لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدانی لیستی "یەکێتیی خەڵکی نەینەوا"، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "شانازی بە خوێن و مێژووی موسڵەوە دەکەین."
سەرۆک بافڵ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، "کەم شار هێندەی موسڵ ئازاری بینیوە" و هاوڵاتیانی نەینەوا نەهامەتیی زۆریان چەشتووە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە "قاعیدە و داعش نەیانتوانی موسڵ بڕوخێنن." راشیگەیاند، "پێویستە خەڵکی موسڵ لە نوێبوونەوەی عیراقدا هاوبەش بن، چونکە بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عیراق سەقامگیر نابێت."
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، "یەکێتی پڕۆژەی هەیە بۆ نوێبوونەوەی نەینەوا" و پێویستە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی موسڵ خێراتر و باشتر بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، "گەنجانی موسڵ داینەمۆی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەن" و پێویستە گرنگیی زیاتر بە زانکۆی موسڵ بدرێت.
سەبارەت بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانیش وتی: "نەینەوا نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالە" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتیی هەموو لایەنەکانی نەینەوا دەکات."
سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی ئێزدییەکان کرد و وتی: "خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکانمان سەربەرزانە بژین و دەمانەوێت بە ئازادی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان." هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە "پێویستە هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
لە کۆتایی وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "نەینەوا شوێنی ئەجێندای هیچ لایەن و وڵاتێک نییە" و دووپاتیکردەوە، "ئێمە بڕوامان بە دادپەروەرییە، نەک تۆڵەکردنەوە."
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، توانیویانە بەڕێوەبەری وێستگەیەکی حکومیی دابەشکردنی سوتەمەنی لە پارێزگای نەینەوا دەستگیربکەن، بەهۆی بەهەدەردانی پارەی "فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی وێستگەکە".
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، چوونەتە یەکێک لە وێستگە حکومییەکانی دابەشکردنی سوتەمەنی لە پارێزگاکە و دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی، بۆیان دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەری وێستگەکە زیاتر لە (330,824,500) سێسەد و سی ملیۆن دیناری لە پارەی فرۆشتنی بەرهەمەکانی وێستگەکە بۆ مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەهەدەرداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە ئەو بڕە پارەیەی نەخستووەتە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان - لقی نەینەوا، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بە نووسراوی رەسمی داوایان لێکردووە پارەکە بگەڕێنێتەوە.
دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستەڕوو، دوای وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەکە و بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر، تیمەکە دەستیان بە پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکە کردووە و لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەر بەشێک لە پارە بەهەدەر دراوەکە، لەگەڵ چەندین مۆر و تۆمار و بەڵگەنامەی تایبەت بە دەرکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکە و دوو کارتی ماستەرکاردی تایبەت بە تۆمەتبارەکەدا گرتووە.
لە کۆتاییدا، دەستەکە رایگەیاندووە کە پەڕاوی رەسمی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە رێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتبارەکە و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا، رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە نەینەوا کراوە، کە بڕیاری راگرتنی داوە بەپێی حوکمەکانی مادەی (315) لە یاسای سزادان.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی هاوڕێی.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە بەڕێوەچوو ، پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان و بابەتەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێ کرا ، هاوکات باس لە پێشهاتی هەرێمیی و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە کرا.
سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی بە سیاسەتی کراوەیی و بنیاتنانی هاوبەشی و پاراستنی پەیوەندی باشی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دووپاتکردەوە، جەختیکردەوە لەسەر نەگۆڕی سیاسەتی نیشتمانی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و کاری لە پێشینە کە بەرژەوەندیی هاوبەش بپارێزێت.
سەرۆک کۆمار داوای گرتنەبەری سیاسەتێکی دادپەروەرانەی کرد سەبارەت بە پشکی ئاو کە مافی عیراق لە رووبارەکانی دیجلە و فورات دەستەبەر بکات، لەسەر بنەمای باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و هەڵرژانی بەردەوامی ئاو.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە و داوایکرد دەرفەتەکانی هاریکاری فراوان بکرێن لە نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات.
سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی رێوڕەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتنی هاوکاری لە بواری ئاو لە نێوان عیراق و تورکیادا کرد و رێککەوتنەکە دەبێتە چارەسەرێکی گرنگ بۆ قەیرانی ئاو لە عیراق.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سودانی سەرپەرشتی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوارچێوەیی هاوکاری لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاودا کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە دەبێتە یەکێک لە چارەسەرە بەردەوامەکانی قەیرانی ئاو لە عیراق.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رێککەوتنە لە رێگەی کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی هاوبەشەوە لە کەرتی ئاو جێبەجێ دەکرێن، بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانی کەمی سەرچاوە ئاوییەکان.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، رێککەوتنی میکانیزمی دارایی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێز دەکات و بەشدار دەبێت لە گەشەسەندنیان لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ، سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید، لە کۆشکی بەغدا، پێشوازی لە بەڕێز عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆ کرد و تاوتوێی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و دڵنیابونەوە لەسەرکەوتنی کرا.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو و رێگاکانی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی کرا، بە شێوەیەک کە رێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا بەهێزتر بکات.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی کەشێکی ئارام و جێگیر کرد، تا هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی مافی دەستووری هاووڵاتیان لە دەنگداندا زیاتر ئازادی و شەفافیەت لە وڵاتدا مسۆگەر بکەن.
هەروەها جەختی لە گرنگی رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پاراستنی ناوەندەکانی هەڵبژاردن و دڵنیابوون لە پڕۆسەی دەنگدان لە رێگەی جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمنی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەدا کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.
لەلای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری ناوخۆ پلانی تایبەتی وەزارەتەکەی بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن خستەڕوو، جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بە شێوەیەک کە هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئەمنی و رێک و پێکدا بەڕێوەبچن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان کرد و هاکان فیدان رایگەیاند؛ سەرۆکایەتییەکانی عیراق هاوکار بوون لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان .
لە کۆنفڕانسەکەدا وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند لەسەر پرسی ئاو لەگەڵ تورکیا گەشتوینەتە رێککەوتن و باسیان لە کێشەی ئاو ووزە و ئەمنیەکانی نێوان هەردوو وڵات کردوە.
وتیشی؛ بەڵگەنامەیەک واژۆ دەکەن لە چوارچێوەی رێککەوتنێک سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئاو لەگەڵ تورکیا و بە تەواوەتی پشتگیری لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن.
لای خۆشیەوە هاکان فیدان رایگەیاند، سەرۆکایەتییەکانی عیراق هاوکار بوون لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و جەختیکردەوە ئەو سەقامگیرییە ئێستا هەیە لە عیراق بۆ هەمولایەک گرنگە.
لەبارەی پرسی ئەمنیشەوە رایگەیاند، دەبێت پارتی كرێكارانی كوردستان هاوشێوەی كشانەوەی لە توركیا، لە عێراق و سوریاش بكشێتەوە.
كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە رێگە بە بارهەڵگرەكان نادرێت بێنە ناو شارەكانەوە و خۆپیشاندان و كۆبونەوەی خەڵكی قەدەغەیە.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە 8 بۆ 12ی ئەم مانگە شەوانە هاتوچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسكیل لە ناو شارەكان قەدەغەیە و كۆبونەوەی خەڵك و خۆپیشاندان لە 6ی ئەم مانگەوە رێگاپێنەدراوە و تەنیا رۆژی دەنگدانی گشتی 11ی مانگ پشووە جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان.
راشیگەیاند، بەكارهێنانی درۆن بۆ گرتەڤیدیۆیی و هەر مەبەستێكی تر بەبێ رەزامەندی قەدەغەیە و بە ئامانج دەگیرێت.
باسی لەوەشكردووە، كەلوپەلی تیژ و چەك لە ناو وێستگەكانی دەنگدان و دەوروبەری رێگە پێنەدراوە و تەنانەت ئەوانەی مۆڵەتی چەكیشتیان هەبێت.
ئەمڕۆ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، سەردانی ماڵی فاشنی عیراقی کرد لە ناوچەی زەیونەی شاری بەغداد و لەلایەن دکتۆر فازڵ محەمەد بەدرانی، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار بۆ کاروباری رۆشنبیری، و نەجوان فارس، بەڕێوەبەری گشتیی ماڵی فاشن، پێشوازیی لێکرا.
لە درێژەی سەردانەکەیدا، خانمی یەکەم بەشداریی لە چالاکییەکی رۆشنبیریدا کرد کە لەلایەن ماڵی فاشنی عیراقی و سەنتەری رۆشنبیریی عەرەبی-کوردییەوە لەژێر دروشمی "هەرچەندە دەزووەکان جیاوازبن، هێشتا چنینەکە یەک پارچە دەبێت" رێکخرابوو.
لای خۆیەوە، خانمی یەکەمی عیراق خۆشحاڵی و سەرسامیی خۆی بە سەردانیکردنی ئەم ماڵە دێرینە دەربڕی و بە "ماڵێکی جوان کە رەنگەکانی مێژووی عیراقی تێدا کۆکراوەتەوە" وەسفی کرد. هاوکات، دەستخۆشیی لە سەرجەم دیزاینەر، کارمەند و بەرپرسانی ئەو "گەنجینە جوانەی بەغداد" کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی ١٠ـی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە وەفدێکی حزبی شیوعی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەبو کاروان سکرتێری لیژنەی ناوەندی حزبەکەوەفدی هاوڕێی کرد.
سەرۆک کۆمار لە میانی دیدارەکەدا، جەختی لەسەر پێویستی کاراکردنی کاری هاوبەش لە نێوان هێزە نیشتمانییە جیاوازەکاندا کردەوە بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری سیاسی پتەو بکات، ستایشی رۆڵی حزبی شیوعی کوردستان و مێژووی خەباتی حزبەکەی کرد.
هەروەها لە دیدارەکەدا، باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و پێویستی ئەنجامدانی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و دڵنیابوون لە پاکی و شەفافیەت کرا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کەشێکی دادپەروەر و یەکسان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان دابین بکرێت، بە شێوەیەک کە رێگە بە هاووڵاتیان بدات بە ئازادی ویستی خۆیان دەرببڕن و نوێنەرانی خۆیان بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێرن کە رەنگدانەوەی ئاواتەکانیان بێت.
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدی حزبی شیوعی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی کە پشتگیری لە گفتوگۆی نیشتمانی و دەستپێشخەرییەکانی چاکسازی دەکات، جەختیان لەسەر ئامادەییان بۆ بەشداریکردنی کارا لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلدا کردەوە.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە جۆرجیوس جێراپتریتس وەزیری دەرەوەی یۆنان و وەفدی یاوەری .
لەمیانەی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و جیهان کرا و هەردو لا جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی لەبارەی ئەو پرسانە کردەوە کە هاوکارن لە بەهێزکردنی بناغەکانی ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی.
سەرۆک کۆمار، دووپاتیکردەوە کەهەردوو وڵات خاوەنی توانایەکی ئومێدبەخشن بۆ کردنەوەی ئاسۆی هاوکاری لەچەندین بواردا، کەبەهاکانی هاوڕێیەتی هاوبەش بەهێزتر دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق هەوڵدەدات مەودای هاوکاری ئابووری و وەبەرهێنان فراوان بکات و هاوبەشی کاریگەر لەگەڵ هەموو لایەنەکان دروست بکات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بکات و بەشداربێت لە پێشخستنی گەشەپێدان و پێشکەوتنی هاوبەش.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی کەناڵەکانی گفتوگۆ و هەماهەنگی بەشێوەیەک دەربڕی کەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بکەن.
لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆشداری دەدات لە زیانەكانی وشكەساڵی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە عیراق و ئاماژەی بەوەكردووە، تا ئێستا نەتوانراوە پلانی كشتوكاڵی بۆ ئەم وەرزە رابگەیەنرێت.
لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، عیراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و ئەمساڵ ئاوی پێویست بۆ كەرتی كشتوكاڵ دابین نەكراوە، هەروەها نەتوانراوە تا ئێستا پلانی كشتوكاڵی بۆ ئەم وەرزە دابنرێت، كە رەنگە لە پلانەكەدا رووبەری چێنراو بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبكرێتەوە.
لەو بارەیەوە ئیبتیسام هیلالی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، زیانەكانی وشكەساڵی بەتەنیا پەیوەست نین بەمساڵەوە، بەڵام ئەمساڵ كاریگەرییەیەكی زیاتر و فرەلایەن بووە و بووەتە هەڕەشەیەكی جدی بۆسەر ئاسایشی خۆراك، بەجۆرێك كەرتی ئاژەڵداری رێژەی ٪70 پاشەكشەی كردووە و هەروەها بەهۆی وشكبوونی زۆنگاوەكانەوە، بەشێكی ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی پشت بە زۆنگاوەكان دەبەستن لەناوچوون، ئەوە جگە لەو زیانە زۆرەی بەر سامانی ماسی كەوتووە.
ئیبتیسام هیلالی دەشڵێت، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان چڕكردووەتەوە، بەڵام كارەساتەكە لەوە گەورەترە و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلەی حكومەت و هاوكاریی هەرێمایەتی هەیە.
بەئامادەبوونی ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی هاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و شێخ جەوهەر محی الدین ئاغا سەرۆك عەشیرەتی هەرکی و جەماوەرێکی زۆر لە هەموو چین وتوێژە جیاوازەکان کەرنەڤاڵی خزمانی هەرکی بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی یەکێتی خەڵکی نەینەوا بەرێوەچوو.
لەکەرنەڤاڵەکەدا هەڤاڵ ، ئاراس محەمەد ئاغا سەرۆکی هاوپەیمانیی خەڵکی نەینەوا، ستایشی رۆلی شێخ جەوهەر ئاغا و خزمانی هەرکی کرد لە چارەسەرکردنی پرسەکان و خەبات و قوربانیدانیان و پالپشتیکردن و پشتیوانی شێخ جەوهەر ئاغا لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە نەینەوا بەرزنرخاند .
هاوکات شێخ جەوهەر ئاغا لە کەرنەڤاڵەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ لیستی هاوپەیمانی یەکێتی خەڵکی نەینەوا دەربری و داوای لە ئامادەبووان کرد هەموویان دەنگ بە لیستی یەکێتی خەڵکی نەینەوا بدەن و پشتیوانی سەرۆك بافڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بن .
هەڤاڵ ئاراس محەمەد ئاغا داوای لە ئامادەبووان کرد بە گروتینیکی زۆرەوە بەشداری لە هەلبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بە لیستی هاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و کاندیدانی بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران خزمەتی زیاتری ئیوە و نەینەوا بکەن .
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2025، ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی عیراق لە رێوڕەسمێکی رەسمیدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، لە بەردەم د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار و بە ئامادەبوونی د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، بۆ دەستبەکاربوون سوێندی یاساییان خوارد.
لەمیانی رێوڕەسمەکەدا سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزە نوێیەکان خواست لەئەرکەکانی داهاتوویان بۆ خزمەتکردنی وڵات و گەلەکەیان و جەختیشی لەگرنگی ئەو رۆڵەی باڵیۆزەکان لە نوێنەرایەتیکردن و پتەوکردنی پێگەی نێودەوڵەتی عیراق کردەوە.
سەرۆک کۆمار داواشی کرد بە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی و پیشەییەوە کار بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵات و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەلانی دراوسێ و دۆستدا بکەن.
هەروەها پابەندبوونی عیراقی بۆ بەردەوامبوون لەپەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی بکات و بەشداربێت لەدامەزراندنی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا کردەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەماکانی رێزگرتنی یەکتر و هاوکاریی بنیاتنەر و کراوەیی بەڕووی ناوچەکە و جیهاندا، بەگوێرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دامەزراوە.
لەلای خۆیانەوە باڵیۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ رێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیان لەهەوڵەکانیان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری دیپلۆماسی عیراق لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتی و تەرخانکردنی رۆڵی چالاکانەی لە پرسە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا.
لە عیراق زیاتر لە دوو هەزار و 500 قوتابخانە هێڵی ئینتەرنێتی بێ بەرامبەریان بۆ دابینکراوە و وەزارەتی گەیاندنی عیراق دەیەوێت ئەو هەڵمەتەی دەستی پێکردوە بۆ ئینتەرنێتی بێبەرامبەر تەواوی خوێندنگەکان بگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکان، پشتڕاستی کردەوە کە وەزارەتەکەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بێبەرامبەری بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 500 قوتابخانە لە بەغداد و پارێزگاکانی تر دابینکردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ ئەوەی هەموو قوتابخانەکان بگرێتەوە.
هەیام یاسری رایگەیاندوە؛ ئەمڕۆ سەردانی ژمارەیەک قوتابخانەیان لە کەرخ و روسەفە کرد کە ئینتەرنێتی بێبەرامبەریان بۆدابینکراوە و ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئەو 2500 قوتابخانە کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بێبەرامبەرمان بۆ دابینکراوە لەڕێگەی کێبڵی خێرای فایبەر ئۆپتیکەوەیە.
وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکەی بۆ دامەزراندنی هەزار قوتابخانەی نمونەیی، کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پەروەردە، هەیام یاسری ئەمەشی وتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ وەزارەتەکەیان بەرپرسیارە لە دامەزراندنی ژێرخانی ئەو قوتابخانانە، کە بەتەواوی مۆدێل دەبێت، بە تەختەی زیرەک، فێربوونی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیای سەردەمیانە بنیادبنرێن و ئەوان بەشێکی سەرەکی دەبن لەو پڕۆژەیە.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازی لە مەحمود عەباس سەرۆک دەسەڵاتی فەلەستین کرد، لە میانەی دیدارەکەدا پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات و گەلی برا تاوتوێ کرا، هاوکات جەختیانکردەوە لەسەر بەردەوامیی کاری هاوبەش بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا.
سەرۆک کۆمار، هەڵوێستی پتەوی عیراقی لەبارەی کێشەی فەلەستین و پشتیوانی تەواویان لە مافە رەواکانی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بەوەی لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەدا گەلی فەلەستین رووبەڕووی بوونەتەوە، بە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دادەنرێت.
د.لەتیف رەشید جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی هاریکاریی نێودەوڵەتیی جددی لەسەر ئاستە جیاجیاکان بۆ گەیاندنی کۆمەک و فریاگوزاری بۆ گەلی فەلەستین دوای ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی کە رووبەڕووی بوونەوە، هەروەها کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی و خۆراکی پێویست.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە.
لای خۆیەوە مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ پاڵپشتی عیراق لەسەر ئاستی گەل و ئاستی رەسمی بۆ گەلی فەلەستین و دۆزی دادپەروەرانەیان و جەختیکردەوە لە پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵات و گەل.
دیدارەکە بەئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار، د. عەلی شوکری، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆمار، گوهدار محەمەد سەعید و باڵیۆزی کۆماری عیراق لە شانشینی ئوردن، عومەر بەرزنجی، لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانی فەلەستین بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی گرنگیدانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، بە پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، و ھاندانی تواناکانی داھێنان لەلایەن کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، خانمی یەکەم پێشوازی لە خوێندکار عەبدولسەمەد عەلی وەھاب، یەکێک لە قوتابییانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان لە توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد.
خانمی یەکەم خۆشحاڵی و شانازی خۆی بە دیدارەکەی ئەم گەنجە بەھرەمەندە دەربڕی، و ستایشی ئەو ورەی بەھێز و سووربوونە ئاشکرایەی کرد کە تێیدایە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و ھونەری، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشی ئۆتیزم، جەختیشی کردەوە کە ویستێکی ڕاستگۆیانە و باوەڕبەخۆبوون بە تواناکانی خود، بەسن بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکان و بەدەستھێنانی سەرکەوتن.
ھەروەھا خانمی یەکەم ستایشی رۆڵی مرۆیی و بەرز و پیرۆزی دایکی خوێندکار عەبدولسەمەدی کرد، کە لە میانی دیدارەکەدا یاوەری بوو، و وەسفی کرد بە نموونەی دایکێکی نموونەیی کە ڕووبەڕووی سەختییەکان بووەتەوە و ژیانی خۆی تەرخان کردووە لە پێناو چاودێریکردنی کوڕەکەی و پەرەپێدانی تواناکانی، تا ببێتە سەرمەشق و ئیلھامبەخش بۆ ھاوڕێکانی لە توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت، و نموونەیەکی باڵا بێت لە سووربوون و فیداکاری و بەخششی خێزانی.
لە میانی دیدارەکەدا، خوێندکار عەبدولسەمەد کارێکی ھونەری ناوازەی پێشکەش بە خانمی یەکەم کرد، کە بە بەکارھێنانی دەنکی قاوە دروستی کردبوو، وەک یادگارییەک بۆ قوربانیدانی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی و لە پێناو ڕێزگرتن لە خەبات و ڕۆڵی گەورەی نیشتمانی.
خانمی یەکەم لە کۆتایی دیدارەکەدا جەختی لەسەر گرنگی چاودێریکردن و پشتگیریکردنی توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت کردەوە، و تواناکانیان بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا لە کۆمەڵگادا بگێڕن، بە شێوەیەک کە متمانە بەخۆبوونیان بەھێز بکات و ھاوسەنگی کۆمەڵایەتییان پشتگیری بکات و دەرفەتی فراوانتریان پێبدات بۆ دەربڕینی تواناکان و بەھرە داھێنەرەکانیان.