دەنگدان کە پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراسییە، کاریگەری هەمەلایەنی لەسەر تاکەکان هەیە، پسپۆڕانی دەرونى وسیاسیی گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەى کە بەشداریکردن لە دەنگدان لەڕوی تەندروستییەوە سود بە کەسەکە دەگەیەنێت و هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازیشی  رەنگە هۆکار بێت بۆ تەندروستییەکی باشتر.

رێکخراوەکانی وەک کۆمەڵەی پزیشکی ئەمریکی، کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی و کۆلێژی پزیشکانی ئەمریکی پشتگیریان لەو بیرۆکەیە کردووە کە دەنگدان رۆڵی هەیە لە تەندروستیدا، ئەمەش وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە دەنگدان شتێک بێت کە پێویستە پیشەییەکانی چاودێری تەندروستی باسی بکەن.

 توێژەران ئاماژە بەوەدەکەن، بونی مافی دەنگدان و بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا، هۆکارێکە بۆ بەرەوپێشبردنی تەندروستی دەرونی و باشتربونی تەندروستی جەستەیی، ئەوەشیان خستوەتەڕوو،  ئەو کاریگەرییە رێژەییە  و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت.

دکتۆر لین ساندەرز، مامۆستای یاریدەدەری لە بواری سیاسەت لە زانکۆی ڤێرجینیا کە بەشدارە لە ئەنجامدانی توێژینەوەک لەسەر کاریگەرییەکانی دەنگدان لەسەر تەندروستی رایگەیاندوە " ئەوەی تۆ دەتەوێت و هەوڵی بۆ دەدەیت بە رێگەی توندوتیژی، دەتوانیت لە رێگەی دەنگدانەوە  بەدەستی بهێنیت"

 ساندەرز دەشڵێت: کاتێک باوەڕت وایە شتێک دەکەیت کە دەتوانێت ژیانت باشتر بکات، ئەوە سودە دەرونییەکان زیاد دەبن و ئەمەش هۆکارە بۆ باشترکردنی تەندروستی جەستەیی و  بەشداریکردنیش لە دەنگدان پەیوەستە بە تەندروستی دەرونییەوە.

 مارک زیمەرمانیش کە یەکێکە لە دەرونناسە بەناوبانگەکان، لەوبارەیەوە دەڵێت؛ بەشێک لە وێنەی گشتی تەندروستی باش ئەوەیە فێرببیت چۆن دەتوانیت خۆت بەهێز بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت کۆنترۆڵی ئەو شتانەی ژیانت بکەیت کە لەژێر کۆنترۆڵی تۆدان بۆ ئەمەش دەنگدان بە نمونە دێنێتەوە.

توێژەران باسیان لەوەشکردوە، کە دەنگدان و تەندروستی جەستەیی پەیوەندییەکی راستەوخۆیان نییە، واتە بەشداریکردن لە دەنگدان نابێت هۆی دابەزاندی چەوری یاخود جارەسەرکردنی شێرپەنجە، بەڵام لە روی دەرونییەوە کاریگەری لەسەر دەرونی کەسەکان دەبێت.

زۆرن ئەو توێژینەوانەشی ئاماژە بەوەدەکەن، کە باشبونی دەرونی هۆکارە بۆ باشبونی تەندروسی جەستەیی مرۆڤەکان، واتە کاتێک لە رویی دەرونییەوە باشتر دەبێت راستەوخۆ لە روی جەستەیشەوە بەرەو باشبون دەچێت و چوون بۆ دەنگدانیش دەرونی کەسەکان باشتر دەکات، بەتایبەت کاتێک کەسەکە دەیەوێت لە رێگەی دەنگەکەیەوە کاندیدی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت بە هیوای باشترکردنی ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەی.