عیراق سەرکەوتنی پلانی ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی 2025ی راگەیاند
راهۆز
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
فەریق روکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکەوتنی ئەو پلانە ئەمنییەی راگەیاند کە بۆ شەشەمین خولی هەڵبژاردنی یاسادانان لە عیراق ئامادەکرابوو
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد رایگەیاند: "پلانی ئەمساڵی هەڵبژاردن لە زۆر رووەوە جیاواز بوو، راپۆرتی نێردە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە جیهانییەکانیش ئەوەیان سەلماند کە هیچ قەدەغەیەکی هاتوچۆ بوونی نەبوو."
روونیشیکردەوە، پلانەکە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە سەرتاسەری عیراقدا کردووە و ئەمساڵ هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەبووە. وتیشی: "لیژنەی ئەمنی سوودی لە ئەزموونەکانی رابردوو وەرگرتووە و لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە دەستیکردووە بە کارکردن."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان وتیشی: "لەبەردەم هەموو عیراقییەکاندا سەرکەوتنی پلانی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنین، سیتکی یادگەکان (عصا الذاکرە) بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە نوسینگەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان."
فەریق روکن محەمەداوی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان لە هەموو لایەنەکان بە یەک مەودا وەستابوون و هەڵبژاردنی ئەمساڵ شتێکی جیاواز و گرنگی تۆمارکرد. وتیشی: "134حاڵەتی سەرپێچی هەڵبژاردنمان تۆمارکردووە نەک پێشێلکاری، کە پەیوەست بوون بە بانگەشەکردن یان فشارخستنە سەر دەنگدەران لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان."
پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە رۆژانی 9 و11ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکانی عیراق کرد "بە زووترین کات و بە شێوەیەکی ئاشتیانە" حکومەتی داهاتووی فیدراڵی پێکبهێنن.
ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس "پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی ئارام و رێکخراو دەکات و متمانەی هەیە لایەنە سیاسییەکان بە گیانی ئاشتی و رێزگرتن لە پرۆسەکە دەمێننەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان."
گۆتێرێس جەختیشی لە پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی عیراق لە رێڕەوی دیموکراسی و بەدیهێنانی خواستەکانی.



