نانی بۆر یان سپی؛ کامیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن باشترە؟
راهۆز
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
پسپۆڕانی تەندروستی جەختدەکەنەوە، کاتێک ئامانج کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن بێت، نانی گەنمی تەواو (نانی بۆر) باشترین هەڵبژاردنە بەراورد بە نانی سپی، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی کاریگەرییان لەسەر خێرایی هەڵمژینی شەکر لەلایەن خوێنەوە.
بۆچی نانی سپی مەترسیدارە؟
نانی سپی بەهۆی ئەوەی لە ئاردی پاککراوە دروست دەکرێت و توێکڵە دەوڵەمەندەکەی لێکراوەتەوە، رێژەی ریشاڵی کەمە، ئەمەش وادەکات پڕۆسەی هەرسکردنی خێرا بێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرا و کتوپڕی شەکری خوێن، کە فشار لەسەر ئەنسۆلین دروست دەکات. بەرزبوونەوەی بەردەوامی شەکر بەهۆی نانی سپییەوە، مەترسیی دروستبوونی "بەرگریی ئەنسۆلین" و تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 زیاد دەکات.
سودەکانی نانی بۆر:
بەپێچەوانەوە، نانی بۆر (گەنمی تەواو) بەهۆی بوونی رێژەیەکی بەرز لە ریشاڵ و کاربۆهیدراتی ئاڵۆز، پڕۆسەی هەرس و هەڵمژینی شەکر هێواش دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەکری خوێن بە شێوەیەکی پلەبەپلە و لەسەرخۆ بەرزببێتەوە، نەک بە خێرایی.
بەراوردکاریی خۆراکی:
-
نانی بۆر: دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، پرۆتین و مادە خۆراکییەکان، هەستی تێربوون دەبەخشێت و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش. توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنی نانی بۆر کاریگەری ئەرێنی لەسەر باشترکردنی پشکنینی شەکری کەڵەکەبوو (HbA1c) هەیە.
-
نانی سپی: زۆرجار کالۆری، کاربۆهیدرات و سۆدیۆمی زیاترە و هەستی تێربوون کەم دەکاتەوە.



