هەمەڕەنگهەمەڕەنگ

لە چین بۆ یەکەمجار پرۆسەی رێککردنەوەی ددان بۆ پاندایەک بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا کە لە چارەسەری مرۆڤەوە وەرگیراوە.

ئاژانسی هەواڵی "شینخوا" ئاشکرایکرد، پسپۆڕان لە چین یەکەمین نەشتەرگەری و پرۆسەی رێککردنەوەی ددانیان بۆ ئاژەڵی پاندا ئەنجامدا، بە بەکارهێنانی تەکنیکێک کە لە پزیشکیی ددانی مرۆڤەوە وەرگیراوە.

پاندایەکی نێری زەبەلاح بە ناوی "بیکسیا" کە لە ساڵی 2022 لەدایکبووە، کەمێک دوای لەدایکبوونی تووشی پێکان لە شەویلکەیدا بووەتەوە، پسپۆڕان نیگەران بوون لەوەی ئەم پاندایە لە داهاتوودا تووشی کێشە ببێت لە جوینی داری خۆراکییەکەی 'حەیزەران'، کە ئەوەش مەترسییەکی جدی لەسەر ژیانی دروست کردبوو.

ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "پسپۆڕانی چین سەرکەوتوو بوون لە چاککردنەوەی ناڕێکیی شەویلکەی خوارەوەی پاندایەکە، بە بەکارهێنانی رێکارەکانی رێککردنەوەی ددان کە لە چارەسەری مرۆڤەوە وەرگیراون."

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمە "یەکەمین پرۆسەی لەو شێوەیەیە کە بۆ ئەم جۆرە دەگمەنەی ئاژەڵان ئەنجام بدرێت."

پرۆسەی چارەسەرکردنەکە لەلایەن پسپۆڕانی سەنتەری "چێنگدو" بۆ توێژینەوە و بەخێوکردنی پاندا و نەخۆشخانەی رۆژئاوای چین بۆ پزیشکیی ددان ئەنجامدراوە.

ئاژانسی شینخوا ئەوەشی خستەڕوو، ئەم چارەسەرە بووە هۆی گەڕانەوەی توانای جوین و گەستنی ئاژەڵەکە بۆ باری سروشتیی خۆی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان 100 ساڵ زیاترە، لە وڵاتەکەدا 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 107 هەزار و 677 کەس

بەپێی ئامارە رەسمییەکان، ژاپۆن تاکە وڵاتە بگاتە ئەو ژمارەیە لە کەسانی بەتەمەن و نزیکەی %88ی ئەم بەساڵاچوانە ژنن.

بەتەمەنترین ژنی وڵاتەکە، وەک ئەوەی تەندروستی وڵاتەکە بڵاویکردوەتەوە، 114 ساڵە و لە پیاوانیشدا 112 ساڵە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری تەندروستیی ژاپۆن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خاوەنی تەمەنێکی درێژ، تەندروست و چالاکن.

هاوکات پسپۆڕانیش سیستمی خۆراکی تەندروست کە زیاتر لە ماسی، سەوزەوات و برنج پێکهاتووە لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی بەردەوامی وەک پیاسەکردن، بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و پاسکیلسیواری، بە هۆکاری سەرەکیی تەمەندرێژیی هاووڵاتییانی ژاپۆن دەزانن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەپێشهاتێکی نوێ و دەگمەنەدا، پزیشکانی کابوڵ، توانیان بە سەرکەوتوی چارەخوازێک رزگاربکەن و 30 بزمار بەبێ نەشتەرگەری کراوە لە گەدەیدا دەربهێنن.

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی سەردار محەمەد داود خان، لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی بجوکەوە توانیویانە 30 بزمار لە گەدەی نەخۆشێکدا دەربهێنن.

لێپرسراوانی نەخۆشخانەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، نەخۆشەکە بزمارەکانی قوتداوە و دوای تێکچونی رەوشی تەندروستی چارەسەری پیویستی بۆ ئەنجامدراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، چارەخوازەکە تەندروستی جێگیرە، بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی زیاتر سەبارەت بە پاڵنەرەکەی نەخۆشەکە و چۆنیەتی قووتدانی بزمارەکان بڵاونەکراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاشە و تابلۆی ریکلامییەکان لە چەندین شاری چین دەستیان کردووە بە نمایشکردنی وێنەی دیارترین زانا و توێژەرانی وڵات لە شوێنە گشتییەکاندا، ئەوەش لەجیاتی ریکلامە نەریتییەکانی تایبەت بە ناوداران و نمایشکارانی جلوبەرگ.

ئەم هەنگاوە بە مەبەستی شانازی کردنە بەو کەسایەتییانەی رۆڵیان هەبووە لە پێشکەوتنی وڵات لە بوارە جیاوازەکانی وەک پزیشکی، دەروونناسی، ئەندازیاری و بۆشایی ئاسمان، جیا لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە بەهای زانست و دەستکەوتە زانستییەکان.

ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، ئاشناکردنی خەڵکی ئەو وڵاتەیە بە دەستکەوتی ئەو زانایانە و تیشکخستنە سەر رۆڵیان لە بەدەستهێنانی بازدانی زانستی بۆ وڵات.

ئەم گۆڕانکارییە فکرییەش دەنگدانەوە و دەستخۆشییەکی فراوانی لەسەر ئاستی جەماوەری و میدیایی لێکەوتووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رۆژمێری وڵاتی ئەسیوبیادا، هەموو ساڵێک لە 11ـی 9دا، ساڵ نوێدەبێتەوە و بەو بۆنەیەوە و ئامادەکاری بۆ جەژنێکی تایبەت بەو ساڵە نوێیە دەکەن.

حکومەتی ئەسیوبیا رایەگەیاند، بەرنامەی ساڵی نوێی وڵاتەکەیان تیشک دەخاتەسەر تەواوکردنی پڕۆژە گەورەکانی وەک، برەودان بە کشتوکاڵ، پیشەسازی و وزە، بەهێزکردنی ئابوریی دیجیتاڵی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

رۆژمێری ئەسیوبی، حەوت بۆ هەشت ساڵ لە دواوەی رۆژمێری زایینییە و لە 13 مانگ پێکهاتووە؛ 12 مانگیان 30 رۆژین، بەڵام مانگی سێزدەهەم لە پێنج رۆژ پێکهاتووە، یان شەش رۆژ لە ساڵی پڕدا.

ساڵی نوێی ئەسیوبی لە 11ـی 9ـی هەموو ساڵێکی زایینیدا دەست پێدەکات، یان لە 12ـی 9ـی لەو ساڵانەی پێش ساڵی پڕ دەکەون.

بەم پێیەش، لە کاتێکدا زۆرینەی وڵاتی جیهان لە ساڵی 2026 دان، ئەسیوبیا پێشوازیی لە دەستپێکی ساڵی 2019ـی ناوخۆیی خۆی دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای ئادیداسی ئەڵمانی بۆ پێداویستییە وەرزشییەکان داوای لێبوردنی کرد، دوای ئەوەی روبەڕوی شەپۆلێکی رەخنە و داوای بە بایکۆتکردن بووەوە بەهۆی بەشداریکردنی سەربازێکی پێشوی ئیسرائیل کە قاچێکی لەدەستداوە لە کمپینێکی ریکلامکردندا.

شالێڤ بیتۆن، سەربازێکی پێشوی ئیسرائیل بەشداریی لە هەڵمەتێکی ناوخۆیی کرد بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاری "یەک پێڵاو"، کە رێگە بەو کەسانەدەدات کە یەکقاجیان هەیە سود لەو جۆرە پێڵاوە وەربگرن کە ئەدیداس دروتسی کردوە.

بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەو سەربازە توڕەیی چالاکوانانی لایەنگری فەلەستینی لێکەوتەوە، بەتایبەت، دوای ئەوەی بەهۆی هێڕسيکانی ئیسرائیلەوە ژمارەیکی زۆر هاووڵاتی لە غەززە قاچێکیان لە دەستداوە بەهۆی جەنگەوە.

 کۆمپانیاکە رایگەیاندوە، ئامانجیان بە هیچ شێوەیەک دڵئێشاندن نەبووە و داوای لێبوردنیان لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە کاریگەر بوون بەم بابەتە.

هاوکات رونیان کردەوە، کە ریکلامەکە لەلایەن تیمە خۆجێییەکەیانەوە تەنها لەناو ئیسرائیل ئەنجامدراوە و بەشێک نەبووە لە هەڵمەتێکی جیهانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی، لە  رۆژی (1 بۆ 31ـی ئابی 2026)، زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لە بەشی راوێژکاری و دەوامی بەیانیانی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری بینراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، مانگی رابردوو 133 هەزار و 55 منداڵ چارەسەریان لە د. جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان وەرگرتوە و دوو هەزار  و118 منداڵیش خەوێندراون.

هاوکات لە هەمان ماوەدا، 11 هەزار و 593 پشکنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر، 863 تیشک، 572 سۆنەر و 174 ئیکۆ بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دراون.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر لەو مانگەدا ئەم ژمارانەش تۆمارکراون

 821 حاڵەتی سکچون و رشانەوە و وشکبوونەوە تۆمارکراوە

 235 حاڵەتی هەناسەتوندی

 357 منداڵ لە بەشی تیشک و دەمار

 405 منداڵ لە بەشی گەشەکردن

 169 منداڵ لە بەشی بەدخۆراکی

 185 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراک

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژەرانی پەیمانگەی سەنفۆرد بێرنهام پرێبیس لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری" "Science Advancesدا بڵاوکراوەتەوە، رێگەیەکی نوێیان ئاشکرا کردووە، کە تێیدا خانە شێرپەنجەییەکان خۆیان لە کۆئەندامی بەرگریی دەشارنەوە و هۆکارەکەی شەکرە.

توێژەرانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو کەسانەی رێژەی شەکریان بەرزە، خانە شێرپەنجەییەکان بە سود وەرگرتن لە بەرزی رێژەی شەکر، کەڤەرێک بۆخۆیان دروست دەکەن، تا بەئاسانیی خانەکانی بەرگریی نەیانناسنەوە.

ئەم بەرگە شەکرییە پارێزەرە وردە وردە ئەستورتر دەبێت و وەک پەردەیەک رێگە لە خانەکانی بەرگریی دەگرێت لەوەی خانە شێرپەنجەیییەکان بناسنەوە.

توێژەرەکان گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی، لە هەموو ئەم پرۆسەیەدا پرۆتینێک بە ناوی "HSF1" رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و بەرپرسە لە دروستکردنی ئەو بەرگە پارێزەرە.

توێژەران پێیان وایە بەراگرتنی ئەم پرۆسەیە، بەرگە پارێزەرەکە لادەچێت و کۆئەندامی بەرگریی دەتوانێت بە ئاسانی خانە شێرپەنجەیییەکان بدۆزێتەوە و لەناویان ببات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پزیشکانی ئەمەریکا رایانگەیاند، دوای دانانی گورچیلەی بەراز بۆ نەخۆشێک دوای 271 رۆژ پرۆسەکە شکستیهێنا، سەرەڕای ئەوەی ماوەکە ریکۆردێکی نوێ بوو لە گواستنەوەی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ.

تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی بریگهام لە ویلایەتی ماساچۆسێتسی ئەمریکا رایانگیاند، گورچیلەیەکی بەرازیان بۆ نەخۆشێک بەناوی تیم ئەندرۆز چاندوە و توانینیتی بۆ ماوەی 271 رۆژ بەردەوام کار بکات، ئەمەش وەک ڕیکۆردێکی نوێ لە بواری گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ تۆمار کرا.

تیم ئەندرۆز، کە پێش چاندنی گورچیلەکە، بەردەوام دەبوایە گورچیلەی بشۆردایە دەڵێت؛ ئەم ئەزمونە هیوایەکی گەورەی پێبەخشیوە و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ئازاری پاڵاوتنی بەردەوامی خوێن شۆردنەوەی گورچیلە رزگاری کردوە.

پزیشکان رونیان کردەوە کە بەهۆی لێکچوونی قەبارەی ئەندامەکانی لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا،  رەنگە ئەندامەکانی جەستەی بەراز لە داهاتوودا وەک جێگرەوەیەک  بەکاربهێنرێن بۆ راگرتنی ژیانی نەخۆش تا ئەو کاتەی بەخشەرێکی مرۆیی دەدۆزرێتەوە.

لە ئەمریکا نزیکەی 100 هەزار کەس چاوەڕێی چاندنی گورچیلە دەکەن، لەکاتێکدا ساڵانە تەنها 25 هەزار چاندن ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تیمێک لە پزیشکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی بەریتانیا، یەکەم نەشتەرگەرییان لە جیهاندا بۆ دەرهێنانی وەرەمی مێشک بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد ئەنجام دا.

ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە کە لەلایەن زانکۆکانی بەریتانیاوە پەرەی پێ دراوە، پێکهاتە وردەکانی مێشک بە رەنگی جیاواز دەستنیشان دەکات و کۆد دەبڕێت، تاوەکو یارمەتی پزیشکانی نەشتەرگەری بدات لە دوورکەوتنەوە لە ناوچە هەستیارەکان لە کاتی نەشتەرگەریدا، ئەمەش وردیی پرۆسەکە و سەلامەتیی نەخۆش زیاد دەکات.

نەشتەرگەرییەکە لە مانگی ئایاری رابردوودا لە نەخۆشخانەی نیشتمانی بۆ دەمار و نەشتەرگەریی دەمار لە لەندەن، بۆ نەخۆشێک بە ناوی "رێس هیبرت"ی تەمەن 48 ساڵ و دانیشتووی ناوچەی بێدفۆردشایر، بە مەبەستی دەرهێنانی وەرەمێک لە رژێنە گۆپکەیییەکەی ئەنجام درا.

سیستەمی ژیریی دەستکرد کار دەکات لەسەر شیکردنەوەی راستەوخۆ و سات بە ساتی دیمەنە بەپەلەکانی کامێراکان لە ژووری نەشتەرگەریدا، و پێکهاتە دەمارییە وردەکان بە بەکارهێنانی رەنگی جیاواز لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

ئەمەش بە تایبەتی لە ناوچەی رژێنی گۆپکەییدا زۆر گرنگە، چونکە قاڵب و دەمارەکانی بەرپرس لە بینین زۆر لێک نزیکن، بە جۆرێک هەر هەڵەیەک بە بڕی یەک میلیمەتر رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینینی نەخۆشەکە.

نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی توانرا وەرەمەکە بە تەواوی دەربهێنرێت و هاوکات چاوەکانی نەخۆشەکەش لە مەترسی بپارێزرێن.

لای خۆیەوە، هیبرت رایگەیاند کە نەشتەرگەرییەکە بینینی رزگار کردووە و لە ئێستاشدا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی وەک بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی بەشداربووان و خۆبەخشێکی کۆمەڵایەتی.

شایەنی باسە، ئاشکرا بوو کە نەخۆشەکە لە ساڵی 2024دا وەرەمەکەی دەستنیشان کرابوو، و پێشبینی دەکرا بەبێ دەستوەردانی نەشتەرگەری بینینی بە تەواوی لەدەست بدات.

ئەم تەکنەلۆژیایە لەلایەن تیمێکی توێژینەوە لە پەیمانگای "هوکس" لە زانکۆی کۆلێجی لەندەن پەرەی پێ دراوە، و سیستەمەکە بە بەکارهێنانی سەدان ڤیدیۆی تۆمارکراوی نەشتەرگەرییەکانی مێشک ڕاهێنراوە.

لە پێشچوونێکی هاوشێوەشدا، نەخۆشخانەی نیشتمانیی "سانت مارک" بۆ رێخۆڵە، دەستی کردووە بە بەکارهێنانی ئامرازێکی ژیریی دەستکردی هاوشێوە لە دەرەوەی چوارچێوەی توێژینەوەدا، کە بەشە جیاوازەکانی جەستەی نەخۆشەکە بە رەنگی دیاریکراو لە کاتی نەشتەرگەریدا دیاری دەکات. بۆ نموونە، شانە بەستەرەکان بە رەنگی شینی فێرۆزەیی و دەمارەکان بە رەنگی سەوز دەردەکەون، ئەمەش یارمەتی پزیشکان دەدات بە ئاسانی لە یەکتریان جیا بکەنەوە و ناوچە هەستیارەکان لە کاتی نەشتەرگەریدا بپارێزن.

ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەرچەرخانێکی جۆری لە نەشتەرگەریی دەماردا نوێنەرایەتی دەکات، چونکە دەرگا لەسەر نەشتەرگەریی وردتر و ئارامتر بە هۆی ژیریی دەستکردەوە دەکاتەوە. بە سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە پێشەنگەش، پزیشکان ئاواتەخوازن مەودای بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە فراوانتر بکن بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکانی دیکەش بگرێتەوە، کە ئەوەش ڕەنگە شۆڕشێک لە چاودێریکردنی نەخۆش لە سەرانسەری جیهاندا بەپا بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(زۆر تەنیا بووم لەبەرئەوە سیسرکێکم کردە هاوڕێم) بەم رستە جیاوازە، سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن پەردەی لەسەر ژیانی تەنهایی خۆی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لادا.

لە تەمەنی 65ساڵیدا و لە جەرگەی فشاری کارە بەردەوامەکانیدا، تاکایچی ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کۆشکەکە سیسرکێکیان لە ژوورەکەی دوورخستووەتەوە، هەستی بە کەمێک تەنهایی و خەمباری کردووە، چونکە پێی وابووە ئەو مێرووە رەنگە بەشێک بێت لە خولی  گەڕانەوەی رۆح.

ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بەهۆی خشتەی کارە چڕەکانییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە؛ لەوانەش ئامادەبوونی لە سەعات 3ی بەرەبەیاندا لە نوسینگەکەی بۆ ئامادەکاریی دانیشتنەکانی پەرلەمان، کە ناچاری کردبوو یاریدەدەرەکانیشی لەو کاتەدا کۆبکاتەوە.

تاکایچی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «X» روونیکردەوە کە هەوڵ دەدات لە رۆژانی پشوو و بەیانیانی زوو یان درەنگانی شەودا، تەنها بۆ کارێکی زۆر پێویست لە کۆشکی رەسمی بچێتە دەرەوە، تا بارگرانی دروست نەکات لەسەر تیمی پاراستنی ئاسایشی تایبەتی (SP).

کۆشکی رەسمیی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کە بینایەکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1929 دەگەڕێتەوە، پێشتر لەلایەن چەندین سەرۆک وەزیرانی پێشووەوە بەوە باسی لێوە کرابوو کە جنۆکەی ێدایە، بەڵام تاکایچی ئاماژەی بەوە کرد هیچ جنۆکەیەکی نەدیوە و تەنها بوونی سیسرکەکان لە بیناکەدا تووشی سەرسوڕمانی کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی تازەترین ئامارە رەسمییەکان کە لە لایەن وەزارەتی داتا و ئاماری کۆریای باشورەوە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 100 ساڵ یان زیاتر، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بۆ نزیکەی سێ بەرانبەر زیادی کردووە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی پێشكەوتنی بەرچاوی کەرتی تەندروستی و باشتربوونی ئاستی گوزەرانی دانیشتووانە.

کۆی داتاکان دەریانخستووە تا یەکەمی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەی کەسانی سەروو سەد ساڵ گەیشتووەتە 8,604 کەس، لە کاتێکدا لە ساڵی 2015دا تەنها 3,159 کەس بوون. هاوکات رێژەی ئەم بەساڵاچووانە لە بەرانبەر هەر 100 هەزار کەسێکدا لە 10.9 کەسەوە بۆ 17.3 کەس بەرزبووەتەوە.

پیاوان %16.6ی کۆی گشتیی ئەم رێژەیەیان پێکهێناوە کە دەکاتە 1,428 کەس. لەسەر ئاستی جوگرافیش، هەرێمی کیۆنگگی بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێشەنگی ناوچەکاندایە بە بوونی 2,052 کەسی تەمەن سەروو سەد ساڵ، بە دوای ئەویشدا سيئۆلی پایتەخت (1,268 کەس) و هەرێمی گیۆنگسانگی باکوور (559 کەس) دێن.

جگە لەوانەش، داتاکان ئاماژە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەکەن و دەردەکەوێت لە هەر پێنج کەسێکی سەروو سەد ساڵ، یەکێکیان بە تەنیایی ژیان بەسەر دەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نزیكەی 700 دەستنووسی گاندی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا لە هیندستان بە بەهای ملیۆنێك و 700 هەزار دۆلار فرۆشران.

خانەی مەزادی سافرۆن ئارت لە شاری مۆمبای هیندستان رایگەیاند، لە زیادكردنێكی ئاشكرادا 688 دەستنووسی مەهاتما گاندی، كەسایەتیی دیاری مێژووی هیندستان، بە یەك ملیۆن و 700 هەزار دۆلار فرۆشراون كە ئەوەش بەرزترین نرخە تا ئێستا بە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی هیندی درابێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردووە، دەستنووسەكان زۆرینەیان تێبینی و پەیامن كە گاندی بۆ ئاناند تی هینگۆرانی هاوڕێی نوسیونی كە تێكۆشەرێكی رێگای ئازادی و سەربەخۆیی هیندستان بووە.
مێژووی دەستنوسەكان بۆ ساڵانی 1944 بۆ 1946 دەگەڕێتەوە و ناوەڕۆكەكەیان جەخت لەسەر چەندین پرسی وەك راستگۆیی و خودا و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەكەنەوە.

خانەی سافرۆن ئارت ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە زیادكردنەكەدا چەند كەلوپەلێكی تر فرۆشراون لەوانە، ئامێرێكی خەڕەك كە گاندی خۆی بۆ رستنی خوری بەكاریهێناوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بەریتانیا ترس لە دزەپێکردنی فیلمە سینەماییەکان زیادی کردوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەکارهێنانی چاویلکەی زیرەک لە نێو سینەماکاندا قەدەغە کرا.

لە سەروبەندی بەرزبونەوەی ترس لە بەکارهێنانی ناڕەوا و پێشێلکردنی مافی کۆپیکردن، سینەماکانی بەریتانیا رێکاری نوێیان دەستپێکردووە بۆ قەدەغەکردن یان سنوردارکردنی چاویلکەی زیرەکی کامێرادار لە ناو هۆڵەکانی نمایشدا، بە تایبەتی چاویلکەکانی کۆمپانیای "میتا" کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکەن

ئەم هەنگاوەی سەندیکای سینەماکانی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، کە دادگاکانی ئینگلاند و وێڵز بەهۆی رێگرییەکانی وێنەگرتنەوە، بەکارهێنانی هەمان چاویلکەیان لە ناو دادگاکاندا قەدەغە کرد.

سەندیکاکە ئاماژەی بەوەکردوە، یاساکان لە سینەمایەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازن و هەوڵدەدرێت ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەش بکرێت، کە بۆ پێداویستیی تایبەت بەکاریان دەهێنن.

هاوکات لە ئەڵمانیاش رێکخراوێکی داوکاری مافەکان بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی تایبەتمەندییەوە، سکاڵای یاسایی لەسەر میتا و فرۆشیارانی ئەو ئامێرە تۆمارکردووە، بە بیانوی پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی کەسەکان بەبێ ئاگاداری خۆیان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بونی بەردی زراو لە ئێستادا کە بەوەتە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکان و پێش ئەوەی ببێتە هۆی مەترسی لەسەر نەخۆشەکە چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن و  پزیشکێکی پسپۆڕ ئاشکرای کردوە و هۆشداریش دەدات بەو کەسانەی ئەو نیشانانەیان هەیە.

میخائیل ماتڤیێڤ، پزیشکی پسپۆڕی پشکنینی ناوەکی،  رایگەیاندوە  کە هەستکردن بە دڵتێکەڵهاتن و باکردنی سک دوای نانخواردن، دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ بونی بەرد لە زراودا. 

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، بەردی زراو هەمیشە لە سەرەتاوە ئازاری توند دروست ناکات، بەڵکو لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا تەنها چەند نیشانەیەکی هەیە و دەتوانرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.

ئەو پزیشکە دەڵێت؛ لە سەرەتادا تەنها دەبێتە هۆی دڵتێکەڵهاتن، هەستکردن بە تاڵی لە دەمدا و قورسبوون یان ناڕەحەتی لە لای راستی سەرەوەی سک دوای خواردنی چەوری و سوورکراوە، کە هەندێک جار ئازارەکەی بۆ شانی راست درێژ دەبێتەوە.

ئەو پزیشکە رونیشی دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەوەی ئەم نیشانانە پێش دروستبونی ئاڵۆزییە گەورەکان دەردەکەون، زۆرجار نەخۆشەکان پشتگوێی دەخەن و دەستنیشانکردنەکە دوادەکەوێت تا ئەو کاتەی توشی ئازارێکی کتوپڕ و توند لە لای راستی سک، هەروەها رشانەوە و تای لەگەڵ دەبێت.

میخائیل ماتڤیێڤ هۆشیاری دەدات، کە مەترسی بەردی زراو تەنها لە ئازارەکەیدا نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی گرتنی بۆرییەکانی زراو و هەوکردنی توندی زراو یان پەنکریاس، کە ئەمەش حاڵەتێکی کتوپڕی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دیمەنێکی بێوێنەدا زیاتر لە 700 هەزار گوڵ گۆڕەپانی مێژوویی برۆکسلیان کردە تابلۆیەکی رەنگاڵەیی ژاپۆنی و بەلژیکای لە خولقاندنی جەستەیەکی هونەریی زەبەلاحدا لەگەڵ توکیۆ کۆکردەوە.

پلیتی بەردینی گۆڕەپانی مێژوویی "گراند پلەیس" (Grand Place) لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا، گۆڕدرا بۆ تابلۆیەکی زیندووی گوڵ، ئەمەش لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی 24ەمین خولی چالاکیی "راخەری گوڵ" (Flower Carpet) کە بابەتەکەی ئەمساڵی لە کولتوری ژاپۆنەوە وەرگیراوە.

دیزاینی ئەمساڵ لەلایەن هونەرمەندی ژاپۆنی "هیرۆ سوگییاما"وە ئامادەکراوە، کە ئیلهامی لە تابلۆ دارینە بەناوبانگەکەی "شەپۆلە گەورەکەی کاناگاوا"ی شێوەکار "کاتسوشیکا هۆکوسای" وەرگرتووە، لەم کارە هونەرییەدا زیاتر لە 700 هەزار گوڵ (کە زۆربەیان گوڵی دالیای کلاسیکی بەلژیکیین) بەکارهێنراون و رووبەرەکەی 70 مەتر درێژی و 24 مەتر پانییەکەیەتی.

هونەرمەندە ژاپۆنییەکە هەشت مانگی بۆ ئامادەکردنی دیزاینەکە تەرخانکردووە. سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا دەیوست رەنگی زیاتر بەکاربهێنێت، بەڵام بەهۆی کەمیی کاتەوە تەنها 16 رەنگی بەکارهێناوە، سوگییاما ئاماژەی بەوەکرد، دوای دانانی گوڵەکان لە شوێنی خۆیان، دڵگران بوونی بەهۆی سنوورداربوونی رەنگەکانەوە بە تەواوی رەواوەتەوە و ئەنجامەکە زۆر سەرنجڕاکێش بووە.

ئەم هاوکارییە هونەرییە وەک رێزلێنانێکە بۆ 160یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەلژیکا و ژاپۆن، هەروەها دە ساڵ دوای یەکەم راخەری گوڵی هاوبەشی نێوانیان لە ساڵی 2016دا دێت.

لەلای خۆشیەوە، ریچارد بۆنسێنت، ئەندامی لیژنەی ڕێکخستنی چالاکییەکە جەختی کردەوە، راخەرەکە تەنها کارێکی هونەری نییە، بەڵکو هێمایەک بۆ کۆکردنەوەی گەلان و کولتورە جیاوازەکان لە یەک شوێندا.

پێش راخستنی گوڵەکان، دیزاینەکە بە قەبارەی واقعی لەسەر قوماشێکی گەورەی لۆکە کێشرا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو زیاتر لە 100 خۆبەخش (لە نێوانیاندا تاكێشی ئۆسوگا، باڵیۆزی ژاپۆن لە بەلژیکا) بۆ ماوەی شەش سەعات کاریان کرد بۆ رێکخستن و چاندنی گوڵ و گژوگیاکان لەسەر قوماشەکە.

سەرچاوە بەلژیکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، سەرەتای دروستبوونی بیرۆکەی "راخەری گوڵ" لە گۆڕەپانی ناوەندیی برۆکسل بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە و دوو ساڵ جارێک رێکدەخرێت، بۆ دروستکردنی لەگەڵ گوڵی دالیا و بێگۆنیا، چیمەن و توێکڵی درەختیش بەکاردەهێنرێت.

چالاکییەکەی ئەمساڵ (2026) لە رۆژی 13 تا 16ـی ئاب بەڕێوەدەچێت، و سەردانیکەران دەتوانن لەنزیکەوە یان لە شانشینی کۆشکی شارەوانییەوە تەماشای تابلۆ زەبەلاحەکە بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...14