عیراقعیراق

سەرۆک کۆمار خواستی عیراقی  بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی مێژووی و برایانەی لەگەڵ وڵاتی ئوردن دوپات کردەوە، لە کۆبونەوەکەیاندا، بەردەوامبوون لە کاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و بەشداریکردن لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا تاوتوێکران. 

لەلای خۆیەوە شا عەبدوڵڵای دووەم بەخێرهاتنی سەرۆک کۆمار و شاندی یاوەری کرد و ستایشی پەیوەندی قووڵی نێوان عیراق و ئوردنی کرد و جەختی لە گرنگی بنیاتنانی هاریکاری لەبوارەکانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە، و ئابووری کەبەدەستهاتوون کردەوە، بەمەش هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات.

لەدیدارەکەدا باس لەڕێگاکانی فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەکان و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەشی گواستنەوەی کارەبا و ئاسانکاری بازرگانی و گواستنەوەی کاڵاکان لە نێوان هەردوو وڵات و هاندانی کۆمپانیا ئوردنی و عیراقییەکان بۆ وەبەرهێنان لەپڕۆژە هاوبەشەکان کە بەشدارن لەڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری بەردەوام دەکەن.

هەروەها باس لە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان کرا، هەردوولا جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی راوێژ و هەماهەنگی عەرەبی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان، دیارترینیان قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم ناوچەکە، هەروەها کارکردن بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئەم قەیرانانە بە شێوەیەک کە گەرەنتی سەروەری و ئاسایشی خاکی دەوڵەتان بکات.

سەبارەت بە پرسی فەلەستین، هەردوو سەرکردە هەڵوێستی پتەوی عیراق و ئوردنیان دووپاتکردەوە لەپشتیوانیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین، و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان، هاوکات جەختیان لەگرنگی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پاراستنی خەڵکی سیڤیل و پێویستی هەستانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی خۆیان کردەوە ، بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان .

هەروەها لەدیدارەکەدا باس لەڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوکاری هاوبەشی ئەمنی و سەربازی کرا، بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، جەختیش لەگرنگی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری هەواڵگری و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و ئوردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات کرایەوە.

 لەکۆتاییدا، سەرۆک کۆمار و  شا عەبدوڵڵای دووەم، جەختیان لە پێویستی بەردەوامی پەیوەندی و ڕاوێژکاری نێوان هەردوولا کردەوە، بە شێوەیەک کە یەک هەڵوێستی عەرەبی پتەوتر بکات و بەشداری بکات لە پشتیوانیکردنی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وخزمەت بەبەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە لەڕووی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانەوە بکات.

پاشان کۆبوونەوەیەکی فراوانکراو بەسەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار، د.لەتیف رەشید و  شا عەبدوڵڵای دووەم، بەئامادەبوونی ئەندامانی شاندی عیراق و ئوردن بەڕێوەچوو و رێوشوێنەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاریکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا، تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی هاوبەش لەسەر پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کرایەوە.

لە دیدارەکەدا لە لایەنی عیراقی سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار، دکتۆر عەلی شوکری، بەڕێوەبەری نووسینگەی  سەرۆک کۆمار، گوهدار محەمەد سەعید و باڵیۆزی کۆماری عیراق لە شانشینی ئوردن، عومەر بەرزنجی، ئامادەبوون.

لەلایەنی ئوردنیشەوە، هەریەک لەجێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و تاراوگەکان، بەڕێز ئەیمەن ئەلسەفدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی شا عەبدوڵڵا، ئەندازیار عەلا بەتاینە و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەڕێز یەعروب قەزات، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی و ئوردنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانكی ناوەندیی عیراق پێشبینی دەكات پارەی ئەلیكترۆنی تا ساڵی 2035 بگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی چاكسازی بۆ كۆتاییهێنان بە پارەی كاش. 

عەلا فەهد وتەبێژی بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، پارەدانی ئەلیكترۆنی هاوكار بووە لە كەمكردنەوەی چاپكردنی پارەی كاش بە شێوەیەكی بەرچاو، هانی هاووڵاتیانیشیدا زیاتر روو لە پارەی ئەلیكترۆنی بكەن بە تایبەتی بۆ موچەی فەرمانگەكانی حكومەت.

وتیشی، پارەدانی ئەلیكترۆنی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بازدانێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەك كارتی بانكی دەرهاتوو گەیشتووەتە زیاتر لە 22 ملیۆن، لەگەڵ هاوردەكردنی زیاتر لە 75 هەزار ئامێر، پێشبینیش دەكرێت پارەی ئەلیكترۆنی تا ساڵی 2035 بگاتە 60 ملیار دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و دانوستان لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیكیش دەكەن بۆ زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی عیراق.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، هەناردەكردنی نەوت بەردەوامە و هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا گەیشتوەتە 195 هەزار و هەندێكجاریش دەگاتە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.

دەشڵێت، ئەو ئاگرەی رۆژی یەكشەممە لە كێڵگەی زوبێر لە بەسرە كەوتەوە كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی نەوت دروستنەكردووە.

وتیشی، عیراق بە نیازە لەگەڵ رێكخراوی ئۆپێك گفتوگۆ بكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، چونكە  پلانی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی هەیە بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە تا ساڵی 2029.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لەناوجەرگەی پایتەخت سەردانی مۆزەخانەی بەغدادیی کرد لەشەقامی رەشید و گەشتێکی کرد بەنێو راڕەوەکانیدا بۆ روانین لەگەنجینە مێژوویی و چیرۆکی وێنەیی روداوەکان و ئەو دیمەنانەی کەڕەنگدانەوەی پیشە نەریتی و میللیەکانی مێژووی ئەو شارە دەردەخەن.

خانمی یەکەم، بەیاوەری باسم محەمەد عنێزی بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری و مۆزەخانەی بەغدادی، چەند وێستگەیەکی کلتوریی لەچەند ساتەوەختێکی بەغداد و شێوازی ژیانی نەریتی و کلتوری بەسەرکردەوە؛ کەچەند دیمەنێکی دوکان و بازاڕی پیشەگەرە میللیی و خۆماڵییەکان و پیشە دەستیەکانی جارانی بەغدادی لەخۆگرتبوو. 

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد مۆزەخانەکەی بەپێویستییەکی نیشتمانی وەسفکرد بۆ پاراستنی کلتوری میللی و پاراستنی میراتی رۆشنبیری و پیشاندانی پەیوەندی ناسنامە و یادەوەری و ئینتیما و رۆشنگەری، سەرباری ڕۆڵی گرنگی لەگەشەسەندنی کۆمەڵگە لەسەر هوشیاری و شانازی بەبەها شارستانییەکانەوە. 

دەستخۆشی لەو هەوڵانە کرد کەگیراونەتە بەر بۆ پاراستنی شتومەکە دێرینە ڕەسەنەکانی نێو مۆزەخانەکە، کەئاماژەیەکی روونە بۆ ئاستی گرنگیدان بەکلتور و فەرهەنگ و وێنایەکی راستەقینەی چەند لایەنێکی مێژووی شار دەردەخات، هەروەک ئاماژەشی بەپێویستی ئەنجامدانی کاروبارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازی چەند بەشێکی مۆزەخانەکە کرد بەئامانجی پاراستنی ئەم شوێنەوارە گەشتیارییە گرنگە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی پرۆسەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان ئیدارەی خۆسەری  و لیژنەی ئەمنی و لیژنەی کۆچ و کۆچەرانی پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ 279 خێزانی تری عیراقی  لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عیراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، کاروانێکی نوێ کە لە 249 خێزان پێکهاتوون و ژمارەیان نزیکەی 840 هاووڵاتییە کە ژن و پیاو  و منداڵیش لەخۆدەگرن،  لە کەمپی هۆڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ  کەمپی جادە لە پارێزگای نەینەوا و گواستنەوەکە لەژێر چاودێری ورد و چڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە 13هەمین کاروانی هاووڵاتییە عیراقییەکانە و لە ساڵی (2021)یشەوە 30 هەمین کاروانە کە کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە  بۆ نیشتمانەکەیان.

کەمپی هۆڵ، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، 45 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە دوورە، گەورەترین کامپی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوایە و بە دەیان  هەزار ژن و منداڵی چەکدارانى داعشیان تێدایە لەرەگەزنامە و ناسنامەى جیاوازی جیهانن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە ٪60 منداڵن و لەژێر دەسەڵاتی  داعشدا لەدایکبوون و بێ ناسنامەن، ئەو کامپە لەئێستادا بە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی دنیا دادەنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی عیراق لەپێناو پشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەكردنی زیاتر لە 40 بەرهەمی كشتوكاڵیی قەدەغە دەكات.

مەهدی سەهر جبوری بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، هاوردەكردنی زیاتر لە 40 بەرهەمی كشتوكاڵیی قەدەغە دەكەن، لەپێناو ساغكردنەوەی و پشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی عیراق.

وتیشی، لەبەرئەوەی زۆرینەی وڵاتانی جیهان پشت بە خورمای لە پاكەتنراو دەبەستن، وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقیش كار دەكات بۆ هەناردەكردنی خورمای لە پاكەتنراو بۆ چین و هندستان و توركیا و ئوردن و وڵاتانی كەنداو، لەپێناو بەجیهانیكردنی بەرهەمی عیراقی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ جێگیركردنی نرخی بەرهەمی كشتوكاڵیی ناوخۆیی، بەردەوام چاودێریی لەسەر بازاڕەكانی ناوخۆ هەیە و لە ئەگەری بەربزوونەوەی نرخەكانیشدا، رێگەدەدەن بەشێوەیەكی سنوردار بەرهەمی دەرەكی هاوردە بكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لەکۆشکی سەلام لەشاری بەغداد چاویکەوت بەژمارەیەک لەهونەرمەند و ئەکتەرە دیارەکانی بواری نواندن لە عیراقدا.

لەو دیدارەدا کەچەند کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتیش ئامادەیبوون، خانمی یەکەم باسی لەو رۆڵە دیار و بەرچاوە کرد کەهونەرمەندان دەیبینن لەناساندنی رۆشنبیری و کلتوری وڵات و گەیاندنی پەیامی هونەری گەلان و نەتەوە جیاکان لەڕێی دراما و زنجیرەی تەلەفزیۆنی و شانۆییەکانەوە ،  کەڕەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و رۆشنبیری کۆمەڵگەیە و ناسنامەی عیراق و کەلەپورە دەوڵەمەندەکەی دەردەخات، هەروەک دیداری هونەرمەندان و ئەکتەرەکانیشی بەدەرفەتێک زانی بۆ سوپاسگوزاری و رێزلێنان لەکاروانی هونەرمەندان و بەخشینەکانیان، لەپشتیوانی و بەرەوپێشبردنی هونەر لەم وڵاتەدا.

هاوکات شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لەگرنگی دۆبلاژکردن و وەرگێڕانی زنجیرەی تەلەفزیۆنی و دراماکانی کرد لەعەرەبیەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە لەجیاتی پەنابردنە بەر فیلم و درامای بیانی کەهەندێکیان لەگەڵ پێودانگەکانی خێزان و داب و نەریتی کۆمەڵگەدا ناگونجێت، هەروەها بەگرنگیشی زانی کە کەناڵە ئاسمانییەکان گرنگی بدەنە پەخشکردنی بەرهەمی هونەری و دراما خۆماڵییەکان لەپێناو پشتیوانیکردنی هونەرمەندان و پیشاندانی وێنایەکی راستەقینە دەربارەی ژیانی هاوڵاتیانی عیراق.

هەروەک لەدیدارەکەدا تاوتوێی پێشنیازێک کرا دەربارەی گرنگیدان بە رێکخستنی دیدار و سەردانی مەیدانی بۆ پارێزگا جیاکان لەپێناو لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و ئاڵوگۆڕی کلتوری و کاری هاوبەش لەو درامایانەی کە روناکی دەخەنە سەر داب و نەریت، شێوە زارەکان، هونەری میللی، کەناسنامەی کلتوری بەهێزدەکات و وابەستەیی نیشتمانیی لەنێوانی نەتەوە جیاکان دروست دەکات و برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوانی تاکەکانیدا پەرە پێدەدات و کۆی ئەمانەش دەکاتە بەشێک لەیادەوەری نەوەکانی ئایندە. 

لای خۆیانەوە هونەرمەند و ئەکتەرە ئامادەبووەکان، سوپاسی خانمی یەکەمی عیراقیان کرد بۆ بەدواداچون و گرنگیدانی بەهونەرمەندان و چالاکیەکانیان و پەرۆشیی بۆ بەردەوامی کارە هونەرییەکان لەوڵاتدا.

لەنێو هونەرمەندە ئامادەبووەکاندا، فاتمە روبەیعی و زهرە روبەیعی خوشکی، و محەمەد حسێن عەبدولرەحیم و ئیناس تاڵب و ئیحسان دعدوش و مەحمود ئەبو عەباس و لەیلا محەمەد و هیند کامل و فەوزیە حەسەن و محەمەد هاشم، هەبوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام پێشوازیکرد لە عومر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و عامر موسی بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی کۆمسیۆن، لە کۆبونەوەکەیاندا باس لە نوێترین ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژرادن کرا. 
 
لەمیانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار گوێبیستی کورتەیەک لەدوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بوو، هەروەها  ئەو پلانە تەکنیکی و لۆجستیکی و رێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی بێگەردی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.
 
سەرۆک کۆمار پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی کۆمسیۆن دووپاتکردەوە بۆ رێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بە دەستپاکی و شەفافیەت تایبەتمەندە و رەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانە, جەختیشی لە دابینکردنی هەموو پێداویستیەک بۆ سەرخستنی ئەم بۆنە نیشتمانییە کردەوە.
 
لەلای خۆیانەوە سەرۆکی دەستەی کۆمسیاران و بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان هەروەها سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵ و  پشتیوانییە بەردەوامەکانی
 
 پابەندبوونی کۆمسیۆنیان دووپاتکردەوە بۆ تەواوکردنی هەموو رێکخستنە تەکنیکی و کارگێڕییە پێویستەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێوەچوونی دادپەروەرانە و شەفافانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن کە ڕەنگدانەوەی خواستی هاووڵاتیان و زامنکردنی مافییان بێت لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دا.
 
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی عیراق لە زاری سەرچاوە پزیشکییەکانەوە  رایانگەیاندوە، بەهۆی تەقینەوەیەک لە كێڵگە  نەوتی زوبەیری عیراق دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و  چوار کەسی دیکەش بریندارن.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە،  بەهۆی تەقینەوەیەکەوە  لە ناوچەی نەوتی بورجیسیا لە کێڵگەی نەوتی زوبەیری عیراق لە بەسرە، کە پێش بارکردنی نەوتەکە بوە بۆ ناو کەشتی، دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بریندارەکانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن، هاوکات تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازیکرد لە گۆردان گریلیچ رادمان، وەزیری دەرەوەی کۆماری کرواتیا و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عیراق و کرواتیایان کرد و جەخت لە کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کرایەوە.

لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق ئامادە بوو، لە میانی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و کرواتیا کرا، هەروەها رێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، و کلتووریدا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات.

سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی سەردانەکان لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات کردەوە و جەختی لە کارکردنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی زیاتر کردەوە.

هەروەها، سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە عیراق خوازیاری فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاریە لەگەڵ کرواتیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە و  ئاماژەی بەوەشدا کە عیراق سەقامگیری ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی نوێ دەچێت کە ڕێبازی دیموکراسی قووڵتر دەکاتەوە و بنەماکانی پرۆسەی سیاسی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات جێگیر دەکات.

لە لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی کرواتیا ستایشی هەڵوێستەکانی عیراقی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی، و ئارەزووی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری دووقۆڵی لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، و ئاڵوگۆڕی کلتووری.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا گەڕاندنەوەی زیاتر لە 40 كۆچبەری نایاسایی کوردی لەو وڵاتە راگەیاند، ئامادەکاریش دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی35 کۆچبەری دیکە.

ئەحمەد سەحاف لێپرسراوی كاروباری باڵیۆزخانەی عیراق لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند، ئەمڕۆ 40 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەولێر، دەشڵێت؛ ئەو کۆچبەرانە لە رێگەی فڕۆکەوە گەڕاونەتەوە ئیستەنبوڵ و لەوێشەوە بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر دەگەڕێندرێنەوە.

وتیشی، خۆراک و دەرمان و چاودێرییان بۆ کۆچبەرەکان تەرخانکردووە، هەروەها بلیتی گەشتەکانیان بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردووە.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی 35 کۆچبەری دیکە، هەروەها تۆڕەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و قاچاخچێتی بەردەوامن لە فریودانی گەنجانی عیراقی و تەڵەدانان بۆیان، بەپێویستیشی دەزانن هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەبارەی مامەڵە نەكردن لەگەڵ ئەو تۆڕانە چڕتر بكرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، مەراسیمی رۆژی نیشتمانی کۆماری چیک لەهۆتێل رەشید لەشاری بەغداد بەڕێوەچوو. 

لەمیانی ئەو مەراسیمەدا کەباڵیۆزخانەی کۆماری چیک ڕێکی خستبوو، ژمارەیەک لەوەزیر و لێپرسراوان و کەسایەتی دبلۆماسی و باڵیۆز و سەرمایەدارانی عێراقی و بیانی ئامادەیبوون، خانمی یەکەم پیرۆزبایی لەباڵیۆز یان شنایدۆف و حکومەت و گەلی چیک کرد.

هەروەها پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان عێراق و کۆماری چیک دووپات کردەوە لەبوارەکانی جێ بایەخی هەردوولادا.

خاتوو شاناز و باڵیۆزی چیک تاوتوێی شێوازی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی هەردوووڵاتیان کرد بەتایبەت لەرووی زیاترکردنی ئاستی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لەعێراق و سودوەرگرتن لە شارەزایەتیەکانیان لەبوارەکانی ئیدارەدانی ئاو و کەشوهەوادا.

دواتر و هەرلەمیانی گفتوگۆ و دیدارەکانی لەگەڵ دیبلۆماتکارە ئامادەبووەکانی مەراسیمەکەدا، خانمی یەکەمی عێراق چاوی کەوت بە باڵیۆزانی بەحرەین و کوەیت و جەزائیر کەپەرۆشی خۆیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم، ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٣ـی ١٠ـی ٢٠٢٥ پێشوازییان لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی و وەفدی هاوڕێی کرد.

لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتیی وڵات و گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ناوچەکە کە بەهۆیەوە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا جێگیر دەبێت و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بۆ باشترکردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەکان تاوتوێ کرا.

سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستیی چاندنی بەهاکانی یەکڕیزی و برایەتی لە رێگەی گوتارێکی میانڕەوانە کردەوە، کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی لێبوردەیی و لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق بچەسپێنێت.

هەروەها لە دیدارەکەدا، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگیی ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف بە بەشدارییەکی فراوانەوە کردەوە، کە ئاواتەکانی عیراقییەکان بۆ ژیانێکی ئارام و شکۆمەند بەدی بهێنێت.

لەلای خۆیەوە، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری کرد لە دانانی بنەماکانی یەکڕیزیی نیشتمانی، و جەختی لەسەر پابەندبوونی تەریقەتی کەسنەزانی کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە چاکسازییەکانیان لەپێناو خزمەتکردنی عیراق و بەرژەوەندییە باڵاکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، تا کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نووسراوی تایبەت بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاراستەی وەزارەتی دارایی نەکراوە، هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی موچەکە دەستیپێکردووە.

سەرچاوەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی بە بێستون سەلام پەیامنێری کوردسات نیوزی وت، "تا کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی،" بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ ئەو نووسراوە رەوانە بکرێت."

لەلایەکی ترەوە و بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی دیکەی کوردسات نیوز لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، "دەست کراوە بە ئامادەکاری و وردبینی و رێکارەکانی تایبەت بە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردەوە، "هەرکات کۆتایی بە وردبینییەکە هات و فەرمانی خەرجکردن لەلایەن وەزیر و بەڕێوەبەری گشتییەوە ئیمزاکرا، ئەوا دەستبەجێ موچەکە دەخرێتە سەر حیسابی بانکیی هەرێم."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە عەبدولسادە فریجی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە کردەوە.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرتاسەری و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکات بۆ بەشدارییکردنی فراوانی جەماوەری و ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی ئاشتی مەدەنی و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ، بناغەی سەرکەوتنی پرۆژە نیشتمانییەکانن، کە دیارترینیان هەڵبژاردنە.

هاوکات سەرۆک کۆمار جەختیشیکردەوە کە سەقامگیری وڵات بەرپرسیارێتییەکی کۆدەنگیە کە پێویستی بە هاوکاریی دڵسۆزانە لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە.

لای خۆیەوە فریجی پاڵپشتی هاوپەیمانییەکەی بۆ هەوڵەکان دووپاتکردەوە، کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسییە لە رێگەی چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە جیاوازە نیشتمانییەکاندایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی قائانی گەیاندە بەغداد، بڕیاریشە لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردەكانی چوارچێوەدا چەكدانانی گروپە چەكدارەكان تاوتوێ‌ بكرێت.

ماڵپەری عەرەبی جەدید بڵاویكردەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەردانێكی نهێنی گەیشتووەتە بەغداد و لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەكدارەكان زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، دواتریش گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەكانی قائانی، قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێكراوە و قائانی پێداگریكردووە لە رێگریكردن لە هەر پەرتبوونێك لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، جەختیشیكردووەتەوە لە پاراستنی سەقامگیری عیراق لە رەوشی ئێستا كە نزیكە لە هەڵبژاردن.

بەشێك لە میدیاكانی عیراقیش بڵاویانكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا كە بڕیارە دوو شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دوایین فشار و داواكارییەكانی ئەمریكا لە عیراق تاوتوێ دەكرێت، ئەویش دۆسییەی چەكدانانی گروپە چەكدارەكان و دەستەبەركردنی ژینگەیەكی ئارامە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8081828384...491