سودانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی کەربەلای دانا
محەمەد رزگار
٧ی ئابی ٢٠٢٥
سەرۆک وەزیرانی عیراق بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی ئاوی لە کەربەلا دانا کە توانای دابینکردنی 16 هەزار مەتر سێجای ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا.
نویسنگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی کەربەلا لەلایەن سودانییەوە دانرا، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەردەوامە لە کارکردن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و باشترکردنی ئاستی ژیان و ئابوری لە سەرجەم پارێزگاکان.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، پڕۆژەی ئاوی کەربەلا لە باشوری ئەو پارێزگایە، بە تێچووی 702 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و نوێترین دیزاین و تەکنەلۆژیای ئەندازیاری و تەکنیکی تێدا بەکاردەهێندرێت، هاوکات توانای دابینکردنی 16 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پڕۆژەکە وێستگەیەکی سەرەکی پاڵاوتنی و 8 وێستگەی پەمپکردن پێکدێت، هاوکات هێڵەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە درێژییەکەی 270 کم دەبێت.




