میدیا ناوخۆییەکانی زیمبابۆی بڵاویانکردەوە، دیسیر مۆیۆی پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە، لە روداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشاوە بە فیلێکدا و چوار پەرلەمانتاری تریشی لەگەڵ بووە و بریندارن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، روداوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بووە، پێنج پەرلەمانتارەکە لە گەشتێکدا بوون لە رێگەی سەرەکی (بولاوایۆ-گوێروی) وڵاتەکەیان و دیسیر مۆیۆ دەستبەجێ لە شوێنی روداوەکە گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بەسەختی بریندارن.
شایەتحاڵەکان بە میدیاکانیان راگەیاندوە؛ ئۆتۆمبێلەکە بەر پشتی فیلەکە کەوتووە و دواتر ئاژەڵەکە هێرشی کردووەتەوە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان و بەهۆیەوە دیسیر مۆیۆ گیانی لەدەستداوە.
دیسیر مۆیۆ، جگە لەوەی پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن بووە، بە شاعیرێکی بەناوبانگ و چالاکوانێکی فەرهەنگی وڵاتەکەشی ناسراوە و 46 رۆژی تر یادی لەدایکبونی بووە.
فڕۆکەی جۆری ئێرباس A380-800 ، لەلایەن کۆمپانیای ئێرباسەوە بەرهەمدەهێنرێت و بە گەورەترین فڕۆکەی نەفەرهەڵگر دادەنرێت و هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات خاوەنی نزیکەی لەسەدا 50%ی ئەو جۆرە فڕۆکەیە.
فڕۆکەی ئێرباس A380-800, یەکەم فڕینی خۆی لە 17ی نیسانی ساڵی 2005 ئەنجامداوە و لە ساڵی 2007 لە هێڵی فڕۆکەوانی سەنگاپور دەستی بە خزمەتکردوە، تائێستا 251 فڕۆکەی لەو جۆرە دروستکراوە و وڵاتی ئیمارات خاوەنی 123 فڕۆکەی جۆری A380-800 کە لەسەدا 49ی سەرجەمی بەرهەمی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دەکات، تێچووی دروستکردنیشی زیاتر لە 446 ملیۆن دۆلارە و بەپێی داواکاری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی نرخەکەی دەگۆڕێت.
قەبارەی فڕۆکەی ئێرباس A380-800 ،درێژی فڕۆکەکە 72.7 مەترە،پانی باڵەکانیشی 79.75 مەترە بەرزیەکەشی 24 مەترە.
توانای هەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆر سەرنشین هەیە، بە دوو جۆری جیاواز، کە هەرسێ بەشی ئیکۆنۆمی و فێرست کڵاس و بزنس کڵاس دەتوانێت 575 سەرنشین هەڵبگرێت، هەروەها جۆری ئۆڵ ئیکۆنۆمی کە سەرجەم بەشەکانی فڕۆکەکە ئیکۆنۆمیە دەتوانێت 853 سەرنشین هەڵبگرێت، لەکاتی گەشتەکانیشیدا 20-26 کارمەند بەردەوام چاودێری و خزمەتی سەرنشینانی ناو فڕۆکەکە دەکەن.
فرۆکەی ئێرباس A380-800، توانایەکی زۆری فڕینی دوورمەودای هەیە بەجۆرێک بە یەک فڕین دەتوانێت 15 هەزار و 200 کیلۆمەتر بفڕێت، بەوەش دەتوانێت بە یەک فڕین لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتە ویلایەتی لۆس ئانجلس لە باشوری رۆژئاوای ئەمریکا و هەریەک لە شارەکانی بۆینس ئایرس لە ئەرجەنتین و سانتیاگۆی چیلی و ئۆکڵاند لە وڵاتی نیوزلەندا.
خێرایی فڕۆکەکە، 903 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و لەو پەڕی خێرایشدا دەتوانێت هەزار و 98 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا ببڕیت، هەروەها ئەو فڕگەی تێیدا دەست بە فڕین دەکات دەبێت نزیکەی سێ هەزار مەتر بێت بەهۆی گەورەی قەبارەی فڕۆکەکەوە.
کێشی فڕۆکە لە کاتی فڕیندا 650 تۆنە، لە کاتی نیشتنەوەشدا دەبێتە 386 تۆن بەهۆی بەکارهێنانی بەشێکی زۆری ئەو سوتەمەنیەی لە باڵەکانیدایە، هەروەها دەتوانێت 38 تۆن کەلوپەلی سەرنشینەکانیشی لە بەشی کۆگاکردنی فڕۆکەکە هەڵبگرێت.
فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئێرباس A380-800، لە ئێستادا بە گەورەترین فڕۆکەی مەدەنی لە جیهاندا دادەنرێت و لە لایەن 10 هێڵی فڕۆکەوانی جیهانیەوە بۆ گەشتە دوورەکان بەکاردەهێندرێت.
شارەزایانی بواری ئابوری دەڵێن، خەرجییە بچوکەکان یاخود "شاراوەکان" ساڵانە بەشێکی زۆر لە داهاتەکەت دەبات بەبێ ئەوەی خۆت هەستی پێبکەیت.
حەسەن حاتوم شارەزای بەڕێوەبردنی دارایی لوبنانی رایگەیاندووە، خەرجییە شاراوەکان، وەک کونێکی بچوکن لە بەلەمی داراییدا، ئەگەر هۆشیاری و چاودێری نەبێت زیانێکی زۆر لە داهاتی تاکەکان دەدات.
دەشڵێت، زۆر کەس لە بەڕێوەبردنی دارایی خۆیاندا سەرنجیان لەسەر خەرجییە گەورەکانی وەک کرێی خانوبەرە یان پەروەردەیە، بەڵام زۆرجار چاوپۆشی لەوە دەکەن کە بە خەرجییە شاراوەکان، کۆمەڵێک خەرجیی بچوک کە پێدەچێت کەم بایەخ بن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی دارایی گەورە کە بەشێکی بەرچاو لە داهاتی مانگانە بە هەدەردەدات.
ئەو شارەزای بەرێوەبەری داراییە ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارترین جۆرەکانی خەرجییە شاراوەکان وبچوکەکان بریتین لە؛ کرێی بانکی، تێچووی بچوک وەک و گواستنەوە کە ساڵانە کۆدەبێتەوە، گەیاندنی خۆراک شتێکی رۆژانەیە بەڵام ساڵانە ئەگەری هەیە هەزار و 200 دۆلار لە داهاتەکەت ببات.
خەرجییە نەختینەییەکانی رۆژانە، وەک قاوە و گواستنەوەی کورت مەودا، دەتوانێت ساڵانە لە هەزار دۆلار لە داهاتی تاک بە هەدەر دەدات.
حاتوم ئاشکراشیکرد،، چارەسەر بۆ دوورکەوتنەوە لەم خەرجییە شاراوانە بریتییە لە پێداچوونەوە بە بەشداریکردنە دوبارەبوەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەوانەی کە ناپێویستن، دانوستان لەگەڵ بانکەکەت بکەیت بۆ کەمکردنەوەی کرێ یان هەڵبژاردنی ئەکاونتی دیجیتاڵی بەبێ کرێ، رێکخستنی بەکارهێنانی ئەپەکانی گەیاندن، پەسەندکردنی داهاتی رۆژانە بۆ خەرجکردنی نەختینەیی، پاشەکەوتکردنی سەرەتا یان لێبڕینی رێژەیەکی دیاریکراو لە موچەکەت، پێش خەرجکردن.
پارێزەرێک لە ئەمریکا سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەنی دامەزرێنەری کۆمپانیای مێتا تۆماردەکات، کە بەهۆی ناوەکەیەوە چەندین جار هەژمارەکانی داخراون.
مارک زوکەربێرگ پارێزەرێکی ئەمریکییە سکاڵای یاسایی لەسەر مارک زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیای مێتا تۆمارکرد، دوایی ئەوەی چەند هەژمارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەهۆی ناوەکەیەوە داخراوە.
مارک زوکەربێگری پارێزەر رایگەیاندووە، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا پێنج جار هەژمارەکانی داخراوە، کە کارە بازرگانییەکانی تێدا ئەنجامدەدا، بەهۆشیەوە چەندین هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
زوکەربێرگی پارێزەر ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە کەس ئەوە نەزانێت، بەڵام چەندین کەس هەمان ناوی خاوەنی کۆمپانیای مێتایان هەیە، بەنمونە پارێزەرێکی مایەپووچ کە ویلایەتی ئیندیانا دەژی، بەهۆی ناوەکەیەوە ئازارێکی زۆر دەچێژێت، چونکە ئەو پارێزەرە مایەپووچ بووە، زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیاکەش یەکێکە لە دەوڵەمەندەکانی جیهان.
جێگەی ئاماژەیە پارێزەرەکە لەرێگەی هەژماری فەیسبووکەوە کاری ناساندن و پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیارەکان و بریکارەکان ئەنجامدەدات، بەڵام بەهۆی کۆمپانیای مێتاوە لەساڵانی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی زیانی ئابوری بوونەتەوە.
هاوکات، ئەو پارێزەرە زیاتر لە 11 هەزار دۆلاری لە رێکلام کردن لە پەیج و پلاتفۆڕمەکانی مێتا خەرجکردووە.
هەروەها پارێزەرەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، دەبێت شەوانە مۆبایلەکەی بکوژێنێتەوە، چونکە بەردەوام لە رێگەی مەسنجەرەوە هەڕەشەی کوشتن و هەراسانکردنی لێدەکرێت، وا دەزانرێت ئەو بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتایە.
لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلوول، وەرزی هاوینی گەرم کۆتایی پێدێت و سروشت خۆی بۆ وەرزی پایز ئامادە دەکات. بەڵام دوو رێگەی جیاواز هەیە بۆ دیاریکردنی دەستپێکی ئەم وەرزە نوێیە: رۆژژمێری کەشناسی و رۆژژمێری فەلەکی، کە هەریەکەیان کات و بنەمای خۆی هەیە.
پایزی کەشناسی: سادە و جێگیر
بەپێی رۆژژمێری کەشناسی، کە زۆربەی پسپۆڕانی کەش و هەوا و ناوەندەکانی پێشبینی بەکاری دەهێنن، وەرزەکان بە شێوەیەکی سادە دابەشکراون. هاوین لە 1ی حوزەیران دەست پێدەکات و لە 31ی ئاب کۆتایی دێت. بەم پێیەش، وەرزی پایز لە 1ی ئەیلوول دەست پێدەکات و تا 30ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. ئەم دابەشکردنە ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی ئامار و بەراوردکردنی داتاکانی کەشوهەوا لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر.
پایزی فەلەکی: بەپێی سوڕانەوەی زەوی
بەڵام لە روی فەلەکییەوە، دەستپێکی وەرزەکان پەیوەستە بە خولگە و سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا. وەرزی پایز لە نیوەگۆی باکووری زەوی لە کاتی هاوسەنگبوونی پاییزی (Autumnal Equinox) دەست پێدەکات، کە ئەمساڵ دەکەوێتە 22 یان 23ی ئەیلوول.
لەم رۆژەدا، ماوەی شەو و رۆژ لەسەر هەردوو نیوەگۆی باکوور و باشووری زەوی نزیکەی یەکسان دەبێت. دوای ئەم بەروارە، لە نیوەگۆی باکوور رۆژەکان کورتتر و شەوەکان درێژتر دەبنەوە، ئەمەش نیشانەی رەسمی هاتنی پایزە.
گۆڕانکارییەکانی چاوەڕوانکراوی کەشوهەوا
لەگەڵ هاتنی پایز، چەندین گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدەن. پلەکانی گەرما، بەتایبەتی لە شەواندا، وردە وردە نزم دەبنەوە. جیاوازیی نێوان پلەی گەرمای شەو و رۆژ زیاتر دەبێت. هەروەها، شێ لە هەوادا زیاد دەکات و ئەگەری دروستبوونی هەور و بارانبارین پلە بە پلە زیاتر دەبێت، تاوەکوو بەرەو وەرزی سەرما و دابارین دەڕۆین.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایدەکات، دوای دەیان ساڵ لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ بوژانەوەی چینی ئۆزۆن، رەنگە هۆکاربێت لە خێراکردنی گەرمبوونی جیهان.
بەپێی توێژینەوەک کە لە گۆڤاری Atmospheric Chemistry and Physics بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 چینی ئۆزۆن ببێتە دووهەم گەورەترین هۆکاری گەرمبوونی جیهان لە دوای دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە.
توێژینەوەکە پێشبینی کردووە ئۆزۆن بەشداربێت لە گیرانی وزەی زیادە بە بڕی 0.27 وات لە مەتر چوارگۆشەیەک لە نێوان ساڵانی 2015 و 2050، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەردەوامی چاکبوونەوەی چینە ئۆزۆنەکان زۆربەی ئەو قازانجە کەشوهەوایانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە چاوەڕوان دەکرا لە قەدەغەکردنی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (CFCs) و هایدرۆکلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (HCFCs) بەپێی پرۆتۆکۆڵی مۆنتریاڵی ساڵی 1987 بەدەست بێت.
پرۆفیسۆر بێڵ کۆلینز کە سەرکردایەتی تیمی توێژینەوەکە دەکات، رایگەیاندووە: وڵاتەکان هێشتا کارێکی دروست دەکەن بە قەدەغەکردنی مادە کەمکەرەوەکانی ئۆزۆن، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە کە بە گەڕانەوەی چینە پارێزەرەکە هەسارەکە زیاتر گەرم دەکات لەوەی پێشتر بیرمان لێدەکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاشماوەی کارگە و ئۆتۆمبێلەکانیش کە تێکەڵی بەرگە هەوا دەبن بەشدارن گەرمبوونی جیهان و کێشەی تەندروستی دروستدەکەن.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو گازانەی کە بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن قەدەغەکراون خۆیان مادەی ساردکەرەوەی بەرگەهەوا بوون. لەگەڵ نەمانی ئەوان، سیستەمی کەشوهەوا ئەم کاریگەرییە ساردکەرەوەیانە لەدەست دەدات، لە کاتێکدا ئۆزۆنی وەرگیراو بەشدارە لە گەرمبوونی زیاتر.
ئێستا زانایان و بڕیاردەران رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە کە هاوسەنگکردنی پاراستنی چینە ئۆزۆنەکان کە ژیان لەسەر زەوی دەپارێزێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی گەرمبوونی جیهان کە مەترسی لەسەر تەواوی سیستەمی کەشوهەوا دروست دەکات. ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی ستراتیژی یەکگرتوو هەیە کە لە یەک کاتدا هەردوو کێشەکە چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمخانەییەکانی دیکە، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرز بکاتەوە.
پۆلیسی دوبەی شكستی بە هەوڵێكی دزینی ئەڵماسێكی دەگمەن هێنا كە بەهاكەی چەندین ملیۆن دۆلارە.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات رایگەیاند، فەرماندەیی پۆلیسی میرنشینی دوبەی وڵاتی ئیمارات باندێكی سێ كەسی بە رەگەز ئاسیایی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دزینی ئەڵماسێكی پەمەیی دەگمەن دەستگیركردووە كە بەهاكەی بە 25 ملیۆن دۆلار دەخەمڵینرێت و لەلایەن رێكخراوە جیهانییەكانەوە بڕوانامەی رەسەنی هەیە و لە 10 هەزار ئەڵماس تەنها یەك دانەیان لەو جۆرەیە.
راشیگەیاند، باندەكە بەدرێژایی ساڵێك پلانێكی چڕ و وردیان داناوە و وسیتوویانە لەڕێی فریودانی خاوەنی ئەڵماسەكەوە لێی بدزن و بیگوازنەوە دەرەوەی وڵات.
کەشتیوانانی بۆشای ئاسمان دەیان رۆژ و هەنێک جاریش چەند مانگێک لە بۆشای ئاسمان دەمێننەو، وێڕای مەترسیە زۆرەکان بۆ سەر ژیانیان موچەیەکی زۆریشیان نیە، بەپێی وتەی کەشتیوانێکی بۆشای ئاسمان، کە بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی راگەیاندوە.
نیکۆڵ ستۆت کەشتیوان و ئەندازیاری خانەنشینکراو بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی راگەیاندوە، موچەکەی زۆر کەمەوە لە چاو ئەو خزمەتەی کە کردویەتی، لەکاتێکدا لە ژیانی پیشەییدا دووجار گەشتی بۆشای ئاسمانی کردوە و لە ساڵی 2009دا بۆ ماوەی سێ مانگ لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشای ئاسمان ماوەتەوە.
کادی کۆڵمان کەشتیوانی پێشوی ئاژانسی ناسا رایگەیاندبوو، کەشتیوانان موچەی بنەڕەتی خۆیان وەردەگرن، هەروەها موچەی کاتەکانی کارکردن و بڕە پارەیەکیشیان بۆ مەترسیەکانی کاتی کارکردن بۆ دابین دەکرێت.
ئاژانسی ناسا ئاماژەی بەوەکردوە، موچەی ساڵانەی کەشتیوانی بۆشای ئاسمان، 152 هەزار و 258 دۆلارە و بەپێی شارەزایی و خوێندن دەگۆڕێت.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زۆر کەس پەنا بۆ خۆشۆردن بە ئاوی سارد دەبات، بەپێی توێژینەوەیەک خۆشۆردن بە ئاوی سارد دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی و سوڕی خوێن ناچالاک دەکات.
ئادەم تایلۆر مامۆستای ئەتۆنامی لە زانکۆی لانکاستەری بەریتانیا لە وتارێکدا بڵاویکردووەتەوە، خۆشۆردن بە ئاوی سارد لە وەرزی هاویندا و لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پێچەوانەی بنەما تەندروستییەکانە و هیچ سودێکی نییە، هەروەها هەندێک کات کێشە بۆ تەندروستی مرۆڤ دروستدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەکارهێنانی ئاوی سارد بۆ خۆشۆردن یارمەتی دابەزاندنی پلەی گەرمای ناوەوەی جەستە نادات و بەڵکو خوێنبەرەکانی سەر رووی پێشت بەر تەسک دەکاتەوە و رۆشتنی خوێن بۆ رووی پێست کەمدەکاتەوە.
تایلۆر ئەوەشی خستووەتەڕوو، خۆشۆردن لە ئاوی گەرمی 15 پلەی سەدی، وادەکات خوێنبەرەکانی ناو پێست بە خێرایی تەسک ببنەوە، ئەمەش فشاری خوێن زیاد دەکات لەگەڵ پەمپکردنی خوێن لەلایەن دڵەوە.
بەپێی توێژینەوەکان، خۆشۆردن بە ئاوی سارد یارمەتی پاککردنەوەی جەستە نادات، چونکە دەرکەوتووە کەمتر کاریگەری هەیە بۆ لابردنی ئارەق و پیسی و بۆنی جەستە.
تایلۆر پێشنیاری خۆشۆردنی بە ئاوی شلەتێن یان مامناوەند کردووە لە 27 پلەی سیلیزی، چونکە ئەمە باشترین پلەی گەرمی ئاوە بۆ خۆشۆردن و هاندەری رۆیشتنی خوێنە بۆ رووی جەستە و هۆکارە بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی لەش.
بەپێی توێژینەوەیەک، پەیوەندی مرۆڤەکان بە سروشتەوە بە رێژەی % 60 دابەزیوە، پێشبینیش دەکرێت ئەگەر گۆرانکاریی لە سیاسیەت و کۆمەڵایەتی روونەدات زیاتر ئاستی پەیوەندی سروشت بە مرۆڤەوە بەردەوام دەبێت لە دابەزین.
بەپێی توێژینەوەیەکی مایڵز ریچاردسۆن، کە مامۆستای پەیوەندی سروشتە لە زانکۆی دێربی، بەدواداچوونی بۆ لەدەستدانی سروشتکردووە لە ژیانی خەڵکدا و ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی 220 ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی داتای شارنشینی و لەدەستدانی گیانلەبەر کێوییەکان یەکێکن لە هۆکارەکان، هەروەها نەگواستنەوەی پەیوەندی دایک باوکان لەگەڵ سروشت هۆکارێکی سەرەکی کەمبوونەوەی پەیوەندی سروشتە لەگەڵ مرۆڤ.
لە توێژینەوەکەدا کە لە گۆڤاری 'Earth' بڵاوکراوەتەوە، لە نێوان ساڵانی 1800 بۆ 2020 پەیوەندی مرۆڤ و سروشت بەرێژەی % 60.6 دابەزیوە و گەیشتە لوتکە.
ریچاردسۆن دەڵێت: زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەهەر شارێکدا بە رێژەی پێویستە بگاتە 30% ، پێچەوانەکردنەوەی دابەزینی پەیوەندی سروشت، بەڵام، بەپێی توێژینەوەکەی هەر شارێک رەنگە پێویستی بە 10 هێندە رێژەی سەوزایی هەبێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هونەرمەندی ناسراوی میسر، سەید سادق، لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لؤی، کوڕی هونەرمەند، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک هەواڵی کۆچی دوایی باوکی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی: "إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ.. باوکی خۆشەویستم (سەید سادق) کۆچی دوایی کرد".
هونەرمەند سەید سادق، کە بە رۆڵی کەسایەتی شەڕانگێز و دەرچوو لە یاسا ناسرابوو، بەشداری لە ژمارەیەکی زۆر فیلمی سینەمایی و درامای جۆراوجۆردا کردووە. لە دیارترین کارە هونەرییەکانی بریتین لە فیلمەکانی "ئیمپراتۆر" لەگەڵ ئەحمەد زەکی، "پڵنگ و مێینە" لەگەڵ عادل ئیمام، و "کیدە ڕەزا" لەگەڵ ئەحمەد حلمی.
هەروەها لە چەندین درامای بەناوبانگیشدا دەرکەوتووە، وەک "تیپی ناجی عەتەڵا" لەگەڵ عادل ئیمام، "ڕاستی و سەراب" لەگەڵ فیفی عەبدە، و "لە جل و بەرگی باوکمدا ناژیم" لەگەڵ نوور شەریف، جگە لە دەیان کاری دیکەی سەرکەوتوو و بەناوبانگ.
بەهۆی رۆڵە کاریگەرەکانیەوە لە فیلم و دراما میسرییەکاندا، سەید سادق، وەک عادلی مام و نوری شەریف و ئەکتەرە دیارەکانی تری ئەوکاتی میسر، بەشێکە لە یادەوەری 80کانی عاشقانی سینەما و لە ناو نەوەی پێشوی کوردیشدا ناسراو و دیاربوو.
وەتسئەپ لەمساڵدا نزیکەی حەوت ملیۆن ئەکاونت دادەخات و کۆمپانیاکەش ئاشکراشیکردووە، ئەو ئەکاونتانە بۆ فێڵکردن لە خەڵک بەکارهێنراوە.
کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی وەستئەپە، رایگەیاندووە، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا شەش ملیۆن و 800 هەزار ئەکاونتیان داخستووە، کە لەلایەن هەندێک لایەنی تاوانکاری باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەکاردەهێنران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئەکاونتانە لەلایەن هەندێک گروپەوە بۆ فێڵکردن لە هاووڵاتیان بەکارهاتووە لە سەرانسەری جیهاندا.
کۆمپانیای مێتا ئەوەشی خستوەتەڕوو، بە شێوەیەکی چالاکانە ئەو ئەکاونتانەی دۆزیوەتەوە و دایانخستووە پێش ئەوەی بتوانن فێڵ لە خەڵک بکەن، ئەکاونتەکانی رەشکردووەتەوە.
ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.
سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟
گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.
سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.
"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"
لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.
تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.
ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.
چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟
چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.
تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.
ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!
"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"
لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.
"سێ خۆزگەکەی من"
لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.
"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"
بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.
لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.
"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"
لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.
لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.
چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟
لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.
وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا
"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"
لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.
باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.
لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.
وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ
لە شاری یارییەکی سعودیە بەهۆی شکانی یەکێک لە یارییەکانەوە 32 کەس بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
روداوەکە لە شاری یارییەکی سعودیە رویداوە و لەو ساتەی یارییەکە لە کاردا بووە و 32 کەسی لەسەر بووە، لەناکاو شکاوە و بەشێکی یارییەکە لە بەرزییەوە بەر بۆڕی راگرەکان دەکەوێت و دەکەێتە سەر زەوی.
لە روداوەکەدا سەرجەم 32 کەسەکە بریندار بوون، کە بەشێکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە و شکانی یارییەکە، چەند بەڕێوەبەر و کارمەندێکی شاری یارییەکەش بە مەبەستی لێپرسینەوە دەستگیر کراون.
ياساتر يارب انهم بخير وسلامة
— عبدالىىىلام الحارثي (@alharthi_26) July 31, 2025
هذي العاب في منتزه الجبل الاخضر في الطائف طاحت اليوم عليهم وفيها ناس يلعبون
شوفوا اللي طار يارب مافيه شيء وبخير وسليم 😨😨 pic.twitter.com/D8dN8WHgRO
شارەزایەکی کەشناسیی پێشبینی خۆی لەبارەی کەشوهەوای مانگەکانی داهاتوو بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: مانگی داهاتوو شەپۆلی گەرمای بەهێزتری تێدایە و زستانی ئەمساڵیش لە سێ ساڵی رابردوو ساردتر و بەفراویتر دەبێت.
شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسیی لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، بەپێی پێشبینییەکان، مانگی هەشتی ئەمساڵ زۆر گەرم دەردەکەوێت و ئەگەر هەیە ریکۆردی نوێ لە بەرزی پلەکانی گەرما تۆمار بکرێت.
باسی لەوەشکردووە، مانگی داهاتوو شەپۆلی گەرمای بەهێزتری بەراورد بە ماوەی رابردوو تێدا دەبێت.
لەبارەی وەرزی زستانەوە:
شاڵاو هیدایەت رایگەیاندووە، بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکان وەرزی زستانی داهاتوو لە دوای زستانی 2021-2022ـەوە زۆرترین سەرما و بەفری تێدا دەبێت، بە شێوەیەک سەرما و بەفر زیاتر دەبێت لە هەر سێ زستانی ساڵانی "2022-2023 و 2023-2024 و 2024-2025".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە لەدوای هاوینی 2021ـەوە ئەوە دووەمجارە 'گڕەبا' لەناو وەرزی هاوین و مانگی تەممووزدا هەبێت، بەتایبەت لە بەشێکی ناوچە شاخاوی و سەرجەم ناوچە نیمچە شاخاوی و دەشتاییەکان.
دەشڵێت: تۆمارکردنی ریکۆردی نوێی پلەی گەرما لە چەندین شوێنی شاخاوی و نزیک شاخاوی، ئاماژەیەکی تری زیادبوونی سەرما و بەفرە بۆ ناو وەرزی زستان.
ئەوەشی خستووەتە روو، دوای تێپەڕبوونی مانگەکانی 8 و 9 بە تەواوی روون دەبێتەوە کە بەفر و سەرما لە ساڵی 2022 و ساڵانی پێشتریش زیاتر دەبێت یان نا.
لەبارەی بارانبارینیشەوە نووسیویەتی، سەرەتای وەرزی داهاتوو لەرووی بارانبارینەوە زۆر باش نابێت، بەڵام دواتر لە ناوەڕاستی پاییز بە دواوە بارانبارین زیاتر دەبێت، کە لەسەروو ئەوانەشەوە بەراورد بە پاییزی رابردوو باشتر دەبێت.