داواکاری گشتیی هەرێمی نۆڤۆسیبیرسک لە روسیا رایگەیاند، دادگایەکی ئەو شارە سزای 10 ساڵ و یەک مانگ زیندانی بەسەر ژنێکدا سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی هەوڵیداوە بە قاچاخ مادەی هۆشبەر لە هۆڵی دادگا لە رێگەی ماچەوە بگەیەنێتە خۆشەویستەکەی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ژنەکە ماددەی هۆشبەری کڕیوە و هێناویەتی بۆ دادگای نۆڤۆسیبیرسک، دوای ئەوەی چاوەڕوانی خۆشەویستەکەی کردوە، ماددەکەی کردوەتە ناو دەمی و ئەفسەرێکی ئاسایشی دادگاش یاوەری ژنەکە بووە، کە لە دۆسیەیەکی تاوانکاریدا بانگهێشتکرابوو بۆ دانیشتن.

ژنەکە کاتێک خۆشەویستەکەی دەبینێت، ماچێکی لێوی دەکات و لەو رێگەیەوە  ماددەی هۆشبەرەکە دەگوازێتەوە بۆ خۆشەویستەکەی، بەڵام وا دیارە بەخت یاوەری نابێت، چونکە ئەفسەرێکی ئاسایشی دادگا پێیان دەزانێت و  تێبینی ئەوە دەکات کە رودەدات و  فێڵەکەیان ئاشکرا دەکات،  دەستیش بەسەر ماددەی هۆشبەرەکەدا دەگیرێت.

 داواکاری گشتی لەبارەی روداوەکەوە رایگەیاندووە، دوای لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە دادگا سزای دەساڵ و مانگێکی بەسەر ژنەکەدا سەپاندووە.