د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی شێخ بەشیر نجفی دەکات بەهۆی کۆچی دوایی براکەی و دەڵێت، لە خوای گەورە داواکارین کە کۆچکردوو بخاتە بەر رەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.
دەقی پرسەنامەکە...
پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بەڕێز مەرجەعی ئاینی شێخ بەشیر نجفی دەکەین بەبۆنەی کۆچیدوایی براکەی زانای بەئەمەک شێخ نەزیر حوسێن خوا لێخۆشبێت کە ژیانی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتی زانست و گەلەکەی و هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ئاینی و چاکسازی
لە خوای گەورە داواکارین کە کۆچکردوو بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و ئارامی و سەبوری بە کەسوکار و خۆشەویستانی ببەخشێت.
إنا لله وإنا اليه راجعون
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
22-10-2025
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانی حسێن ئیسماعیل سەدری کرد لە بارەگاکەی لە شاری کازمیە.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق کرایەوە.
سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، عیراق خاوەنی ئەو پێکهاتە ئایینی و مرۆییانەیە کە وای لێدەکات ببێتە نموونەیەک لە برایەتی و فرەییدا، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەکگرتنی هەمووان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
لای خۆیەوە، حسێن ئیسماعیل سەدر ستایشی سەردانی سەرۆک کۆماری کرد و گرنگیدانی بە پەیوەندی لەگەڵ سیمبولە ئایینی و نیشتمانییەکان بەرز نرخاند، هەروەها رۆڵی د.لەتیف رەشیدی لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆکردنەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و گرنگیدانی بە رێزگرتن لە دەستوور و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان و ئاراستەکردنی وتارێکی نیشتمانی گشتگیر بەرز نرخاند.
بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە هۆڵی شەهید ئەلحەکیم لە زانکۆی بەغداد، چالاکیەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم بەڕێوەچوو لەژێر ناوی "ژن و بڕیاردان: پشتگیری و سەرکردایەتی و کاریگەریی، بەدروشمی بەهوشیاری و دەنگی خۆی بڕیاردەدا و نیشتمان بنیات دەنێت".
لەمیانی وتەیەکیدا خانمی یەکەمی عیراق خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە دوای تێپەڕبوونی 50 ساڵ هاتووەتەوە زانکۆی بەغداد، کە بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات لەو زانکۆیەدا کە باوکی و سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی تێیدا خوێندویانە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گرنگی کۆنگرەکەشی دووپاتکردەوە و بەرەنگدانەوەی باوەڕی قوڵی وەسفکرد بەوەی ژنان رۆڵی گرنگیان هەیە لە بنیاتی نیشتمان، بەوپێیەی پشتگیری ژنان تەنیا بژاردە نییە بەڵکو بنەمای پێشکەوتن و دادپەروەرییە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی عیراق بەرگەی شەڕ و قەیرانەکانیان گرت و بەهێزمانەوە و متمانەیان بەرۆلی میحوەری خۆیان هەبوو وەک بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە، کە نمونەیەکی پێشەنگیان پێشکەش کرد لە لێهاتوویی و باوەڕبوون بەتوانای گۆڕانکاری.
سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند دەبێت دووبارە داوا بکەین کە ژنان بەشدارییەکی کارای تێدا بکەن نەک تەنیا لەکاندید بوون بەڵکو لەبەجێگەیاندنی مافی دەنگدان بۆ زامنکردنی ئامادەبوونێکی راستەقینە و کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیدا. چونکە دەنگی ژن دەنگی دادپەروەرییە، بناغەی پەرەپێدان و یەکسانییە لە بڕیاردان.
لەو کۆنگرەیەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەکەسایەتی رەسمیی و ئەکادیمی ئامادەبوون لەنێویاندا هەناء عەمانوێل بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژنان لە سەرۆکایەتی کۆمار و د. ئەسمار شطری راگری کۆلێژی پەروەردە بۆ کچان و بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ژنان.
لەمیانی گفتوگۆکاندا، ئەوە دووپاتکرایەوە کە کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم هەنگاوێکی ئاسایی نییە بەڵکو پرۆژەیەکی دوور مەودایە لەکاروانی پەرەپێدان و بنیاتنانی دەوڵەتدا، هەروەک داواش کرا کەبەرنامەی نوێی حکومەت، گرنگی بداتە ژنانی سەرکردە و پشتیوانیکردنیان بۆ بڕیاردان کەمتمانەبەخۆبونی ژنان زیاتر دەکات.
لەکۆتاییشدا، راگری کۆلێژی پەروەردە بۆ کچان رێزلێنانی بەخشییە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەپای رۆڵ و هەوڵەکانی بۆ پشتیوانی ژنانی عیراق، دواتریش خانمی یەکەمی عیراق ژمارەیەک کەسایەتی دیاری ژنانی خەڵات کرد.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، نامەیەکی سوپاسگوزاریی لە دکتۆر حەنان حوسێن بەلخی، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت.
لە نامەکەیدا، دکتۆر بەلخی ستایشی دیدگای سەرۆک کۆماری کردووە سەبارەت بە پێشخستنی ئاسایشی تەندروستیی نیشتمانی و بنیاتنانی سیستمێکی تەندروستیی خۆڕاگر بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەردانەکەی بۆ عیراق دەرفەتێکی گرنگی رەخساندووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پتەوکردنی هاوکاریی نێوان عیراق و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.
لەکۆتاییدا، دکتۆر بەلخی پابەندبوونی تەواوی رێکخراوەکەی بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عیراق لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە وڵاتدا دووپاتکردەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران و عیراق بەردەوامن لە هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ دۆزینەوەی روفاتی زیاتر لە 52 هەزار سەربازی هەردوو وڵات، کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە لەدوای جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان لە ساڵانی هەشتاکاندا.
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، تا ئێستا تەنها روفاتی نزیکەی پێنج هەزار کەس لە کۆی گشتیی ونبووان ناسراوەتەوە و پرۆسەی گەڕان و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.
هەیبە عەدنان، وتەبێژی لیژنەکە رایگەیاند: "پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی روفاتەکان لەنێوان عیراق و ئێراندا بەپێی میکانیزمێکی سێقۆڵی بەڕێوەدەچێت کە لە ساڵی2008 بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە جنێڤ دامەزراوە. لیژنەی نێودەوڵەتی کارئاسانی بۆ ئەم پرۆسانە دەکات بە ئامانجی دیاریکردنی ناسنامەی ونبووان و گەڕاندنەوەی روفاتەکانیان بۆ خێزانەکانیان."
وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆپەراسیۆنی گەڕانی مەیدانی ئەنجام دەدەن و ناوبەناو روفاتی مرۆیی دەدۆزرێنەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ قوربانیانی جەنگ.
وتەبێژەکەی خاچی سور ئاشکرایکرد، دوایین پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردن لە5ی ئەم مانگەدا (تشرینی یەکەم) ئەنجامدرا، کە تێیدا روفاتی70سەربازی عیراقی و 48سەربازی ئێرانی رادەستکرانەوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان و تەواوکردنی هەموو رێکارە پێویستەکان. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2010ەوە، لیژنەی نێودەوڵەتی کارئاسانی بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتر لە 5300 روفات لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردووە.
هەیبە عەدنان ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمەکانی گەڕان روبەروی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، لەوانە:
زۆرێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەونە ناوچە دوورەدەستەکان یان ناوچەی پیسبوو بە پاشماوەی جەنگی، کە گەیشتن پێیان مەترسیدار دەکات.
هۆکارە ژینگەییەکان و گۆڕانی شێوەی زەوی بە تێپەڕبوونی کات، پرۆسەی ناسینەوەی ناسنامەکان قورس دەکات.
نەبوونی بنکەیەکی داتای ناوەندیی یەکگرتوو و سەختیی بەراوردکردنی زانیارییەکان لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتدا.
لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی رێککەوتنە بازرگانیەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن تاوتوێکرا و مارکۆ رۆبیۆ جەختی لە چەک داماڵینی میلیشیا چەکدارەکانی عیراق کردوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفون لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی قسەی کردوە و لە گفتوگۆکانیاندا، باسیان لە رێککەوتنە بازرگانییەکان و سەروەری عیراق کردوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە چەکداماڵینی میلیشیا شیعەکان کردوەتەوە و رایگەیاندوە مەترسین بۆ سەر سەروەری عیراق و سەقامگیری تێکدەدەن.
تێکدەدەن.
ناوبرا وتویەتی، ئەو میلیشیایانە مەترسیدارن و هەڕەشەن لە سەر ژیان و کاروباری ئەمریکییەکان و عێراقییەکان و سەرچاوەکانی عێراق تاڵان دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، دەستگیرکردنی پێنج کەسی بە تۆمەتی کوشتنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدادو كاندیدی هاوپەیمانی سیادە راگەیاند و دەڵێت؛ دوای تەواو بونیی لێکۆڵینەوەکان، رایگشتی لەسەر وردەکارییەکان ئاگادار دەکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، توانیویانە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێكی وردیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد، کە لە قەزای تارمییە لە باکوری بەغداد كوژرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیان خستوەتەڕوو، ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمانی دادوەر ئەنجامدراوە، دوای هەوڵە هەواڵگریی و مەیدانییە چڕەکان و توانراوە شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بکرێت و دەستگیریان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ تائیستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لەگەڵ تەواوبوونی رێکارە پێویستەکان، وردەکارییەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
بەرەبەیانی چوارشەممەی رابردوو، لە ناوجەی تارمییە لە باکوری ىەغداد، بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی یەکێک لە کاندیدەکان بەناوی سەفا مەشهەدانەی بۆ پەرلەمانی عێراق تەقییەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و ئەو روداوە کاردانەوەی ناوخۆیی لە عیراق لێکەوتەوە.

لە دیدارێکدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدا و رایگەیاند؛ ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵاممان توندتر دەبێت لە شەڕی 12 رۆژە و ژیانی دوژمنانمان دەکەینە دۆزەخ.
سەرلەشکر پاکپوور ئاماژەی بەوەشکرد، لە "جەنگی 12 رۆژە"دا توانیویانە بەسەر سیستمی بەرگریی موشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکادا زاڵ بن.
هاوکات داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێکهێنانی لیژنەی مەیدانیی کرد بۆ چاودێریکردنی ناوچە سنورییەکان.
لە بەرامبەردا، قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایشی ئێران، ئاسایشی عیراقە" و رێگە نادەن خاکی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە پشتڕاستکردەوە.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رەوشی دارایی و ئابووری عیراق لە باشترین ئاستیدایە و کێشەی نەوتی هەرێمیان چارەسەرکردوە، ئاماژەی بەوەشکردوە؛ كێشەی داهاتی نا نەوتیی لەگەڵ هەرێم كاریگەری لەسەر بەردەوامی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنوس کۆبوەوە و رایگەیاند رەوشی دارایی و ئابووری عیراق لە باشترین ئاستیدایە، گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەش لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامە.
لەسەر پرسی موچەخۆرانی هەرێمیش سودانی جەختیکردوەتەوە لەوەی کێشەی نەوتی هەرێمیان دوای ساڵانێکی زۆر چارەسەرکردوە.
باسی پرسی موچەی موچەخۆرانیش کردوە و رایگەیاندووە؛ بە دوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە و دڵنیایشیداوە کە ئەم بابەتە كاریگەری لەسەر بەردەوامی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران نابێت.
ئەم لێدوانانەی سودانی لە کاتێکدایە، ئەمرۆ وەزارەتی دارایی عیراق، رایگەیاند دەستیانکردوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی دەی فەرمانبەرانی عیراق و لەبەرانبەردا تا ئێستا موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە.
بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی عیراقەوە، سەرۆکی عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی جەزائیر پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری عیراق دەکات و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە قووڵی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی عیراق و جەزائی، هەروەها هیوای بەردەوامی خواست بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
خاوەنی فەخامەت
عەبدولەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆماری عێراقی برا
فەخامەتی سەرۆک و برای بەڕێزم
بەبۆنەی یادی نیشتمانی کۆماری عێراقی برا، مایەی خۆشحاڵیمە کە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان پێشکەش بکەم، و هیوای تەندروستی باش و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم، و بۆ گەلی عێراقی براش پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر، لە سایەی ئاسایش و سەقامگیریدا.
لەم بۆنەیەدا خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین بە قووڵی ئەو پەیوەندییە مێژووییانەی کە هەردوو وڵات و گەلەکەمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە لەسەر بنەمای پتەوی ڕێزی دوولایەنە و برایەتی دامەزراوە، جەخت لەسەر ویستی بەردەواممان دەکەینەوە بۆ کارکردن پێکەوە بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، و دۆزینەوەی دەرفەتەکانی هاوبەشی و هاوکاری کە هەردوو وڵاتی برامان دەوڵەمەندن پێیان.
فەخامەتی سەرۆک و برای بەڕێزم، بەرزترین دەربڕینی ڕێز و پێزانینم قبوڵ بفەرموون.
عەبدولمەجید تەبون
بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی سەربەخۆیی عیراقەوە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق نامەیەکی پیرۆزبای لە تەمیم کوڕی حەمەد ئال، میری قەتەرەوە پێگەیشت و میری قەتەر هیوای تەندرستییەکی باش بۆ سەرۆک کۆمار و پێشکەوتنی زیاتری بۆ عیراق خواستووە
ئەمەی خوارەوە دەقی بروسکەکەیە:
"سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید".
سەرۆک کۆماری عێراقی برا
بەغداد
سڵاو و سەلامی خودای گەورەتان لێ بێت.
خۆشحاڵم کە بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژی سەربەخۆیی کۆماری عێراق لە ڕێگەی ئێوەشەوە بۆ گەلی عێراق، بەناوی گەلی دەوڵەتی قەتەر و بەناوی خۆمەوە پیرۆزبایی خۆمتان پێ بگەیەنم، هاوکات هیوای تەندروستی بەردەوام بۆ بەڕێزتان ، پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەردەوامیش بۆ وڵاتی برا بخوازم بەو ئومێدەی پەیوەندیی برایەتیی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام بێت لە گەشەکردن .
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزی بێ پایانم،
برات
لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوای ژمارە '٢٨١' بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بە یاوەری ئاراس محەمەد ئاغا سەرۆکی هاوپەیمانی یەکێتی خەڵکی نەینەوا سەردانی ژمارەیەك کەسایەتی نەینەوایان کرد.
لە میانی سەردانەکاندا سەردانی هەریەک لە شێخ عامر مرعز حديدی سەرۆکی لیستی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و شێخ جەوهەر ئاغا هەرکی و رافع سالم سەرۆکی حزبی رەفعەی نیشتیمانی کرد.
لە سەردانەکاندا وەفدی یەکێتی سوپاسی پاڵپشتی و پشتیوانی ئەو کەسایەتیانەی کرد، کە بۆ لیستی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و هیوایان خواست رۆڵی کاریگەر ببینن لە سەرخستنی کاندیدانی یەکێتی و خزمەتکردنی خەڵکی موسڵ بەبێ جیاوازی .
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی و عەرەبی لە عیراق 102 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، هاووڵاتیانی ناوەڕاستی عیراق قوربانی دەستی تیرۆرن و قوربانیان داوە و رۆڵیشیان هەبووە لە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا.
وتیشی، بەهۆی ئارامی و سەقامگیری عیراق، وەبەرهێنانی بیانی و عەرەبی لە عیراق 102 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و كۆمپانیا بیانییەكان توانیویانە زیاتر لە 500 هەزار هەلی كار بۆ گەنجانی عیراق بڕەخسێنن.
دەشڵێت، عیراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رەخساندنی كەشی وەبەرهێنان و ناكرێت تەنها پشت بە داهاتی نەوتی ببەسترێت، چونكە دەتوانرێت داهاتی كەرتەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پیشەسازیی زیاد بكرێت.
سودانی هیواخوازە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتووانە و بەبێ كێشە بەڕێوەبچێت، جەختیشیكردەوە، گرنگە پاڵپشتی یاسا و دامەزراوەكانی دەوڵەت بكرێت.
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، پلانیان هەیە تا ساڵی 2028 هەناردەی غازی هاوەڵ بۆ بازاڕە جیهانییەكان بەرزبكەنەوە بۆ 8 هەزار تۆنی رۆژانە.
خالید بەتایینە، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای غازی بەسڕە سەر بە وەزارەتی نەوت رایگەیاند، لە كێڵگە نەوتییەكانی " رومێلە و رۆژئاوای قورنەی 1 و زوبێر" كۆكردنەوەی غازی هاوەڵ و بەكارهێنانەوەی گەیشتووەتە زیاتر لە ٪80، سودی لێ وەردەگیرێت بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و غازی شل و و پیشەسازیی.
ئەوەشی خستەڕوو، عیراق لە ساڵی 2016ـەوە گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە غازی شل، پلانیش هەیە تاكو ساڵی 2028 بەهەدەردانی غازی هاوەڵ بۆ لە ٪0 كەمبكرێتەوە و هاوكات هەناردەی ئەو غازەش بۆ بازاڕەكانی جیهان بگەیەنرێتە هەشت هەزار تۆن لە رۆژێكدا.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای غازی بەسڕە ئاماژەی بەوەشدا، لە بەسڕە بەرهەمهێنانی غازی شل لە رۆژێكدا گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار مەتر پێ سێجا، ئەو بڕە غازەش لەلایەن وێستگەكانی كارەباوە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی نزیكەی چوار هەزار مێگاوات كارەبا، كە پێداویستی نزیكەی چوار ملیۆن ماڵ لە باشوری عیراق دابین دەكات.
بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عیراق سەرکی وڵاتانی جیهان و ناوچيکە پەیامی پیرۆزبایی و پەتوەکردنی پەیوەندییەکانیان ئاراستەی د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی عیراق لە پەیامێکی پیرۆزبایدا، بەو بۆنەیەوە کارل گوستاف پاشای وڵاتی سوید پیرۆزبای لە د.لەتیف رەشید دەکات و هیوای بەردەوامی ئاشتی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عیراق دەخوازێت.
لی جەی میونگ، سەرۆک کۆماری کۆریای باشوریش پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی د. لەتیف رەشید کردوە و پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی متمانە و هاوکاری لەگەڵ عێراق دەربڕیوە.
جەختیکردوەتەوە لەسەر خواستی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی بەردەوام و سەرکەوتوو و هیوای بەردەوامی تەندروستی و سەرکەوتنی بۆ سەرۆک کۆمار و ئاشتی و بەختەوەری بۆ گەلی عێراق خواستوە.
لە یەکێکی دیکە لە پیرۆزباییەکان، کە لەلایەن هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومانوە ئاراستەی د، لەتیف رەشیدا سەرۆک کۆماری عێراق کراوە، سوڵتانی عومان، وێرای پیرۆزبایی بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عیراق هوای بەردەوامی پێشکەوتن و سەقامگیری بۆ گەلی عێراق خواستووە.
لە پەیامێکی پیرۆزبایدا، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر پیرۆزبایی لە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دەکات بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عیراقەوە و جەختیشی لە پەیوەندی بەهێزی و مێژووی نێوان میسر و عیراق کردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە سورن لەسەر زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان نێوانیان.
لەپەیامەکەی سەرۆک کۆماری میسردا ئەوەش هاتووە؛ هیوای تەندروستی زۆر باش بۆ سەرۆک کۆماری عیراق خواستووە لەگەڵ سەقامگیری زیاتر و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلی عیراق.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری سوریا
سەرۆک کۆمار پەیامێکی پیرۆزبایی لە هاوتا میسرییەکەیەوە بەبۆنەی یادی جەژنی نیشتمانییەوە پێدەگات.
بەڕێز سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید پەیامێکی پیرۆزبایی لە بەڕێز عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی بەبۆنەی یادی جەژنی نیشتمانییەوە پێگەیشت، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
برای بەڕێز سەرۆک د.لەتیف جەمال ڕەشید
خۆشحاڵم کە بە بۆنەی یادی جەژنی نیشتمانییەوە، جوانترین پیرۆزبایی و باشترین هیوای برایانە ئاڕاستەی بەڕێزتان و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بۆ گەلی برای عێراق بنێرم.
ئەم بۆنە خۆشە دەقۆزمەوە بۆ ستایشکردنی پەیوەندییە مێژووییە بەهێز و پتەوەکانی نێوان میسر و عێراق، دووپاتیدەکەمەوە کە هەمیشە سوورین لەسەر پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان و پەرەپێدانیان لە زۆر بواردا، بە شێوەیەک کە سوود بە هەردوو وڵات و گەلی برا بگەیەنێت.
برای ئەزیزم، هیوای تەندروستییەکی باش و بەختەوەرییەکی زۆر و سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم، هەروەها بۆ گەلی عیراقیش پەرەپێدانی زیاتر لە سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
لەگەڵ ڕێز و پێزانینی برایانەی بێ پایانم
عەبدولفەتاح سیسی
سەرۆک کۆماری میسر