پزیشکان و شارەزایانی چاودێریی پزیشکی، ریزبەندیی لەدەستدانی هەستەکانی مرۆڤیان لە سەعاتەکانی کۆتایی پێش مردن ئاشکرا کرد، کە بە قۆناغی "سەرەمەرگی چالاک" دەناسرێت و تێیدا فرمانەکانی جەستە بە خێرایی پاشەکشێ دەکەن لە چالاکی.


بەپێی وتەی پسپۆڕان، ئەو زانیارییانەی لەسەر هەستی مرۆڤ لە ساتە کۆتاییەکاندا لەبەردەستن تا رادەیەک سنووردارن؛ چونکە نەخۆش لەو قۆناغەدا بەهۆی بێهێزی یان لەدەستدانی توانای وەڵامدانەوە، ناتوانێت گوزارشت لەوە بکات کە پیایدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە زۆربەی زانیارییەکان پشت بە تێبینییەکانی پزیشک و خێزانەکان دەبەستن.

جێمس هالبێنبێک، پرۆفیسۆری چاودێریی پزیشکی لە زانکۆی ستانفۆرد، لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەدەستدانی هەستەکان بەپێی ریزبەندییەکی جێگیر رودەدات. هالبێنبێک رونیکردووەتەوە کە سەرەتا هەستی برسیێتی ون دەبێت، دواتر تینوێتی، پاشان توانای قسەکردن و دوای ئەویش بینین؛ بەڵام هەستی بیستن و دەستلێدان دوایین هەستن کە مرۆڤ لەدەستیان دەدات.

پسپۆڕان پێیان وایە ئەم ریزبەندییە هۆکاری ئەوەیە کە پزیشکان هەمیشە رێنمایی خێزانەکان دەکەن لە ساتەکانی کۆتایی سەرەمەرگدا، بە نەرمی قسە بۆ نەخۆشەکانیان بکەن و دەستیان لێ بدەن، چونکە ئەگەرێکی زۆر هەیە تاوەکو دوا ساتەکان ئەو دوو هەستە بە چالاکی بمێننەوە.

دەیڤد هۆفدا، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پێکانەکانی مێشک لە زانکۆی کالیفۆرنیا، ئاماژە بەوە دەکات مێشک لە کاتی مردندا دەستبەرداری ئەو ناوچانە دەبێت کە بۆ مانەوە کەمتر گرنگن، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی کۆئەندامی بینین لە لای هەندێک کەس؛ ئەمەش رەنگە هۆکاری بینینی ئەو "روناکییە درەوشاوەیە" بێت کە هەندێک لە رزگاربووانی راوەستانی دڵ باسی دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، جیمۆ بۆرجیگین، زانای مێشک و دەمار لە زانکۆی میشیگن، دەڵێت مێشک پێش مردن روبەڕووی شەپۆلێکی لەناکاوی مادە کیمیاییەکان دەبێتەوە. ئەم چالاکییە نائاساییە رەنگە بەرپرس بێت لە دروستبوونی هەستێکی زۆر رون و رووناک، کە هەندێک کەس وەک "راستییەک لە راستی بەهێزتر" وەسفی دەکەن.
لە سەعاتەکانی کۆتاییدا، نەخۆشەکان بە گشتی واز لە خواردن و خواردنەوە دەهێنن و بینینیان وردە وردە کەم دەبێتەوە، پێش ئەوەی چاوەکانیان دابخەن و بە جۆرێک دەربکەون کە لە خەوێکی قوڵدا بن. هالبێنبێک پێی وایە ئەم حاڵەتە زیاتر لە "خەونبینین" دەچێت نەک بێهۆشییەکی تەواو. ناوبراو ئەم قۆناغە بە هاتنی عاسیفەیەک دەچوێنێت کە ناتوانرێت سەرەتاکەی بە وردی دیاری بکرێت، بەڵام وردە وردە چڕ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە کۆتایی.