جگە لە کەمئاوی، مشکیش تەنگی بە تاران هەڵچنیەوە
بڵند
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لێپرسراوانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، شارەوانی تاران شکستی هێناوە لە بەرەنگاربونەوەی مشکدا، ئاماژەیان بەوەشکردوە تا شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک باشتر نەکرێت، بودجەی ئەوان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مێرووەکان و ئاژەڵەکان بەفیڕۆ دەچێت.
قەیرانەکان، بەرۆکی تاران بەرنادەن، وشکەساڵی تەنگی بە شارەکە هەڵچنیوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەکەش رایگەیاندوە، شارەوانی شکستی هێناوە لە روبەڕوبونەوەی مشکدا.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای تاران رایگەیاندوە؛ پرسی مێروو بەتایبەتی مشک لەو شارەدا پرسێکە کە ساڵانێکە بوونی هەیە، بەڵام لەم قۆناغەدا، بە هۆی گرنگی نەدان بە پرسی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، ئەوان شاهیدی بوونی زیاتری ئەو ئاژەڵانە بە تایبەت مشکەکان.
سوودە نەجەفی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای تاران وتویەتی؛ "گۆڕینی بەردەوامی بەڕێوەبەران" بووەتە هۆی شکستی تاران لە بەرەنگاربوونەوەی مشکدا.
لە کاتێکدا هاووڵاتیان بەرکەوتەی نەخۆشییە ئەگەرییەکان دەبن بەهۆی مشکەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، تا شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک باشتر نەکرێت، بودجەی ئێمە بۆ کۆنترۆڵکردنی مێرووەکان بەفیڕۆ دەچێت و ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ئێستادا دوو شێوازی فیزیایی و کیمیایی بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی مشک لە تاران بەکاردێت.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی تاران وتوشیەتی؛ شارەوانی لە بری باشترکردنی شێواز و سیاسەتەکان، تەنها بەڕێوەبەری گۆڕیوە و شکستی هێناوە لە روبەڕوبونەوەی مشک و ئاژەڵەکە بەردەوام زیاد دەکات.



