بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، کۆبوەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەی بوون، جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کرایەوە، لەوانە: پێویستی بەردەوامبوونی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ خزمەتکردنی وڵات. هەروەها، گرنگی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دووپات کرایەوە.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانرا. ئامانج لەم گفتوگۆیانە نەهێشتنی تەواوی بەربەستەکان و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکانە، بە شێوەیەک کە مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی رۆڵی سەرۆک کۆماری عیراقی کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان. ناوبراو راشیگەیاند: "یەکێتی هەمیشە لەگەڵ دیالۆگدایە، چونکە بەرژەوەندی گەلەکەمان و خەڵکەکەمان لە بەردەوامی سازان و شەراکەتی راستەقینەدا دەبینینەوە و بەغداد قوڵایی ستراتیجی سیاسیمانە."