هەمەڕەنگهەمەڕەنگ

پسپۆڕێکی بواری خۆراک رایگەیاندووە، ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا نزیکەی 1.3 ملیار تۆن خۆراک لە سەرانسەری جیهان بەفیڕۆ دەدرێت.

ریم بەنی عەودە پسپۆڕی بواری خۆراک لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە، رێژەی ئەو خواردنانەی لە مانگی رەمەزاندا بەفیڕۆ دەدرێت توشی سەرسوڕمانت دەکەن، بەجۆرێک رێژەی 30٪ی خواردنە لێنراوەکان فڕی دەدرێن، لە کاتێکدا بە سەتان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵانە لە سەرانسەری جیهان، نزیکەی 1.3 ملیار تۆن خۆراک لە مانگی رەمەزاندا بەفیڕۆ دەدرێت، کە بەهاکەی بە 900 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە ئەگەر بەراورد بکرێت، بەو بڕە دەتوانرێت خۆراکی یەک ملیار کەسی پێ دابین بکرێت.

ئەوەشی خستە روو، بەهەدەردانی خۆراک جگە لە زیانە مادییەکانی، زیان بە ژینگەش دەگەیەنێت، چونکە بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکانە کاتیان پێویستە، هەر لە بەکارهێنانی وزەوە تاوەکو ژینگە و خاک و توانای مرۆیی.

بەپێی وتەکانی ئەو پسپۆڕە، رێژەی بەهەدەردانی خواردن لە مانگی رەمەزاندا 50٪ی سەرجەم مانگەکانی دیکەیە لە ساڵەکەدا.

ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاری خەڵکیش دەکات و دەڵێت، تەنها بەشی پێویست خواردن ئامادە بکەن بۆ ژەمەکان بۆئەوەی نەمێنێتەوە، داواشیان لێدەکات، ئەگەر خواردنەکە لێی مایەوە، فڕێی نەدەن و هەڵی بگرن، بۆئەوەی لەکاتێکی دیکەدا بەکاری بهێننەوە.

روونیشیکردووەتەوە، پێویستە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەو جۆری کەرستانە بەکاربهێنرێت کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە بۆ چەندین جار، هەروەها دووربن لە بەکارهێنانی پلاستیک.

مانگی رەمەزان بۆ پێداچوونەوەیە بە خوو و رەفتارەکانماندا

لەکۆتاییدا ریم بەنی عەودە وتوویەتی، "مانگی رەمەزان بۆ پێداچوونەوەیە بە خووی خراپ و رەفتارە نەشیاوەکانمان، هەروەها گۆڕینی هەڵسوکەوتمان بەرامبەر بە کەسوکار و هاوڕێکانمان و کۆمەڵگە و ژینگە بۆ باشتر، گۆڕانکاری لەدەستی خۆماندایە، هەموو هەنگاوێکی بچووک جیاوازی دروست دەکات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ لە ئوستورالیا زیاتر لە 100 رۆژ بە دڵی دەستکرد ژیاوە، تاوەکو چاندنەوەی دڵی بۆ ئەنجامدرا.

نەخۆشخانەی سانت ڤینسێنت لە شاری سیدنی ئوستورالیا بڵاویکردەوە، لە نەخۆشخانەکە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ بووە یەکەم کەس نەشتەرگەری چاندنی دڵی دەستکردی بۆ ئەنجامدرا، تاوەکو دڵی لە بەخشەرێکەوە وەرگرت و دڵی بۆ چاندرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشەکە تووشی سستبوونی توندی دڵ ببوو و زیاتر لە 100 ڕۆژ لەگەڵ دڵێکی دەستکرد، کە پەمپێکی خوێنی تیتانیۆمی بۆ دانراوە بە تەندروستییەکی باشەوە ژیاوە ، پێش ئەوەی چاندنی دڵی بۆ بکرێت.

نەخۆشخانەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نەخۆشە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی درێژترین ماوەیە کە لەگەڵ دڵی دەستکرد بەسەری بردووە، "ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو داهاتووی تەکنەلۆژیای دڵی دەستکرد".

نەخۆشخانەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی درێژخایەن ئەوەیە کە نەخۆشەکان بتوانن تا کاتێکی نادیار لەگەڵ ئامێرەکەدا بژین بەبێ ئەوەی پێویستیان بە چاندنی دڵی ڕاستەقینە هەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، دەرمانی کێش دابەزاندن، رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی لەناکاوی بینین.

رۆژنامەکە باس لە چیرۆکی جەیمس نۆریس تەمەن 56 ساڵ دەکات کە لە مانگی ئازاری 2023 دەستی بە خواردنی دەرمانی "مونجارۆ" کردووە، بەهۆی زیادبوونی کێشی لەشی، دوای ئەوەی نەیتوانی بە رێجیم و وەرزشکردن ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.

ساڵی دواتر نۆریس 40 کیلۆگرامی دابەزاند و وازی لە خواردنی ئەو دەرمانانە هێنا کە بۆ چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ دەیخوارد.

بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی 2024، دوای ئەوەی پزیشکەکەی ژەمە دەرمانەکەی بۆ 2.5 میلیگرام زیاد کرد (کە پێشتر بە 1.5 میلیگرام دەستی پێکردبوو)، بەیانییەک لە خەو هەڵسا و بۆی دەرکەوت کە بینینی چاوی چەپی کاڵ بووەتەوە و کزبووە.

دوای دوو هەفتە، بینینی چاوی راستیشی رووی لەکزبوون کردووە.

نۆریس دەڵێت: "دوای "سی تی سکان" و سەردانی پزیشکی دەمار و چاو، تووشی نەخۆشی دەمارەکانی چاو و گیرانی بۆری فرمێسکەکانی چاو بووم".

نەخۆشی گیرانی بۆری فرمێسکەکانی چاو حاڵەتێکە کە دەماری بینین رۆیشتنی خوێن لەدەست دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی لەناکاوی بینین.

نۆریس کە لە مانگی تەمموزی 2024 وازی لە خواردنی "مونجارۆ" هێناوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا کێشەی بینینی توندی هەیە.

توێژەرانی سەنتەری چاوی جۆن ئەی مۆران لە زانکۆی یوتا توێژینەوەیەکیان لە رۆژنامەی JAMA Ophthalmology بڵاوکردەوە کە تێیدا رایانگەیاندووە، ئەو نەخۆشانەی کە سیماگلۆتاید یان تیرزپاتاید کە پێکهاتەی چالاکن لە ژمارەیەک دەرمانی دابەزاندنی کێشدا دەیخۆن، تووشی چەن حاڵەتێک دەبن لەوانە ئەگەری کوێربوون و تێکچوونی دەماری بینین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەفتاری رۆبۆتێک لە چین نیگەرانی دروست دەکات و باس لەو مەترسییە دەکرێت کە لە ئەگەری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرددا دەکەوێتەوە و توێژەران دەڵێن، روون نییە لەداهاتوودا تاوەکو چەند ئەگەری ئەوە هەیە رۆبۆتۆکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و خۆیان سەربەخۆ رەفتار بکەن.

ماڵپەڕی the economic times ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا رۆبۆتێک لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و هێرشدەکاتە سەر ئامادەبووانی فیستیڤاڵێک لە چین.

رۆبۆتەکە نزیکە لەوەی لە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە بدات، بەڵام هەرزوو لەلایەن ستافی رێکخەری فێستیڤاڵەکەوە دووردەخرێتەوە.

رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەو رەفتارەی رۆبۆتەکەیان بە هەڵەیەکی سادەی رۆبۆتی ناوهێناوە و باس لەوەدەکەن، کلۆمپانیای بەرهەمهێنەری رۆبۆتەکە بەتەواوی پشکنینی نوێ بۆ رۆبۆتەکە ئەنجام دەدات و رێگە نادەن رووداوی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێکی توێژەران باس لەوەدەکەن، لە ئەگەری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە رۆبۆتەکاندا، هیچ گرەنتییەک نییە کە رەفتاری رۆبۆتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت و رۆبۆتەکان سەربەخۆ رەفتار نەکەن، بۆیە پێویستە لەکاتی دروستکردنی رۆبۆتەکاندا بە دڵنیاییەوە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگیرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

درێژترین کاتەکانی رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا، لە هەندێک وڵات مسوڵمانان بە نزیکەی 21 سەعات زۆرترین کات بەرۆژو دەبن و هەندێک وڵاتیش بە کەمتر لە 13 سەعات رۆژوودەگرن.

ئەمساڵ سوید، نەرویج و فینلاندا لە پێشەنگی لیستی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین سەعاتی رۆژووگرتنیان هەیە، کە دەگاتە 20 سەعات و نیو، لە هەندێک شاری نزیک بازنەی جەمسەری باکووریش، بەهۆی ئاوابوونی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر دەگاتە 21 سەعات.

لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا، جەزائیر لە پێشەنگی لیستەکەدایە کە درێژترین ماوەی بەڕۆژووبوونیان هەیە و لە یەکەم رۆژی رەمەزاندا دەگاتە 16 سەعات و 44 خولەک.

کورتترین کاتەکانی بەڕۆژووبوون لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا.

مسوڵمانانی هەندێک وڵات بەهۆی شوێنی جوگرافیای نزیک لە هێڵی ئیستوایی کورتترین کات لەجیهاندا رۆژوودەگرن.

چیلی بە 12 سەعات و 44 دەقە و نیوزلەندا بە 12 سەعات و 46 دەقە کەمترین سەعات لە جیهاندا بەرۆژوودەبن.

کاتەکانی رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزانی ساڵی ئەمساڵدا، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بەپێی شوێنی جوگرافی و درێژایی و پانی هەر وڵات و شارێک دەگۆڕێت، هەر وڵاتێک لە هێڵی ئیستوایی دوورتر بێت، سەعاتەکانی رۆژووگرتن زیاتر دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چیرۆكی یائیر كوڕە گەورەی ناتانیاهۆ، مشتومڕی گەرمی لەناوخۆی ئیسرائیل دروستكردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی پەرلەمانتارێك ئاشكرایكرد، یائیر دەنگی بەسەر باوكی بەرزكردووەتەوەو پەلاماری داوە، دواتر لە ئیسرائیل هەڵاتوەو لە یەكێك لە گرانبەهاترین شوێنی مانەوە لە ئەمریكا گیرساوەتەوە.

لێدان و دەنگ بەرزكردنەوە بەسەر باوكیدا، هەڵاتن و تەرخانكردنی خەرجییەكی گەورە بۆ مانەوەی لە دەرەوەی وڵات، هەموو ئەمانە چیرۆكی یائیر كوڕە گەورەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلن كە ئێستا لەناو كنێست مشتوومڕیان ناوەتەوە.

یائیر ناتانیاهۆی تەمەن 33 ساڵ، لە ساڵی 2023وە ئیسرائیلی جێهێشتوەو لە شوقەیەكی گرانبەهای سەر دەریا لە شاری مەیامی ئەمریكا نیشتەجێبووە، سكاڵای لەسەر ژنە پەرلەمانتارێكی وڵاتەكەی تۆمار كرد كە لە كنێست قسەی لەبارەوە كردبوو.

نەعمە لازمی، ئەندامی پارتی كرێكارانی ئیسرائیل رۆژی یەكشەممە لە كنێست پەردەی لەسەر دۆسیەی یائیر هەڵدایەوە كە بەوتەی خۆی پەلاماری ناتانیاهۆی باوكی داوەو دەنگی بەسەردا بەرزكردووەتەوە، دواتر بەرەو ئەمریكا هەڵاتووە.

یائیر لە بەرانبەر لێدوانەكانی نەعمە، داوای 90 هەزار دۆلار قەرەبوو دەكات، لەكاتێكدا ئەو راپۆرتەی لەبارەیەوە ئاشكرا بووە، پرسیار لەبارەی تێچووی مانەوەی یائیر دەكەن كە مەزەندە كراوە بە نزیكەی 700 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا.

پرسیارەكە لەبارەی ئەوەوەیە كە ئایا سەرچاوەی ئەم بڕە پارەیە لەكوێوە بۆ یائیر تەرخان دەكرێت، لەكاتێكدا هێشتا چیرۆكی هەڵاتنەكەی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەبووە.

حزبی لیكودی فەرمانڕەوا، بەتووندی وەڵامی لێدوانەكانی ژنە پەرلەمانتارەكەی دایەوەو بە بوختانێكی بێ بنەما وەسفی كرد و نەعمەی  بە بەزاندنی سنووری وتاری سیاسی چەپەكانی تۆمەتبار كرد.

لیكود داوا دەكات، پارێزبەندی لە نەعمە لازمی بسەندرێتەوە و سزا بدرێت، بەڵام ئەو ژنە پەرلەمانتارە سوربوونی خۆی بۆ لێدوانەكانی دووپاتكردەوەو رایگەیاند، رای گشتی شاهیدی وەڵامێكی ڕوونە سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی یائیر ناتانیاهۆ لە دەرەوەی وڵات.

میدیا ئیسرائیلییەكان باس لەوە دەكەن، یائیر لە ساڵی 2023، لە لوتكەی ناڕەزایەتییەكان دژی چاكسازییە دادوەرییەكان، ئیسرائیلی جێهێشتووە.

لەوبارەیەوە نیر هیفێتس، راوێژكاری پێشووی میدیایی بنەماڵەی ناتانیاهۆ، لە چاوپێكەوتنێكدا پێشتر ئاشكرایكردبوو، شاهیدی ئەوە بووە كە یائیر لە میانی كۆبوونەوەیەكی سیاسیدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆك وەزیران، دەنگ بەسەر باوكیدا بەرزدەكاتەوە، لەوكاتەشدا سارەی دایكی دەستوەردانی كردووەو هەڕەشەی لە ناتانیاهۆی هاوسەری كردووە، ئەگەر یەك ڕاپۆرت لە دژی خۆی و كوڕەكانی بەرز بكاتەوە، خوێن دەخاتە سەر دەستەكانی، لەوكاتەشدا ژوورەكەی بەخێرایی بەجێهێشتووە.

هاوكات ڕۆژنامەی هارتزی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، تێچووی پاسەوانیكردنی یائیر لە فلۆریدا كە گرنترین شوێنی ئەمریكایەوە بۆ ژیان كردن، لە ماوەی 7 مانگدا 275 هەزار دۆلار لەسەر گەنجینەی ئیسرائیل كەوتووە.

بەپێی یاسای ئیسرائیل، منداڵەكانی سەرۆك وەزیران تا تەمەنی 4 ساڵی، خەرجی ژیانیان دەكەوێتە سەر دەوڵەت، بەڵام لەناوخۆی وڵاتدا نەك دەرەوە، ساڵی رابردووش لەناوخۆی ئیسرائیل توڕەیی جەماوەری دژی یائیر بەرپابوو كاتێك زانرا لە هەستیارترین دۆخی وڵاتەكەیدا، ئەو كرێی مانەوەی شوقەكەی 50 هەزار دۆلارە لە مانگێكدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، وەرزشەوانێک بە ئاستەم لە هێرشی نەهەنگێک رزگاری دەبێت.

روداوەکە لە چیللی رویداوە و وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، هێندەی نەماوە نەهەنگەکە قوتی بدات، بەڵام بەهۆی شەپۆلی ئاوەکەوە بەلەمەکەی دەجوڵێت و ناکەوێتە ناو دەمی نەهەنگەکەوە.

ئەدریان سیمانکاس ئەو وەرزشوانەیە کە روداوەکەی بەسەردا هاتووە و باس لەوەدەکات، "وا هەستم کرد دەمرم، پێم وابوو نەهەنگەکە قوتم دەدات".

کلیک لێرە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ له شاری مه‌ریوانی روژهه‌لاتی کوردستان، په‌رده له‌سه‌ر په‌یکه‌ری مامۆستا قانع شاعیری ناوداری کورد لادرا.

جێی ئاماژەیەوە لەسەر داوای کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی و رۆشنبیرانی مه‌ریوان په‌یکه‌ره‌ی ئه‌و شاعیره دروستکرا.

قانع ناوی تەواوی محەممەد کوڕی شێخ عەبدولقادر دۆڵاشیە، ساڵی 1898 لە گوندی ریشێنی مەریوان لە دایک بووە و لە حەوتی ئایاری ساڵی1965 بەھۆی نەخۆشی لە گوندی لەنگەدێ پێنجوێن کۆچی دوایی کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڵاو بوونەوەی چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لە مەغریب کە تیایاندا ئاشکرادەبێت، گۆشتی چەندین ئاژەڵی نا یاسایی وەک "گوێدرێژ و سەگ" لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن، شەپۆلێکی توڕەیی و ئیدانەکردنی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێنا. 

روداوەکە لە شاری مەراکیش و کازابلانکا و ئێل جەدید رویداوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەپاش گەڕان لەو شارانەدا دەستیان بەسەر چەندین گۆشتی بەستوی ئەو ئاژەڵانەدا گرتووە. 

زۆرێک لە چالاکوانان رایانگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە گرانیی گۆشتی سوورە، کە لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ دۆلاردایە.

حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند: لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردووە و ئەوکەسانەی بەرپرسیارن لەو دیاردەیە سزا دەدرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند؛ لەبەر نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە، تابلۆی مۆنالیزا دەگوازرێتەوە بۆ ژوورێکی تایبەتمەند. 

 لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گەورە بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، لەژێر ناوی "ڕێنیسانسی نوێی لۆڤەر" کە دروستکردنی دەروازەیەکی گەورەی چوونە ژوورەوە لە نزیک رووباری سێن لەخۆدەگرێت.

ماکرۆن وردەکاری لەبارەی بودجەی پڕۆژەکەوە نەخستەڕوو، بەڵام خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە تێچووی ئەو مۆزەخانەیە دەگاتە 800 ملیۆن یۆرۆ.

لە دوای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردو، ئەمە دەبێتە دووەم جار لە مێژوودا کە مۆزەخانەی لۆڤەر نۆژەنبکرێتەوە.

ماکرۆن سەبارەت بە تابلۆ بەناوبانگەکەی مۆنالیزا، بە میدیاکانی وت؛ تا تەواوبوونی مۆزەخانەکە، مۆنالیزا دەگوازرێتەوە بۆ هۆڵێکی تایبەت، کە تەنها بە بلیتێکی تایبەت دەتوانرێت ببینرێت.

بەشێک لە هونەردۆستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبوویان لۆڤەر مۆنالیزا زیندانی دەکات؟! ئەمەش وەک سەرنجێک لەسەر وتەکەی ماکرۆن.

تابلۆی مۆنالیزا، کە لەلایەن وێنەکێشی بەناوبانگی جیهان، داڤینشییەوە دروستکراوە،  لە ئێستادا لە پشت شووشەیەک کە بۆ پاراستنی دانراوە، نمایشدەکرێت و لە گەورەترین هۆڵی مۆزەخانەی لۆڤەر دانراوە.

هۆڵەکە پڕە لە ریزی درێژ و ژاوەژاوی سەردانیکەران کە ریزیان گرتووە بۆ گرتنی وێنە لەگەڵ پێکەنینە بەناوبانگەکەی مۆنالیزادا. ئەم قەرەباڵغییە وایکردووە بەشێک لە کارەکانی دیکەی ناو هۆڵەکە، وەک تابلۆکانی هونەرمەندانی ڤێنیسیایی، تیتیان و ڤێرۆنیز، کەمتر دەربکەون و نەبینرێن.

مۆزەخانەی لۆڤەر لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە دوایین نۆژەنکردنەوەدا گەورەکرا بۆ ئەوەی ساڵانە4 ملیۆن سەردانیکەر لەخۆبگرێت، بەڵام تەنها ساڵی ڕابردوو 8.7 ملیۆن کەس سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە، کە زیاتر لە %75یان گەشتیارانی بیانی بوون لە ئەمریکا، چین، ئیتاڵیا.

ماکرۆن ئەوەشی وت؛ کە دەروازەیەکی نوێی چوونە ژوورەوە بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر لە نزیک رووباری سێن دروست دەکرێت.

 پڕۆژەکە لە رێگەی فرۆشتنی بلیت و پاڵپشتی دارایی سپۆنسەرەکانی مۆزەخانەکە و داهاتی لقی لۆڤەر ئەبوزەبی دابین دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگی داهاتوودا پێشبڕکێیەک بۆ دیزاینکردنی ئەم دەروازە نوێیە سازدەکرێت، جگە لەوەش چەند شوێنێکی ژێرزەمینیی نوێ بۆ فراوانکردنی مۆزەخانەکە دروستدەکرێت.

هەروەها ماکرۆن ڕایگەیاند کە نرخی بلیتی مۆزەخانەی لۆڤەر بۆ سەردانکەرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە 22 یۆرۆوە بۆ بڕێکی زیاتر بەرز دەبێتەوە.

نیوەی بودجەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە لایەن حکومەتی فەرەنسا دابین دەکرێت، بەشێکی بودجەکە بۆموچەی دوو هەزار و 220 کارمەندی مۆزەخانەکە دەچێت. نیوەکەی تر لە ڕێگەی سەرچاوە تایبەتەکانەوە دابین دەکرێت، لەوانە فرۆشتنی بلیت، داهاتی چێشتخانە و دوکانەکانی مۆزەخانەکان، کرێی شوێن بۆ بۆنە تایبەتەکان، سپۆنسەرکردن و هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانایانی شوێنەوارناسی لە زانکۆی ئەودینی لە ئیتاڵیا، شوێنەواری کەشتییەکیان دۆزییەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ بەر لە زایین. 

زانایانی شوێنەوارناسی ئیتاڵیا کەشتییەکەیان لە کەناراوەکانی سانتا ماریا دیل فۆکالۆ دۆزیوەتەوە، کە شەش مەتر لە ژێر لم و بەردەوە بووە و بەپێی وتەی ئەو زانایانە تەمەنی کەشتییەکە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ دەبێت.

زاناکان دیزاینی دروستکردنی کەشتییەکەیان باسکردووە و دەڵێن بە تەکنیکێکی سەرەتایی دروستکراوە و ماددەی سەرەکی کە تێیدا بەکارهێنراوە تەختەیە و سەرەتا چوارچێوەکەی دروستدەکرێت پاشان رووپۆش دەکرێت.

ئەو شێوە دیزاینکردن و دروستکردنەی کەشتی، بەتایبەت لەو شوێنانە باو بووە کە کەوتوونەتە سەر دەریای سپی و دەریای ناوەڕاست و شێوەی دروستکردنەکەی ئاسانە و لە پارچە تەختەی بچووک دروستدەکرێت، هەروەها کاتی کەمی پێویستە.

ئەو زانایانە دەشڵێن، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە ئەو کەشتییە لەناو ئاو و لمدا ماوەتەوە، بەڵام لەرێگای وێنەی سێ دووری و چەند تەکنیکێکەوە دەتوانن لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکەن و تێبگەن لەوەی پێکهتاە بنەڕەتییەکانی کەشتییەکە چین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی محەمەدی ماملێدا تێدەپەڕێت، ئەو هونەرمەندەی دڵێکی لای ئازادی و نیشتمانپەروەری بوو و دڵێکی لای هونەرەکەی.

ئەو بەئەڤین و سۆزێکی کوردانەوە، لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە دەرکەوت و لە محەمەدی کوڕی میرزا سەعیدەوە بە ماملێ ناسرا، ناو و دەنگی ئەو بوون بە ئەڤینی هاوبەشی نێوان گوێگرانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وەک هونەرمەندێکی گەورە لە سەرانسەری وڵاتدا ناسرا.
محەمەدی ماملێ كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ "مام عەلی" لە ساڵی 1925 له بنەماڵەیەكی پیشەكا‌ر، هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە گەڕەكی هەرمەنییانی شاری مهاباد لە دایكبووە.

 میرزا سەعیدی باوكی هەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بەهۆی هونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شیعرخوێنی "بەتایبەت وەفایی" لە كۆڕ و كۆزیلكەی عارفانەی خانەقای شەمزینان، رێزێكی زۆری لێگیراوە و لە گەڕەك و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.

هەروەك لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لە‌گەڵ هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، كە له ساڵی 1932دا هاتووەتە موكریان و لە باخی "میرزا شەریفی حاجی رەشید" بۆ خەڵكی مهاباد گۆرانی وتووە.

گەرچی بنەماڵەی ماملێ، لە ناوچەکەی خۆیاندا بە دەنگ خۆشی بەناوبانگ بوون، بەڵام هیچیان نەیانتوانی وەک ماملێ، بە گۆرانی و هونەرەکەیان سنوورەکان ببڕن و ببنە پێکهێنەری بەشێک لە کولتوری هونەری نەتەوەکەیان.

ماملێ چ وەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی و چ وەك كەسایەتی هونەری، هەم لە رژێمی پاشایەتی "رەزا خان 1925-1941" و "حەمەڕەزا پەهلەوی 1941-1979"دا و هەم لە رژێمی ئیسلامی ئێران لەساڵی 1979، توانی بە شێوەیەكی گونجاو، نەک تەنیا ئەو لەنگەره رابگرێ و لەسەر هونەرەکەی بەردەوام بێت، بەڵكو وەك هونەرمەندێكی ئازادیخواز و گەلپەروەر لە ساڵی 1968 زیندانیش کرا. 

ماملێ لەماوەی‌ ٥٦ ساڵی ژیانی‌ هونەرییدا نزیكەی 328 گۆرانی‌ تۆمار كردووە، لە ساڵی‌ ١٩٩٤یشدا دوایین گۆرانی‌ خۆی تۆمار كرد و ئیتر، بەهۆی نەخۆشییە سەختەکەیەوە هەتا پێنج ساڵی دواتر، لەناو بێدەنگیدا ژیا و لە 23ی 1ی 1999 کۆچی دوایی کرد.

ماملێ جیاواز لە زۆرێک لە هونەرمەندان، تەنیا دەنگ خۆش نەبووە، ئەو شیعر ناسێکی باشبووە و لە هەڵبژاردنی شیعرەکانیدا هەمیشە سەلیقە و ئاوەزێکی بەرزی ئەدەبی بینراوە. 

هەر ئەم شارەزاییەی ئەو لە ئەدەبیات، وایکردووە بەرهەمەکانی هەم لەلای ئەو گوێگرانەی چێژ لە ئاواز دەبینن پەسەند بێت و هەم ئەوانەشی گرنگی بە وشە و هەڵبەست دەدەن. 

هاوکات، نزیکی ماملێ له‌ هێمن موکریانی و شاعیره‌ ناوداره‌کانی موکریانه‌وه‌ و وتنه‌وه‌ی شیعره‌ نیشتیمانییه‌کانیان ده‌ریده‌خات که‌ ماملێ هه‌میشه‌ به‌شێکی دڵی لای سه‌ربه‌ستی و به‌واتایه‌کی تر لای سیاسه‌ت و به‌ره‌نگاری بووه‌.

ئامینە خان هاوسەری ماملێ، كە 18ی 12ی 2021 كۆچی دواییكرد، زیاد لە 40 ساڵ لەگەڵ هونەرمەند ماملێ ژیاوە، ئەو دەربارەی ئەوساڵانە دەیوت: بەختەوەرترین رۆژانی ژیانم ئەو كاتانە بوو كە لەگەڵ ماملێ بووم، ئەو هەمیشە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، خەڵكێكی زۆر لەهەر چوار پارچەی كوردستان رێزێكی زۆرمان لێدەگرن، بەڵام هیچی ناكاتە ئەوەی كە ئەو ئێستا لەنێوماندا بوایە.

ئامینەخان تاوەکو مردنیشی، وێنەیەكی ماملێی وەك ملوانكە بۆ هەمیشە لەملدا بوو، لەوبارەیەوە دەیوت، "ئەوە خۆشەویستی منە بۆ ئەو، سومبولێك بوو بۆ خۆشەویستی و جوانی، لە ژیانم كەسم وەك ئەو نەبینیوە، خۆزگە چەند ساڵێكی دیكە تەمەنی بوایە و لەگەڵمان بژیایە، من ئەوەندە ساڵەی لەگەڵی ژیام زۆر بەخێرایی تێپەڕی".

اینم همسر محمد ماملی در غم هجران هنرمند ماملی - عکس ویسگون

ئەمڕۆ، دەبێتە 26ساڵ کە ماملێ کۆچی دوایی کردووە، بەڵام تا ئێستاش دەنگی ئەو، وەک بەشێک لە سۆزێکی ئەبەدی و هونەرێکی بەرز، لە گوێی گوێگرانیدا ماوەتەوە و یاد دەکرێتەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاندریە کیسیلۆڤ زانای کەشناسیی روسیی رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما لە روسیا بەراورد بە وڵاتانی دیکە نزیکەی سێ هێندە خێراتر بەرزدەبنەوە.

ئەو زانایە ئەوەی خستووەتە روو، ئەم زستانە لە روسیا جیاوازە و لە بەشی ئەوروپای وڵاتەکەدا تێکڕای پلەکانی گەرما ١٠ پلە زیاترن بەراورد بە پلەی گەرمای ئاسایی.

ئاندریە هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان گەڕاندووەتەوە و دەشڵیت، هێشتا ئەمە بەو مانایە نایەت کە وەرزی زستان گەرم دەبێت، بەڵام دوور نییە بە درێژایی ساڵانی داهاتوو ئەو گۆڕانکارییە رووبدات.

ئەو زانای کەشناسییە دەشڵێت، بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لە جیهاندا و گەرمبوونی جیهان پرسێکی گشتییە، بەڵام لە روسیا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خێراترە، بە جۆرێک خێرایی بەرزبوونەوەکەی ٢.٧ ئەوەندەی وڵاتانی دیکەیە".

لەلایەکی دیکەوە ئاندریە کیسیلۆڤ یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیی نیوەگۆی باکووری زەوی و ئەوەی خستە روو، ئەو بەشە رووبەری وشکانی لە رووبەری ئاویی زیاترە ئەوەش هاوکارە لە خێراکردنی دیاردەی گەرمبوونی جیهانیدا.

باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا کرد لە کیشوەریی بەستەڵەکی باشوور و گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا وەک پرسێکی جیهانی باسکردووە و دەڵێت، ئەگەر بەوجۆرە بێت، لەوانەیە گۆڕانکاریی لە کەشوهەوای جیهاندا رووبدات لە ساڵانی داهاتوودا و ئەوەش ببێتە هۆی روودانی چەندین کارەساتی سروشتی وەک لە هەندێک شوێن وشکەساڵی و لە هەندێک شوێنی دیکە لافاو و زریان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوێنێ رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ وەک 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ئاهەنگی دەستبەکاربوونەکەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە یەکێک لە وێنەکاندا کە بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەم جۆرە ناوی دەبەن: 884 ملیار دۆلار لە یەک وێنەدا.

لە وێنەکەدا چوار ملیاردێری جیهان دەردەکەون، کە بەکۆی گشتی سامانەکەیان بە ٨٨٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و لەوەشەوە وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناونراوە، "٨٨٤ لیار لە یەک وێنەی رێورەسمی دەستبەکاربوونی تڕەمپدا".

لە وێنەکەدا هەریەک لە مارک زوکەربێرگ سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا، ئیلۆن مەسک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، جێف بیزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن و ساندرا بیتچای سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گوگڵ لە باڵەخانەی کاپیتۆڵ وەستاون.

بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان، ئیلۆن مەسک سامانەکەی بە 433 ملیار دۆلار، جێف بیزۆس بە 239 ملیار دۆلار، مارک زوکەربێرگ بە 211 ملیار دۆلار و ساندرا بیتچای بە 1.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە رێورەسمی دەستبەکاربوونەکەیدا تڕەمپ رایگەیاند، سەردەمی زێڕێنی ئەمریکا دەستی پێکرد و وتیشی، رێگە نادەن هیچ کەسێک هەلەکان دژی ئەمریکا بقۆزێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک بە بەرزکردنەوەی پلەی کارەکانیان دڵخۆش دەبن، بۆ هەندێک کەس دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی کارەکەیان.

راپۆرتەکان ئەوە دەردەخەن نزیکەی ٤٠٪ی ئەو کەسانەی لە کارەکانیاندا پلەیان بەرز دەکرێتەوە، نامەی دەست لەکار کێشانەوە پێشکەش دەکەن، ٣٥٪ی کەسەکانیش هەست بە خراپبوونی تەدروستیی جەستەیی و دەروونیان دەکەن. توێژینەوەکانیش هۆکارەکەی بۆ چەند لایەنێک دەگەڕێننەوە، لەوانەش زیادبوونی ئەرکی نوێ زۆر جار کار دەکاتە سەر ژیانی کەسیی کارمەندەکان.

مەروە کەرورە توێژەر و شارەزا لە بواری گەشەپێدانی مرۆییدا بۆ ماڵپەڕی سکای نیوز ئەوەی خستووەتە روو، بەشێکی ئەو کەسانەی کە پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی نوێیان پێدەدرێت و زیاتر ماندوو دەبن، زۆرجار توشی هێدمە 'شۆک' دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار ئەو ئەرکە نوێیە وایانلێدەکات وا هەستبکەن کە ناتوانن بەجێی بگەیەنن و دەبێتە هۆی ئەوەی نامەی دەست لەکار کێشانەوە پێشكەش بکەن.

ئەو توێژەرە باسی لەوەشکردووە، هەندێک کەس لەدوای پلە بەرزکردنەوەیان بە ئاسانی ناتوانن هاوسەنگی لەنێوان کار و ژیانی کەسیدا رابگرن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی فشاری جەستەیی و دەروونی لەسەریان دروست ببێت، چونکە بەرپرسیارێتی نوێ پێویستی بەوەیە کاتی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت، بۆیە رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی ئەو کەسانە دروست بکات.

مەروە کەرورە ئەو بەرپرسیارێتییەی خستە ئەستۆی دامەزراوەکان، کە بتوانن کەشێکی وا بۆ کارمەندەکانیان بڕەخسێنن لەکاتی بەرزکردنەوەی پلەکانیاندا هاوکاریان بکەن بە ئاسانی رێچکەی بەرپرسیارێتییە نوێیەکە وەربگرن و سەرکەوتوو بن تیایدا، رێگە نەدەن فشاری دەروونی جەستەیی بە جۆرێک لەسەریان زیاد بکات بیانگەیەنێتە ئەو بڕیارە.

وتیشی، پلەبەرزکردنەوەی زنجیرەیەکی بەرێوەبردنە و هەمیشە بوونی هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو ژینگەیەی کاری تێدا دەکرێت گونجاو نەبێت و هاوکاری کارمەندەکانی نەبێت، ئەوا رەنگە بگۆڕێت بۆ بارێکی قورس بەسەر شانی کەسەکانەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی دوێنێ بە رەسمی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگیرا، ئەمڕۆ کەوتەوە کار و لەئێستادا بەکارهێنەران دەتوانن کاری پێبکەن.

دوێنێ دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە ئەمڕۆ مەراسیمی سوێندخواردنو دەستبەکاربوونەکەی بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، تیک تۆک دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەمریکا. 

دوێنێ یەکشەممە، بە رەسمی تیک تۆک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگیرا، شەوی پێش ئەوەش، لە پەڕەی سەرەکی ئەپڵیکەیشنەکە لای ئەو بەکارهێنەرانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە ئەپەکە بەکاردەهێنن نووسرا، یاساکانی ئەمریکا لە رۆژی ١٩ی مانگەوە تیک تۆک رادەگرن و ئەوان کاردەکەن بۆئەویە چی زووە بتوانن زووتر ئەپڵیکەیشنەکە بخەنەوە کار.

داوای لێبوردنیشیان لە بەکارهێنەرانیان کرد و داوایان لێکردن، لەسەر ئەپەکە بمێننەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی، تیک تۆک 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

رۆژی 17ی ئەم مانگە دادگای باڵای ئەمریكا بڕیاری قەدەغەكردنی تیك تۆكیدا، ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی بایدن بە دادگای باڵای راگەیاند، تیكتۆك زانیاری لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی لە بەکارهێنەران كۆدەكاتەوە بۆیە پێویستە قەدەغە بكرێت، چونكە چین دەتوانێت بە نهێنی دەستكاری پلاتفۆڕمەكە بكات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی و زیان بە ئەمریكا بگەیەنێت.

لەبەرامبەر ئەوەشدا میدیاكانی ئەمریكا باسیان لەوە دەکرد، ترەمپ نایەوێت تیك تۆك لە ئەمریكا قەدەغە بكرێت بەڵكو دەیەوێت ئەپەكە لە چین بكڕێتەوە و ئەمریكا خاوەندارێتی بكات، لەسەر ئەم پرسەش قسەی لەگەڵ سەرۆكی چین كردووە و بڕیار وایە لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا ئاڵوگۆڕی خاوەندارێتی ئەپەكە ئەنجامبدات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...678910