کاندیدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کوژرا
راهۆز
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد و یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، لە ناوچەی تارمییەی باکوری بەغدا کوژرا.
روداوەکە لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیی مەشهەدانی رویدا، کاتێک بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقییەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی. ئەمەش یەکەم حاڵەتی تیرۆرکردنی کاندیدێکە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، کاندیدی ژمارە 26 بوو لەسەر لیستی هاوپەیمانیی سەروەری، کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانی عیراقە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
عائیشە غەززال مەساری، پەرلەمانتاری عیراق، لە راگەیەندراوێکدا ماتەمینی بۆ مەشهەدانیی دەربڕی و رایگەیاند، "دەستەکانی خیانەت و فێڵ لە تاوانێکی ترسنۆکانەدا تیرۆریان کرد، ئەمەش رۆژانی تاریکی تیرۆرکردنمان بیردەهێنێتەوە کە عیراقییەکان پێیان وابوو بۆ هەمیشە تێیان پەڕاندووە."
مەساری هۆشداریشی دا کە "گەڕانەوەی زنجیرەی تیرۆرکردنەکان زەنگی مەترسی لێدەدات لەسەر ئاسایشی پایتەختی بەغدا، دوای ئەوەی هاووڵاتییان ماوەیەک لە سەقامگیری و ئارامییان بەسەر برد."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عیراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320 کورسییان گشتین و 9 کورسیشیان تایبەتن بە کۆتاکان. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی رەسمی لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنییەکانی عیراقەوە سەبارەت بەم روداوە بڵاونەکرابووەوە.



