شەپۆلێكی دیکەی گەرما روو لە عیراق دەكات
هەساو ئەمیر
٨ی ئابی ٢٠٢٥
شەپۆلێكی گەرما روو لە ناوچەكە دەكات و پلەكانی گەرما دەگەنە سەروو 50 پلە، لە چەند ناوچەیەكیش پێشبینی بارانبارینی پچڕ پچڕ دەكرێت.
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ هەفتەی داهاتوو راگەیاند و ئاماژەی بەوەكردووە، شەپۆلێكی بەهێزی گەرما روو لە ناوچەكە دەكات و پلەكانی گەرما لە چەندین ناوچە دەگەنە سەروو 50 پلە.
راشیگەیاندووە، لە كۆتایی هەفتەدا شەپۆلەكە دەگاتە لوتكە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما لە خوار 50 پلە دەمێننەوە و لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەفتەشدا لە چەند ناوچەیەكی جیاواز پێشبینی بارانبارینێكی پچڕ پچڕ و كەم دەكرێت.
دەستەی كەشناسیی عیراق داوا لە هاووڵاتیانیش دەكات، لە نێوان سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆ بۆ 4ـی عەسر، خۆیان لە بەركەوتنی راستەوخۆ بە تیشكی خۆر بەدور بگرن و بۆ كاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.