رەفحەت ئۆزدەمیر، پیاوێکی تەمەن55 ساڵە و دانیشتوی شاری قەیسەری تورکیایە، دوای بڵاوبونەوەی فایلەکانی ئیپستن، توشی کێشەیەکی گەورە و سەرنجڕاکیش دەبێت، کە هیچ کات خۆی بیر لێنەکردوەتەوە؛ ئەویش لێکچوونی لە رادەبەدەریەتی لەگەڵ ملیاردێری ناوداری ئەمریکی جێفری ئێپستین، دەشڵێت بەهۆی خراپ سەیرکردنی هاووڵاتییان بۆی بیر لە گۆڕینی روخساری دەکاتەوە.

رەفحەت ئۆزدەمیر، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندوە، بەهۆی لێکچونی زۆری لەگەڵ ملیاردێری  ئەمریکی"جێفری ئێپستین"، کە لە ئێستادا مردوە و بە تێوەگلان لە تاوانە سێکسییەکان ناوبانگی زڕاوە، ژیانی بوەتە دۆزەخ.

رفحەت وتویەتی؛ خەڵک لە شەقام بە چاوێکی پڕ لە گومان و ناخۆش سەیرم دەکەن و بەردەوام بەو پیاوەم دەچوێنن، لە کاتێکدا من سەرەتا تەنانەت نەمدەزانی ئەو کێیە!

ئەم هاووڵاتییە تورکە، کە لە دوای بڵاوبونەوەی مەلەفەکانی جێفری ئێپستین کەوتوەتە ژێر گوشارێکی توندی دەرونییەوە و بڕیاری داوە رێکاری توند بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لەم رەوشەی ئێستای رزگاری بێت.

رەفحەت وتویەتی، سەرەتا کوڕەزاکەم پێی وتم کە لە جێفری ئیپستین دەچم، بەڵام من هیچ کاتێک نەمناسیوە و ئیتر دەستدەکات بە  گۆڕینی شێوازی قژی و هێشتنەوەی ریش،گەرچی حەزی بە هێشتنەوەی ریش نییە، بەڵام ئامادەیە هەموو کارێک بکات تا رزگاری بێت و وەک تاوانبار سەیر نەکرێت.

رەفحەت بە دڵتەنگییەوە بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندوە، "بەداخەوە شێوەمان کەمێک لە یەک دەچێت، بەڵام من ئێپستین نیم و کەسێکی وا خراپ هەرگیز لە شارێکی وەک قەیسەریدا پەیدا نابێت."