مانگی نمونەیی، شوباتی ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی سەرنڕاکێشی هەیە کە سەرجەم رۆژەکانی هەفتە لە چوار رۆژ پێکدێت بۆ کۆی رۆژەکانی مانگەکە.
لەسەر ئاستی جیهان بە مانگی شوباتی 2026 دەوترێت "مانگی نموونەیی" (The Perfect Month)، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم مانگە لە چوار هەفتەی تەواو پێکدێت و سەرجەم رۆژەکان بە چوارجاری یەکسان دوبارە دەبنەوە لەم مانگەدا،
ئەو هۆکارەی وایکردووە مانگی شوباتی ئەمساڵ نموونەی بێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرەتای مانگەکە لە رۆژی یەکشەممە دەستیپێکردووە و کۆتایی رۆژەکەش دەکەوێتە رۆژی شەممە.
لە رۆژژمێردا، دەتوانیت "لاکێشەیەکی ئەندازیاریی تەواو" ببینیت کە پێکهاتووە لە ٤ ریز × 7 رۆژ، بەبێ هیچ بۆشایییەک لە سەرەتا یان ڕۆژی زیادە لە کۆتایی مانگەکەدا.
ئەم دیاردەیە شەش ساڵ یاخود 11 جارێک رودەدات و تا مانگی شوباتی 2037 دووبارە نابێتەوە.
پزیشکان و شارەزایانی چاودێریی پزیشکی، ریزبەندیی لەدەستدانی هەستەکانی مرۆڤیان لە سەعاتەکانی کۆتایی پێش مردن ئاشکرا کرد، کە بە قۆناغی "سەرەمەرگی چالاک" دەناسرێت و تێیدا فرمانەکانی جەستە بە خێرایی پاشەکشێ دەکەن لە چالاکی.
بەپێی وتەی پسپۆڕان، ئەو زانیارییانەی لەسەر هەستی مرۆڤ لە ساتە کۆتاییەکاندا لەبەردەستن تا رادەیەک سنووردارن؛ چونکە نەخۆش لەو قۆناغەدا بەهۆی بێهێزی یان لەدەستدانی توانای وەڵامدانەوە، ناتوانێت گوزارشت لەوە بکات کە پیایدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە زۆربەی زانیارییەکان پشت بە تێبینییەکانی پزیشک و خێزانەکان دەبەستن.
جێمس هالبێنبێک، پرۆفیسۆری چاودێریی پزیشکی لە زانکۆی ستانفۆرد، لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەدەستدانی هەستەکان بەپێی ریزبەندییەکی جێگیر رودەدات. هالبێنبێک رونیکردووەتەوە کە سەرەتا هەستی برسیێتی ون دەبێت، دواتر تینوێتی، پاشان توانای قسەکردن و دوای ئەویش بینین؛ بەڵام هەستی بیستن و دەستلێدان دوایین هەستن کە مرۆڤ لەدەستیان دەدات.
پسپۆڕان پێیان وایە ئەم ریزبەندییە هۆکاری ئەوەیە کە پزیشکان هەمیشە رێنمایی خێزانەکان دەکەن لە ساتەکانی کۆتایی سەرەمەرگدا، بە نەرمی قسە بۆ نەخۆشەکانیان بکەن و دەستیان لێ بدەن، چونکە ئەگەرێکی زۆر هەیە تاوەکو دوا ساتەکان ئەو دوو هەستە بە چالاکی بمێننەوە.
دەیڤد هۆفدا، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پێکانەکانی مێشک لە زانکۆی کالیفۆرنیا، ئاماژە بەوە دەکات مێشک لە کاتی مردندا دەستبەرداری ئەو ناوچانە دەبێت کە بۆ مانەوە کەمتر گرنگن، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی کۆئەندامی بینین لە لای هەندێک کەس؛ ئەمەش رەنگە هۆکاری بینینی ئەو "روناکییە درەوشاوەیە" بێت کە هەندێک لە رزگاربووانی راوەستانی دڵ باسی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، جیمۆ بۆرجیگین، زانای مێشک و دەمار لە زانکۆی میشیگن، دەڵێت مێشک پێش مردن روبەڕووی شەپۆلێکی لەناکاوی مادە کیمیاییەکان دەبێتەوە. ئەم چالاکییە نائاساییە رەنگە بەرپرس بێت لە دروستبوونی هەستێکی زۆر رون و رووناک، کە هەندێک کەس وەک "راستییەک لە راستی بەهێزتر" وەسفی دەکەن.
لە سەعاتەکانی کۆتاییدا، نەخۆشەکان بە گشتی واز لە خواردن و خواردنەوە دەهێنن و بینینیان وردە وردە کەم دەبێتەوە، پێش ئەوەی چاوەکانیان دابخەن و بە جۆرێک دەربکەون کە لە خەوێکی قوڵدا بن. هالبێنبێک پێی وایە ئەم حاڵەتە زیاتر لە "خەونبینین" دەچێت نەک بێهۆشییەکی تەواو. ناوبراو ئەم قۆناغە بە هاتنی عاسیفەیەک دەچوێنێت کە ناتوانرێت سەرەتاکەی بە وردی دیاری بکرێت، بەڵام وردە وردە چڕ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە کۆتایی.
رەفحەت ئۆزدەمیر، پیاوێکی تەمەن55 ساڵە و دانیشتوی شاری قەیسەری تورکیایە، دوای بڵاوبونەوەی فایلەکانی ئیپستن، توشی کێشەیەکی گەورە و سەرنجڕاکیش دەبێت، کە هیچ کات خۆی بیر لێنەکردوەتەوە؛ ئەویش لێکچوونی لە رادەبەدەریەتی لەگەڵ ملیاردێری ناوداری ئەمریکی جێفری ئێپستین، دەشڵێت بەهۆی خراپ سەیرکردنی هاووڵاتییان بۆی بیر لە گۆڕینی روخساری دەکاتەوە.
رەفحەت ئۆزدەمیر، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندوە، بەهۆی لێکچونی زۆری لەگەڵ ملیاردێری ئەمریکی"جێفری ئێپستین"، کە لە ئێستادا مردوە و بە تێوەگلان لە تاوانە سێکسییەکان ناوبانگی زڕاوە، ژیانی بوەتە دۆزەخ.
رفحەت وتویەتی؛ خەڵک لە شەقام بە چاوێکی پڕ لە گومان و ناخۆش سەیرم دەکەن و بەردەوام بەو پیاوەم دەچوێنن، لە کاتێکدا من سەرەتا تەنانەت نەمدەزانی ئەو کێیە!
ئەم هاووڵاتییە تورکە، کە لە دوای بڵاوبونەوەی مەلەفەکانی جێفری ئێپستین کەوتوەتە ژێر گوشارێکی توندی دەرونییەوە و بڕیاری داوە رێکاری توند بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لەم رەوشەی ئێستای رزگاری بێت.
رەفحەت وتویەتی، سەرەتا کوڕەزاکەم پێی وتم کە لە جێفری ئیپستین دەچم، بەڵام من هیچ کاتێک نەمناسیوە و ئیتر دەستدەکات بە گۆڕینی شێوازی قژی و هێشتنەوەی ریش،گەرچی حەزی بە هێشتنەوەی ریش نییە، بەڵام ئامادەیە هەموو کارێک بکات تا رزگاری بێت و وەک تاوانبار سەیر نەکرێت.
رەفحەت بە دڵتەنگییەوە بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندوە، "بەداخەوە شێوەمان کەمێک لە یەک دەچێت، بەڵام من ئێپستین نیم و کەسێکی وا خراپ هەرگیز لە شارێکی وەک قەیسەریدا پەیدا نابێت."
دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پاش زیاتر لە 60 ساڵ لە کارکردن، بڵاوکردنەوەی سەرچاوە زانیارییە بەناوبانگەکەی بە ناوی (World Factbook) رادەگرێت.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە ماڵپەڕی رەسمیی دەزگاکە بڵاوکراوەتەوە، هیچ هۆکارێکی رون بۆ ئەم بڕیارە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای بەڵێنێکی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگاکە دێت بۆ کۆتاییهێنان بەو پڕۆگرامانەی کە لە چوارچێوەی ئەرکە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی دەزگاکەدا نین.
ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1962 وەک سەرچاوەیەکی چاپکراوی نهێنی بۆ ئەفسەرانی هەواڵگری دەستی پێکرد، کە تێیدا وێنەیەکی وردی دەربارەی ئابوری، سوپا، سەرچاوەکان و کۆمەڵگەی وڵاتانی دیکە دەخرایە روو. دواتر بەهۆی گرنگیی زانیارییەکانیەوە، دەزگا فیدراڵییەکانی دیکەش بەکاریان دەهێنا و پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، وەشانێکی رەسمیی بۆ هەموو هاووڵاتییان بڵاوکرایەوە.
لە ساڵی 1997ـەوە ئەم سەرچاوەیە خرایە سەر هێڵی ئینتەرنێت و ساڵانە ملیۆنان کەس لە رۆژنامەنوسان و قوتابیان وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بەکاریان دەهێنا. بەڵام لە ئێستادا و لە دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، کۆشکی سپی پلانی کەمکردنەوەی میلاکی کارمەندانی لە CIA و ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێ کردووە، ئەمەش وای کردووە دەزگاکە ناچار بێت تەنیا تیشک بخاتە سەر ئەرکە هەواڵگرییە سەرەکییەکانی و دەستبەرداری پڕۆژە لاوەکییەکانی ببێت.
کتێبی راستییەکانی جیهان کە بە (The World Factbook) ناسراوە، سەرچاوەیەکی زانیاریی گشتگیر و وەک "ئینسلۆپیدیایەک" وایە کە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) ئامادە دەکرێت. ئەم کتێبە زانیاریی ورد و رەسمی دەربارەی 267 وڵات و ناوچەی جیاوازی جیهان لەخۆدەگرێت.
ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر ئەم بوارە سەرەکییانە:
1. جوگرافیا: زانیاریی ورد دەربارەی سنورەکان، رووبەر، کەشوهەوا، سەرچاوە سروشتییەکان و نەخشەی رەسمی و وردی وڵاتان.
2. خەڵک و کۆمەڵگە: ئاماری دانیشتوان، ئایینەکان، زمانەکان، رەوشی تەندروستی، پەروەردە و منداڵان.
3. حکومەت: جۆری سیستەمی سیاسی، پایتەخت، دەستور، سیستەمی یاسایی و ئەندامبوون لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
4. ئابوری: بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)، بودجە، کەرتی کار، کشتوکاڵ، پیشەسازی و زانیارییەکانی بانک و بازرگانی.
5. سەربازی و ئەمنی: توانا و ژمارەی هێزە چەکدارەکان، بودجەی سەربازی و ئەو کێشە و روداوانەی کە مەترسین بۆ سەر ئاسایش.
6. وزە و گواستنەوە: بەرهەمهێنانی کارەبا، نەوت، گاز، هەروەها ژێرخانی هێڵی شەمەندەفەر، بەندەر و فڕۆکەخانەکان.
ئەم سەرچاوەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ، یەکێک بووە لە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەکان بۆ توێژەران، رۆژنامەنوسان، قوتابیان و بەرپرسانی حکومی لە هەموو جیهاندا، چونکە زانیارییەکانی لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کۆدەکرانەوە و بە وردی پشکنینیان بۆ دەکرا.
ئەکادیمیای زانست و هونەرە سینەمايیەکان (ئۆسکار) لیستی پاڵێوراوانی بۆ 98ـەمین خولی خەڵاتەکان بڵاوکردەوە و فیلمی "Sinners" بە بەدەستهێنانی 16 پاڵێوراو پێشەنگی گرتووە و بەمەش ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خەڵاتەکەدا تۆمار کرد.
بەپێی لیستەکە، فیلمی "Sinners" کە لە دەرهێنانی رایان کوگلەر-ە، زۆرترین جار پاڵێوراوە، لە دوای ئەویش فیلمی "One Battle After Another"ـی دەرهێنەر پۆڵ تۆماس ئەندەرسن دێت کە 13جار پاڵێوراوە.
بڕیارە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە 15ی ئازاری 2026لە لۆس ئەنجلەس بەڕێوەبچێت.
لیستی بەشێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکان:
باشترین فیلم:
(Bugonia, F1, Frankenstein, Hamnet, Marty Supreme, One Battle After Another, The Secret Agent, Sentimental Value, Sinners, Train Dreams).
باشترین ئەکتەری پیاو:
تیمۆسی شالامێ (Marty Supreme)، لیۆناردۆ دیکاپریۆ (One Battle After Another)، ئیسان هۆک (Blue Moon)، مایکڵ بی جۆردن (Sinners)، ڤاگنەر مۆرا (The Secret Agent).
باشترین خانمە ئەکتەر:
جێسی بەکلی (Hamnet)، رۆز Бێرن (If I Had Legs I’d Kick You)، رینات رێنسڤ (Sentimental Value)، ئێما ستۆن (Bugonia)، کەیت هەدسۆن (Song Sung Blue).
باشترین دەرهێنەر:
پۆڵ تۆماس ئەندەرسن، رایان کوگلەر، کلۆی ژاو، جۆش سەفدی، یواکیم تریەر.
باشترین فیلمی نێودەوڵەتی:
The Secret Agent (بەرازیل)، It Was Just an Accident (فەرەنسا)، Sentimental Value (نەرویج)، Sirât (ئیسپانیا)، The Voice of Hind Rajab (تونس).
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداریدەدەن لەوەی مەترسیی سەرەکیی خواردنی هێلکە پەیوەندی بە کۆلیستڕۆڵەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو "چەورییە تێرە"ی تێیدایە یان لەگەڵیدا دەخورێت، کە هۆکارە بۆ گیرانی خوێنبەرەکان و نەخۆشیی دڵ.
پزیشکان و پسپۆڕانی خۆراک رێنمایی دەدەن بەم شێوەیە هێلکە بخورێت:
کەسانی تەندروست: دەتوانن رۆژانە یەک هێلکەی تەواو، یان سپێنەی دوو هێلکە بخۆن.
کەسانی نەخۆش: ئەوانەی نەخۆشیی شەکرە، دڵ، یان بەرزیی کۆلیستڕۆڵیان هەیە، باشترە هەفتانە لە چوار زەردێنەی هێلکە زیاتر نەخۆن، بە مەرجێک بڕی چەوری لە خۆراکەکانی دیکەیاندا کەم بێت.
مەترسییە شاراوەکەی ناو زۆر خواردنی هێلکە چییە؟
هێلکەیەکی گەورە نزیکەی 1.6گرام چەوریی تێری تێدایە، بەڵام مەترسییە گەورەکە لەو خۆراکانەدایە کە لەگەڵ هێلکە دەخورێن، وەک (سۆسج، پەنیر و ئەو نانەی بە کەرە چەور دەکرێت).
شێوازی دروستکردنی هێلکە:
جولیا زۆمبانۆ، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: "کۆی گشتیی ئەو چەورییە تێرەی لە رۆژێکدا دەیخۆین، کاریگەریی زیاترە لەسەر بەرزبوونەوەی کۆلیستڕۆڵی زیانبەخش وەک لە خودی هێلکەکە".
بۆیە سورکردنەوەی هێلکە بە کەرە زیانەکەی زیاد دەکات، باشترین رێگەش خواردنی هێلکەی کوڵاو یان برژاندنیەتی بەبێ ڕۆن و کەرە.
پسپۆڕانی تەندروستی جەختدەکەنەوە، کاتێک ئامانج کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن بێت، نانی گەنمی تەواو (نانی بۆر) باشترین هەڵبژاردنە بەراورد بە نانی سپی، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی کاریگەرییان لەسەر خێرایی هەڵمژینی شەکر لەلایەن خوێنەوە.
بۆچی نانی سپی مەترسیدارە؟
نانی سپی بەهۆی ئەوەی لە ئاردی پاککراوە دروست دەکرێت و توێکڵە دەوڵەمەندەکەی لێکراوەتەوە، رێژەی ریشاڵی کەمە، ئەمەش وادەکات پڕۆسەی هەرسکردنی خێرا بێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرا و کتوپڕی شەکری خوێن، کە فشار لەسەر ئەنسۆلین دروست دەکات. بەرزبوونەوەی بەردەوامی شەکر بەهۆی نانی سپییەوە، مەترسیی دروستبوونی "بەرگریی ئەنسۆلین" و تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 زیاد دەکات.
سودەکانی نانی بۆر:
بەپێچەوانەوە، نانی بۆر (گەنمی تەواو) بەهۆی بوونی رێژەیەکی بەرز لە ریشاڵ و کاربۆهیدراتی ئاڵۆز، پڕۆسەی هەرس و هەڵمژینی شەکر هێواش دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەکری خوێن بە شێوەیەکی پلەبەپلە و لەسەرخۆ بەرزببێتەوە، نەک بە خێرایی.
بەراوردکاریی خۆراکی:
نانی بۆر: دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، پرۆتین و مادە خۆراکییەکان، هەستی تێربوون دەبەخشێت و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش. توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنی نانی بۆر کاریگەری ئەرێنی لەسەر باشترکردنی پشکنینی شەکری کەڵەکەبوو (HbA1c) هەیە.
نانی سپی: زۆرجار کالۆری، کاربۆهیدرات و سۆدیۆمی زیاترە و هەستی تێربوون کەم دەکاتەوە.
دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەی "گاردیان" ئاشكرایكرد كە كورتەی دروستكراو بە زیرەكی دەستكردی گۆگڵ زانیاریی هەڵە دەداتە بەكارهێنەران، كۆمپانیاكە وەڵامدانەوەی بەشێك لە پرسیارە تەندروستییەكانی لەڕێگەی خزمەتگوزاری AI Overviews راگرت.
خزمەتگوزاری AI Overviews بریتییە لە كورتەیەك كە بە زیرەكی دەستكرد ئامادە دەكرێت و لە سەرەتای ئەنجامەكانی گەڕاندا وەك وەڵامی پرسیارێك دەخرێتەڕوو.
بەپێی لێكۆڵینەوەكەی گاردیان، بەشێك لەو كورتانە زانیاریی تەندروستیی هەڵەیان تێدایە و خەڵك رووبەڕووی مەترسی دەكەنەوە، بۆ نمونە لە وەڵامی پرسیارەكانی پەیوەست بە "پشكنینی خوێن" و "فەرمانی جگەر"، ژمارەی بێ سەروبەری خستۆتەڕوو بەبێ رەچاوكردنی جیاوازیی رەگەز، تەمەن و نەتەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، گۆگڵ ئامۆژگاریی توشبووانی "شێرپەنجەی پەنكریاس"ی كردووە كە خۆیان لە خواردنی چەور بەدوربگرن، بەڵام شارەزایان بە گاردیانیان راگەیاندووە، ئەمە ئامۆژگارییەكی خراپە و دەكرێت مەترسیی مردن زیاد بكات.
ئەم لێكۆڵینەوەیە لەكاتێكدایە كە شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی چاتبۆتەكانی زیرەكی دەستکرد توشی "خەیاڵكردن" (Hallucination) دەبن، واتە كاتێك زانیاریی دروستیان لەبەردەست نییە، وەڵامی هەڵبەستراو دەدەنەوە.
هاوكات گۆگڵ لەم هەفتەیەدا تایبەتمەندیی AI Overviewsـی بۆ خزمەتگوزاریی ئیمەیڵ (Gmail) زیادكرد، كە رێگە بە بەكارهێنەران دەدات لەبری گەڕان بە كلیلە وشە، پرسیار دەربارەی ئیمەیڵەكانیان بكەن و وەڵام وەربگرنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، لە ساڵی 2025دا، زیاتر لە 26 هەزار ژەمە تیشك بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە سەنتەری ژیانەوە ئەنجامدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ماوەی ساڵی رابردوو دوو هەزار و 505 نەخۆش سەردانی سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشكیان كردووە و چارەسەری پێویست بۆ هەزار و 210 نەخۆش کراوە".
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "سەردانیکەران هەزار و 40 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون و هەزار و 465 کەسی دیکەیان لە رەگەزی مێ بوون".
بەپێی راگەیەندراوەکە، "هەزار و 862 نەخۆش خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە بوون و 643 نەخۆش خەڵكی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و عیراق بوون، هاوكات ساڵی رابردوو لە سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك 26 هەزار و 238 ژەمە تیشك بۆ تووشبووانی شێرپەنجە كراوە، پشكنینی سیتی سكان بۆدوو هەزار و 780 نەخۆش كراوە و 62 نەخۆش چارەسەری ناوەكیان وەرگرتووە".
کۆمپانیای پایۆنێر بۆ پیشەسازی دەرمان رونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "ئێمە هەمیشە پاڵپشتی دۆزی رەوای گەلی کورد بووین، کارەکانی رابردومان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن".
دەقی راگەیەندراوەکە
سەبارەت بە بڵاوبونەوەی هەواڵێک لە چەند میدیا و پەیجێک کەسێک بە ناوی (عبدالسلام سودە)کە بەڕەگەز خەڵکی سوریایە و پۆستيکی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دوایەی سوریا.
وێڕای نیگەرانیمان لە ناوەڕۆکی پۆستەکەی ناوبراو لەبەرئەوەی هەمیشە ئێمە پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بووین لە هەموو بەشەکان و کارەکانی ڕابردومان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن. بۆیە بۆ هەموو لایەک و ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە کە ناوبراو لە ڕابردوودا لە کۆمپانیاکەمان کاری کردوە و لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نەماوە و لە ساڵی ڕابردوەوە لە کۆمپانیاکەمان نەماوە و کارناکات و گەڕاوەتەوە ووڵاتی خۆی.
وێڕای سوپاس و دەست خۆشیمان بۆ هەموو دڵسۆزانی کوردستان و کۆمپانیاکەمان کە بە پەرۆش بوون بۆ ئەو بابەتە ، هەر لێرەشەوە داواکارین لەهەموو ئەو میدیا و پەیجانەی کە هەواڵی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە بەگیانی لێپرسراوێتی هەواڵەکان بڵاوبکەنەوە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکان بکەن پێش بڵاوکردنەوەی و ناوهێنانی کۆمپانیاکەمان.
کۆمپانیای پایۆنێر بۆ پیشەسازی دەرمان
١٠/01/٢٠٢٦ سلێمانی
بەکارهێنانی بیستۆک (هیتفۆن) لە کاتی وەرزشکردن، لە ماڵەوە و دەرەوە بووەتە خوویەکی رۆژانەی زۆرێک لە هاووڵاتیان، بەڵام رۆژنامەیەکی بەریتانی هۆشداریدەدات لەوەی ئەم بەکارهێنانە چڕە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی گوێ دروست دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی، بەرزکردنەوەی دەنگی بیستۆک بۆ ماوەیەکی درێژ و بەبێ رەچاوکردنی دەرەنجامەکانی، دەبێتە هۆی تێکشکانی شانە ورد و هەستیارەکانی ناوەوەی گوێ. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک لەدەستدانی توانای بیستن و زرنگانەوەی گوێ، کە زۆرجار حاڵەتگەلێکن چارەسەریان نییە و بە تێپەڕبوونی کات دۆخەکە خراپتر دەکەن.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، کێشە گەورەکە لەوەدایە سەرەتا زیانەکان بە روونی دەرناکەون، ئەمەش وادەکات زۆر کەس گوێ بە مەترسییەکان نەدەن و لەسەر ئەو خووە هەڵەیە بەردەوام بن.
سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆژیای مۆبایلەکان ئاگادارکردنەوە دەدەن کاتێک ئاستی دەنگ لە سنوری رێگەپێدراو تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران، بەتایبەت هەرزەکاران و گەنجان، ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ دەخەن.
لە راپۆرتەکەدا رێنمایی هاووڵاتیان کراوە کە پشکنینی خولی بۆ توانای بیستنیان بکەن و هەوڵبدەن کاتەکانی بەکارهێنانی بیستۆک کەم بکەنەوە. هەروەها، پسپۆڕان ئامۆژگاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە بیستۆکانە دەکەن کە تایبەتمەندی "لابردنی دەنگەدەنگ" (Noise Cancellation)یان هەیە، تا لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ناچار نەبن دەنگی ئامێرەکانیان تا دوا ئاست بەرز بکەنەوە.
ئاسیاسێڵ پابەندبوونی تەواوەتی خۆی بە هەموو پابەندبوونە یاسایی و داراییاکانی بەرامبەر بە حکومەتی عیراق دووپاتدەکاتەوە.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی 2025ـدا، ئاسیاسێڵ هەموو ئەو پابەندبوونە داراییانەی لە ئەستۆیدایە بەجێیهێناوە لە چوارچێوەی رێکارە بەرکار و پەسەندکراوەکان لەگەڵ لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان، هەر وەکو ئەوەی لە هەموو ساڵە داراییەکاندا ئەنجامیداوە.
ئاسیاسێڵ روونی دەکاتەوە کە لە ئێستادا هیچ پابەندبوونێکی دارایی لە ئەستۆی کۆمپانیادا نیە بەرانبەر بە حکومەتی عیراقی، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوامیدا بە شەفافیەت و دیسپیلینی دارایی و کارکردن بە گوێرەی رێکارە یاسایی و رێکخراوەییە کارپێکراوەکان.
ئەم پابەندبوونە هاوشان و هاوتەریبە لەگەڵ رۆڵی ئاسیاسێڵ وەک هاوبەشێکی نیشتمانی بەرپرسیار، کە بەشداری دەکات لە پشتیوانی کردنی ئابووریی نیشتمانی و بەهێزکردنی گەنجینەی دەوڵەت، بە جۆرێک مۆدێلێکی ئەرێنی کاری هاوبەشی تەندروست و درێژخایەن لە نێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا نیشانبدات.
ئاسیاسێڵ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی گەیاندن و راگەیاندن "CMC" دەکات بۆ هاوکاری پیشەییانەیی و ئەو رۆڵی رێکخراوەییەی کە دەیگێڕێت، بە جۆرێک کە بەشدارە لە بەهێزکردنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی ژینگەیەکی کارکردنی لەباری بەردەوام بۆ کەرتی پەیوەندییەکان لە عیراق.
ئاسیاسێڵ پابەندبوونی خۆی بە رۆڵی خۆیەوە وەک هاوبەشێکی نیشتمانی بەرپرسیار دووپاتدەکاتەوە، لەگەڵ جێبەجێ کردنی هەموو پابەندییەکانی و بەردەوامیدانی بە وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.

بەپێی ئاماری بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ماوەی ساڵی رابردوو 46,677 نەخۆش سەردانی سەنتەری شەهید جەبار شێخ فەتاح بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست یان كردووە لەشاری سلێمانی و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
هاوكات ساڵی رابردوو لە سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست 8,062 نەشتەرگەی بچووك كراوە.
ئامارەکە ئاماژە بەوەدەدات کە نەشتەرگەرییەکان لە بوارەکانی؛ وەك لابردنی بالوكە و خاڵ و مێخەكە و گۆشتی زیادە و چەوری ژێر پێست بوون.
وەك ئامادەكارییەك بۆ نیشتنەوەی هەمیشەیی لەسەر رووی مانگ و بەئومێدی دۆزینەوەی گازێكی دەگمەن، ناسا چوار كەشتیوان بە بەهای نزیكەی 10 ملیار دۆلار دەنێرێتە خولگەی مانگ.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریكا-ناسا رایگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكاری چڕن بۆ ناردنی چوار كەشتیوان بۆ خولگەی مانگ لە چوارچێوەی گەشتی ئاریتمس-دوو كە بڕیارە گەشتەكە لە پێنجی شوباتی ئەمساڵ لە ویلایەتی فلۆریداوە بە ئاراستەی مانگ دەستپێبكات.
ئاژانسەكە روونیشیكردووەتەوە، تیمی گەشتەكە پێكهاتوون لە سێ ئەمریكی و كەشتیوانێكی كەنەدی، كە پێكەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بە دەوری مانگدا دەخولێنەوە. ئامانجیش لە گەشتەكە ئامادەكارییە بۆ دووبارەی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ لە ساڵی 2027 یان 2028دا.
ناسا دەشڵێت، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ژێرخانێكی تەكنەلۆژی و بنكەیەكی هەمیشەیی لەسەر مانگ دروست بكەن، بە مەبەستی دەرهێنانی گازی دەگمەنی هیلیۆم-سێ و ئامادەكاری بۆ گەشتە دوورەكانی مەریخ.
كۆنگرێسی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ تەرخانكردنی بڕی 9.9 ملیار دۆلار بۆ ئەم قۆناغە و كۆمپانیاكانی وەك سپەیس ئێكس و بۆینگ یش هاوكاری ناسا دەكەن بۆ سەرخستنی ئەو گەشتە مێژووییە.
ئەو گەشتە لە دوای ساڵی 1969وە دەبێتە گەورەترین هەنگاوی مرۆڤایەتیی بەرەو قوڵاییەكانی بۆشایی ئاسمان.
ئامێرێکی نوێ کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کاردەکات، لە چین سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە لەرێگەی پشکنینەکانەوە هەستی پێ بکەن، ئەمەش هیواکان بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان زیاد دەکات.
شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە، رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای توشبوون تەنها نزیکەی 10%ـە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نیشانەکانی درەنگ دەردەکەون و ئاشکراکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەستەمە.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئامێرەکە ناوی "پاندا" (PANDA)یە و لەلایەن توێژەرانی کۆمپانیای عەلی بابای چینییەوە پەرەی پێدراوە. بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2024 لە زانکۆی نینگبۆ لە خۆرهەڵاتی چین تاقیکراوەتەوە.
لەو کاتەوە، ئامێرەکە شیکاری بۆ زیاتر لە 180 هەزار وێنەی تیشکی (CT Scan)ی سک و سنگ کردووە، یارمەتی پزیشکەکانی داوە بۆ دۆزینەوەی نزیکەی 20 حاڵەتی شێرپەنجەی پەنکریاس، کە 14 حاڵەتیان لە قۆناغی زۆر سەرەتاییدا بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو نەخۆشانە بەهۆی نیشانەی وەک ئاوسانی سک و دڵتێکەڵهاتن سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، سەرەتا لە پشکنینەکاندا پزیشکەکان هەستیان بە هیچ مەترسییەک نەکردبوو، تا ئەو کاتەی "پانپا" سەرنجی راکێشان بۆ بوونی وەرەمەکە.
دکتۆر ژۆ، سەرۆکی بەشی پەنکریاس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان دەڵێت: "دەتوانین بە رێژەی 100% بڵێین زیرەکیی دەستکرد ژیانی ئەوانی رزگار کرد".
بەهۆی ئەم سەرکەوتنەوە، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) سیفەتی "ئامێری داهێنەرانە"ی بەخشیوەتە "پاندا" بۆ ئەوەی رێکارەکانی پەسەندکردنی خێرا بکرێت و لە نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری لەدایکبونی منداڵی لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری سلێمانی بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکەیان زیاتر لە نۆ هەزار 800 منداڵ لەدایک بوون، لەو ژمارەیە 179 حاڵەتیان دوانە بوون و نۆ حاڵەتی سیانەش تۆمار کراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماری لەدایکبونی بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرە ئامارەکە، ساڵی 2025 نۆه ەزار و 848 منداڵ لە دایک بوون.
لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 96 منداڵیان کوڕ بوون و چوار هەزار و 752 منداڵیشیان کچن، تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەوەڕوو پێنج هەزار و 528 منداڵیان بە سروشتی لەدایک بوون، لە بەرانبەردا چوار هەزار و 320 منداڵیشیان لە رێگەی نەشتەرگەریەوە بووە.
بەگوێرەی راگەیەنداروەکە ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری 179 حاڵەتی لەدایكبوونی دووانە و 9 حاڵەتی لەدایكبوونی سیانە تۆماركراون.
تەندروتسی سلێمانی دەشڵێت؛ 42 هەزار و 723 نەخۆش سەردانی ل نەخۆشخانەی مناڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری کردوە و لەو ژمارەیە 13 هەزار و 101 نەخؤش داخڵ کراون و چارەسەریان وەرگرتوە.