عەون زیاب: داوامان لە تورکیا کردووە پشکی ئاوی عیراق بەڕێژەی ملیارێک مەترسێجا زیاد بکات
محەمەد رزگار
١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند، داوامان کردووە تورکیا پشکی ئاوی عیراق بەڕێژەی ملیارێک مەترسێجا زیاد بکات.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند، داوایان لە لایەنی تورکی کردووە کە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا قەبارەی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات زیاد بکەن بە بڕی ملیارێک مەتر سێجا، بە شێوەیەک 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ روباری دیجلە و 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ روباری فورات بێت.
وتیشی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی بێت و لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتووەوە باران بارین دەست پێبکات، بۆیە عێراق پێویستی بە زیادکردنی پشکی ئاو هەیە بۆ باشترکردنی داهاتی ئاوی خۆی بۆ 50 رۆژی داهاتوو.
لەبەرانبەردا، لایەنی تورکی ئامادەیی نیشانداوە بۆ یارمەتیدانی عیراق، سەرەڕای ئەوەی قەیرانی وشکەساڵی بە گشتی ناوچەکەی گرتووەتەوە و هەمان کێشە رووبەڕووی تورکیاش بووەتەوە، بەڵام عیراق زیاتر زیانمەند بووە چونکە وڵاتێکە کەوتووەتە خوارووی روبارەکانەوە.



