فەریق روکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکەوتنی ئەو پلانە ئەمنییەی راگەیاند کە بۆ شەشەمین خولی هەڵبژاردنی یاسادانان لە عیراق ئامادەکرابوو
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد رایگەیاند: "پلانی ئەمساڵی هەڵبژاردن لە زۆر رووەوە جیاواز بوو، راپۆرتی نێردە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە جیهانییەکانیش ئەوەیان سەلماند کە هیچ قەدەغەیەکی هاتوچۆ بوونی نەبوو."
روونیشیکردەوە، پلانەکە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە سەرتاسەری عیراقدا کردووە و ئەمساڵ هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەبووە. وتیشی: "لیژنەی ئەمنی سوودی لە ئەزموونەکانی رابردوو وەرگرتووە و لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە دەستیکردووە بە کارکردن."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان وتیشی: "لەبەردەم هەموو عیراقییەکاندا سەرکەوتنی پلانی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنین، سیتکی یادگەکان (عصا الذاکرە) بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە نوسینگەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان."
فەریق روکن محەمەداوی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان لە هەموو لایەنەکان بە یەک مەودا وەستابوون و هەڵبژاردنی ئەمساڵ شتێکی جیاواز و گرنگی تۆمارکرد. وتیشی: "134حاڵەتی سەرپێچی هەڵبژاردنمان تۆمارکردووە نەک پێشێلکاری، کە پەیوەست بوون بە بانگەشەکردن یان فشارخستنە سەر دەنگدەران لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان."
پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە رۆژانی 9 و11ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکانی عیراق کرد "بە زووترین کات و بە شێوەیەکی ئاشتیانە" حکومەتی داهاتووی فیدراڵی پێکبهێنن.
ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس "پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی ئارام و رێکخراو دەکات و متمانەی هەیە لایەنە سیاسییەکان بە گیانی ئاشتی و رێزگرتن لە پرۆسەکە دەمێننەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان."
گۆتێرێس جەختیشی لە پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی عیراق لە رێڕەوی دیموکراسی و بەدیهێنانی خواستەکانی.
كۆمیسیۆن ئاماری بەرایی و رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیانی لە دەنگدانی گشتیدا ئاشكراكرد.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق راگەیەنراوێكی لەبارەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد، دوای جیاكردنەوەی نزیكەی ٪99.7ی دەنگی سەرجەم بنكەكانی دەنگدان لە عیراق، دەركەوتووە لەكۆی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس كە لە دەنگدانی گشتیدا مافی دەنگدانیان هەبووە، 10 ملیۆن و 898 هەزار و 327 كەس دەنگیان داوە، بەو شێوەیەش رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی گشتیدا لە عیراق ٪54 بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە دەنگدانی تایبەتدا ملیۆنێك و 84 هەزار و 289 كەس لەكۆی ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە بەشداریان كردووە، بەو پێیەش رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەتدا ٪82.6 بووە.
سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامێكدا پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاووڵاتیان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات.
د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پابەندبوونی گەلی عیراق بە بژاردەی ئاشتییانە دووپاتدەكاتەوە بۆ داڕشتنەوەی حكومڕانیی.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت و بە رۆحی نیشتمانپەروەریی و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵا، كار بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتێك بكرێت كە رەنگدانەوەی ئیرادەی راستەقینەی هاووڵاتییان بێت و كاربكات بۆ دابینكردنی پێداویستی و داواكارییەكانیان لە ژیانێكی شایستە و ئارام و سەقامگیردا.
سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو لایەنانەش كردووە كە بەشدارییانكردووە لە رێكخستن و سەرخستنی هەڵبژاردن، هیوای سەركەوتنیش بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكەدا دەخوازێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەچوو و هیچ پێشێلکارییەکی هونەری لە کارەکانی کۆمیسیۆندا تۆمار نەکراوە.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی و وەزارەتە ئەمنییەکاندا هەبووە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی ئارامیی زانیارییەکان.
وتەبێژی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دەستکراوە بە ژماردنی دەستیی دەنگەکان و بەراوردکردنی لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لە رێگەی ئامێرەکانەوە بەدەستهاتوون.
دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆتاییهات و سندوقەکانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی داخران.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز و ئامارە ناڕەسمییەکان، لە خوێندنگەی 11 ی ئادار لە کەرکوک 2364 کەس دەنگی دا لە کۆی 3380 کەس کە ئەمەش دەکاتە رێژەی 61%ـی دەنگدەران.
هاوکات لە بنکەی بیتوێنی بنەڕەتی لەڕانیە لەکۆی 2813 دەنگ 1707کەس دەنگیداوە بە رێژەی دەنگدان ٪60ـی دەنگدەران.
هەروەها ئەنجامی کۆتایی بنکەی گەرمیان 2211 دەنگدەر لە کۆی 3517 کەس دەنگیان داوە.
لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
هاوکات رۆژی یەکشەممە، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، کە رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت 82.48% بووە.
کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عیراق 329 کورسییە و لەو ژمارەیە 46 کورسیان بۆ پارێزگاکانی هەرێمە، ئەوەش جگە لە کورسییەکانی ناوچە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ئامادەیی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگیدا و لە پەیامێکیشیدا بۆ خەڵکی هەرێم و عیراق رایگەیاند بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بەو لایەنەی دەتوانێت زیاتر لە 222 کێشەتان بۆ چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا، سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی بەشداری پرۆسەکەی کرد و پەیامێکیشی ئاراستەی خەڵک کرد.
لە دوای دەنگدان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی خەڵک کرد و رایگەیاند بە ویژدانەوە دەنگ بدەن و دەنگیش بە لایەنێک بدەن کە دەتوانێت زیاتر لە 222 کێشە چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ رۆژێکی جیاواز و گرنگە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و عیراقییەکان لە کاتژمێر حەوتی بەیانیەوە دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عیراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێکرد، لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە 20 ملیۆن و 63 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە و پرۆسەکە کاتژمێر شەشی ئێوارە تەواو دەبێت و بە گوێرەی زانیاریەکانی کۆمیسیۆن، دوای 24 سەعات ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەندرێت.
لە پرۆسەکەدا بەکۆی گشتی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی زیاتر لە 21 ملیۆن و 400 هەزر کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ هەشت هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگە لە تەواوی عیراق و هەرێم ئامادەکراون بۆ پرۆسەکە.
لە هەرێمی کوردستان کە بە دەنگدانی تایبەت و گشتی رێژەی ٪14.3ـیی دەنگدانی عیراق پێکدەهێنت، کێبڕکێکە لەسەر 42 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانە و دەنگدەرانیش بەمشێوازە دابەشبون بەسەر هەرسێ بازنەکەدا؛
لە سلێمانی +( هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین) ملیۆنێک و 210 هەزار و 658 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە هەولێر ملیۆنێک و 87 هەزار و 880 کەس مافی دەنگدانی هەیە.
لە دهۆک 778 هەزار و 846 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەمڕۆ هاووڵاتییان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بۆ چوار ساڵ نوێنەری خۆیان بۆ خولی شەشەمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵدەبژێرن و بڕیارە پڕۆسەکە کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی بێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی تایبەت بەچاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، بەسەرۆکایەتی خاتوو تامالا لۆنگبێرگەر و شاندی یاوەری، کە ژمارەیەک کەسایەتی دیار و پسپۆرانی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی پەیوەندیدار بەکاروباری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لە میانی دیدارەکەدا جەختیان لە بەڕیوەجونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و شەفاف کرد، بە جۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو لایەکدا بێت
لە میانی دیدارەکەدا، کە شارەزایانی سیاسی و یاسایی و هەڵبژاردن و نوێنەرانی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی تایبەتمەند بەپشتگیریکردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردن وگەشەپێدانی دیموکراسی لەخۆگرتبوو، باسیان لەرێگاکانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان ئۆرگان و دامەزراوە عیراقییەکان و هاوتا نێودەوڵەتییەکانیان کرد کە پەیوەندییان بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەوە هەیە، لەگەڵ چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت و بەرەوپێشبردنی کلتووری بەشداریکردن و دەستەبەرکردنی بەرزترین ستانداردەکانی بێگەردی و شەفافیەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا.
سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی بەدابینکردنی هەموو پێداویستییە پێویستەکان بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپاتکردەوە، بۆ ئەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی بتوانن بەئازادی و سەربەخۆ ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، هاوکات ڕۆڵی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەپاڵپشتیکردنی پرۆسەی دیموکراسی وبەهێزکردنی متمانە بە هەڵبژاردنەکانی بەرز نرخاند و بەپەرەپێدانی متمانەی نیشتمانیی ناوبرد، کەڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلە.
سەرۆک کۆمار روونیکردەوە، ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی عیراق ئەمڕۆ پێوەی بەهرەمەندە، بەرهەمی هەوڵە نیشتمانییە هاوئاهەنگەکان و ئیرادەی جەماوەرییە، هەروەها نوێنەرایەتی و دەستپێکی بنەڕەتییە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەمەلایەنە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەقامگیرییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە، یارمەتیدەر بووە لەدروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ پێشخستنی کەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هاوکات بەشداری کردووە لەچەسپاندنی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی عیراق و ڕۆڵی کارای عیراق لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبووە، هەروەها ئاسۆی فراوانی بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبوارەکانی گەشەپێدان و چاکسازی دامەزراوەیی کردۆتەوە.
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی شاندەکە، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پەرۆشیان بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانیان وهاوکات پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن، بە شێوەیەک کە هاوکاربێت لە سەرکەوتنی ئەم بۆنە گرنگە نیشتمانییە.
لە میانی وتارێکیدا بەبۆنەی بەرێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، د. لەتیف رەشید رایگەیاند؛ بەشداری کاریگەر و بەرفراوان لەهەڵبژاردنەکاندا تاکە رێگەیە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی لایەنە نێگەتیڤەکان و پەرەپێدانی سیستمی سیاسی.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و گرنگ وەستاون، لەسەر رێگای بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن، گەلی عیراق سەلماندویەتی کە شایستەی درێژەدانن بە دەستکەوتە شارستانییەکان و مۆدێلی دێموکراسیان لە پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا پێشکەش کردووە.
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییە و ئەوان لە سەرۆکایەتی کۆمار کاریان کردووە بۆ پشتیوانیکردنی هەموو لایەنەکانی بەشدار لە جێبەجێکردنی مافەکانی هەڵبژاردن.
هەروەها داواشیکرد لە هەموو دەنگدەران کە واقیعبینانە و راستگۆیانە بیر لە کاندیدەکان بکەنەوە بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عیراق.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە کار دەکەن بۆ پشتیوانیکردن له پەرلەمانی عیراقی دهاتوو بۆ دەرکردنی یاسای گرنگ که مادەکانی دەستوور چالاک بکات بۆ تەواوکردنی بنیاتنانی دەستووری دەوڵەت.
ئەمەش لە کاتێکدایە بریارە سبەینێ کاتژمێر حەوت دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە هەرێم وعیراق بەرێوەبچێت و زیاتر لە 20 ملیۆن و 63 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
"بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
گەلی عیراقی خۆشەویست
خوشک و برایانی هاووڵاتیانم
سڵاوتان لێبێت و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت.
ئەمڕۆ لەسەر دەروازەی قۆناغێکی نوێ و گرنگین لە ڕێگامان بۆ دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان لە وڵاتەکەماندا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە ، بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆمان بە ژیانی سیاسی دەستووری و دیموکراسی و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دووپات بکەینەوە.
گەلەکەمان سەلماندوویەتی کە شایستەی بەردەوامیدانە لە دەستکەوتە شارستانییەکانی و نموونەیەکی دیموکراسی پێشکەش کردووە لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە و ئاراستە جیاوازەکانی لەگەڵ پاراستنی مافی جیاوازی و ناڕەزایەتی و ئازادی ڕا دەربڕین.
بەشدارییەکی کارا و بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا تاکە ڕێگامانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی لایەنە نەرێنییەکان و پەرەپێدانی سیستەمی سیاسیمان و ڕێگریکردن لە دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا و دەنگدانی بەرفراوانی گەل و ڕێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕێڕەوی دەستووریی پرۆسەی دیموکراسی گەورەترین بەڵگەیە لەسەر خواستی گەلەکەمان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و ئازادی.
گەلی خۆشەویستمان
دەبێت هەمیشە ئەو قوربانییە گەورانەمان بیر بێت کە پێشکەشمان کردوون بۆ دامەزراندن و پاراستنی سیستەمی دیموکراسی بەتایبەتی شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە جۆرەها دەزگا و دامەزراوەکانیانەوە هەروەها قوربانییانی مەدەنی لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا تاوەکو توانیمان بەسەر تیرۆردا سەربکەوین و شکۆی بشکێنین و لە توندڕەوی و بانگەشەکارانی ڕزگارمان بێت کە بوونەتە نامۆ و دابڕاو.
هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییەو ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار کارمان کردووە لەسەر پشتگیریکردنی هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە جێبەجێکردنی شایستەیی هەڵبژاردن و سوور بووین لەسەر هەوڵدان بۆ دڵنیابوون لە کەشوهەوایەکی پێشبڕکێکارانەی بێگەرد و دادپەروەر.
داوا لە هەموو دەنگدەران دەکەین کە بە واقیعی و ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە سەیری پرۆسەکە بکەن لە کاتێکدا کاندیدەکانی ئەندامێتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن کە چاودێری پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی دەبن.
کار دەکەین بۆ پشتگیریکردنی پەرلەمانی داهاتوو بۆ دەرکردنی یاسا گرنگەکان ،بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە ماددە دەستوورییەکان کارا دەکەن بۆ تەواوکردنی بنیادنانی دامەزراوەیی دەوڵەت و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێی بەهێز و کارا بۆ وەڵامدانەوەی ئاواتەکانی هاووڵاتیان لە ئاسایش و دادپەری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق و بنیادنانی پەیوەندییەکی جێگیر و دەستووری لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان.
هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتی کارا و پێکهێنانی حکومەتێکی سەرکەوتوو و سوپاسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین بۆ هەوڵەکانیان لە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.
هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانمان دەکەین، بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، و هەموو لایەنە پشتیوانەکان لە سەرکەوتنی ئەم شایستە نیشتمانییەدا.
خودا عێراق و گەلەکەی بپارێزێت
کۆمیسیۆن ئاشکرایکرد، جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان هاوشێوەی ئەنجامە ئەلکیترۆنییەکانە و هیچ جیاوازییەکی نییە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت بەسەرکەوتووی کۆتاییهات و جیاکردنەوەکەش هیچ جیاوزییەکی نەبووە لە نێوان ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستی.
وتیشی، دوای دڵنیابوونەوە لە ئەنجامەکان، نوسراوێکی ئەنجامەکان رادەستی نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیەکان کراوە و پڕۆسەکە زۆر بە وردی و دروستی بەرێوەچووە.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا تەنها چوار سکاڵا تۆمارکراون.
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی دەنگدانی تایبەت، یەکێتیی لە بازنەکانی سلێمانی و کەرکوک زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لە هەولێریش رێژەی دەنگەکانی بەرزکردووەتەوە.
ئاماری دەنگەکانی یەکێتی لە سێ بازنە سەرەکییەکەدا بەم شێوەیە:
لە بازنەی سلێمانی: یەکێتی (40,176) دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە رێژەی (%75.95)ی کۆی دەنگەکان.
لە بازنەی کەرکوک: یەکێتی (1,597) دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە رێژەی (%62.95)ی کۆی دەنگەکان.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بەبۆنەی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەت و جەختی کردەوە کە ئەرکی نیشتمانییان پاراستنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیرە بۆ هەڵبژاردنەکان.
سودانی لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی "ئێکس" بڵاویکردەوە، ڕوو لە هێزە ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت، "ئەرکی نیشتمانیمان پابەندمان دەکات بە دابینکردنی ژینگەیەکی هەڵبژاردنی ئارام و سەقامگیر، و پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر پێشێلکاری و کاریگەرییەک."
سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ هەیە، "بەرهەمی وشیاری و پابەندبوون و قوربانیدانی ئێوەیە."
داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە رۆژی هەڵبژاردن بکەنە رۆژێک کە "وشیاریی کارمەندانی ئەمنی و دڵسۆزییان بۆ نیشتمانەکەیان دەربخات" و وتیشی، "با ئەم هەڵبژاردنە بکەینە نموونەیەک بۆ پابەندبوون و وشیاری و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان."
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عیراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆتایی هات و سندوقەکانی دەنگدان داخران.
سەرۆکی کۆمیسیۆن رایگەیاند: بە هیچ شێوەیەک کاتی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە پاریزگای سلێمانی ٪95 بووە، لە هەولێر ٪97 و لە پارێزگای دهۆک ٪97 بووە.
بڕیارە کەمێکی دیکە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەستی دەستپێبکات







دەنگدانی تایبەت کەمتر لە سەعاتێکی ماوە
























سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی تاجیکستان کۆبووەوە و رایگەیاند، هاوکاری لەگەڵ تاجیکستان لە بواری ئەمنی و هەواڵگریدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی تۆڕێکی هەواڵگری کە بەشداربێت لە سەقامگیری ناوچەکە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە یوسف رەحمان ئەحمەدزاد، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆماری تاجیکستان و وەفدی یاوەری کرد، بە ئامادەبوونی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەلعەرەجی، لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار لە رێگەی وەفدەکەوە سڵاوی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی تاجیکستان کرد.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، کە عیراق هەوڵدەدات شارەزایی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکاتە بنەمایەکی هاوکاری لە بواری بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسایش، گەشەپێدان لە ناوچەکە هەروەها روونیشیکردەوە، هاوکاری لەگەڵ تاجیکستان لە بواری ئەمنی و هەواڵگریدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی تۆڕێکی هەواڵگری کە بەشداربێت لە سەقامگیری ناوچەکە بۆ رووبەڕووی ئاستەنگەکان.
هەروەها تاوتوێی پرسی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی تاجیک لە کامپی ئەلهۆل و رادەستکردنیان بە دەسەڵاتدارانی تاجیکستان و پێویستی کارکردنی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەماهەنگی هەوڵە مرۆیی و ئەمنییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئازاری ئەو خێزانانەی لە کەمپەکەدا دەژین.
لەلای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی تاجیکستان سڵاوی سەرۆک ئیمام عەلی رەحمان و بانگهێشتەکەی بۆ سەردانی تاجیکستان گەیاندە سەرۆک کۆمار و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ رۆڵی سەرەکی عیراق لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەربڕی و جەختی لەسەر خواستی تاجیکستان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری دوولایەنە لەبوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنی و هەماهەنگی هاوبەش.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەشێوەیەكی ئاسایی لە سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت و لە نیوەرۆشدا کۆمیسیۆن راپۆرتێک لەسەر پرۆسەکە بڵاودەکاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کۆمیسیۆن لەسەرانسەری عیراق و هەرێم، 809 ناوەندی دەنگدانی کردوەتەوە لەگەڵ 4501 بنکەی دەنگدان، ژمارەی دەنگدەرای تایبەتیش ملیۆنێک و 313 هەزار دەنگدەرن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن لە نیوەڕۆدا راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە بۆ چاودێریکردنی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانو دوای كۆتایهاتنی پرۆسەكەش راپۆرتی كۆتایی رێژەی بەشداری بڵاودەكرێتەوە.
جومانە غەلای ئەوەشیخستەڕوو، جگە لە دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان، لە دەنگدانی تایبەت ئاوارەکانی ناوخۆش دەگرێتەوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 26 هەزار دەنگدەرە و جگە لە چاودێری ناوخۆیی، زیاتر لە هەزار چاودێری نێودەوڵەتیش چاودێری پرۆسەکە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعات حەوت لە هەرێم و سەرانسەری عیراق، هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و بڕیاریشە تا سەعات شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.