەگەری کوردی سەرباری ئەو دەستکەوتانەی بەست هاتووە لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لە ئێستادا رووبەڕووی ئاڵەنگاری و دژواری زۆر بووەتەوە و ناروونی و تەموومژ لە شێوازی گەیاندنی ناوەڕۆکی پەیامە میدیاییەکان بەدیدەکرێت کە بەشی هەرە زۆریان بە مەبەست و هەندێکیشیان رەنگە لە بێ ئاگایی بێت ، بەڵام بەروونی بەدی دەکرێت کە ململانیەی ئایدۆلۆژیی و  بەرژەوەندی و قۆرخکاری میدیایی بۆ ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراو و ئاراستەکراو کودەتای بەسەر میدیایی راستەقینەدا کردوە و تارمایی خستوەتە نێو پەیامە میدیاییەکان ، کە بەردەوامی ئەم دۆخە هێندەی دیکە بواری رۆژنامەگەری کوردی بەرەو ئایندەیەکی ناروون ئاراستە دەکات، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پێویستمان بە چاکسازیی میدیایی هەیە بۆ ئەوەی میدیا بتوانێت لە نێو کۆمەڵگەدا رۆڵی  راستەقینەی خۆی ببینێت و هەنگاو بنێن بەرەو بنیاتنانی میدیایەکی نیشتیمانی کە لە هەموو بارودۆخێکدا بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.

لەم یادەدا بە دەرفەتی دەزانم دان بەو راستیەدا بنێم کە بڕوام بە رۆژنامەنوسی کۆن و نوێ نیە بەڵکو بڕوام بە تواناو تێڕوانین و لێهاتووی نوێ و بیری نوێی داهێنەرانە هەیە ، دەکرێت رۆژنامەنوسێک کە تازە هاتووەتە نێو مەیدانەکە زۆر سەرکەوتوتر و دەسترەنگین تر بێت لە رۆژنامەنوسێک کە ئەزمونێکی زۆری هەیە و ساڵانێکی زۆرە کاری رۆژنامەوانی دەکات بەڵام لە ئاستێکدا وەستاوەو برەو بەخۆی نادات ، دەکرێت رۆژنامەنوسە تازەکان ببنە خوێن و  تەوژمێکی نوێ و داهێنانی گەورە لە بوارەکەدا بکەن و ئاست و پێگەی رۆژنامەوانی کوردی ببەنە قۆناغێکی دیکە، کاتێک کە رۆژنامەنوسێکی نوێ ببینم سەرکەوتووە و دەیەوێت بە ئامانجێکی روونەوە کاربکات و خۆی پێش بخات زۆر دڵخۆشم دەکات، ئەوانەی بە ئومێدو هیوایەکی نوێ وە هاتونەتە بوارەکەو هۆشیارانە هەنگاو دەنێن دڵنیام لەوەی داهاتوویەکی گەش چاوەڕێیان دەکات، هەمیشە ووتوومە رۆژنامەوانی کۆن و نوێ لە بواری رۆژنامەوانیدا نیە ئەمە پێشمەرگایەتی و خەباتی شاخ نیە ! بڕواشم وایە رۆژنامەوانە بەتواناو خاوەن ئەزمونەکان کە پاشخانێکی گەورەی میدیاییان هەیە دەکرێت ببنە رێنیشاندەرو پاڵنەرێک و هەموو خاوەن قەڵەمە راستەقینەکان پێکەوە ببینە سەکۆو هیوایەک بۆ داهاتووی  میدیای کوردی هەنگاوێک بەرەو گەشانەوەو  پێشوەچون ببەین ، شەڕە دەنوکی میدیایی و سەنگەر لەیەک گرتن ناشیرینترن کارەو دەردێکە توشی میدایایی کوردی بووە ، لە بری ئەوەی کار بۆ دروستکردنی میدیایەکی نیشتیمانی بکەین سەرقاڵی یەکتر شکاندنین ، قسە زۆرە لەسەر ئاست و پێگەو بەرپرسیارێتی میدیا و دۆخی میدیای کوردی زۆر جار لەسەر ئەمە دواوم ، بەڵام لە دڵەوە خەون بەو رۆژەوە دەبینم میدیایی نەتەوەکەم ئەم دۆخ و قۆناغە تێپەڕێنێت و بگاتە ئاستی خواستی گەورەی کاری میدیایی و وەک میدیاییەکی خاوەن پێگەو سەنگین و دوور لە شەڕو شێواندن و فوتێکردن پەیامە میدیاییەکانمان ئاراستە بکەین و لە ئاست گرنگی ئەم قۆناغە مێژوویەدا بین.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چوار پێشنیار: ڕێبەرییەک بۆ کارکردن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

 

لیو جیون، كونسوڵی گشتی چین له‌ هه‌ولێر

 

بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ناسەقامگیرە و دوایین خولی ململانێکان پەرەی سەندووە و ئازارێکی بێئەندازەی بە وڵاتان و گەلانی ناوچەکەدا گەیاندووە. شەڕەکە زیانێکی زۆری بە خەڵکی مەدەنی و ژێرخان و گەشەپێدان گەیاندووە و هەڕەشە لە ڕێڕەوی وزە و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی دەکات. مێژوو هەمیشە سەلماندویەتی کە شەڕ ئاسایشی ڕاستەقینە مسۆگەر ناکات، بەڵکو دابەشبوونەکان قووڵتر دەکاتەوە و ناسەقامگیری درێژ دەکاتەوە. ئێستاش گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە گۆڕەپانێکی نێوان شەڕ و ئاشتیدا وەستاون، زیاتر لە جاران داوای ئاشتی دەکەن.

لە بەرامبەر ئەم دۆخە ئاڵۆز و مەترسیدارەدا، چین وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتێکی گەورەی بەرپرسیار، چالاکانە و لە چەندین رێگەی جیاوازەوە کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسانکاری بۆ دانوستانەکان. وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ هاوتاکانی لە ناوچەکەدا پاراستووە و نێردەی تایبەتی چین بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی خولێکی دبلۆماسییە. چین بە هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵیی بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستۆتە ڕوو و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی و پاراستنی ئامانجە ناسەربازییەکان و ڕێڕەوی کەشتیوانی و بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئەم هەوڵانە هەڵوێستی بابەتیی و بێلایەنی چین دەردەخات، هەروەها هەستی بەرپرسیارێتی وەک وڵاتێکی گەورە نیشان دەدات.

لەم دواییانەدا، سەرۆک شی جینپینگ چوار پێشنیاری سەبارەت بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستەڕوو.

یەکەم: پابەندبوون بە بنەمای پێکەوە ژیانی ئاشتیانە. وڵاتانی کەنداو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوسێی نزیکن کە ناتوانرێت لەیەک جیابکرێنەوە. گرنگە پشتگیری وڵاتانی کەنداو بکرێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانیان، کارکردن بۆ بنیاتنانی تەلارسازییەکی ئەمنی هاوبەش، گشتگیر، هەماهەنگ و بەردەوام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو، و چەسپاندنی بناغەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

دووەم: پابەندبوون بە بنەمای سەروەری نەتەوەیی. سەروەری وەک بناغەیەکە بۆ هەموو وڵاتان و بەتایبەتی وڵاتانی تازەپێگەیشتو بۆ مانەوە و گەشەکردنیان و نابێت پێشێل بکرێت. پێویستە بە جددی ڕێز لە سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی کەنداو بگیرێت و سەلامەتی هاوڵاتیان و دامەزراوەکانیان بە توندی بپارێزرێت.

سێیەم: پابەندبوون بە بنەمای سەروەری یاسای نێودەوڵەتی. پێویستە دەسەڵاتی سەروەری یاسای نێودەوڵەتی بپارێزین و نابێت بەشێوەیەکی هەڵبژێردراو بەکاربهێنرێت و هەروەها نابێت جیهان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە یاسای دارستان بەڕێوەی ببات. گرنگە بە توندی پشتگیری لە سیستەمی نێودەوڵەتی بکرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕۆکیدایە، سیسته‌می نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و ئەو ستانداردە بنەڕەتیانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن کە بە ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری ده‌كرێن.

چوارەم: پابەندبوون بە ڕێبازێکی هاوسەنگ بۆ گەشەپێدان و ئاسایش. ئاسایش مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەشەپێدان و لە بەرامبەردا گەشەپێدانیش گەرەنتی ئاسایش دەکات. هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان کاربکەن بۆ دروستکردنی کەشێکی تەندروست و پاڵپشتی گەشەسەندنی ئەرێنی لە وڵاتانی کەنداودا. چین ئامادەیە لە ڕێگەی نوێگەری چینییەوە دەرفەتەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا هاوبەش بکات، و لەگەڵیان کاربکات بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی بەپیت بۆ گەشەپێدان و ئاسایشی ناوچەکە.

چوار پێشنیارەکە بریتین له‌ ڕێنماییە کردارییەکانی چین، کە بە پشتبەستن بە دۆخی ئێستا و بە ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەن خراوەتەڕوو، بە ئامانجی پێشخستنی گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاوەوە بۆ سەقامگیری. هەر‌وه‌ها ئه‌مانه‌ش لەگەڵ چەمکە گرنگەکان ده‌گونجێت کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، لەوانە دیدگای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی و دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی (GSI). دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی داکۆکی لە دیدگای ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر و هه‌ماهه‌نگ و بەردەوام دەکات، ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان وەک بنەمایەکی بنەڕەتی داده‌نێت، ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێنمایییەکی گرنگ دەپارێزێت، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژکارییەوە وەک تاکە ڕێگای بژاردە دەزانێت و  جەخت لەسەر هەماهه‌نگی پرسە ئەمنییەکانی نەریتی و ناتەقلیدی دەکاتەوە بۆ چارەسەركردنی بنه‌ڕه‌تی ململانێکان. لە ژێر بارودۆخی ئێستادا، چوار پێشنیارەکە بریتین له‌ جێبه‌جێكردنی كرداری بۆ دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پشتگیرییەکی كرداری پێشکەش دەکات بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخەکە و نیشاندانی ڕێبازی سیستماتیکی چین بۆ پێشخستنی ئاشتی بەردەوام و سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

وه‌ک دانیشتویه‌كی هەرێمی کوردستانی عێراق، هه‌ستی قووڵی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر بەو ئازار و ئه‌و کاریگەریانه‌ی کە شەڕ و ناسەقامگیری هێناویه‌تی بۆ ئه‌م خاكه له‌گه‌ڵیاندا هاوبه‌ش ده‌كه‌ین. بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوودا، خەڵکی هه‌رێمی كوردستانی عێراق هەوڵی گه‌وره‌یان داوە، لە ژێر بارودۆخێکی ئاڵۆز و قورسدا، بۆ گەڕان بەدوای ڕێگادا بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدان و بۆ بنیاتنانی نیشتیمانێكی باشتر.

چین هەمیشە دۆستێکی دڵسۆزی عێراق بووه‌ بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لەسەر بنەمای ڕێزگرتن له‌ یەکتر، ئێمە ئامادەین بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ هه‌رێمی كوردستانی عێراق لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی، ئاڵوگۆڕی گه‌لان و پەروەردە، به‌ئامانجی پێشخستنی گەشەپێدانی هاوبەش. لە هەمان کاتدا چین هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان به‌ هەرێمی کوردستانی عیراقیشه‌وه‌ بەهێزتر دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەو چوار پێشنیارەی کە سەرۆک شی جینپینگ پێشکەشی کردووە و بە هاوبەشی كاركردن بۆ پەروەردەکردنی ژینگەیەکی ئەمنی سەقامگیرتر و بەردەوامتر لە ناوچەکەدا.

بەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان ناتوانێت چێژ لە سەقامگیرییەکی بەردەوام وەربگرێت. چین ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامبوون لە بنیاتنانی هه‌ماهه‌نگی بۆ ئاشتی، و یارمەتیدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات لە سێبه‌ری ململانێکانه‌وه‌ دەربچێت، و هەنگاو بەرەو داهاتوویەک بنێت كه‌ چێژ له‌ ئاشتی و گەشەسەندنی بەردەوام وه‌ربگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
ناوی یارییەکە، بە منداڵی چەند کەسێک کۆدەبووینەوەو دەبووە شەڕەشەقێکی بێسەروبەرو ھەرکەسێک لە کەسێکی تری دەدا، بەرەی ئەمبەرو ئەوبەر نەبوو، رۆحیەتی تیم و بەرگریی کردن لە یەکتر نەبوو، تەنھا ھێرشبردن ھەبوو. ھەردوو وشەی شیلان و شەق، ھیچ پەیوەندییەکی رۆحی و زمانەوانی و ئەپستمۆلۆژیی لە نێوانیاندا نیە، بەڵام چۆن پێکەوە بوون بە ناوی گەمەیەکی منداڵانە، چی خستنیە پاڵ یەک.. نازانم ؟؟
رەنگە شیلان لە شێلانەوە وەرگیرابێت، ئێ شەقیش ھەر شەقە، شەقی کوردی و شەقی بەزەبرو پانە شەق و شەقازلەو شەقاوو لەقەو شەقشەقێن و شەقاوەو جوتە وەشێن و ھەڵتیزان و کۆتاییەکەشی بە سوڕاندنی کورتان و تا فڕێدانی کورتانەكەش دەڕوات..
 
ئەم گەمەی ئێمە دەمانکرد شەڕەشەقێکی ناماریفی بوو، تا قۆڕبوونی ناوگەڵ سنوری نەبوو، هەموان دەیانخواردو کەسیش بەرگریی لەکەس نەدەکرد، شیلان شەق یارییەکی زۆر سەیر بوو، چونكە منداڵەکان نەدەبوون بە دوو تیمەوە، وەک ھەر بەزمێکی تر، رکابەریی و بردنەوەو دۆڕاندن نەبوو، ھەمووی تێھەڵدانی دەخوارد و لە کۆتاییدا شەکەتی و ماندوێتی و ئازارێکی زۆر بەولاوە ھیچی تر نەبوو!! بۆیە ئەمە تاکە یارییەکە کە براوەی تێدا نیە..
 
جەنگی نێوان وڵاتان جۆرێکە لەم یاریانە و لە کۆتاییدا کەس براوە نابێت، بەنموونە جەنگی عەرەب ئیسرائیل 75 ساڵی پڕ شیلان شەقی تێپەڕاند، سەرباری ئەنجامدانی پەیماننامەی ئۆسلۆی یەكەم 1993 ئۆسلۆی دوەم 1995بەڵام هێشتا چوارچێوەی گشتیی جەنگەكە وەك ساڵی 1948 وایە، جەنگی ئێران عیراق ھەشت ساڵی خایاند، سەرباری كێشانەوەی نەخشەی سنور و دەیان دانیشتن و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش 598 وەک چۆن ئاگربەست راگەیەنرا بەوجۆرە ماوەتەوە، جەنگی ھیندستان و پاکستان چەندین گەڕو گێم کراو تا ئێستاش کێشەی کشمیر وەک خۆیەتی، جەنگی هەردوو كۆریا لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا بەهەمان چەشنە، هێشتا سنوری نێوان هەردوو دەوڵەت لە توندترین سنورەكانن، جەنگی ئێران -ئەمریكا – ئیسرائیل، بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت..
 
لە باشوری كوردستانیش سلێمانی زۆربەی شەق و مستی حزب و هاوڕێ و دۆست و برادەرەكانی خۆیی بەركەوتوەو بەردەكەوێت، هەموو دەزانین لە 35 ساڵی رابردوودا تەنها سلێمانی بوو كە ببوە چەترو لانكەی ئۆپۆزسیۆن و چادری كوردایەتی بۆ هەموو پارچەكانی تر، لە كوچەو كۆڵان و گەڕەكەكانی شاردا پاروەنانیش دەكرا بە چەند پشكێكەوەو پێكەوە نۆشدەكران، دایكێكی بەسۆز بۆ هەر سێ پارچەكەی تری كوردستان.. دەرئەنجام بێشومار زەرەرو زیانی زۆر و باجی قورس و بچوككردنەوەو بێبازاڕی و لێدانی درۆن و موشەك و تۆپی دوور هاوێژ و تیررۆركردن بە چەكی بێدەنگ و ماتۆڕ، ژیانی ئەم شارەبوو لە 35 ساڵی رابردوودا، بۆیە لێدان لە سلێمانی و ناشیرینكردنی مێژوو كوردایەتی و بەسەرهاتی خەباتی دەیان ساڵەی ئەم شارە، تەنها بۆ سڕینەوەی سەروەریی و شانازیەكانیەتی، لەهەموو حاڵەتەكاندا دەنگی نەشاز تەنها (نا-نەخێر) دەكات و نا ی سەرزار لە بەڵێنی راستیی وتن زۆر زیاترن، بۆیە ئەوەی ئێستا لەگۆڕەپانی سیاسەت و حزبایەتی دەستقەڵەمی کوردیدا دەگوزەرێت، جۆرێکە لە شیلان شەق، وەشاندنی شەق و گورزو مست بۆ نێوچاوانی سلێمانی، بە بێ نیەتی چاکەو چاکسازیی و راستکردنەوەی فیکریی، خراپترین گێمی شیلان شەقە، لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی ئەمانە، قسەكەی رێنیە دیکارت دەڵیمەوە (من بیردەکەمەوە کەواتە من ھەم)، لای ھەندێك گروپ و تاقمی کوردەواری لە دانان نەخێر لە لادان هەر نەخێر، بوە بە (من دەڵێم نەخێر کەواتە من ھەم).
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت..
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنفال حوزنی ئەبەدی نیشتمان، ناونیشانی زوڵم و ستەمی داگیرکەری بەعس، نەزیری لابردووی ترس و دڵەراوکێی نەتەوەیەک تا ئێستا دڵنیایی یەکجارەکی وەرنەگرتووە کە ئیتر خۆری داد و ژیانی لێ هەڵاتووە و تارمایی دادو فیغانی لا هەڵاتووە و پایدۆزی لێ کردووە.

ئەنفال پرۆسەیەک ساڵانی قەوماوی دوا بڕاوی رابردووە و گەرەکە تۆماری گشتی دڵۆپی فرمێسک و خنکاوی هەنسک و هەڵکێشانی ئاخ وهەناسەی سارد بکەین و بەڵگەمەند ببێت بۆ عیبرەت و غیرەت و تیژی یادەوەری. 
بەڵام ئەنفال بێ روانگەیەکی کوردستانیی پاک و پایەدار و بێ دیموکراسییەکی شایان بە قوربانی قڕکردنمان و بوژانەوەیەکی دادپەروەرانەی دوور لە فڕکان فڕکانی مۆنۆپۆلی نەوت و پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و داڕزانی بەها گەورەکانی کوردایەتی لە پەنا چەواشەکاری و کەڵەگاییەوە، ترسێکە جارێ بەتەواوی نەڕەویوەتەوەو خورپەیەکی حەیفە خوانەخواستەی ڕاستەقینەی دەوێت کە تا ئەبەد گرەنتی داهاتووی میللەتە ئەنفالدیدە و کیمیاویزەدەکەمان بکات و بڵێ ئاوەوئاو چوو.
هەقمانە دەست لەسەر دڵ بین دوای چارەکە سەدەیەکی تازە  کە دەور و پشتمان ماشەڵڵا هێشتا تەڤلی سەدەی بیست و یەک نەبووە و خەیاڵی زۆرداری پێشین و تامی دووپاتکردنەوەی هەروا لە سەریا.
هەقمانە چاونەتروکێنین و یەکبارە غافڵ نەبین تا غافڵکوژ نەبین کە زۆرانبازی پاکژ و جوامێرانە دەگمەنە، ئەگەر نەیژین هەر نەماوە.
هەقمانە بەرگی زیللەت و عیللەتمان بە یەکجاری لەبەر نەتەکاندووە و چڵکی نا ئومێدی و نا حەزی و نا پەسەندیمان پەڵەدارە و خاسمان نەشۆردووە، بەڵام زیاتریش لەوەی هەقمانە لەسەرمانە خۆمان باشتر تەیار بکەین و باشترینەکانی  کۆمەڵەکەمان بۆ ئەرکی نەبەردی داهاتوو پێشبخەین و پێشمەرگە بن، چونکە دژوارترە و درێژتر لە رابردوو زەحمەتی و شەونخونی گەرەکە.
ئەوی دێ گاڵتە و جەڤەنگ نییە و پشتێن شلی و خەیاڵخاوی قەت دادی نادا، ئەوی دێ جوامێر، مێرخاس و خانمخاسی ئەوپەڕی وزە و ورەی پێویستە. رۆژانی وا لە پێشە وای دەوێ.

خودایە ئەنفال بڕوا نەیەتەوە و ئیقبالی کورد بگەشێتەوە.
ڤیغان بەس بێ و ژیان با بێ. دادمان گوێ لێگراوبێ و بێ دادی تەوەلا بکرێت. هاوارمان هەر هی ناڵینی گەرمیانی داخکراو نەبێ، گازی و بانگەوازی کوردستانی سەرفراز بێت. 
سەرمان لە ناو نەتەوەکان بڵند بێت و جبرانی رابردومان بۆ دابین بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاتێک جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاگر‌بەست نزیکە بگاتە کۆتایی، پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا ئەمە سەرکەوتنە بۆ کام لایەنی جەنگەکە ؟ 
‎لە ڕوانگەیەکی لۆژیکی و سیاسی، زۆرجار کۆتایی جەنگ بە مانای سەرکەوتنی ڕەها نایەت، بەڵکو بە مانای گەیشتن بە ئەو سنوورە دێت کە هەموو لایەنەکانی جەنگەکە زیاتر ناتوانن بەردەوام بن وەک ئەوە لە کۆتایی جەنگەکە بینرا جگە لە ئیسرائیل ، ئەمریکاو ئێران زیاتر مەیلیان بۆ راگرتنی جەنگەکەبوو وەک لەوەی بەردەوام بێت .

‎کێ بەبراوەی ئەم جەنگە دادەنرێت؟

هەرچەندە لە راستیدا قورسە دەستنیشانی ئەوە بکەیت کام لایەن بەبراوەی ئەم جەنگە دادەنرێت چونکە هەریەکەو لە روانگەی بەدیهێنانی بەشێک لە ئامانجەکانی  خۆی بەبراوە دەزانێت ، بەڵام بە هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکان دەگەینە چەند راستیەک کە دەکرێت تا رادەیەک ئەوە دەستنیشان بکەین .

ئەمریکا: ئەگەر ئامانجی سەرەکی بریتی بێت لە کەمکردنەوەی هەڕەشەی ئێران و پاراستنی هاوپەیمانەکانی، کەمکردنەوە و سنوردانان لە بەردەم فراوانبونی هەژمونی ئێران لە ناوچەکە بەتایبە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا کۆتایی هێنان بە جەنگ یان ئاگر‌بەست دەکرێت وەک سەرکەوتنێکی تاکتیکی ببینرێت، بە تایبەتی ئەگەر جەنگەکە نەگاتە قۆناغی فراوانبوون لە داهاتوودا .


ئیسرائیل: ئەگەر بتوانێت هەڕەشەی سەربازی یان موشەکی ئێران کەم بکاتەوە، دەتوانرێت بڵێین بەشێک لە ئامانجەکانی بەدەست هێناوە، بەڵام بە واتا لۆژیکییەکە راگرتنی جەنگەکە بۆ ئیسرائیل بەشکستێکی گەورە دادەنرێت چونکە بەر لە جەنگ ئیسرائیل بانگەشەی کۆتایی هێنانی بە رژێمی ئێرانی دەکرد ،بەڵام ئەمریکا لەگەڵ هەمان دەسەڵاتی ئێران رۆژی هەینی لەسەر مێزی دانوستان لە پاکستان کۆدەبنەوە ئەمە بۆ ئیسرائیل بەواتای گەڕانەوە دێت بۆ خاڵی سفر و جارێکی دیکە رێسەکەی لێبویەوە بە خوری .


ئێران: ئەگەر بەردەوامی سیستەمی سیاسی و سەربازیی خۆی پاراستبێت و بتوانێت نیشانی بدات کە لەبەرامبەر فشارەکان وەستاوەتەوە ، ئەوا دەکرێت بڵێین سەرکەوتنێکی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە، چونکە دژوارترین دۆخ و قۆناغی تێپەڕاندو هێشتا لەسەر پێکانی راوەستاوە، راستە زیانەکانی ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی و سەربازی و لەناوچونی سەرکردە باڵاکانی ئەوەندە زۆرە مەزەندە ناکرێت و بۆ دەیان ساڵی دیکە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ ، بەڵام تەنیا مانەوەی رژێمەکە گەورەترین سەرکەوتنە بۆ ئێران ..

هەر چەندە لە روانگە مرۆییەکەی لە جەنگدا جگە لە کاولکاری و کوشتار هیچ سەرکەوتنێک بوونی نیە ، بەڵام بە هەڵسەنگاندن و ووردبوونەوە بۆ دەرئەنجامەکانی جەنگەکە و ئەوەی روویدا دەتوانین بڵێن ئێران براوەی جەنگەکەیە رژێمەکە نەرووخاوە و ئەمریکا بەرەسمی دانی پێدا دەنێت و بڕیاری داوە دانوستانی لەگەڵ بکات، وا دەردەکەوێت دوای ئەم جەنگە بەتایبەت ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە دانوستان بگەنە رێکەوتن قۆناغ و سەرمێکی نوێ چاوەڕێی ئێران دەکات .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارە چل لەو ژمارانەیە لە زۆربەی كلتوری میللەتاندا بوونێكی جادوویی یان پیرۆز یان ترسناكی هەیە، لە هەموو دەقە دۆزراوە دێرینەكاندا 40 بوونێكی میتافیزیكی هەیە، بە نموونە لافاوەكەی نوح چل رۆژی خایاند، موسا چل رۆژ لە ئەشكەوتی سینا مایەوە، رۆژووی مەسیح چل رۆژە، تەمەنی چل ساڵان هەڕەتی ژیریی و لۆجیكە لە مرۆڤدا، چلەكێشان لە ئاینەكاندا هەبووەو پێغەمبەران چل رۆژ لە خەڵوەتدا ماونەتەوە، مردوو تا چلەی نەچێت پرسە هەڵناگیرێ، چلەی ئیمامی حسێن لەدوای شەهیدبوونی ئێستاش یادی دەكرێتەوە، منداڵ چل هەفتە لە مناڵدانی دایكیدا دەمێنێتەوە، پێغەمبەری ئیسلام لە چل ساڵیدا وەحی بۆ هات..

لە كتێبی هەزار و یەك شەوەدا چیرۆكی عەلی بابا و چل دزەكە هەیە كە هەموان بیستومانە، دیسانەوە باسەکە بوویەوە بە باسی دز و دزیكردن!! جا بۆ نەگبەتی ئەم چیرۆكەی چل دزەكە لە سەدەی 18 دا رۆژهەڵاتناس ئەنتۆن گالان لەسەر كۆپیە عەرەبیەكە زیادی كردبوو، چونكە ئەم چیرۆكانە 1001 شەوی بیری هاوبەشی هیند و فارس و عەرەب دەگێڕنەوە.. وەك نازناوێك لەسەرەتای ئازادکردنی عیراق لە 2003 هاوپەیمانان بە دزەكانیان دەوت Ali Baba، شمەكی كەم و بچكۆلەی فەرمانگە و بارەگا حزبیەكانیان دەدزی، خۆ ئێستا دەبێت بڵێین ععععەلـللللی بابابابا چونكە سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و ئاسمانیش دەدزن، بۆیە ئێستا عەلی باباكان و چل دزەكان زۆر زیادبوون رەنگە 40000دزی گەورە هەبن، تەنھا چل ھەزار!!؟؟؟

جا با بێینەوە سەر سێگۆشە خڕەكەی خۆمان كە ئەمڕۆ ژمارە چلهەمینە، بە سەرنووسەرم وت با لەم ژمارەیەدا رایبگرم و ئەو شوێنە كەسێكی تر پڕی بكاتەوە، ئەوسا منیش هەر لە فەیسبوكی خۆم دووشەممان بڵاوی دەكەمەوە، بەڵام بیرۆكەكەی پێ باش نەبوو، وتی دەبێت بەردەوام بیت، ئێ راست دەكات منیش سەرنوسەر بم كەسێك گۆشەیەكم لە لاپەڕە 4 دا بۆ بنوسێت و یەك دیناریشی نەدەمێ كە هەم شوێنەكەی ستراتیژی نیە و هیچیش پاداشتی نەکەم، بێگومان ناهێڵم واز بهێنێت، راستە من ئێستا بەپرسی ستونی كاغەزم لەناو مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، بەڵام باوەڕ بكەن پاداشتی نووسین ئەگەر چەندە كەمیش بێت یان تەنها یەك دانە لە شینەكان (5000 IQD) بێت، هەستێك لای نووسەر دروست دەكات و پێزانینە، چونكە لەسەدەی 14 و 15 وە كە رۆژنامە لای چینیەکان دامەزراوە بۆ هەر وشەیەك لە نووسین پاداشتێكی رەمزی دانراوە، ئەمە عورف و عادەت و ستانداردێكی جیهانیە، داواكارم سەرنوسەر بیر لە نوسەرانی رۆژنامەكە بكاتەوە، قەینا بە من بڵێن ئەوە چل هەزار دینار بۆ ئەم چل هەفتەیە، دیسان ھاتینەوە سەر چل ھەزارەکە و یەكسەر چل هەزار دزەكە ناویان كەوتەوە ناو ناوان!!!

ئا ئەوە بیرم كەوتەوە، ئەم جەنگەی ئەم دواییەش (ئێران- ئەمریكا-ئیسرائیل) لە كۆی ئەم هەموو ژمارەیەدا رێكەوت نەبوو لە رۆژی چلهەمیندا ئاگر بەستیان راگەیاند، بەدرێژایی ئەم چل رۆژە خەڵكانێك هەبوون دەهۆڵیان بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل دەكوتا و خەڵكانێكی تریش لە روانگەی ئیسلامەتیەوە لایەنگری ئێران بوون، زۆرینەشمان لەبەر زەبری ھەردوولایان مەست و حەیران ببووین، ئێستا ئاگربەست كراو بەدڵنیاییەوە نوێش دەكرێتەوە، بەڵام گەر بە پۆستە كۆنەكانی ئەو خەڵكانەدا بڕۆینەوە هەرچی هینی رەش و سپییە لە جاڕدا دەركەوتوە..

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە جیهانێکدا کە زانیاری وەک باڵندەیەکی خێرا دەفڕێت و هەواڵەکان لە کەمترین ماوەدا دەگەنە ناو ماڵەکان، راگەیاندن بووەتە هێزێکی باڵاتر لە تەنیا گواستنەوەی وشە. ئەمڕۆ، راگەیاندن توانای ئەوەی هەیە رای گشتی دروست بکات، هاوسەنگیی دەسەڵات بگۆڕێت و تەنانەت مێژووش بنووسێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا، دەتوانێت راستییەکان بشێوێنێت و کۆمەڵگە لەناو ئاژاوەی فکریدا تووشی سەرلێشێوان بکات.


لە رووی پێناسەوە، راگەیاندن بریتییە لە گەیاندنی زانیاری بە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە؛ بەڵام لە رووی فەلسەفییەوە، ئەوە پەیوەندییەکی رۆحییە لەنێوان مرۆڤ و راستیدا. مێژووی راگەیاندن لە سەردەمە کۆنەکاندا بە هێما و دەنگ دەستی پێکرد، پاشان بە نووسین و چاپخانە، دواتریش بە رادیۆ و تەلەفزیۆن، تا گەیشتە ئێستا کە لە سەردەمی دیجیتاڵدا لە لوتکەی خێرایی و کاریگەریدایە، بەڵام هەر گەشەیەک، بارێکی قورستری لە بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کە ئەویش «پاراستنی راستی»یە.


دانایان دەڵێن: «ئەگەر راستی تێدا نەبێت، هەواڵ تەنیا فێڵە.» ئەم وتەیە لە سەردەمی ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک راستە؛ چونکە لەنێوان زانیارییە راستەقینەکان و هەواڵە دروستکراوەکاندا، سنوورەکان لێڵ بوون. لە سۆشیال میدیادا، هەر کەس دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هەواڵ، بەبێ ئەوەی پابەندی هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی، یان پیشەیی بێت. ئەمەش راگەیاندنی کردووەتە مەیدانی ململانێی نێوان راستی و چەواشەکاری.


لەناو ئەم مێژووەدا، راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە. لە کاتێکدا کە هیچ ئامرازێکی مۆدێرن لەبەر دەستدا نەبوو، لە دڵی شاخەکانەوە دەنگی راستی هەڵدەچوو. ئەو دەنگە تەنیا هەواڵ نەبوو، بەڵکو تیشکە هیوایەک بوو بۆ گەلێک کە لەژێر فشاری قەیران و ستەمکاریدا دەژیا. لەو سەردەمەدا، راگەیاندن مانای قوربانیدان و خزمەت بوو، نەک تەنیا پیشە. دەزگای راگەیاندنی یەکێتی لە شاخ، شان بەشانی پێشمەرگە خەباتی دەکرد؛ لەوێدا وشە و کڵاشنکۆف یەک ئامانجیان هەبوو کە بەرگرییکردن بوو لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
دوای راپەڕین و ئازادی و گواستنەوەی راگەیاندن بۆ شار و ئاوێتەبوون بە جیهانی تەکنەلۆجیا، راگەیاندنی یەکێتی گەشەی کرد، بەڵام تاقیکردنەوەکانیش گەورەتر بوون. ئێستا لە سەردەمێکداین کە هەواڵ بێ سنوور بڵاودەبێتەوە، بۆیە پێویستە راگەیاندن زیاتر لەهەر کاتێک پابەند بێت بە راستگۆیی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی.


ئەوانەی پێش ئێمە بنەمای ئەم رێگەیەیان دانا، بە هەستێکی بەرزی نیشتمانپەروەری و ویژدانێکی زیندووەوە فێریان کردین کە راگەیاندن پەیامە؛ پەیامی راستی، ئازادیی و خزمەت بە مرۆڤایەتی. ئەگەر ئەم بنەمایانە فەرامۆش بکەین، راگەیاندن دەبێتە ئامرازێکی بێ رۆح و بێ کاریگەری.


ئەمڕۆ یەکێک لە گەورەترین ئەرکەکان بریتییە لە جیاکردنەوەی راستی لەناو ئەو هەموو دەنگە جیاوازانەی کە هەوڵی ئاراستەکردنی رای گشتی دەدەن. راگەیاندن دەبێت ئاوێنەیەکی پاک بێت بۆ نیشاندانی راستییەکان، نەک پەردەیەکی تاریک بۆ شاردنەوەیان. دەبێت هەواڵ ببێتە سەرچاوەی متمانە، نەک ترس و گومان.


دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گۆڕانکاری لە راگەیاندندا بووەتە پێویستییەکی حەتمی. لە جیهانێکی گۆڕاودا، دەبێت راگەیاندنیش خۆی نوێ بکاتەوە؛ ئەمەش بە بەهێزکردنی شەفافییەت، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم و نزیکبوونەوەی زیاتر لە داخوازییەکانی خەڵک. ئەم نوێبوونەوەیە تەنیا لە فۆرم و شێوازدا نییە، بەڵکو دەبێت لە ناوەڕۆک و ویژدانی پیشەییشدا بێت.
لەم قۆناغەدا، راگەیاندن دەبێت دەنگی ئەو توێژانە بێت کە دەنگیان کپکراوە و هیوا لە دڵی هاووڵاتیاندا ببوژێنێتەوە؛ چونکە کوشتنی هیوا، کوشتنی داهاتووی نەتەوەیە.
لە کۆتاییدا، میراتی جەنابی مام جەلال لەم بوارەدا باشترین رێنمایە. ئەو بە حیكمەت و مرۆڤدۆستییەکەی فێری کردین کە وشە دەبێت «پردی پەیوەندی» بێت، نەک ئامرازی دابڕان. رێبازی ئەو پاراستنی متمانەی خەڵک بوو، ئەمەش ئەو بەردی بناغەیەیە کە دەبێت راگەیاندنی مۆدێرنی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستانی لەسەر بنیاد بنرێت. وشەکان تەنیا پیت نین، بەڵکو چارەنووسسازن؛ بۆیە با هەمیشە وشەکانمان لە خزمەت راستی و رووناکییدا بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتی و ئامێدی


لەو کاتانەی وڵاتان بەناو شەپۆلەکانی گۆڕانکاری و قەیراندا تێدەپەڕن، هەندێک رووداو تەنیا وەک "رووداو" نامێننەوە، بەڵکو دەبنە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی. وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەلایەن کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێز (نزار محەمەد سەعید ئامێدی)، یەکێکە لەو وەرچەرخانانە؛ رووداوێکە، کە لە ناخی خۆیدا مانا و رەهەندێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قووڵ هەڵدەگرێت.
ئەم هەڵبژاردنە تەنیا سەرکەوتنی کەسێک نییە، بەڵکو درێژکردنەوەی ئەو رێڕەوە مێژووییەی یەکێتییە کە لەسەر دەست و فیکری (مام جەلال) بونیاد نراوە؛ ئەو رێگەیەی لە بنەڕەتدا بە هێمای متمانە، رێزگرتن و هاوبەشیی نەتەوە و لایەنەکان دەناسرێتەوە. نزار ئامێدی وەک پێنجەمین سەرۆک کۆمار لە دوای رووخاندنی دکتاتۆریەت لە ساڵی (2003)دا، کە لە پشکی یەکێتی-یە و گەنجترینیانە لە رووی تەمەنەوە، بەڵگەیەکی تری زیندوویی و بەردەوامی ئەو قوتابخانە سیاسییەیە کە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
نزار کادرێکی قاڵبووی ناو کایەی تێکۆشانە؛ پیاوێک کە هەناسەی خەباتی کوردستانی لە ناخیدا هەڵگرتووە، بەتایبەت لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 کە خاڵی سەرەتایەکی نوێ بوو لە ژیانی سیاسیی کوردستاندا. ئەو لە قوتابخانەی مام جەلال-دا پەروەردە بووە؛ ئەو قوتابخانەیەی فێری کردین چۆن لەنێوان "هێز و وشە"دا هاوسەنگییەکی دروست بونیاد بنێین.
لە روانگەی ئەدەبییەوە، "نزار" تەنیا ناوێکی پەتی نییە؛ ئەو وەک گوڵێکی گەشی ناوچەی بادینان وایە کە لە ناخیدا رەسەنایەتیی رەوشت و شکۆی ئامێدی ئاوێتە بووە. لە کاتێکدا سیاسەت زۆرجار وەک بوارێکی توند و بێبەزەیی وێنا دەکرێت، ئەو دەیسەلمێنێت کە مرۆڤ دەتوانێت لەناو جەرگەی ئەم توندییەشدا، پارێزگاریی لە پاکی و رووناکیی رەوشتیی خۆی بکات.
لە روانگەی دەوڵەتدارییەوە، سەرۆکایەتی تەنیا پۆستێکی باڵا نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی قووڵە. ئەو کەسەی لەسەر ئەم کورسییە دادەنیشێت، دەبێت ببێتە پردێک لەنێوان رابردوو و ئەمرۆدا ، لەنێوان خەون و واقیعدا. نزار بە ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی لە بواری پەیوەندییەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا، توانای ئەوەی هەیە ئەم پردە بسازێنێت؛ پردێک کە عیراقێکی فرەڕەنگ بەرەو هاوسەنگییەکی راستەقینە ببات.
پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەرکی سەرەکیی سەرۆکایەتی بگاتە ئاستی پاراستنی ئاشتەوایی ناوخۆیی و دابینکردنی سەقامگیرییەکی بەردەوام؛ چونکە هیچ پڕۆژەیەکی نیشتمانی بەبێ ئاشتی بەرهەمدار نابێت. هەروەها لەنێوان هەولێر و بەغدادا، کێشەکان تەنیا سیاسی نین، بەڵکو پەیوەستن بە پرسی متمانە و هاوبەشیی دەسەڵاتەوە؛ ئەمەش پێویستی بە ژیری و دیدێکی فراوان هەیە. لەهەمان کاتدا، عیراق لە ناوچەیەکی پڕکێشە و ئاڵۆزدایە؛ ناوچەیەک کە ململانێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێیدا چڕ بووەتەوە، بۆیە سەرۆکایەتییەکی سەرکەوتوو ئەوەیە کە بتوانێت وڵات لەو گەردەلوولە ئاگریینە دووربخاتەوە و رێگەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر، تا عیراق ببێتە پردی ئاشتی نەک مەیدانی جەنگ. لە دیدی دەوڵەتداریی بەرزدا، گەورەترین سەرکەوتن ئەوەیە کە رێگری لە شەڕ بکەیت، نەک تەنیا تێیدا سەرکەوتوو بیت.
من وەک لێپرسراوێک کە بۆ ماوەیەک لە ناوچەی بادینان لەگەڵ کاک نزار و ژمارەیەک کادری رەسەنی یەکێتیی نشتیمانی پێکەوە کارمان کردووە، دەزانم ئەم پیاوە تەنیا ناوێکی سیاسی نییە، بەڵکو هەست و بیر و رۆحێکی خاوەن رێبازە. یادگارییەکانی ئەو ماوەیە لە دڵ و دەروونمدا وەک چرایەکی بێکوژانە دەدرەوشێنەوە.
هەڤاڵ نزار هەمیشە جێی متمانەی (مام جەلال) و (هێرۆ خان) بوو؛ ئەمەش تەنیا ستایشێکی فەرمی نییە، بەڵکو بەڵگەی پاکی و بەهێزیی کاراکتەری ئەوە. لەکاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا، وەک ئەندامێکی لێهاتووی مەکتەبی سیاسی، هەمیشە هەڵوێستەکانی بە روونی و بوێری دەرخستووە.
لە کۆتاییدا، ئەم رووداوە دەبێت وەک سەرەتایەکی نوێ بخوێنرێتەوە، نەک تەنیا بۆ یەکێتی، بەڵکو بۆ هەموو عیراق؛ چونکە وڵاتان تەنیا بە پۆستەکان ناگەنە ئاسۆی رووناک، بەڵکو بە مرۆڤەکان دەگەن. کاتێک مرۆڤێکی وەک نزار ئامێدی بەو مێژوو و ئەزموون و پاکییەوە دەگاتە ئاستی سەرۆکایەتی، "ئومێد" دەبێتە واقیعێکی زیندوو، نەک تەنیا وشەیەک.
ئەمڕۆ لەنێوان چیای گارەی خۆڕاگر و دڵی خەڵکی عیراقدا، ناوێک دەنگ دەداتەوە، ناوی پیاوێک کە دەتوانێت سەرۆک بێت؛ نەک تەنیا بە پۆست، بەڵکو بە مانای وشە سەرۆک کۆمار بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە جیهانێکدا کە هێز تەنیا بە تانک و فڕۆکە ناپێورێت، وشەکان بوونەتە جۆرێکی تر لە چەک؛ چەکێکی بێدەنگ کە دەتوانێت شەڕ هەڵگیرسێنێت و لە هەمان کاتدا ڕێگریشی لێ بکات. گفتوگۆ، بەتایبەتی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا، تەنیا ڕێگەیەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی تری ملمەلانێی هێز و ئیرادەیە.
لە فەلسەفەی کۆندا، گفتوگۆ وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ڕاستی دەبینرا؛ دیالۆگ لە مێژووی بیرکردنەوەدا هەمیشە بە مانای پێکدادانی بیرۆکەکان و خولقاندنی تێگەیشتن بووە. بەڵام لە سیاسەتی هاوچەرخدا، گفتوگۆ زۆرجار خراوەتە خزمەت بەرژەوەندییەکانەوە؛ نە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، بەڵکو بۆ چەسپاندنی دەسەڵات. لەم نێوەندەدا، گفتوگۆ دەبێتە "شەڕێکی ئارام" کە تێیدا وشەکان جێگەی گوللە دەگرنەوە.
دیالۆگی سیاسی بێ کەرەستە نابێت. هێزی سەربازی، فشارە ئابوورییەکان، هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان و وێنەسازیی میدیایی، هەموویان بەشدارن لە شێوەدان بە ئەنجامی هەر گفتوگۆیەک. ئەمریکا وەک هێزێکی جیهانی، خاوەنی ستراتیژێکی ڕوونە: "پێشخستنی فشار، پێش دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان". لە بەرامبەردا، ئێران بە مێژوویەکی درێژ لە "سەبری ستراتیژی" ناسراوە؛ ئەوان وا دەردەکەون کە ئەگەر لە مەیدانی شەڕیشدا بدۆڕێن، لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵی گەڕاندنەوەی دەستکەوتەکانیان دەدەن.
مێژوو سەلماندوویەتی کە گفتوگۆ دەتوانێت کلیلی چارەسەری ئاڵۆزترین ملمەلانێکان بێت. لە سەردەمی میکائیل گۆرباتشۆفدا، دیالۆگی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت ڕێگەی خۆشکرد بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی سارد؛ ئەو ملمەلانێیەی کە ساڵانێکی درێژ جیهانی دابەش کردبوو. هەروەها دوای شەڕی کوێت، لە "خەیمەی سەفوان"دا، وشەکان بوونە ئەو هێزەی کە خاڵی کۆتاییان بۆ جەنگ دانا.
پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران خاوەن تایبەتمەندییەکی ئاڵۆزە. دوای شۆڕشی ١٩٧٩، ئەم پەیوەندییە گۆڕا بۆ دوژمنایەتییەکی قووڵ کە هەمیشە لە نێوان شەڕ و گفتوگۆدا لە هاتوچۆدایە. لە ڕووە ئاشکراکەیدا سزادان و هەڕەشەی سەربازی هەیە، بەڵام لە پەنای ئەوەشدا، هەمیشە جۆرێک لە گفتوگۆی سێبەر و ناڕاستەوخۆ بوونی هەبووە.
تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە دەرکەوت. ئەم ڕووداوە تەنیا کاردانەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بوو کە تەرازوی هێزی ناوچەیی هەژاند. لە دوای ئەو قۆناغە، تاران هەوڵیداوە بە ستراتیژێکی نوێ هاوکێشەکان بگۆڕێت و کاریگەرییەکانی فراوانتر بکات.
لەم هاوکێشەیەدا هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی تریش بێدەنگ نین؛ ئیسرائیل بەردەوام لە هەوڵی ڕێگریکردندایە لە هەر ڕێککەوتنێک کە ببێتە مایەی بەهێزبوونی ئێران. ناتۆ وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا چاوەڕوانی دەستکەوتە، لە کاتێکدا چین و ڕووسیا هەوڵدەدەن هاوسەنگییەکی نوێ لە بەرامبەر سیستەمی یەک جەمسەریی ئەمریکادا دروست بکەن.
لێرەدا کارەکتەری سەرۆکەکانی ئەمریکاش ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت. لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، سیاسەتی "فشاری زۆرینە" بە توندترین شێوە پەیڕەو کرا؛ فشارێک کە ئامانجەکەی بردنەوە بوو لە شەڕدا، بەڵام هاوکات دەرگای گفتوگۆشی بە تەواوی دانەدەخست.
لە ساتەوەختە هەرە مەترسیدارەکاندا، گفتوگۆ دەبێتە ئەو سنوورە باریکەی نێوان ئاشتی و شەڕ. وشەکان دەتوانن ئاگری جەنگ بکوژێننەوە، یان پشکۆی کێشەکان گەشتر بکەن. لێرەدا فەلسەفەی گفتوگۆ ڕوون دەبێتەوە: ئایا گفتوگۆ بۆ تێگەیشتنی یەکترییە، یان تەنیا ئامرازێکە بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرامبەردا؟
لە کۆتاییدا، گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران وەک "شەڕێکی بێدەنگ" دەمێنێتەوە کە لە ناو وشە و دێڕەکاندا دەگوزەرێت. ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، ناوچەکە دەچێتە قۆناغی ئارامییەکی کاتییەوە، بەڵام شکستی ئەم دیالۆگە، دەرگا بۆ شەڕێکی فراوانتر دەکاتەوە کە کەس ناتوانێت لێی دەرباز بێت.
ئەوەی ڕوونە، جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە گفتوگۆیە، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی کە لە پشتەوەی هێز و ئیرادەوە دێت؛ ئەوەی تەنیا بە وشە نانووسرێتەوە، بەڵکو ستراتیژ دایدەڕێژێت. مرۆڤایەتی هێشتا لە نێوان دوو بژاردەدا وەستاوە: گفتوگۆ وەک ڕێگای ڕزگاربوون، یان وەک شێوازێکی تری جەنگ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کوردستان...
هەناسەیەکە لە سینەی ئاسمان،
رووبارەکانی بە ئارامی دەڕۆن،
بەڵام...لە بنیاندا،
هەزاران خەونی قووڵ دەژین.
جوگرافیا بۆ هەندێک نەتەوە باوەشێکی گەرمە، بەڵام بۆ کورد زیندانێکی تاشەبەردینەیە کە دیوارەکانی بە خوێن و مێژووەکەی بە غەدر نەخشێنراوە. دەگوترێت "جوگرافیا قەدەرە"، بەڵام کاتێک ئەم قەدەرە دەبێتە پردی پەڕینەوەی ئیمپراتۆریەتەکان، نەتەوەیەک دەبێتە قوربانیی شوێن و باجی مانەوەی خۆی دەدات؛ مێژوویەک لە غەدر و جوگرافیایەک لە ئاگر بوو بە نەسیبی ئێمەی کورد.
مێژووی ئێمە، مێژووی شکانی قەڵەمەکانە لەبەردەم شمشێر و خەنجەردا. هەر لەو رۆژەوەی شەرەفخانی بەدلیسی لە "شەرەفنامە"دا ئازارەکانی کوردی وەک ئاوێنەیەک نیشانداین، تێگەیشتین کە ئەم نیشتمانە لەنێوان دوو بەرداشی گەورەدا (عوسمانی و سەفەوی) دەهاڕدرێت. شەڕی چاڵدێران (1514) تەنها جەنگێکی مەزهەبی نەبوو، بەڵکو یەکەم چەقۆ بوو کە جەستەی کوردستانی کرد بە دوو کەرتەوە. ئەوە ساتێک بوو کە مێژوو بە دەستی هێز نووسرا، نەک بە دەستی دادپەروەریی؛ سەرکەوتنێکی سەربازی و شکستێکی مرۆڤایەتی بوو.
ئەم غەدرە لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیشدا دووبارە بووەوە؛ کاتێک نەخشەی جیهان بە جەستەی ئێمە کێشرا و "کوردستان" بوو بە قوربانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمە تەنها دەردی ئێمە نییە؛ مێژوو دەمانبات بۆ لای پۆڵەندا لە ئەوروپا، کە چۆن لەنێوان رووسیا و ئەڵمانیادا بوو بە قوربانی، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە کورد هێشتا لەناو ئەم "بازنەی غەدرە"دا دەخولێتەوە.
دوای شۆڕشەکانی کوردستان و سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ و راماڵینی دوژمن لە راپەڕینی بەهاری ساڵی (1991)، قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست بوو. دواتریش رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە ساڵی (2003) و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ساڵی (2005)، کە تێیدا لە ماددەی (140)دا رێگای چارەسەرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەستنیشان کراوە. بەداخەوە تا ئێستا ئەم ماددە دەستوورییە پشتگوێخراوە و وەک وادەیەکی دواخراو ماوەتەوە. بەهۆی تێکچوونی تەرازووی هێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو عیراق، جێبەجێکردنی گرانبووە و ئەو ناوچانە بوونەتە مەیدانی ناکۆکی. لێرەدا، سیاسەتی ئەقڵانی و یەکدەنگی پێویستترین شتە؛ ئەوەی یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنەکان دەبێت لەسەری کۆببنەوە، نەک بۆ دەسەڵات، بەڵکو بۆ پاراستنی ماف و داهاتووی هەرێمەکەمان.
ئەمڕۆ، غەدری مێژوو لە چوارچێوەی جێبەجێنەکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عیراقدا خۆی دەبێنێتەوە. ناوچە دابڕێنراوەکان، ئەو خاکەی کە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە، بووەتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و ئیداری. ئەمە تەنها کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بەردەوامیی هەمان ئەو باجە جوگرافییەیە کە کوردستانی کردووەتە چەقی ململانێ ناوچەییەکان.
لەبەردەم ئەم هەموو تەم و مژەدا، پێویستمان بە سیاسەتێکی ئەقڵانی و یەکدەنگیی نیشتمانی هەیە. رکابەریی نێوان جەمسەرە سیاسییەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە، نابێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بنەما نەتەوەییەکان. یەکڕیزی تەنها دروشم نییە، بەڵکو پێویستییەکی مان و نەمانە. وەک چۆن سەرکردە داناکان دەڵێن: "ئەو نەتەوەیەی لەناوخۆیدا پارچەپارچە بێت، جوگرافیا وەک نێچیرێکی ئاسان پێشکەشی مێژووی دەکات."
ئێمە قەرزاری ئەو سوارچاکانەین کە گیانی خۆیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەم خاکە. ئەمانەتی شەهیدان تەنها پاراستنی سنوور نییە، بەڵکو پاراستنی شکۆی ئەو مرۆڤەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژی. رابردوومان پڕە لە شکست و غەدر، بەڵام ئایندەمان دەبێت بە ئەقڵ و یەکڕیزی بنەخشێنین.
پێویستە کورد لە "قوربانیی جوگرافیا"وە ببێتە "بزوێنەری مێژوو". خەونەکانمان نابێت لە سنووری خەیاڵدا بمێننەوە. ئەگەر دوێنێ جوگرافیا باجی لێ سەندین، دەبێت سبەی بە هێزی ئەقڵ و یەکگرتوویی، جوگرافیا ناچار بکەین شکۆمان بۆ بگەڕێنێتەوە. مێژوو تەنها بۆ ئەوانەیە کە یەکدەنگن، وەک چۆن فەیلەسوفەکان دەڵێن: "هێز لە یەکبووندایە، وەک چۆن رووناکیی لە یەکگرتنی تیشکەکاندایە."
مێژوو ئەگەرچی پڕە لە غەدر، بەڵام هێشتا دەرفەتی نوێ ماوە. کوردستان دەتوانێت لە باجی جوگرافیاوە بگۆڕێت بۆ هێزی جوگرافیا؛ ئەگەر دەنگەکان یەک بگرن و هەڵوێستەکان یەکبن، ئاسۆ روون دەبێت و سەرکەوتن نزیک. بە یەکگرتوویی و بڕیارێکی ئەقڵانی، هەرێمی کوردستان دەپارێزرێت. لەنێوان رابردوو و ئایندەدا، دەبێت بڕیار بدەین: ئایا بەردەوام بین لە ژیانی ناو غەدر، یان دروستکردنی مێژوویەکی بێ غەدر؟
با لە کۆتاییدا لە یادمان بێت، ئەگەرچی مێژوو غەدری لێ کردووین، بەڵام وەک شاعیری گەورەی ئینگلیز، ویلیام ئێرنست هێنلی دەڵێت: "من خۆم سەروەری قەدەری خۆمم"؛ ئەم دێرە شیعرە بوو بە ئیلهامبەخشی نیڵسۆن ماندێلا لە زینداندا. ئێمە دەتوانین بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، لاپەڕە وێرانەکانی رابردوو دابخەین و وەک پیرەمێردی نەمریش دەڵێت: بە یەکدەنگی مافە رەواکانمان لەناو ئەم خاک و خۆڵەدا بپارێزین و مێژوویەکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوو بنەخشێنین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...34567...25