هەمەڕەنگهەمەڕەنگ

لە روداوێکی دەگمەندا، وەک کاردانەوەیەک بۆ وەڵامی سەرۆکی دادگای باڵای هیندستان، گەنجانی ئەو وڵاتە حزبێکی نوێیان دروست کردوە بە ناوی حزبی قاڵۆنچەکان و مەرجی بون بە ئەندامیش بێ کاریی و بۆڵەبۆڵکردنی زۆرە.

 دوای ئەوەی سوریا کانت، سەرۆکی دادگای باڵای هیندستان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشێک لە گەنجانی بێکاری  وەک "قالۆنچە" وەسفکرد، شەپۆلێکی بەرفراوان لە تووڕەیی و تەنز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەریهەڵدا، کە دواتر بوو بە هۆی دروستبوونی  گروپێکی ئۆنلاینی کۆمیدی بە ناوی "حزبی گەلی قالۆنچەکان".

هەرچەندە سەرۆکی دادگای هیندستان دواتر رونکردنەوەی دا، کە مەبەستی گەنجان بە گشتی نەبووە، بەڵکو ئەو کەسانە بووە کە بڕوانامەی ساختەیان هەیە، بەڵام بە هاشتاکی "#منیش_قالۆنچەم"، بیرۆکەی  حزبە تەنزاوییەکە لەلایەن خوێندکارێک بە ناوی (ئابهیجێت دیپکە) وەک گاڵتەجارییەک خرایەڕوو.

حزبی گەلی قالۆنچەکان بە خێرایی لە سنوری چاوەڕوانییەکان لایدا و دەیان هەزار گەنج لە رێگەی فۆرمی گووگڵەوە ناوی خۆیان تێدا تۆمار کرد؛ مەرجەکانی ئەندامبوونیشی بریتی بوون لە "بێکاری، تەمەڵی، ئامادەیی بەردەوام لە ئینتەرنێت و توانای بۆڵەبۆڵکردنی پیشەیی".

ئەوەی جێی سەرنجە حزبەکە تەنها لە پشت شاشەکان نەمایەوە، بەڵکو گەنجان بە پۆشینی جلی قالۆنچەوە لە کەمپینەکانی پاککردنەوەی شار و خۆپیشاندانەکاندا دەرکەوتن.

لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیرییان لێکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لاپەڕەی فەرمیی حزبەکە لە ئینستاگرام 10 ملیۆن فۆڵۆوەر تێپەڕێنێت، کە ئەمەش زیاترە لە ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی حزبی فەرمانڕەوای هیندستان (بهاراتیا جاناتا) بە سەرۆکایەتی نارێندرا مۆدی م کە خاوەنی 8.7ملیۆن فۆڵۆوەرزە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، رۆژی پێنجشەممە یاسایەکی دەرکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەیاساییکردنی پێگەی کۆچبەران لە روسیا لە رێگەی هاوسەرگیریی ساختەوە.

بەپێی ئەو مەرسوومەی لە ماڵپەڕی رەسمی بەڵگەنامە یاساییەکانی روسیادا بڵاوکراوەتەوە، هاووڵاتییانی بیانی تەنیا دوای 3 ساڵ لە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ هاووڵاتییەکی روسیدا (ژن یاخود پیاو) و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا، دەتوانن بەپێی رێکارێکی ئاسانکراو داوای مۆڵەتی نیشتەجێبوون بکەن.

مەرجی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ئەم مۆڵەتە، هەبوونی منداڵێکی هاوبەشە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە روسیا بژی و رەگەزنامەی روسیی هەبێت.
هەروەها دەبێت باوانەکەی تریش (هاوسەرە روسییەکە) پاسپۆرتی روسیی هەبێت.

جگە لەوەش، پێش پێشکەشکردنی داواکارییەکە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، دەبێت لە رێگەی دادگاوە ئەوە بسەلمێنرێت کە داواکارەکە لانی کەم بۆ ماوەی 3 ساڵ لەگەڵ منداڵەکەدا ژیاوە.

هاوکات، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە ئەگەر دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرپەرشتیاریی منداڵەکە (هەڵگرتنەوەی منداڵ)، یان تۆماری سەلماندنی باوکایەتی، یاخود پووچەڵکردنەوەی ئەو هاوسەرگیرییە بدات کە ببووە بنەما بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ڤیاچیسلاف ڤۆلۆدین، سەرۆکی ئەنجومەنی دۆمای روسیا رایگەیاند کە دوای توندکردنەوەی ئەم مەرجانە، ئەنجامدانی هاوسەرگیریی ساختە بۆ بەدەستهێنانی خێرای مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی، ئیتر هیچ سوودێکی نابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایانی بواری فەلەکناسی ئاشکرایان کرد کە ئەمساڵ دیاردەیەکی فەلەکیی دەگمەن رودەدات کە ماوەی 33 ساڵە نەبینراوە، ئەویش هاوکاتبوونی رێککەوتنی ستوونی خۆرە بەسەر کەعبەی پیرۆزدا لەگەڵ رۆژی عەرەفە (9ی ذي الحجة)، کە بەهۆیەوە لە کاتی نیوەڕۆدا سێبەری کەعبە بە تەواوی نامێنێت.

دیاردەی ستوونیبوونی خۆر بەسەر کەعبەدا ساڵانە دوو جار لە کاتی جووڵەی ظاهریی خۆردا لە نێوان هێڵی کەمەرەیی و خولگەی قرژاڵدا رودەدات، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری مەککەی پیرۆزەوەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی پانی 21.4پلەی باکوور.

لەم بارەیەوە، ئیبراهیم جەروان، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی گەردوونناسی ئیمارات و ئەندامی یەکێتی عەرەبی بۆ زانستەکانی بۆشاییگەری و فەلەک رایگەیاند: دیاردەی ستوونیبوونی ساڵانەی خۆر بەگشتی لە دوو کاتی دیاریکراودا رودەدات کە ئەوانیش کۆتایی مانگی ئایار (27 یان 28ی مانگ) لە کاتژمێر12:18ی نیوەڕۆ بە کاتی مەککە، وناوەڕاستی مانگی تەممووز (15 یان16ی مانگ) لە کاتژمێر12:27ی نیوەڕۆ.

لە چرکەساتی رودانی ئەم دیاردەیەدا، خۆر دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ئاسماندا و گۆشەکەی نزیکەی 90 پلە دەبێت (لە کاتی بانگی نیوەڕۆدا)، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سێبەری کەعبەی پیرۆز بە تەواوی نەهێڵێت، هاوکات سێبەری سەرجەم ئەو تەن و شتانەش کە لە مەککەدا بە پێوەن، تێکدەچێت و نامێنێت.

لە روی زانستییەوە، ساڵی مانگی(354.36 رۆژ) پێویستی بە نزیکەی 33 ساڵ (32.58 ساڵ) هەیە تاوەکو لەگەڵ ساڵی خۆریدا (365.24 ڕۆژ) هاوڕێک و هاوتا ببێتەوە.

بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، ئەمساڵ ڕۆژی عەرەفە (9ی ذي الحجة 1447ی کۆچی) هاوکات دەبێت لەگەڵ 27ی ئایاری 2026، کە ئەمەش رێک یەکێکە لەو دوو بەروارەی خۆر تێیدا دەستوورێتە سەر کەعبە، بەمەش ئەم هاوکاتییە دەگمەنە بەدی دێت کە لە ساڵی 1993وە هاوشێوەی نەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆلیگ کۆزۆڤکۆف، داهێنەری زنجیرە کارتۆنی بەناوبانگی جیهانی "ماشا و ورچ" (Masha and the Bear)، ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە بۆ بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی سینەمایی درێژ و رەسەن کە پشتبەستوو بێت بە سەرکێشییەکانی ئەم دوو کەسایەتییە دڵخوازەی منداڵان.

ئەم هەنگاوە نوێیە دوای ئەو سەرکەوتنە بێوێنە و گەورەیە دێت کە زنجیرەکە لەسەر ئاستی جیهان بەدەستیهێناوە، بەجۆرێک بینەرانی "ماشا و ورچ" لەسەر سەکۆی یوتیوب هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاندووە و یەکێک لە ئەڵقەکانی بووەتە خاوەنی بەرزترین رێژەی بینین لە مێژووی یوتیوبدا بۆ ڤیدیۆیەکی ناومۆسیقی. ئەڵقەی کورتە فیلمی "ماشا و ورچ، رەچەتەی کارەسات" توانیویەتی زیاتر لە 4.6 ملیار بینەر کۆبکاتەوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، کۆزۆڤکۆف جۆش و خرۆشێکی زۆری هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە سینەماییە، و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بازاڕی فیلم لە فێستیڤاڵی سینەمایی کان، ستۆدیۆیەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەندی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە و بەشەکانی داهاتووی دامەزراندووە. چاوەڕوانیش دەکرێت کارەکانی ئەم فیلمە سینەماییە درێژە تا کۆتایی ساڵی 2028 بە تەواوی کۆتایی پێبێت.

جێی ئاماژەیە، پێشتر بینەران ناونیشانی "ماشا و ورچ"یان لە هۆڵەکانی سینەمادا بینیوە، بەڵام ئەو ئەزموونانەی پێشوو فیلمی سینەمایی درێژ نەبوون کە وەک یەک چیرۆکی یەکگرتوو بۆ سینەما نووسرابێتن، بەڵکو تەنها "فیلمی کۆکراوە" بوون کە چەندین ئەڵقەی تەلەفزیۆنی و کورتە چیرۆکیان لەخۆدەگرت. بەم پێیەش، پڕۆژەکەی ساڵی 2028دەبێتە یەکەمین فیلمی سینەمایی رەسەن لە مێژووی ئەم زنجیرەیەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایەکی کەشوهەوا رێنمایی گرنگ و بەپەلە سەبارەت بە شەپۆلی هەورەبروسکە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و نزیکبوونەوەمان لە وەرزی هاوین، ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی مەترسیدار و نزیک لە زەوی زیاتر دەبێت.

شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشوهەوا رایگەیاند بەپێی پێشبینییەکان، ئەم رەوشە و بارانی ناوبەناو تاوەکو 22ی 5 بەردەوام دەبێت.

ناوبراو چەن رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لەکاتی هەبونی هەورە بروسەکدا بڵاوکردوەتەوە و داوا دەکات پابەندی رێنماییەکان بن تا پارێزاوبن .

رێنماییەکان ئەمانەن؛

-پەنابردن بۆ شوێنی ئارام: دەستبەجێ بچۆنە ناو ماڵ، باڵەخانە یان ئۆتۆمبێلێکی سەقف داخراو. ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون، دەست لە پارچە ئاسن و گەیەنەرەکان مەدەن.

-دوورکەوتنەوە لە شوێنە بەرزەکان: هەرگیز لەژێر درەخت، ستوونی کارەبا، لوتکەی گرد و شاخەکاندا نەمێننەوە.

-پاراستنی ناوماڵ: لەناو ماڵدا دەست بۆ ئاوی بەلۆعە مەبەن و پێوەری ئامێرە کارەباییەکان لە کارەبا بکەنەوە، هەروەها لە دەرگا و پەنجەرەکان دوور بکەونەوە.

-دوورکەوتنەوە لە کەرەستەی کانزایی: ئەگەر لە دەرەوە بوون، چەتر، مۆبایل و هەر ئامرازێکی تری کانزایی لە خۆتان دوور بخەرەوە.

-خۆپاراستن لە دەشتاییدا: ئەگەر لە دەشتاییەک بوون و هیچ حەشارگەیەک نەبوو، رانەکەن؛ بەڵکو وەک تۆپێک خۆت کۆبکەرەوە، سەرت دابخە و لەسەر پێ دانیشە (بۆ ئەوەی بەرکەوتنت لەگەڵ زەویدا کەمترین بێت).

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) رووبەڕووی هۆشدارییەکی توندی کۆمەڵێک زانا و پسپۆڕی نێودەوڵەتی بووەوە؛ پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە رێکارە خۆپارێزییەکانی ئێستای فیفا بەس نین بۆ پاراستنی یاریزانان و هاندەران لەو شەپۆلە گەرمایە توندەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک روبدات.

لە نامەیەکی کراوەدا کە 20 پسپۆڕ لە ناوەندە توێژینەوەکانی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا واژۆیان کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە پڕۆتۆکۆڵەکانی ئێستای فیفا، کە پشت بە پشووی کورت (3 خولەک) و پێوەری (WBGT) بۆ پێوانەکردنی فشاری گەرمی دەبەستێت، چیتر لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوادا ناگونجێن.

پسپۆڕان داوای گرتنەبەری ڕێکاری توندتر دەکەن، لەوانە راگرتن یان دواخستنی یارییەکان کاتێک پێوەری فشاری گەرمی 28 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت، لە جیاتی ئەو پێوەرەی ئێستا کە 32 پلەیە. و زیادکردنی کاتی فێنکبوونەوە بۆ لانی کەم 6 خولەک، بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی چالاکی بۆ یاریزانان، وباشترکردنی سیستەمی فێنککەرەوە لەناو یاریگاکان و دابینکردنی شوێنی سێبەری فراوان بۆ هاندەران.

توێژینەوە نوێیەکان داتای مەترسیداریان خستووەتە روو، بەو پێیەی 14یاریگا لە کۆی 16 یاریگا روبەڕووی پلەی گەرمی بەرز دەبنەوە.

شاری میامی لە سەرووی لیستی ئەو شارانەدایە کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، چونکە مۆدێلە کەشوهەواییەکان پێشبینی دەکەن هەموو ئەو یارییانەی لەوێ ئەنجام دەدرێن، ئاستی رێپێدراوی فشاری گەرمی تێپەڕێنن. 

هەروەها راپۆرتەکە هۆشداری داوە لە مەترسیی هاوشێوە کە هەڕەشە لە یاری کۆتایی دەکات لە یاریگای "میتلایف" لە نیوجێرسی.

هۆشدارییەکان تەنها لایەنی وەرزشییان نەگرتووەتەوە، بەڵکو سەدان هەزار هاندەریش دەگرێتەوە. زانایان جەختیان کردەوە کە بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەناو یاریگاکان و شوێنە کراوەکاندا رووبەڕووی کێشەی تەندروستی مەترسیدار دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە زیادکردنی وێستگەکانی ئاو و سەنتەرەکانی چاودێری پزیشکی بەپەلە هەیە.

لای خۆیەوە، فیفا دووپاتی کردەوە کە سەلامەتی بەشداربووان "لە پێشینەی کارەکانە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە مەترسییە کەشوهەواییەکان لە چوارچێوەی پلانە کارگێڕییەکانیدا، لەگەڵ هێشتنەوەی دەرگای گۆڕانکاری لە رێکارەکاندا کراوە بەپێی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە لە 11ی حوزەیرانی 2026.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیایەکی ئەمریکی پەیژەی فڕۆکەی سەرۆکایەتی دابین دەکات.

کۆمپانیای "Lift-A-Loft"، کە بارەگاکەی لە ویلایەتی ئیندیانایە، ئەرکی دابینکردنی پەیژە گەڕۆکەکانی فڕۆکەی "Air Force One"ی لە ئەستۆیە.

ئەم کۆمپانیایە لەلایەن خێزانی "بیکتۆل"ـەوە بەڕێوەدەبرێت، کە پسپۆڕە لە دروستکردنی ئامێری بەرزکەرەوەی پیشەسازیی.

لەم دواییانەدا بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی پەیژە کورتەکان لەلایەن جۆ بایدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ڕێگریی لە خلیسکان، هەستان بە دروستکردنی پەیژەی تایبەت بۆ فرۆکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، ناوی براندەکە لەسەر پەیژەکە بەڕونی نوسراوە و بەردەوام لە شاشەی میدیا جیهانییەکانەوە دەبینرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای "کالبی" بۆ سووکە ژەمەکان (سناکس)، گۆڕانکارییەکی کاتی لە دیزاینی بەرگی بەرهەمەکانیدا راگەیاند و بڕیاریدا پەنا بباتە بەر رەنگی رەش و سپی.
ئەم هەنگاوە وەک رەنگدانەوەیەک دێت بۆ لێکەوتەکانی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن کە پەیوەستە بە هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" لە زاری کۆمپانیاکەوە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە: بڕیارەکە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە دابینکردنی هەندێک کەرەستەی خاو هاتووە کە بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەر بوون"، بەبێ ئەوەی وردەکاری ورد دەربارەی جۆری ئەو کەرەستانە یان قەبارەی کورتهێنانەکە بخاتە روو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە گۆڕانکارییەکە 14 بەرهەمی جیاواز دەگرێتەوە، ولە رڕێکەوتی 25ی ئایارەوە دەست پێدەکات.

ئەم رێکارە تەنها پەیوەندی بە شێوازی بەستەبەندی هەیە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کوالێتی یان تایبەتمەندییە خۆراکییەکانی بەرهەمەکە نابێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە بازاڕی فرۆشتنی ژاپۆندا وەک روداوێکی دەگمەن سەیر دەکرێت، چونکە کۆمپانیاکانی خۆراک بەزۆری پشت بە رەنگە گەشەکان دەبەستن وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ مارکێتینگ و جیاکردنەوەی تامە جیاوازەکان لەلایەن کڕیارەوە.
 چاوەڕوان دەکرێت دیزاینە نوێیەکە وا لە بەکاربەران بکات زیاتر پشت بە دەق و نیشانە نووسراوەکان ببەستن نەک رەنگە ئاشناکان.

لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیاکە جۆری ئەو کەرەستە خاوەی دیاری نەکردووە کە کورتی هێناوە، بەڵام وتەبێژێکی حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند کە حکومەت "هیچ ڕاپۆرتێکی دەربارەی پچڕانی دەستبەجێ لە دابینکردنی مرەکەبی چاپکردن یان ماددەی نافتادا پێنەگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆگاکانی ناوخۆ هێشتا لە ئاستێکی جێگیردایە.

ماددەی نافتا (Naphtha) کە یەکێکە لە مشتقاتەکانی نەوت، توخمێکی سەرەکییە لە هەندێک قۆناغی بەرهەمهێنانی مرەکەبی چاپکردندا. ئەمەش پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان کەرتی بەستەبەندی پیشەسازی و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەی جیهانیدا دروست دەکات.

بڕیارەکەی کۆمپانیای "کالبی" لە کاتێکدایە کە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان کردووەتە سەر جووڵەی کەشتیگەلەکان و تێچووی گواستنەوە، ئەمەش دەریدەخات چۆن ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە ناوچە ستراتیژییەکاندا کاریگەرییان دەگاتە کەرتە بەکاربەرییەکان لە شوێنە دوورەکانی وەک ئاسیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە خولی رۆشەنی سعودی، یانەی نەسڕی یەکەم و هیلالی دووم لە یارییەکی چارەنوسسازدا رووبەڕوو دەبنەوە.

یاریەکە سەعات 9ـی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان لە یاریگای "ئەلئەوەل پارک"ـی تایبەت بە یانەی نەسڕ ئەنجام دەدرێت.

یاریەکە لەکاتێکدایە کە نەسڕی یەکەم خاوەنی 82 خاڵە، هیلالی دووەمیش خاوەنی 77 خاڵە و یاریەکی کەمتری ئەنجامداوە، کە یاریە دواخراوەکەی هیلال پێناچێت ئاستەنگی بۆ دروست بکات.

ئەنجامی یاریەکەی ئەمشەو بە ئەگەری زۆرەوە پاڵەوانی خولی رۆشەنی سعودی یەکلایی دەکاتەوە، کریستیانۆ و هاوڕێکانی دوای چەند ساڵێک لە بەدەستنەهێنانی نازناوەکە، دەیانەوێت ئەو گرێکوێرە بکەنەوە و وەڵامی رەخنەکان بدەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو هیلال بووە پاڵەوان و لە چەند رۆژی رابردووشدا خولی دۆستانەی شا سەلمانیشی بردەوە و بە دەرونێکی ئارام دەچێتە یاریگاوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین پێكهاتەی سەرەتایی ئەرژەنتینی بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2026 راگەیاند ، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرژەنتین و براوەی هەشت باڵۆن دۆر ناوی لە پێكهاتەكەدایە.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ناوی پاولۆ دیبالای یاریزانی یانەی رۆما لە پێكهاتەكەدا نیە ، بێجگە لە دیبالا هەروەها دی ماریاش بەهۆی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی یەكێكە لەو یاریزانانەی براوەی مۆندیالی 2022 ناوی لە پێكهاتەكە نیە ، لە نێو پێكهاتەی سەرەتایی دیارترین ئەستێرەكانی تانگۆ دەبینرێن و چاوەڕوان دەكرێت جارێكی دیكە ئەرژەنتین بە سەركردایەتی مێسی یەكێك بن لە پاڵێوراوە بەهێزەكان  بۆ ركابەری بردنەوەی مۆندیال.                          

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل پێكهاتەی سەرەتایی بەرازیلی بۆ یارییەكانی مۆندیال راگەیاند و 55 یاریزانی بانگهێشت كردووە كە لە كۆتایدا 26 یاریزان دەمێنێتەوە.

ئەوەی جێی ئاماژەیە لەناو پێكهاتەكەی سیلیساو سەرجەم ئەستێرەكان دەبینرێن لە گرنگترینیان نێیماری یاریزانی یانەی سانتۆس و تیاگۆ سیلڤای بەرگریكاری یانەی پۆرتۆ و ئیدیرسۆنی گۆڵپارێز دەبینرێن ، هەریەك لە ڤینیسیۆس و رافینیا و كاسیمیرۆ گرنگترین ئەو یاریزانانە شوێنیان لە پێكهاتەی بەرازیل مسۆگەرە ، گابریل جیسۆسی هێرشبەری ئارسناڵ ناوی لە پێكهاتەكەدا نیە شان بەشانی رۆدریگۆی هێرشبەری ریاڵ مەدرید كە بەهۆی پێكانەوە بەشدار نابێت . 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە مەزادێکی شارستانی دێربی شایەری بەریتانیا، بووکەڵەیەکی دارین کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای سەدەی 19 دەگەڕێتەوە و بە "ترسناکترین بووکەڵەی جیهان" وەسف دەکرێت، بە بڕی 3هەزار پاوەند فرۆشرا.

بەرپرسانی مەزادەکە پێشبینییان دەکرد نرخەکەی تەنها نزیکەی 300 پاوەند بێت، بەڵام ئارەزووی کۆکەرەوەکانی شتومەکی کۆن بۆ خاوەندارێتی کردنی، نرخەکەی بۆ دە هێندە بەرز کردەوە و لە کۆتاییدا بە کۆکەرەوەیەکی تایبەت فرۆشرا.

ئەوەی جێی سەرنجە، بووکەڵە دارینەکە بە تەواوی جلی رەسەنی خۆی پاراستووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بایەخی مێژوویی و سەرنجڕاکێشیی لای ئەو کەسانەی خولیای کۆکەرەوەی شتومەکەکانی سەدەی نۆزدەهەمن.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، حەوت مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 راگەیاند، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.

تاج لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "وەرزش"ی ئێرانی، وردەکاری مەرجەکانی خستەڕوو:

١. پێدانی ڤیزا بەبێ کێشە: پێویستە سەرجەم یاریزانان و دەستەی تەکنیکی ڤیزای چوونەژوورەوەیان پێبدرێت، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی پێشتر لە ناو "سوپای پاسداران" خزمەتیان کردووە، وەک (مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی).

٢. لێپرسینەوە نەکرێت: دوای دەرکردنی ڤیزا، نابێت پۆلیسی کۆچبەران لە کاتی گەشتەکەیاندا هیچ جۆرە لێپرسینەوە و سینگ و سوینگێک لەگەڵ یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەکە بکەن.

٣. ڤیزا بۆ هاندەران و رۆژنامەنووسان: دیاریکردنی میکانیزمێکی روون بۆ پێدانی ڤیزا بە هاندەران و رۆژنامەنووسانی ئێرانی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکاندا.

٤. پاراستنی ئەمنی توند: پێویستە پۆلیسی ئەمریکا بەرزترین ئاستی پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانە، هۆتێل و یاریگاکان دابین بکات بۆ رێگریکردن لە هەر روداوێکی نەخوازراو (هاوشێوەی ئەوەی لە ئوسترالیا روویدا).

٥. تەنها ئاڵای رەسمی: تەنها رێگە بە هاندەران بدرێت ئاڵای رەسمی هەردوو وڵات ببەنە ناو یاریگا، و قەدەغەکردنی بردنی هەر ئاڵایەکی تر جگە لە ئاڵای رەسمی "کۆماری ئیسلامی ئێران".

٦. سروودی نیشتمانی: زامنکردنی لێدانی سروودی نیشتمانی ئێران بە شێوەیەکی دروست و بێ پچڕان لە سەرجەم یارییەکاندا.

٧. سنووردارکردنی پرسیاری رۆژنامەنووسان: پێویستە پرسیاری رۆژنامەنووسان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا تەنها لە چوارچێوەی بابەتە هونەرییەکانی تۆپی پێدا بێت و تێکنەگلێندرێت بە بابەتەکانی تر.

جێی ئاماژەیە، هەفتەی رابردوو دەسەڵاتدارانی کەنەدا رێگرییان لە (مەهدی تاج) و دوو بەرپرسی تری فیدراسیۆنەکە کرد بچنە ناو خاکی کەنەداوە لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ، کاتێک بەنیازی بەشداری بوون لە کۆنگرەی "فیفا" لە ڤانکۆڤەر.

هاوکات، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا جەختی کردەوە کە ئێران هێشتا بەنیازی بەشدارییە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستان هەیە بۆ گواستنەوەی یارییەکانی ئێران لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (ئینڤایرۆنمێنتال ڕیسێرچ لێتەرز) بڵاوکراوەتەوە، هۆشداری دەدات لەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان کە ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 8.3 ملیار کەس، لە توانای استیعاب و پاڵپشتیی سروشتیی گۆۆی زەوی تێپەڕی کردووە. 
توێژینەوەکە دەڵێت مرۆڤایەتی ئێستا لە دەرەوەی ئەو سنوورانە دەژی کە زەوی دەتوانێت لەسەر مەودای دوور بەرگەی بگرێت.

"توانای لەخۆگرتن" چییە؟
زانایانی ژینگە زاراوەی "توانای لەخۆگرتن" بەکاردەهێنن بۆ دیاریکردنی ئەو ژمارە نموونەییەی کە ژینگە دەتوانێت بەردەوامییان پێ بدات بەبێ ئەوەی سەرچاوە سروشتییەکان لەناو بچن.

 بەپێی تیمی توێژەران بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر "کۆری برادشو" لە زانکۆی فلیندەرزی ئوسترالی، مرۆڤ توانیویەتی بەهۆی تەکنەلۆژیا و سووتەمەنی فۆسیڵی (نەوت و خەڵوز)، ئەم سنوورە سروشتییانە ببەزێنێت، بەڵام ئەمە تەنها چارەسەرێکی کاتی و دەستکردە.

توێژینەوەکە ئاماژە بە دوو ئاستی جیاواز دەکات:

_توانای نموونەیی: بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی بە ئاستێکی گونجاو لە بژێوی و بەردەوامی بژین، پێویستە ژمارەی دانیشتووان تەنها 2.5 ملیار کەس بێت.

_توانای ئەوپەڕی: زەوی دەتوانێت بە شێوەیەکی تیۆری تا 12 ملیار کەس لەخۆ بگرێت، بەڵام لەو ئاستەدا مرۆڤایەتی رووبەڕووی برسێتی، نەخۆشی و جەنگی گەورە دەبێتەوە لەسەر سەرچاوەکان.

قۆناغی دیمۆگرافی نەرێنی
برادشو، روونی دەکاتەوە کە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، جیهان چووەتە ناو قۆناغێکی دیمۆگرافی نەرێنی؛ واتە هەرچەندە ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات، بەڵام رێژەی گەشەکە لە خاوبوونەوەدایە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووان لە ساڵانی حەفتاکانی ئەم سەدەیەدا بگاتە لوتکە (نزیکەی 12.4 ملیار کەس) و پاشان بەرەو کەمبوونەوە بچێت.

لێکەوتەکانی ئەم زیادبوونە:
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە جیهان تووشی کورتهێنانی توندی ئاوی شیرین بووە، هەروەها زۆربوونی مرۆڤ وایکردووە ژینگەی ئاژەڵە کێوییەکان تێکبچێت و توانای کێبڕکێیان لەگەڵ مرۆڤ نەمێنێت، وپشتبەستنی مرۆڤ بە سووتەمەنی فۆسیڵی بۆ دابینکردنی وزە و خۆراک، بووەتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی کەشوهەوای گۆۆی زەوی.

ئایا هێشتا کات ماوە؟
سەرەڕای وێنە تەمومژاوییەکە، توێژەران پێیان وایە هێشتا کات ماوە بۆ گۆڕانکاری، ئەوان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە وڵاتان هاوکاری یەکتر بن بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردن و گۆڕینی ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان بەرامبەر بە زەوی، ئاو و وزە.

برادشو دەڵێت: کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و کەمکردنەوەی ئاستی بەکاربردن، ئەنجامێکی باشتری دەبێت هەم بۆ مرۆڤ و هەم بۆ هەسارەکەمان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆڕی وەرزشیی "فۆکس سپۆرتس" بە هاوکاری سەکۆی جیهانیی "ئیندید"، هەلێکی کارکردنی دەگمەن و سەرنجڕاکێشیان بۆ خولیایانی تۆپی پێ راگەیاند، کە تێیدا کەسێک دەستنیشان دەکرێت بۆ بینینی سەرجەم یارییەکانی مۆندیالی 2026 و لە بەرانبەردا بڕی 50هەزار دۆلاری پێ دەدرێت.

ئەم هەڵمەتە کە بە ناونیشانی "دامەزراندنێکی مێژوویی بۆ رووداوێکی مێژوویی" ناسێنراوە، ئامانجی دۆزینەوەی کەسێکی شایستەیە کە بتوانێت 104 یاریی مۆندیالەکە لە گۆڕەپانی "تایمز سکوێر" لە شاری نیویۆرکەوە فۆکەسی بخاتە سەر و رووماڵیان بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە مۆندیالی داهاتوو بۆ یەکەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.

رۆبێرت گۆتلیب، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فۆکس سپۆرتس،رایگەیاند کە ئەوان بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن "خولیایەکی شێتانەی بۆ تۆپی پێ هەبێت" و بتوانێت هەست و سۆزی راستەقینەی یارییەکان بۆ بینەران بگوازێتەوە، وگرنگترین مەرجەکان بریتین لە: توانای هەڵسەنگاندن و وەسفکردنی رووداوەکانی ناو یاریگا، وبەرهەمهێنانی ڤیدیۆ و بابەتی سەرنجڕاکێش بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.


داواکارانی ئەم کارە، کە بە "وەزیفەی تەمەن" وەسف کراوە، دەبێت لێهاتوویی خۆیان لە بواری رۆژنامەوانی و دروستکردنی ناوەڕۆکدا بسەلمێنن، پێویستە ڤیدیۆیەکی کورتی خۆیان بنێرن کە تێیدا ئاستی شەیدابوونیان بۆ ئەم وەرزشە نیشان بدات و بیسەلمێنن کە دەتوانن بەرگەی ئەم "ماراسۆنە کورییە" بگرن.

شایانی باسە مۆندیالی 2026 لە 11ی حوزەیران دەستپێدەکات و تا 19ی تەمموز بەردەوام دەبێت، کەسە سەرکەوتووەکەش دەبێتە دەنگ و رەنگی یەکێک لە گەورەترین رووداوە وەرزشییەکانی جیهان لە یەکێک لە ناودارترین شوێنەکانی ئەمریکا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "Page Six" بڵاویکردەوە، جیف بێزۆس، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی و خزمەتگوزاری هەور، یەختە چارۆکەدارەکەی بە ناوی "Koru" بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار خستووەتە روو بۆ فرۆشتن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە درێژیی ئەم یەختە 417 پێیە (127 مەتر)، و بەپێی گۆڤاری "بۆت ئینتەرناشناڵ" لە ئێستادا گەورەترین یەختی چارۆکەدارە لە جیهاندا.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" باسی لەوە کردووە کە بەهۆی گەورەیی قەبارەی یەختەکەوە، ناتوانێت لەگەڵ یەختە تایبەتەکانی دیکەدا لە یەک لەنگەرگادا لە فلۆریدا لەنگەر بگرێت.

رۆژنامەی "Page Six" دەڵێت: جیف بێزۆس کۆشکە سەرئاوکەوتووەکەی (کۆرو) کە بەهای 500 ملیۆن دۆلارە، بە بێدەنگی خستووەتە روو بۆ فرۆشتن، چونکە هێندە گەورەیە بەڕێوەبردنی کارێکی زۆر قورسە.

لە مانگی ئازاری رابردوودا، هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دابوو کە بێزۆس کۆمەڵێک زەوی لە دوورگەیەکدا کڕیوە کە بە "حەشارگەی ملیاردێرەکان" لە فلۆریدا ناسراوە، بە بڕی 339 ملیۆن دۆلار.

هەروەها لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندبوو کە سامانی 500 دەوڵەمەندترین کەسایەتی جیهان بە بڕی 2.2 تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...13