شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردووەتەوە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق پلان و رێکارەکانی تایبەت بە پرۆژەی کڕین و تۆمارکردنی چەک کە لەلای ھاووڵاتیانە پەسەند کردووە، لەسەرەتای مانگی نیسانی داھاتووشەوە پرۆژەکە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەکی بێ موڵەت تۆمار دەکرێت یان لە ھاووڵاتیان دەکڕدرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەو پرۆژەیە کەمکردنەوە و نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەتە کە بووەتە ھۆکاری زۆربوونی تاوانەکان و حکومەتی عێراقیش ١٥ ملیار دیناری بۆ کڕینی چەک لە ھاوڵاتیان تەرخانکردووە، واتە بۆ ھەر پارێزگایەک یەک ملیار دینار تەرخانکراوە.
محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی یاسایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جووڵەیەکی سیاسی ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ ھەموارکردنەوەی یاسایی ھەڵبژاردنی عێراق و گۆڕینی لە سیستمی سانت لیگۆوە و بۆ فرە بازنەیی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشدارینەکردنی فراوانی ھاوڵاتییان لە دوایین ھەڵبژاردنی عێراق، پرسی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئیدارەی دەوڵەت ھێناوەتە ئاراوە و چەند دانووستان و رێککەوتنێکی سیاسی لەوبارەیەوە کراوە. چاوەڕوانیشدەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەیەک لەناو لایەنە سیاسییەکاندا پێکبھێندرێت بەمەبەستی ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن.
ھاوکات، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە ھۆشداری لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی عێراق دەدات و دەڵێت، دەبێت یاسای ھەڵبژاردن رەنگدانەوەی سیاسەتی عێراق بێت نەک خواستی لایەنە سیاسییەکان، دەشڵێت، ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھیچ سودێکی بۆ عێراق نابێت.
ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتەکەی سودانی رێکاری پێویست و یەکلاکەرەوەی گرتووەتەبەر لەسەر سنورەکانی عێراق و تورکیا، بۆیە داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق قبوڵکراو نییە و ھیچ بەھانەیەکی نییە. چونکە عێراق خۆی دەتوانێت روبەروی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە لەسەر سنورەکان.
ھەروەھا رایگەیاندووە، عێراق لەگەڵ تورکیا چەند دۆسێیەیەکی ھاوبەشیان ھەیە، بەڵام لە دوایین سەردانی وەفدی عێراقییدا، لایەنی تورکی ھەڵوێستی ئەرێنییان ھەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەھا ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، کشانەوەی رەوتی سەدر کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی کردووە و ئەگەر بوونیان ھەبووایە ھەڵەی زۆر لە پڕۆسەی سیاسی رووینەدەدا، پێشبینیشیکرد رەوتی سەدر بە بەھێزی بگەڕێتەوە ناو کاری سیاسی.
بەھا ئەعرەجی وتیشی، پێیوایە لەپێناو بەرژەوەندی عێراق، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کۆببێتەوە.
ئەعرەجی باسی لەوەشکرد، نیگەرانییەک لەنێوان نوری مالکی و محەمەد شیاع سودانیدا ھەیە، سودانیش یەکەم سەرۆک وەزیرانە کە ٦٧%ی پڕۆگرامە حکومییەکەی جێبەجێکردووە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات و لەبارەی مووچە و بودجەی ھەرێم داوای روونکردنەوەی لێدەکەن.
وتیشی، تەوەرێکی دیکەش تایبەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و باج و لەوبارەیەشەوە ئەندامانی لیژنەی دارایی داوای روونکردنەوە لە وەزیری دارایی دەکەن.
ئەحمەد یڵدز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغداد زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق ئەنجامدەدات، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بۆ دیدار وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات و سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، سەردانی لێپرسراوانی توركیا بۆ عێراق گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی توركیا- عێراق و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و ئابووری هەردوو وڵات.
جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی پلان و ئامادەكارییەكان، بەر لە تەواوبوونی مانگی نیسان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی عێراق دەكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە ئەردۆغان لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق هەریەك لە دۆسییەكانی ئاو و هەناردەی نەوتی هەرێم و تیرۆر لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق و هاوكات لێپرسراوانی هەرێمی كوردستانیش تاوتوێبكات.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاریداوە بە کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی ھاوردەکراو بۆ سەربڕین و بەخێوکردن بەڕێژەی ٥٠%، کە ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری کرابوو، لەپێناو کەمکردنەوەی نرخی گۆشتی سوور.
بەپێی ئەو بڕیارە، باج لەسەر ئاژەڵی ھاوردەکراو بۆ سەربڕین بەڕێژەی ٢% دەبێت و بۆ ئاژەڵی ھاوردەکراویش بۆ بەخێوکردن بەڕێژەی ٥% دەبێت. بڕیارەکەش بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت و دواتر پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
عێراق کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی ھاوردەکراو بەڕێژەی ٥٠% پەسەندکرد
پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە مانگی نیسانی ئەمساڵ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن بکات، لێپرسراوانی باڵای ئەمریکاش سەردانەکەیان پەیوەست کردووە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆڕبەندی داڤۆس، بە سودانی راگەیاندووە، دەبێت سەردانەکەی بۆ واشنتۆن رەنگدانەوەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بن.
بەپێی ئەلمۆنیتەر، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناودەبات و لەوچوارچێوەیەشدا، تادێت فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر سودانی زیاتر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم، لەنێویشیاندا ھەمواری یاسای بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و ھەناردەی نەوت.
عەلی حەمود شمەری بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی کشتوکاڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بەھۆی نەبوونی ئاو، نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوچوون، وشکەساڵیش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ٢٧ ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەناوبردووە.
وتیشی، لەئێستادا کۆی گشتی ئەو روبەرەی شیاوە بۆ کشتوکاڵکردن دەگاتە ٥١ ملیۆن دۆنم، بەڵام تەنھا ٢٤ ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی تێدا دەکرێت.
بەپێی ھەڵسەنگاندنێکیش کە لەلایەن ئەنجومەنی نەرویژی بۆ پەنابەران کراوە، ٦٠%ی جووتیاران لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق روبەڕوی کەمبوونەوەی روبەری چێندراو و بڕی ئاو بوونەتەوە.
دادگای فیدراڵی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی وەزیری دارایی، مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانەکراوە.
جەختیشیکردووەتەوە لەوەی، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە ناردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ببەستێتەوە بە پرسی بەئەلیکترۆنی کردنی مووچەی فەرمانبەران، چونکە بەبێ ھەژماری بانکی ھیچ بڕە پارەیەکی دیکە نانێرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ کاروباری دارایی بە کورسات نیوزی وتبوو، پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران کاتی زۆری پێویستە و لەگەڵ بەغداد لەسەر ھێڵن بۆ ئەو مەبەستە. ئاماژەی بەوەشدابوو، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دوانەکەوێت، پێویستە شێوازی دابەشکردنی مووچە بە ھەردوو شێوازەکە ئەنجامبدرێت تا ئەوکاتەی بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، ئەعرەجی لەگەڵ وەفدێکی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ کۆبۆتەوە و لە کۆبونەوەکەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانیەتیەکە بە تایبەت لە بواری مەشقپێکردن و پەرەپێدانی تواناکانی ھێزە ئەمنیەکان تاوتوێکراوە.
لای خۆیەوە ئەعرەجی دوپاتیکردۆتەوە کە پەیوەندی عێراق بە ناتۆوە پەیوەندیەکی گرنگ و بنەرەتی و ستراتیژیە و چاوەروانیشدەکەن لە داھاتوودا پەیوەندییەکانیان پتەوترببێت.
رونیشیکردۆتەوە کە کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و ناتۆ نابێت .
وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون بە ھەماھەنگیی نزیک لەگەڵ یەکە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامدراون.
دەشڵێت، فەریق روکن مەتین تۆکەل فەرماندەی دووەمی سوپا و وەفدی یاوەری لەگەڵ لێپرسراوانی ناوخۆی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایشی سنووریان ئەنجامداوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەناو سنورەکانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ -قوفڵ لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئاسایشی ھێڵی سنووری عێراق - تورکیا تاوتوێکراو گفتوگۆکرا لەبارەی ڕێوشوێنەکانی زیادکردنی ئاسایشی ھاووڵاتیانی عێراق.
ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری چەند لێپرسراوێکی باڵای عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆ و دانووستانەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و ئەمریکا بۆ کشانەوەی تەواوەتی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوامە و پێدەچێت، گفتوگۆکان تا دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوام بێت، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
ئیان مەکگۆری نێردەی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رەتیکردووەتەوە و لەئێستادا پلانێک ھەبێت بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ کشانەوەی ھێزە بیانیەکان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانان لە عێراقدا ھەن و بەسەر سێ بنکەی سەربازیدا دابەشبوون، یەکێکیش لەو بنکانە لە سنووری ھەرێمی کوردستانە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە لیژنەکەیان میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات و لەبارەی مووچە و بودجەی ھەرێم داوای رونکردنەوەی لێدەکەن.
وتیشی، تەوەرێکی دیکەش تایبەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و باج و لەوبارەیەشەوە ئەندامانی لیژنەی دارایی داوای رونکردنەوە لە وەزیری دارایی دەکەن.
پێشتر وەزیری دارایی رایگەیاندبوو تا فەرمانبەرانی ھەرێم ھەژماری بانکیان بۆ نەکرێتەوە مووچە مانگی ئازار رەوانە ناکات، لەم بارەیەوەشەوە لیژنەی دارایی داوای رونکردنەوە لە ھەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەردەوامی خەرجکردنی بودجەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە.
مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، ٦٩ ملیار و ٢٣٠ ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
ھاوکات ئەنجومەنی وەزیران رەشنوسی ھەمواری یەکەمی یاسای دادنووسی ژمارە ٣٣ی ساڵی ١٩٩٨ی پەسەندکرد و لە ماددەی ١٦ی رەشنوسەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی رەسمین بۆ پێشکەشکردنی نوسراو و بەڵگەنامەکان لە فەرمانگەکاندا.
دادگای فیدراڵی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پێویستی بە کاتە و ئەرکی حکومەتی ھەرێمە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکات لەو بارەیەوە.
دەشڵێت، ئامانج لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەو باریەوە، گرنتیکردنی مافی موچەخۆرانی ھەرێم و بەدیھێنانی دادپەروەرییە.
دادگای فیدراڵی دەشڵێت، ئەو پڕۆسەیە پێویستی بە کاتە و پێویستە ھەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێم پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئەو پڕۆسەیە، دەبێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش بە کاش خەرج بکرێت کە بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەکانیان بۆ مانگی ئادار کۆتای نایەت بەھۆکاری تەکنیکی.
پێشتر دادگای فیدراڵی عێراق جەختیکردبووەوە، بۆ مانگی ئادار وەزارەتی دارایی بەبێ ھەژماری بانکی ھیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نانێرێت.