مەترسییەکانی بەکارهێنانی رۆژانەی هیتفۆن لەوە زیاترە کە پێشبینی دەکرێت
راهۆز
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەکارهێنانی بیستۆک (هیتفۆن) لە کاتی وەرزشکردن، لە ماڵەوە و دەرەوە بووەتە خوویەکی رۆژانەی زۆرێک لە هاووڵاتیان، بەڵام رۆژنامەیەکی بەریتانی هۆشداریدەدات لەوەی ئەم بەکارهێنانە چڕە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی گوێ دروست دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی، بەرزکردنەوەی دەنگی بیستۆک بۆ ماوەیەکی درێژ و بەبێ رەچاوکردنی دەرەنجامەکانی، دەبێتە هۆی تێکشکانی شانە ورد و هەستیارەکانی ناوەوەی گوێ. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک لەدەستدانی توانای بیستن و زرنگانەوەی گوێ، کە زۆرجار حاڵەتگەلێکن چارەسەریان نییە و بە تێپەڕبوونی کات دۆخەکە خراپتر دەکەن.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، کێشە گەورەکە لەوەدایە سەرەتا زیانەکان بە روونی دەرناکەون، ئەمەش وادەکات زۆر کەس گوێ بە مەترسییەکان نەدەن و لەسەر ئەو خووە هەڵەیە بەردەوام بن.
سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆژیای مۆبایلەکان ئاگادارکردنەوە دەدەن کاتێک ئاستی دەنگ لە سنوری رێگەپێدراو تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران، بەتایبەت هەرزەکاران و گەنجان، ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ دەخەن.
لە راپۆرتەکەدا رێنمایی هاووڵاتیان کراوە کە پشکنینی خولی بۆ توانای بیستنیان بکەن و هەوڵبدەن کاتەکانی بەکارهێنانی بیستۆک کەم بکەنەوە. هەروەها، پسپۆڕان ئامۆژگاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە بیستۆکانە دەکەن کە تایبەتمەندی "لابردنی دەنگەدەنگ" (Noise Cancellation)یان هەیە، تا لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ناچار نەبن دەنگی ئامێرەکانیان تا دوا ئاست بەرز بکەنەوە.



