د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە بەغداد لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فائق زەیدان کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و دەزگاکانی دادوەری و جێبەجێکردن تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی گیانی هاوکاری بەردەوام لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری و تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت کردەوە بۆ بەشداریکردن لەپێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بەهاووڵاتیان و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد، لەپاڵپشتیکردنی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی ئەدای دامودەزگاکانی دادوەری بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان لەخزمەتی کۆمەڵگادا جێبەجێ بکەن.
لای خۆیەوە دادوەر زەیدان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ بایەخدان بە دامەزراوەی دادوەری و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەشێوەیەک کە خزمەت بەچەسپاندن و جێبەجێکردنی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری بکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 6ـی 2025، لەگەڵ د. مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبوەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردندا کردەوە و پێویستی سودوەرگرتنی لە ماوەکانی دانیشتنی ئێستای ئەنجومەنەکە بە گرنگ زانی بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژە یاساکانی پەیوەست بەداواکاری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەسەندنەکانی روداوە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق و پێویستی پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری کرا.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران د. مەشهەدانی سوپاسگوزاری خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ سەردانی ئەنجومەنەکە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر مەسەلە یاسایی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان و پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا گرنگەکان کە لەقۆناغی تەواوبووندان و ئامادەن بۆ دەنگدان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 6ـی 2025، چاوی بە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کەوت.
لەدیدارەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێکران و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی جەنگ لە ناوچەکە و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە.
هەر لەدیدارەکەدا جەخت لەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کرایەوە بۆ رێگریکردن لەبەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عیراق وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و رەتکردنەوەی هەر پێشێلکاریەک بۆ سەروەری عیراق، هەروەها دووپاتیان لەپێویستی یەک هەڵوێستی هێزه سیاسییەکان و یەکخستنی ریزەکانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی رەوشی ناوچەکە کردەوه .
سەرچاوەیەك رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیارێك لەبارەی موچەوە دەدات و حكومەتی عیراقیش بۆ چارەسەری ناكۆكیەكان موچەی مانگی پێنج دەنێرێت.
سەرچاوەیەك لە حكومەتی عیراقی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هەرچەندە ئەمڕۆ بابەتی موچەی هەرێم لە كارنامەی دادگای فیدراڵیدا نییە، بەڵام بە ئەگەرێكی زۆرەوە دادگای فیدرالی كۆدەبێتەوە و بڕیارێك لەبارەی موچەی موچەخۆرانەوە دەدات.
دەشڵێت، حكومەتی عیراق موچەی مانگی پێنج دەنێرێت وەكو هەنگاوەی یەكەم بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، دواتر هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی تر دەدات.
هاوكات پەیامنێری كورسات نیوز راگەیاند، ئەندامانی دادگای فیدراڵیش گەڕاونەتەوە بەغداد و سەرۆكی دادگاش هەوڵی نزیككردنەوەی لایەنەكان دەدات.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام بدات، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بەزاندنی سەروەری عیراق لەلایەن ئیسرائیلیەوە.
پێشتریش بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای كۆبوونەوەیەكی نائاساییان كردبوو، لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بەكارهێنانی ئاسمان و پێشێلكردنی سەروەری عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە.
باڵیۆزی عیراق لە لوبنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە عیراقییانەی لە لوبنان گیریان خواردبوو دەگەڕێنرێنەوە عیراق.
باڵیۆزی عیراق لە لوبنان باسی لەوەکرد، قسەیان لەگەڵ عوماندا کردووە بۆئەوەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی عیراقی هەڵبگرێت و هاووڵاتیانی عیراقی راستەوخۆ لە لوبنانەوە تەنها بە بڕینی تکتی فڕۆکە بتوانن بچنە عومان.
وتیشی، هاووڵاتیان لە عومانەوە دەتوانن بچنە سەر سنوری عیراق و لەوێشەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەوە هاووڵاتیانی عیراقی کە لە دەرەوەی وڵاتن گیریان خواردووە و بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عیراقەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممه 16ـی 6ـی 2025 لە بەغداد، پێشوازی لە ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لە عیراق کرد.
لەمیانی لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەقوڵی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و میسر کردەوە لەگەڵ پێویستی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندییه هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا بکات و رۆڵی هەبێت لەبرەودان بە هەلی ئاشتی لەناوچەکەدا و ئاماژەشی بەگرنگی هاریکاری و هەماهەنگی لەبارەی پرسە هاوبەشەکانەوە کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی لەیەکخستنی هەوڵ و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ راگرتنی ئەم جەنگە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئایندەی گەلانی دەکات، هاوکات دوپاتیشی له سەرخستن زمانی دیالۆگ و گرتنەبەری رێگاچارەی سیاسی بۆ هه موو کێشه کانی نێوان وڵاتان کردەوه، بەشێوەیەک کەئاشتی ناوچەکەو جیهانی بپارێزێت.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی میسر، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە، و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریشی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەران كۆبونەوەیەكی تایبەت و نائاسایی ئەنجام دەدات، سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بەزاندنی سەروەری عیراق لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان كردبوو، سەبارەت بە هێرشەكانی سەر ئێران و بەكارهێنانی ئاسمان و پێشێلكردنی سەروەری عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدا و پشتگیری عیراقی بۆ هاوکاریی ئێران دەربڕی.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکان و رێگەنەدان بە بەکارهێنانی ئاسمانی عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد.
نوێ دەکرێتەوە..
حزبوڵا داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەرکردنی هێزەکانیان لە عیراق دەکات.
سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی دادگای فیڕاڵی لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە کۆبوونەوە و سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد، گرنگە کە چارەسەری کۆتایی خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد، گرنگە کە بە پشتبەستن بە دەستور و و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی؛ چارەسەری کۆتایی بۆ خەرجکردنی موچەی موچەخۆران و ئەم دۆسیە مرۆییە بکرێت.
لەو بارەیەشەوە سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی جەختی کردووەتەوە لە چارەسەرکردنی قەیرانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەپێی یاسا.
ئەوەشی خستووەتە روو، دادگاکە بەپێی یاسا و دەستور ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات و تیایدا گەرەنتی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەل دەکات و یەکێتی خاکی عیراق دەپارێزێت.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق، داخستنی ئاسمانی عیراقی بەروی گەشتە ئاسمانییەکان تا کاتژمێر 7.00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ درێژکردەوە.
بەپێی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق، ئەم هەڵپەساردنە هەموو گەشتەکانی چوون و هاتن دەگرێتەوە، جگە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە بە رۆژ گەشتەکانی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رۆژی هەینی 13ـی حوزەیران، رایگەیاندبوو کە گەشتە ئاسمانییەکانی عیراق تا کاتژمێر 10.00ـی بەیانیی شەممە بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە، دوای کاتژمێر 10.00ـی بەیانیی شەممە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرا کە ئایا هەڵپەسێردنەکە بەردەوام دەبێت یان هەڵدەگیرێت.
عیراق بەتوندی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەكات و بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان ناوی دەبات.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، هێرشەكانی ئیسرائیل پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكانە و هەڕەشەی جددیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە گەرمەی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێراندا.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەم پێشێلكارییە وەك بینەر نەمێنێتەوە، چونكە سەركۆنەكردن بەس نییە و پێویستە بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی كرداری.
داواشی كرد، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپەلە كۆببێتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێكاری یەكلاكەرەوە و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی هێرشەكان و گەڕاندنەوەی شكۆی سیستمی یاسا نێودەوڵەتییەكان.
عەوادی جەختیشی كردەوە، حكومەتی عیراق پابەندە بە بنەماكانی سەروەری و بەكارنەهێنانی هێز و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە رێكاری ئاشتییانە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 12ـی 6ـی 2025 لە بەغداد لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و ئابووری وڵات و هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو و چۆنیەتی مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەکە تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی سەرجەم عیراقییەکان و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە کەشێکی دیموکراسیدا کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانیان بۆ ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس له پرسه جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرا و رۆڵی عیراق و هەوڵەکانی لە پتەوکردنی بناغەکانی سەقامگیری له ناوچەکەدا هەلسەنگێنرا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک ژنە رۆژنامەنووس و کەسایەتیی هونەری و رۆشنبیریی وڵاتانی عەرەبی و بیانی. ئەم دیدارە لە پەراوێزی بەشداریکردنی میوانان بو لە (14) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میدیای ژنان، کە لەلایەن کۆڕبەندی راگەیاندنی ژنانی عیراقەوە بە سەرۆکایەتی د. نیبراس مەعموری رێکخرابوو.
خانمی یەکەم لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، بە گەرمی بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەشداریکردنیان لە فێستیڤاڵی راگەیاندنی ژنان.
خانمی یەکەم جەختیکردەوە لە گرنگی کاری میدیایی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ و پەرپێدانی رۆڵی ژنان لە بنیادنان و سەرکردایەتیکردن، هەروەها پشتیوانیکردن لە پرۆسەی گەشەپێدان و چەسپاندنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ و بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی.
خانمی یەکەم ئاماژەی بەوەشکرد، پیشەییبونی میدیا هەڵگری پەیامێکی پیشەیی و پڕبەهایی و مرۆیی و نیشتمانین، هەروەها دەبێت متمانە و وردبینی لە گەیاندنی راستییەکان زامن بکەن، دوور لە فشار و لایەنگری و جەمسەرییەت.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە ژنە رۆژنامەنووسەکان کرد راستییەکان سەبارەت بەو پێشهاتە ئەرێنییانەی لە عیراقدا رودەدەن بگەیەنن، جەختیکردەوە لەسەر رۆڵی سەرەکی سۆشیال میدیا و میدیا لە کاریگەری و داڕشتنی هۆشیاری کەلتووری و بەهاکان لە کۆمەڵ.
خانمی یەکەم جەختیکردەوە لە گرنگی پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی ئامانجدار و بنیاتنەر کە پابەند بێت بە ستانداردەکانی میدیای نیشتمانی ئازاد، چەسپاندنی رۆڵی خۆی لە بنیاتنانی هۆشیاری و هاندانی دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان. هاوکات خانمی یەکەم روناکی خستە سەر پێویستی بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئایندەی میدیای ژنان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنی ژنانی عیراق لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ رەگەزی هاوتایان.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەروەها باسی لە پێویستی بەهێزکردنی پیشەییبونی میدیا و رۆژنامەنووسان کرد سەبارەت بە مافی بەدەست هێنانی زانیاری، کە شەفافیەت بەدەست دەهێنێت و رۆڵی چاودێری میدیا لە سەر کاری دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت پەرەپێدەدات، هەروەها بەشدارە لە بەهێزکردنی متمانە بە کاری دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
خانمی یەکەم گفتوگۆی لەگەڵ ئەندامانی وەفدەکە کرد سەبارەت بە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵی تەلەفزیۆنی عەرەبی، کە لە عیراق وەک یەکەم وڵاتی ناوچەیی دەستی بە پەخشی تەلەفزیۆنی کرد.
وەفدەکە ستایشی پێشهاتە ئەرێنییەکانی ئاستە جیاجیاکانی عیراقیان کرد و هەروەها چەند ئەندامێکی وەفدەکە بانگهێشتنامەیەکیان ئاراستەی خانمی یەکەم کرد بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی مۆزەخانەی گەورە لە میسر، ویستی خۆیان بۆ سەردانی سلێمانی و بینینی شوێنەوارەکانی ئەم شارە خەباتکارە دەربڕی.
خانمی یەکەم پێزانینی خۆی بۆ ئەو بانگهێشتە دەربڕی و بەخێرهاتنی کردن بۆ سلێمانی و رونی کردەوە کە لە قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا گەشتی زیاتر لە وڵاتێکی کردووە و هەرکاتێک لە وڵاتانی عەرەبی بووبێت هەستی بەوە کردووە لە عیراقدایە.
وەزارەتی دارایی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە 500 ملیار دیناری دیکەی بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی 2025 تەرخانکرد
بەپێی ئەم راگەیەندراوە، ئەم بڕیارە بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و رێنماییەکانی وەزیری دارایی، لەلایەن بەشی ژمێریاری وەزارەتەکەوە جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پابەندبوون بە پشتگیری کردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی خولی دارایی دێت کە جێگیری باروودۆخی جوتیاران دەبێتە مەسەلە و هانیان دەدات بۆ بەردەوامی لە چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.