جومانە غەلای بۆ کوردسات نیوز: 4501 بنکەی دەنگدان بۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دیاریکراون
بڵند
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەشێوەیەكی ئاسایی لە سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت و لە نیوەرۆشدا کۆمیسیۆن راپۆرتێک لەسەر پرۆسەکە بڵاودەکاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کۆمیسیۆن لەسەرانسەری عیراق و هەرێم، 809 ناوەندی دەنگدانی کردوەتەوە لەگەڵ 4501 بنکەی دەنگدان، ژمارەی دەنگدەرای تایبەتیش ملیۆنێک و 313 هەزار دەنگدەرن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن لە نیوەڕۆدا راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە بۆ چاودێریکردنی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانو دوای كۆتایهاتنی پرۆسەكەش راپۆرتی كۆتایی رێژەی بەشداری بڵاودەكرێتەوە.
جومانە غەلای ئەوەشیخستەڕوو، جگە لە دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان، لە دەنگدانی تایبەت ئاوارەکانی ناوخۆش دەگرێتەوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 26 هەزار دەنگدەرە و جگە لە چاودێری ناوخۆیی، زیاتر لە هەزار چاودێری نێودەوڵەتیش چاودێری پرۆسەکە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعات حەوت لە هەرێم و سەرانسەری عیراق، هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و بڕیاریشە تا سەعات شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.



