زیانەکانی بەجێهێشتنی ئامێرەکانی بارگاویکردن بەکارەباوە چییە؟ ئایا دەبێتەوە هۆی ئاگرکەوتنەوە؟
محەمەد رزگار
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
کۆمپانیایەکی روسی ئاشکرایدەکات، بەجێهێشتنی ئامێرەکانی بارگاویکردن بە کارەباوە دەبێتە هۆی توانەوەی وایەرەکانی ئامێرەکە و تەنانەت ئەگەری ئاگرکەوتنەوەی هەیە.
دیمیتری دوکۆکین، بەڕێوەبەری بەشی کارەبایی لە کۆمپانیای MTSرایگەیاند، ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر و توانەوەی وایەر و سوتانی فیوزەکانی ئامێرەکانی بارگاویکردن زیاتر لە ئامێرە هەرزانەکاندا رودەدات و ئامێرە ئۆرجیناڵەکان ئەو مەترسییەیان لەسەر نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئامێرێکی دابینکردنی وزە بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچێت، بەتایبەتی ئەگەر بە بەردەوامی بە تۆڕی کارەباییەوە بەسترابێتەوە و کاربکات، چونکە تێپەڕبوونی بەردەوامی کارەبا تێکچوونی پێکهاتەکانی خێراتر دەکات، لەهەر کاتێکدا بێت رەنگە ئامێرەکە زۆر گەرم بێت و پریشک بدات، هەروەها لە خراپترین حاڵەتدا، رەنگە ببێتە هۆی توانەوەی ئامێرەکە و تەقینی فیوزەکان و تەنانەت ئاگرکەوتنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو روداوانە لە ژیانی رۆژانەدا دەگمەنن، بەڵام لەگەڵ ئامێرە کوالێتی نزمەکاندا رودەدەن.
دیمیتری راشیگەیاند، زۆرجار لە وایەرە هەرزانەکاندا کەمتەرخەمی لە دابینکردنی سەلامەتی و پاراستن لە گەرمبوونی ئامێرەکان دەکرێت، هەر بۆیە رەنگە "بسوتێن" لە ناوەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بە کارەباوە بن.
جەختیشدەکاتەوە، کارەباییە کوالێتی بەرزەکان لە مارکە ناودارەکان بەپێی ستانداردەکانی سەلامەتی ئەلیکترۆنی پشکنینیان بۆ دەکرێت، و لەگەڵ بەستنەوەی وایەرە دروستەکاندا، بۆیە بە گشتی هیچ مەترسییەک دروست ناکەن.
دیمیتری دوکۆکین دەڵێت: بۆ رێگریکردن لە هەر روداوێک و حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە، باشترین چارەسەر بۆ ئامێرەکانی بارگاویکردن، ئەوەیە ئەگەر دەستی بە گەرمبوون کرد، یان دەنگێکی ئاگادارکردنەوە یان بۆنێکی ناخۆشی دەربکات.



