ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، شاخوێنبهری ووزهی جیهان
لە جیهانی هاوچەرخی پڕململانێدا، ئابووری وەک بزوێنەرێکی سەرەکی ئاڕاستەی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکات. لەم بارودۆخه ئاڵۆزەدا، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها جوگرافیایەکی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو سەنتەری هاوسەنگیی دارایی و بازرگانیی جیهانییه. هەر جۆرە تهنگهژهو قهیرانێك لەم ناوچەیەدا، هەوێنی قەیرانێکی گهورهیه لە بازاڕەکانی وزە لە ئەوروپا، كارگهكانی بەرهەمهێنان لە ئاسیا و بۆرسەکان لهئەمریکا.
گرنگیی ئەم ناوچەیە لە سێ رەهەندی سەرەکیی ستراتیژیدا کورت دەبێتەوە:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک گەورەترین كۆگای وزەی جیهان ئهژماردهكرێت. بەپێی نوێترین داتا ئابوورییەکان، ئەم ناوچەیە خاوەنی نزیکەی 48%ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوت و 40%ی یەدەگی گازی سروشتییە لە جیهاندا. بەرهەمهێنانی 41%ی کۆی نەوتی جیهان لەم ناوچەیەدایه، ههموو ئهمانه وای کردووە کە هەر جۆرە پچڕانێک یان ناسەقامگیرییەک لە دابینکردنی وزەدا، ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و هەڵاوسانی نرخەکان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمە دەریدەخات کە ئەم ناوچەیە وەک دڵ و بزوێنەری پیشەسازیی جیهانی کاردەکات، بۆ نمونه بههۆی شهڕی ئێران_ ئهمریكاو ئیسرائیلهوه، نرخی نهوت بهرزبوویهوه بۆ 120 دۆلار بۆ ههر بهرمیلێك، پاشان بههۆی خستنهڕووی نهوتی كۆگاكانهوه، نرخی نهوت دابهزی بۆ نزیكهی 84 بۆ92 دۆلار بۆ ههربهرمیلێك، ئهمه لهكاتێكدا عێراق، بهرههمھێنانی نهوتی بهڕیژهی 60%ی كهمكردووهتهوه و ناتوانێت نهوتهكهی ههنارده بكات، ههر بۆیه بهغدا داوای كردووه، نزیكهی 100ههزار بهرمیلی ڕۆژانهی كێڵگهكانی كهركوك، لهڕێگای بۆری ههرێمی كوردستانهوه ڕهوانهی بهندهری جیهانی توركی بكات، وادیاره تائێستا ڕێكهوتن نهكراوه.
لهههمانكاتدا نرخی گازی سرۆشتی بهڕێژهی 15-20% بهرزبووهتهوه بهتایبهت لهبازاڕهكانی ئهوروپا، چونكه ئهوروپییهكان لهئێستادا گازی ڕووسییان كهمتر پێدهگات، زیاتر پشت به گازی قهتهر دهبهستن.
جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک "پردی پەیوەندی" نێوان سێ کیشوەرە گرنگەکە (ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقا) کاردەکات. دوو خاڵی ستراتیژی لێرەدا هەن کە چارەنووسی بازرگانیی جیهانییان لەسەر وەستاوە:
· گهرووی هورمز: گرنگترین ڕێڕەوی دەریاییە کە ڕۆژانە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت (واتە 20%ی بەکاربردنی جیهانی). ههروهها گازی قهتهریش ههر بهم گهرووهدا تێدهپهڕیت.
· کەناڵی سوێس: کە نزیکەی 12%ی کۆی بازرگانیی جیهان و 30%ی هاتوچۆی کانتێنەرەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەر ئاڵۆزییەکی ئەمنی لەم ڕێڕهوانهدا، تێچوونی دڵنیایی و گواستنەوە بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەکاتەوە و زنجیرەی دابینکردنی کاڵا پەک دەخات.
لە دەرەنجامی ساڵانێکی زۆر لە هەناردەکردنی وزە(نهوت وگاز) وڵاتانی ناوچەکە (بەتایبەت وڵاتانی کەنداو) بوونەتە خاوەنی گەورەترین سندوقی وەبەرهێنان لە جیهاندا. کۆی سەرمایەی ئەم سندوقانە لە 4 تریلیۆن دۆلار تێپەڕ دەبێت. ئەم هێزە داراییە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا، بانکە نێودەوڵەتییەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەمەش وای کردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی "نەختینە" بۆ سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.
گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئابووریی جیهان، تەنها لە "هەبوونی سامان"دا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەم ناوچەیە سەنتەری هاوسەنگییە. هەر بۆیە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی ئهم ناوچهیه، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی دارایی جیهانی. پەرەپێدانی ژێرخانە ئابوورییەکان و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان لەم ناوچەیەدا، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە و کلیلی گەشەی ئابوورییە لە داهاتوودا.
لە کاتێکدا دەنگی تەپڵ و زهنگی شەڕ لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لهلایهك، تاران و هێزهكانی سهر به تاران وهك حیزبوڵای لوبنان و بهشێك لههێزهكانی حهشدی شهعبی لهلایهكی ترهوه، بەرز دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبینێتەوە. ئێمە وڵاتێکین کە سفرەکانمان بە شمهك و کاڵای وڵاتانی دەوروبەر دەڕازێتەوە و ئاسایشی خۆراکمان بەستراوەتەوە بە ئارامیی مهرزو سنورهكانهوه. پرسیارە سهرهكییهكه ئەوەیە: ئەگەر سنوورەکان بەهۆی شەڕەوە داخران، هەرێم چەندە بەرگەی ئەم بارودۆخه دەگرێت؟
مەترسییەکە لێرەدا تەنیا دەنگی تەقینەوە نییە، بەڵکو تێکچوونی ئەو زنجیرەی دابینکردنەیە کە بژێوی نزیكهی شهش ملیۆن کەسی پێوە بەستراوەتەوە. کاتێک ئابوورییەک زیاتر لە 90%ی پێداویستییەکانی لە دەرەوە هاورده بکرێت، ئەوا ئاسایشی نەتەوەییەکەی لە گیرفانی خەڵکانی تر و لە پشت سنوورەکاندایە.
ڕاسته كۆماری ئیسلامی ئێران، لهرێگهی سێ مهرزی سهرهكییهوه( حاجی ئۆمهران، باشماخ، پهروێزخان) چهند مهرزێكی تری لاوهكییهوه، نزیكهی 30%ی پێداویستی ههرێم دابین دهكات، بهڵام بارودۆخهكه ئهوهیه كهشهڕه، شهڕیش ڕهههندی زۆری ههیه، گرنگترینیان ڕهههندی ئابوورییه.
بههۆی سیاسهتی ههڵهی زیاتر له30 ساڵی حكومهتی ههرێم و سیاسییهكانهوه، خاڵی هەرە لاوازی هەرێم ئەوەیە کە 'بەرهەمهێنان' کراوەتە قوربانیی 'هاوردەکردن'. لە هەر كاتێك شهڕ لهناوچهكه پەرە بستێنێت، بازاڕی ئێمە تووشی لەرزە دەبێت. چونکە ئێمە تەنیا کاڵا هاوردە ناکەین، بەڵکو 'قەیرانیش' هاوردە دەکەین. پشتبەستنی ڕەها بە دەروازە سنوورییەکان وەک تاکە شادەماری ژیان، وای کردووە کە نانی هاوڵاتی ههرێم، ببێتە بارمتەی بارودۆخی سیاسی وڵاتانی دراوسێ. ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەبێت دەسەڵاتی سیاسی و ئابوریی هەرێم لێی تێبگەن: وڵاتێک نەتوانێت نانی خۆی بەرهەم بهێنێت، ناتوانێت بڕیاری سەربەخۆی خۆی بپارێزێت.
ئهمه لهكاتێكدا، ههرێم خاوهنی باشترین زهوی كشتوكاڵی و ئاووههوای گونجاو و بڕی بارانبرینی باشی ههیه، ههروهها دهستی كاری كشتوكاڵی و جوتیاری نمونهیی ههیه، تهنها ئهوهی گرنگه بریاره ستراتیژییهكهیه، كهئیتر بهس بێت هاوردهكردن و كاتی بهرههمی ناوخۆییه.
پێویستە ئەم قەیرانە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئابووری، لە پشتبەستن بە هاوردەوە بۆ بوژاندنەوەی ناوخۆ.
ئامارەکان ڕاستییەکی تاڵمان پێ دەڵێن؛ کاتێک ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار لە سەرمایەی ئەم نیشتمانە بۆ کڕینی سادەترین پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە ئابوورییەکی 'بێبەرگریمان' هەیە. پشتبەستنی 90% بە هاوردەکردن تەنها ژمارە نییە، بەڵکو هێڵێکی مەترسیدارە. لە کاتی هەر پێکدادانێکی سەربازی لە ناوچەکەدا، تەنها بەستنی مەرزەکان بەسە بۆ ئەوەی بازاڕی هەرێم تووشی قهیرانێكی گەورە بێت، ئهوهش لهئێستادا بهچاوی خۆمان دهیبینین، بههۆی شهڕهوه تهنانهت نرخی سهوزهكانیش بهرزبوونهتهوه!
سهرهڕای ههموو بارگرانییهكان لهسهر حكومهتی ههرێم، زۆر گرنگهو پێویسته ههموو ههوڵێك بۆ ئهم دوو كهرتهگرنگهی ئابوری ههرێم ببێت.
یهكهم: پشتگیریی کەرتی کشتوکاڵی: بهههموو سێكتهرهكانییهوه (بهرومبومی دانهوێڵهو ئاژهڵداری، هتد) کەمکردنەوەی ڕسومات لەسەر جوتیارانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ جێگەی هاوردە بگرێتەوە. ههروهها ههموو ئاسانكارییهك بكرێت لهپێدانی بنهتۆو دهرمانی قڕكردنی مێرووه زیانبهخشهكان و پاشان ئاسانكاری له بهبازاڕكردنی بهرههمهخۆماڵییهكان بهئاسانترین و كهمترین تێچوون بگاته دهستی بهكاربهران.
دووهم: هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردهكردن: کارکردن بۆ هێنانی کاڵا و شمهك لە وڵاتانی تر وهك (ئوردن، توركیا، میسر، یان سعودیە) لە ڕێگەی عێراقەوە، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە یەک یان دوو مەرزی بازرگانی نەبەسترێت.
بههیوای ئهوهی پریشكی ئهم جهنگه زۆر كاریگهری نهبێت لهسهر ههرێمی كوردستان بهگشتی و لایهنی ئابوری بهتایبهتی، هیواخوازین، ئهم قهیرانه ببێته هۆی ههستانهوهی ئابوری ههرێم بهگشتی و كهرتی كشتوكاڵ بهتایبهتی.
لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ؛
لە چایخانەیەکی خانەقینەوە بۆ وانەیەکی سیاسی
لە کاتێکدا ناوچەکە و کوردستان و عێراق بە ئاڵۆزییەکی قووڵی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیدا تێدەپەڕێت، گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەکان تەنیا هەستیارکردنی مێژوو نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی وانەیەک کە بتوانێت رێگامان نیشان بدات. هەندێک جار ئەم وانەیە لە زانکۆ و پەیمانگە و کۆنفرانسەکانەوە پەیدا نابن، بەڵکوو لە چایخانەیەکی گەرموگوڕ، یان لە جەرگەی شارێکی سنووریی کوردستاندا سەرهەڵدەدەن.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە چایخانەی حەسەنە شەل لە خانەقین، ژیان بە سادەیی خۆی دەڕۆیشت؛ بۆنی چایی و تووتن، دەنگی تەختە و پیاڵە و گفتوگۆی نیوان دوو پیاوی دنیا دیدە کە هەر یەکەیان دنیایەکی تایبەت بە خۆی هەبوو. لەو رۆژانەدا، کلای عەلی خانی قسە خۆش و دانسقە و مەشەی داودی باوکی سێ شەهیدی دەستی نازم گزازی خوێنرێژ، دانیشتبوون و باسی شەڕفرۆشیی ئەبو هانی، پیاوی ئەمنییان دەکرد. کلای عەلی خان بە فسکەیەک وتی: «بە سیاسەت دەتوانین لە بەڵای ئەبو هانی خۆمان لابدەین.»
مەشەی داود بە سادەیی وەڵامی دایەوە: «من لە سیاسەت نازانم.»، کلای عەلی خان وتی: «لەگەڵ شەڕفرۆش شەڕمەکە. هەموو کارێک بە تەکبیر و دانایی، لە کات و شوێنی خۆیدا بکە… تەقدیری مەوقف، بزانە.» تەقدیری مەوقف لە ناو دەنگی پیاڵە و ژێرپیاڵە و بۆنی چایی و دووکەڵی جگەرەدا هاتەئاراوە، بەڵام لە ناو مێشک و هۆشمدا تا ئەمڕۆ جێگیر بووە. «تەقدیری مەوقف» بەواتای لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ، واتاکەی سادە بوو: هەموو راستییەک دەبێت لە کاتی خۆیدا بوترێت، هەموو هەنگاوێک دەبێت لە شوێنی خۆیدا بنرێت. سیاسەت تەنیا بڕیار و دروشم نییە؛ سیاسەت زانینی کات و شوێن و هاوسەنگیی هێزە.
بۆ زانیاریتان لە دەڤەری گەرمەسێر، ئەوەی بچێت بۆ کەربەلا و نەجەف پێی دەڵێن (کەلای)، ئەوەش کە بچێت بۆ مەشهەد پێی دەوترێت (مەشەی)، (حاجی)یش دیارە کێیە.
دوێنێ شەو لە خەونمدا مولازم عومەر عەبدوڵا-م بینی، لە شارباژێر لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دێرین لە سەیران بووین. خەوەکان زۆرجار دەرگایەکی کراوەن بەسەر رابردوو دا. لە خەونەکەمدا، مولازم عومەر بە هەمان خەندەی جوان و چاوانی پڕ لە خۆشەویستی، لەسەر بەردێک دانیشتبوو، قسەی بۆ دەکردین. بەڕاستی لە ناو شۆڕش و مەجلیس و قۆناغە هەستیارەکاندا، ئەو هەمیشە پیاوێکی خۆشمەعشەر و رەفیقدۆست و خاوەنهەست بوو.
ئۆقرەم نەگرت، بۆ بەیانی لەکاتی پێشنیوەڕۆدا تەلەفەنم بۆ کرد، لە ئەحواڵیم پرسی و باسی خەونەکەم بۆ کرد و پرسیاری حیکایەتەکەی رەوانشاد فوئاد عارف-م لێکرد، بەسوپاسەوە جارێکی دیکە بۆیگێڕامەوە، لە گفوگۆکەمانەوە زانیم شوکور تەندروستی باشە و دەنگی زووڵاڵە.
ساڵی 1985، لە سەردەمی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، زۆر کەس پێیان وابوو توندوتیژیی چارەسەرە، بەڵام مولازم عومەر و هەندێک هاورێی تر، برای بەرژەوەندیی گشتی بوون. ئەگەر لەو کاتەدا هەموومان بە هێمنی و بە هەستکردن بە لێپرسراوەتی بڕیارمان بدایە، ئێستا نە دابرانەکە بەم شێوەیە دەبوو، نە یەکێتییەکەشمان. گەورەترین ئازایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت لە کاتی قەیران و ناکۆکیدا بە هێمنی و دووربینی بڕیاربدات.
لەیەکێک لە دانیشتنەکاندا، مولازم عومەر باسی وریایی و وردیی فوئاد عارفی بۆ کردین. کاک فؤاد پیاوێکی سیاسیی کورد بوو کە لە چەندین سەردەمی جیاوازدا توانای پاراستنی پێگەی خۆی هەبوو؛ بە سازش نا، بەڵکوو بە زانینی کات و شوێن و بارودۆخ. لە سەردەمی پاشایەتی و شۆڕشی 14ی تەمموز، دوای عبدولکەریم قاسم، تەنانەت لە سەردەمی سەدامدا، ئەو بە دروستی هەستی بە ئاڵوگۆڕی قۆناغەکان دەکرد. کاتێکیش مولازم عومەر پرسیاری لێ دەکات، چۆن ئەم هەموو گۆڕانکارییانەی بەسەر خۆیدا تێپەڕاندووە.؟ لە وەڵامدا وتبووی: «بەردەوام تەقدیری مەوقف، دەزانی.»
ئەمڕۆکە هەرێمی کوردستان لە بەردەم فشارە ئابوورییەکان، ناکۆکییە سیاسییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکاندا وەستاوە، هەمان وانە دووبارە دەبێتەوە. پەیوەندییە ناوخۆییەکان و پەیوەندی لەگەڵ بەغداد هەستیارن. عیراق خۆی لەناو ململانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەسوڕێتەوە و هەمیشە مەترسی دەرەوەی لەسەرە. لە ناوخۆشدا، نەبوونی یەکدەنگیی و بێ متمانەیی دەتوانێت زیاتر لە هەر هێزێکی دەرەوە زیانمان پێ بگەیەنێت.
مەترسییەکانی ئەم قۆناغە دوو جۆرن، یەکەم: هەڵوێستی توند و بڕیاری خێرا کە لە هەستەوە سەرچاوە دەگرێت؛ دووەم: سازشی بێ بنەما، یان بێدەنگیی. تەقدیری مەوقف واتا هاوسەنگیی نێوان ئەم دووانە؛ بزانیت چ کاتێک پێویستە بجووڵێیت و چ کاتێکیش پێویستە رابوەستیت.
چایخانەیەکی بچووک لە خانەقین، فەلسەفەیەکی گەورەی لێوە سەرچاوەی گرت: سیاسەت تەنیا مەیدانی دروشم و هەست نییە؛ مەیدانی بیرکردنەوە و ئەندیشە و پێشبینییە. ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بتوانن لەم قۆناغەدا بە حیکمەت و یەکریزیی و یەکدەنگی هەنگاو بنەن، دەتوانن گۆڕانکارییەکان بکەن بە دەرفەت، بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخ (تەقدیری مەوقف) لەدەست بدەن، دەرفەتەکان دەبن بە مەترسی.
لە کۆتاییدا دەڵێین: ئازایەتی گرنگە، بەڵام دانایی و زانایی گرنگترن. ئەوەی داهاتوو دروست دەکات بەتەنیا هێز نییە؛بەڵکو زانینی کات و شوێنە. فەلسەفەکە سادەیە، بەڵام قووڵە: (تەقدیری مەوقف) بزانە، پاشان هەنگاوبنێ.
شوناسی نەتەوەی لەنێوان نەوەی نوێ و خەباتی پێشوو
خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی ـ سیاسی
شوناسی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەکانی پاش-خەباتدا خۆی لەنێوان(شوناسی پاراستن و شوناسی گۆڕان) دەبینێتەوە یەکەم، شوناس خۆی لە پاراستنی میرات و بیرەوەریی خەبات دەبینێتەوە .
دووەم - شوناس پشت دەبەستێت بە توانای دروستکردنی داهاتوو و دامەزراندنی سیستەمێکی کارامە. ئەم دوو تێگەیشتنە تەنها جیاوازییەکی تەمەنی نییە، بەڵکو جیاوازییە لە شێوازی بیرکردنەوە، ئامانج و شێوازی خەباتکردن.
لە زۆربەی مێژووی کۆمەڵگەکاندا، نەوەی پێشوو خەباتیان بۆ ئازادی وناسنامە و مانەوەی مافە بنەڕەتییەکان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، شوناس بەواتایی قوربانی و بەرگریكردن دێت. نەتەوە وەک یادی هاوبەش و میراتێکی پیرۆز دەبینرێت کە دەبێت بپارێزرێت. ئەم گێڕانەوەیە هێزێکی هەستیار و یەکگرتوو دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی هێمایی بۆ بەدەستهێنانی باوەڕی سیاسی.
بەڵام گۆڕانکارییە جیهانییەکان و گەشەی تەکنەلۆژیا شێوازی تێگەیشتن لە شوناسی گۆڕیوە. نەوەی نوێ شوناس بە ئەنجام و کارامەیی دەبەستێتەوە. بۆ ئەم نەوەیە، شوناس بە مانای بەرقەراربوونی دادپەروەری، یەکسانی و هاودەرفەتی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەو بنبڕكردنی جیاوازییەكان دێت. خەباتی ئەم نەوەیە زیاتر مەدەنی و رەخنەییە؛ داوای شەفافێتی دامەزراوەکان و گۆڕانکاری لە داب و نەریت و کلتور بە پێی پێداویستییەکانی سەردەم دەكات، نەتەوە لە چوارچێوەی ئەم تێڕوانینەدا، پاراستنی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو دامەزراندنی داهاتوویەکە لەسەر بنەمای یادەوەری هاوبەشە بنیاد بنرێت.
کێشە لەو کاتەدا سەرهەڵدەدات کە شوناسی پاراستن ببێتە ئامرازێک بۆ داخستنی گۆڕان. ئەگەر سەرمایەی هێمایی خەبات تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵات بەکاربهێنرێت، شوناس دەگۆڕێت بۆ میکانیزمی وەستاندن. لە بەرامبەردا، ئەگەر شوناسی گۆڕان بە تەواوی لە ڕیشە و بیرەوەری ببڕێت، مەترسیی بێڕیشەبوون و لاوازبوونی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. بۆیە هیچ یەکێک لەم دوو تێگەیشتنە بە تەنها چارەسەر نییە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
چۆن دەتوانرێت میراتی خەبات بپارێزرێت بەبێ ئەوەی ببێتە بار بۆ گۆڕان؟
ئایندەسازی نەتەوە لە دووبارەکردنەوەی خەباتی کۆن نییە؛ بەڵکو لە دینامیکیکردنی شوناس و گونجاندنی بە بارودۆخی نوێدایە. کە خۆی لە کارلێکكردن لەنێوان مێژوو، کۆمەڵگە، سیاسەت و نەوەکاندا دەبینێتەوە . كە لە چوارچێوەی یادگارییەکی هێمن و لەسەرخۆ بگۆڕدرێت بۆ چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەش. واتە مێژوو ببێتە بنچینە، نەوەك سنوور؛ و داهاتوو ببێتە ئامانج، نەوەك هەڕەشە. هەرچەندە لە کۆمەڵگەکانی پاش-خەبات، ئەگەر گێڕانەوەی نەتەوە تەنها لەسەر قوربانی بمێنێتەوە، نەوەی نوێ خۆی لەو گێڕانەوەیەدا نابینێتەوە. بەڵام ئەگەر مێژوو وەک وانەیەک بۆ دامەزراندنی دادپەروەری و سیستەمی کارامەیی بەکاربهێنرێت، شوناس دەبێتە سەرچاوەی پێشکەوتن.
لە کۆتاییدا، نەتەوە ئەگەر تەنها بیرەوەری و گێڕانەوەی مێژوو بێت، دەبێتە موزەخانە؛ ئەگەر تەنها گۆڕان بێت، دەبێتە هۆی نەمانی ناسنامە، بەڵام هێزی ڕاستەقینە لەو هاوسەنگییەدایە کە مێژوو دەبێتە بنچینە و داهاتوو دەبێتە ئامانج.
لەو شوێنەدا شوناسی نەتەوەیی دەبێتە بنچینەی پێشکەوتن و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، نەوەك سەرچاوەی پێکدادان.
کێشەی سەرەکی عێراق، لەوەدایە کە پشتبەستنی بە داهاتی نەوت زۆر زیادی کردووە، لە کاتێکدا نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕوو لە دابەزینە. ئەم فشارانە بەهۆی ئەگەری زیادبوونی خستنەڕووی نەوت لەلایەن "ئۆپێک پڵەس" یان هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوچەیی، زیاتر دەبن، كێشهكان گهورهترو مهترسیدارتر دهبن.
بهپێی ڕاپۆرتی بانكی نێودهوڵهتی و خودی وهزارهتی دارایی عێراق، ریژهی (90 بۆ95%) كۆی گشتی بودجهی ساڵانه لهنهوتهوه سهرچاوه دهگرێت.
بەپێی خەمڵاندنەکان، عێراق بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە بودجەکەیدا ڕابگرێت، پێویستی بەوەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 86 دۆلار بێت لە ساڵی 2025دا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021دا تەنیا پێویستی بە 72 دۆلار بوو. دابەزینی نرخەکان تێکڕای نرخی نەوت لە ساڵی ڕابردوودا بۆ 68 دۆلار دابەزیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا 99 دۆلار بوو. ههموو ئهم مهترسیانه لهكاتێكدایه هیشتا سهرۆك كۆمار و سهرۆك وهزیرانی نوێ ههڵنهبژێراون و ئهم كابینهیه بهپێی یاسا ناتوانێت پرۆژه و خشتهكانی بودجهی گشتی بنێرێته ئهنجومهنی نوێنهران، بۆ پهسهندكردنی، بهپێی یاسا و دهستور، حكومهتی ئێستای بهغدا، كاربهڕێكهر، تهنها دهتوانێت یهك لهسهر دوازدهی ساڵی ڕابردوو خهرج بكات.
دوو کێشه سهرهكییهكهی ئابوری عێراق:
1- زیادبوونی خەرجییە حکومییەکان: خەرجییەکانی دەوڵەت لە 76 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2021، بازداوە بۆ 117 ملیار دۆلار لە ساڵی ڕابردوودا. ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی مووچەی کەرتی گشتی و شایستەکانی خانەنشینی، کە بڕە پارەیەکی نەگۆڕن و کەمکردنەوەیان قورسە.
2- بەرزکردنەوەی بەهای دینار: حکومەت لە ساڵی 2023 بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار بەرزکردەوە. چونکە داهاتی نەوت بە دۆلارە و خەرجییەکان بە دینارن، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو بڕە پارەیەی (بە دینار) کە لە هەر بەرمیلێک نەوت دەست حکومەت دەکەوێت.
مەترسییەکانی "ئۆپێک پڵەس" و بازاڕی جیهانی: ئەگەر هاوپەیمانی "ئۆپێک پڵەس" لە مانگی نیساندا بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنان بدات، نرخی نەوت زیاتر دادەبەزێت و کورتهێنانی بودجەی عێراق گەورەتر دەبێت، شایانی باسه، لهساڵی ڕابردودا نزیكهی 64 ترلیۆن دینار كورتهێنان دیاریكراوه.
کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق:
تێکچوونی ژێرخان: جەنگ دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە دامەزراوەکانی وزە و پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت، ئهم مهترسیه لهشهڕی 12 رۆژهی نێوان (ئێران_ ئیسرائیل) ڕهنگیدایهوه، ئاسمانی عێراق بهتهواوی داخرا، زیانهكانی تهنها داخستنی ئاسمانی عێراق و كۆمپانیاكانی فرۆكهوانی بهنزیكهی (5 بۆ 8) ملێون دۆلار خهمڵێنرا، ئهگهر شهڕ سهرههڵبداتهوه، عێراق لهزهرهرمهندترین وڵاتانی ناوچهكهیه.
داخستنی ڕێڕەوەکان: پەککەوتنی هاتوچۆ لە تەنگەی هورمز، عێراق لە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەی بێبەش دەکات ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن، ئهگهر ئێران گهرووی هورمز دابخات، ئهوا عێراق تهنها 240 ههزار بهرمیل دهتوانێت ههنارده بكات ئهویش له بهندهری جیهانهوه كه نهوتی كوردستانه و 10 ههزار بهرمیلیش به تهنكهر لهڕێگای ئهردهنهوه. بهمانایهكی تر داخستنی گهروی هورمز، واته خنكاندنی ئابوری عێراق، چونكه عێراق، بۆ ههناردهكردنی نهوتی باشوری وڵات، هیچ دهرچهیهكی تری نی یه، نزیكهی ڕیژهی 90بۆ 92%ی نهوتی عێراق لهبهندهری بهسرهوه ههنارده دهكرێت، واته نزیكهی سێ ملێون و 100 ههزار بهرمیل ههنارده ناكرێت!
لهلایهكی ترهوه، كێشه تهنها ههناردهكردنی نهوت نابێت، بهڵكو عێراق بۆ هاوردهكردنی مادهخۆراكی وكاڵاو شمهكهكان و پێداویستییهكانی تری دانیشتوانی عێراق، ڕێژهی (70بۆ80%) لهگهروی هورمزهوه هاورده دهكات، ئهمهش مهترسی بۆ سهر بازاڕهكانی ناوخۆ زیاتر دهبێت و ریژهی ههڵاوسان بهرێژهی (50 بۆ 100% ) بهرز دهبێتهوه، ئهمه لهكاتێكدا عێراق بۆ خودی خۆی توانای بهرههمهێنانی تهنها بهڕێژهی (10%)ی سهرجهمی پێداویستییهكانی ههیه.
کۆنترۆڵی ئەمریکا بەسەر داهاتەکان: عێراق داهاتی نەوتەکەی لە "بانکی یەدەگی فیدراڵی" لە نیویۆرک دادەنێت. واشنتۆن هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر سەرۆک وەزیرانێک لە ئێرانەوە نزیک بێت، دەست دەگرێت بەسەر ئەو پارانەدا و ڕێگری لە گەیشتنی عێراق بە داهاتەکانی دەکات، چونكه سیستهمی دارایی عێراق له پاش 2003هوه بهشێوهیهك داڕێژراوه كه كلیلی پارهكهی لهدهستی ئهمهریكادایه.
دەرئهنجام: هەرچەندە ئاڵۆزییەکانی ئێستا نرخی نەوتیان کەمێک بەرزکردووەتەوە و سوودی کاتیی هەبووە. بهڵام مەترسییە ڕاستەقینەکە لە قۆناغی داهاتوودایە؛ ئەگەر جەنگ ڕووبدات یان هەناردەکردن بوەستێت، هەموو دەستکەوتەکان لەناو دەچن و ئابووریی عێراق ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوه، باجی گهوره بهدڵنیاییهوه هاوڵاتیانی عێراق ه ههرێمهوه دهیدهن.
بێگومان ههرێمی كوردستانیش لهم قهیرانانهدا پشكی گهورهی بهردهكهوێت، بهتایبهت مووچه، چونكه لهئێستادا سهرچاوهی سهرهكی مووچه، بهغدا دابینی دهكات، كه مانگانه نزیكهی 950 ملیار دیناره، تهنها رێژهیهكی كهمی مووچهخۆران( گرێ بهست) لهسهر داهاتی ناوخۆ، مووچهكانیان وهردهگرن.
بۆیه لێكهوتهكانی ئهم قهیرانه گهورهتر لهسهر ههرێم دهبن:
1- کەمبوونەوەی پشکی هەرێم: کاتێک نرخی نەوت دادەبەزێت، داهاتی گشتی عێراق کەمدەکات، ئەمەش وادەکات بەغدا تەمویلی مووچە بۆ هەرێم کەم بکاتەوە یان دوای بخات، بهبیانوی كهمبونهوهی پاره، كهمانگانه نزیكهی 950 ملیار دیناره.
2- تێچووی بەرهەمهێنان: تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە هەرێم بەرزە (نزیکەی 25 بۆ 32 دۆلار بەپێی گرێبەستەکان). ئەگەر نرخی نەوت بگاتە 40-50 دۆلار، كردارهكانی دەرهێنان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بێ سوود دەبێت و وەبەرهێنان ڕادەگرن.
3- داهاتی ناوخۆ: دابەزینی نرخی نەوت بازاڕ سست دەکات، ئەمەش داهاتی باج و گومرگ (کە ساڵانە نزیکەی 250 بۆ 300 ملیار دینارە لە مانگێکدا) بە ڕێژەی 30% کەمدەکاتەوە.
4- ههڵاوسانی زیاتر: نزیكهی لە 60%ی ئەو کاڵا و ئامێرانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان، لە بەندەرەکانی باشوورەوە (ئوم قەسر) یان لە ڕێگەی ئیمارات و چینەوە دێن. داخستنی هورمز واتا گرانبوونی خۆراک و کاڵا لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی بە ڕێژەی 40%.
كوردستان بۆ من تەنیا ناوێكی جوگرافی نییە؛ كوردستان دایكە، دایكێك كە بە ئامێزی گەورەی شاخەكان و بە نیعمەتی ئاوی سازگاریی كانییەكان و سەروەریی هەواكەی، منداڵەكانی پەروەردە كردووە. لە باوەشی ئەو شاخانەدا فێری بەرگریی بووین، لە هاژەی رووبارەكاندا فێری ئازادی و لە هەناسەی هەوا پاكەكەیدا فێری ئارامی بووین. من شەیدای قاسپەقاسپی كەوم تینوی ئاوی سازگاری كانیم و مەستی هەوای پاكی كوردستانم.
ئەو خاكە بۆ من ناسنامەیە، مێژووە، رەگ و ریشەیە. شانازیی بە كورد وەك نەتەوە و بە كوردستان وەك وڵات دەكەم؛ بەڵام رقم لە هیچ نەتەوەیەكی دیكە نییە و چاوچنۆك نیم بەرامبەر هیچ خاكێكی دیكە. خۆشەویستی نیشتمان بە مانای پاراستن و رێزگرتن لە ناسنامەی خۆمانە. كورد لە ناوچەكەدا گەلێكی دێرینە، لە سەردەمی مادەكانەوە ناوی لە لاپەڕەكانی مێژوودا هاتووە. لە باوشی شاخەكان ژیاوە و بەرگەی پەلاماری دوژمنانی گرتووە و هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە. ئەشكەوتە كۆنەكان و شارە مێژووییەكان، وەك: شانەدەر، هەزارمێرد، بەرچەم، كانی میكائیل، حەسەنكێف ؛ ئەربیل، ئامەد، حەسەكە و كرمانشان، دەرخەری مێژووییەكی قووڵن؛ مێژوویەك كە دەڵێت ئەم خاكە، پیرۆزترین خانەی سەرەتایی ئێمە بووە. بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە كورد لە ناوچەیەكی شاخاویدا ژیاوە؛ وەك داری بەڕوو، رەگ و ریشەی لەم خاكەدا داكوتاوە و بەرگەی رەشەبا و مەینەتیی ژیانی گرتووە. مێژوومان پڕە لە كارەسات و مەینەتی. لە ئەنفال و كیمیاویبارانەوە هەتا كاولكاریی دێهات و دەركردنی خەڵك لە شوێنی باووباپیرانیان؛ بەڵام ئەمڕۆ جیهان بچووك بۆتەوە و سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ناهێڵن زوڵم وەك رابردوو بشاردرێتەوە.
ئەمە هیوایەكە بۆ دادپەروەری و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان. لەم رۆژانەدا، بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤا، منداڵێكی پێنج ساڵەم بینی كە ئاڵای كوردستانی لەسەر شان بوو، وەكوو تاوس ئەلەنگی، ئەوە تەنیا پارچە قوماشێك نەبوو لەسەر شانی، بەڵكو نیشانەی متمانەیە بە ئایندە. وەك باوكێك، كاتێك ئاڵاكە لە سەرشانی دەبینم، لەلایەك وەك قەقنەس بەرەو رۆژ هەڵدەستم و پڕ ئومێد دەبم؛ لە لایەكی دیكەوە ئەستەمە رابردوو دووبارە ببێتەوە! كوردستانەكەم مەست و حەیرانی جوانییەكانتم تینوی ئاوی كانییەكانتم، تۆی سۆمای هەردوو چاوم و شەیدای ئاو و هەواتم، موریدی موریدەكەی شاری شارانی سلێمانیتم. جارێكی دیكە دەڵێم: كوردستانەكەم خۆشمدەوێیت وەكوو دایكم.
هیچ کات تەلارە هەوربڕەکان و بیناو باڵەخانەی بەرزکان نابنە خاوەنی راستەقینەی مێژووی شارێکی وەک سلێمانی ، جەوهەریان تەنها دۆلارەو زوو دادەڕمێن و شەق دەبن لەپشت زۆرێک لە تەلارەبەرزەکان بازرگانێکی دید کورت هەیە کەخەونی گەورەی عانەیە.
لەپشت دەرگا داخراوەکانی ماڵە دێرینەکان شار ؛ شارستانییەت و مێژووی ژیان هەیە مێژووییەک هەیە کەپڕە لە چیرۆک پڕە لە سەرگوزشتەی رابردوو بیرکەرەوە کە دەقڵیشایەوە کە دەربڕینێکی سلێمانیانەیە بۆ بەرەنگاری دژ بە ئینگلیزو داگیرکەرانی کوردستان خەڵکی ناڕازیی لەو کوچانە خۆیان ون دەکرد بەسەر دیوارەکان ئەم دیوو یەودیویان دەکرد لە هەشتاکان بەعس کە بە سلێمانی دەووت مەدینە سەعبە دیواری گەورەی لە کۆڵانە تەنگەکان دروستدەکرد وەک رێگری لە چالاکی شۆڕشگێڕانی سلێمانی مانەوەی ئەوگەڕەکانە وەک خۆی مانەوەی ئەوچیرۆکانەیە کە ئەمڕۆی دروستکردووە .
گەلانی زیندوو دیرۆکیان ناکەنە گەراج و بیناو تەلارو دوکان و کۆگا ئەوان زیندوێتی گەلی خۆیان دەپارێزن .
لەتەنیشت مۆدێرنی شارەگەورەکانی جیهاندا شارێکی کۆن بوونی هەیە ؛ کە بوونی پارێزراوەو گوزارشتە لە دێرینیان لەسەر ئەو خاکە .
لە زۆربەی شارەکان دەست بۆ شاری کۆن نەبراوە ، وەک خۆی ماوەتەوەو بۆتە بەشێک لە کەرتی گەشتیاری .
رەنگە ئێمە پێچەوانەبین ، مێژووی خۆمان دەسڕینەوەو شارستانییەت رادەستی گەراج و دوکان و بازرگانی برسی دەکەین ؛ ئەگەر بتەوێت بچیتەوە بۆ رابردوو دەبێت بچیتە گۆڕەپانێک کە ئێستا گەراجەو بە خەیاڵ بڵێیت : رۆژگارێک سلێمانی لەم گەراجەوە دروستبووە .
گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە ئامادەگی مێژووی خۆمان دەسڕینەوە .
“کێ بەفریای یادو یادەوەری شارستانییەتی سلێمانی دێت.”
لەم رۆژەدا کە رۆژی زمانی کوردییە ؛ گرنگە شارستانییەت و شوێنەوارەکان و گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی بپارێزرێت و چیتر ئەنفال نەکرێت .
بە پێچەوانەی یاساو رێساوە ؛ هەموو گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی بوونە گەراج و دوکان و تەلاری بازرگانی ؛ بەکردەیی سەروو سیمای سلێمانی گۆڕاوە ، شاری کۆن رەهەندی مێژووی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و ئەندازیاری و ژیاری خۆی هەیە ، مۆرکی سلێمانی دەردەخات ؛ لە ماوەی رابردوودا بەهەوڵی خاتوو (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) توانرا رێگریبکرێت لە رووخانی خانووە کۆنەکانی گەڕەکی شێخان و حەمامی فاتمەخان لەناو سەرای سلێمانی ئەو کارە رێگری گەورەبوو کە کرا جێگەی پێزانینە. بەڵام ئێستاش ئەو داڕمانە شارستانیەتییە بەردەوامە کە رۆژ دوای رۆژ دیرۆکی ئەم شارە دادەڕووخێ و دەبێتە مەنزڵی ئۆتۆمبێل و گەراج و دوکان و کۆگاو تەلاری نارێک یەک بەرزو یەک نزم .
کاتییەتی ئەم ئەنفالی گەڕەکە کۆنانەی سلێمانی رابگیرێت و ببێتە شوناس و شوێنەوارت مێژووی کۆن شاری سلێمانی .
ئێپیستین بە تەنها چیرۆکی تاوانێکی ئەمریکی نییە،
بەڵکو ئاگادارییەکی گشتییە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی. ئەم کەیسە پێمان دەڵێت کە تاوان، زۆرجار لە دڵی سیستەمەکانەوە سەرهەڵدەدات. بەجۆرێکی تر ئەوانەی کە خۆیان بە پارێزەری مرۆڤایەتی دادەنێن و بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن. کاتێک چاودێری لەسەر دەسەڵاتداران لاواز دەبێت یاخود نامینێت، یاسا بۆ هەمووان وەك و یەك جێبەجێ ناکرێت و قوربانی بێدەنگ دەکرێت و نابیسترێت ئەو کات، تاوانەکان دەبێتە شتێکی ئاسایی بە قێزەونترین شێواز لە بەرامبەر قوربانیەکانیان ئەنجامی دەدەن.
ئێپیستین هێمای ڕاستەقینەی تاوانە شاراوەکانی دەسەڵاتن، پێمان دەڵێت کە پارە، ناوبانگ و دەسەڵات دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ شکاندنی یاسا و سڕینەوەی سنووری ئەخلاقی و تێكشكاندنی ویژدان لە مرۆڤدا. لەم بارودۆخەدا، قوربانی بەتەنها ئازار ناكێشێت، بەڵکو وەکو تاوانباریش دەناسێندرێت، جارێک لەلایەن تاوانکارەوە، جارێکیش لەلایەن سیستەمێکەوە کە دەنگی نابیستێت.
بەداخەوە، دیاردەی "ئێپیستینەکان" تەنها لە ئەمریکا یان لە دورگەیەکدا دروست نابن و نین، بەڵکو سەدان ئێپیستینی تر ئێستا لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دروشمی مرۆڤایەتی و دادوەری و سەروەری یاسا بەرز دەکەنەوە، لەکاتێکدا لە ژوورە تاریکەکاندا، لە دوونیا خامۆشەکاندا، ویژدان و ئەخلاق ژێرپێ دەنێن.
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە دەسەڵات لە بەرزتر لە یاسا ببینرێت،
ناوبانگ و پارە و دەسەڵات لە دادپەروەری بە گرنگتر بزانرێت،
بتوانرێت قوربانی لەبەردەم یاسا دا بێدەنگ بكرێت، بوونی ئێپیستینەکان ڕاستییەکە و لە دڵی کۆمەڵگادا خۆیان حەشارداوە.
ئەوەی پێویستە كە مرۆڤایەتی پرسیاری لەبارەوە بكات كە ئەوەیە کە ئاخۆ کێ تاوانەکان ئەنجام دەدات؟ یان واباشترە بپرسین کە ئاخۆ كێ ڕێگە نە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە دەدات و بەردەوامی دەدات؟
لە کۆتاییدا، ئەگەر بمانەوێت ئەم كەیسە دووربێت لە كۆمەڵگەی كوردی و لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکەکان پارێزراوبێت، دەبێت هەر یەكێك لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی دەنگ هەڵبڕێت و هۆشیار بێت لەوەی کە ئێپیستین لە کۆمەڵگە درووست نەبێت. دەبێت لە جیاتی ئەوەی تاك بترسێنین و بێدەنگ بکرێت لەبەرامبەر تاوانە قێزەونەکان، فێریان بکەین هۆشیاریان بکەینەوە کە بە دەنگی بەرز ڕووبەڕووی ستەم و تاوانەکان ببنەوە. چونكە ترسناکترین قۆناغ لە کۆمەڵگاکاندا ئەوە نییە کە تاوانێک ڕوودەدات، بەڵکو ژیان کردن و ڕاهاتنە لەگەڵ تاوانەکان بەتایبەت کاتێک تاک فێردەبێت و ئاسایی دەبێت لەگەڵ تاواندا بژیت و بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.
٩ی شوبات ، رۆژێکی زێڕینی تری سەرۆك مام جەلال ، کە کوردستانیی بونی کەرکوكی سەلماند
ئەوێ رۆژێ کە سەرۆك مامجەلال بە بەڵگەنامە و نەخشەکانی سەردەمی عوسمانلی هۆڵی کۆبونەوەی ئەنجومەنی حوکمی ئەوێ دەمێی هەژاند، دەیزانی بارودۆخەکە هێشتا وا نەخەمڵیوە کە لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن بخەوین و بێ خەم پاڵی لێ بدەینەوە و بڵێین ئیتر خەبات تەواو و هەموشتێك بەدڵی خۆمان دەبێت!.
پێش بینییەکانی سەرۆك مامجەلالی مەزن لە ئاست تەواوی دیمەنە سیاسییەکەی عێراقی دوای صەدام حسێن رێك وا دەرچون کە ئێستا زۆر بە خراپتر دەبینرێت .
رۆژی نۆی شوباتی ٢٠٠٤ ، رۆژی بەجێهێنانی بەڵێنەکەی سەرۆك مامجەلال بو کە دەیفەرمو (یا کەرکوك و خانەقین ، یا تا ماوین دەجەنگین ). ئاخر بەڕێزیان هەمیشە دوپاتیکردبوەوە کە خەبات کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت بۆ سەلماندنی راستیی مێژویی ،جوگرافیایی و پێکهاتە و باری نەتەوەیی کەرکوك و ناوچە تەعریبکراوەکانی تر .
بۆیە لە پاڵ مورافەعە هەمیشەییەکانی بۆ مەسەلەی گەلەکەی و دیموکراسیی ، رۆژی ٩ی شوباتیش بە رۆژی مورافەعە مەزنەکەی سەرۆك مامجەلال بۆ سەلماندنی کوردستانی بونی کەرکوك ناوبانگی دەرکرد ،بوە رۆژێکی زێڕینی تر و چوە مێژوی خەباتی سیاسیی بەڕێزیان و خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی دیمکراسیی نەتەوەیی گەلەکەمانەوە .
جەنگەکەی سەرۆك مامجەلال لەو هۆڵەدا لەبەردەم گەورە سیاسەتمەدار و گەورە سەرکردە و لێپرسراوانی ئەو کاتەی عێراقی دوای دیکتاتۆریەت ، جەنگی دۆکیۆمێنت ،نەخشە ، گەشتی خۆرهەڵات ناسان لە سەردەمی عوسمانلی و پێش عوسمانلییەکان بو ، جەنگێکی دیپلۆماتیی بو کە تیایدا رێککەوتنەکانی ئینگلیز و حکومەتی پادشایی نوێی عێراق تیایدا باڵا دەست بو .
لە هەمو نەخشەکانی سەردەمی عوسمانلییەکاندا کەرکوک و ناوچەکانی تری بازنەی تەعریب بەشێک بون لە کوردستان ، بەو پێیەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن و پەیوەندییە جیاجیاکانیش بە ناوچەکانی تری کوردستانەوە دەیانبەستێتەوە، ددانپیانانی خۆر هەڵات ناسەکانی وەك ژان ئۆتاری فرەنسایی و دەیانی تر بە کوردستانی بونی کەرکوك و دەوروبەری ، شایەتێکی تری مورافەعەمێژوییەکەی مامی گەورەمان بون ،بۆ داکۆکیکردن لە کەرکوك و دەوروبەری .
ئاخر سەرۆك مامجەلال زۆر بە باشی دەیزانی بارودۆخەکە هێشتا ساز و لەبار نییە کە بێ باك بین ، بۆیە دەیفەرمو (وەزعەکە دەڵەمەیی یە).
ئەو رۆژەش بەڕێزیان زۆر راشکاوانە بە زمانە سیاسیی و دیپلۆماتییە ناسراو و بەناوبانگەکەی خۆی توانجی گرتە ئەو سیاسەتمەدارانەی لە هۆڵی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی حوکم ئامادەبون ، کە چۆن لە ٢٥ی دیسامبیر /کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ دا حکومەتی بریتانیا و عێراقی پادشایی لە بەیانێکی هاوبەشیاندا دانیان بەوەدا ناوە کوردستان حکومەتی سەربەخۆی هەبێت ، سنورەکەی ئەو کاتەی مەملەکەتەکەی مەلیک فەیسەڵ تا جەبەل حەمرین بوە.
ئەو مورافەعەیە کە جەنگێکی قانونیی ، دیپلۆماتیی و سیاسیی بو ، بوە بنەمایەکی گرنگ کە کوردستانیی بونی کەرکوک لە دەستوردا بچەسپێت .
بە داخەوە دوای نەخۆش کەوتن و ماڵئاوایی سەرۆك مامجەلال بارودۆخەکە نەك هەر لە کەرکوك بەڵکو لەسەرتاسەری عێراقیش ، بەرەو خراپتر چو ، کە لێرەدا باسکردنی جێی نابێتەوە و کاتی زۆرتری دەوێت .
سەرۆك مامجەلال لە دوای مورافەعە گەورەکەوە ، پەی بەوراستییە برد کەپێویستە بەسیاسەتێکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی کوردستانیی بونی کەرکوک وبارە دیمۆگرافییەکەیدا بکرێت ،کارێك نەکرێت کە ریسەکەمان لێ بکەنەوە بە خوریی ، بە هەڵچون و دروشمی بریقەدار و موزایەدە لە خۆمانی تێك نەدەین و بیانو نەدەین بە نەیار و تەماعکاران ، بۆیە پرۆسەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری ناونا (نەشتەرگەری مێشك) بەوەی لەبچوکترین هەڵەدا هیچ دەرەتانێك نییە بۆ چارەسەرکردنی هەڵەکە .
خۆشبەختانە ئێستا وا هەنگاو بە هەنگاو لە کەرکوك، بە هیمەتی دڵسۆزان و سیاسەتی حەکیمانەی ی ن ك و مامەڵەی دروست و شارەزایانەی بەڕێز پارێزگاری کەرکوك رێبوار تەها ، برینەکان سارێژ دەبن و جەنگەکە بە سیاسەتی ژیرانە و هێمنانە بەردەوامە لە پێناوی بەرژەوەندیی هەمو کەرکوکییەکان و دوروبەری ، کە پەل دەهاویژێت بۆ تەواوی ناوچەکانی تری سیاسەتی دڕندانە و بێویژدانانەی تەعریب .
قسەکردن و نووسین لەسەر توندڕەویی، بابەتێکی هەستیار و گرنگە و رەنگە مایەی بیروبۆچوونی جیاوازیش بێت، چونکە هەریەکە و بە دید و بۆچوونی خۆی و بەگوێرەی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی، سەیری ئەم بابەتە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بڕوام وایە، بۆ سەلماندنی راستی و خزمەتکردن بە دۆزی کورد، هەرجۆرە هەڵوەستە و بیروبۆچوونێکی جیاواز پێویستن.
هێرشە دڕندانەکەی هێزەکانی سەرۆکی راگوزەری سوریا بۆ سەر رۆژئاڤا و قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنی لە ژن و منداڵ و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیی دژ بە هاووڵاتیان و دیلەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هەست و دەروونی هەموو کوردی چوار پارچەی کوردستان بەتایبەتی و بەشی زۆری رای گشتیی میللەتانی دنیای هەژاند و جارێکی دیکە وێنەی کردارە قێزەونەکانی داعش هاتنەوە بەردیدەی خەڵک و برینە قووڵەکانی جەستەی مرۆڤایەتییان کولاندەوە و هەمووانیان تووشی شۆک و دڵەڕاوکێ کرد.
حاشاهەڵنەگرە لە مێژووی ئیسلامدا، لایەنی توندڕەو هەبوون، بۆ نموونە لە چوار خەلیفەی (راشدین)ی دوای پێغەمبەر، سیانیان بە دەستی توندڕەوەکان شەهیدبوون. ئەمە بێجگە لە شەڕە ناوخۆییەکانی سەردەمی ئەمەویی و عەباسی و عوسمانییەکان کە بە دەیان کاری توندڕەویی و خوێنڕشتن لەو سەردەمانەدا ئەنجامدراون.
سەرەڕای ئەوانە، دینی ئیسلام لە جەوهەردا، دین و رێبازێکی توندڕەونییە، بەڵام لەگەڵ تێکەڵبوونی ئایین بە سیاسەت و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و پاوانخوازیی، تووشی لادان و نەخۆشییەکانی توندڕەویی بووه.
ئێمە وەک نەتەوەیەکی زۆرینەی هەرەزۆر موسڵمان، لەناو ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا ژیاوین، مێژوو پێمان دەڵێ ئەزموونی پێکەوەژیان و لێبووردەییمان، لە ئەزموونی توندوتیژیی دەوڵەمەندترە. سەیری بکەن و ببینن چۆن ژمارەی مزگەوتەکان لە هەرێمی کوردستاندا (5820) مزگەوتە، کە نزیکە لە ژمارەی قوتابخانەکان و زۆر زیاتریشە لە ژمارەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان. زیارەتکارانی ماڵی خوداش، واتا ئەو کوردانەی بۆ حەج و عەمرە دەچن، دەرخەری پێکەوە گرێدراویی کوردایەتی و ئیمان و موسوڵمانێتیی گەلی ئێمەن. مێژووی کوردستانیش هەمان ئەو بۆچوونەمان بۆ ساغ دەکاتەوە کە پیاوانی ئایینی و مەلا و زانایانی ئایینیی کورد، قۆناغی هەرە رۆشن و پرشنگداری ئەدەب و زمانی کوردی پێکدەهێنن. حوجرەکان تەنیا پەناگەی دینداریی نەبوون، بەڵکو کانگەی بەرهەمهێنانی رۆشنبیری و فەرهەنگیش بوون. بە تەنیشت ئەوەشەوە شۆڕشەکانی کوردستان لە سەردەمانی رابردوودا بە رابەرایەتی و سەرکردایەتیی پیاوانی ئایینیی بووە، وەک شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ مەحمود و قازی محەمەد و مەلامستەفای بارزان. ئەمە وێڕای دەیان زانای گەورە لە بواری فیقهـ و ئاییندا وەک ئیبن خەلەکان و مەولانا خالید و مەلای گەورەی کۆیە و شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ محەمەدی کربچنە و مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس و مستەفا زەڵمی و شێخانی نەقشبەندیی بیارە و...هتد، کە ئەو زاتانە زۆربەیان خاوەن دیدی زانست و فیقهی ئیسلامی بوون و بەشەکەی تریان خاوەن رێبازی تایبەتی تەسەوف بوون لە جیهانی ئیسلامیدا، هەمووشیان پێکەوە مایەی شانازییەکی گەورەن بۆ کورد لە دیرۆکی ئیسلام و ناوچەکە و جیهاندا. لێرەدا نابێت ئاماژە بە سەڵاحەدینی ئەیوبی نەدەین کە ئاڵای ئیسلامی بەرزڕاگرت و قودسی رزگارکرد و وێڕای بوونی مشتومڕی نەبڕاوە لەسەر رۆڵی لە بواری نەتەوایەتیدا، بەڵام کوردی بە دنیا ناساند.
ئیمەی کورد بەبێ بەرژەوەندیی و ویستی خۆمان، وڵاتەکەمان بەسەر چوار دەوڵەتی ئیسلامیدا دابەشکراوە، حاڵی حازر و وەکو قەدەری جوگرافیاش لە ناوچەیەکی ئیسلامیدا دەژین، بۆیە راست نییە ئەگەر بە کردەوەی لایەنێکی ئیسلامیی توندڕەو، هەموو موسڵمانانی جیهان بە نەیار و دوژمنی خۆمان بزانین. راستە هەندێ لایەن و کەس بەناوی ئیسلامەوە دژایەتیمان دەکەن، بەڵام ئەمانە سەر بە ئیسلامی راستەقینە و مەراجیعی گەورەی ئیسلامیی وەک ئەزهەر و نەجەف و دنیای ئیسلامی راستەقینە نین.
ساڵی (1996) بە سەرۆکایەتیی رەوانشاد مام جەلال و ئەندامێتیی هەریەک لە (فوئاد مەعسوم، عەدنان موفتی، مستەفای سەید قادر و مەلا یاسین) لەگەڵ بەندە، وەک وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی قاهیرەمان کرد، لەچوارچێوەی بەرنامەکەماندا، سەردانی ئەزهەری شەریفمان کرد و کۆبوونەوەمان لەگەڵ (محەمەد سەید طنطاوي) شێخی ئەزهەر کرد. طنطاوي پێیوتین: ئێوەی کورد، دەمێک ساڵە راڕەوێک (رواق)ێکی باش و پڕ بایەختان لە ئەزهەر هەبووە، ئێستا کەس بەلایدا ناچێت، بۆچی ئاوەدانی ناکەنەوە و سوودی لێوەربگرن؟ بە زمانی عەرەبی کۆن (رواق)، بە واتای بەش یان راڕەو (جناح)ی فێربوونی فیقهـ و شەریعەت دێت، بۆ کورد دانراوە. مام جەلال زۆر بە بایەخەوە مەسەلەکەی وەرگرت و داوای هاوکاریی لە (شێخ طنطاوي) كرد بۆ سەرلەنوێ خستنەگەڕی رواقەکە، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو (رواق)ـە ئاوەداننەکراوەتەوە و نەخراوەتەگەڕ.
لە ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردووشدا، سەید موحسین ئەلحەکیم مەرجەعی باڵای شیعە، لە سەردەمی حوکمی عارف، شەڕی دژ بە کوردی حەرامکرد لە عیراقدا. ئەمانە میراتێکی جوان و دەگمەنن، پێویستە پەرەیان پێبدەین. گرنگە خاڵی هاوبەش لەنێوان خۆمان و گەلانی ناوچەکەدا بدۆزینەوە بۆئەوەی لەم قۆناغەشدا پێکەوە و بە لێبووردەیی و بە ئاشتی و پێکەوەژیان قۆناغەکە تێپەڕێنین. چۆن لە جیهانی رۆژئاوا دۆست و پشتیوانی کورد زۆرن کە بەرگریی لە بەها جوانەکانمان دەکەن و دژی کۆمەڵکوژیی کورد دەنگیان بەرزکردووەتەوە، بەهەمان شێوە با داوا لە جیهانی ئیسلامییش بکەین بەرگریی لە کێشە رەواکەمان بکەن و دژی ئەو ستەم و زەبر و زەنگە بووەستنەوە کە دژمان ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی ئەوەی لە سوریا و لە رۆژئاڤا بینیمان، بە راستەخۆ، یان ناڕاستەوخۆ تەنیا ناو و ناوبانگی حکومەتی کاتیی سوریا لەکەدار ناکات، بگرە دەبێتە لەکەیەک بۆ جیهان و جیهانی ئیسلامییش.
لە کۆتاییدا ئێمە وەک کورد گرنگە بزانین کە توندڕەوە ئیسلامییەکان نوێنەرایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناکەن، هەروەک چۆن توندڕەوەکانی ناو کوردیش نوێنەرایەتی گەلی میانڕەوی کوردستان ناکەن.
لەم رۆژگارەشدا کە گۆڕانکاریی بەپەلە و چاوەڕواننەکراو لە دنیای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان روودەدەن، باشترین رێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەلەکەمان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەقڵانی و ژیرانە و میانڕەوانەیە لە گوفتار و رەفتارماندا، لەبەرئەوەی ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دوژمنێک زۆرە و هەزار دۆست کەمە.
کوردسات کەناڵ و ماڵی رەخساندن و فراوانبوونی بیری نەتەوەییە؛ کوردسات کەناڵی رۆژئاواو گشت کوردبووە، لە کەیسی داگیرکاری لەسەر رۆژئاوادا کوردسات بەشێکی گرنگی بەرزکردنەوەی بیری نەتەوەیی بووە، ستایش هەڵدەگرێت کە لەماوەی پەلاماردانی رۆژئاوادا بە دڵێکی قایمی نەتەوەیی توانی وەشانی خۆی بکات؛ ئیتر لەو چرکەساتە لەو کاتەی داگیرکەران دێن و پەلاماردەدەن هەموو جەنگاوەرین هیچ رێگەیەک بۆ تێگەیشتن نامێنێتەوە جگە لە بەرگری لە خاک و نەتەوە؛ کوردسات لەم تەنگانەیەدا بووە جەنگاوەری مرۆیی و بەرزکردنەوەی ورەی شەرڤان و نەتەوەی کورد لەناوخۆو دەرەوەی وڵات.
لەبەختی کورد مێژووی کارەساتەکان دووبارەو لەیەکچوون، کورد لەتەنگانەدا لەدایک بووەو گەورەبووە، ساڵی ٢٠١٣ بەشێک بووین لە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان.
ئەوکاتە گروپە پەڕگیرەکانی سوریا پەلاماری کوردیاندەداو خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون .
زیاتر لە سەد کامیۆن هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا کۆکرایەوە، بەشێکیشی بەندە بە نوێنەرایەتی کوردسات بردمانە رۆژئاوا .
ئەوکاتە پرد لە نێوان دەروازەی سێمێلکا لەسەر خاپور نەبوو ، بە بەلەم هاوکارییەکان گەیشتنە رۆژئاوا ؛ کوردسات هەمیشە سەرمەشقی کۆکردنەوەی هاوکاری بووە بۆ رۆژئاواو کارەساتەکان کە رویانداو ، هەرتەنگانەیەک روبدات کوردسات بیر لە کوردان دەکاتەوە .
دەبێتە مینبەری کۆکردنەوەی هاوکاری ، نەریتی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری کوردسات سەرمەشقی بووە ، ئێستاش ئەو کەناڵە بەردەوامەو مامەخەمەی کوردانە.
بەڕێوبەرەگەنجەکەی کاک (دێرین لەتیف رەشید) کە برایەکی ئەزیزە و خۆنەویستە ؛ زۆر کوردانە بیردەکاتەوەو خەم لەنەتەوە دەخوات خەم لە هەیەجانی نیشتمانی دەخوات کاری بۆ فراوانکردنی بیری نەتەوەکردوەو کوردانەیە بیروباوڕی .
کوردساتی هەمووان لەسەردەستی هەڤاڵ دێرین بەشێکی گرنگی ئەو شۆڕشە کلتورییە کە لە هونەری و رۆشنبیری و فەرهەنگی دەستی پێکردووە، کوردسات مینبەری کۆ کردنەوەی کوردانە لەدەوری رەسەنایەتی کوردایەتی . هاوکارییەکانی بۆ رۆژئاڤا جێگەی فەخرە کە ئەو بیرە زاڵبێت کورد بەتەنگ یەکەوەبێت ، روونیش بووە کە تەنها کورد وەک نەتەوە دۆست و فیداکاری دۆزە رەواکەیەتی .
نەشمیل عەلی بەرزنجی
١. پێشەکی
مرۆڤ لە مێژووی کۆنی خۆیدا هەمیشە جەستەی وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی بیروباوەڕ، شوناس و ڕازانەوە بەکارهێناوە. لە ناو کلتووری کوردیدا، دیاردەی خاڵ کوتان کە بە "دەق" ناسراوە، تەنها نەریتێکی جوانکاریی سادە نییە، بەڵکو مۆزەخانەیەکی گەڕۆکە لەسەر پێستی مرۆڤ کە باس لە مێژوویەکی دوورودرێژ و فەلسەفەیەکی ئاڵۆز دەکات. ئەم لێتوێژینەوەیە بەدواداچوون دەکات بۆ ڕەهەندە مرۆڤناسییەکانی دەق، شێوازی جێبەجێکردنی، سیمبولۆژیای نەخشەکان، و ئەو جیاوازییە بنەڕەتییانەی کە ئەم نەریتە لە کلتووری گروپە کۆچەرەکانی وەک قەرەج جیا دەکاتەوە.
٢. ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ئایینی
نەریتی دەق کوتان لای کورد بۆ سەردەمانی پێش هاتنی ئایینە یەکتاپەرستەکان دەگەڕێتەوە. مرۆڤناسی جیهانی "هێنری فیڵد" (Henry Field) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەریتە لە ناوچەکانی کوردستان و میزۆپۆتامیا مێژووەکەی بۆ چاخی بەردینی نوێ و سەردەمی میتراکانیزم و زەردەشتی دەگەڕێتەوە.
پەیوەندی بە ئایینە سروشتییەکانەوە: لە فەلسەفەی کۆنی کوردیدا، جەستە بەشێک بووە لە گەردوون. نەخشی خۆر و مانگ کە لەسەر نێوچەوان یان کوڵمەی ژنانی کورد دەبینرێت، پاشماوەی پیرۆزیی ڕووناکییە لە ئایینی زەردەشتی و ئێزیدیدا. ئەم نیشانانە وەک هێمایەکی میتافیزیکی بۆ پاراستنی ڕۆح و جەستە لە هێزە تاریکەکان بینراون.
٣. جیاکاریی مرۆڤناسی: کورد و قەرەج (ناسنامەی نیشتەجێ بەرامبەر کۆچەر)
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم توێژینەوەیە، ڕاستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیە کە "دەق" تەنها بە کلتووری قەرەجەکان (دۆم) دەبەستێتەوە.
٤. سیمبولۆژیای نەخشەکان (شیکردنەوەی واتا شاراوەکان)
هەر نەخشێک لەسەر جەستەی خانمانی کورد، مانایەکی فەلسەفیی قووڵی هەیە:
٥. لایەنی ئیتنۆ-بایۆلۆژی: کەرەستە و پرۆسەی جێبەجێکردن
پرۆسەی دەق کوتان لای کورد ڕێوڕەسمێکی تایبەتی هەبووە:
٦. پێگەی سۆسیۆ-کولتووری: دەق وەک ناسنامە
لە کۆمەڵگەی دێرینی کوردیدا، دەق ئاستی کۆمەڵایەتیی ژنی دیاری دەکرد:
٧. هۆکارەکانی پاشەکشێ و نەمانی دەق
نەمانی ئەم نەریتە لە سەدەی بیستەمدا بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە:
٨. ئەنجام
دەق لە کلتووری کوردیدا، تەنها وێنەیەک نییە، بەڵکو دەقێکی مێژووییە کە بە زمانێکی سیمبۆلی نووسراوە. ئەم توێژینەوەیە دەیسەلمێنێت کە کورد خاوەنی ڕەسەنی ئەم میراتەیە و هیچ پەیوەندییەکی بنەڕەتی بە کلتووری کۆچەریی قەرەجەکانەوە نییە. پاراستنی ئەم زانیارییانە بۆ نەوەی نوێ، پاراستنی شوناسی نەتەوەیەکە کە جەستەی خۆی وەک تابلۆیەک بۆ پیرۆزییەکانی بەکارهێناوە.
یەکەم: سەرچاوە بیانییەکان)):
دووەم: سەرچاوە کوردییەکان:
*مامۆستا و توێژەر لەدەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی توێژینەوەی زانستی
ساڵیادی گوڵاڵەسوورەی شەهیدان و ساتەوەختی بەرخودانی کەزی
لە دڵێکی پڕ حەسرەت و تێکەڵ بە شنەبای گردی سەلیم بەگ و سەرچنار و دۆڵە میرانی پایتەختی بابان، ئەم چەند دێڕە بۆ سێبەری خۆم دەنووسم:
ئەگەر…
خۆر نەمێنێ، زەویش نامێنێ
ئاو باوەش بە ماسی دەکات!
ئەگەر...
ژن نەمێنێ، پیاویش نامێنێ !
گوڵ ماچی پەپولە دەکات!
ئەگەر …
پەنجە نەمێنێ، قەڵەمیش نامێنی!
وشە لە سەر کاغەز سەما دەکات
ئەگەر…
رۆح نەمێنێ، عاشقیش نامێنێ ئەوسا رۆح گوزەر دەکات
بۆ ئاسمان !
عاشقیش بۆ سەیوان!!
ئاشکرایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، خاوەنی دروشمی(کەم بژی، کەڵ بژی) بووە، ئەم دروشمەش تەنیا رووکەش نەبوو، تەنیا نووسینی سەر دیوار و ناو بڵاوکراوە و نامیلکە و کتێب نەبوو، بەڵکو بەواقعی لەسەر زەمینی خەباتی شار و شاخدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەپێناو سەرکەوتنی شۆڕش و بەدیهێنانی مافی رەوای گەلی کوردستان. لەم پێناوەشدا یەکێتیی نیشتمانیی هەزاران شەهیدی قارەمانی بەخشیووە و لە مێژووی پڕ لە شانازیی خۆیدا گوڵزاری شەهیدانی کوردستانی بەو خوێنە گەشانە بنیاتناوە.
بێگومان دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەندێ کەموکوڕی، بە خوێنی گەش و ئاڵی ئەو شەهیدانە ئاودراوە و هاتۆتە بەرهەم. بۆیە دەبێت وەک بیلبیلەی چاومان بیانپارێزین و هەوڵی راستەقینەش بۆ چاکسازی و نەهێشتنی کەموکوڕییەکانیان بدەین.
بڕوام وایە تایبەتمەندی یەکێتی لەوەدایە کە لە هەموو ئاست و بوار و شێوە خەباتێکدا شەهیدی داوە و بەردەوام باخچەی کوردایەتی رازاندۆتەوە.
لەم رۆژانەدا یادی شەهیدانی دژ بە داعش دەکەینەوە، داعشی شەمشەمە کوێرەی جەهل و تیرۆر و دژ بە دین و دنیا.
لە ساڵیادی شەهیدبوونی لیوا شێرکۆ فاتح شوانی و لیوا حسێن مەنسوور دا، یادی شەهیدانی عاشقی ئاگری بابەگوڕگوڕ و هاژەی ئەڵوەن و گیانبەختکردوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
هەروەها ئەم ساڵیادە هاوتەریبە لەگەڵ ساڵیادی شەهیدبوونی ئارامی سەرکردە و چرای شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان.
ساڵیادی ئەم گوڵالەسوورانەش، لەگەڵ شۆڕشی کەزی یەکدەگرێتەوە.
شۆڕشی ئەمجارەی گەلی کوردستان، شۆڕشێکی مەدەنییە، داینەمۆکەی ژنان و لاوانی کوردستانن، بەهۆی راست و رەوایی مەسەلەی کوردستان و گەشەکردنی هۆیەکانی راگەیاندنەوە، بزووتنەوەکە رۆژ بە رۆژ فراوان دەبێت و پەرەدەسێنێت.
بە شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرانەی یەکێتی، ئاڵای کوردستان نەوی نەبووە، بەڵکو شەکاوەتر بووەوە، لە دەستی ئەوانەوە کەوتۆتە سەرشانی پیرۆزی ئەو منداڵە مەمکەوشکە مژەی کە بەشداربوو لە پشتیوانیکردنی خەڵکی رۆژئاوا و شاری کۆبانێ، ئەو منداڵە کوردەی وەک کەوێکی نێر هەنگاوی دەنا و بوو بە لۆگۆی بەرخودانی شاری سلێمانی و پشتیوانیی لە شۆڕشی کەزی.
پێوستە ساڵیادی شەهیدان بکەین بە قیبلەنمای خەباتمان، لە پێناو رزگاری و ئازادی،
هەروەها ببێت بە رۆژی وەفا بۆ کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامی سەنگەر و پێشمەرگەی دێرین. هەروەها ببێت بە رۆژی زاخاوی خەبات و تێکۆشانی رەنجدەرانی بیر و بازوو، لە پێناوی بەدیهێنانی مافی رەوای خەڵکی کوردستان و خزمەتی زیاتری گەل و وڵاتەکەمان، لەسەر بنچینەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گەل و بەهێزترکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەرەپێدان بە رێبازەکەی مام جەلال و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان.
نیشتیمان بە تەنیا شوێنی لە دایکبوون و ناسنامەمان نییە، بەڵکو ئامانجێکە و دەبێت بۆی بژین و قوربانی لە پێناو بدەین، ئەوەی لە ڕۆژئاڤا دەگوزەرێ، ئەوەی بە گوێی جیهاندا چرپاندی ئەوەیە کە ئیرادە لە ڕۆح گرنگترە، نیشتیمان لە گیان و ڕۆح گرنگترە، بڕینی کەزیی کچانمان ئیرادەی زیاتر دەدات بە ڕۆحی گەنجانمان و زیاتر ڕەگی خۆشەویستییان بۆ نیشتیمان دادەکوتێت.
جیا لەوەی برینی ڕۆژئاڤا جیهانی بە ئاگا هێنا لەوەی کە کورد یەک دەنگ و یەک ڕەنگە بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، پشگیری گەنجانی هەرێمی کوردستانیش، جۆش و خرۆشی زیاتری خستە دڵی هەموو شەڕڤانان، ئەوەی لە شەقەماکانی شارەکان ڕوودەدات، وەڵامێکی کاریگەرە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانگووت گەنج هیوای بە وڵات نەماوە و شارەکان گەنجی تێدا نەماوە، هەموویان یاخود زۆربەیان یاخی بوون لە نیشتیمان و نیشتیمانی دایکیان بەجێهێشت، ئەم جۆش و خرۆشە بە تەنیا لە شەقامی سالم و سەهۆڵەکە و لای باخی گشتی سلێمانی نییە، پیرە کۆڵانەکانی هەولێر و لای قەڵا و سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان، ئەم گڕی خۆشەویستییەی نیشتیمان گەنجانی بە شەو و ڕۆژ هێنایە سەر شەقامەکان.
زۆر بوون ئەوانەی دەیان وت، گەنج هیچ دەربارەی کورد بوون نازانێت، بەڵام هەموو ئەمانە نامەیەک و پەیامێکی تۆقێنەر بوو بۆ هەموو جیهان، تاوەکو بزانن لەهەر جێگەیەک کوردێک بریندار بێت، بە ڕۆح و ماڵ پشتیوانن، ڕۆژئاڤا تەنیا سنورێکی جوگرافی نزیک نییە بۆ ئێمەی کورد، بەڵکو خوێنی نەتەوەیی لە گیانماندایە.
بژی بەرخۆدانێ ڕۆژئاڤا تەنیا هاواری گەنجێک و شەقامی شارێک نییە، ئەمە تەکید کردنەوەیە، کە گەنج وڵات بوونیاد دەنێ و مێژوو شاهێدی ئەم یەک دەنگی و یەک ئامانج و یەک خەون و یەک هەڵوێستییەی، گەنجانمانە، هەروەها بە هەموو جیهانیان وت وڵات و نیشتیمانمان بە تەنیا بەجێ ناهێڵین، گەنجی ئەم سەدەیە بە گەنجی سۆشیال میدیا ناسراون، بەڵام پشگیرییەکانیان سۆشیال میدیای کوردی و جیهانیی تەنیوە و چەک هەڵدەگرن وە دەچنە سەنگەری شەڕڤانانی ڕۆژئاڤا بۆ کوشتن و شەڕکردن نا، بەڵکو بۆ پارێزگاری کردن، لە دەست درێژی بۆ نیشتیمانمان و کەزیی کچەکانمان.
ئەوەی لەسەر شەقامەکان هاوار دەکات ''بژی ڕۆژئاڤا'' ئەمە بەتەنیا هاوار و برینی گەنج نییە، بەڵکو گەنج و پیر و هونەرمەند و مامۆستا و دایک و باوکمان و هاوار و پەیامی مامۆستایانی ئایینیشە، چونکە لێرەدا بابەتەکە بابەتی کوردایەتی و برینی پارچەیەکی دیکەی نیشتیمانمانە، بۆیە پێکەوە هەموو کۆمەک و هاوکاری و هاریکاری یەکدی دەکەین.
شێرکۆ بێکەس لە شیعرێکدا دەنووسێت؛''
"ئەگەر لە ناو شیعرەکانمدا گوڵ دەربێنن، وەرزێکم دەمرێت. ئەگەر ژن دەربێنن، عیشقم دەمرێت. بەڵام ئەگەر (ئازادی) دەربێنن، خۆم و شیعر و وڵاتم پێکەوە دەمرین''
بڕینی کەزیی کچەکانمان نیشاندانی ئاڵای نوێی نیشتیمانمانە، جگە لەوەی لە هەموو شەقام و ماڵ و فەرمانگە و زانکۆ و خوێندنگە و هەموو جێگەیەک کە خۆشەویستی نیشتیمانی تێدا چرۆی کردبێت، هۆنرایەوە و گەورەترین ئاڵای نیشتیمانیان کردە چاوی جیهان و نەیارانی وڵات.
ئەوەی ماوە بیڵێم، ئەگەر چی لەهەرێمی کوردستان بێ کاری، بێ موچەیی، ململانێی حیزبە سیاسییەکان و خراپی زۆربەی سێکتەرەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی تاک بەتاک دروستکردووە، بەڵام ئەشێ جێی نەهێڵین، لە جیاتی کۆچی نیشتیمان، بە ئاسۆییەکی روون و ئیرادەیەکی بەرزەوە بڵێین وڵات بۆ نەیاران بە جێناهێڵین.