توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی کامبریج دەریدەخات کە چاوی مرۆڤ لە بارودۆخی ئاسایدا ناتوانێت  رونیی  شاشەی نێوان 4K و8K  جیا بکاتەوە و ئەمەش مشتومڕی دروست کردوە لەسەر بەکاربەران تەکنەلۆژیا.


توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستی زانکۆی کامبریجدا بڵاوکراوەتەوە و بە هاوکاری تاقیگەی واقیعی مەجازی مێتا ئەنجامدراوە، دەریدەخات تەنانەت لە تەلەفزیۆنە گەورەکانی ماڵەوەدا، زیادکردنی روونی لە 4K  بۆ 8K  هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەزموونی بینین نییە.

بەپێی توێژینەوەکە، مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی وردەکارییە ونبووەکان "دروستدەکاتەوە" و توانای چاو بۆ جیاکردنەوەی پێکسڵەکان زۆر سنووردارترە لە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ.

توێژەران دەڵێن؛ بۆ تەلەفزیۆنێک کە قەبارەکەی نزیکەی 44 ئینج( 110)سم بێت، لە دووری دوو بۆ سێ مەترەوە، جیاوازی نێوان ئەو دوو رونییە بە کردەوە نابینرێت و لە چاوی مرۆڤدا یەک کوالێتییان هەیە.

ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە  مشتومڕێکی زۆری لەسەر "بەکاربەریی تەکنەلۆژیا" دروستکردووە؛ بابەتێک کە نیشان دەدات کە گرنگیدان تەنها بە زیادکردنی رونی هەمیشە بە مانای باشتربوونی راستەقینە لە کوالیتی وێنەدا نییە..