هەولێر و بەغداد لەڕێی رادەستكردنی راپۆرتێكی هاوبەش بە سەرۆك وەزیرانی عیراق نزیك دەبنەوە لە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ئەو وەفدەی لە هەولێرەوە بۆ مەبەستی تاووتوێكردنی دوایین وردەكاریەكانی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق سەردانی بەغدادیان كردبوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتێكی هاوبەشیان ئامادە كردوو و  بریارە راپۆرتەكە  رادەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، عیراق پێشنیازی كردووە لەڕێی بانكی رافیدەینەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر هەژمارەكانیان لە چوارچێوەی (هەژماری من) نەك پارەكە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.

باسی لەوەشكرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆمپانیایەكی ئەمریكی سەردانی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەكات و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كیڵگەكاندا دەخەمڵێنێت و چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێم و عیراقیش پابەندی بڕیاری كۆمپانیاكە بن.