عیراق ئەو كۆچبەرە كوردانە دەگەڕێنێتەوە كە لە لیبیا دۆزرانەوە
لاڤە
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەحمەد سەحاف كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا رایگەیاند، ئەو 12 كۆچبەرەی لە لیبیا دۆزراونەتەوە و خەڵكی هەرێمی كوردستانن، دەگەڕێندرێنەوە عیراق.
سەحاف وتیشی، 40 رۆژ بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە كردووە و 12 كۆچبەر دۆزراونەتەوە، كە هەموویان خەڵكی هەرێمی كوردستانن و بە تایبەت سلێمانی، وتیشی، رەوشی تەندروستییان باشە.
راشیگەیاند، باڵیۆزخانەی عیراق لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان هەماهەنگی دەكات بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئەو كۆچبەرانە و هەروەها وابڕیارە هەماهەنگییان لەگەڵ نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان هەبێت.
لەم ساڵانەی كۆتاییدا، لیبیا بووەتە وێستگەیەكی سەرەكی بۆ تێپەڕبوونی كۆچبەرانی نایاسایی بەرەو ئەوروپا، گرتنەبەری ئەو رێگەیەش لەلایەن كۆچبەرانی نایاسایی عیراقییەوە زیادیكردووە.



