محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بەبۆنەی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەت و جەختی کردەوە کە ئەرکی نیشتمانییان پاراستنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیرە بۆ هەڵبژاردنەکان.

سودانی لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی "ئێکس" بڵاویکردەوە، ڕوو لە هێزە ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت، "ئەرکی نیشتمانیمان پابەندمان دەکات بە دابینکردنی ژینگەیەکی هەڵبژاردنی ئارام و سەقامگیر، و پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر پێشێلکاری و کاریگەرییەک."

سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ هەیە، "بەرهەمی وشیاری و پابەندبوون و قوربانیدانی ئێوەیە."

داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە رۆژی هەڵبژاردن بکەنە رۆژێک کە "وشیاریی کارمەندانی ئەمنی و دڵسۆزییان بۆ نیشتمانەکەیان دەربخات" و وتیشی، "با ئەم هەڵبژاردنە بکەینە نموونەیەک بۆ پابەندبوون و وشیاری و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان."