نەیمار جۆنیۆری ئەستێرەی دێرینی بەڕازیلی و هێرشبەری یانەی سانتۆس، دوای ماڵاواییکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە ڕکابەرییەکانی مۆندیال، وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.
نەیمار دوای دۆڕانیان بە ئەنجامی 1 - 2 بەرامبەر نەرویج وتی: من هەوڵم دا، و بەردەوام بووم لە هەوڵدان، هەروەها وتیشی: من کاروانی وەرزشی خۆم لێرە لە یاریگای مێتلایف دەستپێکرد، و هەر لێرەش کۆتایی پێهات. ئێستا هەموو شتێک کۆتایی هات.
بەم شێوەیە، نەیمار (تەمەن 34 ساڵ) پەردەی لەسەر کاروانێکی وەرزشی نێودەوڵەتی لادا کە 16 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردبوو، تێیدا لە کۆی 130 یاری نێودەوڵەتیدا، 80 گۆڵی تۆمارکرد و 59 گۆڵیشی دروستکرد.
ئەم ئەستێرە دێرینە وەک دووەم یاریزان کە زۆرترین بەشداریی بە درێسی بەڕازیلەوە هەبێت ماڵاوایی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات، هاوکات گۆڵکاری مێژوویی وڵاتەکەیەتی و پێش پێلێی ئەفسانەی کۆچکردوو کەوتووە.
نەیمار نەیتوانی کۆنتڕۆڵی هەستەکانی خۆی بکات دوای چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە پاڵەوانێتی جامی جیهانیی تۆپی پێی 2026 کە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
بەڕازیلییەکان، کە 5 جار بوونەتە پاڵەوانی جیهان و کۆتا دانەیان لە مۆندیالی 2002ی کۆریای باشور و ژاپۆن بوو، دوای دۆڕانیان بە ئەنجامی 1 - 2 بەرامبەر نەرویج لە قۆناغی 16دا، ماڵاواییان لە ڕکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
نەیمار یارییەکەی لەسەر کورسی یەدەگ دەستپێکرد، و لە خولەکی 67دا وەک یاریزانی جێگرەوە لە شوێنی گابرێل مارتینێلی، یاریزانی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی هاتە ناو یاریگا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی فیفای کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارتە سورەکەی هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکا فلۆریان بالۆگانی و ئاماژەی بەوەکردوە فیفا کارێکی دروستی ئەنجامداوە و نادادپەروەرییەکی گەورەیان راستکردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە تیوتێکدا لە ترسو سۆشیال، کە خۆی خاوەندارتی دەکات رایگەیاندوە، سوپا بۆ فیفا کە کارتە سورەکەی فلۆریان بالۆگانی لابرد، ئەوان بەو کارەیان نادادپەروەرییەکی گەورەیان راستکردەوە.
بەبڕیاری فیفا، لە دوای لابردنی کارتەسورەکەی هێرشبەرەکی ئەمریکا، ئیتر دەتوانێت لە یاری قۆناغی 16ی جامی جیهانی 2026بەرانبەر بەلجیکا یاری بکات.
هێرشبەرە ئەمریکییەکە، لە یارییەکەی بەرانبەر بۆسنە و هەرسک بە کارتی سوری راستەوخۆ کرایە دەرەوەی و و بەپێی یاسا دەبوو بۆ یەک یاری رابگیرێت، بەڵام لیژنەی دادوەری فیفا بە ئاماژەدان بە مادەی 27ی یاسای دیسپلین، کارتەکەی سریەوە.
هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵەکە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکەی هەیە و توانیویەتی لە مۆندیالی 2026 سێ گۆڵ تۆمار بکات.
کۆمەڵێک یاسادانەری بەریتانی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" روبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی گاڵتەجاڕی و رەخنە بوونەتەوە و بە "شکستخواردوو" وەسف کراون، دوای ئەوەی داوای قەدەغەکردنی کارتۆنی منداڵانی بەناوبانگی روسی "ماشا و ورچەکە"یان کرد بە پاساوی ئەوەی "پڕوپاگەندەی سیاسی" تێدایە.
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە پڕۆژەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانتاری لیبڕاڵ دیموکرات، تۆم گۆردۆن سەرکردایەتی کراوە و لەلایەن زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری ئەنجومەنی گشتییەوە ئیمزاکراوە، داوا لە وەزیرەکان دەکەن پەخشی ئەم درامایە رابگرن.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای "نێتفلێکس" گرێبەستی خۆی بۆ نمایشکردنی وەرزە نوێیەکانی کارتۆنەکە نوێکردەوە. پەرلەمانتارەکان پێیان وایە کە ئەم بەرهەمە "ناوەڕۆکی سەربازیی سۆڤیەتی" تێدایە و بۆ منداڵان گونجاو نییە.
ئەم داواکارییە پەرلەمانییە کاردانەوەی تەنزئامێز و ناڕەزایەتی زۆری لە جیهانی دیجیتاڵیدا لێکەوتەوە، بەو پێیەی بەکارهێنەرانی سەکۆی "ئیکس" ئەم هەنگاوەیان بە منداڵانە و دوور لە جدییەتی سیاسی وەسف کرد.
بەکارهێنەرێک نووسیویەتی ئەم دەستپێشخەرییە "شایەنی بەزەییە" و سەرسامی خۆی لەو بێزاربوونە گەورەیە دەربڕیوە بەرامبەر بە زنجیرەیەکی منداڵان.
چالاکوانان ئەوەشیان بە بیر پەرلەمانتارەکان هێناوەتەوە کە ئەم زنجیرەیە ناوبانگێکی بێوێنەی هەیە و لە رێگەی یوتیوبەوە ملیاران بینەری لەلایەن منداڵانی ئۆکرانیا خۆیانەوە هەیە سەرڕای ململانێ و شەڕی بەردەوام.
مارکواین مۆلین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، لە دڵخۆشی کرانەدەرەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دەستی کردوە بە سەما و چەند گۆرانییەکیشی وتووە.
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، لە کۆنگرەرەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندوە، هیچ هەڵبژاردەیەکی پاڵەوانێتی مۆندیال هێندەی ئێران کێشە و گرفتی بۆ ئەمریکا دروست نەکردوە، چونە دەرەوەیان لە مۆندیال دڵخۆشی کردوە.
وەزیرەکەی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی وتوە، کاتێک زانیویەتی هەڵبژاردەی ئێران کراوەتە دەرەوە و نەی توانیوە سەرکەوێت بۆ قۆناغی 32ـی پاڵەوانێتی جامی جیهانی، لە خۆشیدا دەستی کردوە بە گۆرانی وتن وسەماکردن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی سنوردارکردنی ڤیزەی یاریزانان و تیمی هەڵبژاردەی ئێران لە ناوخۆی ئەمریکادا توشی گرفتی زۆر بونەتەوە.
ئەم قسانە لە کاتێکدایە، هەڵبژاردەی ئێران لە جامی جیهانی 2026، بەهۆی کێشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ڤیزەی سنورداریان پێدرابوو، هەر ئەمەش وایکرد دوای تەواو بونی یارییەکان و کرانەدەرەوەیان راستەوخۆ ئەمریکایان بەجێهێشت.
مێژوی تۆپی پێ و کارەساتە سروشتییەکان جارێکی دیکە بە هاوکاتییەکی سەیر و نامۆ بە یەکەوە بەسترانەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یاری نێوان بەرازیل و سکۆتلەندا لە جامی جیهانی 2026، دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند.
روداوەکە سەرەڕای کارەساتباریەکەی کە بوە هۆی گیان لە دەستدانی 164 کەس و برینداربونی زیاتر لە 900 کەس، یادەوەریەکی تاڵیشی لەگەڵ خۆیدا بە بیری جیهان هێنایەوە، کاتێک پێش 36ساڵ و لە مۆندیالی 1990دا، رێک لە کاتی پەخشی راستەوخۆی هەمان یاری (بەرازیل و سکۆتلەندا) ، بوومەلەرزەیەکی کتوپڕ بە گوڕی7.4 پلە ئێرانی وێران کرد.
بەهۆی بومەلەرزکەوە زیاتر لە 35 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 60 هەزار کەسیش بریندار بوون؛ لەو شەوەدا ئەو ئێرانیانەی بۆ بینینی یارییەکە نەخەوتبوون توانیان لەژێر داروپەردووی خانوەکانیاندا رزگاریان بێت.
ئێستا و دوای نزیکەی چوار دەیە، مێژوو خۆی دووبارە کردەوە و لە کاتی یاری گەڕانەوەی ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە مۆندیالی 2026دا، دوو بوومەلەرزەی یەکبەدوایەک بە گوڕی 7.5 و 7.2 پلە و بە جیاوازی تەنها یەک خولەک ڤەنزوێلایان هەژاند، کە تەنانەت لەرینەوەکەی لە ناوچەکانی ئامازۆنی بەرازیلیش لە دووری 1700 کیلۆمەتر هەستی پێکرا.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ئەم کارەساتەی لە ڤەنزوێلا رویداوە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 164 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 900 کەسی دیکە، هاوکات لە ویلایەتی کەناراوی لا گوایرارەوشی نائاسایی راگەیەندراوە و زیانێکی زۆر بە دەیان باڵەخانە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سیمۆن بۆلیڤار و تۆڕی مێترۆی کاراکاس کەوتووە.
هەرچەندە لە روی زانستییەوە هیچ پەیوەندییەکی هۆکار و دەرەنجام لە نێوان ئەم دوو روداوەدا نییە، بەڵام هاوکاتیی ئەم دوو بوومەلەرزە گەورەیە لەگەڵ یاری بەرازیل و سکۆتلەندا بە جیاوازی 36 ساڵ، ئەم روبەڕووبوونەوەیەی تۆپی پێی وەک یەکێک لە سەیرترین رێکەوتەکانی مێژووی وەرزش و سروشت تۆمار کرد.
شەپۆلێکی گەرمای چاوەڕواننەکراو روی لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا کردوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی پەیمانگایەکی گشتی لە ئیسپانیاش، بەهۆی گەرماوە زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویان کردوەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی روی لە وڵاتەکە کردوە، تەنها لە رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا 212 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکەوە گیانیان لەدەستداوە
سیستەمی چاودێریی "MoMo" کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی ئامارەکانی مردنی رۆژانە لە ئیسپانیا و بەراوردکردنیان لەگەڵ تۆمارە مێژووییەکان، لە رێگەی هاوتەکردن لەگەڵ داتاکانی ئاژانسی کەشناسیی نیشتمانی وڵاتەکە رایگەیاندوە، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی رێژەی مردنە.
ئەم ژمارەیەی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە لە هەمان چوار رۆژی ساڵی 2025دا، ژمارەی مردنەکان بەهۆی گەرماوە تەنها 98 کەس بوو، کە ئەوکات بە گەرمترین هاوینی تۆمارکراو لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرا.
میدیاکانی وڵاتەکە رایانگەیاندوە، لە ناوچە سەرەکییەکانی ئیسپانیا لەم هەفتەیەدا بەرزترین تێکڕای پلەکانی گەرمای رۆژانەیان لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکردووە کە لە ساڵی 1950وە وێنەی نەبووە؛ بە شێوەیەک تێکڕای پلەی گەرمی لە رۆژی دووشەممەدا 28.8. پلەی سیلیزی و لە ڕۆژی سێشەممەدا 28.17 پلەی سیلیزی بووە و ئەمەش بوەت هۆی بەرزبونەوەی رێژەی مردن بەهۆی گەرماوە
لێپرسراوانی بەشێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی فەڕەنسا هۆشداری دەدەنە گەشتیاران، کە پیاسەکردن بە جلی نیمچە روتەوە لە شەقامە گشتییەکان و شوێنە مێژوییەکاندا قەدەغەیە و سەرپێچیکاران روبەڕووی سزای دارایی تا 150 یۆرۆ دەبنەوە.
بە گوێرەی میدیاکانی فەرەنسا، بریاریسزای دارایی بۆ ئەو کەسانە دەرکراوە کە بە جلی نەگونجاوەوە لە شوێنە گشتییەکان دەسوڕێنەوە و بڕیارەکە زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە دوای جێهێشتنی کەنار دەریاکان، بەبێ پۆشینی جلوبەرگی گونجاو لە ناوەندی شارەکاندا هاتوچۆ دەکەن.
هەرچەندە لە فەرەنسا یاسایەکی گشتی بۆ قەدەغەکردنی ئەم کارە نییە، بەڵام ئەنجومەنی خۆجێیی زۆرێک لە شارە کەناراوییەکان بەپێی تایبەتمەندی ناوچەکانیان یاسای تایبەتیان دەرکردووە و سزای داراییان بۆ ئەو کەسانە داناوە، کە سەرپێچی دەکەن.
شاری ناربۆن لە باشوری فەرەنسا یەکێکە لەو شوێنانەی، کە ئەم قەدەغەکارییە جێبەجێ دەکات؛ بەرپرسانی شارەکە رایانگەیانووە؛ کە ئامانجیان لەم رێکارە پاراستنی ئارامی گشتی، رێزگرتن لە ژینگەی ژیان و هێشتنەوەی سەرنجڕاکێشیی ناوەندی شارەکەیە لە وەرزی هاویندا.
لێپرسراوانی شارەکە پێیان وایە، ئەو پۆشاکەی بۆ کەنار دەریا گونجاوە، دروست نییە بۆ چونە ناو شەقامە گشتییەکان گونجاو نییە.
پۆلیسی ناوچەکە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاساکە و غەرامەکردنی سەرپێچیکاران و هاوکات شاری کەناراوی دووڤیلیش، کە پێشتر سزای 17 یۆرۆی بۆ ئەم بابەتە دیاری کردبوو، سزاکەی توند ترکردوە و سزاکەی کردوە بە 150 یۆرۆ و بەرپرسانی شارەکە داوا لە گەشتیاران دەکەن لە بەرانبەر ئەم رەفتارەدا کە ساڵانە لە زیادبووندایە، کەمێک زیاتر پابەندی ئادابی گشتی بن.
رەنگە ئەم کارە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ زیاتر لە خەونێک بچێت، بەڵام بۆ دوو گەنجی ئەمریکی بووەتە واقیع و کارێکی راستەقینە، کاتێک لە بەرانبەر سەیرکردنی سەرجەم یارییەکانی مۆندیالی2026دا، بڕی 50 هەزار دۆلاریان پێدەدرێت.
ئۆستن فرانکلین (29 ساڵ) و کیڤن ئەکۆتۆ (26 ساڵ) ئەرکەکەیان لە ناو ستۆدیۆیەکی شوشەیی کاتییەوە لە دڵی گۆڕەپانی بەناوبانگی "تایمز سکوێر" لە شاری نیویۆرک بەڕێوەدەبەن، کە ستۆدیۆکە لە سێ لاوە کراوەیە و لە رێگەی دوو شاشەی گەورەی 85 ئینچییەوە چاودێری یارییەکان دەکەن، لە کاتێکدا سەدان هاندەر لە دەوریان کۆدەبنەوە.
ئەم دوو گەنجە دوای سەرکەوتنیان لە پێشبڕکێیەکدا کە لەلایەن تۆڕی میدیایی "فۆکس" رێکخرابوو، لە نێوان هەزاران پێشکەشکاردا بۆ ئەم کارە دەستنیشانکران، ئامانج لەم کارەش زیاترکردنی کێبڕکێ و کارلێکی جەماوەرییە لەگەڵ روداوە وەرزشییەکەدا.
کیڤن ئەکۆتۆ، کە لە پێناو ئەم کارەدا دەستی لە کارەکەی پێشووی کێشاوەتەوە، سەبارەت بە ئەزمونەکەی دەڵێت: رەنگە هەندێک لە یارییەکان کەمێک بێزارکەر بن و جۆش و خرۆشیان تێدا نەبێت، بەڵام لە بەرانبەردا بێگومان یاریی تری وا هەن کە بە تەواوی شایەنی سەیرکردنن.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دوای 52 ساڵ گەڕاوەتەوە مۆندیال و یەکەم یاری بەرانبەر پرتوگال ئەنجام دەدات.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ یەکێکە لە هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی 2026 کە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردەیە کۆتا مۆندیال کە بەشداری کرد ساڵی 1974 بوو.
لەوکاتەدا کۆنگۆ ناوی (زائیر) بوو، ئەمەش ویستی سەرۆکی وڵاتەکە بوو کە ناوی (مۆبوتو سێسێ سێکۆ) بوو، بە دیکتاتۆر دەناسرا و هەرچی بویستایە ئەنجامی دەدا.
ئەنجامەکانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە کۆتا مۆندیال هیچ باش نەبوون، ئەوەش بوو بووە هۆی توڕەبوونی سەرۆکی وڵات و دوای مۆندیالیش زۆربەی یاریزانەکان خۆری ژیانی وەرزشییان ئاوابوو.
لە یەکەم یاری مۆندیالدا، هەڵبژاردەکە بەرانبەر سکۆتلەندا بە ئەنجامی (2-0) شکستیهێنا، لە یاری دووەمیشدا بە ئەنجامی (9-0) بەرانبەر یوگۆسلاڤیا شکستیهێنا کە ئەمە یەکێکە لە ئەنجامە قورسەکانی مۆندیال، یاری سێهەمیش بە ئەنجامی (3-0) بەرانبەر بەڕازیل دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە مۆندیالی 1974، هیچ خالێکی بەدەستنەهێنا و هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکرد، لە بەرانبەردا 14 گۆڵی لێ تۆمارکرا.
دوای 52 ساڵ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ گەڕاوەتەوە مۆندیال و لە کۆمەڵەی (پرتوگال – کۆڵۆمبیا – ئۆزباکستان)دایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 6ـی 2026، هەڵبژاردەی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لە یەکەم یاری خۆیدا لە مۆندیالی ئەمسال، سەعات 8ـی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان روبەڕوی هەڵبژاردەی پرتوگال دەبێتەوە.
نرخی شۆربای گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور بە شێوەیەکی بەرچاو روی لە هەڵکشان کردووە و بووەتە دوو هێندەی نرخی گۆشتی مانگا، هۆکاری ئەمەش نزیکبوونەوەی وادەی قەدەغەکردنی گشتگیری بەخێوکردن و فرۆشتنی سەگە بۆ مەبەستی خواردن، کە بڕیارە لە ساڵی 2027 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاووڵاتییەکی ناوخۆیی بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" راگەیاندووە، شۆربای گۆشتی سەگ کە لە وەرزی هاویندا لە کۆریای باشوور ناوبانگێکی زۆری هەیە و بە "بۆسینتانگ" دەناسرێت، لە ئێستادا لە چێشتخانەکاندا بە دوو هێندەی نرخی شۆربای گۆشتی مانگا دەفرۆشرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو قەدەغەکردنە نزیکەی وادەی جێبەجێکردنی هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە رونکردنەوەی داوە کە تێچووی یەک ژەم شۆربای "بۆسینتانگ" لە گۆشتی سەگ لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی 30 هەزار وۆن، لە کاتێکدا نرخی ژەمێک گۆشتی کوڵاوی سەگ بە کێشی 200 گرام، دەگاتە نزیکەی 50 هەزار وۆن (هاوتای 2.3 هەزار روبڵ). ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم نرخە نزیکەی دوو هێندەی تێچووی ئەو خواردنە باوانەیە کە کۆرییەکان لە گۆشتی مانگا دروستی دەکەن، وەک شۆربای "گالبیتانگ" و پارچە گۆشتی برژاو.
مۆڵەتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی هێشتا دەتوانن تا کۆتایی ساڵی 2026 گۆشتی سەگ لە چێشتخانەکاندا بکڕن، بەڵام لە شوباتی 2027ـەوە بە تەواوی قەدەغە دەکرێت.
شۆربای "بۆسینتانگ" سەر بە پۆلێنکردنی ئەو خواردنە نەریتییە کۆرییانەیە کە بە "بۆیانگسیک" ناسراون؛ ئەمانە ئەو جۆرە خۆراکانەن کە پێشینیان پێیان وابووە یارمەتی گەڕاندنەوەی هێز و وزە دەدات لە کەشی گەرمدا.
ئەم پۆلێنکردنە شۆربای مریشک لەگەڵ ڕەگی جینسیگ "سامگیتانگ" و چەندین خواردنی هاوینی دیکەش لەخۆدەگرێت.
بەپێی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵایەتی، ئەم جۆرە خۆراکانە ئارەقکردنەوە زیاد دەکەن و یارمەتی مرۆڤ دەدەن بە ئاسانی بەرگەی گەرمای هاوین بگرێت، هەر بۆیە لەم وەرزەدا خواستی زۆریان لەسەرە.
سزای سەرپێچیکاران لە یاسا نوێیەکەدا
بەپێی ئەو یاسایەی کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی کۆریای باشوورەوە پەسەند کراوە، لە 7ی شوباتی 2027ـەوە بەخێوکردن، سەربڕین و فرۆشتنی سەگ بە مەبەستی خواردن بە تەواوی لە وڵاتەکەدا قەدەغە دەکرێت.
شایەنی باسە بۆ سەربڕینی سەگ بە مەبەستی خواردن سزای تا سێ ساڵ زیندانیی، یان پێبژاردنی سزای دارایی تا 30 ملیۆن وۆن، هەروەها بۆ بەخێوکردن و فرۆشتن سزای تا دوو ساڵ زیندانیی، یان سزای دارایی تا 20 ملیۆن وۆن، بەڵام یاساکە هیچ سزایەکی جیاوازی بۆ خودی کڕیار یان بەکاربەر دیاری نەکردووە.
کەناڵی تەلەفزیۆنی (فرانس ٣)، رۆژی شەممە، پەردەی لەسەر روداوێکی سەیر لادا کە بەسەر جووتیارێکدا هاتووە لە باشووری فەرەنسا، کاتێک بەڕێکەوت دۆزیویەتییەوە کە ماوەی 32 ساڵە لە تۆمارە رەسمییەکاندا وەک "کەسێکی مردوو" ناوی نووسراوە.
کەناڵەکە رایگەیاندووە: ئەمە چیرۆکێکی باوەڕنەکراوە و بووەتە مایەی سەرئێشە و دڵەڕاوکێ بۆ خێزانی جووتیارێک لە هەرێمی (لواری باڵا).
باوکەکە کە ناوی 'پاتریس'ە، وەک دەرکەوتووە لە روانگەی یاساوە ماوەی 32 ساڵە بە مردوو دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەو هێشتا لە ژیاندا ماوە و تەندروستیشی باشە.
بەپێی راپۆرتی کەناڵی (فرانس ٣)، چیرۆکەکە لە مانگی نیساندا (ئەپریل) دەستیپێکرد، کاتێک خێزانەکە نامەیەکیان لە دادگای بازرگانییەوە پێگەیشت کە تێیدا داوای رێکخستنەوەی باری یاسایی کۆمپانیا کشتوکاڵییەکەیان دەکرد، بەو بیانووەی کە بەڕێوەبەرەکەی (پاتریس) لە بەڵگەنامەکاندا وەک کەسێکی کۆچکردوو تۆمارکراوە!.
دەسەڵاتداران هەڕەشەی سڕینەوەی کۆمپانیاکەیان لە تۆمارەکاندا کردبوو ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، لەو کاتەدا جووتیارەکە تووشی شۆک بوو کاتێک زانی کە لە ساڵی 1994ەوە بە شێوەیەکی رەسمی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا وەک مردوو دەستنیشانکراوە.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی پیاوەکە سەردانی دادگای کردووە، دادگا وا تێگەیشتووە کە رەنگە لێکچوونی ناو لە ناو خێزانەکەیدا هەبێت، بەڵام جووتیارەکە ئەم ئەگەرەی بە تەواوی رەتکردووەتەوە.
لەبەر ئەوە، دیوانی دادگا داوای لێکردووە کە کۆپییەکی رەسمی لە بڕوانامەی لەدایکبوونی (ناسنامە) پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی دووبارە وردبینی لە زانیارییەکاندا بکرێتەوە و ئەو مەتەڵە چارەسەر بێت.
کەناڵەکە لە راپۆرتەکەیدا بەردەوام دەبێت و دەڵێت، خێزانەکە لە راستیدا هەموو بەڵگەنامە داواکراوەکانیان بۆ دادگا ناردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، تا ئێستا کەس نەیتوانیوە گرێکوێرەی ئەم هەڵە بیرۆکراتییە بکاتەوە یان رونکردنەوەیەکی رون لەسەر ئەوەی کە رویداوە پێشکەش بکات.
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پرتوگالی دوای زیاتر لە 10 ساڵ وەک راهێنەری نوێ گەڕایەوە یانەی ریاڵ مەدرید.
راهێنەرە پرتوگالیەکە ساڵی 2010 تا 2013 راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بوو، لەوکاتەدا روبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەوە بەهۆکاری ئەوەی ریاڵ مەدرید لە بارودۆخێکی باشدا نەبوو، بەڵام جۆزێ هەرچەند نەیتوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، بەڵام یانەی ریاڵ مەدریدی بردە قۆناغێکی دیکە.
مۆرینیۆ لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید توانی نازناوی خولی ئیسپانی، جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستبهێنێت، لەو وەزرەشی کە خولی ئیسپانی بەدەستهێنا یانەکەی توانی 100 خاڵ کۆبکاتەوە و 121 گۆڵ تۆماربکات کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ بوو.
مۆرینیۆ دوای ریاڵ مەدیرد، راهێنەری هەریەک لە یانەکانی، چێڵسی، مان یونایتد، تۆتنهام، رۆما، فەنەرباخچە و بەنفیکای کرد، دواجاریش ئەمڕۆ 16ـی 5ـی 2026 گەڕایەوە یانەی شاهانە.
گەڕانەوەی مۆرینیۆ لەکاتێکدایە کە یانەی ریاڵ مەدرید بە چەندین کێشەوە دەتلێتەوە، دیارترینیان ژوری جلگۆڕینی یانەکەیە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو یاریزانی یانەکە کردیان بەشەڕ و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیاکانی جیهاندا دروست کرد.
ریاڵ مەدرید دوو وەزری لەسەر یەکە هیچ نازناوێک بەدەست ناهێنێت، ئەمەش یانەکەی خستووەتە ژیر فشارێکی قورس، چونکە یانەی شاهانە خاوەنی زۆرترین نازناوی خولی ناوخۆی ئیسپانیا و یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە، بەڵام لە کۆتا دوو وەرزدا، لە هیچ نازناوێک نزیک نەبووەتەوە.
جۆزێ مۆرینیۆی پرتوگالی لەئێستادا تەمەنی 63 ساڵە و ئەزمونێکی زۆری لە کاری راهێنەرایەتیدا کۆکردووەتەوە، هەرچەند لە 10 ساڵی رابردوودا بەپێی پێویست سەرکەوتوو نەبووە لەگەڵ ئەو یانانەی کە راهێنەرایەتی کردوون، بەڵام هاندەرانی ریاڵ مەدرید دڵخۆشن بە گەڕانەوەی مۆرینۆ و چاوەڕێدەکەین یانەکەیان رێکبخاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.
نیشاندەری جیهانیی "هۆلۆجیک" بۆ تەندروستیی ژنان، کە ریزبەندییەکی ساڵانەیە و پشت بە راپرسییەکی زیاتر لە 76هەزار ژن و کچ لە سەرانسەری جیهاندا دەبەستێت، رەگەزنامەی ئەو ژنانەی ئاشكرا كرد کە توڕەترینیانن لە جیهاندا.
تایوان لە پلەی یەکەمی جیهانیدا هات، بەدوایدا لاتیڤیا، پاشان ژاپۆن، ڤێتنام و پۆڵەندا، هەروەها سەنگاپوورە و ئەڵمانیا و نەمسا لە پلەکانی پێشەوەدا بوون.
ئەو داتایانەی کە لە شوباتی 2024دا کۆکراونەتەوە و ئەم هەفتەیە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 2.3 لە ناو هەر 10ژنێکدا هەستیان بە توڕەیی کردووە.
راپۆرتەکە پشتی بە پێوانەکردنی باری دەرونیی گشتی لە وڵاتە جیاوازەکاندا بەستووە، ئەمەش لە رێگەی پرسیارکردن لە بەشداربووان دەربارەی ئەو هەستانەی کە لە بەشێکی زۆری رۆژی رابردوویاندا چەشتوویانە.
بەرزترین ئاستی توڕەیی لە ئەوروپا لە ماڵتا تۆمارکراوە، بەدوایدا یۆنان، پاشان کۆماری چیک، ئەلبانیا و ئیسپانیا.
وڵاتانی گینیا، ماداگاسکار، سیرالیۆن، لیبێریا و چاد بەپێی ڕێزبەندی لە پلەکانی کۆتاییدا هاتن.
تیم سیمپسۆن، بەڕێوەبەری باڵا لە کۆمپانیای هۆلۆجیک، لە کۆمێنتێکدا لەسەر ئەنجامەکان وتی: ژنان پێمان دەڵێن کە دەیانەوێت دەستنیشانکردنی پێشوەختە و دەستڕاگەیشتنێکی خێراتریان بە چاودێریی تەندروستی هەبێت.
وتیشی: باشترکردنی تەندروستیی ژنان پێویستی بە پابەندبوونی بەردەوامی داڕێژەرانی سیاست، دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی، پزیشکان و کەرتی پیشەسازی هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ژنان داوای دەکەن.
رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، کە نزیکەی 30 ئەفسەر لە یەکەی پاراستنی تایبەت و شاهانە، بە تۆمەتی پێشێلکاری و کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەپێی راپۆرتەکان، تۆمەتەکان خۆیان لە جێهێشتنی پێگە ئەمنییەکان لەلایەن هەندێک لە ئەفسەرەکانەوە دەبیننەوە، لە کاتێکدا گومان دەکرێت یەکێک لە کارمەندەکان ناوی خۆی وەک ئامادەبوو لە دەوامدا تۆمار کردبێت، بەڵام نەچووبێتە ئەو شوێنەی کە لە ناو قەڵاکەدا بۆی دیاریکراوە.
مارک رۆڵی، کۆمیساری پۆلیسی لەندەن، پشتڕاستی کردەوە کە ئیدارەی پێوەرە پیشەیییەکان لە پۆلیس، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی دەستپێکردووە دوای پێگەیشتنی "نیگەرانی جدی" سەبارەت بە ئەدای ژمارەیەک لەو ئەفسەرانەی کە ئەرکی پاراستنیان لە قەڵای ویندسۆر پێسپێردراوە.
رۆڵی ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکە گومانی پەیوەندیدار بە "جێهێشتنی شوێنەکانی پاسەوانی بەبێ سەرپەرشتی، و خەوتن لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا" دەگرێتەوە.
یەکەی پاراستنی شاهانەی سەر بە پۆلیسی پایتەخت (سکۆتلاند) بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی قەڵاکەی لەئەستۆیە، سەرەڕای ئەوەی قەڵاکە دەکەوێتە ناو سنووری جوگرافیی پۆلیسی دۆڵی تەیمزەوە.
راپۆرتەکان رونیان کردووەتەوە کە کۆشکی شاهانە (باکینگهام) ئاگاداری لێکۆڵینەوەکەیە، و ئەگەری هەیە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕیاری راگرتنی هەندێک لەو ئەفسەرانە لە کارەکانیان بدرێت ئەگەر سەرپێچییەکانیان بەسەردا ساغ بێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ئۆگەندا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی "تەشەنەسەندن و پەرەسەندنی بەربڵاوی" ڤایرۆسی ئایبۆلا لە وڵاتی دراوسێی، بڕیاری داوە بە شێوەیەکی کاتی سنورەکانی لەگەڵ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دابخات.
دیانا ئاتوین، سکرتێری وەزارەتی تەندروستی ئۆگەندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونکردنەوەی دا، کە لەمەودوا تەنها رێگە بە تێپەڕبوونی تیمی روبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هاوکارییە مرۆییەکان، گواستنەوەی خۆراک و کاڵاکان، لەگەڵ هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان دەدرێت، ئەویش لەژێر مەرج و رێکاری زۆر تونددا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک کە لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتەوە بێتە ناو خاکی ئۆگاندا، بۆ ماوەی 21 رۆژ دەخرێتە ژێر کەرەنتینە و رەوشی گۆشەگیریی تەندروستییەوە، تا دڵنیایی تەواو لە تەندروستیی وەرگیرێت.
لە یەکێک لە سەیرترین چیرۆکەکانی داهێنانی میللیدا، دەروازەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کۆن و داڕماو لە شاری "بارنۆڵ"ی روسیا گۆڕدرا بۆ شاکارێکی هونەریی سەرنجڕاکێش، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەی توانییان تەواوی دیوارەکانی بە تابلۆی مۆزاییکی زەبەلاح و بێهاوتا بڕازێننەوە، کە بە تەواوی لە قوتیی بەتاڵی جگەرە دروستکراون.
ئەم پڕۆژەیە کە کەناڵی "ماش"ی روسی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرامەوە تیشکی خستووەتە سەر، تەنها بیرۆکەیەکی کاتی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی ئارامییەکی درێژخایەن و خولیایەکی بەردەوامە کە بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک درێژەی کێشاوە.
گەشتە ٢٦ ساڵییەکە
رەگی ئەم بیرۆکە داهێنەرانەیە بۆ نزیکەی 26 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن سێ کەس لە دانیشتووانی باڵەخانەکەوە کە پێکهاتبوون لە (دوو برا و هاوڕێیەکی نزیکیان).
بۆ بەدیهێنانی خەونە هونەرییەکەیان، ئەو سێ هاوڕێیە لەو کاتەدا کۆنتێنەرێکی گەورەیان لە شەقامەکەدا دانا و داوایان لە هاوسێ، ناسیاو و خەڵکی گەڕەکەکە کرد کە قوتییە بەتاڵەکانی جگەرەکانیان ببەخشن و نەیانخەنە ناو سەتڵی خۆڵەوە، بۆ ئەوەی دواتر لە ئەندازیاریی تابلۆکانیاندا بەکاریان بهێنن.
جیی سەرنجە قەبارەی کەرەستە بەکارهاتووەکان لەم تابلۆیانەدا نزیکەی پێنج هەزار قوتیی بەتاڵی جگەرەی بەکار هاتووە، کە جەستەی دیوارەکانی دەروازەکەی لە زەوییەوە تا بنمیچەکە داپۆشیوە، هەندێک لەو قوتییانەی بەکار هاتوون دەگمەنن و وەک پارچەی مێژوویی سەیر دەکرێن کە مێژووی بەرهەمهێنانیان بۆ ساڵی 2000 دەگەڕێتەوە، وبەهای دارایی گشتی ئەو قوانەی کە کۆکراونەتەوە و مۆزاییکەکەیان پێ دروستکراوە، بە نزیکەی یەک ملیۆن روبڵی روسی دەخەمڵێندرێت.
تابلۆی سێ ڕەهەندی (3D)
ئەو سێ داهێنەرە تەنها لەسەر ریزکردنی قوتییەکان بە شێوەیەکی تەخت نەوەستان، بەڵکو تەکنیکێکی ئەندازیارییان بەکارهێنا کە زیندوویی و قووڵیی بە دیوارەکان دەبەخشێت، بەجۆرێک دیوارەکانیان بە چەند چینێکی جیاواز داپۆشی، هەندێک بەش لە یەک چین دروستکرابوون، لە کاتێکدا بەشەکانی تر بە دوو یان سێ چین دەرپەڕیبوون، ئەمەش شێوەیەکی هونەریی قەبارەدار و سێ رەهەندی (3D) دروستکردووە کە دیمەنی مۆزەخانە هونەرییە هاوچەرخەکان بە دەروازەکە دەبەخشێت.
هونەر لەسەر دیوارێک کە چاوەڕێی روخاندن دەکات
سەرەڕای ئەو جوانییە بینراوەی کە شوێنەکەی داپۆشیوە، بەڵام چیرۆکەکە لە پشتپەردەی خۆیدا پێچەوانەبوونێکی دراماتیکی غەمگین دەشارێتەوە، ئەم دەروازە پڕ لە هونەرە لە ناو باڵەخانەیەکی تەختی کۆنی دوو نهۆمی لە دار دروستکراودا هەڵکەوتووە، کە لە ساڵی 1948دا (واتە نزیکەی 78 ساڵ لەمەوبەر) بنیات نراوە.
لەم دواییانەشدا، شارەزایان و لایەنە رێکخەرەکان ئەم باڵەخانەیان خستووەتە ژێر پۆلێنی "شیاو نییە بۆ نیشتەجێبوون" و مەترسیدار، و بە رەسمی لە لیستەکانی روخاندنی داهاتوودا تۆمارکراوە، بەمەش ئەم مۆزاییکە بەنرخە دەبێتە دوا هاواری داهێنان لەسەر دیوارگەلێک کە بەرەو روخان دەچن.