دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی پیرۆزبایی لە عیراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ساڵی 2025 ساڵی دەستکەوت بووە بۆ عیراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بۆنەی 93 ساڵەی رۆژی نیشتمانیی عێراقەوە پێگەیشتووە.
سەرەڕای پیرۆزبایی، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەی پابەندبوونی پتەوی وڵاتەکەی بۆ هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ عێراق و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا، بە شێوەیەک کە سەقامگیری ناوچەکە بەرز بکاتەوە" دووپاتکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە ساڵی 2025 دەستکەوتی زۆری تێدابووە بۆ عیراق، کە تیشکدەخاتە سەر خۆڕاگری عیراق و گەشەسەندنی سەرکردایەتی لە ناوچەکەدا، وەک میوانداری سەرکەوتوانەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە عیراق و توانای عیراق بۆ بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە؛ ئەمریکا و عیراق پێکەوە کاریان کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزە و پاراستنی فشارەکان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و هیواشی خواستووە بەردەوام بن لەو پێکەوە کارکردنە.
سەرۆکایەتی کۆمار بەبۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستوری عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەم رۆژە وەرچەرخانێکی نیشتمانی بوو لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق و گواستنەوەی لە رژێمێکی ناوەندی تۆتالیتارییەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، فیدراڵی و پەرلەمانی، کە ویستی گەل و بنەمای سەروەری خۆیان بەسەر خاک و نیشتمانەکەیاندا بەرجەستە بکات.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار:
لە 15ی ئۆکتۆبەری 2005 گەلەکەمان لەڕیفراندۆمێکی مێژوویی جەماوەریدا ڕای خۆی دەربڕی و دەستووری کۆماری عێراقی پەسەند کرد ئەم ڕۆژە وەرچەرخانێکی نیشتمانی بوو لەپرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق و گواستنەوەی لەڕژێمێکی ناوەندی تۆتالیتارییەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، فیدراڵی پەرلەمانی کەویستی گەل وبنەمای سەروەری خۆیان بەسەر خاک و نیشتمانەکەیاندا بەرجەستە بێت.
دەستوور بەرھەمی ھەڵبژاردنێکی نیشتمانی ئازاد و بەرپرسیارانە بوو، ھەروەھا دەرئەنجامی کۆدەنگییەکی ھەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو کە ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراقی لە عەرەب، کورد، تورکمان، کریستیان - و پێکھاتەکانی دیکەی کۆکردەوە ، بۆ پێکھێنانی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کەژیانی گشتی ڕێکدەخات و ماف و ئەرکەکان مسۆگەر دەکات و بنەمای ھاوبەشی لەبەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاراستنی یەکگرتوویییەکەیدا چەسپاند.
هەر بەم بۆنە نیشتمانییەوە، سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتی دەکاتەوە کە عێراقییەکان جگە لەبژاردەی دەستووری بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە، پابەندبوون بەدەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی، چ دەق و چ ناوەڕۆک بێت، تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی سیستمی دیموکراسی و پاراستنی یەکگرتوویی وڵات.
هەروەها جەختیش دەکەینەوە کە ئەو گۆڕانکارییە دەستورییەی کە عێراق بیست ساڵ لەمەوبەر گەواهیدەری بوو، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بوو لە سیستمێکی ناوەندی تۆتالیتارییەوە کەبڕیارەکانی دەوڵەتی قۆرخ دەکرد بۆ سیستمێکی فیدراڵی دیموکراسی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دەستەبەرکردنی بەشداریکردن و ڕێزگرتن لەفرەچەشنی و فرەیی لە چوارچێوەی یەکێتی نیشتمانیدا.
لەبیستەمین ساڵیادی پەسەندکردنی دەستووری کۆماری عێراق، سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، ئەو پڕۆژە یاسایانە پەسەند بکات کەپێشکەشی ئەنجوومەنی بەڕێزی کردووە، وەک یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای دەستەی باڵای یارمەتیدانی ژنان، یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان، یاسای خەڵاتی داهێنەری عێراق، یاسای دابەشکردنی زەوییە نیشتەجێبوونەکان، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ، یاسای وەرگرتنەوەی داهاتی گەندەڵی، جگە لەچەند پڕۆژە یاسای وەک یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوە.
هەروەها داوا لە هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن دەکەین کاربکەن بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ئەو یاسایانەی لە دەستووردا دیاریکراون وەک جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستوور و یاسای نەوت و گاز، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری دەستووری و سەقامگیری نیشتیمانی.
گەلی عێراقی خۆشەویست...
بنیاتنانی سیستمێکی دەستووری دیموکراسی دوای دەیان ساڵ دەسەڵاتی تۆتالیتاری ئاسان نەبوو، بەڵام ئیرادەی عێراقیەکان لە ئاستەنگەکان بەهێزتر بوو، بەردەوامیشە لەپێشکەوتنی بەردەوام بە ئاراستەی چەسپاندنی دەوڵەتی دامودەزگا و یاسا.
دەستووری کۆماری عێراق یەکێکە لە دەستوورە پێشکەوتووەکان، لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا یەکدەگرێتەوە و گەواهیدەری ئەزموونێکی پێشەنگ لە ناوچەکەدا دەکات.
لەکۆتاییدا داوای یەکبوون و یەکڕیزیی نێوان گەلەکەمان دەکەین، لە باشووری عێراقەوە تا هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی عێراق وەک نیشتمانێکی ئازاد و یەکگرتوو بۆ هەموو هاووڵاتیانی بێت.
هەموو ساڵێک عێراق و گەلەکەی سەرفراز بن.
سەرۆکایەتی کۆمار
بەغداد – ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
كۆمپانیای دانەغاز و كرێسێنت پترۆلیۆم رایانگەیاندووە، پرۆژەی كەی ئێم 250 لە كێڵگەی كۆرمۆر, هەشت مانگ زووتر لە وادەی خۆی تەواو كراوە و ئەوش توانای بەرهەمهێنانی غازی كێڵگەكەی بەرێژەی 50% بەرزكردووەتەوە و گەیشتوەتە 750 ملیۆن پێ سێجا لەرۆژێكدا.
تێچووی پرۆژەی كەی ئێم 250ی كێڵگەی كۆرمۆر 1.1 ملیار دۆلار بووە و یەكێكە لە گەورەترین پرۆژەكانی كەرتی وزەی عیراق.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە, بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە كۆرمۆر پێگەی هەرێمی كوردستانی لەڕووی وزەوە لە ناوچەكەدا بەهێز كردووە. بەو پێیەی رۆژانە 7 هەزار بەرمیل غازی سروشتی چڕ و 460 تۆن غازی شل بەرهەمدەهێنێت و بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا قەبارەی ئەو گازە.
ژەهراویانەی كەمكردووەتەوە كە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی غازدا دەردەدرێن.
كێڵگەی كۆرمۆر لە ئێستادا سەروو 80%ی كارەبای هەرێمی كوردستان دابیندەكات و رێگری دەكات لە بڵاوبوونەوەی زیاتر لە 59 ملیۆن تۆن دوانۆكسیدی كاربۆن
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد و یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، لە ناوچەی تارمییەی باکوری بەغدا کوژرا.
روداوەکە لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیی مەشهەدانی رویدا، کاتێک بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقییەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی. ئەمەش یەکەم حاڵەتی تیرۆرکردنی کاندیدێکە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، کاندیدی ژمارە 26 بوو لەسەر لیستی هاوپەیمانیی سەروەری، کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانی عیراقە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
عائیشە غەززال مەساری، پەرلەمانتاری عیراق، لە راگەیەندراوێکدا ماتەمینی بۆ مەشهەدانیی دەربڕی و رایگەیاند، "دەستەکانی خیانەت و فێڵ لە تاوانێکی ترسنۆکانەدا تیرۆریان کرد، ئەمەش رۆژانی تاریکی تیرۆرکردنمان بیردەهێنێتەوە کە عیراقییەکان پێیان وابوو بۆ هەمیشە تێیان پەڕاندووە."
مەساری هۆشداریشی دا کە "گەڕانەوەی زنجیرەی تیرۆرکردنەکان زەنگی مەترسی لێدەدات لەسەر ئاسایشی پایتەختی بەغدا، دوای ئەوەی هاووڵاتییان ماوەیەک لە سەقامگیری و ئارامییان بەسەر برد."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عیراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320 کورسییان گشتین و 9 کورسیشیان تایبەتن بە کۆتاکان. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی رەسمی لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنییەکانی عیراقەوە سەبارەت بەم روداوە بڵاونەکرابووەوە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبووەوە و بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە کۆبوونەوەکەدا بە هیچ جۆرێک باسی موچە نەکراوە.
محەمەد عەبدولڕەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بڕی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات.
وتیشی؛ لە کۆبونەوەکەدا بە هیچ جۆرێک باسی موچە نەکراوە و تەیف سامی وەزیری دارایی عیراقیش بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکردووە.
سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەبەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ژەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس.
لەمیانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی هاوکارییه ئەمنییەکانی نێوان دوو وڵات لەچوارچێوەی ستراتژێکی هاوبەشی درێژخایەندا کرد، هاوکات ستایشی رۆڵی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد لە پاڵپشتیکردنی عیراق لەجەنگی دژ بەتیرۆر و رزگارکردنی خاکی عیراق لەژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش .
هەروەها سەرۆک کۆمار باسی لەدۆخی سەقامگیری ئەمنی عیراق و هەوڵەکانی کرد بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لەم بوارەدا بەدەست هاتوون ، جەختیشی لەوە کردەوە کەسەقامگیری وڵات خاڵی دەستپێک بوو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان کە بەشدارن لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتیان و بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشدا کەعیراق خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئاماده دەکات و ئامادەکارییه کانیش بەردەوامە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئاسان و شەفاف و چەسپاندنی پڕۆسەی دیموکراسی وڵاتدا.
لەلای خۆیەوە ژەنەڕاڵ پێترایۆس پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ یەکخستنی دیدگەی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری وڵات و هەروەها ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە عیراق لە ئاستی ئەمنی و سیاسیدا بەدەستهێناوون و پاڵپشتیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە.
ئەحمەد سەحاف كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا رایگەیاند، ئەو 12 كۆچبەرەی لە لیبیا دۆزراونەتەوە و خەڵكی هەرێمی كوردستانن، دەگەڕێندرێنەوە عیراق.
سەحاف وتیشی، 40 رۆژ بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە كردووە و 12 كۆچبەر دۆزراونەتەوە، كە هەموویان خەڵكی هەرێمی كوردستانن و بە تایبەت سلێمانی، وتیشی، رەوشی تەندروستییان باشە.
راشیگەیاند، باڵیۆزخانەی عیراق لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان هەماهەنگی دەكات بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئەو كۆچبەرانە و هەروەها وابڕیارە هەماهەنگییان لەگەڵ نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان هەبێت.
لەم ساڵانەی كۆتاییدا، لیبیا بووەتە وێستگەیەكی سەرەكی بۆ تێپەڕبوونی كۆچبەرانی نایاسایی بەرەو ئەوروپا، گرتنەبەری ئەو رێگەیەش لەلایەن كۆچبەرانی نایاسایی عیراقییەوە زیادیكردووە.
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو ناوانە ئاشکرا دەکات کە دوای هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدن، هاوکات باس لە دابەشبوونێکیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەکرێت.
موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەکە، رایگەیاند، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عەدنان زوورفی، قاسم ئەعرەجی، حەمید شەترانی، عەبدولحسێن عەبتان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، کاندیدە دیارەکانن.
ناوبراو وتیشی، کێبڕکێکە زیاتر لەنێوان مالیکی و زوورفیدایە، بەتایبەت کە عەدنان زوورفی پەیوەندی فراوانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەیە، بەڵام چانسی سوودانی بۆ بەدەستهێنانی ویلایەتێکی دیکە کەمە.
سەرچاوەیەکیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە ئاشکرای کردووە، چوارچێوەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە؛ یەکێکیان پشتیوانی مالیکی دەکەن و بەرەکەی دیکە پشتیوانی سوودانین.
وەزارەتی بەرگری عیراق، بڵاویکردوەتەوە، کاروانی دووەم لە هێلیکۆپتەری ئەمریکی(بێڵ 505) گەشتوەتە دەستیان و ژمارەی هێلیکۆپتەرەکان هەشت دانەیە و لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەدایە بۆ بەرەوپێشچونی هێزی ئاسمانی وڵاتەکە.
ئەمڕۆ دوو شەممە، کاروانی دووەمی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکان گەشتنە بنکەی فەریقی شەهید محەمەد عەلای ئاسمانی.
وەرگرتنی ئەم هێلیکۆپتەرانە، لە میانی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی محەمد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە بۆ پاڵپشتی و پەرەپێدانی تواناکانی هێزی ئاسمانی عیراق لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.
وەرگرتنی هێلیکۆپتەری جەنگی لە ئەمریکا لەلایەن عیراقەوە بەشێکە لە پلانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەوپێشچون و بە مۆدێرنکردنی سیستەمی فڕۆکەوانی سەربازی و بەرزکردنەوەی تواناکانی مەشق و ڕاهێنانی ئاسمانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری عیراق، جۆری فڕۆکەکان ئەمریکی(بێڵ 505)ـن و ژمارەشیان هەشت هێلیکۆپتەرە.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە جەنەڕاڵ کریستۆف هێنتزی، فەرماندەی نێردەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عیراق و وەفدی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ ناتۆ لە بوارەکانی مەشق و راهێنان، پاڵپشتی راوێژکاری و پەرەپێدانی توانای سەربازی. بە بڕوای سەرۆک کۆمار، ئەم هاریکارییە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی عیراق.
هەر لە دیدارەکەدا، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی تاوتوێ کران. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، عیراق دۆخێکی ئاسایش و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو، هەوڵیش دەدرێت ئەم هەڵبژاردنانە ئازاد و دادپەروەرانە و نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی عیراق بن.
د. لەتیف رەشید باسی لە بەشداریکردنی لە خولی هەشتاهەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لە وتارەکەیدا تیشکی خستبووە سەر هەڵوێستەکانی عیراق سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ئاماژەی بە سازدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەڕانەوەی کەسانی مەدەنی لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دەوروبەری و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ عیراق لە داخستنی ئەم دۆسییەی کرد.
لەلای خۆیەوە، فەرماندەی نێردەی ناتۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پێشوازییە گەرمەکە و ئامادەیی ناتۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عیراق لە رێگەی بەرنامەکانی مەشق و راوێژکارییەوە، هەروەها بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوبەشی ئێستا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە و باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغداد و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی بێگردیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە میانی کۆبوونەوە و سەردانە فراوانەکانیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، بە گرنگییەوە ئاماژە بە پەیوەندی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا کرا.
جگە لە باسکردنی هەلومەرجی سیاسیی عیراق و پرسی هەڵبژاردن، جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردیش کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە و باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغداد و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی بێگردیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە میانی کۆبوونەوە و سەردانەکانیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم لە بەغداد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان بە گرنگ زانرا.
پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق خرایە بەر باس و جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردیش کرایەوە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند، داوامان کردووە تورکیا پشکی ئاوی عیراق بەڕێژەی ملیارێک مەترسێجا زیاد بکات.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند، داوایان لە لایەنی تورکی کردووە کە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا قەبارەی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات زیاد بکەن بە بڕی ملیارێک مەتر سێجا، بە شێوەیەک 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ روباری دیجلە و 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ روباری فورات بێت.
وتیشی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی بێت و لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتووەوە باران بارین دەست پێبکات، بۆیە عێراق پێویستی بە زیادکردنی پشکی ئاو هەیە بۆ باشترکردنی داهاتی ئاوی خۆی بۆ 50 رۆژی داهاتوو.
لەبەرانبەردا، لایەنی تورکی ئامادەیی نیشانداوە بۆ یارمەتیدانی عیراق، سەرەڕای ئەوەی قەیرانی وشکەساڵی بە گشتی ناوچەکەی گرتووەتەوە و هەمان کێشە رووبەڕووی تورکیاش بووەتەوە، بەڵام عیراق زیاتر زیانمەند بووە چونکە وڵاتێکە کەوتووەتە خوارووی روبارەکانەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، کۆبوەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەی بوون، جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کرایەوە، لەوانە: پێویستی بەردەوامبوونی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ خزمەتکردنی وڵات. هەروەها، گرنگی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دووپات کرایەوە.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانرا. ئامانج لەم گفتوگۆیانە نەهێشتنی تەواوی بەربەستەکان و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکانە، بە شێوەیەک کە مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی رۆڵی سەرۆک کۆماری عیراقی کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان. ناوبراو راشیگەیاند: "یەکێتی هەمیشە لەگەڵ دیالۆگدایە، چونکە بەرژەوەندی گەلەکەمان و خەڵکەکەمان لە بەردەوامی سازان و شەراکەتی راستەقینەدا دەبینینەوە و بەغداد قوڵایی ستراتیجی سیاسیمانە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی نوێترین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە ئەنجامدرا.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی هەڵبژاردنەکان بوو. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە. داواش کرا کە هەموو لایەنەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بانگەشەیەکی شارستانییانە بەڕێوەببەن و پرۆژە و هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی وڵاتدا بێت.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پرسی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراق. لەم روەوە، جەخت لە پابەندبوونی هەردوولا بە رێککەوتنەکەوە کرایەوە بە شێوەیەک کە مافی خەڵک و دابینکردنی موچە پارێزراو بێت. هەروەها، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دوورخستنەوەی خەڵک و بژێویی ژیانیان لە ململانێ سیاسییەکان.
کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوری مالکی، بەشێکە لە هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، سیستمی دەنگدان بەتەواوەتی رێگری لە دووبارەبوونەوەی دەنگدان دەكات، دوای بەكارهێنانیشی كارتی دەنگدان بۆ 72 سەعات دەوەستێت.
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، سیستمی دەنگدان بەتەواوەتی رێگری لە دووبارەبوونەوەی دەنگدان دەكات، لەبەرئەوەی كارتی دەنگدان دوای بەكارهێنانی لە دەنگداندا بۆ ماوەی 72 سەعات كاركردنی دەوەستێت، ئەوەش رێگرە لەوەی زیاتر لە جارێك دەنگی پێبدرێت.
راشیگەیاند، كۆمیسیۆن بردنەژورەوەی مۆبایل بۆ ناو شوێنی دەنگدان قەدەغە دەكات، ئەوەش بۆ رێگریكردن لە وێنەگرتن یان بازرگانیكردن بە كارتەكەوە.
وتیشی، كۆمیسیۆن نزیكەی 120 هەزار كامێرای لە سەرتاسەری عیراق داناوە بۆ ڕووماڵكردنی 39 هەزار بنكەی دەنگدان.