کۆتایی بە کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوری مالکی هات.. مالکی: رۆڵی بافڵ تاڵەبانی لە لێکتێگەیشتنەکاندا گرنگە
راهۆز
١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی نوێترین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە ئەنجامدرا.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی هەڵبژاردنەکان بوو. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە. داواش کرا کە هەموو لایەنەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بانگەشەیەکی شارستانییانە بەڕێوەببەن و پرۆژە و هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی وڵاتدا بێت.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پرسی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراق. لەم روەوە، جەخت لە پابەندبوونی هەردوولا بە رێککەوتنەکەوە کرایەوە بە شێوەیەک کە مافی خەڵک و دابینکردنی موچە پارێزراو بێت. هەروەها، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دوورخستنەوەی خەڵک و بژێویی ژیانیان لە ململانێ سیاسییەکان.
کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوری مالکی، بەشێکە لە هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.



