رۆژانە تا چەند هێلکە بخورێت زیانی نییە؟
راهۆز
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداریدەدەن لەوەی مەترسیی سەرەکیی خواردنی هێلکە پەیوەندی بە کۆلیستڕۆڵەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو "چەورییە تێرە"ی تێیدایە یان لەگەڵیدا دەخورێت، کە هۆکارە بۆ گیرانی خوێنبەرەکان و نەخۆشیی دڵ.
پزیشکان و پسپۆڕانی خۆراک رێنمایی دەدەن بەم شێوەیە هێلکە بخورێت:
-
کەسانی تەندروست: دەتوانن رۆژانە یەک هێلکەی تەواو، یان سپێنەی دوو هێلکە بخۆن.
-
کەسانی نەخۆش: ئەوانەی نەخۆشیی شەکرە، دڵ، یان بەرزیی کۆلیستڕۆڵیان هەیە، باشترە هەفتانە لە چوار زەردێنەی هێلکە زیاتر نەخۆن، بە مەرجێک بڕی چەوری لە خۆراکەکانی دیکەیاندا کەم بێت.
مەترسییە شاراوەکەی ناو زۆر خواردنی هێلکە چییە؟
هێلکەیەکی گەورە نزیکەی 1.6گرام چەوریی تێری تێدایە، بەڵام مەترسییە گەورەکە لەو خۆراکانەدایە کە لەگەڵ هێلکە دەخورێن، وەک (سۆسج، پەنیر و ئەو نانەی بە کەرە چەور دەکرێت).
شێوازی دروستکردنی هێلکە:
جولیا زۆمبانۆ، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: "کۆی گشتیی ئەو چەورییە تێرەی لە رۆژێکدا دەیخۆین، کاریگەریی زیاترە لەسەر بەرزبوونەوەی کۆلیستڕۆڵی زیانبەخش وەک لە خودی هێلکەکە".
بۆیە سورکردنەوەی هێلکە بە کەرە زیانەکەی زیاد دەکات، باشترین رێگەش خواردنی هێلکەی کوڵاو یان برژاندنیەتی بەبێ ڕۆن و کەرە.



